زنجیره‌ى پازده
كزبوونى ترووسكه‌ى هیوا له‌مڕۆدا و نه‌بینینى ئاسۆیه‌كى ڕوون بۆ ژیان و ئایینده، یه‌كێك له‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌ترسیدارانه‌یه كه خزاوه‌ته ناو دیوى ناوه‌وه‌ى ده‌روونى زۆرینه‌مان له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردیدا. دیارده‌یه‌كى گشتى، كه كه‌مترین قسه‌ى له‌باره‌وه كراوه و كه‌مترین هه‌وڵیش هه‌بووه، چ له ڕێگه‌ى نووسین و شیكردنه‌وه‌ى زانستى و چ له ڕێگه‌ى به‌كرده‌ییكردنى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و چاره‌سه‌ركردنى. ئه‌م كزبوونى ترووسكه‌ى هیوایه، به زمانه زانستییه‌كه‌ى، پێى ده‌گوترێ "ڕه‌شبینیى به‌كۆمه‌ڵ" (Collective pessimism).
"ڕه‌شبینى" (pessimism) چه‌مكێكه به ئاراسته‌ى جۆراوجۆر پێناسه‌ى بۆ كراوه. بۆ نموونه "دیمبر برووكس" (Dember Brooks) پێی وایه "ڕه‌شبینى به ماناى ڕوانینێكى نێگه‌تیڤ دێت بۆ ژیان بۆ قۆناغى ئێستا و قۆناغه‌كانى داهاتوو؛ پێیشی وایه "گه‌شبینى"، ته‌واو پێچه‌وانه‌ى چه‌مكى "ڕه‌شبینى" دێت كه بریتییه له هه‌ستكردن و تێڕوانینێكى پۆزه‌تیڤ بۆ ئێستا و بۆ ئایینده."
هه‌روه‌ها "مارتن سلیجمان" (martin slegman) مه‌غزا و ناوه‌ڕۆكى ئه‌م چه‌مكه به فۆرمێكى دیكه ده‌ناسێنێ. "سلیجمان" پێی وایه كه پێوه‌ره‌كانى ڕه‌شبینى لاى هه‌مووان وه‌ك یه‌ك نین. لاى هه‌ندێك كه‌س، پێوه‌ره‌كانى ڕه‌شبینى بریتییه له له‌ده‌ستدانى ده‌ستكه‌وتى ماددى، یان ده‌رفه‌تێكى چاره‌نووسساز یاخود له‌ده‌ستدانى ده‌ستكه‌وتێك له‌سه‌ر ئاستى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى، كه له ئه‌نجامدا ڕه‌شبینیشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌ده‌ر له‌م پێناسانه‌ى سه‌ره‌وه، به بڕواى من دروستبوونى حاڵه‌تى ڕه‌شبینى، چه‌نده په‌یوه‌سته به دۆخى "تاك" و له‌باربردنى به‌رژه‌وه‌ندى و به‌دینه‌هاتنى خواست و خه‌ونه‌كانى "تاك"ه‌وه، هێنده‌ى تریش په‌یوه‌سته به ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئاڵۆزیى ڕه‌وشى سیاسى و جه‌نگ و تێكچوونى هاوسه‌نگیى ئابوورى و، هه‌روه‌ها ئه‌و گوتاره زبر و توندئاژۆیه‌ى كه میدیاكان كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
ڕه‌شبینه‌كان به‌سه‌ر سێ ئاستدا دابه‌ش ده‌بن: ئاستی یه‌كه‌میان بریتییه له دروستبوون و په‌ره‌سه‌ندنى ڕه‌شبینى له‌سه‌ر ئاستى "تاك" كه باكگراوند و پێودانگه‌كانى تایبه‌تمه‌ندى خۆیان هه‌یه و، ئاستى دووه‌میشیان بریتییه له‌و ڕه‌شبینییه سه‌رتاپاگیره‌ى كه له گرووپێك، یان ده‌سته‌یه‌ك، یان حزبێكى سیاسی‌دا به میكانیزمى جۆراوجۆر ده‌رده‌كه‌وێت و "كه‌مینه‌ى كۆمه‌ڵگه" پێك ده‌هێنن؛ ئاستى سێیه‌میشیان ئه‌م ئاسته مه‌رسیداره‌یه كه بۆته ناونیشانى وتاره‌كه‌ى ئێمه و، پێی ده‌گوترێ "ڕه‌شبینیى به‌كۆمه‌ڵ"؛ ئاستى سێیه‌م، زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه له ڕه‌شبینیدا بارگاوى ده‌كات.
جگه له ئاسته‌كانى ڕه‌شبینى كه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كردن، له لایه‌كى دیكه‌یشه‌وه ڕه‌شبینى و ڕه‌شبینه‌كان به‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ى گرنگ دابه‌ش ده‌بن:
ئاراسته‌ى یه‌كه‌م/ ڕه‌شبینیى ئاگایییانه - Pessimism conscious:
ئاراسته‌ى "ڕه‌شبینیى ئاگایییانه" بریتییه له‌و ئاراسته‌یه‌ى كه به‌رهه‌مى بیركردنه‌وه‌یه‌كى ئه‌قڵانه‌یه و له ئه‌نجامى ده‌رككردن به فاكتى كێشه جۆربه‌جۆره‌كان و دواتر بێهیوابوون له ڕیشه‌كێشكردنى هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌كردنی به شێوه‌یه‌كى سه‌رتاپاگیر ده‌رده‌كه‌ون. به‌و مانایه‌ى ڕه‌شبین و ڕه‌شبینه‌كان تێ ده‌گه‌ن و ده‌زانن كه سه‌ره‌داوى بێهیوابوون و به‌دبینییه‌كه‌یان له‌كوێوه سه‌رى ده‌رهێناوه و، تێیش ده‌گه‌ن كه ده‌رنه‌هێنانى ڕیشه‌ى كێشه‌كان، به كامه هۆكارى خودى و بابه‌تییه‌وه گرێ دراوه؛ واتا به‌دبینییه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى واقیعى بینا كردووه نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌هم و عاتیفه.
ئاراسته‌ى دووه‌م/ ڕه‌شبینیى نائاگایییانه - Pessimism Unconscious:
ئاراسته‌ى "ڕه‌شبینیى نائاگایییانه" به‌پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌ى ڕه‌شبینیى ئاگایییانه، به فۆرمێكى ڕه‌شۆكى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كان ده‌كه‌ن و زیاتر وابه‌سته‌ن به هێژموونیى ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندى و دۆخى تایبه‌تى و خودییه‌وه نه ده‌یانه‌وێ له واقیعى ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ى ئه‌وانى تووشى به‌دبینى كردووه تێ بگه‌ن، نه له‌بنه‌ڕه‌تیشدا گرفته‌كان هێنده گه‌وره‌ن كه ئه‌وانى تووشى ئه‌و ئاسته له به‌دبینى كردووه؛ زێده‌تر خه‌یاڵ و پاساوى كرچوكاڵ و هه‌ڵچوونێكى ده‌روونیى بێبنه‌ما ئه‌وانى تووشى ئه‌و بارودۆخه كردووه.
بۆچى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه له هه‌رێمى كوردستان تووشى "ڕه‌شبینیى به‌كۆمه‌ڵ" هاتوون؟
كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى چه‌ند ساڵێكه دیارده‌یه‌كى مه‌ترسیدار تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه؛ دیارده‌یه‌ك كه له "ڕه‌شبینیى تاك"و "ڕه‌شبینیى گرووپێكى كۆمه‌ڵگه"وه ته‌شه‌نه‌ى كردووه بۆ جوگرافیایه‌كى فراوانتر تا ئاستى "ڕه‌شبینى به‌كۆمه‌ڵ". زمانى هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه، پڕاو پڕه له به‌دبینى. ئه‌وه‌ى تووشى تێڕامان و ڕاچڵه‌كینمان ده‌كات ئه‌وه‌یه كه ئه‌م به‌دبینییه به‌كۆمه‌ڵه ته‌نیا له چوارچێوه‌ى "ده‌رده‌ڵ و بۆڵه‌بۆڵ و تووڕه‌یى"ی كۆڕ و مه‌جلیساندا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو ڕاپۆرته فه‌رمییه‌كانى دامه‌زراوه حكوومییه‌كان ئه‌وه‌ى بۆ ئاشكرا كردووین، كه به سه‌دان گه‌نجى پیاوى تازه پێگه‌یشتووى گه‌یاندۆته ئاستى خۆسڕینه‌وه له‌سه‌ر زه‌وى! ئه‌م "به‌دبینییه به‌كۆمه‌ڵه" به سه‌دان ئافره‌تى شوونه‌كردوو و شووكردووى ڕووبه‌ڕووى تراژیدیاى خۆكوژى و خۆسووتاندن كردۆته‌وه و، له دواى خۆیشیان هه‌زاران منداڵى بێ‌دایك به‌جێ ماون! ئه‌م "به‌دبینییه به‌كۆمه‌ڵ"ه، هه‌زاران خێزانى له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و، تا دێ زێده‌تریش له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێن! ئه‌م "به‌دبینییه به‌كۆمه‌ڵ"ه ئینتیماى فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانى له ئاست خزمه‌تكردنى دامه‌زراوه حكوومییه‌كان ئیفلیج كردووه. بڕۆن سه‌یرى حاڵى ده‌وامكردنى قوتابى و مامۆستا و، ڕۆڵى فه‌رمانگه‌كانى حكوومه‌ت و جێده‌ست و به‌رهه‌م و داهێنانه‌كانیان بكه‌ن، جا تێ ده‌گه‌ن ئه‌م وڵاته به هۆى "به‌دبینیى به‌كۆمه‌ڵ"ه تووشى چ وێرانه‌یه‌كى مه‌ترسیدار بۆته‌وه!
ئه‌م "ڕه‌شبینییه به‌كۆمه‌ڵ"ه به فۆرمێكى سه‌رتاپاگیر هاتۆته ناو ده‌روونى هه‌مووانه‌وه و، له‌گه‌ڵ جووڵه و ژیان و كار و هه‌ستان و دا‌نیشتنمان تێكه‌ڵ بووه؛ له سیاسییه‌كى باڵاوه تا ده‌گاته پاسه‌وانێكى به‌رده‌م باره‌گایه‌ك، له سه‌رمایه‌دارێكه‌وه تا ده‌گاته ئه‌و كائینه جوانه‌ى شه‌قامه‌كان پاك ده‌كاته‌وه، له پیره‌ژن و پیره‌پیاوێكى سه‌رووى ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵییه‌وه تا ده‌گاته گه‌نجێكى تازه كامڵبوو، له كه‌سێكى پڕئیش و ده‌ستڕه‌نگینى بزۆزه‌وه تا ده‌گاته كه‌سێكى ده‌ستبه‌تاڵى بێكاره‌ى ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه، له هێژموونیى ڕه‌شبینیدا بۆ حاڵى ئێستا و ئایینده‌یان ده‌ڕوانن و كڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بۆ ڕۆشنكردنه‌وه‌ى ئه‌م هه‌موو تاریكبینییه شك نابه‌ن!
لێره‌یشدا، ده‌كرێ به‌شێك له نموونه‌كانى ئه‌م ڕه‌شبینییه سه‌رتاپاگیره ئاماژه بۆ بكه‌ین، كه له یه‌ك كاتیش‌دا ده‌توانین وه‌ك سێ فاكته‌رى گرنگ بیانخوێنینه‌وه:
١- وڵاتى قه‌یران
یه‌كێك له سیما كوشنده‌كانى ئه‌م وڵاته‌ى ئێمه بریتییه له پڕكردنه‌وه‌ى كه‌لێنى قه‌یرانێك و ده‌ركه‌وتنى كه‌لێنى قه‌یرانێكى دیكه. قه‌یرانى به‌نزین چاره‌سه‌ر ده‌بێ، له لایه‌كى دیكه‌وه قه‌یرانى نه‌وت سه‌ر هه‌ڵده‌دا؛ قه‌یرانى نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێ، قه‌یرانى كاره‌با سه‌ر هه‌ڵده‌دا؛ كاره‌با تا ڕادده‌یه‌ك به پینه‌وپه‌ڕۆ چاره‌سه‌ر ده‌بێ، له‌ولاوه قه‌یرانى كه‌مئاوى سه‌ر هه‌ڵده‌دا. له لایه‌كى دیكه‌وه، قه‌یرانى دارایى و گرانیى بازاڕ و زیادكردنى باج و زۆر قه‌یرانى دیكه‌یش، وایان كردووه ترووسكه‌ى هیوایه‌ك ده‌رنه‌كه‌وێ بۆ هاتنه‌سه‌ر سكه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تیمان له فۆرمێكى سروشتی‌دا. له‌گه‌ڵ هاتنى هه‌ر وه‌رزێكى نوێیشدا، كۆمه‌ڵێك قه‌یرانى چاوه‌ڕوانكراوى چاره‌سه‌رنه‌كراویش هێنده‌ى دیكه تۆوى بێمتمانه‌یى له ده‌روونى زۆرینه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌دا موتوربه كردووه.
٢- زاڵبوونى هێز و هێژموونیى به‌ره‌ى گه‌نده‌ڵكاران به‌سه‌ر به‌ره‌ى ڕیفۆرمخوازاندا:
به بڕواى من جگه له كه‌سانى سوودمه‌ند و مشه‌خۆرانى ئه‌و ژینگه ناته‌ندروسته‌ى كه دۆخێكى كاتى، ئه‌وانى هێناوه‌ته پێشه‌وه، هیچ كه‌س به‌گه‌شبینییه‌وه بۆ بنبڕ‌كردنى گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵكاران ناڕوانێ. له وڵاتێكدا كه هێز حوكم بكات و كه‌ره‌سه‌كانى هێزیش له لاى به‌ره‌ى گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاراندا كۆ بووبێته‌وه و، لاوازترین به‌ره‌یه‌كیش كه خه‌ون به ڕیشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵییه‌وه ببینێ، چاره‌نووس و نان و بژێوییان كه‌وتبێته ژێر ئیراده و قه‌ڵه‌م و بڕیارى كه‌سانى نقومبوو له گه‌نده‌ڵیدا، ئیدى بۆچى به لامانه‌وه سه‌یر بێ كه زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه تووشى "ڕه‌شبینیى به‌كۆمه‌ڵ" هاتبن؟! كاریگه‌رییه‌كانى جه‌نگ و لاوازیى هێزى یاساكانیش هه‌ر باس ناكرێن.
٣- چاره‌نووسی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ماندوو، به قه‌زاوقه‌ده‌ر به‌ڕێوه نابردرێ:
ئه‌م گوشاره ده‌روونییه‌ى كه له‌م قۆناغه‌دا ڕووبه‌ڕووى زۆرینه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه بۆته‌وه و تراژیدیاى جۆراوجۆرى مه‌رگهێنیشى به‌دواى خۆیدا هێناوه و، له‌گه‌ڵ ئه‌وەیشدا ترووسكاییى ویست و ئه‌جێندایه‌كى به‌هێزیش جگه له كاتكوشتن نابینرێ بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م قۆناغه نه‌گریسه، ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ى كه ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌گوزه‌رێ، "ڕاده‌ستكردنى چاره‌نووسى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ماندووى قه‌یراناوییه به قه‌زاوقه‌ده‌ر!"
هه‌وڵ ده‌ده‌ین له زنجیره وتارى داهاتووماندا ئه‌و ئاسه‌وارانه بخه‌ینه ڕوو، كه پێشبینیى سه‌رهه‌ڵدانى چه‌ند پێشهاتێكى مه‌ترسیدارى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تییان لێ ده‌كرێ. به‌پێى ئه‌زموونى خۆیشمان، هه‌وڵى ئه‌وه‌یش ده‌ده‌ین چه‌ند خاڵێك وه‌ك ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌ى "به‌دبینیى به‌كۆمه‌ڵ"ه بخه‌ینه ڕوو.