زنجیرهی پێنجهم
کۆمەڵگە، لە ناسینەوە گشتییەکەیدا، ناوەندێکی ڕێکخراوى بەیەکەوەگرێدراوە، لەسەر ستراکچهرى کهلتوور، ئایین، سیاسەت، یاسا و دامەزراوەکان بینا کراوە. کۆمەڵگەیەک لەسەر زەوى نادۆزینەوە لەژێر کاریگەریى ئەم کایانەى سەرەوەدا ژیانى خۆى بەسیستەم نەکردبێ. بە لەبەرچاوگرتنى ئەو جیاوازییانەى کە کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەیەکى دیکە جوێ دەکاتەوە، ڕۆڵی هەر یەکێک لەم کایانە بریتییە لە دیاریکردنى جێپەنجەى خۆیان لە پرۆسەى "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى – control "social. بەپێى پێودانگەکانى "زانستى کۆمەڵناسیى نوێ"یش، ئهركی چەمکى "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتی"، لە پاراستنى بونیادى کۆمەڵایەتى و ڕێکخستنى ڕەفتارى تاک و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕە ناچۆنیەکەکان و نۆرم و نەریتە کۆمەڵایەتییە باو و ناباوەکان و ئایین و ئایینزاکان و سەروەرکردنى یاساکاندا چڕ دەبێتەوە.
لێرەدا بەر لەوەى ڕاڤەى کاریگەرییەکانى پرۆسەى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى لە ئاست دیاریکردنى ئاراستەکانى لە کۆمەڵگەى داخراودا بکەین، وا پێویست دەکات لەوە تێ بگەین کە پرۆسەى "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى – social control" ، بەسەر چوار فۆرمى بنەڕەتیدا دابەش دەبێ:
جۆرى یەکەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى فەرمى:
مەبەست لە ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى فەرمى، پابەندبوونى کۆمەڵگەیە بە ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان و چاودێریکردنى ڕەفتارى تاکەکان و دیاریکردنى سزاکان بۆ هەر جۆرە ڕەفتارێکى نایاسایى و دژبە ئاشتەواییى کۆمەڵایەتى لە ڕێگەى کارابوونى دامەزراوە یاسایییەکان، پۆلیس، ئاسایش و دواتر ڕێکخستنەوەى پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێگەى ئەو دامەزراوە فەرمییانەى کە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ پارێزگاریکردنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى دەمەزرێنراون.
جۆرى دووەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى نافەرمى:
پێک دێن لە پێگە و ڕۆڵى ئەو دامەزراوانەى کە نافەرمین و کار لەسەر ڕێزگرتنى بیروباوەڕە ئایینى، کۆمەڵایەتى، دابونەریت و ڕێوڕەسمەکان دەکەن. دەزگهى خێزان، شوێنە ئایینی، قوتابخانە و میدیاکان بەشێکى گرنگن لەو دامەزراوە نافەرمییانەى کە لە پاڵ پیشەییبوونى خۆیاندا، ئەرکێکى دیکەیشیان دەکەوێتە ئەستۆ، ئەویش پرۆسەى ڕێکخستنى کۆمەڵگەیە، بەڵام هەر یهکێکیان بە میکانیزم و نەخشەڕێگهى خۆى.
جۆرى سێیەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى پۆزەتیف:
هەر جۆرە دەستلەپشتدان و هاندان و پشتگیریکردنێکى ماددى و مەعنەوى لە بەرامبەر هەر کار و هەنگاوێک کە تاکەکان وا لێ دەکات ڕێز لە بەها، پێوەر، ڕەفتار، توانا و جوانییەکانى کۆمەڵگە بگرن، وەک جۆرێک لە ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى دەردەکەوێ، بەڵام لە فۆرمێکى ئهرێنی (پۆزهتیڤ)دا.
جۆرى چوارەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیی نێگەتیڤ:
ئەم فۆرمە لە ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى، پێی وایە هەر کاتێک لە بەرامبەر ڕەفتارە نهرێنی (نێگەتیڤ)ەکاندا، دامەزراوەکان نەیانتوانى، یاخود دەیانتوانى، بەڵام هەنگاویان بۆ ئەوە نەدەنا تا یاساکان وەک خۆى جێبەجێ بکەن و سزاکان بەپێى جۆرى تاوان و سەرپێچییەکان بەسەر تاکەکانى کۆمەڵگەدا بسەپێنن، ئەو دامەرزاوانە لەگەڵ ئەوەى بۆ ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتى دامەزرێنراون، بەڵام لە ڕووى ئەدا و جێبەجێکردنى ئەرکەوە بە شێوەیەکى پۆزەتیڤ کار بۆ پاراستنى ئاشتەواییی کۆمەڵایەتى و سەروەرکردنى یاساکان ناکەن، دەچێتە چوارچێوەى ئەم جۆرە لە فۆرمى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتییهوه.
جۆرى پێنجەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى هەستى (الشعوری):
ئەم جۆرەیان بەماناى هۆشمەندیی کۆمەڵایەتى و بەرزى ئاستى تێگەیشتن و پێگەیشتنى کۆمەڵگە و خۆگونجاندنى ئاستە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر ڕێزگرتن لە یاساکان و تاوان و سزاکان و دەرکپێکردنى هەستیارى ئادابە گشتییەکان دێت، کە ئۆرگانە مەدەنى و نافەرمییەکان دەتوانن ڕۆڵى کاراى تێدا بگێڕن.
جۆرى شەشەم / ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى نەستى (اللاشعوری):
ئەم فۆرمە لە ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى، کە بە "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتیى لۆکاڵى" ناو دەبرێ، بە باشترین فۆرمى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى دادەنرێ، لەبەر ئەوەى لەناو ئەقڵییەت و بیرکردنەوەى تاکەکاندا بە شێوەیەکى خۆڕسک و بەبێ ڕێنیشاندانى دامەزراوەکان، تاکەکان خۆیان پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتی و دامەزراوە یاسایییەکان و فرەییى خوداپەرستى و نۆرم و بەهاکانى کۆمەڵگە و ژیان و تایبەتمەندیى تاکاکان لە کۆمەڵگەدا، بەبێ ئەوەى پێویستییان بە هیچ دامەزراوەیەک هەبێ، بەبەردەوامى ڕایان بهێنێ و بەبیریان بهێنێتەوە.
کۆمەڵگەى داخراو، بە چى دەناسرێتەوە؟
لە وردبوونەوەى هەریەک لەم فۆرمانەى کە باسمان کرد و تەنە پێکهێنەرەکانى ژیانى کۆمەڵایەتییان پێ ڕێک دەخرێ، تا ڕادەیەکى زۆر، ئەو پرسیارەمان بۆ یەکلایى دەکاتەوە کە بۆچى لە ڕووى کرانەوە و جێبەجێکردنى یاساکان و بەسیستەمبوون و قوڕمیشکردنى ژیان و جووڵە و ڕێکخستنى ڕەفتارە تاکى و گشتییەکانهوه، کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەیەکى دیکە پێشکەوتووترە؟ بەڵام لەگەڵ ئەوانەیشدا، وا پێویست دەکات زیاتر بچینە ناو ڕەگوڕیشەى ئەو سیماتانەى کە کۆمەڵگەیەک پێش دەخات و ئەوانى دیکەیش بەرەو دواوە دەباتەوە.
کۆمەڵگەى داخراو، ئەو کۆمەڵگەیەیە مۆنۆپۆڵى پانتایییەکى بەرفراوانى ڕێسا و یاسا کۆمەڵایەتییەکانى دەکات. زۆرینەى تاکەکانى ناچار دەکات لە ئاست سەدان چەمکى وەهمى و دەیان نەریتى کۆنەپارێزیدا وەک یەک بیر بکەنەوە و ڕێک بکەون. لە کۆمەڵگەى داخراودا، "سزاى کۆمەڵایەتى"، لە "سزاى یاسا فەرمییەکان" بەهێزترە و، چەمکى "ئەخلاق" چەمکێکە بە غەریزە کەسییەکانهوه بەستراوەتەوە و، چەمکى "شەڕەف" چەمکێکی دیکەى مەرگهێنە، کە دەریایەک خوێنى لەسەر دەڕێژرێ، بەبێ ئەوەى خودى تاکەکانى کۆمەڵگەکە، لە مانا و مەغزاکانى حاڵى بووبن!
لێرەدا بە چەند خاڵێک ڕۆشنایى دەخەینە سەر سیماتەکانى کۆمەڵگەى داخراو:
1- کهلتوور:
لە کۆمەڵگەى داخراودا، کۆمەڵگە بە شێوەیەکى ئیلزامى، یاسا کۆمەڵایەتییەکان بۆ تاک ڕەنگڕێژ دەکات. لەژێر ناو و ناونیشانى پارێزگاریکردنى کەلتوورى کۆمەڵایەتیدا، بەبێ خستنەبەردەستى هیچ جۆرە بژاردەیەک، یاسا کۆمەڵایەتییەکان بەسەر تاکدا دەسەپێنێت. هەر تاکێکیش لە دەرەوەى یاسا کۆمەڵایەتییەکاندا بیر بکاتەوە و دونیابینییەکى دیکەى بۆ جووڵە و ژیانى کۆمەڵایەتى و پرۆسەى هاوسەرگیرى و فۆرمى هاوڕێیەتى و هەر جۆرە خۆگەنجاندنێکى دیکەى نزیک لە کەلتوورى دەرەوەى دونیابینیى گشتى هەبێ، ڕووبەڕووى سزاى کۆمەڵایەتى دەبێتەوە. لە سزاى کۆمەڵایەتیشدا، تاک ڕووبەڕووى پشتتێکردنى کۆى دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە، هەر لە خێزانەوە بگرە تا دەگاتە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانى دیکە.
2- ئایین:
لە کۆمەڵگەى داخراودا، کۆمەڵگە ڕووبەڕووى ستەم و نایەکسانى و تەنانەت تراژیدیاى مەرگهێنى جۆراوجۆر دەبێتەوە. دەیان هەزار ئافرەت لەژێر پەردەى ئایینیدا ژیانى کۆمەڵایەتییان، بۆ کرا بە دۆزەخێکى سەرزەوى، هەزاران کچى سەربێشکە بە ناوى پەیڕەوکردنى یەکێک لە مەزهەبەکان مارە کران و، بەبێ ئیرادە و ڕازەمەندیی خۆیان بەشوو دران. سەدانیان لە ڕێگەى خۆکوشتن بە فیشەک و خۆهەڵواسین و خۆسووتاندن، لەسەر زەوى ڕەش کرانەوە. هەزاران کچى دیکە لە پرۆسەى هاوسەرگیریى ژن بە ژن و گەورە بە بچووک و شیربایى و فرۆشتندا، لە لایەن مامۆستایانى ئایینییەوە مارە کران، بەبێ ویستى خۆیان! لە هەر خوێنڕژان و دوژمنکارییەکى بنەماڵەییدا، دەیان کچ کراون بە قوربانى و باجى خوێنڕێژیى برا، باوک، ئامۆزا، پورزا و خاڵۆزاکانیانەوە و "سوڵحى عەشاییری"یان پێ کراوە، بە ئامانجى ڕێککەوتن، کە لە بنەڕەتدا ئامانجەکەى بۆ تۆڵەکردنەوە کارى بۆ کراوە و تا ئەبەد جەهەندەمێکیان بۆ خوڵقاندوون و، هەر هەمووشیان لە لایەن مامۆستایانى ئایینییەوە مارە کراون!
سەدان هەزار کچى سەربێشکەى کۆمەڵگەى کوردى، بە ناوى ئایینەوە خەتەنە کران و، ژمارەیەکى زۆریشیان بە هۆى دەرکەوتنى دەرەنجامە (دەروونى، جەستەیى و سێکسی)یەکانیانەوە ڕووبەڕووى کێشەى خێزانى و، تا ڕادەى هەڵوەشاندنەوەى هاسەرگیرى، بوونەوە.
ئەوەى ئێمە دەمانەوێ بیگەیەنین، قسەکردن نییە لەسەر عیبادەت و ئەرکانەکانى ئایینى و پایەگا جێگیر و ناجێگیرە شەرعییەکان، هێندەى مەبەستمانە ئەو تراژیدییانە، بێنینەوە بەرچاو، کە لەژێر ناو و پەردەى ئاییندا دەیان هەڵەى کوشندە و دیاردەى بێزلێکراو و تاوانى خوێنڕێژى لەژێر ناو و ناونیشانى "جێبەجێکردنى ئایین" پراکتیزە کراون و، لە کۆمەڵگەى کوردیشدا وەک مۆرکى پاشکەتووییى کۆمەڵایەتى، چوونەتە ناو مێژووى بەشێک لە کهلتوورى کۆمەڵایەتیمانەوە.
3- خێڵ:
هەڵبەت کارەکتەرەکانى ناو بازنەکانى خێڵ و هۆز و تیرەکان، لە ئەستێرەیەکى دیکەوە نەهاتوونەتە سەر زەوى، بەڵکوو زادەى کۆمەڵگەیەکن کە ساڵەهای ساڵە بە ڕێساگەلێکى کۆمەڵایەتییەوە بارگاوى کراوە. لە کۆمەڵگەى داخراودا، بە سوودوەرگرتن لە سەروەرنەبوونى یاساکان و مللەملنانى سیاسى و شەرمنى و لاوازیى ئۆرگانەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ستەمکاریى دەسەڵاتى خێڵ و تێفکرینى خێڵەکییانە لە ئاستێکدا دەبینرێ، هەمیشە ئامادەیە بۆ سڕینەوە و سزادانى ئەو کەسانەى کە بۆ ڕەنگە جیاوازەکانى دەرەوەى یاساکانى خێڵ بیانەوێ بژین و بیر بکەنەوە. لە کۆمەڵگەى داخراودا، زۆرینەى جار، خێڵەکان بە یاسا فەرمییەکان و دامەزراوەکانى پۆلیس و بڕیارى دادگاکانەوە پابەند نابن. ئەوان خاوەنى یاساى تایبەت بە خۆیانن. ئەوان بڕێک جاران ڕۆڵى شەڵتەرێکى فەرمیش لە داڵدەدانى تاوانباران و کەسانى ڕاکردوو لە دەستى یاسا فەرمییەکان، دەگێڕن. لە هەر کۆمەڵگەیەکیشدا یاساکانى خێڵ و بڕیار و هێزى سەرۆکخێڵەکان، لە یاسا فەرمییەکان و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان بەهێزتر بوو، کۆى ئۆرگان و بەها مەدەنییەکانى ئەو کۆمەڵگەیە دەخاتە ژێر پرسیارى گەورەوە، بە جۆرێک کە شایانى شانازیپێوەکردن نین.
هەڵبەت سیماتى دیکەیشمان هەن کە کۆمەڵگە داخراوەکانى پێ دەناسرێتەوە، بەڵام کە دەگەینە سەر باسى پایەگا بنچینەیییەکانى "کۆمەڵگەى کراوە"، زێدەتر تێ دەگەین کە ئاریشەکانى چەقبەستنى کۆمەڵگەى داخراو لە کوێدایە.
لە وتاری داهاتوودا، ڕاڤەى سیماتەکانى "کۆمەڵگەى کراوە" دەکەین و ئەو خەسڵەتانەیش کە کۆمەڵگەیەکى کراوە لە کۆمەڵگەیەکى داخراو جوێ دەکاتەوە، دەیانخەینە ڕوو، لەگەڵ ئەو میکانیزمانەى کە پێویستن بۆ دەربازبوونى کۆمەڵگەى کوردى لەو قۆناغەى کە پێى دەگوترێ قۆناغى "تازەپەرەستێن"، لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە شی دەکەینەوە.