با فریاى ململانێى نێوان "بەرەى فێمینیستەکان" و "بەرەى دژ" بکەوین

زنجيرەى نۆیەم

کێبڕکێى نێگەتیڤى بەرە کۆمەڵایەتییەکان گەرمترە لە ملبەملێکانى نێوان هێز و باڵ و کوتلە سیاسییەکان لە هەرێمى کوردستاندا، بەڵام لەبەرئەوەى بەکارهێنانى ئامرازەکانى یەکترشکاندن و تۆڵەکردنەوە و هەڵپاچینى پەڕ و باڵەکانى یەکترى، نەهاتۆتە سەر شاشەى تیڤییەکان و ڕووپەڕى ڕۆژنامەکان، لە لایەکى دیکەیش کەس خۆى لێ ناکات بە ناوبژیوان، وای لێ هاتووە سەرەداوى مەترسییەکانى ئەو جەنگە گەرمە، نەکەونە بەر دید.

ئەو جەنگە کۆمەڵایەتییە لەژێرەوە هێندە گەرمە، بەسەدان کوڕ و هەزاران کچى تازەپێگەیشتوو و ژن و پیاوى هاوسەرداریان بەپاساوى کڕینەوەى شەرەف و گێڕانەوەى حەیا و حورمەت  لەسەر زەوى ڕەش کردۆتەوە!

بەڵام خۆ ململانێ هەمیشە دەرەنجامەکانى نێگەتیڤ نین. ئەگەر ململانێ نەبێ، پێشبڕکێى باش و باشترینەکانیش بەرجەستە نابێ؛ ئەگەر ململانێ نەبێ، قوتابییەک لە قوتابییەکى دیکە زیرەکتر نابێ؛ ئەگەر ململانێ نەبێ، میدیایەک لە میدیایەکى دیکە و، حزبێكى سیاسى لە حزبێكى سیاسیى دیکە و، ئۆرگانێکى مەدەنى لە ئۆرگانێکى دیکەى مەدەنى و، زانکۆیەک لە زانکۆیەکى دیکە جوێ ناکرێتەوە. بۆیە، ململانێ وزە و ئیرادەى پێشڤەچوونت پێ دەبەخشێ و، ناچارت دەکات ڕازى نەبى بەوەى کە ئێستا هەی. بەڵام ململانێ ئەو کاتە مەترسیدارە، کە دەگاتە ئاستى یەکترڕەشکردنەوە و هەڵپاچینى پەڕوباڵى جووڵەجووڵ و پڕۆژە و تێکوپێکدانى ژیانى کۆمەڵایەتى وخێزانى و نانبڕین و، ئیشکردن لەسەر داڕمانى سایکۆلۆژیى یەکترى.

لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵناسان ململانێیان بەسەر دوو ستوونى بنچینەییدا دابەش کردووە:

ستوونى یەکەم / ململانێى ئاشتییانە:

لەم ستوونەدا لایەنەکان پێشبڕکێ دەکەن تا ستراتیژ و ئەجێنداى پڕۆژە و خەونەکانیان بگەیەننه‌ ترۆپک، بەڵام بە پراکتیککردنى نەخشەڕێ و میکانیزمى ئاشتییانە. میکانیزمەکانیش زۆرن بۆ گەییشتن بەو دەرەنجامانەى کە دیوارەکانى ململانێى لەسەر بنیات دەنرێ، لەوانە لە برى پەنابردن بۆ توندوتیژى، دەتوانرێ لە ڕێگەى پرۆسەى دیموکراسى و هاتنەناو کردەى هەڵبژاردنەوە، بێینە ناو بازنەى ململانێکانەوە. هەروەها، لە برى بەکارهێنانى هێز، دەتوانین لە ڕێگەى پەرەپێدانى پرۆسەکانى هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنى کۆمەڵایەتی و خودییەوە، بە ئاراستەیەکى نەرم و ئەقڵانى لە ململانێکاندا سەر بکەوین و، لە برى شکاندنى شکۆى بەرامبەرەکانمان و ئیشکردن لەسەر چەمکەکانى حەیا و شەرەف و نامووس، تا لەو ڕێگەیەوە زەبرى کۆمەڵایەتى بۆ تاهەتایە لە ڕکابەرەکانمان بوەشێنین، دەتوانین بە ئەڵتەرناتیڤى پڕۆژەى تیۆرى و مەیدانیى بەهێزتر و باشتر، بەسەر ڕکابەرەکانماندا سەر بکەوین. ئەمەیش، دەکرێ وەک ململانێى پۆزەتیڤ ناوى لێ بنێین.

ستوونى دووەم / ململانێى توندوتیژ:

ئەم فۆرمى ململانێیە، زێدەتر لە وڵاتانى جیهانى سێیەم و کۆمەڵگە داخراوەکاندا وەک بەربڵاوترین فۆرمى ململانێ، بەکردەیى دەکرێ. لەم فۆرمەدا ڕکابەرەکان، دەیانەوێ ناوبانگ و توانست و پڕۆژە و ئاییندەى یەکترى وردوخاش بکەن، تا دەگات بە لەناوبردنی یەکترى. پاڵەوانەکانى ناو ئەم فۆرمە لە ململانێ، هیچ بەها و نرخێک، نە بۆ بەرامبەرەکانیان، نە بۆ کەس و خزم و دۆست و هاوپیشەکانی بەرامبەرەکانیش ناهێڵێتەوە. واتە، بۆ سەرکەوتن بەسەر پلیکانەکانى سەرکەوتن و گەییشتن بە مەرامى خۆویستانەى خۆیان، ئامادەیییان تێدایە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسووتێنن. هەموو شێواز و ئامرازێکى میدیایى و مەدەنى و خێڵەکى بۆ تێکشاندنى ڕکابەرەکانیان دەقۆزنەوە. بۆ بەهێزبوونى خۆیان، ئامادەن پێ لە تەواوى نۆرم و پیرۆزییە مرۆڤى و کۆمەڵایەتى و سیاسییەکان بنێن، دروست وەک ئەو ململانێ سیاسییانەى کە ئێستا لە هەرێمى کوردستاندا بەردەوامیى هەیە؛ ئەم فۆرمە وەک "ململانیێ نێگەتیڤ" خوێندنەوەى بۆ دەکرێ.

لەبارەى کێبڕکێى نێوان بەرەى "پارێزەرانى مافەکانى ژنان- فێمینیستەکان" و "بەرەى دژ" کە زۆرینەى کۆمەڵگە پێک دێنن:

دواى ئەوەى پڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژبە ئافرەتان خرایە کار و، خۆى لە دامەزراندنى چەندین دامەزراوەى فەرمى و دەیان ڕێکخراوى تایبەت بە پرسەکانى ژنان و دامەزراندنى چەندان ناوەندى میدیاییى ژناندا بینییەوە، کە دەکرێ وەک بەرەى "فێمینیستەکان" ناوى لێ بنێین، لە بەرامبەریشدا بەرەیەکى تر بە شێوەیەکى عەفەوى و بە ناسیستماتیکى سەرى هەڵدا؛ واتە لە هەرێمى کوردستاندا مەوداى ململانێى کۆمەڵایەتى لە قۆناغى ململانێى نەوەکانەوە فراونتر بووە. ئەم فراوانبوونە لە ئێستادا کۆمەڵگه‌ى کردووە بە دوو بەرەى سەرەکییەوە. لێرەیشەوە ڕۆشنایى دەخەینە سەر کردار و پەرچەکردارى هەر دوو بەرەکە، بە گەڕانەوەیەکى کورتى مێژوویى و ڕێوشوێنەکانى چارەسەرکردنیشى:

بەرەى پارێزەرانى مافەکانى ژنان "فێنیستەکان" کەى و چۆن سەریان هەڵدا؟

ناگەڕێمەوە بۆ سەرەتاکانى دروستبوونى ئەو ئۆرگان و ناوەندانەى کە لە قۆناغى ڕزگاریى نیشتیمانى لە شاخدا بەناوى بەرگریکردن لە مافەکانى ژنانى کوردستان دروست بوون. ناشمەوێ تیشک بخەمە سەر بەرهەمى ناوەندەکانى تایبەت بەم پرسە کۆمەڵایەتییە لە نێوان ساڵانى دواى ڕاپەڕین، تا دەگاتە کۆتاییی نەوەدەکان. چونکە، لە قۆناغى سەرەتاى پێکهێنانى دامەزراوەکان و، پاشان جه‌نگى ناوخۆ، وای کرد کە ئەو ناوەندانەیش پێش قۆناغەکە نەکەون و نەچنە پێشەوە؛ بەڵام قسەکردن و هەڵسەنگاندنیان لە دیدى منەوە، دروست دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى ساڵەکانى دواى دووهەزارەکان، بۆچى؟

چونکە سەرەتا و هەنگاوى یەکەم بۆ بەیاساییکردنى مافەکانى ژن، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2001. بۆ یەکەم جار لەم ساڵەدا یاساى سزادانى عێراقى، ژمارە 111ى ساڵى 1969، چەند بەندێکى گرنگى لێ هەموار کرا. گرنگترین بەندەکانیش بریتى بوون لە سێ بەندى سەرەکى، کە پێش ئەو مێژووە هیچ هەنگاوێکى یاساییى لە کوردستاندا بۆ گرەنتیکردنى گێڕانەوەى ئەو ماف و ئازادییانەى کە لە یاساکاندا دژ بە ڕەگەزى ئافرەت زەوت کرابوون، نەنرابوو.

پاشان هەنگاوى دووەمى دەستپێکردنى پڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى دژبە ژنان، بریتى بوو لە دانانى چەند پەناگەیەک بۆ ئەو ژنانەى کە ژیانیان لەژێر هەڕەشەى دابونەریت و خێزان و کۆمەڵگەدا بوو؛ تا ڕادەیەکى باشیش، توانرا سەرکەوتن بەدەست بێنن.

هەنگاوى سێیەم، بریتى بوو لە هەموارکردنەوەى یاساى بارى کەسێتیى عێڕاقى، ژمارە 188ى 1959؛ ئەو یاسایەى کە چەندین بەندى خواروخێچى لە بەرژەوەندیى ئێستا و داهاتووى ئافرەت لە کوردستاندا ڕاست کردەوە.

هەروەها لە دواى کوشتن و بەردبارانکردنى بەربەرییانەى "دوعا"، فشارێکى بەهێز لە لایەن ڕێکخراوەکانى تایبەت بە پاراستنى مافەکانى ژنان خرایە سەرحکوومەت، تاکوو کار گەییشتە ئەوەى لە ناوەڕاستى ساڵى 2007، بە بڕیارى ڕاستەوخۆى "نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان"، "بەڕێوەبەرایەتیى بەدواداچوونى توندوتیژیى دژبە ئافرەتان" لە وەزارەتى ناوخۆ دامەزرێنرا. لە ئێستایشدا هەمان ئەم دامەزراوەیە فراوان بووەته‌وه‌ بۆ بەرێوەبەرایەتییەکى گشتى و 6 بەڕێوەبەرایەتى و 29 نووسینگە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى ئەو پێشێلکارییانەى ڕۆژانە ڕووبەڕووى کچان و ژنانى هەرێمى کوردستان و، ئاوارە و پەناهەندەکان دەبێتەوە.

دواتریش ئەنجوومەنێک بە ناوى "ئەنجوومەنى باڵاى کاروبارى خانمان"، بۆ داڕشتنى سیاسەتى حکوومەتى هەرێم لەبارەى پرۆسە و پرۆژەى پێشخستى ژنان لە کایە جۆربەجۆرەکاندا دامەزرێنرا.

هەموو ئەو هەنگاوانە، ڕێوشوێن و میکانیزم بوون بۆ جێبەجێکردنى چەند ئامانجێک. ڕاستییه‌كه‌یش، توانرا چەند گۆڕانکارییەکى کۆمەڵایەتى و یاسایى بێتە دى. ئەم گۆڕانکارییانەیش تا ئێستا لە لایەن "بەرەى دژ" پەسەند نین و، دەرەنجامەکانیش بە شێوازى جۆربەجۆر ڕەت دەکرێنەوە. گۆڕانکارییەکانیش زۆرن، بەڵام چەند سەرەقەڵەمێک دەخەینە بەرچاو، کە بوون بە هۆکارى دابەشبوونى کۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەى دژ بەیەک.

ئەو گۆڕانکارییانەى بەرەى بزووتنەوەى فێمێنیزم لە دواى پرۆسەى ئازادیى عێڕاقەوە بەدییان هێناوە:

  1. ئەو دامەزراوانە، چاوى ژنى کوردیان کردەوە و، ئاسۆى بینینیانى فراوانترکرد. بەو مانایەى ئەگەر بە درێژاییى سەدان ساڵى ڕابردوو، ژن بێدەنگیى هەڵبژاردبێ لە بەرامبەر لێدان و سووکایەتى و سەپاندنى ژنێک، یان دوو، یان سێى تر، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕازیبوون و ڕازینەبوونى ژنى یەکەم و، بێبەشکردنى ژن لە مافە سەرەتایییەکانى، لەم پانزە ساڵەى ڕابردووەوە هاوکێشەکە گۆڕانکاریى بەسەردا هاتووە؛ بە جۆرێک تەنیا لە ماوەى 12 مانگى هەموو ساڵێک، نزیکەى حەوت هەزار ژن، لە پێناو پارێزگاریکردن لە کەرامەت و مسۆگەرکردنى مافەکانى خۆیان سکاڵا تۆمار دەکەن.

2-     ئەم بزووتنەوەیە، بە خستنەگەڕى مەکینەى میدیایى و مەیدانى و چەسپاندنى مافەکانى لە یاساکاندا، توانیى کۆمەڵێک دیاردەى کۆمەڵایەتى بە جۆرێک کاڵ بکاتەوە، کە تەنانەت ناوهێنانیشیان ببێ بە شەرم؛ لەوانە کاڵکردنەوەى دیاردەکانى: ژن بە ژن، گەورە بە بچووک، شیربایى، بنتوێ، تالۆق، خەتەنەکردنى کچان، بەکارهێنانى کچان لە سوڵحە عەشاییرییەکانى نێوان بنەماڵەکان و ...هتد.

سەرەڕاى بەدیهێنانى ئەم گۆڕانکارییانەى کە نابێ نادیدە بگیرێن، ئەم بزووتنەوەیە ئەگەر لە قۆناغێکدا پێویست بووبێ ئەم هەنگاوانە بنێ و، پەیامێکیش بە گویێ کۆمەڵگەدا بچرپێنێ، بە بڕواى من، ئیدى پێویستە پرسى پارێزگاریکردن لە مافەکانى ژن و پرۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى، پێ بنێتە قۆناغێکى دیکەوە. لەبەر ئەوەى پێداگیریکردن لەسەر پاراستنى مافى ڕەگەزێک و خۆبێدەنگکردن و هیچنەگوتن لەسەر پاراستنى مافى ڕەگەزەکەى دیکە، وەک ئەوە وایە پیاوێک پشتى ژنەکەى بە زەویدا بدات، لە برى ئەوەى ئاشتیان بکەینەوە، بێین دەستى ژنەکە بگرین و، بە هەمان ڕەفتار پشتى پیاوەکە بە زەویدا بدەین!

هەر بۆیە، لەم قۆناغەدا ململانێیەکى خەست بەڵام ژێربەژێر لە نێوان بەرەى فێمینیستەکان و بەرەى دژبەم بزووتنەوەیە سەری هەڵداوە. هەرچى بەرەى دژە، کە زۆرینەى کۆمەڵگە پێک دەهێنن، پێیان وایە کە "چەمکى جێندەر و کۆمەڵى مەدەنى و جیهانگیرى و چەسپاندنى مافەکانى ژنان" کۆمەڵە چەمکێکى ڕۆژاوایین و لەگەڵ نۆرم و بەها و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگەى کوردى ناگونجێن. پێشیان وایە ڕێکخراوەکانى ژنان و دەزگه‌کانى پاراستنى مافەکانى ژنان، لە برى پتەوکردنى بناغەکانى خێزان و کۆمەڵگە، بەڕەڵایى و فەساد و بێبه‌هاکردنى باوک و برا و ڕەگەزى پیاویان هێناوەتە کایەوە. ئەگەر شوفێرێکى تەکسى و دەستگێڕێکى ناو بازاڕەکان لەبارەى پرسى ژنان بدوێنین، بەئاسانى ئەو وەڵامانەمان دەست دەکەوێ و بۆمان ڕوون دەبێتە،  کە بەرەى زۆرینەى کۆمەڵگە، چ ڕقێکى تۆخى بەرامبەر بەم بزووتنەوە فێمێنیستییە هەڵگرتووە.

کەواتە بۆ ئاشتکردنەوەى ئەم دوو بەرەیە، چى بکرێت؟

بیرمان نەچێ هەموو پڕۆژەیەکى تازەگەرییانە، کۆمەڵە دوژمنێکیش لەگەڵ خۆیدا باڵکێش دەکات. مەرج نییە هەموو کات بەرەى زۆرینەى کۆمەڵگە لەسەر هەق بێ و، تەسلیمى ئیرادەى ڕەشۆکى خەڵک ببین، چونکە کۆى ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەى لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن، ئەنجامى گەورە و دوورمەودایشیان بۆ ئێستا و ئاییندەى نەوەکانى کۆمەڵگە بەرجەستە کردووە. بەڵام ئەم قۆناغە بە دیدى من، هەنگاوى نوێمان لێ دەخوازێ، کە من بە تێگەییشتنى خۆم لە چەند خاڵێکدا دەیانخەمە ڕوو:

هەنگاوى یەکەم/ پێویستە لێرەوە ناوى بەڕێوەبەرایەتییە فەرمییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دامەزراوە میدیایییەکان، کە زاراوەى "ژنان، ئافرەتان، خانمان، خوشکان و مێینە"یان پێوە لکاوە، لێیان بکەینەوە و، لە شوێنى ئەوان زاراوەیەکى تر بدۆزینەوە کە گوزارشت لە جۆرێک لە پاراستنى مافەکانى هەر دوو ڕەگەز بکات؛ بەڵام پێویست دەکات لە پراکتیزەکردنى ئامانج و میکانیزمەکانیشیاندا ڕەنگ بداتەوە.

هەنگاوى دووەم/ دەستبەردارى ئەم زمانە زبرە ببین، کە لە لایەک ڕەمزەکانى بزووتنەوەى فێمینیستى بەرامبەر بە بەرەى دژ گفتوگۆى پێ دەکەن، لە بەرامبەریشدا بە هەمان ئاست، پێویستە ئەم زمانى تەشهیر و ڕووشاندنە لە لایەن ئەو کەسانەوە بوەستێنرێ کە مینبەرەکانى مزگەوت و کەناڵەکانى میدیا دەقۆزنەوە بۆ شکاندنى شکۆى چالاکوانانى مەدەنى و میدیاکاران و ئۆرگانەکانى تایبەت بە ژنان و، ئەم دامەزراوە فەرمییانەى کە کار لەسەر پەرەپێدانى چەمکە نوێ و مەدەنییەکان دەکەن.

هەنگاوى سێیەم/ پێویستمان بە ئامادەکردن و نووسین و واژووکردنى "پەیماننامەیەکى لۆکاڵى"هەیە لە نێوان ئەو لایەن و دامەزراوانەى کە ڕۆڵیان لە تێکدان و سەقامگیرکردنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى و خێزانیدا هەیە. لە ناوەڕۆکەکەیشیدا هەمووان لە ڕووى مۆڕاڵییەوە بەو خاڵ و بەندانەى کە لە ناوەرۆکى پەیماننامەکەدا دەنووسرێتەوە پابەند بکات.

دواجار، نابێ لەبیرمان بچێ کە ستراکتۆرى خێزان پێک دێت لە ڕەگەزى ژن و ڕەگەزى پیاو. ئاشتەواییى خێزانیش بە پاراستنى مافەکانى ڕەگەزێک و فەرامۆشکردنى مافەکانى ڕەگەزەکەی تر هەرگیز نایەتە دى. بۆیە ئەگەر دەمانەوێ خێزان و کۆمەڵگەیەکى سەقامگیرمان هەبێ، دەبێ لێرەوە دروشم و ئەرک و ناونیشان و ستراتیژیى تەواوى دامەزراوەکان، بە لەبەرچاوگرتنى ئەرک و ماف و ئازادییەکانى هەر دوو ڕەگەزە سەرەکییەکەى کۆمەڵگە ڕێک بخەینەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples