ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، کەى و چۆن سەریان هەڵدا؟

ئارى ڕەفیق / ماستەر لە کۆمەڵناسى

زنجیرەى چوارەم

بەر لەوەى بچمە ناو وردەکاریى سەرەتاکانى دەستپێکردنى کاروبارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان، دەمەوێ ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەو خاڵەى کە، ڕاستە لە کۆمەڵگەکاندا دامەزراوە مەدەنییەکان بەپێى فۆرمى کارکردن و ژمارەیان و یاسا و ڕێنماییی کارکردنیان وەک یەک نین و لە یەکترى ناچن، بەڵام چەند مەرجێکى ڕیشەیی هەن کە وەک مەرجى پێشینەى کۆمەڵگەى مەدەنى دەناسرێنەوە. هەر یەک لەم مەرجانە ستراکتۆرى بیناکردنى کۆمەڵگەى مەدەنیى تۆکمە و کامڵى بەها و دامەزراوەکانى ئەو بوارەن؛ دەیشکرێ لە دەرەوەى ئەو مەرجانە دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بەپێى یاساکانیش بێنە کایەوە، بەڵام لەبەرچاوگرتنى ئەو مەرجە پێشینەیییانە، چوارچێوەى کارکردنى یاسایى و لۆژیکیى کۆمەڵگەى مەدەنى مسۆگەرتر دەکەن.

مەرجی پێشینەى کۆمەڵگەى مەدەنى:

  • مەرجی پێشینەى سیاسیی کۆمەڵگەى مەدەنى:

کۆمەڵگەى مەدەنى لەو کۆمەڵگەیەدا سەر هەڵدەدات کە بە پلەیەکی بەرزى سەقامگیریی سیاسی (الاستقرار و الصبات السياسي) گەیشتبێت. سەقامگیریی سیاسیی دوورمەودایش لەو وڵاتەدا دەچەسپێ کە دەوڵەتێکی بەهێز و سەربەخۆ و خاوەن دەستوور بێ. بەڵگەیشمان بۆ سەلماندنى ئەم قسەیە، هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە ئێستا بەوە ناسراون کە کۆمەڵگەى مەدەنیی تۆکمە و بەهێز و کامڵیان تێدا چەسپاوە؛ لە هیچ قوژبنێکی سەر ئەم زەوییە ناوچەیەک نابینینەوە کە بەبێ بوونى دەوڵەت یان سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵگەى مەدەنى تێیدا بەرجەستە بووبێت.

خودى چەمکى کۆمەڵگەى مەده‌نی، پەیوەندیى بە سەرهەڵدانى دەوڵەتى نەتەوەیییەوە هەیە، بۆیە دەشێ لە واقعى کوردستانیشدا گریمانە سەرەکییەکەمان ڕوویەکی ڕاستەقینەى هەبێت. هەر بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى ڕاست و دروست و بەهێز بینا بکەین.

سەقامگیریی سیاسی و هەبوونى دەستوور و ئاسایش، مەرجى پێشینەى کۆمەڵگه‌ى مەدەنین. تا سەقامگیریی سیاسی و دەستوورێکی نووسراوى ڕاگەیەنراو نەبێ کە بەرگرى لە مافی تاکەکەسانى کۆمەڵگە بکات، زۆر ئەستەمە بتوانرێ کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى "ڕاستەقینە" بێتە ئاراوە. کۆمەڵگەى مەدەنی لە کەشوهەواى ئاژاوەى سیاسی و شۆڕشگێرى و شەڕوشۆڕدا گەشە ناکات؛ کۆمەڵگەى مەدەنی، بوونى خۆى لەناو دەوڵەتدا دەدۆزێتەوە.

٢-  مۆدێرنیته‌ و کۆمەڵگه‌ى مەدەنى:

کۆمەڵگەى مەدەنی، باسێکە پەیوەندیی بە چەمکی مۆدێرنیتەوە هەیە؛ واتە کۆمەڵگەى مەدەنی دەکەوێتە چوارچێوەیەکى لەخۆ بەرفراوانتر و قەبەترەوە کە مۆدێرنیتەیە. مۆدێرنیتە ئاراستەیەکی فەلسەفی و ئەخلاقییە بۆ ناسینی ئەمڕۆ، یان سەردەم؛ ئاراستەیەک بۆ دابڕان لە نەریتەکان. بێ گومان ئەم ئاراستەیە جۆرێک لە که‌لتوورى سیاسیمان بۆ بەرهەم دەهێنێ کە لەگەڵ کۆمەڵگەى مەدەنی تێک دەکاتەوە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو کۆمەڵگەى مەدەنی بەو شێوەیەی کە لەم ڕۆژگارەدا لێی دەدوێین و مشتومڕ لەسەر ئەنجامەکانى دەکەین، چەمکێکە ڕاستەوڕاست پەیوەندیی بە "بیری نوێ"وە هەیە.

  • مەرجى ئابووریى کۆمەڵگه‌ى مەدەنی:

لە ڕووی مێژوویییەوە کۆمەڵگەى مەدەنی دواى ئەوە هاتە ئاراوە، کە سیستەمێکی ئابووریی ئازاد (سەرمایەدارى) لە ڕۆژاوادا دروست بوو. جگە لەمە بە شێوەیەکی گشتى "کۆمەڵگەى مەدەنی" لەسەر بنەمایەکى ئابوورى دامەزراوە؛ تا ئەو بنەمایە پتەو نەبێت و مرۆڤەکان ئازادیى ئابووری دەستەبەر نەکەن، ناتوانن ئازادییەکانى تر و مافە مەدەنییەکان بەکردەوە وەدەست بێنن.

4- مەرجە کۆمەڵایەتییەکان:

أ. دابەشکردنى کارى کۆمەڵایەتی:

بۆ کۆمەڵگەى مەدەنی، پێویستە لانى کەمى دابەشکردنی کارى کۆمەڵایەتى هەبێت. واتە جۆراوجۆرى و هەمەچەشنى لە بونیادى کۆمەڵایەتیدا هاتبێتە ئاراوە، ئەویش لە ئەنجامى پەرەسەندنی بونیادى کۆمەڵایەتییەوە.

ب. کایەی گشتی:

بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگەى مەدەنی، پێویستە لەو بەشانەى ستراکچەرى کۆمەڵایەتى بکۆڵنەوە کە پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بەوەوە هەیە.

 لە تێڕوانینى کۆمەڵناسیدا کۆمەڵگە بۆ سێ کایە دابەش دەکرێت:

- کایەی تایبەتی: (خێزان و پەیوەندیی خزمایەتى و موڵکایەتیی تاکەکەسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان).

- کایەی دەوڵەتی: (دەسەڵاتی سیاسی و دامودەزگه‌ حکوومییەکان).

- کایەی گشتى: (دامەزراوە و ڕێکخراوە پیشەیی و هونەرییەکان و سەندیکا و دەزگه‌ و کۆمەڵە ڕۆشنبیرییەکان)؛ کە ئەمەیان دەکەوێتە نێوان کایەی تایبەتى و دەوڵەتییەوە.

ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى لە هەرێمى کوردستاندا، کەى و چۆن سەریان هەڵدا؟

بەر لە ڕاپەڕینى ساڵى 1991 بە هۆى باڵادەستبوونى حوکمێکى تۆتالیتارییانەى شموولى، زەمینەى کارکردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى نەک تەنیا لەبار نەبوو، بەڵکوو جگە لە چەند ڕێکخراوێکى کەمى سەر بە حزبى دەسەڵاتداری بەعس، هیچ کەس بوارى ئیشکردن و ئازادیى قسەکردنیشى پێ نەدەدرا. دواى ئەو قۆناغەیش دەرهاوێشتەکانى جه‌نگى ناوخۆیى، قۆناغى کارکردنى ڕێکخراوە مەدەنییەکانى لە چوارچێوەیەکى سنوورداردا هێشتەوە و کەمترین ڕێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى، دروشمى ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتییان لە چوارچێوەیەکى کرداریدا هەڵگرتبوو. دەکرێ بگوترێت "باڵادەستبوونى حوکمێکى سیاسییانەى تۆتالیتار لە ساڵانى بەر لە پرۆسەى ئازادیى کوردستان و دواتر ناسەقامگیریى سیاسى و جه‌نگى ناوخۆیى لە ساڵانى نەوەدەکان و دواتریش پڕۆسەى ئازادیى عێراق"، پەرەپێدان و کارکردنى دامەزراوە مەدەنییەکانى دوا خست و تێگەیشتنێکى ناڕۆشن و ئەزموونێکى ناکامڵى لە کارکردنى ڕێکخراوەییى هێنایە کایەوە؛ بە جۆرێک کە کەمترین ئۆرگانى مەدەنى لە فۆرمى کردەییدا توانیویەتى لەگەڵ "چوار ڕەگەزە سەرەکییەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى" خۆى بگونجێنێ کە بریتین لە :

  • کۆمەڵگه‌ى مەدەنى: کردەیەکى ئازادانەى خۆبەخشە .
  • کۆمەڵگه‌ى مەدەنى: کردەیەکى ڕێکخراوە (منظمە).
  • کۆمەڵگه‌ى مەدەنى: قبووڵکردنى ڕاى جیاواز و قبووڵکردنى فرەڕەنگییە.
  • کۆمەڵگه‌ى مەدەنى: هەوڵنەدانە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتى سیاسى.

بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوە کوردستانییە ناحکوومییەکانیش لە هەرێمى کوردستان پەرەی سەند و، لە ساڵی 1993 له‌ پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (18)ی تایبەت بە "کۆمەڵەکان، سەندیکاکان، یەکێتییە پیشەیییەکان، ناوەند و بنکە و سەنتەرە ڕووناکبیرییەکان، یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتییەکان" دەرچوو، بۆ ئەوەی ئەم دەزگه‌یانە لە چوارچێوەی یاسایەکی دیاریکراودا کار بکەن. دواتریش یاسای ژمارە (15)ی ساڵی 2001 تایبەت بە "ڕێکخراوە کوردستانییە ناحکوومیەکانی هەرێمی کوردستان" دەرچوو .

بەپێی ئەم یاسایانە هیچ ڕێکخراو و ناوەند و بنکە و سەنتەرى ڕۆشنبیرى و یەکێتیی پیشەیى، بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی "ناوخۆ" نەیانتوانیوە دابمەزرێن و، پێویست بووە لەسەر بنەماى بەندەکانى ئەم یاسایانەى سەرەوە پەیڕەوی ناوخۆیان دابڕێژن، تا بتوانن کار و پڕۆژەى یاسایییانە و ئاسایییانەى خۆیان پەرە پێ بدەن. ژمارەی ئەو ڕێکخراو و سەنتەرانەی کە تاکوو ئێستا لەبەردەستدان و ڕەزامەندیی دامەزراندنیان بۆ کراوە، دەگاتە نزیکەی (٢٨٠٠) "ڕێکخراو و کۆمەڵە و سەنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵە و سەندیکا و یەکێتیى پیشەیى" لە سنووری پارێزگه‌کانی هەولێر و دهۆک و سلێمانى و کەرکووک و ئیدارەى گەرمیان و، مۆڵەتى یاسایییان وەرگرتووە  و لە فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کراون. ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراوانە زۆرینەیان بەپێى ناواخنى پرۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆیان ئیش لەسەر بڵاوکردنەوەى "هۆشمەندیى کۆمەڵایەتى و پرسەکانى توندوتیژیى دژ بە ئافرەتان و پەرەپێدانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و چارەسەرى گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان" لە هەرێمى کوردستاندا دەکەن.

شایانی باسە ئەم کۆمەڵە و ڕێکخراو و سەنتەرانە، بەشێکیان بەگوێرەی تواناى ماددى و مرۆیییان، هەوڵیان داوە پڕۆژەى بنیاتنەرانە جێبەجێ بکەن و، بەشێکیشیان تەنیا ناوى سەر وەرقەن و نەیانتوانیوە یەک خاڵ لە ئامانجەکانى پەیڕەوى ناوخۆیان پراکتیزە بکەن کە لە بنەڕەتدا بۆى دامەزراون و پێى دامەزراون.

 دامەزراندنى ئەم ژمارە زۆرەى ڕێکخراو و کۆمەڵەکان بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان، پێشبینیى کار و پڕۆژەى گەورەتر و ڕۆڵ و کاریگەریى گۆڕانخوازانەى گوشارهێنانەى زیاتریان لێ دەکرا؛ بەڵام لە لایەک پابەندبوونی توندی کۆمەڵگەی کوردستان بە نۆرم و نەریتی کۆمەڵایەتی و سنووردارکردنى ئازادییەکانى تاک لە دامەزراوەى خێزاندا و بەریەککەوتنى ئاراستەکانى بیرکردنەوەى هەر دوو جیلى کۆن و نوێ، لە لایەکى تریش کەمئەزموونى ڕێبەرانى کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە ئاست تێگەیشتن لە پرەنسیپەکانى کارکردنى ڕێکخراوەیى، کارنامەى دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى لە چوارچێوەیەکى سنوورداردا قەتیس کرد.

بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە لە پێکهاتەى کۆمەڵایەتى، پێویست بە داڕشتنى پڕۆژەى درێژخایەن و ستراتیژییەتى فرەلایەن هەیە. بەڵام ئەو هەوڵانەى کە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان و لە لایەن ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنییەوە بە ناوى ئەجێنداى ڕێفۆرمى کۆمەڵایەتى دراون، لە چوارچێوەی "کۆنفراسەکان و دواتر بەدوادانەچوونى ڕاسپاردە و پێشنیارەکان، هەروەها سیمینار، وۆركشۆپ" تێ نەپەڕیوە. زۆربەی جار بەشداربووانی ئەم چالاکییانە هەر ئەندامانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنى بوون و پەیامەکانیان نەگواستۆتەوە بۆ دامەزراوەى خێزان و فەرمانگە و گەڕەک و گوند و ناحیە و قەزاکان. هەر بۆیە  ڕێژەیسیانە دەتوانین دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە "سوودی ئەم جۆرە چالاکییانە لە سنووری تاکەکانی ناو ڕێکخراوەکان تەجاوزى نەکردووە."

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples