زاهید حەسەن، مامۆستای بنەڕەتی
سۆما سەرحەد، مامۆستای باخچەی منداڵان
پێشەكی
لە مێژووی دووری كۆمەڵگهی مرۆڤایەتییەوە تاكوو ئێستا، پەروەردە مەڵبەند و ناوەندی پێگەیاندنی مرۆڤەكان بووە. لە شارستانییەته دێرینەكانی بابلی و میسری و یۆنانی و ڕۆمانی و فارسیدا پەروەردە وەك چالاكییەكی گرنگ بوونی هەبووە و، پێیان وا بووە پەروەردە گەورەترین شۆڕشی بەردەوامی مرۆڤایەتییە. لەگەڵ گۆڕان و پێشكەوتنی كۆمەڵگهكاندا پەروەردەیش گۆڕاوە و میكانیزم و ئامانجەكانیشی بەردەوام دەگۆڕێت. لە كۆمەڵگهی مرۆڤایەتیدا مەبەستی پەروەردە دروستكردنی مرۆڤە لە باشترین شێوەدا و، ئەركی پێگەیاندنی مرۆڤە بە ئاكاری بەرز، بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی، زانستی قووڵ و هۆشیاریی گشتی. پەروەردە وەك دەزگهیەكی كۆمەڵایەتی، بە دەزگه كۆمەڵایەتییەكانی تر دەبەسترێتەوە، ئاڵوگۆڕ و كارلێك دەكات لەگەڵیان و، هێزە مرۆیییە هەمەچەشنەكان دەبەخشێتە كۆی كۆمەڵگه و دامودەزگەكانی ناویشی. ڕژێم و دەزگەكانی كۆمەڵگهیش پێداویستییە ڕۆشنبیری و كهلتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكان بە پەروەردە دەبەخشن. واتە پەروەردە بە جیاوازیی بارودۆخی مێژوویی و شارستانیی هەر كۆمەڵگهیەك جیاوازە؛ بۆیە دید و تێڕوانینی جیاواز بۆ پەروەردە هەیە و، زۆر قوتابخانە و لێكدانەوە بۆ فەلسەفەی پەروەردە و كاری پەروەردەیی، بوونیان هەیە. ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا تیشك بخەینە سەر چەمكی پەروەردە، مێژووی پەروەردە، فەلسەفەی پەروەردە و ئامانجەكانی فەلسەفەی پەروەردە.
چەمكی پەروەردە
پەروەردە پرۆسەیەكی دێرین و فرەڕەهەندە و، سیستەمێكی گشتگیر و فراوان و بەردەوامە و، كارێكی مەودادوور و ئاڵۆز و بەیەكداچووە؛ دوورە لە هەر هەڵسەنگاندن و تێڕوانینێكی سادە و سەرپێیانە. پەروەردە یەكێكە لە میكانیزمەكانی مانەوە و بەردەوامیی كهلتوور و زانیاری و شارستانییەت، لە ڕێگەی گواستنەوەی كۆی فیكر و مەعریفە و كهلتوور بۆ نەوەی داهاتوو.
پەروەردە كلیلی دەستپێكی ژیان و بەردەوامیی گوزەران و ژیاری مرۆڤایەتییە. پەروەردە بۆتە زانستێكی سەربەخۆ و، لە ئێستادا بە پێوەری ژیار و ئاستی گەشە و پێشكەوتنی گەلانیش دادەنرێت. هیچ نەتەوەیەك یان كۆمەڵگهیەك ناتوانێت لەگەڵ كاروانی شارستانیی جیهان ڕەوت بكات و درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، ئەگەر خاوەنی پەروەردەیەكی تۆكمە و پێشكەوتوو و دیموكراتییانە نەبێت.
پەروەردە ئەو كردەوە و چالاكییەیە كە لە ڕێگەیەوە زانست و لێزانی و لێهاتوویی و، چۆنێتیی هەڵسوكەوت و ئاكاری شیاو فێری تاك دەكات. ئامانجی، بەكۆمەڵایەتیكردنی تاكە. پەروەردە هەوڵ دەدات بۆ دەستەبەركردنی تاك و جیاوازییەكانی و پێگەیاندنی هاووڵاتیی چاكەخواز، پێگەیاندنی مرۆڤ لە ڕووی ئاوەز و جەستە و دەروونی و سۆزداری و ئاكارییەوە، بە پابەندكردنی بە چەندین فاكتەری كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، ئایینی، ئابووری، سیاسی و زانستییەوە. بەمەیش تاك بۆ ژیانی ناو كۆمەڵگه ئامادە دەكرێت. هەروەها ئەركی سەرەكیی پەروەردە، گواستنەوەی مۆركی هەڵسوكەوتەكانە لە كۆمەڵگهوە بۆ تاك و، گونجاندنی تاكیش لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵگهدا. لێرەیشەوە تاكێكی نۆرماڵی كۆمەڵایەتیی لێ هەڵدەكەوێت، كە ڕێز لە ژیان و مرۆڤایەتی دەگرێت.
بەكورتی، دەكرێت بڵێین پەروەردە بە مانا فروانەكەی بریتییە لە هەموو هەنگاوەكانی كاری چاكە و باشە و، سوودگەیاندن بە دەوروبەر و ژینگە و كۆمەڵگه، دروستكردنی نەوەیەكی تەندروست و قازانجبەخش، گەڵاڵەكردنی هەموو هەست و بیرێكی باش و بڵاوكردنەوەی بەسەر تەواوی تاكەكاندا.
مێژووی پەروەردە
پەروەردە پرۆسەیەكی تەمەندرێژ و دێرینە؛ هاوتایە لەگەڵ بوونی مرۆڤدا. لە بەرەبەری مێژوودا پەروەردە بەم شێوەی ئێستا ڕێكخراو و ڕێكوپێك نەبووە؛ پرۆسەیەكی نافەرمی بووە و، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە لایەن خێزانەوە ئاراستە كراوە و، لە ڕێگەی ئەزموون و لاساییكردنەوە بووە. خێزانیش ڕێگه و شێوازی تایبەتی خۆی لە پەروەردەكردندا جێبەجێ كردووە و بەپێی ئاستی تێگەشتن و دونیابینیی خۆی پەروەردەی منداڵی كردووە. ئامرازەكانی فێربوون بریتی بوون لە: نەریتەكان، سیستهمی بەهاكان، هونەرەكانی بەرهەمهێنان وەكوو ڕاوكردن، كشتوكاڵ، چنین و هتد.
لە شارستانییەتەكانی "بابل" و "میسری دێرین"دا بایەخ بە فێربوونی ئایینی و هونەری و پەیكەرتاشی و تەلارسازی و فێربوونی نووسین و خوێندنی سەرەتایی دراوە. لە شارستانییەتەكانی "هیندی" و "چینی"یشدا گرنگی بە لایەنی مەعریفی و ڕەفتاری تاك دراوە، بەتایبەتی چینی ئەرستۆكراتەكان.
لە سەردەمی "یۆنانی كۆن"دا پەروەردە زیاتر پێش كەوت كە پەروەردەی ئایینی و فەلسەفی و سیاسی و سەربازی و فێركردن و ڕاهێنانی "وتاردان" لەخۆ دەگرێت. لە تێڕوانینی ئەفڵاتۆندا پەروەردە و فێركردن خاوەنی چەندین تایبەتمەندیی تایبەتی دیاریكراون. ئەفڵاتۆن لە وتوێژی كتێبی "كۆمار"دا سیستەمی فێركردنی لە سێ قۆناغدا چارەسەر كردووە: یەكەمیان هاوشانی قۆناغی فێركردنی سەرەتایییە لە چەرخی هاوچەرخدا. بنەماكانی ئەم قۆناغە ڕاهێنانی جەستە و موزیكە؛ واتە گەشەكردنی لاشە و گیان (ڕۆح)، لە كاتێكدا ئەم دووانە لەباریاندایە پێك بێن. ئەفڵاتۆن پێی وایە ئەوەی شایەنی بەڕێوبردنی منداڵە تاكوو ببێتە پێشەنگی منداڵ، ئەو كەسە نییە كە فێری ئەفسانەی بكات، بەڵكوو ئەوەیە كە توانای هەیە خۆشویستنی جوانی تێدا بچێنێت و لەگەڵیدا بسازێ. بیرۆكەی سازاندن (پێكهاتن) شوێنێكی تایبەتی لە كتێبی كۆماری ئەفڵاتۆندا گرتووە. سازاندن و گونجاندن لە نێوان چینەكاندا بەدەستهێنانی دادپەروەرییە لەسەر ئاستی دەوڵەت. گونجاندن لە نێوان بەشەكانی جەستە، بەختەوەریی تاكە. مادام تاك لە فێركردندا مەبەستە، ئەوا گونجاندن لە خۆیدا بەندە لەسەر میكانیزمێكی دیاریكراو، كە فێربوونی موزیك و پەروەردەكردنی جەستە، بناغەكەیەتی.
لە شارستانییەتی ئیسلامیدا پەروەردە ڕەهەندێكی تەواو ئایینی وەردەگرێت؛ لە مزگەوت و حوجرەدا جێبەجێ دەكرێت و زانستە شەرعییەكانی ئیسلام و ئاكار و ڕەفتاری ئیسلامی فێری تاك و كۆمەڵگهیش دەكرێت. لە سەدەكانی ناوەڕاستدا پیاوانی ئایینی و كەنیسە كۆنتڕۆڵی كۆمەڵگه دەكەن و، پرۆسەی پەروەردە بۆ چەسپاندنی بنەماكانی ئایینی مەسیحی و بەهێزكردنی دەسەڵاتی كەنیسە جێبەجێ دەكەن.
لە دوای شۆڕشی ڕۆشنگەری و پیشەسازی، ڕۆژاوا بایەخ و گرنگیی زۆری به پەروەردە داوە. ئهوان توانییان سوود لە زانست و مەعریفە و فەلسەفەی شارستانییەتەكانی یۆنان و ئیسلامی وەربگرن. لێرە بەدواوە پەروەردە شێواز و میكانیزمی نوێی وەرگرت و پەروەردەی نەریتی و كۆن بایەخی خۆی لەدەست دا. دامەزراوەی پەروەردە و فێركردن دامەزران و، چوارچێوەی كارگێڕی و ڕێكخستنی كارگێڕی و هونەری بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردن و ئاراستەكردنی پەروەردە هاتنە دامەزراندن.
لە دونیای هاوچەخدا پەروەردە بەرپرسە و ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت لەو شۆڕشە زانستی و تەكنهلۆژییەی بەرپایە و، جیهانی هاوچەرخ پەروردە و ئاراستە دەكات كە لەگەڵ ئامانج و خواستەكانی كۆمەڵگهدا بگونجێت.
لە پەروەردەی كۆن یان چەند دەیەیەك پێشتر، پەروەردە تەنیا كاری ناو قوتابخانە بووە و، هەندێ جاریش تەنیا پرۆسەی فێربوون بووە؛ بەڵام پەروەردە زیاتر لەوە دەگەیەنێت و گرنگییەكی ژیانی هەیە بۆ كۆمەڵگه و تاك، بۆ مانەوەی كۆمەڵگه و گەشەی تاك. بەڵام لە پەروەردەی هاوچەرخدا پەروەردە وەك سامانێكی گشتی تەماشا دەكرێت و كارێكی بەكۆمەڵی كۆمەڵگهیە؛ دەزگه كۆمەڵایەتییەكانی تریش بەشدار دەبن و ڕۆڵیان تیایدا دەبێت. پەروەردە، بووە بە یهكێ له پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی هاوچەرخ؛ پەروەردە، بووە به بەرپرسیارێتی و ئەرك و پڕۆژەی دەوڵەتەكان. فەلسەفەیەكی پەروەردهیی لە پشت پڕۆژەی پەروەردەوە بەرقەرارە و تیۆریزەی بیردۆزی پەروەردەیی دەكات و ئامانج و مەبەستە دوورەكانی دیاری دەكات و چارەی كێشە و ئاریشە و ڕێگرییەكانی پەروردە دەكات.
فەلسەفەی پەروەردە
فەلسەفە بەهەموو پێناسە جیاوازەكانییەوە، بریتییە لە تێگەیشتنی ڕاستەقینەی سروشت و ژیان، دوور لە شیكردنەوە ئەفسانەیییەكان. فەلسەفە زانستێكە پشت بە یاسا زانستییەكان و شیكردنەوەی لۆژیكیی دیاردەكان دەبەستێت؛ بۆیە بە زانستی ڕاستی، یان زانستی ڕاستییەكان دەناسرێت.
فەلسەفەی ڕاست و بەسوود ئەو فەلسەفەیە كە دەتوانێت خوێندنەوەی ڕاست بۆ كۆمەڵگه بكات، كێشەكانی دیاری بكات و، وێنەی كۆمەڵگهیەكی تەندروستمان نیشان بدات كە بیكەینە ئامانج و هەوڵ بۆ دابینكردنی بدەین. فەلسەفەی دروست و بەسوود ئەو فەلسەفەیە كە نەخشەی ڕێگەمان بۆ دیاری دەكات، كه چۆن كۆمەڵگهیەكی نەخۆش و نادروست، بگۆڕین بۆ كۆمەڵگهیەكی ساغ و دروست.
ئامرازی سەرەكی و كاریگەر بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی فەلسەفە، بریتییە لە پرۆسەكانی پەروەردە و فێركردن. تەنیا لە ڕێگەی پەروەردە و فێركردنەوە دەتوانین برینەكانی كۆمەڵگه ساڕێژ بكەین و ئامانجەكانی فەلسەفەی دروست و بەسوود بەدەست بێنین. كەوابوو پەروەردە و فێركردن ئامرازی سەرەكیی جێبەجێكردنی بۆچوونە فەلسەفییەكانن، گەر تاكە ئامراز نەبن.
ئەو چالاكییانەیە كە لە ئەنجامی پێكەوەگرێدانی پەروەردە و فەلسەفە دەست دەكەوێت و، پەروەردە دەبێتە ماددەیەكی فەلسەفی و هزری؛ دەكەوێتە ژێر ئەزموون و ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و ڕاستكردنەوە. بۆیە پەروەردە كایەیەكی مەعریفی و فەلسەفییە.
فەیلەسووفی گەورەی بریتانی "هەربەرت سپنسەر" (Herbert Spencer) دەڵێت: "پەروەردەی ڕاستەقینە، لە ڕێی فەلسەفەیەكی ڕاستەقینەوە نەبێت نابێتە پرۆسەیەكی باش و، ڕۆڵی خۆی لە كۆمەڵگهدا بەدروستی ناگێڕێت." بەم جۆرە، فەلسەفە و پەروەردە پەیوەندییەكی توندیان پێكەوە هەیە. فەلسەفە سنوورەكانی ڕوانینە بۆ مرۆڤ و ژیان؛ پەروەردە چۆنێتیی پراكتیزەكردنی ئەو ڕوانین و دیدەیە لە ژیانی مرۆڤەكاندا.
فەلسەفەی پەروەردە، جێبەجێكردنی فەلسەفەی تیۆرییە بەسەر بوارەكانی پەروەردەدا، یان كۆمەڵێك ئەگەر و پێشنیارە كە لە دیدی فەلسەفییانەوە دەڕوانێتە سروشتی مرۆڤ و كۆمەڵگهكەی. ئەگەر پەروەردە ئامرازی ژیانی كۆمەڵگه و، هۆكاری بەردەوامی و گۆڕانە كۆمەڵایەتییەكان بێت، ئەوا خودی بوونی خۆی لە فەلسەفەیەكەوە وەردەگرێت. لە ژیانی مرۆڤدا فەلسەفە نموونەی بەرزترین ئاستی پرۆسەی بیرلێكردنەوەیە. پەروەردەیش نموونەی بەرزترین پرۆسەی كاركردن و چالاكییە. فەلسەفە دەبێتە ڕێپیشاندەری پەروەردە؛ بەم پێیەیش دەبنە دوو شتی لێكدانەبڕاو.
ئەدەبیاتە پەروەردەیییەكان لەسەر ئەوە كۆكن، كە فەلسەفەی پەروەردە یەكێكە لە زانستە فەلسەفییەكان، كە گرنگی بە توێژینەوە لە هەڵوێستە پەروەردەیییەكان و شیكردنەوە و دیاریكردنی بنەما سەرەكییەكانی بواری پەروەردە دەدات. بە مانایەكی تر فەلسەفەی پەروەردە، بنەما و چییەتی و ئامانج و ڕەوش و ناوەرۆكی پەروەردە دەسازێنێت. بەم شێوەیە فەلسەفەی پەروەردە بیردۆزی پەروەردەیییە كە لە بیردۆز و بیرە فەلسەفییەكانەوە هەڵقووڵاوه و، پەیوەندییەكی ڕاستەوانە لە نێوانیاندا سەر هەڵدەدات. بەو پێیەی ڕەوش و ئامانجە پەروەردەیییەكان و پراكتیزەكردنی، وابەستەیە بەو ڕوانگە فەلسەفییەی كە پەروەردەكارانی هەر كۆمەڵگهیەك لەسەری كۆك دەبن، كاری فەلسەفەی پەروەردە دەبێتە جێبەجێكردنی بنەما فەلسەفییەكان لەسەر پرۆسەی پەروەردە.
لێرەوە دەكرێت بڵێین پەیوەندییەكی ئۆرگانیی بەهێز هەیە كە وا دەكات گرنگی بە فەلسەفەی پەروەردە بدرێت، چونكە فەلسەفە تەنیا لە ڕووی تیۆرییەوە جیهان و مرۆڤ دەناسێنێت، كاریگەری لەسەر ڕەفتارمان دروست دەكات، مەیل و ئارەزووی نوێیش دروست دەكات؛ بەڵام لە لایەنی پراكتیكدا ئەوە پەروەرده و فێركردنە كە ئەم مەیلە مرۆیییانەی لە فەلسەفەوە دەستمان كەوتوون بەهێز دەكات و، لایەنی كردەییی فەلسەفەكان تەواو دەكات؛ هاوكات پەیوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی و خوێندكار و خوێندنگهكەی ڕێك دەخات و، لە ڕێی ئامانجەكانەوە هاوكاریی خوێندكار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڕێی نوێ و سوودوەرگرتن لە تیۆرییەكان و زانستە جۆربەجۆرەكان. كەواتە ئاشكرایە دیدگه تیۆری و فیكری و فەلسەفییەكان كاریگەریی گەورە لەسەر ڕەوشی پەروەردە جێ دەهێڵن و كار دەكەنە سەر ڕەفتاری مرۆڤ. بۆیە چەندێك دروستیی جێبەجێكردنەكان گرنگ بێت، لەوە گرنكتر ئەو دید و ڕوانگە پەروەردەیانەیە كە لە تیۆرە فەلسەفییەکانەوە وەرگیراوە. ڕوانگە فەلسەفییە جیاوازەكانن كە پرۆسەی پەروەردە و ڕەفتاری مرۆڤەكانی كۆمەڵگهیەك لە خوێندنگه و دواتر لە كۆمەڵگهدا ئاراستە دەكەن. كەواتە كۆمەڵگهیەك بیەوێت نەوەیەكی دیموكرات و ئازاد و خاوەن بەها و ئاكار و لێهاتوویی بنیات بنێت، دەبێت ڕوانگەیەكی فەلسەفیی بۆ پەروەرەی نەوەكانی هەبێت.
فەلسەفەی پەروەردەی ئەوەمان پێ دەڵێت، كە نەبوونی ڕۆشنبیریی دایك و باوك بە واتای پەروەردەیەكی ناتەندروست دێت. ئەمەیش باوەڕی زۆربەی ئەو كەسانەیە كە لە بواری فەلسەفەی پەروەردەییدا دید و تێڕوانینیان هەیە؛ چونكە دایك و باوك ئەو دوو كەسەن كە وێستگەی سەرەتاییی پەروەردەی منداڵن. جا ئەگەر ئەوانە ئاستی ڕۆشنبیرییان نزم بێت، ئەوا گومان لەودا نییە كە پەروەردەیشیان لە ئاستێكی نزم و سادەوە دەبێت. زۆر جار بە هۆی ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی دایك و باوك نزمە، منداڵ تووشی كۆمەڵێ گرفتی دەروونیی ئاڵۆز دەكەنەوە، لەوانەیش گرفتی شەڕەنگێزی، قوربانیی دەستی شەڕهنگێزەكان، گۆشەگیری، بێمتمانەیی و...، كە بە هۆی پەروەردەیەكی هەڵەوە دەدرێت بە منداڵەكانیان. زانا سایكۆلۆژییەكان ئەم ڕەفتارانەی دایك و باوك كە بە هۆی ناڕۆشنبیرییانەوە دەیگرنە بەر، بە كارێكی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی منداڵان ئاماژە پێ دەدەن.
لە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا داینگەكان و باخچەی منداڵان و قوتابخانەكان گرنگترین شوێنن كە دەبێت حكوومەت چاودێرییان بكات و گرنگییان پێ بدات، بەتایبەت داینگەكان؛ چونكە یەكەم وێستگەیە كە فەلسەفەی پەروەردەییی ئەو وڵاتە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنی، بەو مەبەستەی كە تاكێك بەرهەم بێنێت كە ئەو كۆمەڵگهیە پێویستیی پێی هەیە. بۆیەیش دەبێت ئەو كەسانە وانەی تێدا بڵێنەوە كە ئاستی زانیاری و ڕۆشنبیرییان زۆر بەرز بێت.
ئامانجەكانی فەلسەفەی پەروەردە
دیاریكردنی ئامانجە پەروەردەیییەكان كارێكی گەورە و گرانە، چونكە ئامانجەكانی پەروەردە گشتی و گشتگیرن و ڕوون و نەمرن و درەنگ گۆڕانیان بەسەردا دێت. ئامانجەكان هەم پێوەر و هەم چارەنووسی پرۆسەی پەروەردە دیاری دەكهن. لێرەدا چەند ئامانجێكی گرنكی فەلسەفەی پەروەردە دیاری دەكەین، وەكوو:
كۆتایی
پەروەردە پرۆسەیەكی بەردەوامی مرۆڤایەتییە و، هاوكاتە لەگەڵ بوونی مرۆڤ. لە كۆمەڵگه بەرایییەكانەوە تا دونیای هاوچەرخ، پەروەردە خەم و هیوای مرۆڤەكان بووە بۆ بەردەوامیی ژیان و شارستانییەتییەكان. لە هەموو قۆناغە مێژوویییەكاندا مرۆڤ هەوڵی بەجێگەیاندنی پەروەردەكردنی نەوەكانی داوە. هەر كۆمەڵگهیەك بە شێوازی پهروهردهی پەسەند و دڵخوازی خۆی پەروەردەی بەئەنجام گەیاندووە. زۆر بیرمەند و نووسەرانی دونیا قسەوباس و لێكۆڵینەوەیان لە پەروەردە كردووە، تیۆریزەی چەندین بیر و تیۆرییان كردووە بۆ ڕێكخستنی پرۆسەی پەروەردەیەكی تەندروست و، چەندین ئامانجی خێرا و دوورمەودا بۆ ئاسوودەیی و پێشكەوتن و هۆشیاریی تاك و كۆمەڵگه، دیاری كراوە.
كۆمەڵگهی ئێمە _كۆمەڵگهی كوردی_ پێویستی بەو بۆچوونە فەلسەفییانەیە كە لە ناخی كۆمەڵگهكەمانەوە هەڵقووڵابێت؛ بەو بۆچوونە بوێرانەیە كە دەرمانی دەردەكانمان بكات و كێشەكانمان چارەسەر بكات، وەك چۆن لە هەمان كاتدا پێویستمان بە سیستەمێكی پەروەردە و پرۆگرامێكی فێركردن هەیە، كە لە تونایدا بێت لە بواری پراكتیكدا بۆچوونە فەلسەفییە دروست و بەسوودەكان جێبەجێ بكات.