سەرکردایەتیکردنى سەرکەوتوو لە ئۆرگانەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیدا

ئارى ڕەفیق/ ماستەر لە کۆمەڵناسى

سەرکردایەتیکردن دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، لە سەرەتاى دروستبوونى مرۆڤ وەک کائینێکى کۆمەڵایەتى ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە هەر گرووپ و کۆمەڵە و دامەزراوەیەک بۆ هەر مەبەستێک و لە هەر قۆناغێکدا بووبێ، پێویستیى بە سەرکردایەتیکردن هەبووە و هەیە. بۆیە بۆ هەر کۆمەڵەیەک سەرکردەیەک، بۆ هەر دامەزراوەیەک سەرکردەیە، بۆ هەر کۆمەڵگەیەکیش سەرکردەیەک پێویستە.

پێناسە جیاوازەکان لەبارەى "سەرکردایەتیکردن":

- هۆلاندر  (Hollander): سەرکردایەتیکردن ئاوا دەناسێنێ کە: بریتییە لە پەیوەندیى نێوان دوو لایەن؛ لایەنێکیان پێى دەگوترێ "کارتێکەر" و، مومارەسەى دەسەڵاتێک دەکات بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر لایەنەکەى تر دروست بکات، کە پێى دەگوترێ "کارتێکراو". لایەنى یەکەم باشترین کردە دەخاتە ڕوو بۆ دانانى کاریگەرى لەسەر ژینگەیەکى کۆمەڵایەتى.

- هێننیگز (Hennigz): پێی وایە کە سەرکردایەتیکردن بریتییە لە پەیوەندییەکى ئاڵوگۆڕ (المتبادل) لە نێوان تاکەکاندا لە چوارچێوەى کردەیەکى کۆمەڵایەتیدا. 

- ئوردواى تید (Ordway Tead): سەرکردایەتیکردن بریتییە لە هێزى دانانى کاریگەرى لەسەر خەڵک، بۆ ئەوەى لە بەدیهێنانى ئامانجەکانتدا پشتیوانیت بکەن.

- جیراڵد گرینبێرگ (Jerald Greeberg)، ڕوبێرت بارۆن (Robert Baron): زۆر بەسادەیى پێناسەى سەرکردایەتیکردنیان کردووە، کە بریتییە لە گرتنەبەرى کۆمەڵێک ڕێگەى کاریگەر لە لایەن کەسێک کە پێی دەگوترێ سەرکردە، لە ڕێگەى بەکارهێنانى میکانیزمى دوور لە زەبروزەنگ لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە دیاریکراو و مەبەستانەى کە لە چوارچێوەرى ڕێکخراوێکى کۆمەڵگەى مەدەنی یان کۆمەڵێکى تردا پیادەى دەکات.

سەرکردەى باڵا لە بوارى بەڕێوەبردنى ڕێکخراوەییدا کێیە؟

هەر یەک لە دانى کۆکس (Danny Cox)  و جون هۆڤێر (John Hoover) لە ئەنجامى دیراسەکردنى ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە بوارى بەڕێوەبردندا، بۆیان دەرکەوتووە کە (10) خەسڵەتى سەرکردەى سەرکەوتوو لە بوارى بەڕێوەبردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگە مەدەنى، دەتوانێ سەرکەوتنى ئەجێنداى ڕێکخراوەکە مسۆگەر بکات:

خەسڵەتى یەکەم/ نموونەى باڵا لە پێوەرەکانى مۆڕاڵى کەسایەتى:

هەموو سەرکردەیەک دوو جۆر ژیانى هەیە: یەکێکیان ژیانى تایبەتى – نافەرمى، دووەمیان ژیانى کار – فەرمى. سەرکردەى باڵا نابێ دووفاقى لە نێوانیاندا دروست بکات، بەڵکوو جۆرێک لە نزیکى لە نێوان ئەم دوو جۆره‌ ژیانەدا دەخوڵقێنێ.

خەسڵەتى دووەم/ کار و پڕۆژەى باڵا:

سەرکردەى باڵا، دەست بۆ کار و پرۆژەى باڵا دەبات. هەر جۆرە کار و پرۆژەیەکى باڵایش سەرکێشیى پێویستە؛ ئەم سەرکێشیکردنەیش تەنیا بە سەرکردەى باڵا دەکرێ.

خەسڵەتى سێیەم/ دەستکەوت:

سەرکردەى باڵا هەمیشە چاوى لە بەدەستهێنانى دەستکەوتى کارە؛ دەستکەوتنى کاریش بە ئەولەوییەتى کار دێتە دى. هەمیشە بایەخدان بە ئەولەوییەتى کارى گرنگ، دەستکەوتى گرنگ دێتە دەست.

خەسڵەتى چوارەم/ داهێنان لە کاردا:

سەرکردەى باڵا واتە پشتیوانیکردنى بیرۆکەى داهێنەر. سەرکردەى جیاواز خوڵقێنەرە، باشترینەکان پەسەند دەکات، خەونى گەورەى هەیە و لە کوێدا ئەوانی تر نەیانتوانى و نەیانزانى کارى نوێ بکەن، ئەو بیر لە داهێنانى گەورە و هەمیشە نوێ دەکاتەوە.

خەسڵەتى پێنجەم/ بوێرى:

جیاوازى لە نێوان سەرکردەى بوێر و سەرکردەى ترسنۆک و دەستوپێسپى ئه‌وه‌یه‌، سەرکردەى بوێر بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە بڕیارى بوێرانە دەدات، تەحەممولى هەموو ئەنجام و لێکەوتەیەکى ئەم بڕیارەیش دەکات و بەرپرسیارێتییش هەڵدەگرێ؛ سەرکردەى لاواز و ترسنۆک و شەرمنەکانیش ئەوانەن کە هەمیشە دەیانەوێ بڕیار لەبارەى ئەو کار و پرۆژانەوە بدەن کە ئاسان دێنە بەردەست بە ڕێگەیەکى هێواش و دوور لە سەرکێشى و سەرئێشە.

خەسڵەتى شەشەم/ پاداشتى گەورە لە بەرامبەر کار و پڕۆژەى گەورە:

لەگەڵ ئەوەى سەرکردەى باڵا پشتیوانیى مەعنەوى لە کارى مەترسیدار و داهێنەرانە دەکات، پاداشتى گەورەیش لە بەرامبەر کار و پرۆژەى گەورەدا دەبەخشێ. ئەم جۆرە سەرکردایەتیکردنە، کاریگەریى دەبێ لەسەر بەهێزکردنى پایەکانى خودى سەرکردە و دامەزراوەکەیشى.

خەسڵەتى حەوتەم/ دەستنیشانکردنى ئامانج (ستراتیژ):

سەرکردەى باڵا بەبێ ڕوئیاى ستراتیژى، ناگاتە ئاستێکى جیاوازتر لە سەرکردەکانى تر؛ بۆیە دەگوترێ بەتەنیا بوێرى لە دەرکردنى بڕیاردا سەرکردە بە بەهێزى لە لووتکەى هەڕەمدا ناهێڵێتەوە، ئەگەر پێشوەختە یەک یەک ئامانجەکانى خۆى دەستنیشان نەکردبێ.

خەسڵەتى هەشتەم/ پەرۆشیى هەمیشەیى:

سەرکردەى باڵا تەنیا بارودۆخێکى تایبەت، یان پرۆژەیەکى دیاریکراو وای لێ ناکات بەجددیبوونەوە مومارەسەى دەسەڵاتى خۆى و سەرکردایەتیى دامەزراوەکەى بکات و لە کوێدا پرۆژەکە تەواو بوو لەوێیشدا جددیبوونەکەى لاواز ببێ، بەڵکوو سەرکردەى باڵا پەرۆشبوونى ڕاستەقینەى بۆ سەرکردایەتیکردنى دامەزراوەکەى هەیە.

خەسڵەتى نۆیەم/ سەرمایەى کارامەیى:

کارامەیى وەک سەرمایەیەکى گەورەى مەعنەوى، یەکێکە لە سیماتەکانى سەرکردەى باڵا. کاتێک سەرکردە کارامەییی تێدا بەرجەستە بوو، دەتوانێ ململانێکان بەڕێوە ببات، ئارەزووى ئاژاوە و ئاژاوەگێڕى لەبار ببات؛ هەروەها نابێتە بەشێک لە گرفتەکان، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە بەڕێوەبردن یان چارەسەرکردنیان.

خەسڵەتى دەیەم/ یارمەتیدانى ئەوانی تر لە پرۆسەى پەرەپێدان:

سەرکردەى ڕاستەقینە تەنیا بایەخ بە پەرەپێدانى ئاست و توانا و کارامەییى خۆى نادات، بەڵکوو هەمیشە دەبێتە سەنتەرى ڕەخساندنى زەمینەسازى بۆ پێگەیاندنى ئەوانى دیکە لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕکردنى بیروڕاوه‌، بەڵام لە ژینگەیەکى ئازادانەدا. ڕەخساندنى ئەم زەمینەسازییە وا دەکات، کارمەندانى ڕێکخراوەکە لە قۆناغى بەکاربەر و فەرمانپێکراوەوە بچنە قۆناغى بەرهەمهێن و بیرکەرەوە؛ هەروەها ئەم جۆرە لە سەرکردایەتیکردن دەبێتە هۆى مۆدێلێکى باش بۆ پەیکەرى بەڕێوەبەرایەتیکردنى خوارەوەى دامەزراوەکە.

ئەو پرەنسیپانەى کە نابێ سەرکردایەتیى دامەزراوەیەکى کارگێڕى سازشیان لەسەر بکات:

لە کتێبى سەرکردایەتیکردنى خەڵک  (قیادة الناس) کە ڕۆبێرت ڕۆزین (Robert Rosen)   و پۆل براون (Paul Brown)  ئامادەیان کردووە، هەشت خاڵیان وەک پرەنسیپ بۆ سەرکردایەتیکردنى دامەزراوەیەکى کارگێڕیى سەرکەوتوو دیاری کردووە، لەوانە:

  • متمانەبەخۆبوون و متمانە بە ئەوانى دیکە.
  • ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و سوودلێوەرگرتنیان.
  • خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگە.
  • جددیبوون لە کاردا.
  • پەرەپێدانى بیرۆکەى داهێنانەرانە لەسەر ئاستى تاک و ڕێکخراوەکەدا.
  • زەمینەسازى بۆ خوێندن و ڕاهێنان.
  • بەشداریپێکردنى سەرکردە ئیدارییەکان لە پێشخستنى کارى ڕێکخراوەکەدا.
  • تواناى هێنانەکایەى ڕوئیاى هاوبەشى لەگەڵ ئەوانى تردا هەبێ.

جیاوازیى سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لەگەڵ دامەزراوەکانى حکوومەت و کەرتى تایبەت لە پێنج خاڵى سەرەکیدا:

لەگەڵ ئەوەى کە هەر سێ بوارى "ڕێکخراوەیى، کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت" خاڵى هاوبەشى زۆریان هەیە لە خەسڵەتەکانى ئەو کەسەى وەک سەرکردە سەرکردایەتیى دامەزراوەیەک دەکات، بەڵام پێنج خاڵى جیاکەرەوەى سەرەکى هەیە کە سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، لە سەرکردایەتیکردنى کەرتى حکوومى و کەرتى تایبەت جیا دەکاتەوە. ئەم پێنج جیاوازیەیش بریتین لە:

یەکەم/ سەرکردایەتییەکانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ناتوانن بڕیارى فەرمى لەسەر حکوومەت و دەوڵەت دەربکەن.

دووەم/  سەرکردایەتییەکانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى هەمیشە کە قسە دەکەن، لەبارەى لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى کۆمەڵگەوە دێنە قسە.

سێیەم/ سەرکردایەتییەکانى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، هەمیشە بایەخ بە بەرزرکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى کۆمەڵگە و بەهێزکردنى ئیرادەى کۆمەڵگە دەدەن.

چوارەم/ بەشداریکردن لە کۆژانەکانى ژیانى گشتى، یەکێکى ترە لە خواستى سەرکردایەتییەکانى  ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى.

پێنجەم/ گەڕان بە دواى تێگەیشتن لە پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و نزیکبوونەوە لە گرفتەکانى کۆمەڵگە.

ئەم پێنج خاڵەى سەرەوە لە کەرتى گشتى و کەرتى تایبەتدا بە جۆرێکى تر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ؛ واتە هەمیشە کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵ کۆمەڵگە هەیە، وەک چۆن ئامادەن ببەخشن، لە بەرامبەردا چاویان لە وەرگرتن و سوودوەرگرتن لە کۆمەڵگەیشە.

جۆرەکانى سەرکردایەتیکردن لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیدا:

١- سەرکردایەتیکردنى ئیجرائى:

ئەم جۆرە لە سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، پشت بە کارکردنى پێکەوەیى ده‌به‌ستێ؛ بۆیە لەم جۆرەیاندا هەم سەرکەوتنى ڕێکخراوەکە ئى هەمووانە، هەم شکستى ڕێکخراوەکەیش دەکەوێتە ئەستۆى هەمووان. هەروەها یەکێکى تر لە خەسڵەتەکانى ئەم جۆرە سەرکردایەتیکردنه‌، بریتییە لە ئاڵوگۆڕى بەرژەوەندى لە نێوان سەرکردە و سەرکردایەتیدا؛ واتە سەرکردایەتى، دەنگى خۆیان دەبەخشن بە یەکێک کە سەرکردە بەربژێری ده‌كات، لە بەرامبەردا پێشبینى و چاوەڕوانییان هەیە لە دیاربوونى جێپەنجەى کەسى هەڵبژێردراو. واتە لەم جۆرەیاندا بەربژێرکردن لە پێناو پلە و پایەدا نییە بەتەنیا، بەڵکوو لە پێناو ڕۆڵبینینى کارەکتەرى سەرکرده‌ى ڕێکخراوەکەدایە لە جۆر و فۆرمى بەهێزکردنى ڕێکخراوەکەدا.

٢- سەرکردایەتیى ڕیفۆرمخواز:

لەم جۆرەیاندا دەستەى سەرکردایەتیى ڕێکخراوەکە وەک دەستەیەکى ڕیفۆرمخواز کاروبارى ڕێکخراوەکە بەڕێوە دەبەن؛ سەرکردەى ڕێکخراوەکەیش بەردوام پشت بە ڕوئیاى نوێ و پرۆژەى نوێ بۆ بەرزکردنەوەى کێرفى پێشخستنى ڕێکخراوەکە دەبەستێ.

لەم جۆرە سەرکردایەتیکردنەدا سەرکردەى ڕێکخراوەکە وەک کارەکتەرێکى هەلپەرستى بەرژەوەندخواز دەرناکەوێ، بەڵکوو زێدەتر وەک کارەکتەرێکى ڕەمزى و هاندەر لە ڕێگەى پەنابردن بۆ سەرچاوەکانى بەهێزکردنى ڕێکخراوەکە دەردەکەوێ.

٣- بەڕێوەبردنى جۆرى:

ئەم جۆرە لە سەرکردایەتیکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، پشت بە کەمترین ژمارەى کارمەند دەبەستێ لە بەرێوەبردنى ڕێکخراوەییدا لە غیابى کەسانى خۆبەخش و کارمەندى بەتوانا. ئەم جۆرە بەڕێوەبەردنە ئەوەندەى پێویستیى بە دەستەیەکى کارگێڕیى بەتوانا هەیە، ئەوەندە پێویستیى بە سەرکردە و سەرکردایەتییەکى بەتوانا نییە. بە شێوەیەکى گشتى، زێدەتر دوو جۆرەکەى ترى سەرکردایەتیکردن لە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى باوترن وەک لە جۆرى سێیەم، بەڵام بۆ دروستکردنى ڕێکخراوێکى بەهێز و پیشەیى، پێویستمان بە جۆرى سێیەمى بەڕێوەبردن هەیە. لە جۆرى سێیەمدا، دابەشکارى لە ئەرک و کار و ڕێگەگرتن لە قۆرخکارى لە ڕووى دەسەڵات و دارایى دێتە کایەوە.

لە کۆتاییدا ئەوانەى لە ئاستى بەڕێوەبردن و سەرکردایەتیکردنى دامەزراوەى مەدەنیدا کار دەکەن، گرنگە مەعریفە و تێگەیشتنیان لە ئاستێکى باڵادا گەشەى کردبێ. لە غیابى ئەم گەشەكردنەدا، ئەستەمە دامەزراوەکەى لە ئاستێکى کامڵ و کارا بتوانێ تاسەر بەردەوامى بە ڕێڕەوى کارکردنى مەدەنییانەى خۆى بدات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples