زنجيرەى هەشتەم
تەکنۆفۆبیا یاخود "تۆقین لە تەکنەلۆژی – Technophobia"، لەگەڵ ئەوەى کە چەمکێکە زێدەتر بەرهەمى شۆڕشى پیشەسازییە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە وەک چەمکێکى سەردەمیانە، بۆتە جێگەى مشتومڕ. چەمکى تۆقین لە تەکنەلۆژیدا، لە سەرەتاکانى قۆناغى گەشەسەندنى پیشەسازى و سەرمایەدارییەوە سەری هەڵداوە و تیۆریزە کراوە، واتە هەر لەو کاتەوەى مرۆڤ دەستى بە دروستکردنى ئامێرە دەستییەکان کردووە و، دواتر وەک هەڕەشە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، کوشتن و داگیرکارى، هێزى زیاترى پەیدا کردووە. هەر لەو قۆناغەوە زانایان پێیان وا بووە کە ئیدى ئامێرەکان چیدى چەکێکى یەکسەرە نین تا تەنیا بۆ ئاسانکردنى کاروبارى ڕۆژانە پەنایان بۆ ببردرێ، بەڵکوو لە نموونەیەکى سادەدا بڵێین، ئەگەر چەقۆیەک ڕۆڵى خۆپارێزى و بەدەستخستنى پێداویستییەکانى بینیبێ، بە دیوەکەى تریشدا هەڕەشە، تاوان و ماڵوێرانییەکى گەورەیشى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
ئەگەر چاوێک بە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانى گەشەکردنى تەکنەلۆژی لە کۆمەڵگەى کوردیدا بخشێنینەوە، بەتایبەت لە دواى ساڵانى پرۆسەى ئازادیی عێڕاق، تێ دەگەین کە جگە لەو فۆبیا تەکنەلۆژییە ترسناکەى لە دیوى ناوەوەى هەموواندا ئامادەییی هەیە، بۆمان دەردەکەوێ کە گەشەکردنى تەکنەلۆژی، تەنیا تراژیدیى خودى، خێزانى، کۆمەڵایەتى، سیاسى و ئابووریى بۆ بەرهەم نەهێناوین، بەڵکوو بۆتە ئەڵتەرناتیڤ و شوێنگرەوەى بەها، نۆرم و نەریتە کۆمەڵایەتییە پەسەندەکانیشمان. ئەوەتا خەریکە نیشاندانى هاوخەمیمان بۆ لەدەستدانى دۆستەکانمان و بەشداریی ڕاستەوخۆى ئێمە لە ڕێوڕەسمى بەخاکسپاردنى مردووەکان و پرسەى لەدەستدانى کەسە خۆشەویستەکانمان، دەگۆڕێ بۆ ناردنى تەنیا نامەیەکى مۆبایل، پۆستێکى ئەلیکترۆنى، بروسکەیەکى ماسنیجەرى فەیسبووک و ڕایەڵەکانى دیکەى سۆسیال میدیا!
دەمێکیشە بە هۆى پەیدابوون و گەشەکردنى تەکنەلۆژییهوە، سەردانیکردن و بەشداریکردنمان لە ڕێوڕەسمەکانى جەژن و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، کاڵ بوونەتەوە و پەیامى نووسراوى ئەلیکترۆنى و نامەکانى مۆبایل، هەمووانى لە کائینێکى کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بۆ کائینێک کە وردە وردە تەکنەلۆژی جێگەى کارلێکى ڕاستەوخۆى پەیوەندییەکانى هاوڕێیەتى، خزمایەتى و کۆمەڵایەتیمان دەگرێتەوە. جا من باس لەو کاریگەرییە لەسەرخۆ و قسەلەسەرنەکراوە هەر ناکەم، کە کارى لەسەر فەشەلپێهێنانى سیستەمى خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا کردووە، چونکە تەکنەلۆژی، نەوەى ئێستا و قوتابیی ئێمەى لە فێرخوازێکەوە گۆڕیوە بۆ مودمین (خووپێوهگرتوو)یهكى فەیسبووک، سنابچات، ڤایبەر، تانگۆ و ئینیستاگرام، بە جۆرێک، مەگەر تەنیا مامۆستاکانى ناو هۆڵى قوتابخانەکان لە نزیکەوە باسى تەمبەڵخانەى پۆلەکان و باوێشکى بەلێشاوى قوتابیان و خەولێکەوتنى ئەو نەوەیەمان بۆ بگێڕنەوە، کە تەواوى شەوەکانیان تا بەرەبەیان لە برى گەڕان و خوێندنەوەى توێژینەوەکان، بە ئیدمان (خووپێوهگرتن) به تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانهوه بەسەر بردووە!
بۆچى کۆیلەبوونى بەکۆمەڵى تەکنەلۆژی هاتە کایەوە؟
لە سەرەتاکانى سەدەى بیستەمەوە تەکنەلۆژی، ڕۆڵى مرۆڤى بچووک کردۆتەوە، بە جۆرێک توێژەران پێیان وایە کە تاک بە هۆى تەکنەلۆژییهوە لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابڕاوە و، ئەوەى کۆمەڵناسى ناوى لێ ناوە لاوازبوونى "سیلەى ڕەحم" لە پەیوەندییە خزمایەتییەکاندا، هێندەى تاکگەرایییانە مامەڵە لەگەڵ ڕێکخستنى ژیانى کۆمەڵایەتى دەکات، هێندە "نایەوێ و نایشتوانێ" ئەو ڕایەڵەیه، لەگەڵ ئەوانى تردا بەتۆکمەیى بهێڵێتەوە. جا ئەم تاکگەراییبوونە، لە مامەڵەى تاکەکانى ناو خێزانەکان "بە هەموو تەمەنەکانەوە!" خۆبەخۆ هەستى پێ دەکرێ، تا دەگاتە کەمبوونەوەى میواندارى و ملشۆڕکردنەوە و چاوتێبڕینى فرۆشیارى دوکان و بازاڕەکان، فەرمانبەر، پیادە، شۆفێر و تەواوى چین و توێژاڵ و تەمەن و ئاستە جۆربەجۆرەکان بۆ سەر شاشەى مۆبایلەکانیان!
چەند فاکتەرێک ههن، وایان کردووە كه "کۆیلەبوونی بەکۆمەڵى تەکنەلۆژی" لە کوردستاندا پەرە بستێنێ:
فاکتەرى یەکەم/ کۆمەڵگەى بەکاربەر:
مرۆڤ بە سروشتى خۆى، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتانەى تواناکانى بۆ کار و جێبەجێکردنى ئەرکەکانى بەکردەیى تەرخان دەکات، لە دەستبەتاڵیدا زێدەتر بیرکردنەوەى لە ئارەزووەکانى و لە غەریزە و هەست و سۆزەکانى قووڵتر دەبێتەوە. بۆیه، دامەزراندنى بەلێشاوى خەڵک لە دامەزراوە حکوومییەکاندا، بەبێ ئەوەى ڕووپێوى زانستییانە بکرێ بۆ ئاستى پێویستبوون و پێویستنەبوونى تێخزاندنى بەلێشاوى ئەو خەڵکە و، جێکردنەوەیان لەناو وەزارەت و فەرمانگەکانى حکوومەت وای کرد کە لێشاوێک لە خەڵکى دەستبەتاڵ، دەستوپێسپى، بێبەرهەم و بەکاربەر ئاراستەى دامەزراوەکان بکرێ. ئهوه جگە لە دروستکردنى قورساییى دارایى لەسەر حکوومەت، کاریگەریى گەورەیشى کردە سەر ئاستى توانا مرۆیییەکان. ئەوەى سەردانى فەرمانگەکانى حکوومەتى کردبێ، بەئاسانى بۆى دەردەکەوێ ئەگەر چوار فەرمانبەر لە هەر ژوورێکدا جێیان بۆ کرابێتەوە، سێ فەرمانبەریان بە هۆى دەستبەتاڵییانەوە ملیان شۆڕ کردۆتەوە بۆ سەر شاشەى مۆبایلەکانیان! لەبیریشمان نەچێ، ئەم دیاردەیە بە هیچ جۆرێک لە قۆناغەکانى دواى سەرهەڵدانى قەیرانى دارایییەوە سەرى هەڵنەداوە، بەڵکوو ڕیشەیەکى قووڵترى هەیە.
فاکتەرى دووەم/ گەڕان بە دواى دۆزینەوەى ڕەگەزەکەى تردا:
بە باوەڕى من، پەڕینەوەیشمان لە فاکتەرى یەکەمەوە بۆ فاکتەرى دووەم، ناڕاستەوخۆ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گرفتى دەستبەتاڵییەى کە لە فاکتەرى یەکەمدا ڕۆشناییمان خستە سەرى. بەو مانایەى کە ئەگەرچى فاکتەرى دووەم لە ڕووى مۆڕاڵەوە جیاوازە لە فاکتەرى یەکەم، بەڵام دەستەبەتاڵى، بەڵا و دوژمنێکى گەورەى خودى مرۆڤە، چونکە مرۆڤ بۆ گەڕان بە دواى تێربوون و پڕکردنەوەى بۆشایییەکانیدا باڵکێش دەکات.
لەم خاڵەدا، دەمەوێ بڵێم ئەم داخراوییە کۆمەڵایەتییەى کە لە زنجیرەکانى شەشەم و حەوتەمى وتارەکانمدا ئاماژەم بۆ کردووە، وا لە تاک دەکات کە بە دواى دۆزینەوەى ئەوانەدا وێڵ ببێ کە بەئەستەم دێنە ناودەستى، یاخود چاوى لێیان تێر نەبووە. ئەگەر سەرنج بدەینە شەقام، کۆڵان، شەوەبازاڕەکانى شار و شارۆچکەکانمان بە پایتەختیشەوە، هەست بە غیابى ڕەگەزى ئافرەت دەکرێ. تەواوى پارکەکان بگەڕێى، نایبینى ئافرەتێک بە تەنیا پیاسە بکا. تەواوى شەقام و بازاڕەکانى شار بگەڕێى، نایبینى دوو کەسى ڕەگەز جیاواز کە تەنیا هاوڕێش بن، بەبێ "ترس" دابنیشن! هەستنەکردن بە ئاسایشى خودى لە لایەک و، ڕێگەپێنەدانیشى لە لایەن خێزانەکانەوە وای کردووە، تێڕوانین و چاوتێبڕینى ڕەگەزى پیاوى برسى کردووە.
ئەگەر لە فۆرمێکى گشتیشدا سهرنج بدەین، بەئاسانى ئەو ئەنجامەمان بۆ دەردەکەوێ کە "چڵێسى" بۆتە یەکێک لە خەسڵەتە ناشیرینەکانى ڕەگەزى پیاو لە کۆمەڵگەى کوردیدا. هەر ئەم چڵێسییەیشە واى لە زۆرینەى پیاوانى کورد کردووە هەر کاتێک پێیەکانیان لەسەر زەویى هەرێمى کوردستان جوێ بۆوە و گەییشتن بە وڵاتێکى دیکە، جارێ بیریان لاى ئەوەیە کە چۆن ئەو چڵێسییە دابمرکێننەوە. ئەم حاڵەتە "کە سەدان تراژیدیى لەگەڵ خۆیدا هێناوە و بەردەوامیشە"، گەرچى پەیوەندیى بە کەڵەکەبوون و سەرکوتکردنى ئارەزووەکان و خەفەکردنى هیواکانى تاک هەیە لە دەرەنجامى داخراویى کۆمەڵگە، لە لایەکى دیکەیشەوە هیچ یەک لە دامەزاوە حکوومییەکان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و زانکۆکان و باقیى دامەزراوەکانى دیکە، بیریان لە چارەسەرى کێشەى "چەپاندنى سێکسى" نەکردۆتەوە، لە کاتێکدا لەو وڵاتانەى کە زۆرینەى دانیشتووانەکانیان مسوڵمانە، بە یاسا، چارەسەرێکى ئاقڵانە و لۆژیکییان بۆ ئەم پرسە دۆزیوەتەوە تا دەگا بە کۆمەڵگەى مۆدێرن. ئێمە، نەک بیرمان لە ڕووبەڕووبوونەوەى نەکردۆتەوە، بەڵکوو نەمانتوانیوە شەرمى ناوهێنانیشى بشکێنین!
جا لێرەوە مادام لە فاکتەرەکانى خووپێوەگرتنى تەکنەلۆژی تێگەییشتین و، ئەم خووپێوەگرتنەیش کردار و دواتر پەرچەکردارى ترسناکیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ، ئیدى تۆقین لە ئاشکرابوونى کردارەکان دێتە ناو دەروونى بەکارهێنەرانى ئامێرە تەکنەلۆژییەکان. لە لایەکى دیکەیشەوە، ئەوانەى چاوەڕوانى ئاشکرابوونى کردارەکانیشیان ناکەن، ئەم تۆقینە لە دەروونى ئەوانیشدا خاڵى نییە. هەوڵ دەدەین شێوەى کارپێکردنى ئامرازەکان و شێوەى فۆبیاکانیان لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا بخەینە ڕوو:
یەکەم/ تەکنۆفۆبیاى مۆبایل:
کەسێک نادۆزینەوە كه لە هاککردنى مۆبایلەکەى ناو دەستى خۆى، یان کوڕ و کچ و خوشک و برا و برازا و خوشکەزا و ئامۆزا و هاوڕێ خۆشەویستەکانى نەتۆقیبێ. ئەم تۆقینە بە شێوەیەک لەگەڵماندایە، تەنانەت بۆ چرکەیەکیش لێمان جیا نابێتەوە. وای لێ کردووین بەئاگایییەوە قسە بکەین، پەیامەکانمان بۆ ئەوانى دیکە بنووسین و، ئەو نامە و وێنانە نەهێڵینەوە کە ترسمان لە بڵاوبوونەوەیان هەیە. کەسانێک هەن زوومى کامێراى سەر ڕووى شاشەى مۆبایلەکانیشیان داپۆشیوە لە ترسى تۆمارکردن و دواتر بڵاوکردنەوەى ئەو جووڵانەى کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ئەنجامیان دەدات. لە کۆتاییى وتارەکەیشدا ئاماژە بە پاڵنەرەکانى ئەم فۆبیایە دەکەین.
دووەم/ تەکنۆفۆبیاى فەیسبووک:
دوو ترسى گەورەمان لەگەڵ بەکارهێنان و بەکارهێنەرانى فەیسبووک وەک یەکێک لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەى کە زۆرینەى کۆمەڵگە ڕۆژانە یاخود هەفتانە بەکارى دەهێنن، هەیە. ترسى یەکەم، دروستکردنى ئەکاونتى دیکە بە ناو و وێنەى ئێمە، بە ئامانجى لێدان و ناشیرینکردنى کەسایەتى و پێگەى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئیداریمان، ترسى دووەمیشمان بڵاوکردنەوەى نهێنییەکانى ژیانى خودى و کۆمەڵایەتى و ئیدارى و ئابوورى و سیاسیمان؛ لەوانە تۆمارکردنى دەنگ و بڵاوکردنەوەیان، هاککردنى مۆبایلەکانمان و بردنى وێنەى خێزانى و بڵاوکردنەوەیان، ترس لە بڵاوکردنەوەى چات و ئاڵوگۆڕى بیر و ڕاکانمان کە لە ڕێگەى ماسینجەرى فەیسبووک و یاهوو و هۆتمەیل و تۆڕەکانى دیکەوە ئەنجاممان داون، جا گفتوگۆى هاوڕێیانە بووبن یان کاروبارى فەرمى بووبن، کە ناکرێ هەموو کەس لەبارەیانەوە بیانزانن.
سێیەم/ تەکنۆفۆبیاى پۆستى ئەلیکترۆنى:
ترس لە دزین و بڵاوکردنەوەى ئیمەیلەکانمان لە لایەک و، هەڕەشەلێکردن و هەراسانکردنمان لە لایەن کەسانى نەناسراوى پشتى ئیمەیلەکانەوە لە لایەکى دیکەوە، وەک دێوەزمە لە هەموو شوێن و جێگە و کات و ساتێک هاوشانمانە.
هەروەها، خهمى دانانى ژمارەى نهێنى لەسەر لاپتۆپ و دیسکتۆپەکانمان و، ئاگاییمان لە فرۆشتنەوەى لاپتۆپەکانمان لە ترسى گێڕانەوە، دۆزینەوەى وێنە، ڤیدیۆ و دیکۆمێنتەکانى ناوى، خەمێکى دیکە و فۆبیایەکى دیکەیه لەناو دەروونى هەمووماندا.
هەموو ئەو شێوازانە لە فۆبیاى تەکنەلۆژی، پێمان دەڵێ کە تاک لە کۆمەڵگەى ئێمەدا خۆى ناتوانێ خاوەندارێتیى خۆى بکا و بۆ خۆى بژى، هێندەى کۆمەڵگە خۆى کردووە بە خاوەنى. ئەو دیاردەیە پێمان دەڵى، تاک لە لێپرسینەوە و سزاى کۆمەڵایەتى تۆقیوە و، لەگەڵ هەر نامەیەکدا کە هەڕەشەى حەیابردنمان لێ بکرێ، ڕۆحمان دەگەیەنێتە سەر کەپۆمان، چونکە بەهێزترین چەکێک کە هەمیشە ئامادەیە و لەناو دەستى نەیارەکانماندایە، حەیابردن، کەرامەتشکاندن و ئیشکردن بووە لەسەر شەڕەف و نامووس! هەموو ئەم چەمکانەیش بەستراونەتەوە بە ژیان، مردن، لەسەرپێوەستان و کەوتنمانەوە، کاتێک تاک لەم ڕووانەوە هەوڵى شکاندنى دەدرێ، مرۆڤ تا ماوە ناگەڕێتەوە بۆ پێگە و کەسایەتیی جارانى خۆى!
جا ئەم چەمکانە تەنیا لە چوارچێوەى تێڕوانینى کۆمەڵایەتیشدا نەماونەتەوە، بەڵکوو هێنراونەتە ناو یاساکانى عێڕاقیشەوە. واتا ئەوانەى کە داڕیژەرى یاساکان بوون بە هەمان ئەقڵییەتى سەرۆکى خێڵ و هۆزێک مامەڵەى لەگەڵ چەمکى شەڕەف و نامووس و کەرامەت و حەیا و حورمەت کردووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەندەکانى ژمارە (128-130-131-377-41- 408) لە یاساى ژمارە 111ى ساڵى ١٩٦٩ى سزدانى عێراق، کە پەیوەستن بە چەمکى شەرەف، زیاتر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات.
چى بکەین باشە، بۆ ئەوەى بۆمبەکە لەدەستماندا نەتەقێتەوە؟
1- لە ساڵى 2008، یاساى ژمارە 6ى تایبەت بە ڕێکخستنى ئامرازەکانى پەیوەندیکردن دەرچوو. کێشەى گەورەى ئەم یاسایە ئەوەیە کە، زێدەتر بەسەر خەڵکانى بێ پشت و پەنادا جێبەجێ دەکرێ؛ ئەوەتا لە بەندى شەشەمى یاسایەکەدا سزاى پەنجا ملیۆن دینارى دیاری کردووە لە بەرامبەر پابەندنەبوونى ئەو کۆمپانیایانەى مۆبایل، ئەگەر هات و سیمکارتى مۆبایلەکانیان بەبێ زانیارى و بۆ بەرژەوەندى و خۆدەوڵەمەندکردنى خۆیان خستە ناو بازاڕەکانەوە، بەڵام تا ئێستا دواى هەشت ساڵ لەدەرکردنى یاساکە، بۆ یەک جاریش سزا نەدراون! ئەوە لە کاتێکدا ساڵانە بە هەزاران کەس ڕووبەڕووى هەڕەشەى کوشتن و حەیابردن دەبێتەوە لە لایەن ئەو ژمارە مۆبایلانەى کە لە بازاڕدا پێیان دەگوترێ "ژمارەى علوج"! یەکێک لە چارەسەرییەکان، ئەکتیڤکردنى تەواوى بەندەکانى یاساکەیە، چونکە کۆمەڵگه بە جێبەجێکردنى یاساکان ڕێک دەخرێ، نەوەک بە خاتروخوایى لە لایەک و، بە تۆزلەسەرنیشتنى لەسەر ڕەفەى دادگاکان لە لایەکى دیکەوە.
2- مادام کۆمپانیاکانى مۆبایل لە هەرێمى کوردستاندا، تا ڕادەیەکى زۆر لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن و دەسەڵاتى دادوەرى باڵاترن، دەبێ لێرەوە تا بۆمان دەکرێ، هەوڵ بدەین بەئاگایییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانى وشە و گوزارشت و ئەو پەیوەندییانە بکەین کە لە ڕێگەى نامە و مشتومڕە تەلەفۆنییەکانمانەوە لەگەڵ ئەوانى تردا ئاڵوگۆڕى لەسەر دەکەین. ئەم حاڵەتە بۆ بەکارهێنانى ماسینجەرى فەیسبووک و ڤایبەر و تۆڕەکانى دیکەیش هەر ڕاستە، چونکە بیرمان نەچێ لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین زۆرینەى تاکەکانى، هێندەى چێژ لە شکانى شکۆى کەسەکانى دیکە وەردەگرن و عەوداڵن بە دواى کەشفکردنى هەڵە و کەموکوڕییەکان، نیو ئەوەندە بە سەرکەوتنى کەسانى دەورووبەرى خۆىان شاگەشکە نابن. ئەوە تراژیدیى خەمساردیی دادگهکان و نەبوونى دادپەروەرى لە جێبەجێکردنى یاساکاندا، هێندەى دیکە وامان لێ دەکا "بەر لەوەى لەگەڵ ئەوانى تردا تووش ببین، پێویستە لەگەڵ خۆماندا توند بین."