زنجیرەى چوارەم
"دیاردەى کۆمەڵایەتى - Social phenomena" چەمکێکى دیکەى کۆمەڵناسانەیە کە لەناو خۆیدا پێودانگێکە بۆ تێگەییشتن و ناسینەوەى کردەیەکى کۆمەڵایەتى. کاتێک بایەخى ئەم چەمکە دەردەکەوێ، ئەگەرهاتوو نیازمان وابوو بە ئەجێنداوە ئیش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى کردەیەکى گشتى بکەین کە لە ژیانى کۆمەڵایەتیماندا ڕوو دەدات، چونکە هەر ڕەفتارێکى کۆمەڵایەتى، ئەگەر لە قاڵب نەدرێ و ناونیشانێکى بۆ دانەتاشرێ، ناکرێ هەڕەمەکى هەم قسە هەم ئیش لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى بکرێ. جا لێرەوە ئاسانتر تێ دەگەین یەکێک لە فاکتەرەکانى تەشەنەسەندنى کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگهى کوردیدا، کە دواتر پەل دەهاوێژێ بۆ قۆناغێکى تێکچڕژاوتر کە قۆناغى "بەدیاردەبوونى کۆمەڵایەتی"یە لە دیوە نێگەتیڤەکەیەوە، دروست دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەڕوونەبوونەوەى خودى کردە و کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بە ئالیەت و نەخشەڕێى زانستى و لەقاڵبنەدانى. بە بڕواى من ئەم تەشەنەکردنە، کە دەکرێ بە "مەترسیدار" بۆى بڕوانین، بە دوو فاکتەرەوە گرێى بدەین:
فاکتەرى یەکەم/ بەشێکى زۆر لەو بەرپرسانەى کە بەرپرسیارێتیى دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانیان پێ سپێردراوە، ڕوئیا و ئەجێندایەکى کورتبینیان هەیە و کاروبارى ڕۆژ ڕایى دەکەن و نازانن و ناتوانن بۆ گۆڕینى هاوکێشە کۆمەڵایەتییەکان، لانی کەم بۆ پێنج ساڵى ئاییندە، ئەجێندایان هەبێ؛ کە من پێم وایە لە کەمتوانایى و نەزانینەوە سەرچاوەى گرتووە.
فاکتەرى دووەم/ خەمساردیى بەرپرس و دامەزراوەکان لە لایەک و نەبوونى فۆکەس لەسەر ئەداى دامەزراوەکان و نەبوونى "فیدباک" لەسەر جێپەنجەى ئەو کەسانەى ڕاسپێردراون تا ژیانى کۆمەڵایەتیى کۆمەڵگه ڕێک بخەنەوە، وای کردووە نەخشەى کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بازنەیەکى هەڕەمەکى وەربگرێ. ئەوەتا ساڵ و تەمەنیش دەڕوا، ئەوان لەناو بازنەکاندا بەو دەستوپێسپێتییەوە دەخولێنەوە بەبێ ئەوەى تروسکایییەک هەبێ بۆ ڕێکخستنەوەى ئەو نەخشە تێکئاڵۆزکاوە کۆمەڵایەتییەمان.
دیاردەى کۆمەڵایەتى، وەکو چەمک و ناسینەوەى خەسڵەتەکانى:
کۆمەڵناسى فەڕەنسى "ئەمیل دۆرکهایم" لەبارەى تێگەییشتن لە چەمکى دیاردەى کۆمەڵایەتى، وا دەیخاتە ڕوو کە دیاردەى کۆمەڵایەتى جۆرێکە لە جۆرەکانى ڕەفتار، هەندێ جاران جێگیرە هەندێ جارانیش گۆڕانکارى بەسەردا دێت و بە شێوەیەکى ناجێگیر دەردەکەوێ. پێیشی وایە کە دیاردەى کۆمەڵایەتى، زێدەتر بە هۆى کاریگەریى فشارێکى دەرەکى بۆ سەر کۆمەڵێک و توێژێک لە کۆمەڵگه دروست دەبێ و دواجار دیاردەیەکى کۆمەڵایەتیى لێ دەکەوێتەوە. هەر لەو دیدگایەوە "ئەمیل دۆرکهایم" پێی وایە ئەگەر بمانەوێ دیاردەى کۆمەڵایەتى بناسینەوە، پێویستە و دەبێ ئەو تایبەتمەندییانەى خوارەوەى تێدا دەربکەوێ:
یەکەم/ دیاردەى کۆمەڵایەتى، هەمیشە سیماتێکى گشتى هەیە و دەبێ لە کۆمەڵە کەسانێکدا دەربکەوێ. واتا دیاردەى کۆمەڵایەتى، هیچ کات نابێ سیماتی تاكگهرایی (فهردانییهت) وەربگرێ و لە "تاک"دا لێکەوتەى هەبێ. هەرکاتێک سیماتى تاكگهراییی تێدا دەرکەوت، پێى ناگوترێ "دیاردەى کۆمەڵایەتى".
دووەم/ دیاردەى کۆمەڵایەتى، خۆڕسکە. بەبێ نەخشەڕێ و بەرنامەڕێژى دروست دەبێ، واتا بە فۆرمێکى سروشتى لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا لە ڕێگەى کارلێکى نێوان تاک و کۆمەڵگه دێتە کایەوە.
سێیەم/ دیاردەى کۆمەڵایەتى، تابیعێکى مرۆڤیى هەیە و تەنیا لە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا هەستى پێ دەکرێ، واتا هیچ ڕەفتارێک لە دەرەوەى مرۆڤ و کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى "کە مەبەست لێى پێکهاتەى گیاندارەکانى دیکەیە"، ناچێتە ناو چوارچێوەى دیاردەى کۆمەڵایەتى.
چوارەم/ هەروەها هەر دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى کە دروست دەبێ، بەیەکەوەبەستنەوەیەک هەیە لە نێوان ڕەگەزەکانى بەدیاردەبوونى کۆمەڵایەتى، واتا بە تەنیا فاکتەرێک دیاردەى کۆمەڵایەتى دروست ناکات، بەڵکوو بەیەکەوەگرێدانێک هەیە لە نێوان بیروباوەڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ ڕەفتارە ڕواڵەتییەکان و ئەو نۆرمانەى کۆمەڵگه مومارەسەى دەکات. هەندێ جاریش دیاردەى کۆمەڵایەتى بە شێوەیەکى زۆردارانە بەسەر کۆمەڵگهدا سەپێنراوە و دواتر قاڵبێکى ڕەفتاریى وەرگرتووە.
پێنجەم/ سەپاندنى نائارەزوومەندانەى ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان کە لە فۆرمى نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێ، وای لێ هاتووە لە ڕەفتارێکى گشتیی کۆمەڵایەتییەوە گواستراوەتەوە و کاریگەریى کردۆتە سەر ڕەفتارى تاک. هەربۆیە، تاکى ناچار کردووە بە مومارەسەکردنییهوه پابەند بێ. ئەم ڕەفتارە، ئەگەرچى جۆرێک لە سیماتى دوژمنکارانەى کۆمەڵایەتیشى وەرگرتووە، بەڵام چونکە بە قۆناغبەندى گوازراوەتەوە و قاڵبى خۆى وەرگرتووە، کۆمەڵگه و تاکەکانى پێیەوە پابەندن.
خاڵى جیاکەرەوەى نێوان "دیاردەى کۆمەڵایەتى" و "کێشەى کۆمەڵایەتى":
"کێشەى کۆمەڵایەتى"، هەمیشە حوکمێکى پێشوەختەى کۆمەڵگهی لەسەرى هەیە. ئەگەر هات و لە لایەن ژمارەیەک لە خەڵک مومارەسە بکرێ، هیچ کاتێکیش پەسەندکراو نییە. لە بەرامبەر ڕوودانى هەر کێشەیەکى کۆمەڵایەتیشدا "سزا" هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى، بۆ نموونە (کێشەى بەکارهێنان و کارپێکردنى ماددەى هۆشبەر و ئەنجامدانى ئەو تاوانانەى کە دەچنە ناو چوارچێوەى توندوتیژى و پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ و نانەوەى پشێوى و بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گێچەڵپێکردنى سێکسى و ...هتد).
تایبەتمەندییەکى دیکەى "کێشەى کۆمەڵایەتى" ئەوەیە کە دەگونجێ سیماتێکى هەم تاكگهرایانهی هەبێ، هەم هەندێ جاریش لە لایەن کۆمەڵێکەوە پراکتیزە بکرێ. ئینجا، وەک لە زنجیرەى سێیەمى وتارەکەیشماندا ئاماژەمان بە ڕەگەزەکانى کێشەى کۆمەڵایەتى کردبوو و، تێیدا ئەوەمان خستە ڕوو کە لەسەر ئاستى تاک، سروشتى کێشەکە و تێڕوانینى تاکەکە دەتوانێ حوکم لەسەر ئەوە بدات كه ئەوەى بەرەوپیرى هاتووە کێشەیە بۆسەر سایکۆلۆژی و پەیوەندیى کۆمەڵایەتى و ڕەفتارى ئەو یاخود نا؛ هەروەک چۆن ئەوەیشمان ڕوون کردەوە کە هەمیشە ئەو ڕەفتارەى کاریگەریى نێگەتیڤ لەسەر کۆمەڵێک خەڵک دروست بکا، دەبێ وەک کێشەى کۆمەڵایەتى مامەڵەى لەگەڵ بکرێ.
هەرچى "دیاردەى کۆمەڵایەتی"یە حوکمێکى پێشوەختەى کۆمەڵگهییی نییە و، بگرە ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەى کە لە نەوەکانەوە بۆ یەکتر گواستراونەتەوە نەک کۆمەڵگه، ڕووبەڕووى نابێتەوە، بەڵکوو لادان لێى، وەک پەرچەکردارێکى نامۆ پەنجەى بۆ ڕادەکێشرێ. بۆ نموونە (دیاردەى کۆچکردن، پرۆسەى هاوسەرگیرى، مومارەسەى نۆرم و نەریتەکان، ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکانى وەک پرسەگێڕان و ڕێوڕەسمى جەژنەکان و ....هتد).
خاڵێکى ترى جیاکەرەوەى "دیاردەى کۆمەڵایەتى" لەگەڵ "کێشەى کۆمەڵایەتى"، تێپهڕینیهتی لە سیماتێکى تاكییەوە بۆ سیماتێکى گشتى، کاتێک لەسەر ڕەفتارى کۆمەڵێک یان توێژێک یان چینێکى کۆمەڵگهدا ڕەنگ بداتەوە.
ئایا دەگونجێ دیاردەى کۆمەڵایەتى، ببێتەوە بە کێشەى کۆمەڵایەتى:
لە ڕاستیدا دیاردە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە نێگەتیڤ نین، خودى دیاردەى کۆمەڵایەتى بەسەر دوو ئاراستەى بنەڕەتیدا دابەش دەبێ:
ئاراستەى یەکەم/ دیاردەى کۆمەڵایەتیى پۆزەتیڤ: کە خۆى لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێوڕەسمەکان و کۆدەنگیى کۆمەڵایەتى لە کاروبارى هەرهوەزى و پابەندبوون بە بەها کۆمەڵاییەتییەکاندا دەبینێتەوه، واتا ئەو دیاردانەى کە زۆرینەى کۆمەڵگه پابەندبوون و پاراستن و هێشتنەوەیان بەپێویست دەزانێ.
ئاراستەى دووەم/ دیاردەى کۆمەڵایەتیى نێگەتیڤ: لەم ئاراستەیەدا، زێدەتر ئەو دیاردە پەسەندنەکراوانە دەگرێتەوە کە دەبنەى مایەى لێکەوتنەوەى "کێشە" لەسەر ئاستى تاک و کۆمەڵگه. دەکرێ نموونەکانى دیاردەکانى (تەڵاق و پرۆسە هاوسەرگیرییە ناتەندروستەکانى وەک ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و خەتەنەکردنى کچان و سواڵکردن و کارپێکردنى منداڵى خوار تەمەنى کامڵبوون و خۆسووتاندنى ژنان و ....هتد) بخەینە ڕوو کە لە لایەن زۆرینەى کۆمەڵگهوه پەسەندکراو نین و ئیرادەیەکى گشتیتش بۆ کاڵکردنەوەیان هەیە.
ئەگەر لەسەر ئاراستەى دووەم بوەستین، لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کاتێک دیاردە کۆمەڵایەتییە نێگەتیڤەکان زیاد لە پێویست پەرە دەستێنن و لە ڕووبەڕووبوونەوەى ئاسایى و چارەسەرى دامەزراوەیەک دەردەچن و دەبنە سەرئێشە بۆ کۆى دەسەڵاتەکان، لەوێوە دەچێتەوە قۆناغى بەکێشەبوونى کۆمەڵایەتى. ئەم قۆناغەیش قورسترین قۆناغە و، بۆ هەر هەوڵێکیش کە نیازی بۆ کاڵکردنەوەى هەبێ، پێویستیى به ئەجێندایەکى گشتگیر هەیە تا بگەیەنرێتە ئاستێک کە لە ڕێگەى پرۆسەى گۆڕانى کۆمەڵایەتییەوە بچووک بکرێتەوە. لە ماوەى پازدە ساڵى ڕابردوویشدا، بۆ کاڵکردنەوەى بەشێک لە دیاردە کۆمەڵایەتییە نێگەتیڤەکان کارى زۆر کراوە، بەڵام لە ئاست هەندێ دیاردەى تریشدا کە ڕۆژ بە رۆژ وەک نەخۆشیى شێرپەنجە تەشەنە دەکەن، نەمانتوانیوە هەم بیکەینە ئەولەویەتى ئەجێنداى دوورمەوداى خۆمان، هەم لە ئاستیاندا ئیرادەیەکى فرەلایەنمان وەک گەورەیى و تێکچڕژاویى دۆخەکە نەبووە.