تورکیا دوای ڕیفراندۆم

مێژووی ڕیفراندۆم لە تورکیا

لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری هاوچەرخی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣دا لە لایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە تاکوو ئێستا، شەش ڕیفراندۆم لەم وڵاتەدا ئەنجام دراوە و، بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی ١٦ی ئەپریلی ٢٠١٧، دەبێتە حەوتەم ڕیفراندۆم. سەرجەم ڕیفراندۆمەکان، بۆ گۆڕین و دەستکاریکردن و هەموارکردنەوەی دەستوور بوون. لە تورکیادا، تا ئێستا ٦ جار دەنگدان لەسەر گۆڕانکاری بۆ دەستوور ئەنجام دراون، ئەوانیش لە ساڵەکانی ١٩٦١، ١٩٨٢، ١٩٨٧،١٩٨٨، ٢٠٠٧ و ٢٠١٠ بوون. ئەنجامی سەرجەم ڕیفراندۆمەکان "بەڵێ" بوو، تەنیا ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ١٩٨٨ نەبێت، کە بە "نەخێر" کۆتایی هاتووە.

گۆڕینی سیسته‌م و سەرکەوتنی ئەردۆغان

بەرەی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمەکەی ١٦ی ئەپریلدا بەپێی ئەنجامە بەرایییەکان، بە ڕێژەی ٥١% سەرکەوتنی بەدەست هێنا و، بەرەی "نەخێر"یش ٤٨%ی دەنگەکانی بەدەست هێنا. حزبی داد و گەشەپێدان/ئاکەپە و حزبی نەتەوەپەرستی تورکی/مەهەپە بەرەی "بەڵێ" بوون و حزبی دیموکراسیی گەلان/هەدەپهه‌ و حزبی گەلی کۆماری/جەهەپە لە بەرەی "نەخێر"دا بوون. بەپێی گەڵاڵەنامەی گۆڕانکاریی دەستووری کۆماری تورکیا، سیسته‌می سیاسی، دەگۆڕدرێت بۆ سیسته‌می سەرۆکایەتی، کە ١٨ ماددەی لەخۆ گرتووە. ژمارەی پەرلەمانتاران لە ٥٥٠ پەرلەمەنتارەوە، دەکرێت بە ٦٠٠ پەرلەمانتار و، تەمەنی خۆکاندیدکردنی پەرلەمانتار لە ٢٥ ساڵەوە، دەبێت بە ١٨ ساڵ.

هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار هەر پێنج ساڵ جارێک و لەیەک ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و، سەرۆککۆمار پەیوەندی لەگەڵ حزبەکەی ناپچڕێنێت و، دەتوانێت وەک سەرۆکی حزبەکەیشی بمێنێتەوە. ئەو حزبانەی کە دەیانەوێت پاڵێوراویان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت، پێویستە بە لایەنی کەمەوە لەسەدا پێنجی دەنگەکانی هاووڵاتییان بەدەست بهێنن، یان ١٠٠ هەزار دەنگدەر، دەنگی پێ دابن.

لە ئەگەری بوونی دەنگۆ لەسەر ئەوەی کە سەرۆککۆمار تاوانێکی ئەنجام داوە، بە دەنگی نیوە کۆ یەکی پەرلەمانتاران، دەتوانرێت لە پڕۆژەیاسایەکدا داوای کردنەوەی دۆسیە و لێپرسینەوە لە سەرۆککۆمار بکرێت. سەرۆککۆمار، جێگرانی سەرۆککۆمار و وەزیرەکان دادەمەزرێنێت و، کۆتایی بە ئەرکەکانیشیان دێنێت. واتە کابینەی ئەنجومەنی وەزیران بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ڕکێفی سەرۆککۆمارەوە لە بری پەڕلەمان و، دامەزراندن و لابردنی وەزارەتەکان و دەسەڵاتدان بە دامودەزگه‌کان و دامەزراندنی دامەزراوەکان لەناو شار و دەرەوەی شار، بە بڕیارنامەی سەرۆککۆمار دەبێت. پەرلەمانی تورکیا دەتوانێت بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەمان، بڕیاری سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆککۆمار بەیەکەوە بدات. ئەگەر پەرلەمان لە خولی دووەمی سەرۆککۆمارێکدا بڕیاری دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دایەوە، سەرۆککۆمار دەتوانێت جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە. ژمارەی ئەندامانی دادگه‌ی دەستووری، لە ١٧ ئەندامەوە دەبێته‌ ١٥ ئەندام. له ‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، به‌پێى گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌كه‌، دادگه‌ سه‌ربازییه‌كان و دادگه‌ییكردنى سه‌رباز له‌ دادگه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ و، سه‌رۆك له ‌برى په‌رله‌مان، مافى سه‌پاندنى "دۆخى لەناکاو"ی ده‌بێت. هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا و سەرۆککۆمار، بەیەکەوە لە مانگی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ بەڕێوە دەچێت. بەمەیش، ئەردۆغان دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٩ وەک سەرۆککۆمار و کەسی یەکەم لە لووتکەی هەڕەمی دەسەڵات بمێنێتەوە و بڕیار بدات.

دۆخی ناوخۆی تورکیا دوای ڕیفراندۆم

بۆچوونێک هەیە پێی وایە پێشتر ئەردۆغان و حزبی داد و گەشەپێدان بە هۆی بیرۆکراسییەتی پەرلەمان و ئاڵۆزی لە دروستکردنی بڕیار و نەبوونی دەسەڵاتی تەواو، نەیانتوانیوە وەک پێویست دەست بۆ پرسە ستراتیژی و هەستیارەکانی وڵات ببەن و ڕووبەڕووی ببنەوە؛ بەتایبەت لە مەسەلەی پڕۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی سوپا و دەزگای هەواڵگری و گرووپە نەیارەکانی، بەڵام دوای گۆڕینی سیسته‌مەکە و کۆکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە لایەن ئەردۆغانەوە، باشتر دەتوانێت بەسەر ئەم کێشە و بەربەستانە زاڵ بێت و بڕیاری چارەنووسسازی بۆ بدات و، کێشە گەورەکانی تورکیا بەتایبەت لە ئاستی ناوخۆدا، وەک کێشەی کورد، عەلەوییەکان، ئەرمەنەکان و گویلەنییەکان چارەسەر بکات و بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەسەر بدات و، ڕۆژنامەنووسان و سەرکردە زیندانیکراوەکانی هەدەپه/حزبی دیموکراسیی گەلان ئازاد بکات.

لە لایەکی ترەوە بۆچوونێکی تری پێچەوانە هەیە، پێی وایە کە دیکتاتۆرییەتێکی نوێ لە تورکیا لەدایک دەبێت، تورکیا بەرەو قۆناغێکی سەخت و مەترسیدار دەبات، بازنەکانی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەوانی و ماف و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان هێندەی تر بەرتەسک دەبنەوە، پرۆسەی دیموکراسی پاشەکشێ دەکات و دەچێتە دواوە و ئەردۆغان تاکڕەوانە وڵات بەڕێوە دەبات و ئاڕاستە دەکات. دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەکان، حزبەکانی بەرەی "نەخێر"یش ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەیان ڕەت کردەوە و، کۆمیسیۆنی هەڵبژارنی تورکیایان بە لایەنگری ئەردۆغان ناو برد.

سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دوای ڕیفراندۆم

لە دوای گۆڕینی سیسته‌مەکەوە، وەزیرەکان لە لایەن ئەردۆغانەوە دیاری دەکرێن. یەکێک لەوانەیش وەزیری دەرەوە دەبێت و، بەمەیش ئەردۆغان ڕاستەوخۆ ڕەسمی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات و، ڕەهەند و سروشت و شێواز و ستراتیژییەتەکانی دیاری دەکات؛ بەتایبەت لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا و ئێران و جیهانی عەرەبی. هەروەک چاوەڕوانیش دەکرێت، پەیوەندیی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا خراپتر بێت و بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بچێت. هەروەک لە دوای ڕیفراندۆمەکە بەشێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ڕۆژنامەنووسان و چاودێرە ئەوروپییەکان ڕەخنەیان لە ئەردۆغان گرت، بەوەی کە تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەت دەبات و، ئەردۆغانیش داوای لێ کردن کە سنووری خۆیان بزانن و، ڕای گەیاند کە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە ئێستاوە دەست پێ دەکات. لە لایەکی ترەوە ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا تورکیا ڕیفراندۆمێکی دیکە دەکات سەبارەت بە هەوڵەکانی بۆ ئەندامبوونی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی یەکێتیی ئەوروپادا؛ پێشتریش ئەردۆغان دووپاتی کردبۆوە کە سەبارەت بە کارکردنەوە بە سزای لەسێدارەدان لە تورکیادا، ڕیفراندۆمێكی دیکە دەکات.

ئەم گوتە و هەوڵانەی ئەردۆغان، ئاماژەن بۆ خراپتربوون و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا.  ئەو گوتانەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، لیژنەی هاوبەشی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا بۆ دامەزراوە دیموکراسییەکان و مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی ئەوروپا، ڕەخنەی لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمەکەی تورکیا گرت. هاوکات  نوێنەرانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا (OSCE)، لە ١٧ی نیسان ڕایان گەیاند ڕیفراندۆمەکەی تورکیا نەگەیشتووەتە ئاستی پێوەرەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا. لە هەمان کاتدا هەر یەک لە ڕووسیا و چین و ئێران بە بۆنەی سەرکەوتنی لە ڕیفراندۆمەکەدا پیرۆزبایییان لە سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزباییی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمەکەی لە ئەردۆغان کرد.

دەنگی کوردانی باکوور

لە (٨٦%)ی دەنگدەرانی باکووری کوردستان بەشدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کردووە و لە ٥٥%یش دەنگیان بە "بەڵێ" داوە بۆ گۆڕینی دەستوور و سیسته‌می سیاسی. دەکرێت ئەم دەنگە زۆرەی "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمەکەدا، بۆ دەستگیرکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی هەدەپهه‌ و بەشێک لەو هەڵانەی کە هەدەپهه‌ لە ڕابردوودا کردوویەتی، بگەڕێنینەوە؛ بەتایبەت بەدەستهێنانی ٨٠ کورسی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٥ و بەشدارینەکردنی هەدەپهه‌ لە حکوومەت لەگەڵ حزبی داد و گەشەپێدان و، یاریکردن بە کات و ڕژدنەبوونی ئاکپارتی لەسەر مەسەلەی پڕۆسەی ئاشتی و، ماندووبوونی دەنگدەرانی باکووری کوردستان بەدەست ململانێ و جەنگ و پێکدادان و نەبوونی ژێرخانێکی ئابووری و سەرچاوەی داراییی باشەوە. دەکرێت بڵێین نزیکبوونەوەی هەدەپهه‌ و ئاکپارتی و پاڵپشتیی هەدەپه بۆ گۆڕینی دەستوور و سیسته‌م، بەو مەرجەی کە مافەکانی کوردیشی تێدا جێ بکرابایەوە، دۆخەکەی باشتر دەکرد و، ئاکپارتیش جگە لە هەدەپه لە هیچ لایەنێکی تری نێو تورکیا نزیک نەدەبۆوە.

دەرەنجام: 
گۆڕینی دەستوور و سیسته‌می سیاسی لە لایەن ئەردۆغانەوە خەونێکی گەورەبوو و، دەمێک بوو پلانی بۆ داڕشتبوو. لە ١٦ی ئەپریلی ٢٠١٧ لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە، توانیی سەر بکەوێت و ئەم خەونە گەورەیەی بێنێتە دی. بەپێی گۆڕانکارییەکە، سیسته‌مەکە دەبێتە سەرۆکایەتی و زۆرینەی دەسەڵاتەکان لای ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە و، دەبێت بە کەسی یەکەمی وڵات. تورکیا دەچێتە قۆناغێکی تازەی سیاسییەوە و سیسته‌مێکی تر و جیاوازتر تاقی دەکاتەوە و، بەمەیش دۆخی ناوخۆ و دەرەکیی ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی وەرچەرخان و سەردەمێکی تازە دەبێتەوە. بەشێکی زۆری چاودێران پێیان وایە، تورکیا بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار دەڕوات و، دەسەڵات زیاتر بە لای دیکتاتۆرییەت و تاکڕەویدا دەچێت و، دیموکراسی پاشەکشێ دەکات. ئەم قۆناغە بۆ تورکیا، قۆناغی ئەردۆغان دەبێت بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە و، قۆناغی سیسته‌می پەرلەمانی و ئەتاتورک تێ دەپەڕێنێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples