تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا

(پرسی وەستاندنی گفتوگۆی بەئەندامبوون)


ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەنیازە لە دوای ڕاپرسییەکەی ١٦ی نیسانی ئەمساڵ بۆ دەستکاریکردنی دەستوور و گۆڕینی سیسته‌می سیاسی لە وڵاتەکەیدا ڕاپرسییەکی تر ئەنجام بدا و، ڕای گەل وەربگرێت لە ڕاگرتن، یان درێژەدان بە پڕۆسەی دانوستان و ئه‌ندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپادا. ئەم نیازەی ئەردۆغان، زیاتر ڕەهەندێکی تەکتیکیی هەیە و، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بە وڵاتانی ئەوروپا بڵێت کە تورکیا لە مەسەلەی دروستکردنی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوە و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و نێودەوڵەتی، شەرعییەت/ڕەوایەتیی ڕاستەوخۆ لە گەل و خەڵکەکەی وەردەگرێت و لە بڕیارە ستڕاتیژییەکاندا ڕێز لە بۆچوونی گەلەکەی دەگرێت؛ بەتایبەت لە ئێستادا کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە خراپترین ئاستدایە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە و، وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی دروستکردنی حکومڕانییەکی تاکڕەوانە دەدات و ڕێز لە ئازادی و جیاوازییەکان ناگرێت و، تەنانەت ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێگەیان نەدا کە چەند وەزیرێکی تورکیا سەردانی وڵاتەکەیان بکەن بۆ کەمپەین و کۆکردنەوەی دەنگی "بەڵێ" بۆ ڕاپرسییەکە.

تورکیا و ئەوروپا مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ یەکتردا هەیە؛ هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە تا دروستبوونی تورکیای هاوچەرخ. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپا و دواتر فراوانبوونی پەیکەر و جوگرافیای سیاسیی ئەم یەکێتییە، تورکیا بۆ بەئەندامبوون لەم یەکێتییە، هەموو هەوڵێکی داوە. لە ساڵی (١٩٨٧)ەوە، تورکیا بەفەرمی داواکاریی بەئەندامبوونی پێشکەش کردووە. لە (١٩٩٩)ەوە بەفەرمی، بووە بە کاندید و، لە (٢٠٠٥)یشه‌وه‌ گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەستی پێ کردووە. لە ٢٠١٦دا بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە گفتوگۆکان لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەستێنراون. ڕاپرسی بۆ بەردەوامبوونی هەوڵەکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، یان وەستاندنی هەوڵەکان لە لایەن ئەردۆغانەوە، کۆمەڵێک ڕەهەند و مانای سیاسیی دەبێت، لەوانە:

یەکەم:
بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە یەکێتیی ئەوروپا پیر بووە، بەتایبەت دوای تێپەڕینی ٥٠ ساڵ (نیو سەدە) بەسەر تەمەنی ئەم یەکێتییە و چوونەدەرەوەی بریتانیا لێی، چیتر ناتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت و وەک هێزێکی یەکگرتوو و کاریگەر دەرکەوێت و بڕیار بدات. ئەردۆغان لەم گۆشەنیگایەوە دەیەوێت خۆی لەو کیانە جیا بکاتەوە و، زیاتر خۆی لە وڵاتانی عەرەبیی سوننەمەزهەب نزیک بکاتەوە؛ بەتایبەت دوای بێئومێدبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بە هۆی ناکۆکی و جیاوازییەکان لە لایەکەوە و، لە لایەکی ترەوە تورکیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی بەرەیەکی سەربازیی عەرەبی سوننی، باڵانسی هێز لە بەرامبەر ئێران و پێشڕەوەییەکانی دروست بکات و زیاتر سەرکردایەتیی وڵاتانی عەرەبی و چەند وڵاتێکی ئاسیایی (پاکستان و مالیزیا) بکات و، بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵات و واز لە ئەوروپا بێنێت. ئەم بۆچوونە، بەشێکی، ڕای گشتیی تورکی پاڵپشتیی دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نین كه‌ بەتەواوەتی دیوارێکی گەورە لە نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دروست بکرێت. ئەحمەد داوود ئۆغلۆ، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا لە لە کتێبەکەیدا "قووڵاییی ستراتیژی و پێگەی تورکیا و ڕۆڵی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا" باس لەوە دەکات کە تورکیا، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دونیای ڕۆژهەڵات و جیهانی عەرەبی و، زیاتر خۆی بە جیهانی ئیسلامییەوە خەریک بکات.

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، نەجمەددین ئەربەکان، باوکی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا، بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەردەبڕی و، لە بری یەکێتیی ئەوروپا پێشنیاری یەکێتییەکی ئابووری و بازاڕێکی هاوبەشی ئیسلامییانەی دەکرد بە سەرکردایەتیی تورکیا و وڵاتانی هاوبەشی. ئەم دیدەی ئەربەکان هێشتا لە تورکیادا کاریگەریی لەسەر خەڵکانێک هەیە؛ بەتایبەت ئیسلامییە کۆنپارێزەکان. بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی تورکیا، وڵاتانی ئیسلامی بە بازاڕێکی گەورە و سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووری بۆ وڵاتەکەیان دادەنێن و، یەکێتیی ئەوروپا لە دیدی ئەوانەوە نرخێکی ئەوتۆی نییە تا تورکیا هەوڵی بەئەندامبوونی بۆ بدات و کۆمەڵێک مەرج و پێوەریان بەسەردا بسەپێنێت.  

دووەم:
بۆچوونێکی تر هەیە کە پێی وایە یەکێتیی ئەوروپا لە بەهێزبووندایە و هێشتا قوڕسایی و سەنگی خۆی هەیە و هێشتا کیانێکی کاریگەرە لە ئاستی ئەوروپا و جیهانیشدا و، هێشتا سوورە لەسەر بەردەوامیدان بەو ڕێباز، سیاسەت، ستڕاتیژییەت و پێوەرانەی کە بۆ وەرگرتنی هەر ئەندام و وڵاتێک دیاری کردوون. ئەمه‌یش ئەرکی تورکیای سەخت کردووە بە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوروپادا و جێبەجێنەکردنی ئەو پڕەنسیپ و ڕیفۆرمانەی کە یەکێتیی ئەوروپا بۆی داناون. لە لایەکی ترەوە ئەردۆغان نەک هەر نەیتوانیوە  ڕیفۆرم ئەنجام بدات و مەسەلەی دیموکراسی گەشە پێ بدات و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین بباتەوە پێشەوە، بەڵکوو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خودی یەکێتیی ئەوروپایش نیگەرانن و ڕاپۆرت و ڕەخنەکانیان لەمەڕ دۆخی تورکیا بڵاو دەکەنەوە. ئەمەیش ئەردۆغانی بێهیوا و بێئومێد کردووە و، دەیەوێت لە ڕاپرسییەکدا کار بۆ ئەوە بکات و، وای پیشان بدات کە خەڵکی تورکیا دژی چوونەنێو یەکێتیی ئەوروپا و نزیکبوونەوە و به‌ئه‌ندامبوون لەو یەکێتییەدا و، دەیەوێت پێیان بڵێت ئەوە تەنیا من نیم کە دژی یەکێتیی ئەوروپا و سیاسەت و دونیابینییەکانیم، ئەوەتا زۆرینەی خەڵکی تورکیا نایانەوێت تێکەڵ بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و بەها و نۆرم و سیسته‌می کۆمەڵایەتیی ئەوروپا ببن و، نایانەوێت ملکەچی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا ببن. لە هەمووی گرنگتر، ئەگەر ئەردۆغان لە ڕاپرسی بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی لە مانگی داهاتوودا سەرکەوتوو بێت و دەنگی "بەڵێ" بەدەست بێنێت، ئەوا بۆ ڕاپرسییەکی تر بۆ وەستاندنی گفتوگۆکانی پڕۆسەی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپادا، گرەنتییەکی تەواو بەدەست دێنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples