سیاسەتی دەرەوە چییە؟
سیاسەتی دەرەوە کۆمەڵێک بنەما و بڕیار و کردەی سیاسی، ئابووری، سەربازی، دیپلۆماسی و فەرهەنگییە (ڕەق و نەرم) کە لە لایەن ئەکتەرێکەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لەنێو سیستهمی نێودەوڵەتیدا، جێبەجێ دەکرێت. سیاسەتی دەرەوە ئاراستەی ژینگەی دەرەوە دەکرێت و، بەگوێرەی ئایدیۆلۆژی و دونیابینیی ئەکتەرەکە، شێواز و جۆری سیاسەتەکەیش گۆڕانی بەسەردا دێت. سیاسەتی دەرەوە هەڵوێست، ڕێباز و ئامرازە، کە حکوومەتێک، یان ئەکتەرێکی نێودەوڵەتی لە هەمبەر یەکە نێودەوڵەتییەکانی تر بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکات. سیاسەتی دەرەوە هەوڵ دەدات کاریگەری بخاته سەر ڕەفتاری وڵاتانی تر، یاخود کاریگەریی لەسەر کۆی سیستهمی نێودەوڵەتی هەبێت.
سیستهمی سەرۆکایەتی و سیاسەتی دەرەوە
پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوە، ورد و ئاڵۆزە. پڕۆسەیەکە زیاتر لە دامەزراوە و کەناڵێکی نێو سیستهمی سیاسی، بەشداریی تێدا دەکات. لە سیستهمی سەرۆکایەتیدا ئەم پڕۆسەیە خێرا نییە بەڵکوو لەسەرخۆ و بە پلەبەندی و ستراتیژییە. سەرۆکی دەوڵەت وەک کەسی یەکەم و بڕیاردەری یەکەم، ڕۆڵێکی راستەوخۆی لە داڕشتنی بڕیار و بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەوەدا هەیە. بەمەیش لە دوای گۆڕینی سیستهمی سیاسیی تورکیا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" ڕۆڵێکی زۆر گەورەتر و کاریگەرتری دەبێت لە دیزاینکردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی و، ئەردۆغان ڕاستەوخۆ ئیدارەی پرسەکانی ئاسایشی نەتەوەییی تورکیا، بەرژەوەندیی ئابووری و باکگراوندی فکری و ئایدیۆلۆژیی ئاکپارتی (حزبی داد و گەشەپیدان) و بەرەوپێشچوونی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وەک کۆمەڵێک گۆڕاو لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا، دەکات.
پەیوەندیی تورکیا-ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری تورکیای هاوچەرخ، دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانیی دووەم؛ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ئەمریکا هەستی بە مەترسیی شەپۆل و فراوانبوونی کۆمۆنیزم بۆ سەر ڕۆژاوای ئەوروپا و بلۆکی ڕۆژاوا دەکرد. خاڵی سەرەتای نزیکبوونەوەی تورکیا لە ئەمریکا، بەشداریی تورکیا بوو لە جەنگی کۆریا و، دواتر قبووڵکردنی تورکیا بوو لە ڕێکخراوی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) و، وەرگرتنی یارمەتیی ئابووری و دارایی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ تورکیا. ئەمریکا توانیی تورکیا وەک پاسەوان و پۆلیسی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکار بێنێت و، بیکات بە بەربەستێک بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی بلۆکی کۆمۆنیزم.
لە ماوەی ڕابردوودا، ڕاستە ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمانی یەکتر بوونە، بەڵام کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز لە قۆناغە جیاوازەکاندا لە پەیوەندییەکانیان ڕووی داوە؛ بەتایبەت دوای داگیرکردنی باکووری قوبڕس لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی ١٩٧٤. لە پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق لە ٢٠٠٣دا جارێکی دیكه تورکیا ڕێگەی بە سوپای هاوپەیمانان و ئەمریکا نەدا بە ڕێگەی تورکیاوە بچێتە ناو خاکی عێراقەوە و، لە کودەتاکەی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئەمریکا هەڵوێستێکی درەنگوەختەی هەبوو و، تورکیایش ڕێبەری بزووتنەوەی خزمەت، "فەتحولا گویلەن"ی بە کودەتاکە تاوانبار کرد کە دانیشتووی ئەمریکایە و، داوای ڕادەستکردنەوەی لە ئەمریکا کرد. سەرەڕای ئەمانەیش قەیرانی سووریا و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، دوو پرسی سەرەکی و گەورەن کە ناکۆکی و پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی لاواز و ئاڵۆز کردووە.
هەرچەند لە دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە ڕاپرسییەکەی ١٦ی ئەپڕیلی ٢٠١٧دا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی ئەردۆغان کرد بەڵام پێ ناچێت پەیوەندییەکانیان ئاسایی بێتەوە؛ بەتایبەت لە دوای گۆڕینی سیستهمی سیاسیی تورکیا بۆ سەرۆکایەتی و، زیاتربوونی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان و گەورەبوونی جیاوازییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەسەر کۆمەڵێک پرسی نێودەوڵەتی و هەرێمی، لەوانە مەسەلەی سووریا و کورد لە سووریادا.
پەیوەندیی تورکیا-ڕووسیا
ڕووسیا و تورکیا خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویی و قووڵن لەگەڵ یەکتردا. لە کاتی جیاواز و بە فۆڕمی جیاواز و بە ئەکتەری جیاوازەوە ئەو پەیوەندییانە لەسەر ئاستەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، ئامادەییی هەبووە و، ئهندازیاری (ههندهسه)یهکی سیاسیی گەورە پەیوەندییەکانیانی ئاراستە کردووە و بەڕێوە بردووە؛ هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانی و تیزارەوە تا جەنگی سارد و سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت و دونیای دوای جەنگی سارد و ڕووسیای ئێستا. پەیوەندییەکان کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەزی بەخۆیەوە بینیوە و، بەپێی بەرژەوەندی و دۆخ و ململانێکانی جیهان و ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و سروشتێکی تایبەت و بنەمایەکی تایبەتی وەرگرتووە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا و لە سەردەمی پێش حکومڕانیی ئاکپارتی، پەیوەندیی ئابووریی نێوان تورکیا و ڕووسیا ساڵانە ٤ ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی ٢٠١٣دا گەییشتۆتە ٣٢ ملیار دۆلار؛ بەمەیش، ڕووسیا بووە بە دووەم وڵاتی هاوبەشی ئابووریی تورکیا. ٢٤ی نۆڤێمبەری ٢٠١٥، فڕۆکەیەکی ڕووسی لە جۆری سیخۆی ٢٤، لە لایەن تورکیاوە لە سنووری نێوان تورکیا-سووریا خرایە خوارەوە؛ بەمەیش پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا ئاڵۆزیی تێ کەوت و بەرەو خراپی چوو. دۆسیەی سووریای دوای "بەهاری عەرەبی"، بەردەوام یەکێک بووە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا و، هەر یەکەیان جیهانبینیی جیاواز و بەرنامەی سیاسیی جیاوازی بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سووریا هەبووە. ئەم دوو جیهانبینییە سیاسییە جیاوازە، ئاست و شێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی بەرەو خراپی برد.
لە ئاگۆستی ٢٠١٦دا ئەردۆغان، سەرۆكکۆماری تورکیا، سەردانی ڕووسیای كرد و، لە سان پێتێرزبۆرگ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، کۆ بووهوه. سەردانەکە لەسەر ئاستێکی باڵای دیپلۆماسی بەڕێوە چوو و، گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی تا ڕاددەیەک خاو کردەوە. ئەردۆغان و پووتین لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ١٢ خاڵ ڕێک کەوتن کە گرنگترینی، دۆسیەی وزە و گازی سروشتی بوو. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ڕووسیا لە ڕێگەی جوگرافیا و خاکی تورکیاوە، پەرە بە پڕۆسەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا بدات؛ بۆ ئەم مەبەستەیش، هێڵی بۆڕیی تازەی گازی سروشتی، بەناو خاکی تورکیادا بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و باشووری ئەوروپا ڕابکێشێت؛ جیا لەوەی کۆمیتەیەکی باڵا بۆ گەشەپێدانی کەرتی ئابووری بەگشتی، لە نێوان هەر دوو وڵاتدا پێک بهێنرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لووتکەی ڕووسیا-تورکیا-ئازەربایجان بۆ هەماهەنگیی زیاتری کەرتی وزە.
لە دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە ڕیفراندۆمهکەی ١٦ی ئەپڕیلی ٢٠١٧دا، ڕووسیا بەفەرمی پیرۆزباییی خۆی ئاراستەی ئەردۆغان و تورکیا کرد. تورکیایش لە ئێستادا بە هۆی نائومێدبوونی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، ڕووسیای وەک جێگرەوەیەک داناوە و مامەڵەی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماسیی لەگەڵدا دەکات. چاوەڕوان دەکرێت لە دوای گۆڕینی سیستهمی سیاسیی تورکیاوە بۆ سەرۆکایەتی، ئەم پەیوەندییە بەهێزتر و فراوانتر بێت؛ ئەمەیش وەک هاوسەنگیی هێز و بەشداربوونی تورکیا لە بەرەیەکی جیهانی، کە ڕووسیا-چین-ئێرانە و، هەوڵدان بۆ چوونەنێو بلۆکی ڕووسی و چوونەنێو ڕێکخراوی شەنگهای لە بری یەکێتیی ئەوروپا.
پەیوەندیی تورکیا-یەکێتیی ئەوروپا
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەنیازە لە دوای ڕیفراندۆمهکەی ١٦ی نیسانی ئەمساڵ بۆ دەستکاریکردنی دەستوور و گۆڕینی سیستهمی سیاسی لە وڵاتەکەیدا، ڕیفراندۆمێکی دیكه ئەنجام بدا و، ڕای گەل وەربگرێت لە ڕاگرتن، یان درێژەدان بە پڕۆسەی دانوستان و ئهندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپادا. ئەم نیازەی ئەردۆغان، زیاتر ڕەهەندێکی تەکتیکیی هەیە و، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بە وڵاتانی ئەوروپا بڵێت کە تورکیا لە مەسەلەی دروستکردنی بڕیار لە سیاسەتی دەرەوە و تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و نێودەوڵەتی، شەرعییەت (ڕەوایەتی)ی ڕاستەوخۆ لە گەل و خەڵکەکەی وەردەگرێت و، لە بڕیارە ستراتیژییەکاندا ڕێز لە بۆچوونی گەلەکەی دەگرێت؛ بەتایبەت لە ئێستادا کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە خراپترین ئاستدایە و، وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی دروستکردنی حکومڕانییەکی تاکڕەوانە دەدات و ڕێز لە ئازادی و جیاوازییەکان ناگرێت و، تەنانەت ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێگەیان نەدا کە چەند وەزیرێکی تورکیا سەردانی وڵاتەکەیان بکەن بۆ کەمپەین و کۆکردنەوەی دەنگی "بەڵێ" بۆ ڕاپرسییەکە.
تورکیا و ئەوروپا مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ یەکتردا هەیە؛ هەر لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە تا دروستبوونی تورکیای هاوچەرخ. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دروستبوونی یەکێتیی ئەوروپا و دواتر فراوانبوونی پەیکەر و جوگرافیای سیاسیی ئەم یەکێتییە، تورکیا بۆ بەئەندامبوون لەم یەکێتییە، هەموو هەوڵێکی داوە. لە ساڵی (١٩٨٧)ەوە، تورکیا بەفەرمی داواکاریی بەئەندامبوونی پێشکەش کردووە. لە (١٩٩٩)ەوە بەفەرمی، بووە بە کاندید و، لە (٢٠٠٥)یشهوه گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا دەستی پێ کردووە. لە ٢٠١٦دا بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە گفتوگۆکان لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەستێنراون.
لە دوای سەرکەوتنی ئەردۆغان لە ڕیفراندۆمەکەدا یەکێتیی ئەوروپا ڕەخنەی لە دەرنجامە بەرایییەکانی ڕاپرسییەکە گرت و پڕۆسەکەی بە ناشەفاف و نائازادانە لە قەڵهم دا و، ڕای گەیاند کە ساختەکاری لە ڕیفراندۆمهكهدا کراوە. دواتر سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا ڕای گەیاند کە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن و "هەدەپ" لە تورکیا لەگەڵ ڕێسا و یاساکانی یەکێتیی ئەوروپادا یەک ناگرێتەوە و، داوای لە تورکیا کرد کە هەڵوێست و سیاسەتەکانی بگۆڕێت. لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام ڕەخنەی لە کردار و سیاسەتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی تورکیا گرتووە و، تەنانەت تورکیای خستۆتە ژێر چاودێرییەوە بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکانی بەئەندامبوون و، پێ ناچێت لە دوای گۆڕینی سیستهم و زیاتربوونی دەسەڵاتەکانی ئەردۆغانەوە پەیوەندیی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا ئاسایی ببێتەوە. ئەردۆغان لە ئێستادا لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا و، گوێ بە داواکاری و خواستەکانیان نادات و، لە داهاتوویشدا پەیوەندییەکانیان بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر و خراپبوونی زیاتر دەچێت.
دەرەنجام:
سەرکەوتنی ئەردۆغان لە ڕیفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستهم و زیاترکردنی دەسەڵاتەکانی، کاریگەرییەکی تەواوی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا دەبێت و، دووبارە پەیکەری سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە دەرەکییەکانی لەگەڵ ئەکتەرە جیاوازەکان (هەرێمی و نێودەوڵەتی)یەکان دادەڕێژێتەوە. ڕاستە لە سیستهمی سەرۆکایەتیدا بڕیارسازی لە سیاسەتی دەرەوە لەسەرخۆ و ستراتیژییە، بەڵام پێ دەچێت تورکیا بەیەکجاری بە لای بەرەی ڕووسیا-ئێران-چین بچێت و، ململانێکانی لەگەڵ هەر یەک لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا زیاتر بکات تا خواست و داواکانی تورکیا جێبەجێ بکەن و چاوپۆشی لە هەڵە و کردە ناوخۆیییەکانی تورکیا بکەن. ئەگەری هەیە ئەم جارە بنەما و ڕەگەز و ستراتیژییەتەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بەیەکجاری دابڕێژرێنەوە و، بە مۆدێڵێکی تر ڕێک بخرێنەوە.