زاهید حەسەن، مامۆستای بنەڕەتی
سۆما سەرحەد، مامۆستای باخچەی منداڵان
پێشەكی
پەروەردە پرۆسەیەكی زێدە گرنگ و بە بەهایە؛ پێوانكاری كۆمەڵگەی مەدەنی و ئازاد و دیموكرات و پێشكەوتووە. گەشەكردن و سەركەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، بەندە بە پەرەپێدان و چۆنێتیی وەبەرهێنان لە پەروەردەدا. ئامانجی سەرەكیی پەروەردە، بەرهەمهێنان و بونیادنانی مرۆڤی ئازاد و نەترس و میانڕەو و دیدگهكراوە و بەخشندەیە؛ ئامادەكردنی مرۆڤە بۆ ژیان تاكوو ژیانێكی مرۆیییانە بژی، شایستەی ژیانی هاوچەرخ بێت و دەركی جوانییەكانی دونیا بكات. پێوستە پەروەردە پرۆسەیەكی جوان بێت، لەسەر ڕەوتی جوانی بڕوات و میكانیزمی جوان وەگەڕ بخات تاكوو مرۆڤی جوان و جوانیناس بەرهەم بهێنێت و، هەناوی پڕ بێت لە جوانی و، جوانییەكانی ڕۆحی فێرخواز پەرە پێ بدات؛ تاكێكی پڕچەك بە ڕەوشت و بەها جوانەكان پێ بگەیەنێت و كۆمەڵگەیەكی جوان بونیاد بنێت لە نموونەی كۆمەڵگە جوانە هاوچەرخەكانی دونیای ئەمڕۆ. لەم وتارەماندا تیشك دەخەینە سەر ئەو بەهایانەی پێویستە لە پەروەردەدا هەبێت و پەروەردە جوان دەكەن و دواجاریش بەرهەمی جوان پێشكەش بە كۆمەڵگە و مرۆڤایەتی دەكەن.
بەها جوانەكانی پرۆسەی پەروەردە
پرۆسەی پەروەردە چەندین بەهای جوان و بەرز لەخۆ دەگرێت و، لە هەمان كاتیشدا ئەو بەهایانە بە كۆمەڵگە دەبەخشێت؛ دیارترین ئەو بەهایانەیش بریتین لە:
یەكەم/ بەهای ئازادی:
ئازادی وەك ماف و بەها، پەیوەستە بە بوونی مرۆڤەوە. ئازادی مەرجی یەكەمی مرۆڤبوون و ژیانێكی شایستەیە بە تاك و، ئازادی هۆكارە بۆ بونیادنانی مرۆڤ و دونیای نوێ. پێویستە پەروەردە ئەوەندە پرۆسەیەكی دیموكراتی بێت، كە ئازادی وەك مافی فێرخوازان دابین بكات و بپارێزێت. بوونی ئازادی لە پرۆسەی پەروەردەدا بەخشینی ڕێز و شكۆ و جوانییە بە فێرخواز.
پەروەردە و فێربوونی دروست ئەوەیە لە ئازادیدا ڕوو دەدات و، فێرخواز وەك تاكێكی ئازاد و سەربەخۆ مامەڵە دەكات؛ كۆمەكی فێرخواز دەكات كە ئازادانە بژی و ئازادانە بیر بكاتەوە، چونكە لە ئازادیدا فێرخواز دەكەوێتە دۆخێكی فێربوونی چالاك و دڵخواز؛ لە ئازادیدا گوڵی عەقڵی فێرخواز دەپشكوێت؛ ئازادی، فێرخواز دەكاتە خاوەن خود، وا دەكات خۆی بێت و، بە لێكدانەوە حازربەدەستەكان ڕازی نەبێت و، خۆی بۆ ڕاستی بگەڕێت، عەقڵ و بیركردنەوەی خۆی وەگەڕ بخات. ئازادی ئەوەیە فێرخواز لە خۆی تێ بگات؛ بە لێكدانەوەی ئەوانی تر بۆ خۆی قایل نەبێت.
كەواتە فێرخواز ئازاد نەبێت زیرەك نابێت. ئازاد نەبێت، واتە ناتوانێت ئەوە بێت یان ئەو كارانە بكات كە خۆی دەیخوازێت. نەبوونی ئازادی، واتە لەقاڵبدانی فێرخواز، ئیفلیجكردنی عەقڵ و هەست و توانا و لێهاتوویییەكانی فێرخواز، بەفیڕۆدانی بەهرە و گەنجینە شاراوەكانی ناخی فێرخواز، سەپاندنی هەمان دۆخی هەبوو بەسەر فێرخوازدا و كردنی بە مرۆڤێكی ترساو و باوەڕبەخۆنەبوو. ئەگەر ئازادی ناوەڕۆكی پرۆسەی پەروەردە نەبێت، فێرخواز خوێندن تەواو دەكات و دەچێتە كۆمەڵگە تووشی چەندین كێشەی ژیان دەبێتەوە، چونكە پرۆسەكە بەبێ ئازادی بۆ لەخود تێگەشتن و لەژیان تێگەشتن ئامادەی نەكردووە. لەبەر ئەوە فێرخواز تەنیا بە فێربوونی زانست نابێتە خاوەن عەقڵێكی ئازاد، بەڵكوو دەبێتە كۆیلەی شێوازێكی ناشیرینی ژیان و، نە خۆی ئازاد دەبێت و نە ئازادیی خەڵكیش دەزانێت و دەبێتە تاكێكی بێسوود و خۆپەرست و چاوچنۆك، هەندێك جاریش مەترسیدار بۆ سەر ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە.
دووەم/ بەهای قارەمانێتی و ئازایەتی:
مرۆڤ لە بەرەبەیانی لەدایكبوونییەوە تا كۆتاییی ژیانی، لەگەڵ نەخۆشییەكی ترسناكدا دەرگیرە، ئەویش ترسە. ترس بیمارییەكی كوشندەیە كە ڕۆحی مرۆڤ نەخۆش دەخات. هەر لە یەكەم وێستگەی پەروەردەوە كە خێزانە، مرۆڤ دەكەوێتە ژێر ڕێژنەی ترسەكانەوە؛ ترساندنی بە هەموو بەركەوتنەكانی لەگەڵ ژیان. ڕژاندنی ئەم ترسە بۆ ناو كرۆك و دەروونی مرۆڤ، لە وێستگهكانی تری ژیان وەك قوتابخانە و زانكۆ و كۆمەڵگە بەردەوام دەبێت.
بە بوونی بەهای بەرز و جوانی ئازایەتی، دەتوانرێت كۆتایی بە ترس بهێنرێت لە ناخی مرۆڤدا. پەروەردە كە هەڵگری ئەم بە ها جوان و بەرزە بوو، دەتوانێت فێرخواز بۆ تێگەیشتن لە ترس و بەرنگاربوونەوەی ئامادە بكات، چونكە بوونی ترس مرۆڤی ترساو و كۆمەڵگەی ترساو بەرهەم دەهێنێت، كە تێیدا ژیان جوان و شایستە و هاوچەرخانە نییە. لە خێزانەوە دەست دەكرێت بە ترساندنی و سزادانی مرۆڤ؛ ناچار دەكرێت ئەوە بكات ئەوان دەیانەوێت و، ترساندنی بە لەدەستنەدانی بەها و نۆرمی خێزانی، ترساندنی بە ئایین، بە گەورەبوون، بە مرۆڤەكانی تر، بە ئاڵنگارییەكانی ژیان.
ترساندن لە سیستەمی پەروەردەی وڵاتانی پاشكەوتوو بەردەوام دەبێت؛ فێربوون بە ترساندن ئەنجام دەدرێت و فێرخواز لە مرۆڤبوون دەخرێت و تووشی چەندین سزا دەبێت. تا فێرخواز ترساو بێت هیچ فێر نابێت، پشكۆی زیرەكیی ناگەشێتەوە، بەهرە و تواناكان دەپووكێنەوە، فێرخوازی ترساو تێكشكاوە، گرژە، خەمگینە، هەمیشە خەونی ترسناك دەبینێت، شەوان مۆتەكەی ترس لەسەر سنگیان دادەدات. ترس فێرخواز دەكاتە مرۆڤی دەستەپاچە و لاواز و بێهەڵوێست و ئاراستەكراو و مافخوراو و، مرۆڤی قایلبوو بە هەر دۆخێك بەسەریدا بسەپێت. ترس عەقڵ و كردەی مرۆڤ ئیفلیج دەكات، توانای هەر جووڵە و چالاكییەكی لێ دەبڕێت؛ دواجار كۆمەڵگەی ترساو بەرهەم دێت، كە لە ژیانی دۆزەخئاسا و ناشیریندا ژیان دەگوزەرێنێ. بەڵام پەروەردەی دروست یارمەتی و كۆمەكی فێرخواز و نەوەكانی كۆمەڵگە دەكات تا لە ترس ڕزگاریان ببێت و، نەترسانە فێر ببن و بژین، چونکە ئامانجی پەروەردە چالاككردنی زەین و هەستی فێرخوازە نەك بێدەنگكردن و ترساندنی فێرخواز.
فێربوون پڕكردنی ئاوەز نییە لە زانیاری، بەڵكوو ئامادەكردنی فێرخوازە بۆ ئەوەی نەترسانە بەرەوڕووی ئاڵۆزییەكانی ژیان ببێتەوە. پەروەردەكردنی فێرخواز بە ئازایەتی و نەترسان مرۆڤی بەرپرسیار و بەتوانا بەرهەم دەهێنێت، كە لە دروستكردنی دونیای نوێدا بەشدار دەبێت. سیستەمی پەروەردەی دروست، ناهێڵێت فێرخواز ترسی لێ بنیشێت، عەقڵ و زیرەكی لە مەترسی دەپارێزێت و، عەقڵی فێرخواز لەسەر بەهای ئازادی و ئازایەتی ڕادەهێنێت؛ تاكێكی دوور لە ترسنۆكی و چاوچنۆكی ڕژد و لاواز بەرهەم دەهێنێت و، تاكێكی دەوڵەمەند بە جوانییەكانی وەك دلۆڤان و بەخشندە، لەخۆبردوو، بەرپرسیار، بەتەنگ ژیان و مرۆڤەكانی ترەوە، بۆ ژیان ئامادە دەكات.
سێیەم/ بەهای ڕێز و خۆشەویستی:
مرۆڤ بۆ بەردەوامیی ژیان و ژیانێكی شایستە و مرۆیییانە، پێویستە ڕێزی لێ بگیرێت و خۆش بویسترێت. لەناو ڕێزبەندی پێداویستییەكانی مرۆڤدا ڕێز و خۆشەویستی، پێداویستیی گرنگ و بنەڕەتین بۆ گەشە و ژیانێكی دروست. مرۆڤ پێویستی بە گرنگیپێدان و خۆشویستنە. بە گرنگی و ڕێزدانان و خۆشویستن، مرۆڤ هەست بە شكۆ و متمانە و بوونی خۆی دەكات؛ هەستبەخۆكردن و متمانەبەخۆبوون، سەرچاوەی زۆربەی لێهاتوویی و پێشكەوتنەكانی مرۆڤە.
لە دید و كاری پەروەردەی دروست و هاوچەرخدا، قوتابخانە تەنیا شوێنی پێدانی زانیاری نییە، بەڵكوو شوێنی ئاراستەكردن و ئەزموونكردنی جوانییەكانە. گرنگترین جوانیی ناو پرۆسەی پەروەردە، خۆشەویستی و میهرەبانی و ڕێزگرتنە. گرنگیپێدان و شكۆدانان بۆ فێرخواز، دۆخێكی هێمن و ئاسوودە و بنیاتنەر دێنێتە بوون، كە هاوكارە بۆ زیرەكی و بەتواناییی فێرخواز و دەرخستنی بەهرە و جوانییە شاراواكانی فێرخوازان.
پەیوەندیی مرۆڤ و مرۆڤ لە قوتابخانەدا گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە، چونكە منداڵ و فێرخواز لەسەر ئاستی دەروونی و پراكتیكی، چاوەڕوانییەكی زۆر لەسەر بینینی مامۆستا و شێواز و هەڵسوكەوتی لەگەڵ خۆیان كەڵەكە دەكەن؛ ڕۆژانە بە شوێن خۆشەویستی و ڕێزدا دەگەڕێن كە خۆراكی ڕۆحیی ئەوانن. لێرەوە ڕۆڵی ناتوندوتیژی مامۆستا و مامەڵەی نەرم، ئارامی، گوێگرتنی، تێگەشتنی، هاودەردیكردن، ویژدانی، دیسپلینەكانی، فەرمانەكانی، شێوازی گفتوگۆ و تەنانەت جلوبەرگ و تەماشا و ڕوانینی، پێكەنینی، ژینگەیەكی دڵخوازی فێرخواز دەستەبەر دەكات؛ ژینگەیەك كە پەروەردەكارە. ئەم جۆرە لە مامەڵەیش دەستنیشانی پەیوەندیی قوتابی بە وانە و قوتابخانە و هاوڕێ و كەسانی تریشەوە لە دەرەوەی قوتابخانە دەكات.
نەبوونی خۆشەویستی و مامەڵەی زبر و سووكایەتی بە فێرخواز، كۆی پرۆسەی پەروەردە لەنگ دەكات؛ پرۆسەكە ئەركەكەی لەبار دەبردرێت. لە دۆخێكی لەو شێوەیهدا حەز و خولیا و ئارەزووە ناوهكییەكانی فێرخواز دەكوژرێت؛ بۆیە دەبینرێت ئەو نەوە فێرخوازانەی بەرهەمهاتووی پەروەردەی توندو و دوور لە خۆشەویستی و لێدان و سزادانن، ئەو مرۆڤانەن لە جوانییەكانی ژیان و دونیا ناگەن و لەگەڵ ڕەخنە و بزێوی و دڵسۆزی و چالاكیدا پێك نایەنەوە.
فێرخوازی ڕێزلێگیراو خۆشویستراو، دەبێتە تاكی ناسك و جوانبین؛ خۆشەویستی و ڕێز بە مرۆڤ و ژیان ژینگە دەبەخشێت و، دەبنە مرۆڤانێك كە داهێنان و گۆشەی نوێی ژیان دەدۆزنەوە، نەك دووبارەكردنەوەی گۆشەكان.
چوارەم/ بەهای چالاكیی هونەری و وەرزشی:
پەروەردە گرنگییەكی زۆر بە قوتابخانەكان دەدا وەك ناوەندێكی هونەری و چالاكییە وەرزشی و ڕۆشنبیری و نەتەوەیییەكان. لە پێناسە هاوچەرخەكان بۆ ئەركی مامۆستا، بریتییە لە ورووژاندنی جۆش و خرۆشی فێرخواز و ڕێنوێنیكردنیان؛ هەرچی ژینگەی قوتابخانەیشە، ئەو شوێنەیە هەلی ڕوودانی فێربوون و پەروەردە و بونیادنان زیاد دەكات. قوتابخانە و مامۆستا لە ڕێگەی هونەر و چالاكییەكانی ترەوە كەشفی بەهرە و كارامەیی و داهێنانی فێرخواز دەكەن، بۆیە چالاكیكردن و چاككردن ئەركی بنچینەیییە لە پەروەردەدا. قوتابخانە تەنیا ناوەندی واگوتنەوە و گواستنەوەی زانیاری نییە؛ كە ئەم جۆرە لە قوتابخانە ئامانجی پەروەردە ناپێكێت و هەر زوو لە لای فێرخواز بێزراو دهبێت و هەوڵی هەڵهاتن دەدات لێی.
گرنگیدانی تەواو بە وانەكانی هونەر و وەرزش و چالاكییەكان، قوتابخانە دەكاتە ناوەندێكی جوان و شیرین لە لای فێرخواز. هونەرەكان پەیوەندییەكی پتەویان بە ئەركی پەروەردەوە هەیە كە داهێنانە و، ئەركی هونەریش داهێنانە. هونەرەكان _هونەر و وەرزش_ لە قوتابخانەدا، بەهرە و هێزی داهێنەرانە لای فێرخوازان دروست دەكات، چونكە هەست و خەیاڵدانی منداڵ و فێرخواز دەكەوێتە كار. بۆیە قوتابخانە لەم ڕێگەیەوە جوانی بەرهەم دەهێنێت یان مرۆڤی جوان و هونەرمەند ئامادە دەكات، چونكە هونەر و جوانی، بە داهێنان و نوێسازییەوە ناسنامهی خۆی دەرخستووە. بۆیە دەتوانین بڵێین داهێنان ئەو چەمكە هاوبەشەیە كە هونەر و پەروەردە پێكەوە گرێ دەدات.
پەروەردە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هونەرەوە بگاتە داهێنان و بەرهەمهێنانی تاكی داهێنەر، پێویستی بە شكاندنی بێدەنگی و چالاككردنی عەقڵ و گرنگیدانه بە هونەرەكان و ئەنجامدانی چالاكییە جۆربەجۆرەكان و كردنی قوتابخانە به ناوەندێكی ڕەنگاڵەییی ترس =ڕەوێن و لەدڵا شیرینی فێرخواز. بۆیە لەم قوتابخانانەدا فێرخواز هان دەدرێت بە پشكنین و هزراندن و دەرك و هەستكردن بە جوانییەكانی خود و عەقڵ و ژیان. ناكرێت پەروەردە بە كایەیەكی دابڕاو لە جوانی و هونەرەكان لە قەڵەم بدهین، چونكە بەشێكی سەرەكیی فێربوون، لە ڕێگەی جوانی و هەستەكان و هونەرەكانەوە ڕوو دەدات. هونەرەكان وەك دەروازەی جوانناسی، ئەركێكی پتەویان هەیە لە پەروەردە و قوتابخانەدا. پەروەردە گرنگییەكی تایبەت بە هونەرەكان و گەشەپێدانی هەستە جوانەكانی مرۆڤ دەدات. ئەمەیش ئامانجێكە لە ئامانجەكانی پەروەردە كە پشت بە ڕۆڵی هونەر لە دروستكردنی كەسایەتیی مرۆڤ و بەها كۆمەڵایەتییەكان دەبەستێت. گرنگیدان بە هەستەكانی فێرخواز و لەبەرچاوگرتنی جوانی لە فەزای فێركاریدا و، بەبایەخەوە سەیركردنی وانەكانی هونەر و وەرزش و چالاكییە جەستەیی، هونەری، كهلتووری و ئەدەبییەكان، گاریگەریی ئەرێنی دەكاتە سەر پرۆسەی پەروەردە، بەرجەستەكردنی ئامانجی پەروەردەیی و بەرهەمهێنانی مرۆڤی داهێنەر و وەڵامدەرەوەی پرسیارەكانی ڕۆژ و ژیان و تێگەشتن لە ئاراستە هاوچەرخەكانی دونیا.
پێنچەم/ جوانی ناوەند و پێكهاتەكانی خوێندن:
بینای قوتابخانە و پێكهاتەكانی لە بواری پەروەردەدا گرنگییەكی تایبەتی هەیە. فێرگە و قوتابخانە جێگرەوەی باشتری شوێنەكانی ترە بۆ منداڵ و فێرخواز، كە چاوەڕوان دەكرێت تیایاندا ڕەچاوی بارودۆخی ناسكی دەروونی و جەستەیییانەی بۆ منداڵ و فێرخواز كرابێت. لە پەروەردەی هاوچەرخدا، گرنگی بە تەلارسازیی قوتابخانە دەدرێت و بیر لە دروستكردنی ژینگەیەك دەكرێتەوە كە كە جیاواز و جوانتر بێت لە ژینگەی كۆمەڵایەتی و خێزان. چونكە شوێن، پەیوەندیی بە دروستكردن و چێكردنی كەسایەتی و ناسنامهی مرۆڤەوە هەیە و، قوتابخانەیش یەكەمین شوێنی گرنگە كە فێرخواز تیایدا خۆی دەناسێت و دەكەوێتە دروستكردنی ناسنامهی تایبەت بە خۆی.
ژینگە و تەلاری قوتابخانە بە هەموو بەشەكانییەوە، هەڵگری جۆرەها شێوەی هێمنی و بۆشایی و جوانی و ڕەنگاوڕەنگی و خاوێنی و هاندان و ترسڕەوێنە. هەر یەكە لە بەشەكانی، پراكتیزەی دڵنیایی و خۆشی لەسەر دەروونی منداڵ دەكەن. گرنگیدان بە بەش و پێكهاتەكانی قوتابخانە و ڕازاندوەیان بەو ئامرازانەی ئاسوودەیی و شادی دروست دەكەن، ترس لە منداڵ و فێرخوازدا دەكوژن. گرنگیدان بە جوانكردنی قوتابخانە، بە دیزانینی تەلاری قوتابخانە و ڕەچاوكردنی ورد و درشتی پێكهاتەكانی، لە خەمڕەوێنیی فێرخواز و شادومانی و دەركەوتنی جوانیی دەروونیدا جێكەوتی دەبێت.
كاتێك لە قوتابخانەدا ڕەچاوی دۆخی دەروونیی فێرخواز و پەروەردە نەكرێت، دیواری بێوێنە و ڕەق، دەرگه و پەنجەرە و قوفڵەكان، ڕووبەری بێسەوزایی و بێڕۆح و گیان، بێتەوالێت و بێئاو بێتاقیگە و كتیێخانە، بێباخچە و بێگۆڕەپانی چالاكی، زیاتر بیابان بیری مرۆڤ دەخەنەوە، تا ژیانێكی ئاوەدان و پڕ لە وزەی ئەرێنی و چالاكی.
بۆیە كاریگەریی شوێن و بینای قوتابخانە كاریگەرییەكی بەهێزە لە پەروەردە و بونیادی كەسایەتیی منداڵ و فێرخۆاز. كاتێك منداڵ لە قوتابخانەیەكی زیندانئاسا و توندوتیژبەرهەمهێن و ترسناك و ناشیرین و دوور لە دونیای منداڵ فێر بكرێت، پرۆسەكە تێیدا كۆمەكی پەروەردەیەكی دروست و بونیادنەر نابێت؛ جۆرێك لە مرۆڤی ترساو و لاواز و ناشیرین بەرهەم دێت.
كۆتایی
پەروەردە پرۆسەیەكی جوانە، ئەگەر بەها جوانەكان بكاتە ئامانجی بنەڕەتی و پرۆسەكە تێهەڵكێشی بنەما و هونەرە جوانەكان بكرێت. پەروەردە گرنگی بە كۆی جوانییەكان بدات و جوانی بكاتە میكانیزمی پەروەردە، حەز و جوانی و جوانناسی لە تاكدا كەشف دەكات و پەرە پێ دەدات و، بەرهەمی تاك و كۆمەڵگهیەكی جوان و هەڵگری بەها جوانەكانی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەبن.
نموونەی پەروەردەی جوان و سەركەوتوو، لە دونیادا بوونی هەیە كە بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی چەندین كۆمەڵگەی ئاسوودە و پێشكەوتوو و جوان و هاوچەرخ؛ وڵاتانی باكوور و ڕۆژاوای ئەوروپا، پەروەردەی هاوچەرخ و جوان تێیاندا كاری پێ دەكرێت. چەند گەلێكی تر لە دوای دواكەوتوویی و جەنگ و برسێتی و بەدبەختی توانیویانە لە ڕێگەی پەروەردەیەكی دروست و هاوچەرخ و جوانەوە كۆمەڵگهكهیان لە تاریكی و نەزانی و هەژاری و ناشیرینی ڕزگار بكەن و ببنە بەشێك لە گەلە كاریگەرەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، لە نموونەی وڵاتانی ژاپۆن و مالیزیا و سەنگاپۆڕ و هتد.
لە هەندێك لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخەكە پێچەوانەیە؛ گرنگی بە پرۆسەی پەروەدە نادرێت و وەك فریادڕەسێك هانای بۆ نابردرێت و فەرامۆش كراوە. لە دەرەنجامی نەبوونی پەروەردەیەكی دروست و هاوچەرخ و جوان، تووشی كێشەی نەزانی و دواكەوتوویی و هەژاری و نەداری و چەقبەستوویی و ململانێ و تاوان دەبن و، گەلانێكی پەراوێزنشینن لە سەر سەكۆی جیهان، پەروەدەی لاوازی ئەم گەل و وڵاتانە بە كۆی تانوپۆی كۆمەڵگەوە بەدی دەكرێت.