ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى
تێڕوانین لە "ديوە ڕواڵەتييەكە"ى ئەو گرفت و دیاردانەى کە جۆرێک لە دەنگدانەوەى بەرفراوان لەسەر ئاستى ڕاى گشتى دروست دەکەن و پاشان چاولێکەرى و شوێنپێهەڵگرتنى یەکترى لە دەربڕینى پشتیوانى یاخود ئیدانەکردن بە فۆرمێکى عاتیفییانە، نە بازنەى دیاردەکە بەرتەسک دەکاتەوە نە یارمەتیدەریش دەبێ لە بیرکردنەوەى نوخبەى کۆمەڵگەکە بۆ دەستکاریکردنى ڕەگ و ڕیشەى سەرهەڵدانى شێرپەنجەى کێشەکان و چارەسەرکردنى.
پێیشم وایە یەکێک لە گرفتە گەورەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان کە وای کردووە نەتوانرێ دەستکاریى ڕەگى قووڵى کێشە گەورەکان بکرێت، بریتییە لەو فۆرمى هەڵوێستوەرگرتنە سەرپێییە بێئەنجامەى کە لە زانستى کۆمەڵناسیدا پێى دەگوترێ کۆڕەفتار – السلوک الجماعی – collective behavior، ڕەفتارى سەرتاپاگیر – کۆڕەفتار؛ کاتێک نزیکمان دەکاتەوە لە بەدیهێنانى ئامانجى سەرەکى، ئەگەر هات و هەمووان تێگەیشتین لەو ڕاستییەى کە چارەسەرى ڕیشەى کێشەکە لە کوێیە و نەخشەڕێى گۆڕانکاریى هاوکێشەکە کامەیە؟
بۆ نموونە 28 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ زۆرینەى کۆمەڵگە بەیەکەوە کۆک بوون لەسەر گۆڕینى سیستەمى سیاسیى ئەوکات، بەڵام بە میکانزمى پێکهێنانى ڕێکخستنى هێزى پێشمەرگەى ناوشار و پاشان دەستنیشانکردنى ئەو پێگە و مۆڵگە مەترسیدارانەى کە پێویستى دەکرد هەڵبتەکێنرێن و، پاشان دابەشکردنى ڕۆڵ و هێڵە ئامانجدارە جوگرافییەکان لە نێوان حزبە سیاسییەکاندا، لە ئەنجامدا توانرا ئەو ئامانجانەى مەبەست بوون بهێنرێنە دى.
جا بۆیە ئەم هەڵوێستە خێرا و کورتمەودایانەى لە ڕێگەى سۆسیال میدیاوە دەرکى پێ دەکەین، ئەو ئەنجامەى بۆ دەرخستووین کە هەم گۆڕانى کۆمەڵایەتى، هەم ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى بە خۆنمایشکردنى میدیایى و سۆسیال میدیایى بەدی نایەن. ئەم فۆرمە لە خۆنواندن لە ئەدەبیاتى کۆمەڵناسیدا پێی دەگوترێ خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتى.
تیۆریى نمایشى شانۆیى لەبارەى خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتییەوە چیمان پێ دەڵێ؟
"تیۆریى نمایشى شانۆیى" بە یەکێک لە تیۆرییە مۆدێرنەکانى زانستى کۆمەڵناسى دادەنرێت، چونکە لە ناوەڕاستى سەدەى بیستەم دامەزراوە. ئەم تیۆرییە پێی وایە ئێمە ئەکتەرین. بە هۆى ئەوەى کە ئێمە ئەکتەرین، لە دەرگەیەک دەچینە ناو ئەو ژیانەى کە خۆى شانۆیەکى گەورەیە و لە دەرگەیەکى تر لێى دەردەچین. ئەو کاتەى لەسەر تەختەى شانۆ ڕۆڵ دەگێڕین، کەسەکانى تر هەڵت دەسەنگێنن و ئەوانى تریش ئێمە هەڵدەسەنگێنن. ئەگەر ئەو هەڵسەنگاندنە پۆزەتیڤ یاخود نێگەتیڤ بێت، پشت بە سروشتى ئەو نمایشە دەبەستێت کە لەسەر تەختەى شانۆ دەینوێنین.
تیۆریى نمایشى شانۆیى، ڕێک ئەو ڕۆڵانە شی دەکاتەوە کە تاک لە ژیانى کۆمەڵایەتیى ڕۆژانەیدا دەیگێڕێ. بە گەڕانەوە بۆ زۆرێک لەو هەڵمەتە سەرتاپاگیرییە میدیایییانەى لە ڕابردوودا بە شێوەیەکى سەرپێیى بینیومانن، بۆمان ڕوون بووهتەوە کە ئەم فۆرمە جگە لە هەڵوێستوەرگرتن و جگە لە چاولێکەرى و جگە لە زاڵبوونى سۆز و هەستى کۆمەڵگە لە ئاست ڕووداوێکى کۆمەڵایەتیدا، جۆرێک لە "خۆنمایشکردنی کۆمەڵایەتی"یشى تێدا دەردەکەوێ.
بەڵگەیشمان بۆ ئەم باوەرهێنانە ئەوەیە، ئەگەر زۆرینەى کۆمەڵگە لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک وا دەردەکەون کە دژى کوشتنى ژنانن! هەموو پاساوێکیش بۆ کوشتنیان بەتوندى ڕەت دەکەنەوە، لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە:
بۆچى لە دەرەوەى سۆسیال میدیا و لەسەر زەمینى واقعدا لە ئاست کۆى ڕووداوەکانى ژنکوژیدا زۆرینەى کۆمەڵگە مێشێکیش میوانیان نییە؟! لە کاتێکدا لە هەر دوازدە مانگى ساڵێکدا نزیک لە 50 ڕووداوى کوشتنى ژنان و نزیک لە 120 ڕووداوى خۆکوشتن و خۆسووتاندنى ژنان لەبەر بێدادى و ستەمى کۆمەڵایەتى، دەبن بە قوربانیى کەلتوورێکى ژنشکێن و ژنکوژ کە هەر زۆرینەى ئەم کۆمەڵگەیەیشن لەسەر هێژموونى نۆرم و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانى کۆکن، بۆ نموونە و بەرچاوڕوونى:
- زۆرینەى کۆمەڵگە کۆکن لەسەر "کوشتنى کچان و ژنان بە پاساوى شوشتنەوەى شەرەف و نامووس. ئەوەتا لە ماوەى ساڵەکانى (2015 - 2016 – 2017 - 2018) لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان 194 ئافرەتى بە نەتەوە کورد و بە ئایین موسوڵمان بە شێوەیەکى وەحشیگەرانە و بەئەنقەست کوژراون؛ کوا هەڵوێست و کاردانەوەى ئەو کۆمەڵگەیەى کە تەنیا بۆ خۆنمایشکردنى کۆمەڵایەتى بۆ ماوەى شەو و ڕۆژێک دژ بە ژنکوژى دەوەستنەوە؟!
- ئەگەر زۆرینەى کۆمەڵگە کۆک نەبن لەسەر خۆکوشتن و خۆسووتاندنى کچان و ژنانى کورد لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا، چۆن دەکرێ 724 کچ و ژنى هاوزمان و هاونیشتمانى و هاوئایین و هاوئایینزا و هاوخاک و هاونەتەوەکەت ژیانى خۆیان بە "پاڵنەرى کەلتوورى" لەسەر زەوى بسڕنەوە و هەروا ئاسانیش تێ پەڕێ، بێ ئەوەى هیچ کەس کەمپەینێک، خۆپیشاندانێک، مانگرتنێک بۆ وەستاندنى ڕژانى ئەم هەموو خوێنە ڕێک بخات؟!
ئەم نمایشکردنە کۆمەڵایەتییە تەنیا لە بازنەى فەزاى زۆرینەى بەشە سادەکەى کۆمەڵگەدا ناسووڕێتەوە، بەڵکوو زۆرینەى دامەزراوەكانيش بە سیستماتیکى نەهاتوون نەک تەنیا پرۆژەى دوورمەودایان هەبێ، بەڵکوو بیریش ناکەنەوە لە یارمەتیدانى ئەو دامەزراوانەى کە بۆ چارەسەرى گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکان بە دنیایەک ئاستەنگەوە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیوە ناشیریینەکانى نۆرم و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.
لە دەرەوەى نمایشى کۆمەڵایەتی، چی بکەن باشە؟
- لەسەر ئاستى کۆمەڵگە "کە مەبەستم ڕاى گشتییە لە دەرەوەى دامەزراوەکان":
ساڵانێکە کۆمەڵێک میکانیزمى سواو و بێکاریگەر و پاسیڤ پەنایان بۆ دەبردرێ بۆ ئیدانەکردن و داواکردنى مافەکان و ڕەتکردنەوەى بێدادى، لەوانە: "دەرکردنى بەیاننامە و یاداشتنامە، سازدانى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى، ڕێپێوان، دروستکردنى کەمپەین، هاشوهوشى شەوانەى فەیسبووک". بە دیدى من هیچ یەکێک لەم میکانیزمە مەدەنییانە، بچووکترین کاریگەرى لەسەر گۆڕینى هاوکێشەى کێشە جۆراوجۆرەکان دانانێ و دایشی نەناوە. ئێستا کاتى پەنابردنە بۆ "مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە". هەر ئەم میکانیزمەیش بوو لە ساڵى 1992 لە ڕێگەى مانگرتنى سەرتاسەرییەوە لە بەردەم ئۆفیسەکانى UN توانرا هێڵى 36 دیاری بکرێ تا بە بڕیارى ئەوکاتى نەتەوە یەکگرتووەکان نەکەوینە ژێر هەڕەشەى ڕژێمى بەعس، بە دروشمى "مان دەگرین، مان دەگرین، تاکوو وەڵام وەردەگرین"؛ وەڵامەکەیش وەرگیرا و کارى خۆى کرد.
- زانکۆ و پەیمانگەکان:
لەگەڵ ئەوەى لە بەشێکى زانکۆکان بەشێک بە ناوى "جێندەرناسى" کراوەتەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەیانتوانیوە 5%ی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن کە بارودۆخى کۆمەڵایەتى پێویستییەتى و دەیخوازێ. بۆیە پێویست دەکات لە هەر کۆلیژێک، نەک تەنیا لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى زانکۆکان بەتەنیا، ناوەندێکى تایبەت بە هۆشیاریى جێندەرى بکرێتەوە و، ئەم ناوەندانە ببن بە بەشێک لە جموجۆڵ و هەڵمەتەکانى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیى جیهانى لە 25/11ى هەموو ساڵێکدا.
هەروەها لە توێژینەوەکانى دەرچوونى قوتابیاندا هەڵبژاردنى گەرمترین گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، بکرێ بە مەرج لە دەستنیشانکردنى ناونیشانەکانى توێژینەوەکاندا.
ئەم مەرجە بۆ ئەتروحەکانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) پەیڕەو بکرێ؛ لە هەموویشیان گرنگتر ئەنجامدانى کۆنفرانسى ساڵانەى زانکۆکان بۆ تاوتوێکردنى ڕەوشى کۆمەڵایەتى بە دیدێکى زانستییانە و لە کۆمەڵێک ڕوانگەى جۆربەجۆرەوە.
- گوتاربێژانى ئایینى:
ئەوانەى دەچن بۆ مزگەوت، گوتاربێژانى وەک جێنشینى پەیامبەر دەبینن؛ بەو مانایەى گوتاربێژى ئایینى، دەتوانێ کاریگەریى هەبێ لە گۆڕینى فیکرى نوێژکەرانى ئامادەبووى مزگەوت. جا بۆیە گوتاربێژانى ئایینى ئەگەر نییەتیان وابێ ببن بە بەشێک لە چارەسەرکردنى دۆخى کۆمەڵایەتى، دەتوانن مانگانە لە چوار خوتبەى ڕۆژانى هەینى، دوو خوتبەیان بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکى دنیایی و دوو خوتبەیشیان بۆ بەجێگەیاندنى ئەرکى قیامەتى تەرخان بکەن.
لە برى کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانى بێکاریگەریى بەردەم پارکى شانەدەرى هەولێر و بەردەرکى سەراى سلێمانى، لە توانایاندایە میکانیزمى "مانگرتنى خواردن و خواردنەوە" بەکار بێنن، وەک کارتى گوشار بۆ سەر دامەزراوە مەدەنى و فەرمییەکان.
- پەرلەمان:
بە چاودێریکردنى شێوازەکانى جێبەجێکردنى ئەو یاسایانەى کە خۆى دەری کردووە و فۆکەسخستنە سەر دامەزراوەکانى دەسەڵاتى جێبەجێکردن و دامەزراوە ئەمنییەکان، وا دەکات بگەینە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەى کە ئایا ئەوانەى دەستیان سوورە بە خوێنى کچان و ژنانى کورد، سزا دراون؟ یاخود نەک سزا نەدراون بەڵکوو دەستى ڕێز بۆ بەسنگیانەوە دەگیرێ و پاسەوانییشیان لێ دەکرێ.
سەرەڕاى ئەوەى کۆمەڵێک دامەزراوە و بوارى دیکەیش هەن کە دەتوانن دەست بۆ ڕەگى کێشەکان ببەن، بەڵام ئەم پێنج دامەزراوەى لە سەرەوە کە فۆکەسمان لەسەریان کرد، بە گۆڕینى میکانیزمەکانى کارکردنیان، شكم نييە دەتوانن جۆرێک لە گۆڕانى کۆمەڵایەتیى ڕیشەیى بهێننە کایەوە.