نۆ پێوەرە سەرەکییەکەى ڕێکخستنەوەى دامەزراوە حکوومییەکان

زنجیرەى سێزدە

دواى ئەوەى لە زنجیرەى دوازدەى وتارى ڕابردوودا ناسنامه‌ی "دامەزراوە و جۆرەکانى"مان خستە ڕوو، دواتریش لەبارەى ئەم سیسته‌مە ناکامڵ و بێسەروبەرەوە دواین کە دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بە هێنانەوەى چەند نموونەیەکى تاڵ، نەیانتوانیوە بەرەنگارى ببنەوە  و دەرەقەتى بێن، لەم زنجیرەیەیشدا بە گرنگى دەزانین شرۆڤەى ئەو پێوەرانە بکەین کە پایەى ڕاگیرکردنى دامەزراوەکانن و، لەوێیشەوە یارمەتیدەرمان دەبن بۆ ئاستێکى باڵاتر کە بیناکردنى دەوڵەتێکى دامەزراوەییى بەهێزە.

جا بۆیە ئەگەر ویستى بازدان بەسەر کەند و کۆسپەکانى بەردەم سیستەمى بەڕێوەبردن و بەهێزکردنى دامەزراوەکانمان هەبێ و، نیازمان وابێ ئەو بەرگە کۆنە پاشکەوتووە لەبەر دامەزراوەکانماندا دابماڵین کە بۆ هەر کابینەیەکى نوێ پینەوپەڕۆى دەکەینەوە، دەبێ جارێکى دیکە بە بەکارهێنانى تواناى ناوخۆیى و بە سوودوەرگرتن لە نموونەى فۆرمەکانى داڕشتنى پلانى ستراتیژیی کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، هەنگاوى بوێرانە و سەردەمى بنێین بۆ بەهێزکردنى نۆ ڕایەڵى بەیەکەوەگرێدراوى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان، کە ئێمە لەم وتارەماندا دابەشمان کردووە بەسەر نۆ تەوەرى گرنگ؛ پراکتیککردنى ئەو نۆ تەوەرە هەر لە دامەزراوەیەکى بچووکى بەڕێوەبردنەوە تا دەگاتە باڵاترین پێگەى بڕیار، یارمەتیمان دەدات بۆ خۆنوێکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکانمان.

تەوەرى یەکەم

کەسى یەکەمى دامەزراوەکان - LEADER:

لە هەرێمى کوردستان زۆرینەى جاران کەسانێک ڕاسپێردراون بەرپرسیارێتى دامەزراوەیەک وەربگرن، لە برى ئەوەى کەسانى دیکە لەژێردەستیاندا فێر ببن، بەپێچەوانەوە لەژێر دەست و ئەزموونى کارمەندەکانى خوار خۆيان، هەوڵيانداوە فێر ببن! بۆیە زۆرینەى جاران کەسى یەکەمى کۆڵەوارى ئەو دامەزراوەیە لە یەکەم کۆبوونەوەیدا دەفەرموێ: "من هیچ ئەزموونێکم لەو بوارەدا نییە و هاتووم فێر ببم و ئەزموون لە ئێوەوە وەربگرم!" ئەوە لە کاتێکدا بەپێى سیستەمى دامەزراوەى مۆدێرن، پێویستە کەسانێک ئەرکى قورسى بەڕێوەبەرایەتیکردنیان پێ بسپێردرێ، کە وزە و توانا و ئەزموونى لە تەواوى کارمەندەکانى دامەزراوەکە زیاتر بێ و، کورد وتەنى "لێ بووبێتەوە"، بەڵام لاى ئێمە بەپێچەوانەوە، هاتووە بۆ ئەوەى "دەست پێ بکات"!

ئاخر کەسى یەکەمى هەر دامەزراوەیەک دروست وەک دڵى جەستەى مرۆڤێک وایە؛ سەرچاوەى ئەکتیڤبوون و باڵاکردنى دامەزراوەکان و، بەپێچەوانەیشەوە سەرچاوەى ئیفلیجکردن و وێرانکردنى دامەزراوەکانیشن. ئەگەر سه‌رنج بدەین، لە ڕابردوودا جگە لە کەمینەیەکى تەکنۆکراتى پیشەیى، زۆرینەى جاران دامەزراوەکان ڕادەستى کەسانێک کراون لە برى پێشخستنى دامەزراوەکان، وێرانیان کردووە؛ بۆ ماوەیەکى درێژیش ماونەتەوە.

بەپێى بەشێک لەو پێوەرانەى کە لە سیستەمى دامەزراوەى مۆدێرندا پەیڕەو کراوە، پێویستە هەر کەسێک کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیکردنى دامەزراوەیەک دیاری دەکرێ، چەند پێوەرێکى گرنگ هەن كه‌ بکرێ بە مەرجى پێشوەختە، لەوانە:

-       ئەزموون.

-       پیشەییبوون؛ بەو مەرجەى لەگەڵ سروشتى دامەزراوەکەیدا یەکانگیر  بێ.

-       بەر لەوەى بڕیار لەسەر دەستبەکاربوونى بدرێ، خاوەنى پلان و پڕۆژەى پێشخستنى دامەزراوەکەى لەژێر باڵیدا هەڵگرتبێ.

-       دڵنیابوونەوە لە دروستیى بارى دەروونى و تەندروستیى جەستەیى.

-       بە ئەقڵییەتى حزبایەتیى بەرتەسک مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکە و کارمەندانى دامەزراوەکەیدا نەکات.

-       پێوەرێک بۆ زانینى سەرمایەى ماددى دیاری بکرێ؛ بەر لە دەستبەکاربوون و دواى بەجێهێشتنى دامەزراوەکەى.

-       بڕوانامە.

هەموو ئەم پێوەرانە و چەندین پێوەرى دیکەیش، بکرێ بە "بەڵێننامە" و لەگەڵیدا واژوو بکرێ، تاکوو ئاسان بتوانرێ مامەڵە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى پۆستەکەى یاخود بەردەوامبوونى بدرێ.

تەوەرى دووەم

پلان – PLANNING:

ئەگەر بەوردى سەرنج بدەینە فۆرمى کارکردنى دامەزراوەکان، بەئاسانى بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆرینەى دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان "کاروبارى ڕۆژ، ڕایی دەکەن"؛ بەو مانایەى دامەزراوە حکوومییەکانمان نە پڕۆژەى "پلانى درێژخایەن" و نە پڕۆژەى "پلانى کورتخایەن"یان بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنى دامەزراوەکان لەژێردەستە. هەر بۆیەیشە زۆرینەى دامەزراوە حکوومییەکان، نازانن و نایشتوانن "پێشبینى"یان بۆ گۆڕانکارى لە نەخشەى کارکردنى دامەزراوەکەیان لە ماوەى تەنانەت یەک ساڵى ئاییندەدا هەبێ!

بۆ پێشخستن و دووبارە داڕشتنەوەى دامەزراوەکان، پێویستە لە هەر دامەزراوەیەکدا بڕیار لەسەر چەند هەنگاوێکى گرنگ بدرێ، لەوانە:

-       پێویستە هەر دامەزراوەیەکى حکوومى "ڕێبەر"ێکى تایبەت ئامادە بکات بۆ ڕوونکردنەوەى میکانیزمى کارکردن و ئامانجەکانى دامەزراوەکە و شیکردنەوەى چەمکەکانى بەڕێوەبردن و ...هتد.

-       پێویستە سەرجەم کارمەندانى دامەزراوەکە بەپێى ئەو "ڕێبەر"ە ڕاهێنانیان پێ بکرێ و، بۆیان شەنوکەو بکرێ.

-       هەر دامەزراوەیەک پێویستە پلانى کارى دوورمەوداى هەبێ، تا لەوێوە ئەو سێکتەرانە دیاری بکات کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان پێویستى بە چڕکردنەوەى تواناکان هەیە، لەوانە بایەخدان بە "بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکان" و داڕشتنى "پلانى ستراتیژى" و ...، تا ئەو پڕۆژە پلانە درێژخایەنەیش لەبەردەست نەبێ، ناتوانرێ پێشبینیشمان بۆ دەرەنجامەکانى کارەکانى دامەزراوەکە هەبێ.

-       هەروەها لە پاڵ پڕۆژەى پلانى "دوورمەودا"ى دامەزراوەکان، پێویستە دامەزراوەکان پڕۆژەى پلانى "کورتمەودا"یشیان هەبێ بۆ پێشبینیکردنى ئەو چالاکی و جموجووڵانەى کە کاروبارى ڕۆژن و، پەیوەستن بە بوارێکى کاتى و گرفت و چالاکییەکى دیاریکراوەوە.

-       هەر کارمەندێکیش نەیتوانى خۆى لەگەڵ پلانى کارکردنى دامەزراوەکەدا بگونجێنێ، پێویست ناکا ببێتە بار بەسەر دامەزراوەکەوە؛ وەک ئەوەى ئێستا دەبینین هەزاران فەرمانبەرى حکوومى  بە قەزاوقەدەر خزێنراونەتە ناو دامەزراوەکان.

تەوەرى سێیەم

کارمەندى پیشەیى بۆ دامەزراوەى پیشەیى- Professional employees:

خۆ بە تەنیا کەسە یەکەمە بێئەزموونەکان نەبوونەتە بەڵا بەسەر دامەزراوە حکوومییەکانەوە، بەڵکوو جێکردنەوەى ژمارەیەکى یەکجار زۆرى فەرمانبەران لە دامەزراوە حکوومییەکاندا، کە نە ئارەزوویان بۆ کارەکەیان هەیە و نە پسپۆڕى و بڕوانەمەکانیشیان لەگەڵ سروشتى کارى دامەزراوەکەدا لێك نزیکە، بەڵایەکى دیکەى شکستپێهێنانى دامەزراوەکانن. جا کە خزێنراونەتە ناو دامەزراوەکانیش، سەیر دەکەین نە دەتوانن لە دامەزراوەکە بێنە دەرەوە، نە خودى دامەزراوەکەیش پڕۆگرام و پڕۆژەى بۆ وابەستەکردنى فەرمانبەر بە دامەزراوەکەیەوە هەیە. لە لایەکى دیکەیشەوە، بە سەدان دامەزراوەمان هەیە كه‌ تەنیا به‌ (10) کارمەندى لێهاتوو بەڕێوە دەبردرێ، بەڵام هاتوون (100) بۆ (150) کارمەندیان، بەبێ پێوەر و لەبێژینگدان جێ کردۆتەوە! بۆیە پێویستە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەى دامەزراوە حکوومییەکان چەند هەنگاوێک بخرێتە بەر دید:

-       لە ڕووى ژمارەوە: هەر دامەزراوەیەک، بەپێى پێویستیى تواناى مرۆیى و قەبارەى جێگە و سروشتى کارى دامەزراوەکەى، بە ژمارەى کارمەندەکانیدا بچێتەوە. پێویست ناکا چیی دیكه‌ لەپێناو دابینکردنى بژێوى ژمارەیەکى زیاد لە پێویستى خەڵک، شکست بە دامەزراوەکان بهێنرێ؛ پێویستە بیر لە میکانزمێک بکرێتەوە، بەو مەرجەى دەست بۆ قوت و بژێویان نەبردرێ.

-       نەرمبوونى ڕێنمایییەکان بۆ گواستنەوەى کارمەندان لە دامەزراوەیەکەوە بۆ دامەزراوەیەکى تر، وا دەکات ئەو کارمەندانەى خودى دامەزراوەکە لەگەڵ پیشە و ئارەزوویدا یەک ناگرنەوە، تواناى خۆیان لە دامەزراوەیەکى تر بدۆزنەوە.

-       دەسەڵات بە بەرپرسى یەکەمى دامەزراوەکان بدرێ، کە مافى وەرگرتن و وەرنەگرتنى کارمەندانى شیاو و نەشیاوى هەبێ.

-       ماوەیەکى کاتى بۆ هەر کارمەندێک دیاری بکرێ، کە ئەگەر نەیتوانى تواناکانى خۆى لەگەڵ ئامانجەکانى دامەزراوەکەدا نزیک بکاتەوە، پێویستە بۆ دامەزراوەیەک بگوزارێتەوە کە لە پیشە و لێهاتووییى کارمەندەکەوە نزیکە.

تەوەرى چوارەم

هەڵسەنگاندن- Evaluation :

لە ماوەى 25 ساڵى ڕابردوودا، یەکێک لە کەموکوڕییەکانى دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان بریتى بووە لە نەبوونى "هەڵسەنگاندن" بۆ توانا و لێهاتوویى و لاوازى و لێنەهاتووییى کارمەندەکانیان؛ هەر یەکێک لە کەسى یەکەمى دامەزراوەکان، بە میزاج و ئارەزوو و پێوەرى تایبەتى خۆى سوپاس و پێزان و موکافەئەى ماددى و دەسەڵات و کورسى و پلە  و پایەکان بە کارمەندەکان دەبەخشێ و، بەپێچەوانەیشەوە هەر بە میزاج و ئارەزووى خۆیشى سزاى سیاسى و کارگێڕى و ماددى بۆ كارمه‌نده‌كانی ده‌بڕێته‌وه‌ و، تەنانەت ململانێش لەگەڵ کارمەندەکانیدا دەکا! بۆیە ئەگەر دەمانەوێ، دووبارە دامەزراوەکان ڕێک  بخەینەوە، پێویستە کە:

-       هەر کارمەندێک لە کۆتاییى هەموو ساڵێکدا توانا و جێدەست و لێهاتوویییه‌كه‌ی بخرێتە ژێر میکرۆسکۆبى هەڵسەنگاندنەوە، تا بەپێى خاڵ و مەرج و پێوەرە کۆکراوەکانى ساڵێکى ڕابردووى، سوپاس بکرێ، پاداشتى  ماددیى پێ بدرێ و پایە و پلەى بەرزترى پێ ببەخشرێ.

-       هەروەها بەپێچەوانەیشەوە هەر کارمەندێک نەتوانرا لە پێوەرەکانى ساڵێکى ڕابردووى کارکردنى دەربچێ و، لە هەڵسەنگاندا دەرکەوت کە نەیتوانیوە لە پێشخستنى دامەزراوەکەیدا ڕۆڵى هەبێ، ڕووبەڕووى سزا ببێتەوە و کارمەندى بەتوانا بخرێتە شوێنەکەى. ئەم هەڵسەنگاندنە، وا دەکات کارمەندی دامەزراوەکان ناچار بن خۆیان پێ بگه‌یه‌نن و توانا و لێهاتوویییان به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

پێوەرى پێنجەم

پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکان- Human Development:

بە سەدان دامەزراوەى حکوومیمان هەیە، بۆ  یەک جاریش هەوڵ و پڕۆژەى بۆ بەرزکردنەوەى توانا مرۆیییەکانى کارمەندەکانى نەبووە. بۆیە، بۆ بیناکردنەوە و ڕێکخستنەوەى دووبارەى دامەزراوەکان، وا پێویست دەکات هەر دامەرزاوەیەکى حکوومى، بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، بە بەکارهێنانى میکانیزمەکانى وەک (وەرشەکار، خول، سمینار و سازدانى گفتوگۆى کراوە) کارى جددى لەسەر بەرزکردنەوە و پەرەپێدانى توانا و لێهاتووییى کارمەندەکانى بکا؛ کە دواجار هەم دامەزراوەکان و هەم کارمەندانیش بەرەو پێشەوەى دەبات.

تەوەرى شەشەم

داڕشتنەوەى پەیکەرى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان- Structural organization:

پەیکەرى هەر دامەزراوەیەک وەک پایەى باڵەخانەیەکى بەرز وایه‌، کاریگەریی لەسەر مانەوە و بەهێزبوونى دامەزراوەکە هەیە. کەموکوڕییەکى زۆر هەیە لە کۆنیى نەخشەى ئەو پەیکەرانەى کە دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان پەیڕەویى لێ دەکەن، بۆ نموونە، کاتێک بەڕێوەبەرێکى گشتى بە هەر هۆیەک بێ نەتوانێ لە دامەزراوەکەیدا ئامادەییی هەبێ، چونکە تەواوى دەسەڵاتەکانى لاى خۆى گڵ داوه‌تەوە و بۆ خوارەوە شۆڕى نەکردۆتەوە، نەخۆشبوونى ئەم بەڕێوەبەرە گشتییە، دەبێتە هۆى نەخۆشکەوتنى دامەزراوەکەیش! جا بۆیە ئەم هەیکەلە کلاسیکییەى ئێستاكه‌ دامەزراوەکان پەیڕەوى دەکەن، دووبارە پێویستیى بە هەڵوەشاندنەوە هەیە. لەوەیش گرنگتر، بیرکردنەوەیە لە سوودوەرگرتن لەو ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییانەى کە لە هەرێمى کوردستاندا لە بوارى پێشڤەچوونى سیستەمى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان کار دەکەن، لەگەڵ بیرکردنەوە لە چەند ڕێگه‌ و میکانیزمی دیکەیش.

تەوەرى حەوتەم

با "یاساکان" جێگەى "لیژنەکان" بگرنەوە- The rule of law:

لە هەرێمى کوردستاندا قسەیەکى باو هەیە کە زۆرینەى خەڵک دەیڵێنەوە: "ئەگەر بتەوێ چارەسەرى کێشەیەک بمرێنى، لیژنەیەکى بۆ دروست بکە." یەکێک لە خەسڵەتە پڕبایەخەکانى سیستەمى دامەزراوەیى بریتییە لە "سەروەریى یاسا". جا ئەگەر دەمانەوێ خۆمان لەم میکانیزمە بەسەرچووە بدزینەوە، پێویستە بڕیار لەسەر جێبەجێکردنى یاساکان بدرێ و ببێتە شوێنگرەوەى لیژنەکان. لە ڕابردوویشدا ئەزموونێکى تاڵمان لەگەڵ پێکهێنانى لیژنەکان و کوشتنى ئەو بابەتانە هەیە کە ڕادەستى لیژنە و لیژنەکارى کراون.

تەوەرى هەشتەم

شەفافییەت- Transparency:

کۆمەڵگە بەگشتى، گرفتى گەورەى لەگەڵ ناشەفافییەتى ئەو دامەزراوانەدا هەیە کە پەیوەستن بە بەردەوامیى ژیان و بژێوى و ژێرخانى وڵاتەوە. بەشێک لەو دامەزراوانە، هەندێ جار، دامەزراوەى پەیوەستن بە ئاسایشى کۆمەڵایەتى و نەتەوەیییەوە، بەشێکى دیکەیشیان پەیوەستن بە سەرچاوەکانى وزە و سامانە سروشتییەکان و گومرگ و دامەزراوەکانى باج و ڕسوومات. ئەم ناشەفافییەتە متمانەى نێوان هاووڵاتى و دامەزراوەکانی کاڵ کردۆتەوە. بۆ نموونە کاتێک کارەکتەرێکى دیارى کۆمەڵگە، ڕووبەڕووى تیرۆر و تۆقاندن دەبێتەوە، تا ڕاددەیەک بەشێک لە کۆمەڵگە متمانەى بە دەرەنجامەکانى لێکۆڵینەوەکان نییە، یاخود کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت و دامەزراوە حکوومییەکانى پەیوەست بەو بوارە، نەیانتوانیوە ئەوەندە شەفاف بن ڕووى خۆیان لە بەردەم کۆمەڵگەدا سپی بکەنەوە. ئەم بێمتمانەیییه‌یش لە ئەنجامى لاوازیمانە لە سیستەمى بەڕێوەبەرایەتیکردنى دامەزراوەکانمان؛ ئەگەر وا نییە، چۆن دەکرێ وەزارەتێک لە جانتاى وەزیرێکدا جێی بکرێتەوە؟!

تەوەرى نۆیەم

چاودێریکردن و لێپرسینەوەى دامەزراوەکان- Monitoring:

لە وتارى داهاتووماندا ڕۆشنایی دەخەینە سەر گرفتێکى گەورەى پەیوەست بە دامەزراوە حکوومییەکان، کە بریتییە لە ڕادەستکردنى دامەزراوەکان بە قەزاوقەدەر و لێنەپرسینەوە و چاودێرینەکردنیان. بەوردیش شرۆڤەى میکانیزمەکانى دەکەین؛ کە بە بڕواى من کارکردن لەسەر ئەم تەوەرە، وێڕاى هەشت تەوەرەکەى دیکە، تا ڕاددەیەکى باش دامەزراوەکانمان بۆ ڕێک دەخاتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples