رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و قۆناغى هەستانەوە  

 

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

زنجیرەى شەشەم

ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى وەک مۆدێلێکى نوێ و کایە و دەسەڵاتێکى گرنگ و کاریگەر لە پێنج زنجیرە وتارى ڕابردووماندا جێگەى بایەخى ئێمە بوو، کە تێیدا ڕەگەزە سەرەکییە ستاندارەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و بەها و دامەزراوەکانى و، هەروەها گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانى سەرهەڵدانیان لە هەرێمى کوردستان و پاشان ئاستەنگە ڕیشەیى و کەم قسەلەسەرکراوەکانى بەردەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیمان بەوردى شی کردەوە. لە زنجیرەى شەشەميشدا بەو ئامانجەى کە تەنیا شیکردنەوەکانمان لە چوارچێوەى خستنەڕووى مێژوو و ڕەگەز و بەها و دامەزراوە و ئاستەنگەکانیدا نەمێنێتەوە، بۆمان گرنگ بوو ئەم زنجیرەیە تەرخان بکەین بە خستنەڕووى دەرەنجامى هەڵێنجراوى زنجیرەکانى ڕابردوو و، هەروەها لەگەڵ چەند ڕاسپاردەیەکى جەوهەرى بۆ دەسەڵاتەکانى "یاسادانان و جێبەجێکردن" کە دەبنە یارمەتیدار بۆ سەرپێخستنى کارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان.

لە زنجیرەى حەوتەمیشدا- کە دوا زنجیرەى وتارەکەمان دەبێ- تەرخانى دەکەین بە خستنەڕووى ئەو میکانیزم و ڕێوشوێنانەى کە وا دەکەن ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بخەنە سەر سکەى ڕاستەقینەى خۆیان.

دەرەنجامە گشتییەکان

  1. کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئاست چارەسەرکردنى گرفتەکانى ناو دەزگه‌ى خێزان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانى دەرەوەى خێزان، توانیویانە ڕۆڵێکى مامناوەندى ببین. واته‌ نە توانیویانە کاریگەریى زۆر بەهێز بەجێ بهێڵن، نە هێندەیش لە ئاست دۆزینەوەى میکانیزمەکانى چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتى و خێزانییەکان کەمتەرخەم و لاواز دەرکەوتوون.
  2. هەوڵى کەمینەیەک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەى چەند دیاردەیەکى کۆنى کۆمەڵایەتى و، هەروەها کاریگەرییان هەبووە لەسەر گۆڕین و هەموارکردنى بەشێک لە یاساکانى عێراقى و دەرکردنى چەند یاسایەکى نوێى کوردستانى، لەپێناو باشترکردنى دۆخى کۆمەڵایەتى و خێزانى.
  3. کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى هەندێ جار لە هەوڵدا بوون بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ دادگه‌ و دامەزراوە یاسایییەکان بۆ یەکلاییکردنەوەى گرفتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان؛ واتا بە بەراورد لەگەڵ ئاستى گرفتە کۆمەڵایەتى و خێزانییەکان بە شێوەیەکى بەرپرسیارانە هەوڵیان بۆ دروستکردنى هەماهەنگى لەگەڵ دادگه‌ و دامەزراوە یاسایییەکان نەداوە.
  4. هەروەها کاریگەریى نەریتە کۆمەڵایەتییە نێگەتیڤەکان ئاستەنگێکى بەهێزى دروست کردووە لە بەردەم کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە جێبەجێنەکردنى ئەو بڕگە و خاڵانەى کە لە بەندى "پرۆگرام یان ئامانجەکان"ى پەیڕەوى ناوخۆیاندا بۆى دامەزراون. ئەو دەرەنجامەیش ئەوەمان بۆ دەخاتە ڕوو کە کارى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى مۆدێلێکى نوێیە و، بەرەیەکى کۆنەخوازیش ئەم مۆدێلە نوێیە بە هێزێکى دژ بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بە مەترسى بۆ سەر ئاسایشى کۆمەڵایەتى و خێزانى دەزانێ.
  5. هەروەها زۆرینەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە بەراورد لەگەڵ تەنگژە سیاسى و ئایوورى و کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەندەى لە پێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندیى تایبەتیدا دامەزراون، ئەوەندە لە پێناو لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى گشتیدا دانەمەزراون.
  6. هەروەها واقعى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە پێیان وایە سەرجەم کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئەجێنداى حزبە سیاسییەکان پەیڕەو دەکەن، چونکە سەرجەمیان بۆ جێەجێکردنى ئەجێنداى حزبە سیاسییەکان دانەمەزراون، بەڵکوو بە ناوى جێبەجێکردنى ئەجێنداى خۆیان دامەزرێنراون، لە بوارى پسپۆڕیى جۆراوجۆردا کە لە پڕۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆیاندا بۆى دامەزراون. ئەگەرچى دیوێکى ترى توێژینەوەکە ئەو ڕاستییەیشمان بۆ دەردەخات کە لە پاڵ ئەم دەرەنجامەیشدا، تا ڕاددەیەکى زۆر نەیانتوانیوە سەربەخۆیانە پەرە بە ئەجێنداى ڕێکخراوەییى خۆیان بدەن.
  7. هەروەها کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ڕۆڵێکى باشیان هەبووە لە ئاست چارەسەرکردنى ئەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەى کە ڕووبەڕووى ڕەگەزى ئافرەت بوونەتەوە لە هەرێمى کوردستان. واتا نە ڕۆڵێکى زۆر باشیان هەبووە، نە کەمتەرخەمییشیان لەم بوارەدا نواندووە. بەشێکى زۆرى ئەو هەوڵ و هەنگاوانەى لەم بوارەدا نراویشن، جێپەنجەى ئەوانى پێوە دیارە.
  8. ڕاستییەکى تاڵ هەیە ناکرێ باسى نەکەین: ئەوەندەى پاڵنەرى چاولێکەرى و لاساییکردنەوە بوونەتە فاکتەرى دامەزراندنى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ئەوەندە پێویستی و بۆشاییى ڕێکخراوەیى نەبۆتە پاڵنەر بۆ دامەزراندنیان. هەر لەبەر ئەو فاکتەرەیشە کە کۆمەڵە و ڕێکخراوى ئەکتیڤ و نائەکتیڤ تێکەڵاوى یەکترى کراون.
  9. ئەگەر پرۆگرام و ئامانجى پەیڕەوى ناوخۆى هەموو ڕێکخراوەکان بەوردى بخوێنینەوە، تێ دەگەین کە زۆرینەیان میسالییانە (ئایدیاڵیستانه‌) داڕێژراون و ناتوانرێ جێبەجێ بکرێن. بەو مانایەى زۆرینەى ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنى نەیانتوانیوە کار بۆ جێبەجێکردنى ئەو خاڵانە بکەن کە وەکوو ئامانج لە پەیڕەوى ناوخۆى کارکردنیاندا داڕێژراون و لە پێناویدا بۆى دامەزراون، چونکە زۆرینەیان ئامانجەکانیان لە توانای ڕاستەقینەى خۆیان باڵاترن و هەندێکیشیان بەبێ خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنى ڕەوشى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگەى کوردستان داڕێژراون؛ لە کاتێکدا پێویستە ئامانجەکانى هەر ڕێکخراوێک بە جۆرێک دابڕێژرێت کە لەگەڵ فاکتى کۆمەڵایەتیدا یەکانگیر بێ و تواناى جێبەجێکردنیان هەبێ.
  10. هەروەها تاکوو ئێستا هیچ ڕێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنى بەفەرمى لە لایەن حکوومەت و یاساوە مۆڵەتی لێ نەسەنراوەتەوە، یان هەڵنەوەشێنراوەتەوە، یاخود لێپێچینەوەی یاساییی لەگەڵدا نەکراوە لە بەرامبەر پابەندنەبوونی بە بەشێکی یاساکانەوە، یان نەتوانراوە کار بۆ زیندووکردنەوەی زۆرێک لە ڕێکخراوە لاوازەکان بکرێت؛ لە کاتێکدا لە یاسا کوردستانییەکانى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، بەندى تایبەت تەرخان کراوە بۆ ئەو کۆمەڵە و ڕێکخراوانەى کە بە هۆى لاوازییان لەبەر هەر هۆیەک بێ لەکار کەوتوون، داتوانرێ بەپێى یاسا و لە ڕێگەى دادگه‌کانەوە چارەنووسیان یەکلایى بکرێتەوە.
  11. بە شێوەیەکى گشتى، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بەپێى تواناى کار و پڕۆژەکانیان وایان کردووە، کە متمانەیەکى مامناوەندیی کۆمەڵگە و دامەزراوەى خێزان و حزبە سیاسییەکان و کایە و پێکهاتەکانى دیکە بەدەست بهێنن. ئەمەیش بە خاڵێکى لاوازى دامەزراوە مەدەنییەکان دادەنرێت؛ واتا نەیانتوانیوە بە کار و پڕۆژەکانیان ڕەزامەندى و متمانەى بەهێز بەدەست بهێنن. هەروەها تاکوو ئێستا گرنگى و بایەخى ڕاستەقینەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەکوو پێویست بۆ کۆمەڵگە نەناسراوە و شی نەکراوەتەوە. بەشێکى ئەم نەناسراوییەیش پەیوەندیى بە سەرەتاى پرۆسەى دروستبوونى ناسروشتییانەى کۆمەڵە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە هەیە لە هەرێمى کوردستان.

ڕاسپاردەکان

بە ئامانجى بەهێزکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى، بەپێویستی دەزانین چەند ڕاسپاردەیەک لەم خاڵانەی لای خوارەوە کۆ بکەینەوە:

یەکەم/ دروستکردنى گۆڕانکارى لە سیاسەتى کارکردنى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى هەرێمى کوردستان، بە جۆرێک ببێتە سەرمەشقى کارکردنى مەیدانى؛ واتە وا بکا ببێتە فۆکەڵ پۆینتى  ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى.

دووەم/ کردنەوەى هۆبەیەکى تایبەت بە کارى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى لەسەر ئاستى حکوومەتی هەرێمى کوردستان. ئەرکى ئەم هۆبەیە گەیاندنى ڕەوشى بەرەوپێشەوەچوون و ئاستەنگەکانى کارکردنى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى بێ، بە حکوومەتی هەرێمى کوردستان؛ بەڵام گرنگە کاسانێک بۆ ئەم هۆبەیە دیارى بکرێن کە شارەزایى و ئەزموونى ڕێکخراوەیى بکرێتە پێوەر، بەر لە هەر پێوەرێکى تر.

سێیەم/ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چاوێکی ورد بە یاسای ژمارە (18)ی ساڵی(1993)ی تایبەت بە کۆمەڵەکان، بنکە و ناوەندە ڕووناکبیرییەکان، یەکێتییە پیشەیییەکان، سەندیکاکان بخشێنرێتەوە؛ لەبەر ئەوەی بە خوێندنەوەیەکی وردی خاڵ و بەندەکانی ئەم یاسایە، هەست دەکرێ ناوەڕۆکی یاساکە هەڵگری کۆمەڵێک کەموکوڕییە و دیارترینیشیان نەگونجانی ناوەرۆکى یاساکەیە بەگشتی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەى بەسەر دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا هاتووە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان کە مێژووى دەرکردنى یاساکەیە.

چوارەم/ گەرچى لە بەشى "دەرەنجامەکان"دا ئەو خاڵەمان خستە ڕوو کە زۆرینەى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى بۆ جێبەجیکردنى ئەجێنداى سیاسیى حزبە سیاسییەکان دانەمەزراون، بەڵام لە ڕابردوودا بەشێک لەو کارەکتەرە حزبییانەى کە بە کار و پۆستێکى حزبییەوە سەرقاڵ بوون، لە یەک کاتدا ئەرکى بەڕێوەبردنى ڕێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنییشیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەم حاڵەتە هەم کارى کردۆتە سەر تێکەڵکردنى کارى حزبى لەگەڵ ئاراستەى کارى ڕێکخراوى مەدەنى، هەمیش کارى کردۆتە سەر دابەشکردنى تواناکان لە نێوان دوو ئەرک و بەرپرسیارێتیى قورسدا.

پێویستە لەسەر حزبە سیاسییەکان، لە پێناو خستنەسەر ڕێڕەوى ڕاستەقینەى کارکردنى ئۆرگانە مەدەنییەکان، چاوخشاندنەوەیەک بەم دۆخەدا بکەنەوە و، هەروەها لە پێناو دابەشنەکردنى ئەرک و بەرپرسیارێتیى بەرپرسانى حزبى لە نێوان دوو ئەرک و بەرپرسیارێتیى قورسدا، کە هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیارێتیى حزبى و ڕێکخراوى مەدەنییە لە یەک کاتدا.

پێنجەم/ بۆ دروستکردنى گۆڕانکاریى ڕیشەیى، پێویستە لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان، تەرخانکردنى پڕۆژەى درێژخایەن و کارکردن بۆ سێکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بکاتە مەرج بۆ پشتیوانیى داراییى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، تا لەو ڕێگەیەوە هەر یەک لە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ماوەى ساڵێکدا هەموو توانا دارایى و مرۆیییەکانى خۆیان بۆ داڕشتنى پلانى چارەسەرى کێشەیەک یاخود دیاردەیەکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو بخەنە کار؛ لەبەر ئەوەى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان چەند ساڵێکە لە دۆخ و ئاستێکى مەترسیداردایە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples