لەبارەى بابەتى "خۆبەخشى" (Voluntary)  لە ئۆرگانى مەدەنیدا

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

کردەى "خۆبەخشى" (Voluntary) جۆرێکە لە مومارەسەى پرۆسەى دیموکراسى، چونکە تاک بەتەنیا یان لەگەڵ کەسانێکى تردا بە فۆرمێکى ئارەزوومەندانە بەشدارى لە جووڵە و پراکتیزەکردنى پرۆگرام و پەیڕەوى کارى ئۆرگانێک یان چەند ئۆرگانێکى مەدەنیدا دەکات. بابەتى "خۆبەخشى" (Voluntary) وەک بەشێک لە پێداویستییە مرۆیییەکان لە سەرتاسەرى دنیا مامەڵەى لەگەڵ دەکرێ. هەر بۆیەیشە لە 20ى نۆڤەمبەرى ساڵى 1997 کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژى 5ى دێسەمبەرى هەموو ساڵێکى وەک ڕۆژى جیهانیى خۆبەخشەکان دەستنیشان کردووە.

کۆمەڵێک پێناسەى جۆراوجۆر لەبارەى کردەى "خۆبەخشى" (Voluntary) کراوە. بە گرنگى دەزانین بۆ زیاتر تێگەیشتن لێى، چەند پێناسەیەک لەبارەى ئەو چەمکەوە بخەینە بەر دید:

خۆبەشى لە دیدى Patricia وا دەناسێنرێ، کە بریتییە لە بەخشینى تواناى مرۆڤ بە شێوازێکى ئارەزوومەندانە و بەبێ بەرامبەر، لە ڕێگەى بەشداریکردنى لە جێبەجێکردنى ئەجێندا و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى لە ئۆرگانێکى مەدەنیدا، یاخود لە دامەزراوەیەکى حکوومیدا. هەروەها چەمکى "خۆبەخشى" (Voluntary) لە پێناسەیەکى تردا وردتر کراوەتەوە و تێیدا هاتووە کە:

"خۆبەخشى" (Voluntary) بە ماناى قوربانیدان دێت بە کات، توانا، ماڵ و دارایى لە لایەن کەسى خۆبەخشەوە، بەبێ ئەوەى چاوى لە قەرەبووکردنەوە و دەستکەوتى ماددى بێ.

ئه‌مانی قه‌ندیل، کە یەکێکە لە پسپۆڕەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى ناوێکى دیارى هەیە، لەبارەى کەسى خۆبەش، وای دەبینێ کە خۆبەخشەکان بریتین لە ئەندامانى کاتیى ئۆرگانى مەدەنى، بەڵام نەک ئەندامى هەميشەيى؛ چونکە هەر کات بیانەوێ دەڕۆن و نامێننەوە. لەگەڵ ئەوەى کە بە شێوەیەکى ئارەزوومەندانە و وەک ئەرکێکى کۆمەڵایەتى، کات و توانا و سامانى خۆیان پێشکەش دەکەن، دەیشیانەوێ سوود لە ئەزموونى شارەزا و لێزان و ئەزمووندارەکان لە ڕێکخراوەکەدا وەربگرن.

ئامانج لە "خۆبەخشى" (Voluntary) چییە؟

لەوانەیە هەر خۆبەخشێک ئامانجێک یان چەند ئامانجێک ڕای بکیشێ تا کارى خۆبەخشى لە ئۆرگانێکى مەدەنیدا ئەنجام بدات، لەوانەیشە ئامانجى هیچ یەکێک لە خۆبەخشەکان لە ئامانجى خۆبەخشێکى دیکەوە نزیک نەبێ؛ بەڵام لێرەدا باسى ئەو بایەخە دروست و گرنگانە دەکەین کە پێویستە خۆبەخشەکان لەبەرچاوى بگرن:

- خۆبەخشى یەکێک لە ئامانجەکانى بریتییە لە شکاندنى دیوارى گۆشەگیرى و، وا دەکات جۆرێک لە تێکەڵاوبوون و کارلێکى کۆمەڵایەتى لەگەڵ ئەوانى تردا دروست ببێ.

- لە دەستپێکردنى کارى خۆبەخشییەوە، ئەزموون و پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکان دروست دەبێ.

- خۆبەخشەکان ڕۆڵێکى باش دەبینن لە سەرخستن و بەهێزکردنى ئەو دامەزراوەیەى کە کات و تواناى خۆیانى تێدا دەبەخشن.

- خۆبەخشەکان بە کردەى خۆبەخشى وەک یەکێک لە مۆدیلە مەدەنییەکان، سیمایەکى جوان بە کردەى ئۆرگانەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەبەخشن.

- لەگەڵ ئامادەییى هەر خۆبەخشێک بۆ بەشداریکردن لە کارى خۆبەشیدا، وا دەکات هێواش هێواش ئەوانی تر ڕابکێشێ؛ ڕوونیشە کە زۆربوونى ژمارەى خۆبەخشەکان، لە خۆبەخشێکەوە دەستی پێ کردووە.

- خۆبەخشى وا دەکات ئینتیما بۆ نەتەوە و نیشتمان زیاتر ببێ، چونکە ئاماژەیەکە بۆ خۆشویستنى وڵات و نەتەوە.

جۆرەکانى "خۆبەخشى" (Voluntary):

خۆبەخشى بەسەر شەش جۆرى سەرەکیدا دابەش دەبێ:

١- خۆبەخشى بە بەبەخشینى کات.

٢- خۆبەخشى بە بەخشینى تواناى جەستەیى.

٣- خۆبەخشى بە بەخشینى سەرمايەی ماددى.

٤- خۆبەخشى بە بەخشینى زانیارى.

٥- خۆبەخشى بە بەخشینى ڕاوێژکارى.

٦- خۆبەخشى بە بەخشینى توانا و ئەزموونى زانستى.

لەناو ئەم شەش جۆرەى سەرەوەدا چەند فۆرمێک لە خۆبەخشى هەیە کە هەر تاکێکى کۆمەڵگە دەتوانێ لە دەرەوەى ئۆرگانە مەدەنییەکانیش پراکتیزەیان بکات، لەوانە:

- کۆکردنەوەى یارمەتى بۆ لێقەوماوان.

- سەردانیکردنى نەخۆش.

- هاوکاریکردنى بەساڵاچووان.

- لەبەرچاوگرتنى دۆخى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

- وانەگوتنەوە بۆ نەهێشتنى نەخوێندەوارى.

- بەخشینى توانا و ئەزموون بۆ ئەوانەى پێویستیان پێیە.

- بەشداریکردن لە پرۆسەى ئاشتەواییى کۆمەڵایەتى و نزیککردنەوەى ناکۆکەکان.

- پێشکەشکردنى وانە و ڕاهێنان بە چین و توێژەکان بەبێ بەرامبەر.

- بەشداریکردنى لە پرۆگرامە میدیایییەکان و هەڵمەتەکانى هۆشیاریى یاسایى و کۆمەڵایەتى.

حەوت مەرجى بنەڕەتى کە پێویستە لە "خۆبەخش"دا هەبێ:

١- ڕێزگرتن لە خەڵک و قبووڵکردنى جیاوازییەکان و ئارەزووکردن بۆ یارمەتیدانى خەڵک.

٢- خۆبەخش دەبێ لە ڕووى عەقڵەوە گەشەى کردبێ و بتوانێ لە کاتى کارکردن لەگەڵ ئەوانى تردا کۆنتڕۆڵى هەڵچوونەکانى بکات.

٣- سینگى فراوان بێ و بە بیرکردنەوەیەکى دیموکراسییانە مامەڵە لەگەڵ کارەکەیدا بکات.

٤- تواناى هەڵگرتنى بەرپرسیارێتیى هەبێ و بە متمانەبەخۆبوونەوە لە چوارچێوەى سنوورى هێز و وزەى خۆیدا دەست بۆ ئەو کارە ببات کە پێى دەسپێردرێ.

٥- کەسایەتى و ڕەوشتى خۆى بپارێزێ و نەبێتە مایەی مەترسى و بێزارکردنى ئەوانى تر.

٦- لە کاتى پێویستدا ئامادەییی تێدا بێ، کاتەکانى خۆى ببەخشێ بۆ ئەو کارەى کە دێتە پێش و پێى دەسپێرن.

٧- خۆبەخش تەنیا لە پێناوى بەخشیندا نابێ کارى خۆبەخشى بکات، بەڵکوو دەبێ لەم ماوە کاتییەدا زۆرترین ئەزموون لە کەسانى ئەزمووندارى دیکەوە کەڵەکە بکات.

میکانیزمەکانى وەرگرتنى خۆبەخشەکان:

نابێ وەرگرتنى خۆبەخش بەتەنیا بە کاریگەریى پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و خزمایەتى و حزبایەتى و هاوشارێتى و هاوئایینى و هاومەزهەبى و هاوپیشەیى، قبووڵى وەرگرتنى کارى خۆبەخشى بکرێ، چونکە کارى خۆبەخشیى ڕاستەقینە باشترین سەرەتایە بۆ بیناکردنى تواناى مرۆیى و دروستکردنى فۆرمى کەسایەتیى خۆبەخش. بۆیە چوار میکانیزمى سەرەکى بۆ وەرگرتنى خۆبەخش دیاری کراون:

یەکەم/ چاوپێکەوتنى کەسى:

چاوپێکەوتنى ڕاستەوخۆ یەکێکە لەو میکانیزمە زۆر باشانەى کە دەتوانێ هەم جۆرێک لە "کارلێکى کۆمەڵایەتى" لەنێوان هەردوو لایەن دروست بکات هەمیش دەتوانێ "بایەخ و گرنگى و پێویستى کردەى خۆبەخشى و کارى ئۆرگانى مەدەنیش" بۆ کەسى خۆبەخش شی بکاتەوە، بە شێوەیەکى گشتیش زۆربەى جاران پرسە جۆربەجۆرەکان بە یەک چاوپێکەوتنى ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکتریدا بەلایەکدا دەکەون و بە هەڵواسراوى نامێننەوە.

دووەم/ پڕکردنەوەى فۆرمى زانیارى و دیاریکردنى مەرجەکان:

فۆرمى زانیارى و دیاریکردنى مەرجەکان وەک کۆنتراکتێکى نێوان خۆبەخش و ئەو ئۆرگانە وایە کە بڕیاڕ وایە بەیەکەوە کارى خۆبەخشى بکەن، کە گرنگە ئەم زانیارییانە لەم فۆرمەدا هەبن:

ناوى چواریى خۆبەخش، ڕێکەوت، مێژووى لەدایکبوون، تەلەفۆن، ناونیشانى نیشتەجێبوون بەتەواوى، بڕوانامەکانى ئەگەر هەیبوو، کارى ئێستاى، ئەو لایەنەى ئیشى لە لا دەکات، بوارى شارەزاییى خۆبەخش، ئەو چالاکى و بوارەى کە حەز دەکات کارى تێدا بکات، کاتى گونجاوى خۆبەخش بۆ کارکردن، ڕۆژى گونجاوى کارکردنى خۆبەخش، ئەزموونى ڕابردووى خۆبەش و، هەر زانیارییەکى تر ئەگەر پێویست بێ و جگە لەو مەرج و بەخشینانەیش کە دامەزراوەکە بە گرنگى دەزانى بۆ خۆبەخش دیاری بکات.

سێیەم/ کۆکردنەوەى زانیارى لەسەر کەسى خۆبەخش:

لەوانەیە بەتەنیا چاوپێکەوتنى ڕاستەوخۆى خۆبەخش یان پڕکردنەوەى فۆرمى زانیارى لەبارەى کەسى خۆبەخش بەس نەبێ بۆ ئەوەى خۆبەخشێکى کامڵ و بێگرفت و گونجاومان بۆ یەکلایی بکاتەوە؛ سەرەڕاى ئەم دوو قۆناغەى سەرەوە، گرنگە دەست بکرێ بە کۆکردنەوەى زانیارى لەبارەى ڕابردووى کەسى خۆبەش لە ڕێگەى کەسانى دیکەوە کە ئاگادارى ژیان و ژینگەى دوێنێى کەسى خۆبەخش بوون. ئەم قۆناغە دڵنیاییى زیاترمان لەبارەى کەسایەتیى خۆبەخش دەداتێ. بەشێک لە بۆچوونەکان لەبارەى ئەم قۆناغەوە، پێمان دەڵێ کە گرنگە جه‌خت لە لایەنى تەندروستى و لایەنى دەروونیى کەسى خۆبەخشیش بکرێتەوە، بۆ ئەوەى لە کاتى کارکردن لەگەڵ ئەوانى تردا نەبێتە مایەى مەترسى و ئاستەنگ بۆ سەر هاوکارەکانى و خودى دامەزراوەکەیش.

چوارەم/ تاقیکردنەوە:

قۆناغى چوارەمى وەرگرتنى خۆبەخش، بریتییە لە بەکارهێنانى تاقیکردنەوەى تواناکانى خۆبەخش؛ واتە لە چ بوارێکدا شارەزاییى هەبێ، لەو بوارەدا تاقیکردنەوەى پێ بکرێ و لەو بوارەیشدا هەوڵ بدرێ بایەخ بە پەرەپێدانى تواناکانى بدرێ، تا دواتر دامەزراوەکەیش هەر لەو کایە و بوارەى خۆیدا سوودى لێ وەربگرێ.

بەربەستەکانى کارى "خۆبەخشى" (Voluntary) لە هەرێمى کوردستان:

لە هەرێمى کوردستاندا کارى خۆبەشى لە ئاستێکى نزمدا دەبینرێ؛ واتە کارى خۆبەخشى نەبۆتە مۆدێلێکى گشتى لە کارى دامەزراوە مەدەنییەکاندا. لێرەدە بەشێک لە فاکتەرەکانى دەخەینە بەر دید:

- لاوازیى هۆشیاریى سەرتاپاگیرى کۆمەڵایەتى لەبارەى کارى خۆبەخشى.

- خێزان و قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ میدیا و مزگەوت و کڵێسا نەیانتوانیوە کارى خۆبەخشى لاى کۆمەڵگە خۆشەویست بکەن.

- هەیمەنەى بەرژەوەندییە ماددییەکان وای کردووە، زۆرینەى کۆمەڵگە بیر لە کارى خۆبەخشى نەکەنەوە؛ واتە زۆرینەی کۆمەڵگە وا بیر دەکاتەوە کە پێویستە لە بەرامبەر هەر کارێک بڕێک پارە تەرخان بکرێ؛ ئەم پرەنسیپەیش تا ڕاددەیەکى زۆر لەگەڵ کار و ئەرکى خۆبەخشیدا یەک ناگرێتەوە.

- خودى دامەزراوە مەدەنییەکانیش نەیانتوانیوە بایەخ بە کارى خۆبەخشى بدەن؛ جا یان نەیانتوانیوە یاخود نەیانزانیوە ئەم بەشە کرنگە لە ئەرکى ئۆرگانى مەدەنى بۆ کۆمەڵگە شی بکەنەوە.

- لاوازیى دامەزراوە مەدەنییەکان لە هونەرەکانى ڕاکێشان و بەڕێوەبردن و پاشان بەردەوامبوون و مانەوەى خۆبەخشەکان لەگەڵیاندا.

- نەبوونى سەرچاوەى زانستى بە زمانى کوردى لەبارەى خۆبەخشى و ئەرک و بایەخ و دەستپێکردن و مانەوە و بەردەوامبوون و پەرەسەندنى کارى خۆبەخشى.

چی بکرێ بۆ پەرەپێدانى کارى "خۆبەخشى" (Voluntary)؟

- کردنەوەى سەنتەرى ڕاهێنانى تایبەت بە کارى خۆبەخشى؛ لە ڕێگەى ئەم سەنتەرەوە ئارەزوومەندانى کارى خۆبەخشى ئامادە بکرێن.

- پێویستە لەناو هەر ئۆرگانێکى مەدەنیدا بەشێکى تایبەت بە کارى خۆبەخشى بکرێتەوە، تا لە ڕێگەى ئەم بەشەوە تەواوى ئەو کەسانەى لە ئۆرگانەکەدا کار دەکەن لە بایەخى کارى خۆبەخشى تێ بگەن و پەرەى پێ بدەن.

- ئۆرگانە مەدەنییەکان، میدیاکان بۆ ئەمە بەکار بێنن، تا لەوێوە بانگەواز بکەن بۆ ڕاکێشانى ئەو کەسانەى کە ئارەزووى کارى خۆبەخشى دەکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples