کابینەى نوێ چۆن ڕووبەڕووى ئەو هەموو کوشت و کوشتارە کۆمەڵایەتییانە ببێتەوە؟

ئارى ڕەفیق / ماستەر لە کۆمەڵناسى

"تۆڵەکردنەوەى کۆمەڵایەتى" بە یەکێک لە میکانیزمەکانى سزادانى کۆمەڵایەتى دادەنرێت، بەتایبەتى لەو کۆمەڵگە نەریتییانەى کە خێڵ و هۆز و تیرە و بەگ و ئاغاکان وەک هێزێکى کۆمەڵایەتیى دەستڕۆیشتوو لە یەکلاییکردنەوەى گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن.

هیچ کۆمەڵگەیەک خاڵى نییە لە "تۆڵەکردنەوەى کۆمەڵایەتى"، بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێزى یاساکان زاڵن و دامەزراوەکان وەک خاڵى یەکلاییکردنەوەى چارەنووسى گرفتەکان دەردەکەون، فۆرمى "تۆڵەکردنەوەى کۆمەڵایەتی"یان تێدا جیاوازە؛ ڕەنگە لە برى "تۆڵەکردنەوەى کۆمەڵایەتى"، زێدەتر وەک "کاردانەوەى کۆمەڵایەتى" ڕووبەڕووى ئەو کەسانە ببنەوە کە کردەیەکى کۆمەڵایەتیى نامۆ بە ئادابى گشتى یاخود ڕەفتارى ناکۆک بە بەرژەوەندیى گشتى دەنوێنن... کاتێکیش کەسێک جیا لە زیانگەیاندن بە کۆمەڵێک خەڵک، ڕەفتارێکى دەروونى یان کۆمەڵایەتى بەرامبەر تەنیا یەک تاک دەنوێنێ، بە زەبرى هێزى دامەزراوەکان ڕووبەڕووى سزاى یاساى و ئاساییى خۆى دەکەنەوە، وەک: سێکسکردن لەسەر شەقام، یان دزیکردن و پیسکردنى ژینگە و هتد. 

قسەى ئێمە لەسەر ئەم فۆرمەیان نییە، بەڵکوو دەمانەوێ ڕاشکاوانە باسى ئەو هەموو تاوانە مەترسیدارانە بکەین کە لە کۆمەڵگەى کوردستاندا تا دێ پەرە دەستێنێ؛ ئەو تاوانانەى کە بەشێک لە کۆمەڵگە بە پاساوى "تۆڵەکردنەوە"، یان هەر پاساوێکى دیکە بەرامبەر یەکترى دەینوێنن.

ماکس ڤیبەر، لە کتێبى "تیۆریى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و ئابوورى"دا وا پێناسەی "زانستى کۆمەڵناسى" دەکات کە ئەو زانستەیە لە کردەى کۆمەڵایەتى تێ دەگات و ڕاڤەیشى دەکات. ماکس ڤیبەر لە تێگەشتن و ڕاڤەکردنى کردەى کۆمەڵایەتى، مەبەستییەتى پێمان بڵێ کە کردەى کۆمەڵایەتى دەکرێ هۆکارەکە سۆز، یاخود هەڵچوون، پاڵنەرى خودى و ترادیسیۆنى کۆمەڵایەتى یاخود عەقڵى یان لۆژیک یاخود دەرککردنى هۆشیارانە بێت. ڤیبەر پێی وایە مرۆڤى ساغ بە هۆى بوونى عەقڵه‌وه‌ ڕێگە لە دەرچوونى کردە ڕەمەکییەکان (عەشوائییەکان) دەگرێت؛ ئەو عەقڵەى کە کردە عەشوائییەکان دەچەپێنێ و ڕێگە لە دەرچوونیان دەگرێ و بۆ چاکە و بەختەوەرى و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى ڕێکى دەخات. بەڵام "کردە عەشوائییەکان" بۆ هەڵگرەکەى دەبێتە هۆى ئەو ناکۆکى و کێشە و دڵەڕاوکێیانەى کە ئارامى و ژیانى لێ تێکوپێک دەدات؛ بۆیە پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

کردەى کۆمەڵایەتى (ڕەمەکى – عەشوائى) بەپێى بۆچوونى ماکس ڤیبەر بریتییە لە ناکۆکى و ململانێ لە نێوان مرۆڤ و دەوڵەت؛ خۆى لەو ڕەفتارانەدا دەبینێتەوە کە تاک ئەنجامى دەدات، وەک: دزیکردن، کوشتن، لاقەکردن، ساختەکردن و فریودان.

لێرەدا دەبێ پرسیارێکى جددى لە خۆمان بکەین کە ئایا ئەو هەموو کوشت و کوشتارەى لە هەرێمى کوردستاندا دەستى پێ کردووە و تا دێ زێدەتر تەشەنە دەکا، لە غیابى یاسا و پۆلیس و دەوڵەتە؟ یان نەخێر یاسا و پۆلیس و دەوڵەت ئەکتیڤن و ئەوە بەشێک لە خەڵکە کە ژمارەیان زۆرن و کەم نین لە غیابى عەقڵ و زاڵبوونى کردەى دوژمنکارانەى عەشوائییانەیانە گەیشتوونەتە ئاستێک، دەوڵەت ناتوانێ کۆنتڕۆڵیان بکا؟

با جارێ تەنیا ژمارەیەک لە سەردێڕى کۆمەڵێک ڕووداو و تاوانى مەترسیدارى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵى 2019 بخەینە ڕوو کە هەر هەموویان بەواقعى ڕوویان داوە و دۆسییەکانیان لەژێر دەستى ئێمە و دامەزراوە ئەمنى و یاسایییەکانى ترە، دواتر خوێنەر ئاسانتر وەڵامى ئەو پرسیارەى سەرەوە وەردەگرێتەوە.

سەردێڕى بەشێک لە تاوانە ڕاستەقینەکانى شەش مانگى یەکه‌مى ساڵى 2019

- "لاڤان"ى تەمەن حەوت ساڵ و نیو لە مانگى چوارى ئەمساڵ لە لایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژیى کراوەتە سەر و تاوانبارانیش ئازادن و، دەگوترێ بەرپرسێکى گەورە لە پشت ئازادکردنیانە!

- "دلین وەلید"ى تەمەن 10 ساڵان لە دووەم ڕۆژى جەژنى ڕەمەزانى ئەمساڵ لە لایەن دوو کەسەوە دەڕفێنرێ و دواى دەستدرێژیکردنەسەرى، تەرمەکەى بەکوژراوى دۆزرایەوە.

- لە 2019/6/16 هاووڵاتییەک بە ناوى "حەسەن حەمە ئەحمەد"ى تەمەن 31 ساڵان لەسەر شەڕەسەگ لەناو ئۆتۆمبێلەکەى لە گەڕەکى هەنارۆکى قەزاى قەڵادزێ بە دەستڕێژى گوللە دەکوژرێ!

- ئێوارەى 2019/6/12 پیاوێکى تەمەن 43 ساڵان بە ناوى "خەتاب عومەر" لە لایەن کوڕەکەیەوە بە چوار گوللە دەکوژرێت!

- لە ڕێکەوتى 2019/5/14 ئەفسەرێک لەناو ئۆتۆمبێلێک، دەستدرێژى دەکاتە سەر کچێکى تەمەن 21 ساڵان.

- لە 2019/5/26 لەناو بازاڕى هەڵەبجەیییەکان لەناو سەنتەرى شارى سلێمانى، ئەفسەرێکى پۆلیسى فریاکەوتنى سلێمانى لە لایەن هاووڵاتییەکەوە دەکوژرێ، لەبەر ئەوەى ئەفسەرى ناوبراو پێشتر شاهێدیى لەسەر تاوانێکى تاوانبارى بکوژ "ع" داوە.

- زانا نەوزادى تەمەن 29 ساڵان دواى ونبوونى مانگێک و نۆ ڕۆژ، تەرمەکەى بەکوژراوى دۆزرایەوە. بە گوتەى دایکى زانا، باوکى زانا و مامێکى دەستیان لە کوشتنیدا هەیە!

- لە هەولێر شۆفێرى تەکسییەک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەکوژراوى دۆزرایەوە!

- کچێک لە هەولێر بە هۆى بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆیەکى ڕووتى، خۆى کوشت!

- لە هەولێر هاووڵاتییەک براکەى خۆى لەسەر دواخستنى نوێژەکانى دەکوژێت!

- لە هەولێر باوکى دوو منداڵ لە ڕووداوێکى تەمومژاویدا دەکوژرێت!

- باوکى حەوت منداڵ خۆى دەخنکێنێ!

- یونس لە لایەن ژنەکەى و منداڵەکانى بە پاچ کوژران!

- گەنجێک لە شەڕى نێوان باوکى و براکەیدا دەکوژرێ!

- پیاوێک دواى 5 مانگ لە دیارنەمانى، تەرمەکەى دۆزرایەوە!

- دوو ئامۆزا لە مانگى سێى ئەمساڵ لەسەر کێشەیەک دەکوژرێن!

- پیاوێک لە لایەن دراوسێیەکییەوە کوژرا!

- لە مانگى شوباتى ئەمساڵ ژنێک لە لایەن خوشک و براکانییەوە دەخنکێنرێ!

- هەر لە مانگى شوباتى ئەمساڵ گەنجێک ڕۆژێک پێش شووکردنى خۆشەویستەکەى، خۆى کوشت!

- کوڕێک دایکى خۆى لە ڕەواندوز بە شێوەیەکى دڕندانە دەکوژێت!

- لە گوندى تووڕەق کوڕێک دایکى بەردباران دەکات و بە بەرچاوى خەڵک و حکوومەتەوە دەیکوژێت!

- لە هەولێر ژنێک لەسەر نامەى مۆبایل دەکوژرێت!

- کوڕێک دەستدرێژى دەکاتە سەر خوشکەکەى خۆى!

- لە شەوى 2019/3/12 "گۆران یونس" لە هەولێر بەدەستى پارێزەرێک کوژرا!

- لە ناحیەى کەورگۆسکى سەر بە پارێزگه‌ى هەولێر، گەنجێک لەسەر دروستکردنى تاسەیەک دەکوژرێت!

- شەوى 2019/3/4 لەگەڕەکى هاوکارى لە هەولێر، پیاوێک لە بەردەم ماڵەکەى بە دەستڕێژى گوللە کوژرا!

- ڕۆژى 2019/1/20 "هەژار کەریمى"ی 32 ساڵان بەدەستى براى هاوژینەکەى لە ماڵەکەى خۆیدا کوژرا!

- ڕۆژى 2019/2/15 پیاوێک بە ناوى "هادى" بەخنکاوى دۆزرایەوە.

- لە مانگى شوباتى ئەمساڵ دوو کەس دەستدرێژییان کردە سەر کچێکى 17 ساڵان!

حکوومەتى نوێ چى بکات؟

چوار هەنگاوى کردەییمان پێویستە:

١- یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانى حکوومەتى نوێ بریتییە لە ئامادەکردنى دیراسەیەکى تایبەت بە دۆسیەى ئاسایشى کۆمەڵایەتى، تا بەڕوونى تێ بگەن لەوەى چى ڕووى داوە؟ بۆ ڕوویان داوە؟ چى بکرێت بۆ باشکردن و ڕووبەڕووبوونەوەیان؟، بەڵام گرنگە پەنا ببردرێ بۆ ئەو توێژەر و کارەکتەرانەى کە بەرژەوەندییان لە شاردنەوەى هەقیقەتى ڕووداوەکاندا نییە.

٢- بە بۆچوونى من دواى خوێندنەوەى ئەم سەردێڕانەى سەرەوە، پێویستە حکوومەتى نوێ پێش ئەوەى بیر لە سەقامگیریى سیاسى بکاتەوە کە زۆر جار خۆیان پێی دەڵێن "سەقامگیریى سیاسى، دایکى هەموو سەقامگیرییەکانى دیکەیە"، دەبێ ددان بەو ڕاستییەدا بنێن کە بەردەوامبوون لەسەر دەستگرتن بە سەقامگیریى سیاسى و پشتگوێخستنى سەقامگیریى کۆمەڵایەتى، سەرخانى ئەم وڵات و کۆمەڵگەیە بەرەو تێكچڕژانى زیاتر دەبات و خەریکە دەگاتە ئاستێکى هێندە مەترسیدار کە هیچ کەس هەست بە گه‌رەنتیى پاراستن و بەسەلامەتى گەڕانەوەى بۆ ناو ماڵەکەى خۆى نەکات!

٣- حکوومەت پێویستە بە جۆرێک کاردانەوەى بۆ تاوانە کۆمەڵایەتییەکان هەبێ، دواى ڕوودانى تاوانەکان ئەرکى سەرۆکى حکوومەت و وەزیرى ناوخۆ و بەڕێوەبەرى ئاسایش و پۆلیسە بە شێوەیەکى مەیدانى بچنە سەر شوێنى ڕووداوەکان و دڵنیایى بدەنە کۆمەڵگەکە و، پەیامى ئەوەیان پێ بدەن کە ئێمە خۆمان بە خاوەنى ژیانى کۆمەڵایەتیى خەڵک و گه‌رەتنیى سەلامەتییان دەزانین.

٤- هەرچى زووە پێداچوونەوەى جددى بەو دەزگه‌یانەدا بکرێت کە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى گرفت و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان هەن. با ئەم مۆدیلە واز لێ بێنن خەڵک بۆ وەرگرتنى پۆستەکان "داواکارى" و "سیڤى" پێشکەش بکات؛ کاتییەتى حکوومەت بە دواى کەسانى پێگەیشتووى دۆسیەپاکى تەکنۆکراتدا بگەڕێ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples