لەنێوان کێشەى کۆمەڵایەتى و دیاردەى کۆمەڵایەتیدا

زنجیرەى سێیەم

پاش ئەوەى لە دوو زنجیرە وتارى ڕابردووماندا ڕۆشناییمان خستە سەر هەردوو چەمکى "ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى و گۆڕانى کۆمەڵایەتى" و خاڵە جیاکەرەوەکانیشمان ئاماژە پێ کرد. لە بەردەوامیى زنجیرە وتارەکانماندا شیکردنەوە و شرۆڤەکردنمان لەبارەى ئەو چەمکانەى کە وەک "زاراوەکانى کۆمەڵناسى" ناویان دەهێنرێ، بە گرنگمان زانى لەم وتارەیشماندا شوناس و ڕەگەز و جیاکارییەکانى هەردوو چەمکى "کێشەى کۆمەڵایەتى- Social Problem "و "دیاردەى کۆمەڵایەتى-Social phenomena " شی بکەینەوە.

ئەو دوو چەمکە، وەک زۆرینەى چەمکەکانى دیکە، لەسەر ئاستى دامەزراوەکان و تاووتوێى میدیاییدا دێنە بەرباس، زۆرینەى جاران تێکەڵى یەکترى دەبن و دەکرێن بەبەر کردە باو و ناباوە کۆمەڵایەتییەکاندا. گەرچى هێندە لە یەکەوە نزیکن کەم جاران لە یەکترى جوێ دەکرێنەوە، بەڵام هەر یەکێکیان یاسایەکن بۆ پێوانەکردنى ئەو کردانەى کە لەناو دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا پراکتیزە دەبن. بۆ نموونە لە کاتى ڕوودانى تاوانێکى کۆمەڵایەتیدا بەشێک وەک "دیاردە" ناوى بۆ دادەتاشن بەبێ ئەوەى بیانخستبێتە نێو پێوەرەکانى بەدیاردەبوون، بەشێکى دیکەیش وەک "کێشەیەکى جڤاکى" ناونیشانى بۆ دادەتاشن بەبێ ئەوەى بیانخستبێتەوە تاو تیۆری و پێودانگەکانى بەکێشەکردن یان بەدیاردەکردنى کۆمەڵایەتى. ئەم هەڵەیە تەنانەت لەسەر ئاستى کارەکتەرانى ئەکادیمیشدا ڕوو دەدا و بەردەوامیشى هەیە. لەو خاڵەوە، بە پێویستى دەزانین لە فۆرمێکى زانستیدا ڕۆشنایى بخەینە سه‌ر هەردوو چەمک.

 

چەمکى "کێشەى کۆمەڵایەتى" Social Problem - و شوناس و فۆرم و  پێودانگەکانى:

ئەو چەمکە به‌وه‌ دەناسرێتەوە کە هەمیشە کردەیەکى نێگەتیڤە و لە لایەن کۆمەڵگاوە پەسەند ناکرێ. کردەیەکە، دەبێتە دیوارێک لە بەردەم پێشڤەچوون و پرۆسەى پەرەپێدان و کاریگەریى ناباشى لەسەر تێکچوونى بلانسى ژیانى خێزانى و جڤاکى دەبێ. هەروەها قەبارەى خودى کێشەکە، ڕاڕەوى میکانیزمەکانى چارەسەرەکەمان بۆ ڕەنگڕێژ دەکات. ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەى لە قەبارەدا بچووکن بە هەوڵى فەردى بە چارەسەر دەگەن. گەورەییى قەبارەى کێشە کۆمەڵایەتییەکەیش ناچارمان دەکات کە لە کەسێک زیاتر، تا دەگاتە دامەزراوەى جێبەجێکار و ناوەندە ئەمنییەکان و دادگاکان بهێنینە ناو بازنەى یەکلاییکردنەوە و جەدەلى بەلایەکدادانى ئاریشەکەوە.

لە سەرێکى دیکەیشەوە لە لایەن چەندین توێژەرى هەردوو بوارەکەوە ئەو چەمکەیان ناساندووە، بەڵام ئەو ناساندنەى کە "هاروین"ى توێژەر خستوویەتە ڕوو تا ڕاددەیەک لە دیدى ئێمەوە باڵکێش بوو، کە پێی وایە: "هەر دۆخێکى ناپەسەند کە کاریگەرى دەکاتە سەر ڕەوشى ژیانى ژمارەیەک لە خەڵک لە پێگەیەکى جوگرافیدا، ئەوا خودى ئەو کاریگەرییە، دەکرێ وەک کێشەى جڤاکى ناوى لێ بنرێ."

 

پێوەرەکانى کێشەى جڤاکى

بیرمان نەچێ کە ناولێنانى کێشەیەکى جڤاکى و یەکلاییکردنەوە و دەرکەوتن و تێگەییشتن لەو دۆخەى کە  ئایا ئەوەى تێی کەوتووین ناوى کێشەیە یان کێشە نییە، پەیوەندیى بە دوو پێودانگه‌وه‌ هەیە کە بۆ ناسینەوە و دەرکەوتن و دەرنەکەوتنى شوناسى کێشەکە، ستراکتۆرن:

پێودانگى یەکەم / پێودانگى خودى:

هەر کێشەیه‌ک کە ڕووبەڕووى تاکێک لە کۆمەڵگا دەبێتەوە، تێڕوانین و ڕوئیاى خودى تاکەکە و کاریگەرییەکانى بەسەر سایکۆلۆژی و بەرژەوەندى و هەست و بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانى، دەتوانێ ئەو حاڵەتە بە کێشە ناو لێ بنێ یاخود نا.

پێودانگى دووەم / پێودانگى بابەتى:

واتا هەر کاتێک کە پریشکى کێشەکە بەر بەرژەوەندی و دۆخى سایكۆلۆژی و ژینگەى کۆمەڵایەتى کەوت و زیانى بە بەرژەوەندى و ژیان و ژینگە و پەیوەندیى کۆمەڵایەتى گەیاند، ئەو کاتە لە ئاستى یەکەم، کە پێودانگى خودى بوو تێپەڕ دەبێ و کاریگەرییەکانى بۆ سەر بەرژەوەندیى گشتى، دەبێتە پێوەر بۆ بەکێشەناسینەوەى کردەیەکى کۆمەڵایەتى.

 

فۆرمەکانى کێشەى جڤاکى

کێشە جڤاکییەکان بە سەر چوار فۆرمى بنچینەیى دابەش دەبن:

یەکەم/ کێشە گشتییەکان:

ئەو کێشانە وەک "کێشەى گشتى" دیاری کراون کە بەسەر ڕێژەیەکى گشتى لە کۆمەڵگا دەگشتێنرێن. گەرچى توێژەران لەسەر پێوەرەکان بۆ دیاریکردنى ڕێژەکانى پەیوەست بە ناسینەوەى کێشە جڤاکییە گشتییەکان کۆک نین، بەڵام پێیان وایە کە دەکرێ "تەڵاق و تاوانەکان" وەک دوو نموونەى کێشە جڤاکییە گشتییەکان بناسرێنەوە.

دووەم/ کێشە تایبەتەکان:

هەموو ئەو کێشانە دەگرێتەوە کە بەسەر توێژاڵ و چینێک لە کۆمەڵگا ناگشتێنرێن، بەڵکو زێدەتر بەو ئاریشانە دەگوترێ تایبەتییەکان، کە لەسەر ئاستێکى سنووردارى خەڵک ڕوو دەدەن یان خوویان پێوە دەگرن، کە دەکرێ بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر و خووگرتن بە قومارخانەکان بخرێنە ناو چوارگۆشەى ئەو فۆرمەوە.

سێیەم/ کێشە ڕیفۆرمخوازەکان:

ڕێککەوتنى کۆى کۆمەڵگا لەسەر لەباربردن و ڕیشەکێشکردنى هەر یەکێک لەو کێشە جڤاکییانەى کە دەستکردى مرۆڤەکانن و کاریگەریشیان کردۆتە سەر شکۆ و بەها و ناوبانگى کۆمەڵگا، وەک کێشە ڕیفۆرمخوازەکان ناوى لێ نراوە. بۆ نموونە، کۆکبوونى کۆى کۆمەڵگا لەسەر لەڕەگەوەهەڵکێشانى کێشەى بەخشین و قبووڵکردنى بەرتیل و قۆستنەوەى پەیوەندیى خزمایەتى لە کاروبارى ئیداریدا و ڕووبەڕووبونەوەى ئەو کێشە قێزەونانەى کە لە نێو نەوجەواناندا ڕوو دەدەن.

چوارەم/ کێشە دروستکراوەکان:

ئەو کێشانە دەگرێتەوە کە لە لایەن خودى کۆمەڵگاوە بە شێوەیەکى عەفەوى دروست کراون، بەڵام کۆى کۆمەڵگا لەسەر نەهێشتنیان ڕێ ناکەون و کۆک نین، لەبەر ئەوەى نازانرێ دەستبردن بۆیان، دەرەنجامەکەى بە چ ئاقارێکدا دەکەوێتەوە. ئەگەر لە خودى بەشێک لە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەگەرچى زۆرینەى کۆمەڵگا وەک "یاسا" بۆ نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەڕوانێ، بەشێکیشان پێیان وایە کە نەریتەکان ساڵەهاى ساڵە تراژیدیاى زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، بەڵام ناتوانن بەئاشکرا دەست بۆ ڕەتکردنەوەیان ببەن. گەرچى لە ساڵانى ڕابردوودا بە قۆناغبەندى لەسەر ئاستى دامەرزاوە یاسایى و ئیدارى و ئۆرگانە مەدەنییەکان و میدیاکان، توانرا بەشێک لەم نەریتە نێگەتیڤە جڤاکییانە کاڵ بکرێنەوە، بەڵام لە ترسى "کۆدەنگى کۆمەڵایەتى"، نەتوانراوە لە ڕیشەوە دەربهێنرێن.

لە زنجیرەى سێیەمى وتارەکەماندا، دێینە سەر چەمکى "دیاردەى کۆمەڵایەتى" و گرنگترین خاڵە جیاکەرەوەکانى لەگەڵ چەمکى "کێشەى کۆمەڵایەتى"، لەوێوە تەپوتۆز لەسەر ئەو پێناسانە لا دەدەین کە کێشەى کۆمەڵایەتى و دیاردەى کۆمەڵایەتیمان لێ تێکەڵ دەکەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples