ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەكردنی منداڵدا

زاهید حەسەن، توێژەری كۆمەڵایەتی

سۆما سەرحەد، مامۆستای باخچەی منداڵان

 

پێشەكی:

بۆ ماوەی هەزاران ساڵە و زیاتریش، خێزان كۆنترین یەكە و پەیكەری كۆمەڵایەتییە. ئـێستایش لە زۆر جوگرافیای جیاوازدا خێزان یەكەم وێستگەی ژیان و هێلانەی مرۆڤەكانە. خێزان دامەزراوەیەكی بنەڕەتییە بۆ دابینكردن ‌و پڕكردنەوەی پێویستییە گرنگ و ژیانییەكانی مرۆڤ و، لانەیەكی ئـارامە كە هەستی ئـارامی و ئـاسایش دەبەخشێتە ئـەندامەكانی. هەروەها خێزان بە یەكەم ژینگەی كۆمەڵایەتی دادەنرێت كە منداڵ لەنێویدا هەنگاوە سەرەتایییەكانی فێربوون دەست پێ دەكات.

منداڵ بەرهەمی خێزانە و، ماڵ جوانتر و ئـاوەدان دەكات و مایەی دڵخۆشیی ئـەندامانی خێزانه‌. خێزان لە بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت. لە خێزاندا منداڵ زمانی دەپژێت و دەكەوێتە گۆ و بە لاساییكردنەوەی دایك ‌و باوك و گەورەكانی دیكە فێری هەڵسوكەوت و ژیانی كۆمەڵایەتی دەبێت. بۆیە گرنگە خێزان زۆر بەوریایی و شارەزایی مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بكات و ڕێگەی دروستی پەروەردەكردنی بگرێتە بەر. پەروەردەكردن كارێكی دژوار و سەخت و وردەكارە، كارێكی تیۆری و كردارییە، كارێكی بەردەوام و هەرەوەزییە، ئـەرك و لێپرسراوییەتییەكی گەورە و گرنگی خێزانە ‌و، ئـەركێكی پیرۆزە. پەروەردە هەم زانسته‌ و هونەرە؛ كارێكی ئـاسان و هەڕەمەكیی بەڕێكردن نییە.

گرنگە خێزان بە ئـامادەكاریی تەواو هەنگاوی ئـەم ڕێگە گرانە بەپشوودرێژی بنێت. دەشێت خێزان بەشی پێویست هەڵگری شارەزایی و زانیاریی پەروەردە و شێوازەكانی پەروه‌ردە و زانستەكانی دەروونناسیی منداڵ و قۆناغەكانی گەشەی منداڵ بن ‌و، بە ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی پسپۆڕ ئـەركی پەرورەدە بە ئـەنجام بگەیەنن، چونكە خێزان و دایك ‌و باوك ئـەندازیاری بنیاتنانی كەسایه‌تیی منداڵن و لە نەخشی ژیان و بوونی ئـاییندەی منداڵدا ڕۆڵیان هەیە. زۆر جار لە ئـەنجامی نەبوونی هۆشیاری و سەختیی پەروەردەكردن، خێزان دەكەوێتە هەڵەی گەورەی وەك ئـازاردان و بەزۆر سەپاندن و لۆمەكردن و پشتگوێخستن و شكاندنی منداڵ و دروستكردنی ژینگەیەكی توندوتیژ، كە كاریگەریی خراپی لە دروستكردنی كەسایه‌تیی خراپ و لاواز و لادەر و بێكەڵك دەبێت. بەڵام بە هۆشیاری و دڵسۆزیی خێزان، ئـەستەم نییە ژینگەیەك دروست بكەن كە هەمووان تیایدا شاد و شكۆمەند بن و منداڵ بگەیەننە ئـامانج و خۆشبەختی. ئێمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا تیشك بخەینە سەر ڕۆڵی خێزان لە پەروەردە ‌و فێركردنی منداڵەكانمان.

ناساندنی خێزان:

لە كۆمەڵگەی مرۆڤدا خێزان یان خانەوادە بە كۆمەڵێك ئـادەمیزاد دەگوترێت كە لە ماڵێكدا پێكەوە دەژین. چەندین پەیوەندیی بەهێز بەیەكیانەوە دەبەستێت وەك: پەیوەندیی خوێن، ژن و ژنخوازی، شوێنی ژیانی هاوبەش، خزمایەتی، زمان، كه‌لتوور، نەریت و هتد.

لە بەشی زۆری كۆمەڵگه‌كانی مرۆڤدا خێزان یەكەی بنچینەییی كۆمەڵگەیە، بە كارگەی بەرهەمهێنان و پەروەردەكردنی مرۆڤ دادەنرێت و، ئـۆرگانێكی گرنگی بەخێوكردن و پەرورەدە و ڕاهێنانی ژیانی ئـاییندەی نەوەكانە.

خێزان ئـەو دەزگه‌ مەزنەیە كە سەرچاوەی ڕەفتار و بەها و مەعریفەیە بۆ نەوەكان. ‎لە زۆربەی جوگرافیای جیهاندا خێزان هەڵنەوەشاوەتەوە و وەك یەكەیەكی تۆكمە بەردەوامە و پەیوەندییە مرۆیییەكانی ناو خێزان گەرموگوڕن و، تا ئـێستایش خێزان لێپرسراوی یەكەمی منداڵن و هەر خێزانیش ڕەنگڕێژی كەسایەتیی منداڵەكانیانن.

مافە گەردوونییەكانی منداڵان:

جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی منداڵان، كە لە 20ی تشرینی دووەمی 1989، لە لایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دەرچوو، باس لە هەندێك مافی بنەڕەتی بۆ منداڵان دەكات، كە خۆیان دەبینێتەوە لە:

  1. مافی وەرگرتنی ناسنامە: لەو ڕۆژەوەی كە لەدایك دەبێت، پێویستە منداڵ ناو و نازناوێكی هەبێ و، لە تۆماری لەدایكبوون تۆمار كرابێت ‌و، دەبێ ناسنامەی كەسی و ڕەگەزنامەی هەبێت.
  2. مافی خۆشەویستی و ڕێزگرتن: منداڵ پاش مافی ژیان، مافی خۆشویستنیشی دەبێت هەبێت؛ كۆمەڵێك كەسی وەك دایك ‌و باوك ‌و ئەندامانی دیكەی خێزان خۆشیان بوێت و بایەخی پێ بدەن و ڕێزی لێ بگرن.
  3. مافی یەكسانی: منداڵ دەبێت ئەم مافەی هەبێت. كوڕ یا كچ، خاوەن پێداویستیی تایبەتی یان تەندروست و باش بێ‌، لەسەر هەر ئایینێك بێ‌، ڕەنگی پێستی هەرچییەك بێت ‌و، بە ڕەگەز لە چ نەتەوەیەك بێ‌ و بە چ زمانێك بدوێ، دەبێت لەگەڵ یەكتر یەكسان بن.
  4. مافی ژیان و تەندروستی: منداڵ مافی ئەوەی هەیە كە خواردنی باش و ئاوی پاكی بۆ دابین بكرێت.
  5. مافی خوێندن ‌و چوونە قوتابخانە: منداڵ مافی ئەوەی هەیە كە بچێت بۆ قوتابخانە و، فێری خوێندنەوە و نووسین و زانیاری ببێ.
  6. مافی پاراستن لە توندوتیژی: منداڵ مافی ئەوەی هەیە كە بەئارامی و ئاشتی بژی و، دوور بێت لە توندوتیژی و شەڕ و ئاژاوە.
  7. خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان: منداڵی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان وەكوو منداڵێكی تەندروست و ئاسایی مافی ژیانی هەیە و، پێویستە پێداویستییە تایبەتییەكانی بۆ دابین بكەن و، زامنی ڕێز و شكۆداری و سەروەریی بكرێت.
  8. بیمەی كۆمەڵایەتی: منداڵ مافی ئەوەی هەیە سوود لە بیمەی كۆمەڵایه‌تی وەربگرێ‌.
  9. ئەرك و ماف: پێویستە دایك و باوك و مامۆستا ‌و میدیاكان، بزانن كە ئەركەكانی ئەستۆی منداڵ چین ‌و مافەكانیشیان كامانەنن.
  10. پاراستن لە دەمارگیری: مافی منداڵە لە هەموو شێوازێكی دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی بپارێزرێ.

ئـەركی خێزان بەرامبەر بە منداڵ:

منداڵ ئەو مرۆڤەیە كە تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵییەوەیە. هەموو مافێكی تایبەتی خۆی هەیە. بەپێی ڕاگەیاندنی مافەكانی منداڵان، هەموو منداڵێك دەتوانێت ئەو مافانەی هەیەتی پێی شاد بێت، بەبێ‌ جیاوازیی ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە. كۆمەڵگەی كوردی یەكێكە لەو كۆمەڵگه‌یانەی كە تا ئێستا نەتوانراوە منداڵ بە شێوازێك پەروەردە بكرێت كە هەموو مافەكانی بۆ فەراهەم بكرێت. ئەمەیش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە: كەمیی ئاستی ڕۆشنبیریی دایكان و باوكان و نەبوونی پلانێكی تۆكمە و پێشوەختە بۆ پەروەردەكردنی منداڵ لە لایەن دایكان و باوكانەوە؛ هەروەها دایكان و باوكان بەپێی ویست و مەزاجی خۆیان مامەڵە لەگەڵ منداڵ دەكەن نەك بەپێی پلان و بەرنامەی زانستی، بەبێ‌ گوێدانە ئەوەی كە ئەو جۆرە پەروەردە و ڕەفتارە چ كاریگەرییەكی لەسەر بونیاد و كەسایەتیی ئەو منداڵە لە داهاتوودا دەبێت. لە ئێستادا لە لایەن خێزانەكانەوە بە ئامانجی پێگەیاندنی منداڵێكی سەركەوتوو، پەیڕەوی لە كۆمەڵێك شێوازی پەروەردە دەكرێت وەكوو:

  1. پەروەردە بە هێنانەوەی نموونەی بەرز: لەم شێوازەدا پەیڕەوی لە هێنانەوەی نموونەیەكی جوان و سەركەوتوو دەكرێت بۆ ئەوەی منداڵ بیكات بە پێشەنگی خۆی، بۆ نموونە سیفەتی كەسێك كە ناوبانگی هەبێت و خاوەن ڕەفتار و ڕەوشتی بەرز بێت.
  2. پەروەردە بە ئامۆژگاریكردن: لێرەدا لە پەروەردەكردنی منداڵدا، لە لایەن خێزانەوە پەنا بۆ ئامۆژگاریكردنێكی تەندروست دەبردرێت.
  3. پەروەردە بە پاداشت و سزادان: ئەمەیش پەیوەستە بە جۆری وەڵامدانەوە بۆ ئەو ڕەفتارەی منداڵەكە ئەنجامی دەدات، وەك: پاداشتكردنی منداڵ لە كاتی ئەنجامدانی كارێكی دروست و گونجاو، سزادانی لە كاتی ئەنجامدانی ڕەفتاری نادروست بە ئامانجی دووبارەنەكردنەوی ئەو ڕەفتارە.
  4. پەروەردە بە گێڕانەوەی چیرۆك: پەروەردەكردن بە نموونەهێنانەوەی ڕووداوێك، وەك عیبرەتهێنانەوە كە كەسێك چیی بەسەر هاتووە بۆ ئەوەی دەرسی لێ وەربگرێت.

بۆیە گرنگترین ئـەركی خێزان ناسین و زانینی داوا و خواست و مافەكانی منداڵە، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە چوارچێوەی مافەكانی گەردوونیی منداڵ گەڵاڵەی كردووە. بە ناسینی مافەكانی منداڵ، ڕاستەوخۆ دەبنە ئـەركی خێزانەكان و، گرنگە خێزان جێبەجێی بكات و لە ئـەستۆی بگرێت. ئـەو ئـەركانە لەم خاڵانەی خوارەوەدا دیاری دەكەین، وەكوو:

  1. خێزان ده‌ست ده‌كات بە گۆشكردن و، ژیاندنی منداڵ لە ساڵەكانی سەرەتای ژیانیدا تاكوو كاتی گەورەبوون.
  2. خێزان پێداویستییەكانی خۆراك و تەندروستی و جلوبەرگ بۆ منداڵ دابین دەكات و، منداڵ چەندەها ساڵ لەژێر سایەی سەرپەرشتی و پاراستنی خێزاندا دەژی.
  3. منداڵ گەلێ كاری جوان لە خێزانەوە فێر دەبێت وەكوو: پاكوخاوێنی.
  4. منداڵ لە خێزانەوە فێری خوڕەوشتی جوان و ڕێنمایییە كۆمەڵایەتییەكان دەبێت.
  5. خێزان منداڵ فێری ڕێزگرتنی خەڵك و چۆنێتیی ئـاخافتن لەگەڵیاندا دەكات.
  6. خێزان لە منداڵدا تۆوی خۆشەویستی و یارمەتیدانی خەڵك و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی دەچێنێت.
  7. منداڵ لە خێزاندا، فێر دەكرێت كە ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت و دەستدرێژی نەكاتە سەر مافەكانیان.
  8. ئـەركێكی گرنگی خێزانە كە منداڵ فێری ڕاستگۆیی و لێبووردن و ڕێزگرتنی بیروباوەڕی كەسانی تر و پێكەوەژیان بكات.
  9. منداڵ لە خێزانەوە فێر دەكرێ، لە پاكڕاگرتنی ژینگە و هەموو ئـەو كەلوپەل و دەزگه‌یانەی كە موڵكی گشتین.
  10. خێزان دەبێت ژینگەیەكی هێمن و ئـارام دابین بكات تا منداڵ بە شێوەیەكی ئـاسوودەیی و دڵنیایی بژی.
  11. منداڵ لە خێزانەوە فێری بنەما ڕێكخراوەیییه‌كانی ژیانی كۆمەڵایەتی بێت.
  12. ئـەركە لەسەر خێزان كە منداڵ بخەنە بەر خوێندن و، هەموو پێدویستییەكانی بەردەوامبوونی لە خوێندن بۆ ئـامادە بكات.
  13. خۆشویستنی منداڵ و دەربڕینی خۆشەویستی كە منداڵ هەست بكات خۆشەویستە؛ ئـەم هەستە بۆ گەشە و متمانەبەخۆبوونی پێویستە.
  14. دەبێت خێزان منداڵ وەك مرۆڤ و كەسانێكی تایبەت سەرنج بدات و بایەخیان پێ بدات.
  15. ڕێزگرتن لە كەسایەتیی منداڵ و ئـازارنەدانیان و گوێلێگرتنیان و گفتوگۆكردن لەگەڵیان.
  16. پەروەردەكردنیان بە هەستی بەرزی نیشتماندۆستی و خۆشویستنی وڵات و كاركردن و پاراستنی نیشتمان.
  17. پێگەیاندن و پەروەردەكردنی لەسەر ڕەوشتی بەرز و باڵا و، دووركەوتنەوە لە ڕەوشتی لادەر و زیانبەخش.
  18. بەشداری لە گەشەپێدانی هەمەلایەنه‌ی فیكری و كۆمەڵایەتی و ئـابووریی منداڵ.
  19. گەشەپێدانی توانای عەقڵی و دەروونی و جەستەیی و چاودێریی تەندروستیی منداڵ.

خێزان و پەروەردەی منداڵ:

خێزان یەكەمین قوتابخانەی منداڵە؛ یەكەمین دامەزراوەی پەروەردەیییە و بناغەی كۆمەڵگەیە. منداڵ لە خێزاندا چاو هەڵدێنێ و فێر دەبێت و وەردەگرێت. ‎هەر خێزانێك بەپێی نەریت و بۆچوون و پێوەر و بەها و دونیابینیی خۆی شێوەی پەروەردەی منداڵەكەی دیاری دەكات و بە شێوەی سروشتی نەریت و بەها و نۆرمی خێزان دەگوێزرێتەوە بۆ منداڵ و دەبێتە بەشێك لە بونیادی منداڵ و شكڵ و بوونی كەسایەتیی منداڵ.

پەروەردە، كارێكی سادە و سەرپێیانە نییە. كارێك نییە بتوانرێت فەرامۆش بكرێت، بەڵكوو ئـەركێكی پیرۆز و قورس و هەستیارە؛ ‎پێویستی بە شارەزایی و ڕۆشنبیری و كارامەیی و ئـارامی و پشوودرێژی هەیە، چونكە هەر هەڵەكردنێك لە پەروەردەدا دەرەنجام و كارەساتی نەخوازراو بە دوای خۆیدا دەهێنێت. دایك و باوك لانی كەم دەبێت شارەزا و ئـاشنا بن بە میتۆدەكانی پەروەردە و سایكۆلۆژیی منداڵ، تا بتوانن پەروەردەیەكی دروست و ئـامانجدار ئەنجام بده‌ن.

یەكەم كاری خێزان لە پەروەردەدا، كاركردنە لەسەر خودی خۆیان. واتە دەبێت دایك ‌و باوك خاوەنی كەسایەتیی باش و هەڵسوكەوتی جوان و شیاو بن، چونكە منداڵ زیاتر بە بینین و لاساییكردنەوە فێر دەبێت و وەردەگرێت و كاردانەوە دەنوێنێت. پێویستە خێزان لانەیەكی پڕ لە خۆشەویستی و تەبایی و ڕێزگرتن بێت؛ لە ئـاشتەوایی و ئـارامی و سۆزدا بژین و هاوسۆز و میهرەبان بن بەرامبەر بە یەكدی. لە خێزان و ژینگەیەكی وادا منداڵەكان بەهرەمەند دەبن و تا ئـەوپەڕی خۆشی و چێژ لەوە دەبینن كە دایك ‌و باوكیان كەسانی تێگەیشتوو و پێگەیشتوون و بایەخیان پێ دەدەن. سەرەتای دەستبردن بۆ پەروەردەكردنی منداڵ، بە ناسینی سروشتی منداڵ دەست پێ دەكات. كەواتە دەبێت سەرەتا سروشتی منداڵ ‎بەتەواوی بناسین و پێی ئـاشنا ببن، ئـەوكات دەزانرێت چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ منداڵدا بكرێت. بۆیە ئەوكاتەی كە زانرا منداڵ كێیە و، خێزان بە باشی لە منداڵ تێ گەیشت ئـەوكات دەتوانرێت هەڵوێست و بڕیارەكان لە پەروەردە و فێركردنی منداڵەكانمان ڕاست و دروست و لۆژیكی بن.

منداڵ كەرەستەی خاوە لە خێزاندا و مرۆڤی ئاییندەی لێ دروست دەكرێت. خێزانی كارامە و ڕۆشنبیر بەتەنگ ژیانی منداڵەوەن ‌و، كار دەكەن لەم كەرەستە خاوە مرۆڤیكی شاد و سەركەوتوو و بەسوود دروست بكەن. بە یەك بەرنامە و شێوازی پەروەردە، كەسایەتیی منداڵ دروست دەكەن و، لە هەڵەی دوو جۆر كەسایەتی (شیزۆفرینیا) ‎دەیپارێزن.

خێزان بە گرنگیپێدان و كاتدانان و پێدانی خۆشەویستی و گوێگرتن لە منداڵ و بەشداریكردن لە یاری و ئـارەزووەكانی منداڵ، هەنگاوی گەورە بە ئـاراستەی دروستی پەروەردە و پێگەیاندنی منداڵ دەنێت. ‎بوونی پەیوەندیی توندوتۆڵی منداڵ لەگەڵ دایك ‌و باوك، منداڵ شاد و ئـاسوودە ده‌كات و هێمای گەشە و پێشكەوتن لە خۆیدا نیشان دەدات. كاتێك خێزان متمانە دەبەخشێتە منداڵ و لێپرسراوێتیی پێ دەدرێت، دەبێتە هۆی متمانەبەخۆبوون و سەربەخۆبوون.

ئـامانج لە پەروەردەی منداڵ لە خێزاندا ئـەوەیە، یارمەتیی منداڵ بدرێت بە دروستی گەشە بكەن و، بەجوانی پێ بگەن و، بە ڕەوشتی باش ڕەفتار بكەن و كۆمەڵایەتی بن ‌و، پشت بە توانا و لێهاتوویییەكانی خۆیان ببەستن ‌و، توانای چارەسەر و تێپەڕاندنی كێشەیان هەبێت ‌و، هەست بە لێپرسراوێتی بكەن و تاكی چالاك و بەرهەمهێنەر بن ‌و، دەست بە ڕەوشتی جوان و بەهای نیشتمانییەوە بگرن، مرۆڤدۆست و ژیاندۆست و ژینگەدۆست بن؛ ئـەو مرۆڤانە بن بەتەنگ ژیان و مرۆڤ و نیشتمانەوە دەبن.

چۆن دڵ و دەروونی منداڵەكەت بۆ خۆت ڕادەكێشیت؟

دایك و باوك بۆ ئەوەی بتوانن هەست و دڵ و دەروونی منداڵەكانیان بۆ لای خۆیان ڕابكێشن، دەبێت پەیڕەوی لە كۆمەڵێك خاڵ بكەن، ئەوانیش خۆیان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبیننەوە:

  1. گوێگرتن و ڕێزگرتنی لە كاتی قسەكردندا.
  2. بەشداریپێكردنی لە كاتی ئەنجامدانی هەندێك كاردا.
  3. جوان پێشوازیكردنی لە كاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە.
  4. پاداشتكردنی لە بەرامبەر كارە باشەكانی.
  5. زیادكردنی خۆشەویستیی نێوانیان، بە یاریكردن لەگەڵی و لەباوەشگرتنی.
  6. دیاری پێشكەشكردن لە كاتی سەركەوتنی لە باخچەی منداڵان ‌و قوتابخانەدا.

چەند پێشنیارێك بۆ تێگەشتی منداڵ و دایك و باوك لە یەكدی:

بۆ ئەوەی دایكان و باوكان وا لە منداڵەكانیان بكەن كە گوزارشت لە هەست و سۆز و كێشە و پێداویستییەكانیان بكەن ‌و، تێگەیشتنێكی باش لە نێوانیاندا هەبێت، دەبێت ڕەچاوی چەند خاڵك بكەن لەوانە:

  1. پێویستە ئەو هەستە لای منداڵ پەیدا بكەن كە ئێوە لە پشتیانن و هەر پێداویستییەكیان بوێت بۆیان دابین دەكەن.
  2. كاتێك ویستت قسە لەگەڵ منداڵەكەت بكەیت، بەپێوە مەوەستە، بەڵكوو دابنیشە و خۆت بخە ئاستی منداڵەكەوە، چونكە قەبارەی ئێوە گەورەترە لە ئەوان و، بێ گومان دەترسن.
  3. ئەگەر منداڵەكەت ویستی شتێكی تایبەتت لە لا باس بكات، ئەوا بیبە ژوورێكەوە و بەتەنیا قسە بكەن.
  4. ئەگەر مندڵەكەت شتێكی گوت و بە دڵت نەبوو، هەوڵ بده‌ هەستی بریندار نەكەی.
  5. هەوڵ مەدەن ڕەخنە لە منداڵەكانتان بگرن لە كاتی قسە كردندا، چونكە ئەمە وای لێ دەكات كە لە قسەكردن لە كاتێكی دیكەدا بترسێت.
  6. كاتێك منداڵەكەت قسە دەكات، قسەی پێ مەبڕە؛ ڕێگە بدە هەموو قسەكانی بكات بەبێ‌ سەپاندنی بیروبۆچوونی خۆت. ئەگەر ئەمە نەكەیت ئەوا منداڵەكەت ڕاستیت لێ‌ دەشارێتەوە.
  7. دڵنیایان بكەنەوە كە گوێیان لێ‌ دەگرن و قسەكانیان گرنگە بۆتان.

كۆتایی:

خێزان بناغەی گۆمەڵگەیە، یەكەیەكی پیرۆز و گرنگە، یەكەمین دەزگه‌ی پەروەرده‌ و گەشەی منداڵە. خێزان ئـەركی گران و دژواری پەروەردەی لە ئـەستۆدایە، چونكە خێزان بە فەرامۆشكردنی منداڵ یان بە شێوازی توند و ستەمكاری، یان بە شێوازی هەڵەی پەروەردەكردن كارەساتی گەورە تووشی ئاییندەی نەوەكان و ژیانیان دەكات. مرڤی بوودەڵە و ترسنۆك و شەرمن و لاواز و ڕەفتار خراپ دەخاتە كۆمەڵگەوە و دەبنە گرفت بۆ خۆیان و كۆمەڵگەیش؛ دەبنە هۆی تێكدانی ئـاسایش و بەختەوەریی مرۆڤەكانی تر. بەپێچەوانەیشەوە ‎ئـەو خانەوادانەی گرنگی بە منداڵ و پەروەردەیان دەده‌ن و لە خەمی ئاییندەی منداڵدان و ‎بە هاوكاری و شارەزایی و دڵسۆزییەوە پەروەردەی منداڵەكانیان دەكەن، بێ گومان تاكی بەسوود و ئـازا و چالاك و بەهێز و هێمن و خوڕەوشتبەرز پێشكەش بە كۆمەڵگە دەكەن.  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples