کۆمەڵگەى کوردى، لە قۆناغى گۆڕانى کۆمەڵایەتییەوە بەرەو قۆناغى ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى

چەمکى گۆڕانى کۆمەڵایەتى چییە؟ لێکەوتەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، ئاستەنگەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، پوختەیەک لە تیۆرییەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى و کۆمەڵگاى کوردى لە کوێى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتیدان؟   

چەمکى گۆڕانى کۆمەڵایەتى چییە؟

پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى لە چوارچێوە گشتگیرەکەیدا بە ماناى گۆڕانکاری دێت لە تەواوى "ڕایەڵ و فۆرمى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان"، لەگەڵیشیدا گۆڕانى کۆمەڵایەتى چەمکێکە هاوشان لە تەنیشت پڕۆسەى گۆڕانى "دونیابینیى کۆمەڵگا"دەڕوات. ئەم دوو ئاراستەیە لە پرۆسەى گۆڕاندا کاتێک دەبنە "گۆڕانى کۆمەڵایەتیى ڕاستەقینە"، کە کاریگەرییەکانى ڕەنگ بداتەوە لەسەر ڕەفتارى تاک و کۆڕەفتار و بیرکردنەوە و فۆرمى بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا و بەریەککەوتنى کۆمەڵایەتى و تێگەیشتنى کۆى کۆمەڵگا لە هەمبەر پرسەکانى بەکەمنەڕوانینیان بۆ ڕەگەزى ژن و پرسى یەکسانى و پێکەوەژیانى ئایینى و ئیتنیکى و مەزهەبى و سەروەریى یاسا و کارکردنى مرۆڤدۆستانە.

بۆیە دەگوترێ پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، هەموو جۆرە(بارگۆڕینێکە) لە دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ڕووى "بونیاد" و "ئەرک"ه‌وه‌ لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا. ئەم شێوە ناساندنە لەگەڵ بۆچوونى "داڤیز"دا یەک دەگرێتەوە کە پێی وایە:

لە لایەکى دیکەشەوە دەکرێ بڵێین گۆڕانى کۆمەڵایەتی بریتییە لە بارگۆڕین لە کۆى هێڵەکانى ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی، بەبێ جیاوازى لە پێکهاتە و لە بونیاد و ئەرکەکاندا.

پڕۆسەى گۆڕان لە کۆمەڵگەدا هەندێ جار بە "قۆناغبەندى" ڕوو دەدات و هەندێ جاریش گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە شێوەى "لەناکاو" دێتە کایەوە، وەک ئەو گۆڕانە کۆمەڵایەتییانەى لە لێکەوتەى شۆڕشەکان دروست دەبن. هەروەها، دەشێ گۆڕان بە سیستماتیکى لە ئەنجامی "داڕشتنى پلانەوە" بێتە ئاراوە، دەشکرێ بەبێ هیچ ئامادەکارییەک، واتا بە ناسیستماتیکى ڕووبدات. بەڵام بیرمان نەچێ کۆمەڵگاکان ناگۆڕێن بەو ڕێژەیەى کە خودى پرۆسەى گۆڕان پێویستیەتى و دەیهەوێ. بۆ نموونە زۆربەی جار گۆڕان لە ئەنجامى بەرپاکردن و سەرکەوتنى شۆڕشدا، شەپۆلی "توندوتیژی" لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ.

ڕاستییەکى تاڵیش هەیە هەمیشە زۆربەى بزووتنەوە گۆڕانخوازەکان "سوودیان بۆ بەشێک لە خەڵک زیاترە لە بەشێکی تر"، لەوانەیە جۆرێک لە سزاشى هەبێت بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا، لەبەر ئەم هۆکارە سەرهەڵدانى هەندێک "بزاوتى بەرەنگاربوونەوە" دژ بە پرۆسەى گۆڕان  ئاسایییە و ڕوو دەدات. بۆیە هەموو پڕۆسەیەکى گۆڕانی کۆمەڵایەتی چەند ئەنجامێکى سوودمەند لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، هەروەک بەرگەى چەند ئەنجامێکی ناخۆشیش دەگرێت.

بە مانایەکى تر کە وتمان گۆڕانى کۆمەڵایەتى، واتا پێویست دەکات گۆڕانکارى لە پێکهاتەى سیستەمى کۆمەڵایەتیدا دروست ببێ و، کۆمەڵگا لە قاڵب و قۆناغێکى کۆنەپارێزى نەریتیى چەقبەستووەوە بۆ قاڵب و قۆناغێکى پێشکەوتووى کۆمەڵایەتى بگۆڕێت.

لە ڕاستیشدا چەمکى گۆڕانى کۆمەڵایەتى چەمکێکى تەواو کۆمەڵناسانەیە، وەلێ کە دەچێتە قۆناغى پراکتیزەکردنەوە، خودى ئەم چەمکە کۆمان دەکاتەوە لەگەڵ چەمک و بوارەکانى "زانستى سیاسى و ئابوورى و مرۆڤناسى و مێژوو و بەشەکانى دیکەى پەیوەست بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان".

لێکەوتەکانى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى

لە ئەنجامى خستنەڕووى شوناسى چەمکى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، ئەوەشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە هیچ فۆرمە گۆڕانێکى کۆمەڵایەتى بەبێ ئەم لێکەوتانەى خوارەوە ناتوانرێ هەوڵ و هەنگاوەکانى، مایەى گەشبینییەکى دوورمەودا بێ. بۆیە ئەم لێکەوتانەى خوارەوە کاتێک لە پرۆسەکەدا دەر کەوتن ئەو کاتە دەتوانین وەک پرۆسەى "گۆڕانى کۆمەڵایەتیى ڕاستەقینە" ناوى بنێین، لێکەوتەکانیش ئەمانەن:

- پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، پێش هەر گۆڕانکارییەکى تر، گۆڕانکارى لە دەزگاى خێزاندا دروست دەکات، لە ڕووى قەبارە و وەزیفەکانى و شێوەى پێگەیاندن و نەریتى پرۆسەى هاوسەرگیرى و شێوەى داواکردن و دابینکردنى پێداویستییەکانى پێکهێنانى خێزان و کەمکردنەوەى ژمارەى منداڵ و بچوککردنەوەى خێزان لە قەبارەیەکى گەورەوە بۆ قەبارەیەکى بچووک، تا لەوێشەوە خێزان تواناکانى بەسەر پێداویستییەکانى خێزان و فشار و ئاستەنگە دارایییەکانیدا بشکێ.

- هاتنەدەرەوەى ئافرەت لە چواردیوارى تەسکى ماڵەوە بۆ ناو دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکان، تا لەوێوە هەم بەشێک لە پێداویستییەکانى خۆى، هەم خێزانەکەى مسۆگەر بکات، جگە لە دروستکردنى وزەیەک کە هێزى باوەڕبەخۆبوونى پێ دەبەخشێ.

- بەرزکردنەوەى ئاستى متمانەى تاک و کۆمەڵگا لە نێوان یەکتریدا. بە کامڵبوونى متمانەى گشتى، دەتوانرێ پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتیى گشتى بەدى بێت.

- گرنگتر لە هەر یەک لەم لێکەوتانەى سەرەوە، بوونى ئیرادەیەکى بەهێزە بۆ دروستکردنى گۆڕانکارى لەو نۆرم و نەریت و دابە کۆمەڵایەتییانەى کە ئەنجامى ناباشیان بۆ کۆمەڵگا لێ کەوتۆتەوە.

ئاستەنگەکانى بەردەم گۆڕانى کۆمەڵایەتی:

پرۆسەی (گۆڕانى کۆمەڵایەتى) ڕووبەڕووى ژمارەیەک ئاستەنگ دەبێتەوە لەناو کۆمەڵگەدا، گرنگترینیان:

ئـ . بەرژەوەندیى خودی:

  گۆڕانى کۆمەڵایەتى "ڕکابەرایەتى" لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، ئەو کاتەى کە هەڕەشە بێ بۆ سەر بەرژەوەندیى تاک و کۆمەڵ. (ئوگبێرن) دووپاتى کردۆتەوە کەسانێک کە خاوەنى بەرژەوەندیى تایبەتن لە بەرامبەر پرۆسەى گۆڕاندا بەئاگان، لە ترسی لەدەستدانى بەرژەوەندییەکانیان.

ب. دابونەریت (العادات والتقالید):

هەندێک دابى کۆن و نەریتى بۆماوەیى، ئاستەنگ دروست دەکەن. ئەم ئاستەنگە توندتر دەبێت کاتێک دیوەخانەکان لە برى دامەزراوە یاسایییەکان چارەسەر دادەنێن و بەڵێننامەکان دەنووسن.

ج. ترس لە (نوێگەرى):

 بەهێزکردنى ڕابردوو و پیرۆزکردنى، گومان لە نوێگەرى و ئەوەى کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، ترس لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا دروست دەکات، بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەى کە خاوەن نەریتێکى کۆنەپارێزن. پتەوکردنى ڕابردوو و بەرزڕاگرتنى کارەکتەرەکانى، ئەمانە لە ئاستەنگەکانى گۆڕانن، بۆیە هەرچەندە کۆمەڵگەکان بەرگرى لە هەموو گۆڕانێک بکەن، پێویستە کە چەند ئاماژەیەکى گرنگى گۆڕانى کۆمەڵایەتییان تێدا دەربکەوێ، وەک ئەو گۆڕانەى کە پەیوەنددارە بە هاتنەدەرەوەى ئافرەت بۆ کار یان خوێندن یان گەشت بۆ دەرەوەى وڵاتەکەی خۆى یان ڕۆڵبینینى لە ئۆرگانە مەدەنى و میدیایییەکاندا.

پوختەیەک لە تیۆرییەکانى گۆڕانى کۆمەڵایەتى:

یەکەم / تیۆریى دەروونى بۆ پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى:

بە پێى ئەم تێۆرییە، پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى بەبێ دابینکردنى پێداویستییەکانى سایکۆلۆژیاى کۆمەڵایەتى، ناتوانرێ زەمینە بۆ مرۆڤ بڕەخسێنێ تاکو بە لەبەرچاوگرتنى "ڕابردوو" و سوودوەرگرتن لە قۆناغى "ئێستا"، گۆڕانێکى ڕیشەیى لە "ئاییندە"دا بینا بکات.

دووەم/ تیۆریى گۆڕانى کۆمەڵایەتیى بازنەیى:

ڕێبەرانى ئەم تیۆرییە پێیان وایە کە پرۆسەى گۆڕان دیاردەیەکى بەردەوامە لەناو بازنەیەکدا کە لەناو دیوارەکانى ئەو بازنەیەدا گەشە و گۆڕانى بەردەوام لە سیستەم و ڕەفتار و دابونەریتەکان دێتە کایەوە لە خزمەت پرۆسەیەکى گەورەتر، کە پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتییە.

سێیەم/ تیۆریى گۆڕان بەرەو پێشکەوتن و پێگەیشتن:

وا دادەنرێ کە پرۆسەى پێشکەوتن، لە ڕاستیدا ناوەڕۆکەکەى بریتییە لە پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵگا لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکى باشتر و پێگەیشتووتر، بە پێى پێودانگەکانى پێشکەوتن و پێگەیشتنى کۆمەڵایەتى.

چوارەم/ تیۆریى پێشکەوتنى خودى:

بەپێى ئەم تیۆرییە، کۆى سیستەمى کۆمەڵایەتى بەستراوەتەوە بە ئاستى پێشکەوتنى خودى. بەبێ وجوودى پێشەکەوتنى خودى، پرۆسەى پێشکەوتنى کامڵى کۆمەڵایەتیى گشتى بەدی نایەت.

پێنجەم/ تیۆریى هاوسەنگى و وەکیەکبوون:

ناوەڕۆکى ئەم تیۆرییە جەخت لە لایەنى "ماددى و مەعنەوى" دەکاتەوە لەبارەى دروستکردنى گۆڕانێکى سەردەمیانەى نوێخوازانە. ڕێبەرانى تیۆرییەکە پێیان وایە کە پرۆسەى گۆڕان پێویستیى بە کۆمەڵێک دۆزەرەوە و ئامرازى زانستى هەیە کە لە رێگەى بەکارهێنان و پەنابردن بۆ ئامرازە تەکنەلۆژییەکان لە گەشەپێدانى دامەزراوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا، وا دەکات بونیادى پرۆسەکە بونیادێکى تەمەندرێژ و بەهێز بێت.

کۆمەڵگاى کوردى لە کوێى پرۆسەى "گۆڕانى کۆمەڵایەتی"دایە؟

هەرێمى کوردستان، دروست دەتوانین بڵێین لە دواى ساڵانى دووهەزارەوە یەکەمین هەنگاوى بە مەرامى دەستپێکردنى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى هاوێشتووە. کە دەڵێین هەرێمى کوردستان، واتا کۆى دامەزراوە مەدەنى و فەرمى و پەروەردەیى و میدیایییەکان کەم تا زۆر هەوڵ و ئەجێنداى خۆیان هەبووە بۆ دروستکردنى گۆڕانکاریى کۆمەڵایەتى. بەشێک لەو هەوڵانە هێندە کاریگەرییان بەجێ هێشتووە، کە دەکرێ نەوەکانى داهاتوو تەنها لە سەرچاوە مێژوویییەکاندا دەیان دیاردەى کۆمەڵایەتیى قێزەون بخوێننەوە کە بە درێژاییى مێژوو لە ڕابردوودا قسە لەسەر ئیشکالیەتەکانى نەکراوە.

خودى دەستپێکردنى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى، هەنگاوێکى مەزن بوو بۆ ئاییندەى کۆمەڵگەى هەرێمى کوردستان لە "دوو ڕوانگەوە":

یەکەم/ کۆمەڵگەى دواى جەنگ، کاریگەریی نەهامەتییەکانى و ڕووداوەکانى ڕابردووى لە فۆرمى جۆراوجۆردا لێ دەردەکەون، تا ماوەیەکى زۆر یاساکان ڕۆڵیان لاواز دەبێ و وڵات دەکەوێتە ژێر هەیمەنەى حوکمى سەربازییەوە، لەگەڵیشیدا نەریتە کۆمەڵایەتییە ناشیرینەکان لە برى کاڵبوونەوە، زێدەتر ڕۆڵى خۆیان لە پرۆسەى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن. ئەگەر سەیرى سەرەتاکانى دەستپێکردنى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت لە دواى کۆتاییهاتنى شه‌ڕی ناوخۆ، بۆ ماوەیەکى کەم دەست بە گۆڕینى یاساکان ده‌كرێ. خودى گۆڕینى سێ بەندى گرنگ لە یاساى سزادانى عێڕاقى ژمارە 111ى ساڵى 1969، کە پەیوەنددار بوون بە پرسى ڕاستکردنەوەى نایەکسانى و، لە بەرامبەر ڕەگەزى ئافرەتدا جۆرێک لە ستەمى تێدا بەدی دەکرا، بوو بە بنەما و هەر لەوێشەوە بوو، وەک مێژوو دەتوانین وەک  دەستپێکى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى بیبینین.

دووەم/ بایەخى دووەمى دەستپێکردنى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستان، دەکرێ لە کەوتنەخۆى میدیاکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنیدا کۆى بکەینەوە. ئەگەر دیقەت لە هەوڵ و هەنگاوەکانى هەڵمەتى میدیایى بدەین، کە خۆى لە پێشکەشکردنى هەزاران بەرنامەى ڕادیۆیى و تەلەفزیۆنى و ڕاپۆرتى ڕۆژنامەیى و هەڵمەتى جۆراوجۆر لە ڕێگەى سۆشیال میدیاییدا دەبینێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا دامەزراوە گرنگەکانى کۆمەڵى مەدەنى کە خودى ڕێکخراوەکان و کۆمەڵە و یەکێتییە پیشەیییەکان و سەندیکا و ناوەندە ڕووناکبیرییەکان لە ڕێگەى خۆپیشاندان و بەیاننامە و بەکارهێنانى میدیاکان و ڕۆڵبینینیان لە بڵاوکردنەوەى هۆشیاریى یاسایى و خێزانى و دەیان شێوەى چالاکى دیکە، توانییان ئەنجامەکەى لە گۆڕان و کاڵکردنەوەى چەندان دیاردەى کۆمەڵایەتیى قێزەوندا ببیننەوە.

ئەگەر کەمێک وردتر قووڵ ببینەوە، پیادەکردنى بەشێکى زۆر لە نۆرم و نەریتە کۆنە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگاى کوردیدا و لەپاڵیشیدا چەوساندنەوەى ئافرەتى کورد بە پاساوى پارێزگاریکردن لە که‌لتوور و ئایین و نەریت و یاساکان مێژوویەکى کۆنیان هەیە و ڕیشەیەکى قووڵیان لە دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى کوردیدا داکوتاوە و بەڵکو بوونەتە بەشێکى بەهێز لە (ستراکتۆر - بونیاد)ـى کۆمەڵایەتیمان. هەر لەبەر ئەوەش بووە نەتوانراوە ئاسان ئیش لەسەر گۆڕینیان بکرێ، گەرچى ستەمکارییەکى زۆرى هێناوەتە کایەوە و قوربانییەکى زۆرى لێ بەرهەم هاتووە و ڕەوایەتیش بە دەرەنجامەکانى دراوە و کۆدەنگییەکى کۆمەڵایەتیش لە پابەندبوون و بەپیرۆزسەیرکردنیان هەبووە.

بەڵام لەپاڵ کۆى کۆسپ و ڕەخنە و هەوڵى جۆراوجۆرى توندڕەوانەدا، توانرا لە ماوەى سەرەتاى دووهەزارەکانەوە کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و کایەکانى  میدیا و دەسەڵاتى یاسادانان و دامەزراوە یاسایى و حکومییەکان ڕۆڵ و کاریگەریى بەهێزیان هەبێ لە کاڵکردنەوەى بەشێکى گرنگ لەو نەریتە کۆنە کۆمەڵایەتییانەى کە مێژوویەک لە خوێنڕێژى بە پاساوى شووشتنەوەى نامووس و مێژوویەک لە ستەمکارى و چەوساندنەوە و سەرکوتکاریى دژبە ئافرەتى کورد هێناوەتە ئارا. هەندێک جاران پیاوانیش بوونەتە قوربانى ئەو ویستە کۆنەپارێزییەى کە زۆرینەى پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانى لێ پێک دەهات.

لە بەشى دووەمى وتارەکەماندا بە پێویستى دەزانین بەشێک لەو گۆڕانە کۆمەڵایەتى و یاسایییانە بخەینە ڕوو کە لە هەرێمى کوردستاندا بە سەر ستراکتۆرى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگەى کوردیدا هاتوون. بە بڕواى من کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و میدیاکان و دەسەڵاتى جێبەجێکردن، بەشێکى گرنگیان لە هێنانەکایەى ئەو گۆڕرانگارییانە بەردەکەوێ. لەپاڵ ئەوەشدا بابەتى "ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى" شی دەکەینەوە، بە جۆرێک کە کۆمەڵگاى ئێمە بخاتە بەردەم ئەو پرسیارەى کە ئایا کۆمەڵگاى کوردى لە کام قۆناغى گەشەى کۆمەڵایەتیدایە و ئەگەر ئەوەى کراوە تەنها لە سنوورى پرۆسەى "گۆڕانى کۆمەڵایەتى" ماوەتەوە و نەچووه‌تە قۆناغى "ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى"یه‌وه‌، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ڕۆشنکردنەوەى ڕێگاکانى قۆناغى دووەم کە پێى دەوترێ "ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى".

Image Gallery

{gallery}215{/gallery}
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples