کۆمەڵگەى کراوە و ڕەهەندەکانى

زنجیرەى شەشەم

"کارل پۆپەر" لە کتێبى "کۆمەڵگەى کراوە و دوژمنەکانى"دا، پێی وایە کۆمەڵگە کاتێک دەتوانرێ ناونیشانى "کۆمەڵگەى کراوە"ى بۆ دابتاشرێ، ئەگەر هات و، دەستاودەستى دەسەڵاتى سیاسى تێیدا ڕوو بدا، بەبێ خوێنڕشتن و پەنابردن بۆ ئامرازەکانى توندوتیژى.

ئەم تێفکرینە پێی وایە گۆڕانکارى لە بونیادى سیاسیدا پێودانگێکى نیمچەڕەهایە بۆ دیاریکردنى ئاراستەى گەشەى کۆمەڵایەتى، وەلێ "تیۆریى بونیادى ئەرکگەرایی" کە یەکێکە لە تیۆرییەکانى زانستى کۆمەڵناسى، بە شێوەیەکى فراوانتر ئەوەمان بۆ شی دەکاتەوە کە کرانەوەى کۆمەڵایەتى، بەتەنیا بە گەشەکردن، پێشکەوتن و پێگەییشتنى یەک دامەزراوەى کۆمەڵایەتییه‌وه وابەستە نییە‌، بەڵکوو پێی وایە دیاریکردنى ئاراستەى گەشە و شکستى کۆمەڵگە، هەم ڕیشەیەکى هەیە، هەمیش کار و کردەى کۆمەڵێک دامەزراوە، وا دەکات کۆمەڵگەیەک بچێتە پێشەوە یان چەق ببەستێ و، بە دونیایەک تەنگژەى تێکچڕژاوەوە گیرۆدە ببێ.

ئەو تیۆرییە کۆمەڵایەتییە ئەوەى یەکلایی کردۆتەوە کە کۆمەڵگە پێک دێت لە "بونیادى کۆمەڵایەتى"، بونیادى کۆمەڵایەتیش ئەو کۆمەڵە حوکم و یاسا و دیسپلینانەیە کە پەیوەندییەکانى تاکەکان و مومارەسەکانیان لەسەر شەش دامەزراوەى کۆمەڵایەتی دیاری دەکات کە بە هەموویان "بونیادى کۆمەڵایەتى" پێک دەهێنن. دامەزراوەکانى بونیادى کۆمەڵایەتیش بریتین لە: "دامەزراوەى ئابوورى، دامەزراوەى سیاسى، دامەزراوەى ئایینى، دامەزراوەى سەربازى، دامەزراوەى خێزانى و دامەزراوەى پەروەردەیى". گەرچى بە دیدى من، لە هەرێمى کوردستان، بەدەر لەم شەش دامەزراوانە، چەند دامەزراوەیەکى دیکەیش هەن ڕۆڵى باش و نەباش لە پرۆسەى گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگێڕن.

لە وتارى ڕابردوویشماندا، بەوردى ڕۆشناییمان خستەر سەر چەمکى "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى" و، مەبەستیشمان لە ئاماژەپێدان و ڕاڤەکردنى ئەو چەمکە ئەوە بوو کە بڵێین، لەگەڵ ئەوەى کە دامەزراوەکانى بونیادى کۆمەڵایەتیمان هەن، بەڵام هیچ یەکێک لەم دامەزراوانە ئەگەر بەپێى هەر شەش فۆرمەکەى "ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى" ڕێک نەخرێن، دامەزراندنى دامەزراوەکانى بونیادى کۆمەڵایەتى، ناتوانن هیچ گەشە و پێشڤەچوونێکى کۆمەڵایەتى بهێننە کایەوە.

ڕەهەندەکانى کۆمەڵگەى کراوە و ڕەهەندە جیاکەرەوەکانى لەگەڵ کۆمەڵگەى داخراودا:

یەکەم / ڕەهەندى کۆمەڵایەتى:

لە کۆمەڵگەى کراوەدا تاک لە ڕووى ئازادیی قسەکردن، نووسین و بڕیارەکانى و مومارەسەى تایبەتمەندى و ئارەزووەکانى لە پانتایییەکى فراواندا، ژیانى کۆمەڵایەتیى خۆى ڕێک خستووە. کۆمەڵگە و دامەزراوە یاسایییەکان و دەسەڵاتەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى، هەم زەمینەیان بۆ خۆش کردووە تاکوو تاک، وەک سەنتەر لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ، هەمیش پارێزگاریلێکردن و ڕێزلێگرتنى بە سیستەم کراوە و بە بڕگە و بەندى یاساکان ڕێک خراوە. لە لایەکى دیکەیشەوە، ئەو دامەزراوانەى کە بۆ ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتى دامەزرێنراون لە لایەن دەوڵەتەوە، وەک ئەولەوییەت بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشى کۆمەڵایەتى مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و پرسى ئاشتیی کۆمەڵایەتى لە پێش پرسەکانى دیکەوە، بۆتە جێگەى فۆکەسى دەوڵەت.

ئەم خەسڵەتانە لە کۆمەڵگەى داخراودا پێچەوانە دەبنەوە. کۆمەڵگە لە برى تاک بیر دەکاتەوە، بڕیار دەدات، هاوسەرى بۆ هەڵدەبژێرێ، فۆرمى جلوبەرگ، قژ و سیماى بۆ ڕێک دەخات. یاساکانیش بە بیرکردنەوە و ئەقڵییەتى کۆى کۆمەڵگەکە بارگاوى کراون و، هەندێ جاران خودى یاساکان و دامەزراوە دادگەرییەکان، بە پاساوى بەزاندنى ڕێساکانى ئادابى گشتى و نەریتى کۆنەپارێزى کۆمەڵایەتییەوە، تاک ڕووبەڕووى سزاى یاساییش دەکەنەوە.

لە ساڵانى ڕابردوویشدا، بە سەدان کچ و ژن و کوڕى کۆمەڵگەى کوردى، ڕووبەڕووى توندوتیژى تا ئاستى کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن بوونەتەوە. لە بەرامبەریشدا، ڕێژەی زۆرینەى کۆمەڵگە، چاوى خۆى لە بەرامبەریدا داخستووە و گوێیەکانى خۆى کەڕ کردووە و زمان و دەمى خۆیشى لە ئاست تراژیدییه‌ کۆمەڵایەتییەکاندا دووریوە، چونکە زۆرینەى کۆمەڵگە لە ئاست مامەڵەکردن و مومارەسەى ئازادییەکانى تاکدا وەک یەک بیر دەکەنەوە. هەروەها، لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا بێبایەخترین پرسێک ئەو پرسانەن کە پەیوەندییان بە ژیانى کۆمەڵایەتییەوە هەیە. دامەزراوەکانیش کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرێنراون، لە لایەن دەوڵەتەوە جێگەى بایەخ نین و، لە ڕووکەشدا، وا دەردەکەوێ کە جێگەى بایەخى دەوڵەتن، بەڵام لە ڕاستیدا زێدەتر بۆ ڕازیکردنى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و کەمکردنەوەى ڕەخنەکان لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا، دەوڵەت ملى داوه‌تە بەر دامەزراندنى ئەو ناوەندانەى کە بۆ چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەى پرسە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرێنراون.

 

دووەم/ ڕەهەندى سیاسى:

 گەشەکردن و نەشونماى دیموکراسى و فراوانبوونى مەوداکانى چالاکیى گرووپ و پارتى سیاسى و دامەزراندن و ئەکتیڤکردنى ئۆرگانەکانى کۆمەڵى مەدەنى و بەرەوپێشەوەچوونى بەهاکانى کۆمەڵى مەدەنى، کە خۆى لە ئازادیى مانگرتن و خۆپیشاندان و دەربڕینى ئازادیى بیر و ڕا و دەنگهەڵبڕین و ناڕەزایى لە بەرامبەر بەدەستهێنانى مافەکاندا و، لە هەمان کاتدا ڕێزگرتن لە پێودانگ و ڕێسا و یاساکانى چالاکییە مەدەنییەکان لە لایەن خەڵکەوە و لە بەرامبەریشدا ڕێزگرتن لە دەنگ و هەڵویست و داواکانى خەڵک لە لایەن دەسەڵاتى سیاسییەوە، بە سیماتەکانى کۆمەڵگەى کراوە دەناسرێنەوە. هەر ئەوەندەیش نا، بەڵکوو بڕوابوون بە پرۆسەکانى هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان و زەمینەخۆشکردن بۆ ئازادیى خۆپاڵاوتن و دەنگدان و قبووڵکردنى دەرەنجامەکانى، ئەو گومانەمان لە لا دەڕەوێنێتەوە کە ئایا ئەم کۆمەڵگه‌یە، بەکردەیى باوەڕى بە مەدەنییەت و پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى و سیاسى هێناوە یاخود نا.

بەپێچەوانەوە، لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا ئۆرگانەکانى کۆمەڵى مەدەنى، یان نین، یان ئەگەر هەیشبن لە ڕووکەشدا هەن و لە ژمارەدا زۆرن و لە ڕۆڵبینینى مەدەنییانەیشدا لاوازن و، لە دیوێکى دیکەیشەوە ناتوانن سەربەخۆییى خۆیان بپارێزن و لەژێر هەیمەنەى پارتە سیاسییەکاندا وەک داشى دامە، جووڵەیان پێ دەکرێ. هەروەها، کۆى چالاکییە مەدەنییەکان و ئۆرگانەکانیان تا ڕادەیەکى زۆر وەک زۆرینەى کۆمەڵگە بیر دەکەنەوە، بەو مانایەى کە زۆرینەى ئەو خەسڵەتانەى کۆمەڵگەى کراوەى پێ دەناسرێتەوە، لە کۆمەڵگەى داخراودا پێگە و ڕۆڵ و بیرکردنەوە و سەربەخۆبوونیان پێچەوانەى ئەو سیماتانەن کە کۆمەڵگەى کراوە شانازییان پێوە دەکات.

سێیەم/ ڕەهەندى ئازادیى ژنان:

سەرنج بدەن، هەر کۆمەڵگەیەک كه‌ ساڵانە بە سەدان ژن و کچى، بە میکانیزمە جۆراوجۆرەکان بکوژرێن و لەسەر زەوى ڕەش بکرێنەوە و، بنکەکانى داڵدەدانى ژنانیش لەو لاوە جممەى بێت لە ژنى هەڕەشەلێکراوى ڕاکردوو لە ئەنجامى ڕاوەدوونان و هەڕەشەلێکردنى خێزانەکانەوە، لە کۆمەڵگەیەکدا سەدان ژنى ڕووبەڕووى ئەشکەنجەدان بکرێنەوە و یاساکان و دادگاکانیش لە ئاست کۆى ئەو پێشێلکارییانەدا خەمساردانە بە هاناى ژنانى غەدرلێکراوەوە نەچن و بکوژەکانى ژنانیش بە سەدانیان ڕووبەرووى سزاى یاسایى نەکرێنەوە و زۆرینەى کۆمەڵگەکەیش لە ئاستیدا بێدەنگى هەڵبژێرێ، لە کۆمەڵگەیەكدا ژنان نەتوانن بەئازادیى خۆیان لە شەوەبازاڕەکانى شاردا بسوڕێنەوە و، بەبێ ترس، لە پارکێکدا هەر بەتەنیا یان لەگەڵ هاوڕێیەکى ڕەگەزەکەى تریدا پیاسەیەک بکات، لە کۆمەڵگەیەکدا ژن لە سایەقى تەکسى تۆقیبێ، لە ترسى دەستدرێژى و هەراسانکردن و تەنانەت فڕاندنیش، لە کۆمەڵگەیکدا تا ئیستا ژنە پاڵێوراوەکانى لە پرۆسەکانى هەڵبژاردندا بە "کۆتا" بچنە پەرلەمان و بە دە دانە ژن، نەتوانن دەنگى پیاوێک کۆ بکەنەوە تەنیا لەبەر ئەوەى لە ڕەگەزى ژنن، هەموو ئەم تراژیدییانە، بەس نین بۆ ئەوەى تێ بگەین کە ناکرێ ئەم کۆمەڵگەیە بەم دۆخ و حاڵەوە، جێگەى شانازیپێوەکردن بێ؟

کەچى لە بەرامبەردا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە باوەڕى بە کرانەوەى کۆمەڵایەتى هەیە، سەرەڕاى هەستکردنى بە جاربەجار پێشێلکارى، کە ڕووبەرووى ژنانیان دەبێتەوە، هیچ نەبێ ژنان بە جۆرێک ئازادییان بۆ فەراهەم کراوە کە هەست بە ئاسایشى خودى دەکەن و، یاساکانیش "بەکردەیى، نەک بەڕووکەش" پارێزگارییان لێ دەکەن و ئەو کەسانەیش ڕووبەرووى سزاى توند دەکەنەوە کە مافەکانى ژنان پێیشێل دەکەن.

 

چوارەم / ڕەهەندى ئایینى:

 لە کۆمەڵگەى کراوەدا تاک و، لەوێیشەوە کۆمەڵگە، پێویستیى بە پارتى سیاسى نییە تا لە خودا و عیبادەتەکانى نزیکى بکاتەوە. لە کۆمەڵگەى کراوەدا، ئایین بۆ تاک و سیاسەت بۆ هەمووان مومارەسە دەکرێت. تاک، ئازادە کە چۆن و لە کوێ و بە کام فۆرم عیبادەتى خۆى دەکات و کەسیش ناچێتە ژێرکاریگەریى هەژموونى پیاوانى ئایینییەوە لە دۆخێکدا کە ئاراستەى گوتارى پیاوانى ئایینى پەیوەندیى بە دەستێوەردانى ژیانى تايبەتى و بەرتەسککردنەوەى ئازادییەکانى ئەوانى دیکەوە هەبێ. لە کۆمەڵگەى کراوەدا بە ناوى ئایینەوە، نە کچ لەسەر بێشکە مارە دەکرێ و نە كچ  ژن بەژنیى پێ دەکرێ و، نە لە سوڵحى عەشایریدا کچێکى بێتاوان دەکرێتە قوربانیى هەڵە و خوێنڕێژییەکانى برا و باوک و ئەوانى دیکە.

سەرنج بدەینە کۆمەڵگەیەکى داخراوى کۆنەپارێز: تێکڕاى ئەو خەسڵەتانەى کە کۆمەڵگەى کراوەى پێ دەناسرێتەوە، لە کۆمەڵگەى داخراودا پێچەوانە دەبنەوە.

 

چۆن خۆمان لەم داخراوییە کۆمەڵایەتییە دەرباز بکەین؟

سەروەرکردنى یاساکان و جێبەجێکردنیان لە بەرامبەر ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەى کە لە برى سزا یاسایییەکان، پەنا بۆ سزاى کۆمەڵایەتى دەبەن و لە یاساکانیش ڕا دەکەن و، دەزگه‌ یاسایییەکان و پۆلیس و دەسەڵاتى جێبەجێکردنیش لە بەرامبەریاندا نەرمى دەنوێنن. کاراکردنى ئۆرگانەکانى کۆمەڵى مەدەنى و تێگەیاندن و پێگەیاندنیان، بە جۆرێک کە ڕێز لە سەربەخۆییى خۆیان بگرن و، لە ئاست تراژیدی و پێشیلکارییەکاندا وەک زۆرینەى کۆمەڵگا بیر نەکەنەوە.

لە لایەکى دیکەوە، پشتیوانیى ئەو دەزگه‌ و ناوەندانە بکرێت کە بۆ بردنەپێشەوەى پێگە و پرسى ژنان دەمەزرێنراون، جا هەر لە ناوەندە حکوومییەکانەوە تا دەگاتە میدیاکان و ئۆرگانە مەدەنییەکان. هەروەها چیتر میدیاکان کۆى پرسەکان نەکەن بە قوربانیى پرسە سیاسییەکان، چونکە تا ئەمڕۆیش میدیا بە جۆرێک مامەڵەى کردووە کە تەواوى ژیانى خێزانى و تاک و بیرکردنەوە و سایکۆلۆژیى کۆمەڵایەتیى بە کێشە و دۆزى سیاسییەوە بارگاوى کردووە.

دەبێ لێرەوە، دامەزراوەى فەرمى بەجددى کار لەسەر دوورخستنەوەى ئەو گوتاربێژە ئایینییانە بکات کە فیکرى توندڕەوى سیاسى و کۆمەڵایەتى وەکوو گەرا دادەنێن بۆ ئێستا و ئاییندەمان. کۆى ئەم هەنگاوانە، پێویستیى بە نەخشەڕێى فرەڕەهەندى فرەلایەن دەبێ، پێشم وایە ئەستەم نابێ ئەگەر ئیرادەیەکى جددیمان هەبێ بۆى.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples