شانۆی منداڵ: ڕێگه‌یەكی سەردەمییانە لە پەروەردەكردنی منداڵاندا

زاهید حەسەن، مامۆستای بنەڕەتی

سۆما سەرحەد، مامۆستای باخچەی منداڵان

 

پێشەكی

شانۆ بە قوتابخانەی گەلان دادەنرێت. لەسەر تەختەی شانۆ بە ناوازەترین شێوە، بیر و بۆچوون و كێشەكان دەخرێنە ڕوو. بۆیە شانۆ باشترین هۆكارە بۆ گەشەپێدانی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی مرۆڤەكان بەگشتی ‌و منداڵان بەتایبەتی. شانۆی منداڵ بە یەكێك لە نێوەندگیرە باشەكان لە نێوان زانیاری و فێربووندا دادەنرێت، چونكە سروشتی منداڵ بۆ یاریكردن دەجووڵێنێت ‌و ئاستی جوانناسی و ڕەوشتی منداڵ بەرز دەكاتەوە و، هاوكارییان دەكات لە گەشەپێدانی هزری و دەروونی ‌و، خۆشی و پێكەنین دەخاتە سەر لێوی منداڵەكان. ئێمە لەم وتارەدا مەبەستمانە تیشك بخەینە سەر چەمكی شانۆی منداڵان، مێژووی دەركەوتنی، سوود و گرنگی و ئامانجەكانی پشت شانۆی منداڵان و، پێكهاتە ‌و تایبەتمەندییەكانی شانۆی منداڵان.

مەبەست لە شانۆی منداڵان چییە؟

شانۆ هونەری نواندنە، یاخود هونەرێكی جەماوەرییە. شانۆی منداڵیش لقێكە لە لقەكانی هونەر و شانۆ و، بە یەكێك لە وانە گرنگ و كاریگەرەكانی باخچەی ساوایان ‌و ناوەندەكانی خوێندنی منداڵان ناوەزەد دەكرێت، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لە پەروەردەكردنی منداڵدا و، لە ڕێگه‌ی شانۆوە منداڵ تواناكانی خۆی بەرجەستە دەكات و توانای نواندن و لاسایی و جووڵەی بۆ دروست دەبێت.

شانۆ بەشێكی گرنگە لە ئەدەبی منداڵان و، شانۆی منداڵان یەكێكە لە هۆكارە گرنگەكانی ڕۆشنبیریی منداڵان و، هۆكارێكی گرنگیشە لە پەروەردەی منداڵان و گەشەكردنی كەسایەتییان، چونكە منداڵ لە ساڵانی یەكەمی تەمەنییەوە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ نواندندا هەیە و زۆر جار ئەوەی لە ئەندێشە و خەیاڵیدایە، بە نواندن دەری دەبڕێت و، بنچینەی درامای منداڵان یاری و گەمەیە؛ كە ئەمەیش شانۆگەرییەكی خەیاڵئامێزە.

مێژووی دەركەوتنی شانۆی منداڵان

ئەگەر چاوێك بە مێژووی مرۆڤایەتیدا بخشێنینەوە، دەبینین كەوا مرۆڤ لە بارودۆخێكدا وا بەرچاو دەكەوێت كە گەڵای درەختەكان و پێستی دڕندەكانی پۆشیوە و، دەستە دەستە لەنێو ئەشكەوتەكاندا پەنایەكی گرتووە. مرۆڤی سەرەتایی بە ئاوێتەكردنی موزیك و ئاواز و سەما، هونەری نمایش و ئۆپێرای داهێنا. لەناو گەلە سەرەتایییەكاندا سەما زۆربەی كات لاساییكردنەوەی جووڵەی مرۆڤ و ئاژەڵەكان بووە.

شانۆ لە كۆندا بەم دید و تێڕوانینەی ئێستا نەناسرابوو. لە شارستانییەته‌ دێرینەكانی وەك یۆنان و سۆمەری و میسرییە كۆنەكاندا شانۆ هەبووە. زۆرینەی لێكۆڵینەوەكان بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شانۆ، دەچنەوە سەر شارستانییەته‌ كۆنەكان، بەڵام لە هەموویان زیاتر كە بەڵگەی مێژووییی مابێتەوە و تا ئێستا لەبەردەستدا بێت، شارستانییەتی یۆنانییە كۆنەكانە.

شانۆ لای یۆنانییەكان لە بۆنە و جەژنەكاندا لە سەدەكانی چوار ‌و پێنجی پێش زایین سەری هەڵداوە، وەك ئەو جەژنانەی بۆ خوایەك لە خواكانی یۆنان ساز دەكرا كە تیایدا ئاهەنگیان دەگێڕا و سەما و قوربانییان دەكرد. پاشان لە ساڵی 535ی پێش زایینەوە لە ڕێگه‌ی شانۆكاران ‌و نووسەرانی وەك ئەسخیلۆس، یۆربیدز، سۆفۆكلس و تیسپیس، شانۆ پێشكەوتنی جیاوازی بەخۆیەوە بینی ‌و، ئەوانە ڕۆڵی بەرچاویان لە بەرەوپێشچوونی شانۆدا هەبوو.

هه‌روه‌ها سەبارەت بە سەرەتاكانی شانۆی منداڵان، سەرچاوەیەكی ڕوون ‌و پشتبەستوو نییە كە سەرەتاكانی شانۆی منداڵان لە جیهاندا لە ڕووی مێژوویییەوە دیاری بكات، بەڵام لێرەدا چەند بۆچوونێك هەیە كە كۆكن لەسەر ئەوەی سەرەتای شانۆی منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم لە دەوروبەری ساڵانی 1779؛ ئەو كاتەی كە خانمی فەڕەنسی "ستیڤانی دۆگلی نیلی" شانۆنامەی منداڵانی بۆ چینە خانەدانەكان دەنووسی. بەڵام لە ڕووسیادا بایەخدان بە شانۆ، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1918. لە سەردەمی شۆڕشی سۆسیالیزمدا شانۆیەكی منداڵانیان لە مۆسكۆ دامەزراند، كە بنچینە پەروەردەیی و هونەری و دەروونییەكانی لەخۆ گرتبوو. لە ئەمریكایش یەكەم شانۆگەری بۆ منداڵان لە ساڵی 1921 لە شیكاگۆ پێشكەش كرا، بە ناوی "ئەلیس لە وڵاتی سەیروسەمەرەدا". لە دواییشدا چەند پەیمانگه‌یەك بۆ شانۆی منداڵان لە چەند شوێنێكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا دروست بوو، كە هەندێكیان شانۆگەریی تایبەتیان بۆ منداڵە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان پێشكەش دەكرد. لە ئەڵمانیایش، بەتایبەت لە شاری دینكلسبۆڵ، هەموو ساڵێك فێستیڤاڵێكی میللی بۆ ڕێزلێنان لە منداڵان دەكرێت كە شانۆی منداڵانی تیادا نمایش دەكرێت.

هەرچی سەبارەت بە كوردستانە، بەشێك لە نووسەران و هونەرمەندانی كورد پێیان وایە، كە شاعیری گەورەی كورد "گۆرانی شاعیر" یەكەمین كەس بووە كە وشەی "شانۆ"ی لە بری وشەی "مسرح" و "تمثیل"ی عەرەبی و "تیاتر"ی ئینگلیزی بەكار هێناوە و، لە ساڵی 1948دا لە چاپخانەی "معارف" لە بەغدا شانۆنامەی "هاوڕێی منداڵی، مام ڕێوی" بۆ منداڵانی كورد چاپ كراوە. بەڵام لە ڕاستیدا سەرهەڵدانی شانۆی منداڵانی كورد، بۆ بەر لەو ساڵە دەگەڕێتەوە و چەند شانۆگەرییەك بە زمانی كوردی لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەكانی شاری سلێمانییەوە نمایش كراون.

