شرۆڤە

مارک ڕوتێ، سکرتێری گشتیی نوێی ناتۆ، کێیە و ڕووبەڕووی چ ئاڵنگارییەک دەبێتەوە؟

نووسینی: رادیو فردا

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: پێنووس

دوای ١٠ ساڵ لە سەرۆکایەتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ گەیشتە کۆتاییی خولی خۆی و بە ڕەزامەندیی هەر ٣٢ ئەندامی ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک ڕوتێ، وەک سکرتێری گشتیی نوێی ئەم هاوپەیمانییە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا دەست بە کارەکانی دەکات. بەڵام مارک ڕوتێ کێیە، پێشینەی چییە و ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە چین؟

مارک ڕوتێ، ٥٧ ساڵ لەمەوبەر لە شاری لاهای هۆڵەندا لەدایک بووە. سەرۆکایەتیی حزبی ناوەندی ڕاستی “ئازادی بۆ گەل و دیموکراسی”ی کردووە و لە ساڵی ٢٠١٠وە سەرۆکایەتیی چوار حکوومەتی جیاوازی لە هۆڵەندا کردووە. بەهۆی کەسایەتیی کاریزماتیک و تایبەتی خۆیەوە و، هەروەها زیانلێنەدانی ڕەخنەكانەوە، نازناوی “مارک تیفلۆن”ی پێ دراوە.

دوای ساڵانێک مانەوە لە سەرۆکایەتیی هۆڵەندا، ڕوتێ هاوینی ڕابردوو بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆیییەوە ڕای گەیاند لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەکشێتەوە. مارک ڕوتێ خاوەنی ژمارەی پێوانەییی درێژترین ماوەی سەرۆکوەزیرانە لە مێژووی هۆڵەندا، هەروەها لە ڕیزبەندی دووەمی درێژترین ماوەی سەرکردایەتییە لە نێوان سەرکردەکانی ئێستای ئەوروپادا، لە دوای ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، کاتێک زۆرێک لە مشتومڕەكان سەبارەت بە هەڵبژاردنی جێنشینی ستۆڵتنبێرگ بڵاو کرانەوە، جگە لە مارک ڕوتێ، باسی كلاوس یۆهانیس، سەرۆکی ڕۆمانیا، وەک کاندیدێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە هاتە گۆڕێ، بەڵام بەفەرمی لە قبووڵکردنی ئەو بەرپرسیارێتییە لە بەرژەوەندیی سیاسەتمەداری ڕووخۆشی هۆڵەندی پاشەکشەی کرد.

ڕەخنەکان لە ڕوتێ

پێشتر وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە پرۆژەی بۆڕیی گواستنەوەی غازی نۆرد ستریم 2ی ڕووسیا لە دوای ساڵی 2014، ڕەخنەیان لە ڕوتێ گرت، بەڵام لە کۆتاییدا بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە، ڕەزامەندییان دەربڕی لەسەر ڕوتێ.

یەکێک لەو ڕەخنانەی تر کە لە ڕوتێ دەگیرێت، پابەندنەبوونی هۆڵەندایە بە تەرخانکردنی لانی کەم لەسەدا دووی بەرهەمی ناوخۆییی گشتیی هۆڵەندا بۆ پیشەسازییە سەربازی و بەرگرییەکان. دوای 14 ساڵ لە بەردەوامیی ڕوتێ لە دەسەڵات لە هۆڵەندا، تا ئێستا پێنجەم گەورەترین ئابووریی ئەوروپا نەگەیشتووەتە ئەو ئامانجە؛ هەرچەندە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناتۆ، هۆڵەندا ئەمساڵ دەگاتە ئەو ئامانجە (تەرخانکردنی ٢% لە بەرهەمی ناوخۆییی گشتی بۆ کاروباری سەربازی).

لە ساڵانی ڕابردوودا وڵاتانی ئەندام ڕێک کەوتوون لەسەر گەیشتن بە ئامانجی تەرخانکردنی لانی کەم لەسەدا دووی بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی بۆ خەرجییە سەربازییەکان. ئەمە بابەتێکە کە ساڵانێکە لەلایەن سەرۆکە جیاوازەکانی ئەمریکاوە ورووژێنراوە.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕوتێ

ڕوتێ لە کاتێکدا لە ناتۆ دەست بە کارەکانی دەکات کە ئاڵنگارییەکی سەرەکی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بریتییە لە جەنگیی ئۆکراینا. دوای دوو ساڵ و نیو لە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە، ئەرکی ڕوتێ بۆ هێشتنەوەی پشتیوانیی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە کیێڤ بەیەکگرتوویی، ئاسان نابێت، بەتایبەت ئەگەر دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

ترامپ پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی پشکی خۆیان لە ناتۆ نەدەن، نەک هەر لە بەرامبەر ئەگەری لەشکرکێشیی ڕووسیا پاڵپشتیی ئەوروپا ناکات، بەڵکوو تەنانەت هانی پووتینیش دەدات ئەو کارە بکات (هێرش بکات). لە ئەنجامدا گومانی زۆر لە ئاییندەی ناتۆ هەیە، لە دۆخێکدا کە سەرۆکی ئەمریکا ترامپ بێت.

بەڵام ڕوتێ لێرەیشدا خاڵێکی بەهێزی هەیە و ئەویش هەبوونی پەیوەندیی تا ڕاددەیەک باشە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ. بێ گومان ڕوتێ هیواخوازە واشنتۆن ئەم کارەی ڕووسیا نەک تەنیا بۆ “ئاسایشی بەکۆمەڵ”ی ئەندامانی ناتۆ بە مەترسی بزانێت، بەڵکوو واشنتۆن کردەوەکانی ڕووسیا بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا خۆی وەک هەڕەشەیەک بزانێت. جێگەی ئاماژەیە کە جارێک ڕوتێ لە وتارەکەیدا گوشارەکانی ترامپی بۆ زیادکردنی پشکی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپا، بە ڕاست و دروست ناو برد. ڕوتێ وتبووی: “ترامپ بەتەواوی ڕاستی دەکرد کە پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە خەرجیی پێویست بۆ بواری سەربازی تەرخان ناکەین. کاتێک ترامپ سەرۆک بوو، ئابووریی ئەمریکا نزیکەی 50%ی ناتۆی پێک هێنابوو و نزیکەی 70-75%ی بوودجەی ناتۆی خەرج دەکرد. لە ئەنجامدا وڵاتانی دیکە تەنیا 25%یان خەرج کردووە. “ترامپ بەتەواوی ڕاستی دەکرد کە ناچاری کردین پابەند بین بوودجەی سەربازی بە ڕێژەی لەسەدا دوو بەرز بکەینەوە.”

ڕوتێ لایەنگرێکی جددیی ئۆکراینایە، کە جەخت لەسەر پێویستیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا دەکاتەوە؛ بەڵام پێویستە بزانرێت لە چەند مانگی داهاتوودا هەلومەرجی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتانی ئەندام بە چ شێوەیەک دەبێت و بە گۆڕانکاری لە سەرکردەکانی ئەم هاوپەیمانییە سەروو-ئەتلانتیکە چ ئاراستەیەکی نوێ دروست دەبێت.

زۆر کەس ڕوتێ بە کەسێک دەزانن کە توانای دانوستان و ڕازیکردن و مامەڵەکردنی لەگەڵ گرووپە جیاوازەکاندا هەیە بەهۆی ساڵانی دەسەڵاتدارێتی لە هۆڵەندا و کارکردن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان و، لە ئەنجامدا بە کەسێکی گونجاوی دەزانن بۆ سەرکردایەتیی ناتۆ، بەتایبەت بۆ ئەمریکای سەردەمی ترامپ. لە لایەکی ترەوە، گرووپێکی دیکە ڕەشبینترن و پێیان وایە ئەگەر ترامپ بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، ناتۆ چیتر هاوپەیمانیی سەربازیی پێشوو نابێت و ئەم هاوپەیمانییە سەروو-ئەتلانتیکە بەرەو لێکترازان دەڕوات، جا لەگەڵ ڕوتێ بێت یان بەبێ ئەو.

 

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com

gharani ghaderi

بابەتی پەیوەندیدار

دوورگەکانی باشووری ئێران؛ لە دڵی هەناردەکردنی نەوتەوە تا هێڵی پێشەوەی جەنگ

نووسەر: سایە ڕەحیمی (سایه رحیمی) ماڵپەڕ: ئیندیپێندنت فارسی (Independent Persian) لەم ڕۆژانەدا کە شریتی باشووری… زیاتر

2 days ago

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟

جه‌نگی ئێران چۆن کۆتایی دێت؟ نووسەر: مایکڵ فرۆمان (Michael Froman) ماڵپەڕ: ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان (Council… زیاتر

3 days ago

دیدگه‌یەکی ئێرانییانە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

نووسەر: محەمەدجەواد زەریف  (M. Javad Zarif) ماڵپەڕ: فۆڕن ئەفێرز (Foreign Affairs) ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی… زیاتر

7 days ago

پەیوەندییەکانی واشنتۆن و بەغدا لە سەردەمی عەلی زەیدی: دەستپێکی قۆناغێکی نوێ یان چەقین لە بازنەی ڕابردوودا؟

نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر- پرۆفیسۆری یاریدەدەر… زیاتر

1 week ago

لە ڕێزلێنانەوە بەرەو هاوبەشیی ستراتیژی:  بۆچی میداڵیای “ئەستێرەى ئیتاڵیا” بەخشرایە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟

پێنووس پێشەکی میداڵیا نیشتمانییەکان پێگەیەکی تایبەتیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا هەیە، چونکە ئەم جۆرە میداڵیانە… زیاتر

1 week ago

عێراق وەک کێشە بۆ دراوسێکانی: چۆن دەیەیەک لە دیپلۆماسییەتی کەنداو لە کاتی جه‌نگی ئێراندا هەرەسی هێنا؟

نووسینی: یەریڤان سەعید دوای سێ ڕۆژ لە سوێندخواردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عەلی زەیدی، لە 14ی… زیاتر

2 weeks ago