زنجیرەى دوانزدە
کۆمەڵگە کە کۆى کایە جۆربەجۆرەکانى لە دەوروپشتى خۆى کۆکردۆتەوە، ئەستەمە بەبێ رێکخستن بەڕێوە ببرێ، ئەوەى کردەى ڕێکخستنى کایەکانیش بەڕێوە دەبات بریتین لە "دامەزراوەکان". هەر کۆمەڵگەیەک دامەزراوەکان تێیدا کارا و بەهێزبوون و بەسیستم کرابوون، پرۆسەى پێشکەوتنى مەعنەوى و ماددى و پەرەپێدانى توانا مرۆییەکانى لە ئاستێکى بەرزدا دەبینرێن، کەواتە لێرەوە گرنگە بپرسین ئایا کۆمەڵگەى کوردستانى دامەزراوەى هەیە؟ ئەگەر هەمانە تەنها ڕووکەشین؟ یان بەسیستەم کراون؟ هەروەها پێویستە وەڵامى لۆژیکیشمان هەبێ بۆ ئەو پرسیارەى کە ئایا توانیومانە دامەزراوەکانمان بەپێى ئەم پێوەرانە بەڕێوە ببەین، کە ستراکتۆرى بەڕێوەبردنى سەرەتاى دامەزراوەى مۆدێرنن لە ئێستادا؟ بەڵام پێشوەختە پێویستە سەرەتا "دامەزراوە" لە مانا و ناوەڕۆکدا بناسین:
"دامەزراوە" لە ڕووى زمانەوانى و چەمکەوە هەندێک ئاڵۆزە، بەڵام لە ڕوانینە گشتییەکەیدا بەو پێگە فەرمییە دەگوترێ دامەزراوە، کە بەشێوەیەکى ڕێکخراو ئامرازەکانى جێبەجێکردنى ئامانجەکانى بینا کردووە، بەجۆرێک وەک میلى کاتژمێر کار و کردەکانى تیۆریزە کردووە و تەواوى چوارچێوەى کارکردنى بە سیستەم کردووە. دامەزراوەى بەسیستەمیش هەموو کاتێک بەدواى نوێگەریدا دەگەڕێ، واتە بە بەردەوامى بیر لەو میکانیزمە نوێیانە دەکاتەوە کە پێشتر پەى بە جێبەجێکردنیان نەبراوە. خەسڵەتێکى سەرەکیی دامەزراوەش بریتییە لە "پێشبینى و دونیابینى بۆ دروستکردنى گۆڕانکاریى باشتر لە قۆناغەکانى پێش خۆى."
"موریس هوریو"یش لەبارەى دامەزراوەوە دەڵێت: "دامەزراوە" بەماناى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى دێت کە ملکەچە بۆ چوارچێوەی بەڕێوەبردن و سوود لە هێزى دەسەڵات وەردەگرێ و ئیش دەکات بۆ مانەوەى خۆى." بەڵام زۆرینەى ڕاکان کۆکن لەسەر ئەوەى "دامەزراوە" کتومت لە پێکهاتەى جەستەى کائینی مرۆڤ دەچێت، پێک دێت لە کۆمەڵێک تۆڕى دەمار و ئامرازى هەناسەدان و خانەکانى پێکهاتەى فسیۆلۆژى، کە هەمووان پێکەوە دەتوانن کائینێکى چالاک لەسەر پێیەکانى خۆى ڕاگیر بکەن، هەر جۆرە شکست و خاوبوونەوەیەک لە هەریەک لە پێکهاتەکانى جەستەدا بێتە پێش، کاریگەرى دەبێ لەسەر کەوتن، لاوازبوون و نائەکتیڤبوونى خودى کائینەکە.
جۆرەکانى دامەزراوە:
دامەزراوەکان ئەگەر لەناو کایە و بوارەکاندا پۆڵێن بکرێن، لق و پۆپى زۆریان لێ دەبێتەوە، بەڵام بەگشتى ئەگەر بمانەوێ هەر قسەیەک بکەین لەبارەى دامەزراوەکانەوە، دەبێ دوو کۆمەڵەى سەرەکى بهێنینە بەردیدى خۆمان، بەو مانایەى دامەزراوەکان دابەش دەبن بەسەر دوو کۆمەڵەى سەرەکیدا:
کۆمەڵەى یەکەم
کۆمەڵەى یەکەمدا، چەند دامەزراوەیەک لەخۆى دەگرێ، کە بەستراونەتەوە بە یاسا و رێنماییەکان، لەوانە: "دامەزراوە حکوومییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکانى وەک ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، میدیاکان و کۆمەڵە پیشەیییەکان"، کە بە کۆمەڵەى یەکەم دەوترێ دامەزراوە قازانجنەویستەکان.
کۆمەڵەى دووەم
کۆمەڵەى دووەمى دامەزراوەکان لەو کۆمەڵانە پێک دێن، کە بەشێکیان ئازادانەتر کاروبارەکانیان ڕایى دەکەن و پێشیان دەگوترێ کۆمەڵە قازانجویستەکان، لەوانە: "کۆمپانیا، بانک، سوپەرمارکێت، چێشتخانە، نەخۆشخانە و دەرمانخانەکان". سەرەڕاى ئەم دوو کۆمەڵەیەى لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن، زانستى کۆمەڵناسییش بازنەى دامەزراوەکانى فراوانتر نیشان دەدات و پێی وایە کە (خێزان، مزگەوت و کڵێسا)کانیش دامەزراوەن، چونکە لە چوارچێوەیەکى بەسیستەمکراودا کاروبارەکانى خۆیان رێک خستووە.
من لەم وتارەمدا دەمەوێ فۆکەس بخەمە سەر کۆمەڵەى یەکەمى دامەزراوەکان و لە ناویشدا ئەو دامەزراوانەم بە مەبەست گرتووە، کە پێیان دەوترێ "دامەزراوە حکوومییەکان"، لەبەر ئەوەى لە هەرێمى کوردستاندا دروستبوونى تەنگژە جۆربەجۆرەکان، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا وابەستەن بە شێوەى بەڕێوەبەرایەتیکردنى دامەزراوە حکوومییەکانەوە.
لە ئێستا چەندین پرسیارێکى گەورە هاتۆتە پێش و بۆتە جێگەى مشتومڕ، ئەم مشتوومڕە لە هاووڵاتییەکى ئاسایییەوە تا دەگاتە توێژەران و لەوێشەوە بۆ دروستکردنى کۆڕبەندى جیهانى دەستى پێ کردووە. پرسیارە گەورەکەیش ئەوەیە کە ئایا بۆچى پێشکەوتنى ئابوورى و بەڕێوەبردنى دامەزراوە خزمەتگوزارى، سیاسى، فەرهەنگى، کۆمەڵایەتى و یاسایییەکانى وڵاتێک لە وڵاتێکى دیکە بەهێزترە؟ تا دەگاتە ئەو پرسیارەى کە ئایا بۆچى تەنانەت لە وڵاتێکدا شارێک لە شارێکى دیکە و تەنانەت گەڕەکێک لە گەڕەکێکى دیکە و، خێزانێک لەخێزانێکى دیکە لە خۆشگوزەرانییەکى باشتردا دەژین و لە ڕووى پێشڤەچوونەوە جیاوازن لەیەکترى؟
لەگەڵ پێشکەوتنى بەرچاو لە زانستى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکاندا کە خۆى لە کارپێکردنى نوێترین ئامراز و میکانیزمە مۆدێرنەکاندا دەبینێتەوە، وای کردووە کە کۆمەڵگە پاشکەوتووەکان ناچار بە دروستکردنى گۆڕانکارى بکات لە سیستەمى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکانیاندا. خۆ ئەو کۆمەڵگەیەى خۆى نەگونجاندبێ لەگەڵ گۆڕان و ریفۆرمى دامەزراوەییدا، دەبینین کە دۆخى کۆمەڵایەتى، ئابوورى و سیاسیى تەواوى کۆمەڵگەکەى خۆی بەدەست قەیرانە جۆربەجۆرەکانەوە گیرۆدە کردووە، دەشکرێ ئەو قەیرانە جۆربەجۆرانەى ڕووى لە هەرێمى کوردستان کردووە، ئۆباڵى بەشێکى زۆریان بخەینە ئەستۆى ئەو سیستەمە فاشیلە کۆنەى کە دامەزراوە حکوومییەکانمان تا ئێستایش کارى پێ دەکەن و نەیانتوانیوە خۆیان نوێ بکەنەوە.
با ڕوونتر لەبارەى ئەو سیستەمە کۆنەوە بدوێم، کە دامەزراوە حکوومییەکانمان پەیڕەوى لێ دەکەن: تا ئێستا خەڵکى کوردستان بە بەرمیلى بایعى، نەوت وەردەگرن و سێ مانگیش لەچاوەڕوانیدا بەرمیلەکانیان لەژێر باراندا ڕیز دەکەن! تا ئێستایش کارەباى ماڵانمان بەسندوقى سرکێتى موەلیدەى کارەباى ئەهلییەوە بەستراوەتەوە و تروسکایییەکیش نابینین بۆ دروستکردنى گۆڕانکارى لەم بوارەدا. تا ئێستایش زۆرینەى دامەزراوەکانمان نازانن "داتابەیس" چییە؟ لە کاتێکدا لە تەواوى دامەزراوەى مۆدێرنى دنیادا هەڵگرتنى زانیارییەکان لەناو دۆڵاب و فایلى کاغەزدا بەسەرچووە. تا ئیستایش فەرمانبەرانى دامەزراوەکانمان ئیمزاى دەستپێکردن و کۆتاییهاتنى دەوامکردنیان بە ئەلیکترۆنى نەکراوە و، کار بە واژۆى دەفتەر و قەڵەم دەکرێ. تا ئێستایش کەمینەیەکى زۆر کەمى فەرمانبەران ژمارەى بانکیان هەیە و بە سیستەمى بەسەرچووى سەدان ساڵ بەر لە ئێستا موچە وەردەگرن، هەروەها چەندین ساڵە وەزارەتى کارەبامان هەیە هەتا ئێستا ئەم وەزارەتە نەیتوانیوە کارەباى ماڵان سنووردار بکات، لە کاتێکدا لە سیستەمى دامەزراوە پێشکەوتووەکاندا هاووڵاتى ناچارکراوە کە خۆى دەست بە کارەباوە بگرێ.
بەپێى دوا ئامارى ئەمساڵ کە چەند ڕۆژێکە لەمیدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، تا ئێستا 18 هەزار مەزرەعەى نایاسایى لە تەواوى کوردستاندا لەسەر زەوى کشتوکاڵى بینا کراون، هیچ یەک لەم مەزرەعانە جگە لەوەى کریێ کارەبا نادەن، کارەباى نیشتمانییش بەبێ سنوور بەکار دەهێنن! بەبێ ئەوەى هیچ کەس بوێریی ئەوەى هەبێ ئەم سەرمایە و پێویستییە نیشتمانییە بەفیڕۆدراوە بگەڕێنێتەوە بۆ خزمەتى کۆى کۆمەڵگە! لەبارەى سیستمى کشتوکاڵییشەوە، جگە لەوەى خەریکە هێواش هێواش بەرهەمى کشتوکاڵیمان بەرەو لەناوچوون بچێت، جگە لەوەى زۆرینەى زەوییە کشتوکاڵییەکانیشمان بەشێوەیەکى نایاسایى بۆ شوێنى نیشەجێبوون بەکار هێنراون. نەبوونى پلان بۆ باشکردنى سیستەمى کشتوکاڵى هێندەى دیکە کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەیەکى بەرهەمهێنەوە بەرەو کۆمەڵگەى بەکاربەر دەبات!
لەگەڵ تەواوى ئەو گرفتە گەورانەى کە بەرهەمى کارپێکردنى سیستەمێکى کۆن و نایاساین، لەلایەکى دیکەشەوە دەرەنجامى ململانێى سیاسیشن، چونکە زۆرینەى وەزیرەکانى کابینەکانى حکوومەت لەسەر بنەماى ڕازیکردنى پارتە سیاسییەکان دابەشکارییان بۆ دەکرێ، بەو وەزارەتانەشەوە کە پێشکەوتن و نوێبوونەوەیان بەندە بە کەسانى تەکنۆکرات و پیشەییەوە. کاتێک وەزارەتى کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە یان پیشەسازى دەدرێ بە کادیرێکى حزبى کە یەک ڕۆژ لەو بوار و پسپۆرییەدا ئەزموون و پاشخانێکى کەڵەکەبووى دەوڵەمەندى نییە، نابێ ئاستى پێشبینیی تازەکردنەوەى سیستمى بەڕێوەبردنمان بەرز بێ. لەناو خودى وەزارەتەکانیشدا کاتێک بەپێوەرى خزمخزمێنە و ئینتیماى تۆخى حزبایەتى و باکگراوندى خەباتى بیست و شەش ساڵى رابردووى شۆڕشگێڕى پۆستەکانى پەرلەمان و بەڕێوەبەرى گشتى و ڕاوێژکارى وەک "ڕێزلێگرتن" دەبەخشرێتەوە، نابێ چاوەڕوان بین قەیرانەکان لەسەر دەستى ئەم ڕێزلێگیرانەوە چارەسەر ببن و، دەمەزراوەکانیشمان لەم بێسەروبەرییەوە بچنە قۆناغی نوێگەرى و مۆدێرنەوە.
جا بۆیە لە وتارى داهاتووماندا نۆ پێوەرە سەرەکییەکەى سیستەمى دامەزراوەى پێشکەوتوو شی دەکەینەوە، ئەگەر ویستى خۆنوێکردنەوەمان هەبێ، کارپێکردنى ئەم نۆ پێوەرە دەتوانێ گۆڕانکاریى سەرەتاییی باشمان بۆ بهێنێتەدى کە لە بەشێکى زۆر لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بوونەتە ستراکتۆرى بەڕێوەبردن.