سوود و گرنگی و ئامانجەكانی پشت شانۆی منداڵان

نووسەری دیاری ئەمریكی "مارك توین" (Mark Twain) دەڵێت: "من لەو بڕوایەدام شانۆی منداڵان گەورەترین داهێنانی سەدەی بیستەمە. هەروەك زانراوە نواندن ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ، هەر لە بچووكییەوە تاكوو پیربوون، چ وەك هونەرمەند، یاخود بینەر."

منداڵ لە توانایدا هەیە، لە هونەر بگات و بیانناسێت؛ هەروەها لە توانایدا هەیە بە ڕێگه‌ی نواندن، پێداویستییەكانی بیر و جەستەی خۆی دابین بكات. بۆیە گرنگیی نواندن لەوەدایە كە یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ تێگەشتن لە ژیان و باری كۆمەڵایەتیان؛ هەروەها پەرەپێدانی ژیان لەگەڵ كەسانی تردا و هەستكردن بە بڕوابەخۆبوون، ئەمە سەرباری پڕكردنەوەی كاتی بەتاڵ و حەسانەوەی بیر ‌و ئەندێشەی منداڵان.

شانۆ بۆ منداڵان زۆر گرنگتر و بەنرخترە لە فیلم و سینەما. فیلمەكانی سینەما و تەلەڤزیۆن لەوانەیە بۆ پەروەردەی منداڵ بەسوود بن و، ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی وەلاوە بنرێت زۆر گرنگ نییە و كاریگەریی خراپیان لەسەر پەروەردەی منداڵ نییە. بەڵام شانۆ وا نییە، چونكە شانۆ یەكێك لە شێوازەكانی ڕاهێنانە و ڕۆڵێكی گرنگی لە پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵدا هەیە؛ بۆ نموونە كاتێك كە منداڵان سەرقاڵی یاریكردنن، چەشنێك نمایش دەگێڕن و لەو ماوەیەدا ڕۆڵی گەورە پرۆڤە دەكەن، هەر بۆیەیش دەتوانین بڵێین ناتوانرێت شانۆ لە ژیانی منداڵ جیا بكرێتەوە.

بۆیە دەكرێت بڵێین دیارترین سوود ‌و گرنگی ‌و ئامانجەكانی شانۆی منداڵان بریتین لە:

  1. لە ڕێگه‌ی شانۆی منداڵانەوە، منداڵ هەست و بیری خۆی دەربڕێت.
  2. ڕەخساندنی هەل لە بواری هەرەوەزی كۆمەڵایەتی، ئەمەیش یارمەتی دەدات بۆ تێگەشتن لە خۆی و دەوروبەرەكەی. بەمەیش ڕۆحی كۆمەڵایەتی و پەیوەندی و سازانیان گەشە دەكات.
  3. نمایشی شانۆیی دەتوانرێت وەك شێوازێكی پەروەردەیی بەكار بهێنرێت.
  4. نمایشی شانۆیی، هێزی بەرهەمداری لە منداڵدا پێش دەخات، بەتایبەت ئەگەر خودی منداڵان لە ڕۆڵەكانی خۆیاندا ئازادییان هەبێت.
  5. ئەنجامدانی شانۆ لە لایەن منداڵەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كە هەست بە هێز و توانایی بكات و متمانەبەخۆبوونی لا دروست ببێت.
  6. شانۆ دەبێتە هۆی ئەوەی كە پەیوەندیی هاوڕێیەتیی نێوان منداڵان بەهێز بێت و هەمیشەیی بێت و هاوكاریی هەرەوەزییان تیادا دروست ببێت.
  7. توانای دەربڕین و گوزارشتكردنی منداڵ لە ڕێگه‌ی شانۆوە گەشە دەكات.
  8. خۆشی و شادییەكی زۆر بە منداڵ دەبەخشێت.
  9. فەرهەنگی وشەی زمانەوانییان دەوڵەمەندتر و ڕەنگینتر دەبێت.
  10. بیر و هۆش و ئەندێشە و تێگەیشتن و هەست و سۆزیان فراوانتر دەبێت.
  11. زیاتر بڕوایان بە توانای خۆیان دەبێت، بەتایبەت ئەو منداڵانەی كە بەشداری لە نواندنەكاندا دەكەن.
  12. منداڵان لەسەر بوێری و ئازایەتی ڕادەهێنێت.
  13. حەزی خۆدەرخستن و دەربڕین و توانا و چالاكییەكان زیاتر دەبێت.
  14. گەلێك داب و نەریتی پەسەندی كۆمەڵایەتی و بەهای بەرزی ڕەوشتی لە ڕێگه‌ی شانۆوە فێر دەبن.

پێكهاتە سەرەكییەكانی شانۆی منداڵان

یەكەم/ بیرۆكە: بیركردنەوە سەرەتای هەموو كارێكە. هەڵبژاردنی بیرۆكەی تێكستی شانۆی منداڵان گرنگ و هەستیارە؛ پێویستە پەیوەندیی بە گەشەكردن و پەروەردە كێشەكانی منداڵانەوە هەبێت، لەگەڵ قۆناغەكانی گەشەی تەمەنیدا بگونجێت و ئاسان و ڕوون بێت، هه‌روه‌ها لە توانای تێگەیشتنی منداڵ بەدەر نەبێت. بیر و ئەندێشە ڕۆڵێكی گرنگ لە ژیان و گەشەسەندنی زانیارییەكان لە لای منداڵ دەگێڕێت. چیرۆكە خەیاڵی و خەیاڵییە زانستییەكان، یارمەتیدەر و ڕۆڵێكی باش دەگێڕن لە دۆزینەوەی ئەو جیهانەی كە دەوری منداڵی داوە. ئەندێشە بۆوچونی زیاتر لە منداڵدا بەهێز دەكات، بەو پێیەی هەڵگری ڕوانینێكی زیادە كە بەشوێن چارەسەردا دەگەڕێت بۆ ئەو كێشانەی كە لە قۆناغە جیاوازەكانی تەمەنیدا تووشی دەبێت. ئەندێشەیش مرۆڤ بەرەو ئاكام بەڕێ دەكات، كە لە ڕێگەیەوە دەگاتە بڕیارەكانی؛ نایشبێت ئەوەمان لەیاد بچێت كە ئامانج لە پێشكەشكردنی شانۆی منداڵان، بریتییە لە چێژ و زانستبەخشین بە منداڵ.

دووەم/ بابەت: پێویستە بابەتەكانی تێكستەكانی شانۆی منداڵان پەروەردەیی بن، خۆشەویستی و جوانی و ڕەوشت و بەهای بەرز بەرجەستە بكەن، پەیوەندییان بە خواستەكانی منداڵانەوە هەبێت، هیوا و گەشبینی و بڕوا و سەركەوتن بخەنە دڵیانەوە و، بەپێی قۆناغەكانی تەمەنی منداڵ بن.

سێیەم/ تەكنیك: واتە چنین و شێوازی داڕشتنی كارە ئەدەبییە هونەرییەكە، دەبێت بە جۆرێك بێت كە ڕووداوەكان یەك لە دوای یەك بن (دەستپێك، سەركەوتن، لووتكە، شیكردنەوە، چارەسەر و كۆتایی)، لەگەڵ قۆناغەكانی تەمەن بگونجێن و بەهای ڕۆشنبیری لەدەست نەدەن. پێویستە وشەكان و ڕستەكان لە توانای تێگەیشتنی منداڵدا بن، بواریش بۆ جووڵە و یاری و گۆرانیی منداڵان بڕەخسێنن و خۆشی و شادییان پێ‌ ببەخشێت؛ كۆتایییەكەیشی بە سەركەوتنی باشە بەسەر خراپەدا كۆتاییی پێ‌ بێت.

چوارەم/ كەسایەتییەكان: كەسایه‌تییەكانی شانۆی منداڵان، مرۆڤ بن (منداڵ، گەورە) یان ئاژەڵ، باڵندە و شتی تر بن یان هاوبەش بن، پێویستە كەسایه‌تییەكان نموونەی باش بن و ڕۆڵیان لەگەڵ كەسایه‌تییان و ئاستی ڕۆشنبیرییاندا بگونجێت. منداڵان بەزۆری چاولێكەرن؛ لەوانەیە بە ڕۆڵەكان سەرسام بن.

پێنجەم/ دیالۆگ: دیالۆگ پێكهاتەیەكی تری شانۆی منداڵە؛ هەست و هۆشی منداڵ دەورووژێنێت و گرنگی و بایەخ و سەنگی خۆی هەیە. پێویستە دیالۆگەكان پەیوەندییان بە بابەتەكەوە هەبێت، زمان و دیالۆگ سادە بێت و لەگەڵ تەمەنی منداڵدا بگونجێت. پێویستە دیالۆگەكان لەگەڵ ئاستی جیاوازی ڕۆشنبیریی كەسایەتییەكاندا بگونجێن.

شەشەم/ سیمبولەكان (ڕەمزەكان): ڕەمزەكان لە ناسینی ململانێكان و نەهامەتی و كێشەكان، یارمەتیی منداڵ دەدەن. ئەوەی گرنگیی سیمبولەكان زیاد دەكات (ڕوونی و ئاشكرایی) تیایە؛ بە جۆرێك، نابێت لە تێگەشتندا داخراو و ئاڵۆز بن. لە هەمان كاتدا لە ڕاڤەكردندا ئاستەم نەبن، چونكە ئەگەر بەپێچەوانەوە بن، ئەوكات بە لای منداڵەكەوە ئاستەم دەبێت كە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. هەر بۆیە سیمبولی ئاڵۆز منداڵ لە ڕێگەیەوە ناگاتە ئەو ڕاستییەی كە دەیزانێت و تیایدا ژیان دەگوزەرێنێت؛ دەیخاتە بارێكی ونبوون و داشكان و دوودڵییەوە.

تایبەتمەندییه‌كانی شانۆی منداڵان

شانۆ جۆرێكی بنەڕەتیی هونەرە بۆ پەیوەندیكردن لەگەڵ منداڵ و گوزارشتكردن لەو جیهانە تایبەتییەی كە هەیەتی. لێرەدا تێگەیشتنی هاوبەش هەیە لە نێوان منداڵ و شانۆ وەك "لاسایكردنەوە" و "ئاوێتەبوون"؛ بە جۆرێك كە منداڵ دەیەوێت تێكەڵاوییەكی بەهێزی لەگەڵ نزیكەكان هەبێت، هەروەك چۆن مەیلی ئاوێتەبوونی لە گرووپێكدا هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا كۆمەڵێك ڕەگەزی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە، وەك خەیاڵ، گفتوگۆكردن، دەربڕینی هەڵوێستی ناخیان، لە یارییە تاكی و كۆمەڵییەكان. ئەم هۆكارانە پێویستە لە كاتی نووسینی دەقی شانۆی بۆ منداڵدا لەبەرچاو بگیرێت. نووسینی شانۆ بۆ منداڵ، جیاوازە لە نووسینی شانۆ بۆ گەورەكان، چونكە منداڵ جیهانێكی تایبەتی هەیە كە ڕاستی تێكەڵ بە خەیاڵ دەكات و، گرنگیپێدانەكانیان بۆ كۆمەڵێك بابەتی تایبەت بە خۆیانە. شانۆی منداڵ كۆمەڵێك تایبەتمەندی پێشكەش دەكات، بە جۆرێك كە پێویستە سروشتی قۆناغی تەمەنی ئەو منداڵە لەبەرچاو بگیرێت كە پیایدا تێپەڕ دەبێت، كە دەبێت ئەو شانۆیە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا بگونجێت. هەروەها پێویستە لە نووسینی شانۆ بۆ منداڵ هۆشیارییەكی زۆرمان هەبێت لە ڕەفتاری منداڵ و داب و نەریتەكانی، وەكوو: مەیلی ئەو منداڵە بۆ یاریكردن لەگەڵ هاوەڵەكانی و لاساییكردنەوەی كەسانی تر و سەرسووڕمانی منداڵ بە پاڵەوانەكانی ناو چیرۆكە ئەفسانەیییەكان. بەكورتی پێویستە پێشكەشكردنی شانۆ بۆ منداڵ ڕەگەزی خۆشیدەربڕین و پێكەنینی لەخۆ گرتبێت، یاخود خستنەڕووی فكرەیەك بێت بۆ منداڵەكە، هەروەك چۆن بیرمەندی میسری "زەكەریا ئیبراهیم" دەڵێت: "ئەزموونی پەیڕەوكراو لەسەر منداڵ ئەوە دەردەخات کە پەیوەندییەكی زۆر بەهێز لە نێوان پێكەنین و هەڵچوونی دەروونی منداڵاندا هەیە؛ بە بەڵگەی ئەوەی منداڵ بە هەندێك ڕووداو دەگری و لە هەمان كاتیشدا دەتوانێت بە كۆمەڵك ڕووداو دڵخۆش بێت." بە واتایەكی دیكە، ڕۆح و دەروونی منداڵ لەگەڵ گەشەكردنی لایەنە دەروونییەكاندایە و دەروونی ئاسوودە دەبێت بەو ڕووداوە دڵخۆشكەرانەی كە ڕوو دەدەن.

نووسەری شانۆی منداڵ لە كاتی وتووێژكردن لەگەڵ منداڵ، دەبێت بیرۆكەی خەیاڵی لای منداڵ لەبەرچاو بگرێت، هەروەك چۆن منداڵ لە تەمەنی منداڵی و لە قۆناغەكانی سەرەتای قوتابخانە، زۆربەی كات بە شوێن هاوڕێدا دەگەڕێت‌ تا یاریی لەگەڵ بكات و لەگەڵیان دڵخۆش بێت و كاتەكانی خۆی لەگەڵیان بەسەر بەرێت. بەرزیی ئاستی خەیاڵ لای منداڵ، وا دەكات زۆربەی كات وێنەی خۆی لای منداڵی دیكە ببینێتەوە، یان وێناكردنی ئەو ئاژەڵە ماڵییانەی كە حەز بە بینینیان دەكات. پیادەكردنی ئەم پرۆسەیە لای منداڵ، دەبێت لەوەوە دەست پێ بكات كە جۆرێك لە یەكگرتن لە نێوان نووسەری شانۆ لەگەڵ ئەكتەرەكان دروست ببێت؛ لێرەدا تێكەڵكردنی ڕاستی بە خەیاڵەوە لەسەر ڕەگەزی جووڵە دەوەستێت؛ هەروەك لە شانۆی "مۆلۆدراما" ئەكتەرەكە لەگەڵ خۆی دەدوێت، لە كاتێكدا وا نیشانی ئێمەی دەدات كە قسە لەگەڵ یەكێكی دیكەدا دەكات بەڵام بینەر نایبینێت. بەشێكی زۆری ئەو نووسەرانەیش كە شانۆی منداڵ دەنووسن، باوەڕیان وایە كە دەبێت شانۆی منداڵ بە چیرۆك دەست پێ بكات و كۆتاییی پێ بێت، چونكە چیرۆك لە جیهانی منداڵ خەیاڵ و خۆشحاڵییەكی زۆر بە منداڵ دەبەخشێت و، سوودێكی دیكەی ئەوەیە كە منداڵ خێراتر لەگەڵ ڕووداوەكانی نێو چیرۆكەكە پەیوەندی دروست دەكات. هەر كەسێك كە شانۆی منداڵ دەنووسێت، دەتوانێت لە چوارچێوەی خستنەڕووی بابەتەكە كۆمەڵێك بیرۆكەی نوێ‌ بۆ منداڵ بخاتە ڕوو كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لای ئەو منداڵە، لەبەر ئەوەی زۆر كات منداڵ كەسایەتیی خۆی بەراورد دەكات بە كەسایەتیی ئەو كارەكتەرەی كە لەسەر شانۆكە دەیبینێت؛ لەم ڕێگەیەیشەوە ئەو كارەكتەرە دەبێت بە سەركردەیەكی باش بۆ ئەو منداڵە.

بۆیە ئەو بابەتانەی پێویستە لە شانۆی منداڵدا هەبێت، خۆی دەبینێتەوە لە:

  1. چیرۆكی كەلەپووری و میللی، وەكوو: سەندرێلا، شازادە و پاشا، شوان و مەڕەكانی.
  2. چیرۆكی ئەفسانەیی كە باس لە بەسەرهاتێكی خۆش بكات.
  3. چیرۆكی كەسە پاڵەوانەكان ‌و كەسە باشەكان ‌و ئەوانەی هاوكاری پێشكەش بە هەژار و بێهێز و لاوازەكان دەكەن، دەگرێتەوە.
  4. چیرۆكە مێژوویییەكان كە بەسەرهاتێكی مێژوویی بگێڕێتەوە، بە زمانێكی منداڵانە، بە شێوەیەكی سادە و ساكار لە چەند دیمەنێكی چەند خوله‌كیدا.
  5. ژیانی ڕاستەقینە كە گوزارشت لە ژینگەی دەوروبەری منداڵەكە، ماڵەوە، فێرگە و كۆڵان بكات.
  6. بەسەرهات و ژیانی كەسایەتیی ناوداری كورد كه‌ چۆن خۆی پێ گەیاندووە، داهێنانەكانی چی بوون، وتە بەنرخەكانی چی بوون.
  7. دەربڕی دەروون وەك چیرۆكی ناخی یەكێك لە منداڵەكان، چۆن ئەو منداڵە پێی خۆشە بێتە پزیشك، یان ئەندازیار، وەك ئاواتێك بكرێتە شانۆگەرییەكی كورت.
  8. پێویستە دەقەكە، كەم و پوخت و سادە بێت.
  9. كورتیی ماوەی نمایشەكە.
  10. گرنگیدان بو ڕووناكی و ڕەنگ و ڕازاندنەوەی سەر تەختەی شانۆ.

لە هەمان كاتدا گرنگە شانۆی منداڵان لە ڕێگەی نواندنەوەوه‌ جۆرێك لە پیشە بۆ منداڵ پێشنیار بكات، كە ئەمەیش پێی دەگوترێت "پیشەی شانۆی منداڵ" وەكوو:

  1. پیشەی پاداشتكردن (پاداشتكردن، ڕاهێنانە).
  2. پیشەی دەروونی (بێئارامی لە منداڵدا دەڕەوێنێتەوە).
  3. پیشەی فێركاری (پرۆسەی فێركاری خێرا دەكات).

 

كۆبەند

لەكۆتاییدا پێشبینیی ئەوە دەكەین كە:

  • زۆر گرنگە سەنگ و پێگە و قورساییی شانۆی منداڵ، بەرز بنرخێنرێت.
  • وانەكانی قۆناغی فێركردنی منداڵ گرنگیی زیاتری پێ بدرێت، بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەروەردەیەكی باش لەو بوارەدا.
  • پێویستە پێگەی شانۆ لە وانەكانی خوێندنگه‌دا بەرز بنرخێنرێت.
  • لە بەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەیییەكاندا، پێویستە پشت بە شانۆی منداڵان ببەسرێت.
  • منداڵی كورد لە ڕێگەی شانۆی منداڵانەوە پەروەردەیەكی تەندروست بكرێن.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples