ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى
بەشی حەوتەم و کۆتایى
ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى وەک یەکێک لە مۆدێلە نوێیەکان و دەسەڵاتێکى بەکاریگەر لە هەرێمى کوردستان، لە حەوت زنجیرە وتاردا جێگەى بایەخپێدانى ئێمە بوو. پێیشم وایە لەم حەوت زنجیرە وتارەدا تا ڕاددەیەکى زۆر توانیمان وەڵامی پرسیارە گرنگەکانى ئەم بوارە بدەینەوە. هیوام وایە ئەم زنجیرە وتارە پرۆژەى گەورەترى بەدوادا بێ، چونکە ئەگەر چاوێک بە کتێبخانەکانى هەرێمى کوردستاندا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێ کە کەمترین سەرچاوەى کوردیمان دەکەوێتە بەر دید لەوبارەیەوە.
لە زنجیرەى حەوتەمیشدا، "کە دوا وتارى زنجیرە وتارەکەمان دەبێ لەبارەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى"، سەرەکیترین ئەو نۆ ئەرکە ڕوون دەکەینەوە، کە تا ئێستا ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نەیانکردووە بە خەمى گەورەى خۆیان. ڕوانینى ئێمە وایە کە جێبەجێکردنى ئەم نۆ ئەرکە، هەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەخاتە سەر سکەى ڕاستەقینەى خۆى، هەمیش ڕۆڵێکى گرنگ لە ڕێکخستنەوەى دۆخى تێکچرژاوى کۆمەڵایەتى بەتایبەتى دەگێڕن.
ئەرکى یەکەم/ بایەخدان بە چەمکەکانى بەڕێوەبەرایەتیکردنى ڕێکخراوەیى
مەرجى پێشوەختەى سەرخستنى کارى ڕێکخراوەیى، پێگەیاندنى تواناى سەرۆک و دەستەى بەڕێوەبەرایەتیى ڕێکخراوەکانە لەم بوارانەى لاى خوارەوە. ئەرکێکى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنییە کە لەمەودوا بایەخ بەم چەمکانەى لاى خوارەوە بدەن، تاکوو لە ڕۆحى کۆمەڵگەى مەدەنى و پرەنسیپەکانى قووڵ ببنەوە، لەوانە:
1- تێگەیشتن و پێگەیشتنیان سەبارەت بە گرنگترین تیۆرییەکانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و گرنگترین قوتابخانەکانى کارکردنى ڕێکخراوەیى، کە یەکەمین قوتابخانەى لە ساڵى (1909) بە ڕێبەرایەتیى ماکس ڤیبەر بە ناوى قوتابخانەى بیرۆکراتییەت دەست پێ دەکات و دوایین قوتابخانەى کارکردنى ڕێکخراوەییش لە ساڵى (2000)دا بە ڕێبەرایەتیى مایکل هارى و ڕیچارد شرۆیدر بە ناوى ستە سیجما، کارکردنى ڕێکخراوەیى شی دەکاتەوە.
2- بایەخ و تایبەتمەندییەکانى سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەیى.
3- ناساندنى کەسایەتیى خۆبەخش و بایەخ و تایبەتمەندى و قۆناغ و فۆرم و شێوازەکانى.
4- ناساندنى چەمکى تۆڕبەندى و بایەخ و تایبەتمەندى و فۆرم و شێوازەکانى و مەرجەکانى سەرکەوتنى تۆڕبەندى و لایەنە باشەکان و خراپییەکانى تۆڕبەندى لە کارى ڕێکخراوەییدا.
ئەرکى دووەم/ دامەزراندنى تۆڕى بەهێز و فرەڕەنگى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان لەسەر ئاستى پارێزگهکان، قەزاکان، ناحیەکان
بۆ یەکخستنى ئەزموون و کۆکردنەوەى تواناکان و دروستکردنى بەهێزترین کاریگەرى، پێشنیار دەکەین لەسەر ئاستى پارێزگهکان، قەزاکان و ناحیەکان، تۆڕى فرەڕەنگى بێلایەن ياخود فرهلایەنى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە شێوەى هەمیشەیى، نەک بە شێوەى کاتى دروست بکرێ، تا بە یەکدەستى و یەکهەڵوێستى پەرە بە پڕۆسە و هەڵوێستى مەدەنییانە لە ئاست پرسە جۆربەجۆرەکاندا بدەن؛ هەروەها تاکوو لە ڕێگەى ئەم تۆڕە مەدەنییانەوە ڕایەڵێکى بەهێز لە نێوان خەڵک و دامەزراوەکانى حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە یاسایییەکاندا دروست ببێ. ئەرکێکى ترى گرنگى ئەم تۆڕانە دروستکردنى گوشارى ڕاستەقینە بێت لەسەر ئەو دامەزراوە و کۆمپانیا و لایەن و کەسایەتییانەى کە لە پێناوى بەرژەوەندیى تایبەتى خۆیاندا زیان بە بەرژەوەندیى گشتیى کۆمەڵگە دەگەیەنن.
ئەرکى سێیەم/ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و گەندەڵکاران
هەرێمى کوردستان لە پاڵ گەشەکردنى لە چەندین بوارى جۆربەجۆردا، یەکێک لە سیما ناشیرینەکانیشى بریتییە لە تەشەنەکردنى شێرپەنجەى گەندەڵى، کە تا ڕاددەیەکى زۆر، کەم بوار و کایە هەیە نەیگرتبێتەوە. یەکێکیش لە فاکتەرەکانى تەشەنەکردنى گرێیەکانى شێرپەنجەى گەندەڵى، پەیوەندیى بە لاوازیى ئەو بەرەیەوه هەیە کە پێویست بوو بە وزە و هێزەوە ڕووبەڕووى ببێتەوە. یەکێک لە سەرەکیترین ئەو دەسەڵاتانەى کە ئەرکى سەرشانى خۆیان بووە ڕووبەڕووى ببنەوە، بریتییە لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە دەست بۆ ئەم دۆسیەیە ببەن.
ئەرکى چوارەم/ پێگەیاندنى ئافرەت و ئامادەکردنیان بۆ ناوەندەکانى بڕیار و بەشداریى سیاسى
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان لەناو کایەى سیاسى و ناوەندەکانى بڕیاردا، بریتییە لە بەشداریى کەمترین ڕێژەى ئافرەت لە سەرکردایەتیى حزبە سیاسییەکان و ناوەندەکانى بڕیار لەسەر ئاستى حکوومەت و دامەزراوەکانى دیکە. لەم قۆناغەدا ئەرکە لەسەر ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، بە "پرۆژەى دوورمەودا" پلانڕێژى بکەن بۆ ئامادەکردن و پێگەیاندنى کچان و ژنان لە بوارەکانى: هونەرى سەرکردایەتیکردن، خوێندنەوە، پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکان و هتد.
ئەرکى پێنجەم/ بایەخدان بە ڕەمزە نیشتمانى و نەتەوەیییەکان
چەندە حزبە سیاسییەکان و حکوومەت و میدیا و دامەزراوە یاسایییەکان بانگەشەى پاراستنى پیرۆزییەکانى خاک، ئاڵا، ناسنامه، سەرکردە و، زمان بکەن، ناگاتە ئەو بانگەشە مەدەنییەى کە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە فۆرمێکى بێلایەنانە و لە دەرەوەى بەرژەوەندییەکان پراکتیکى دەکەن؛ بەڵام تا ئێستا بە ئاستى پێویست نەیانتوانیوە بە "پڕۆژە" کار لەسەر کایە و پرسى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن.
ئەرکى شەشەم/ ڕۆڵ و هەڵوێستى ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ئاست "کۆمپانیا قۆرخکارەکان و میدیا نابەرپرسەکان"
پێشنیار دەکەین کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، دەسەڵاتى دروستکردنى گوشار، بە میکانیزمى مەدەنییانە بەکار بهێنن، لە بەرامبەر ئەو کەس و دامەزراوە و کۆمپانیا هەلپەرست و چاوچنۆک و لایەنە ئاراستەکراوانەى کە ئاسایشى سیاسى و ئابوورى و فەرهەنگى و کۆمەڵایەتیمان لە پێناو پڕکردنى گیرفان و بەرژەوەندیى تایبەتى خۆیاندا دەخەنە مەترسییەوە؛ چونکە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕابردوودا نەیانتوانیوە لە وەستاندنى کار و هەوڵى قۆرخکارانەى بەشێک لە کۆمپانیا و دامەزراوە و توێژە توندڕەوەکان و ئەو ئاراستانەى کە کاریگەرییان بەسەر مۆڕاڵى کۆمەڵگەوە بە شێوەیەکى ناباش بەجێ هێشتووە، ڕۆڵى کارا بگێڕن.
لێرەدا دوو نموونەى ئەو پێشێلکارییانە دەخەینە ڕوو، کە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئاستیاندا لە برى وەرگرتنى هەڵوێست، بێدەنگىیان هەڵبژاردووە:
أ- پشتگوێخستنى بەرژەوەندیى گشتى لە لایەن "کۆمپانیاکانى مۆبایل"هوه
بە هۆى بڵاوکردنەوەى دەیان هەزار هێڵى مۆبایلى هەرزانى "بێمەرج و بەرایى" لە لایەن کۆمپانیاکانى مۆبایل و کۆمپانیاکانى بڵاوکردنەوە و دابەشکردنى هێڵەکانى مۆبایل لە بازاڕەکانى پارێزگه و قەزا و ناحیەکانى هەرێمى کوردستانەوە، ساڵانە دەیان ڕووداوى خۆکوژى، تەڵاق، هەڕەشە، ئەشکەنجەدان، هەراسانکردن و هەڵوەشاندنەوەى سەدان خێزان ڕوو دەدەن، كهچی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى هیچ هەوڵ و هەڵوێستێکى کاریگەر و یەکلاییکەرەوەیان لە ئاست ئەم پرسە گشتییە گرنگەدا نەنواندووە، لە کاتێکدا بەشێکە لە ئەرکى مەدەنییانەى خۆیان.
ب- کارکردنى بەشێک لە میدیاکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنى پرەنسیپەکانى "بەرپرسیارێتیى کۆمەڵایەتى"
لە بەرامبەر هەوڵى نابەرپرسیارانەى بەشێک لەو میدیایانەى کە تا دێ ڕەوشى کۆمەڵایەتى و ئاسایشى خێزانەکان لە هەرێمى کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، بە هۆى "بڵاوکردنەوەى ئەو هەواڵ و ڕاپۆرت و مانشێت و مێزگرد و فیلم و دراما نێگەتیڤانە"ى کە تاکەکانى کۆمەڵگە بە چەندین تاوانى جۆراوجۆرى کۆمەڵایەتى و نامۆ بە بونیادى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگەى کوردستان ئاشنا دەکەن، هەروەها لە بەرامبەر بایەخدانى بەشێک لە میدیاکان بە گێڕانەوەى چیرۆکى ڕووداوەکانى "خۆکوژى و کوشتنى بەئەنقەست"، گێڕانەوەیەک کە جۆرێک لە ڕاهێنان و فێرکردنى تاکەکانى کۆمەڵگە بە بەکارهێنانى ڕێگه و میکانیزمەکانى "خۆکوشتن و کوشتنى بەئەنقەست"ى هێناوەتە ئاراوە، بەڵام جێگەى پرسیارە کە تا ئێستا کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بچووکترین هەوڵ و هەڵوێستى مەدەنییانەیان لە ئاستیاندا نەنواندووە؛ لە کاتێکدا ئەم فۆرمە خەتەرناکەى میدیاکان پەیڕەوى دەکەن، بە هۆى پابەندنەبوونیان بە پرەنسیپەکانى "بەرپرسیارێتیى کۆمەڵایەتى"یهوه، تا دێ ژمارەى قوربانییەکان زیاتر دەکات.
ئەرکى حەوتەم/ بایەخدان بە پڕۆسەى چاکسازى لە "بەندیخانەکانى پیاوان، ئافرەتان، نەوجەوانان"
هەوڵدان بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى چاکسازى لەناو بەندیخانەکانى کوردستان، یەکێکە لە ئەرکەکانى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، لە ڕێگەى کۆڕ و سیمینارى جیاجیا لە بوارەکانى پەرەپێدانى مرۆیى، بەتایبەت بۆ ئەو بەندکراوانەى کە بە کاریگەریى ژینگەى کۆمەڵایەتى تووشى تاوانکردن هاتوون. لە پاڵ ئەو ژمارە زۆرەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى ئەو بەندکراوانەى بە هۆى بڕیارى لێبووردنى گشتییەوە ئازاد کراون، یاخود بە هۆى تەواوکردنى ماوەى حوکمدانەکانیان هاتوونەتە دەرەوەى زیندان، جارێکى تر گەڕاونەتەوە سەر کەتن و تاوانى ترى هاوشێوە؛ هەندێکیان لە تاوانى قورستر لە تاوانى پێشووتریان تێوە گلاون. بەشێکى گرنگى کەمتەرخەمییەکە، بۆ خەمساردیى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەگەڕێتەوە، چونکە زۆرینەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى هەنگاوى جددییان بۆ داڕشتنى پلانى بيناكردنەوەى کەسایەتیى بەندکراوان نەناوە؛ لە کاتێکدا بەشێکە لە ئەرکى سروشتى و ڕاستەقینەى ئەوان.
ئەرکى هەشتەم/ بایەخدان بە دامەزراندنى "میدیاى سەربەخۆى ڕێکخراوەیی"
پێویستە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى وەکوو دەسەڵاتى پێنجەم، کار بۆ دامەزراندنى میدیاى سەربەخۆى خۆیان بکەن، تا لەو ڕێگەیەوە کار بۆ پەرەپێدانى پڕۆسەى هۆشیاریى سیاسى، کۆمەڵایەتى، پەرەپێدانى مرۆیى، ژینگە، پەروەردە، سەروەریى یاسا و... بکەن. دامەزراندنى "میدیاى ڕێکخراوەیى"، یەکێکە لەو میکانیزمە بەهێزانەى کە له ڕێگهیهوه دەتوانرێ متمانەى کۆمەڵگە بۆ کارکردنى ڕێکخراوەیى بگێڕدرێتەوە.
ئەرکى نۆيەم/ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى تواناى ڕۆژنامەنووسانی لە بوارى "ئاسایشی كۆمهڵایهتی"
لە پاڵ ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤەى زۆرینەى کایەکانى ڕاگەیاندن لەبارەى دۆسیەى ڕووداو و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەیگێڕن، کە خۆیان لە چوارچێوەى دۆسیەى "ئاسایشى کۆمەڵایەتی"دا دەدۆزنەوە، لە بەرامبەردا ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نە زانیویانە، نە توانیویشیانە کار لەسەر پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى تواناى ڕۆژنامەنووسان بکەن؛ لە کاتێکدا بە دەیان ناوەند و سەندیکا و ڕێکخراوى تایبەت بە پەرەپێدانى ئاستى ڕۆژنامەنووسان بەفەرمى دامەزرێنراون.