زنجیرەى چواردە
لە زنجیرەى سێزدەیەمى وتارى ڕابردووماندا بەوردى شەنوکەوى ئەو نۆ پێوەرە گرنگەمان کرد کە یارمەتیمان دەدات بۆ پێداچوونەوە و چاوپێداخشاندنەوەى دامەزراوەکانى حکوومەت لە ڕووى (هەڵبژاردنى کەسى یەکەمى دامەزراوەکان، پلانڕێژى، پیشەییبوون، هەڵسەنگاندن، پەرەپێدانى مرۆیى، دەستکاریکردنى پەیکەرى دامەزراوەکان، جێبەجێکردنى یاساکان، شەفافییەت، چاودێرى و لێپرسینەوەى دامەزراوەکان).
لەم وتارەیشماندا شەنوکەوى یەکێک لەو پێوەرە هەستیارانە دەکەین کە بڕبڕەى پشتى بەهێزبوونى دامەزراوە و دەربازکردنیەتى لە چەقبەستوویى. بەڵام سەرەتا گرنگە لە ناسنامهى "چاودێریى دامەزراوەى حکوومى" تێ بگەین.
لێپێچینەوە و چاودێریى دامەزراوەى حکوومی چییە؟
لێپێچینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوەى حکوومی، چەمکێکى زانستیى بەڕێوەبردنە و بریتییە لە کۆمەڵێک ئیجرائاتى ئامانجدارى فەرمى، بە مەبەستى دڵنیابوونەوە لە ئاراستەى جێبەجێکردن و پابەندبوون بەو ڕێگه و میکانیزمە نەخشەبۆکێشراوانەى کە پێشتر پلانى دامەزراوەکەى لەسەر بینا کراوە، ئەنجام دەدرێت. هەر لە بنەڕەتیشەوە پراکتیککردنى سیستەمى چاودێریکردنى دامەزراوەى حکوومى بۆ پەنجەدانان لەسەر کەموکوڕى و ناتەواوییەکان و دۆزینەوەى خاڵە لاوازەکان و دواتریش دۆزینەوەى خاڵە گەش و بەهێزەکان هاتۆتە کایەوە. بیریشمان نەچێ، "سزا" توخمێکى گرنگى لێپێچینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوەى حکوومییە، بەڵام جێبەجێکردنى سزاکان لە دامەزراوە حکوومییەکانى وڵاتانى جیهانى سێ، زۆر جیاوازە لە سروشتى بەهێزى پراکتیککردنى سزاکان لە کۆمەڵگەى مۆدێرن.
ئامانج و پێویستى و گرنگیى چاودێرى و لێپێچینەوە لە دامەزراوە حکوومییەکان:
١- سەروەرکردنى یاساکان و گێڕانەوەى شکۆ بۆ دامەزراوەى یاسایى و جێبەجێکردنى ڕێنمایییەکان بەسەر دەسەڵاتەکان و دامەزراوەکاندا.
٢- دانانى سنوور بۆ گەندەڵى و سەرپێچییە دارایى و کارگێڕییەکان و خاوێنکردنەوەى دامەزراوەکان و ڕێگریکردنیان لە بەردەوامبوونى کردە خواروخێچەکان.
٣- پارێزگاریکردنى کاروبارى دامەزراوەکان لە میزاج و مامەڵەکردنى تاکڕەوانەى بەرپرسانى دامەزراوەکان.
٤- دیاریکردنى خاڵە نێگەتیڤەکان و دۆزینەوەى چارەسەرییەکان بە ئاراستەیەکى بابەتییانە.
٥- پاراستنى دامەزراوەکان لە خاووخلیچى و چەقبەستوویى و ڕێگریکردن لە درێژەدان بە بەردەوامیدانى ناتەواوییەکان.
کەى لێپێچینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوە حکوومییەکان ئامانج دەپێکێ؟
بەشێک لە شارەزایانى بەڕێوەبردنى دامەزراوەکان پێیان وایە، ئەو لایەن و دەستە و دامەزراوە باڵایانەى کە چاودێریى دامەزراوەیەکى حکوومى دهكهن، پێویستە "شەش مەرج"ى بنچینەیییان تێدا بەرجەستە بێ؛ جا ئەم چاودێریکردنە "پەرلەمانى بێ، یان دارایی بێ، یان کارگێڕى بێ یاخود دادوەرى بێ، کە پایەى سەرخستنى پرۆسەکەن:
مەرجى یەکەم/ دەسەڵاتى یاسایى- The rule of law:
هەر دامەزراوەیەک کە ئهركی لێپێچینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوەیەکى حکوومى بهجێ دهگهیهنێت، مەرجە بەپێى بەند و بڕگە یاسایییە پەسندکراوە شەرعییەتپێدراوەکان و ڕێنمایییە فەرمییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو دامەزراوە حکوومییە بکات کە لێی دەپێچێتەوە. واتا، نابێ میزاج و ململانێى پەیوەندییەکان و کاریگەریى نزیکى و دووریى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و خزمایەتییەکان، ئاراستەى چاودێریکردن و لێپرسینەوەى دامەزراوەکە بگۆڕێت.
مەرجى دووەم/ هێزى جێبەجێکردن- Execution:
ئەستەمە چاودێریکردن و لێپرسینەوەى هەر دامەزراوەیەک، بتوانێ بەرهەمى هەوڵەکانى بچنێتەوە، ئەگەر لە ڕووى "هێزى جێبەجێکردن"ەوە خاوەنى بڕیار و دەسەڵاتى یەکلاییکردنەوەى ئەنجامەکان نەبێ. واتا لەو شوێنەى کە پێویستە "سزا" بۆ بەرپرس و کارمەند و شێوازى ئەداکردنى دامەزراوەکە دیاری بکرێ، یاخود لەو شوێنەى کە پێویستە "پاداشت" بۆ بەرپرس و کارمەند و ئەداى دامەزراوەکە هەبێ، گرنگە ئەم دەستە چاودێریکارانە هێندە لە بڕیاردان بەهێز بن، تواناى یەکلاییکردنەوەی گرفتەکانیان هەبێ.
مەرجى سێیەم/ فرەپسپۆڕى – specialization:
هەر دەستەیەکى چاودێریکار کە بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوەى دامەزراوەیەکى حکوومى دروست دەکرێ، دەبێ لە چەند پسپۆڕییەکى جیاجیا پێک هاتبێ؛ چونکە هیچ دامەزراوەیەک لە بنەڕەتدا بە یەک بەش و بەڕێوبەرایەتى و یەک شێواز لە پسپۆڕى بەڕێوە نابردرێ، لەوانە پسپۆڕییەکانى (ژمێریاى، کارگێڕى، وردبینى، خزمەتگوزارى، پلان، یاسایى وهتد).
مەرجى چوارەم/ کۆکردنەوە و کەڵەکەکردنى زانیارى– information:
بەرلەوەى دەست بە هەنگاوەکانى لێپرسینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوەیەک بکرێ، پێویستە ئەو دەستەیە، پێشوەختە زانیاریى ورد و دروستى کەڵەکە لەسەر هەر یەک لەو پسپۆڕییانەى کە پەیکەرى دامەزراوەکەى لێ پێک هاتووە، کردبێ، تا لەسەر بنەماى ئەو زانیارییانە بڕیار لەسەر "سزا و پاداشت" بدرێ. لێپێچینەوە لە دامەزراوەیەکیش، ناکرێ لەسەر بنەماى "وا دەڵێن"، "وتیان"، "بیستوومانە"، "لەوانەیە" و "ڕەنگبێ وابێ" پراکتیک بکرێ، وەک چۆن زۆرینەى جاران بەم پێودانگى بەدگومانی و ئەگەرانە مامەڵە لەگەڵ کارەکتەر و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و کارەکتەر و بەتایبەتیش کارمەندەکانى خوارەوە کراوە.
مەرجى پێنجەم/ دیاریکردنى پێودانگ - The Scale:
بەرلەوەى بۆ چاودێریکردن و لێپێچینەوەى دامەزراوەیەکى فەرمى لە لایەن ئەو دەستەیەى کە ئەرکى لێپێچینەوەى دامەزراوەکى پێ سپێردراوە، هەنگاوى کردەیى بنرێ، مەرجە پێشوەخت کۆمەڵێک پێودانگ بۆ هەڵسەنگاندنى ئەداى دامەزراوەکە و ڕۆڵى سەرکردە و کارەکتەرەکانى دامەزراوەکە ئامادە کرابێ. بۆ نموونە پێوەرەکانى وەک: چەندێتى و چۆنێتیی کارکردن، دەرەنجامى پڕۆژەکان و سوود و قازانج و سەرکەوتن و سەرنەکەوتن لە کاروبارەکان و تازەگەرى و چەقبەستوویى و سزا و پاداشتى کارمەندەکان و چەندین پێوەرى تر، بەپێى سروشتى دامەزراوەکە.
مەرجى شەشەم/ سزادان - The punishment:
هیچ دامەزراوەیەک خاڵى نییە لە کەموکوڕى و خاڵى لاواز. بەشێک لە خاڵە لاوازەکانى دامەزراوەکان پاڵنەرى "بابەتى"ی لە پشتەوەیە، بەشێکى تریش لە کەموکوڕییەکان پاڵنەرى "خودکرد"ى لە پشتەوەیە. جا هەر دەستەیەکى چاودێریکار، ئەگەر نەتوانێ هێندە بەهێز بێ كه ئەم دامەزراوەیە، بە هۆى دروستکردنى کەموکوڕییە خودکردەکان کە بەرپرسى یەکەم یاخود چەند بەپرسێک یاخود کارمەندانى خوارەوە خوڵقاندوویانەوە و لە ئەنجامیشدا دامەزراوەکەیان ئیفلیج کردووە، ڕووبەڕووى سزاى کارگێڕى و یاسایى بکاتەوە، ئەوا چاودێرى و لێپێچینەوە هیچ بههایهکى نامێنێ و، وایش دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ دامەزراوەکە لە برى پێشڤەچوون، ڕووەو شکستى گەورە و تێکشکانى زیاتر دەکاتەوە.
ئێستا کاتى لێپێچینەوە و چاودێریکردنى دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستانە
"گەندەڵى"ی دامەزراوە حکوومییەکانى هەرێمى کوردستان کە زۆر قووڵ ڕەگى داکوتاوە و، کەم جارانیش تروسکایییەک بۆ هەڵکێشانى بەدی دەکرێ، جگە لە فاکتەرەکانى سەرهەڵدان و تەشەنەکردنی، تاکە فاکتەرى بەردەوامبوونى گەندەڵى، دروست پەیوەندیى بە "لێنەپێچینەوە و چاودێرینەکردن"ى دامەزراوە حکوومییەکانەوە هەیە، لە کاتێکدا گەندەڵى لە "ئازارێکەوە"، دەمێکە گەیشتۆتە ئاستى "شێرپەنجەیەکى کوشندە" و سات لە دواى سات فراوانتر جەستەى کۆى کایەکانى دیکەى ئەم کۆمەڵگەیەیش دادەڕزێنێ. بە دیدى من، ئەگەر بمانەوێ هەمووان بەم شێرپەنجەیە نەبین بە قوربانى، پێویستمان بە لێپێچینەوە و چاودێریى تەواوى دامەزراوەکان هەیە: لە بنکەیەکى چاککردنەوەى کارەبا و بنکەیەکى پۆلیسى لادێیەک و موختارى کوێرە گوندێکەوە، تا دەگاتە باڵاترین دەسەڵات لەسەر ئاستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان.
لەوانە:
- بەر لە هەر هەنگاوێک، پێوستمان بە بڕیارى کاراکردنى ئەو دەستانە هەیە کە لەسەر ئاستى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان چەند ساڵێکە دروست کراون و پەیکەر و پێداویستیشیان بۆ تەرخان کراوە بە ناوى "دەستەى پشکنینى ئیدارى"، بەڵام بە پێنج ساڵ، لە دامەزراوەکانى خوار خۆیان ناپێچنەوە!
- لێپێچینەوە لە باکگراوندى مەعریفى و لێهاتوویى و ئەزموون و ئەداى کارکردن و پلان و بەرنامەى بەرپرسى یەکەمى دامەزراوەکان، لە ڕابردووەوە تا ئێستا.
- لێپێچینەوە لە مامەڵەکردنى دامەزراوەکان لە ڕووى دارایییەوە.
- لێپێچینەوە لە مامەڵهکردنى دامەزراوەکان لە ڕووى کارگێڕی و شێوازى بەڕێوەبردنەوە.
- لێپێچینەوە لە زۆرى و کەمیى ژمارەى کارمەندان و، لەبێژینگدانیان.
- لێپێچینەوە و دواتر ڕێگریکردن لە دابەشکاریى حزبى؛ واتا چیی دیکە ڕێگە نەدەین دامەزراوەکان بکرێنە قوربانیى ڕازیکردنى حزبەکان، بێ ئەوەى چارەنووسى دامەزراوەکە لەبەرچاو بگیرێ.
- زۆر گرنگە لێپێچینەوە و چاودێریکردن بە سیستماتیکى بکرێ و بەردەوامیى پێ بدرێ.
- ئیدى کاتى ئەوەیە "هەڵسەنگاندنى ساڵانە" بۆ هەر دامەزراوەیەک و، لەناو هەر دامەزراوەیەکیشدا "هەڵسەنگاندنى کارەکتەرەکان"، بکرێتە بڕیارێک و لە کۆتاییى هەموو ساڵێکدا پەیڕەو بکرێ.
- ئیدى کاتى ئەوە هاتووە کە هەموو دامەزراوەیەک "ڕێبەر"ێکى تایبەتى پلان و پرۆگرامى دوورمەودا و کورتمەودا ئامادە بکات و جێبەجێیشى بکات؛ لە پاڵیشدا میکانیزمى کارپێکردنیشى بخرێتە ژێر چاودێرى و لێپێچینەوەوە.
ئەو گرفتە گەورانە و دەیان گرفتى دیکەیش هەن، کە تەنیا و تەنیا بە پیادەکردنى "لێپێچینەوە و چاودێریکردن" دەتوانرێ دامەزراوە حکوومییەکان ڕێک بخرێنەوە و، لەو سیما ناشیرینەى ئیستایان دەرباز بكرێن.
|