ڕوانگەى زانستى بۆ چەمکى توندوتیژیى دژبە ئافرەتان

زنجیرەى حەڤدە

بە میکانیزمى جۆراوجۆر، کارى زۆر لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژیى دژبە ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان کراوە. میدیا لە لایەک و دامەزراوەکانى حکوومەت و پەرلەمان و ئۆرگانە مەدەنییەکان و دامەزراوە یاسایییەکان لە لایەکى دیکەوە، لە گۆشەنیگاى خۆیانەوە هەم قسە، هەم کاریان لەسەر گرفتى توندوتیژى کردووە؛ بەڵام بە دیدى من، تا ئێستا نەتوانراوە بە پاشخان و تێگەیشتنى زانستییەوە چەمکى توندوتیژى شی بکرێتەوە. جا ئەم شینەکردنەوەیە، چەندە لە ڕووننەکردنەوەى چەمک و تيۆری و جۆر و شێوە و پرەنسیپەکانى توندوتیژیدا زیانى هەبووە، هێندەی تریش لە كردەى گەیاندنى پەیام و ئامانجى ئەو چەمکەوه‌ به‌خواروخێچی، لە لایەن دامەزراوەکان و کارەکتەرەکانى پەیوەست بەم بوارە هەستیارە، زیانى هەبووە. بۆیەیشە دەڵێم هەستیار، چونکە کارکردن لە بوارى هۆشیاریى کۆمەڵایەتى و یاسایی، دروست وەک پەیوەندیى نێوان پزیشک و نەخۆش وایە: هەر کاتێک چارەسەرى هەڵە بە نەخۆشەکان بدرێ، بۆى هەیە خودى نەخۆشەکە ڕووبەڕووى ئیفلیجى و نەخۆشیى درێژخایەن و تا ئاستى مردن ببێتەوە. جا بۆ ئەوەى بەتەواوى لە چەمکى "توندوتیژى" حاڵى ببین، با سەرەتا لە بنەچەى زاراوەکە تێ بگەین:

توندوتیژى لە ڕووى زمانەوانییەوە:

وشەى "توندوتیژى"  (Violence) هاومانایە لەگەڵ وشەیەى Viol areى لاتینى، کە بە ماناى "پێشێلکردندێت؛ لەم کردەیەدا کەسێک وەک بکەرى ئەم پێشێلکردنە ئامادەییى هەیە. هەروەها لە قامووسى "ویبستر" (Webster)دا وشەى توندوتیژى بە ماناى "بەکارهێنانى هێزى جەستەیی دێت کە لە بنەڕەتدا بە ئامانجى زیانگەیاندن و لێکەوتنەوەى ئەزییەت و ئازار بۆ لایەنى بەرامبەر، پەناى بۆ دەبرێ".

چەمکى توندوتیژى لە زانستى کۆمەڵناسیدا واتا "کارپێکردنى وزە و هێزى نامەشروع و ناکۆک لەگەڵ یاساکان، کە دەبێتە هۆکارى گۆڕینى ویست و ئارەزووى تاک". لە ڕوانگەى "جوهان جولتن" (johan gaultung)ى کۆمەڵناس، چەمکى توندوتیژى بە ماناى "کوشتنى لەسەرخۆى مرۆڤە بە میکانیزمى نەرم و سەندنەوەى ئارەزووەکانى". هەروەها پزیشکى فەڕەنسى، "ئەندریە جیرنز"  (Andre Gernez) لە ڕوانگەیەکى دیکەوە ئاوا توندوتیژیمان پێ دەناسێنێ: "فاکتەرى مردنى سەدان ملیۆن مرۆڤ، پەیوەندیى بە تێکشاندنى ڕۆحییەوە هەیە، لەوانەیشە میکانیزمى سادە و ئاسان بۆ لەدەستدانى مرۆڤ بەکار هاتبن." هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکان لە جاڕنامەیەکدا ناساندنێکى سەرتاپاگیرى جیهانیى بۆ چەمکى توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان هەیە:

 توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان بریتییە لە: "هەر کردەیەک لە کردەکانى توندوتیژی، کە لەوانەیە ببێتە هۆی ڕوودانی ئازارگەیاندن، یان ئەشکەنجەدانی جەستەیی، یان سێکسی، یان دەروونی لەسەر ئافرەتان و، هەر جۆرێک لە هەڕەشەكردن، یان هەر هەڵسوکەوتێک ببێتە هۆی بێبەشبوونی ئافرەت لە ئازادییەکانی، ئەگەر لە شوێنی گشتی، یان لە شوێنە تایبەتییەکان بێت (لەناو خێزان)، دەچێتە ناو ئەو چوارچێوەیەوە."

لەم جاڕنامەیەدا توندوتیژی و جیاکاریی دژ بە ئافرەتان بەیەکەوە بەستراونەتەوە. دیاردەکانی توندوتیژی، بێزارکردنی سێکسی و بەدبەکارهێنانی سێکسی و جیاکاری لەخۆ دەگرێت، کە لەسەر بنەمای ڕەگەز و دەمارگیری دروست بووە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە لە بڕگەکەدا هاتووە:

"کۆنگرەی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیدانی کارکردن لەپێناو نەهێشتنی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان لە ژیانی گشتی و تایبەتیدا و، نەهێشتنی سەرجەم شێوازەکانی بێزارکردنی سێکسی و بەدبەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ئافرەتان و نەهێشتنی لاگیری لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە هێنانەکایەی دادپەروەری و، نەهێشتنی هەر هاودژییەک لە نێوان بەرەى پارێزەرانى مافەکانی ئافرەتان و، ئەو بەرەیەى کە پەیوەندییان بە هێشتنەوەى دابونەریتى كۆن و دەمارگیریی ڕۆشنبیری و توندڕەویی ئایینییەوە هەیە."

هەروەها پێناسەی جیاکاریی دژ بە ئافرەتان بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی سەرجەم شێوازەکانی جیاکاریی دژ بە ئافرەتان "سیداو" (CEDAW): جیاکاریی دژ بە ئافرەتان پێناسە دەکرێت بەوەی بریتییە لە:

 "هەر جۆرە جیاكاريیەک لەسەر بنەمای ڕەگەز ئەنجام بدرێت، كە مەبەستى دانپێدانەنان بێت بە مافەکانى ئافرەت، لەسەر بنەمای ئەوەی ڕەگەزى پیاو باڵاتر زەق بکرێتەوە لە ڕەگەزى ئافرەت لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانى لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و شارستانی، بە جیاکارى دژ بە ڕەگەزى ئافرەت دادەنرێت"

لە لایەکى دیکەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی(WHO) ، ئاوا توندوتیژیمان بۆ شی دەکاتەوە: "بەکارهێنانی بەئەنقەستی هێزی جەستەیی، یان توانا، بە هەڕەشەکردن، یان بەکارهێنانی ماددیی ڕاستەقینە لە دژی خود، یان لە دژی کەسێکی تر، یان لە دژی کۆمەڵەیەک، یان کۆمەڵگە؛ بە شێوەیەک ببێتە هۆی ڕوودان (یان چاوەڕوانکردنی ڕوودانی) برینداربوون، یان مردن، یان ئازاری دەروونی، یان خراپگەشەکردن، یان بێبەشبوون."

ناساندنى چەمکى توندوتیژی له‌ هه‌رێمی کوردستان:

پێناسەی توندوتیژی بەپێی ماددەی (یەکەم/3) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، ژمارە (8)ی ساڵی (2011) لە هەرێمی کوردستان/عێراق: توندوتیژی خێزانی: "هەر کردارێک، یان وتەیەک هەڕەشەیان پێ لێ بکرێت لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی پەیوەندیی خێزانیدا، کە لەسەر بنەمای هاوسەرگیری، یان خزمایەتی تا پلەی چوارەم بنیات نرابێ‌ و، ئەوانەی بەپێی یاسا هاتوونەتە ناو خێزانەوە، دەشێ‌ لە باری جەستەیی و سێکسی و دەروونییەوە زیانیان پێ بگەیەنێ‌ و ماف و ئازادییان لەدەست بدات."

توندوتیژى لە ڕوانگەى چەند تیۆرییەکى زانستییەوە:

ڕوانگەى تیۆریى کۆمەڵایەتى، وەک چوارچێوەیەکى یاسایى وایە بۆ لەقاڵبدانى کێشە و دیاردە و کردە کۆمەڵایەتییەکان. مەرجیش نییە چوارچێوەى کۆى تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەک بن، بەڵام دەکرێ زۆرینەى جار هەر یەک لە گۆشەى خۆیەوە بێت و، هەموویان لە هێڵێکدا یەک بگرنەوە. لێرەیشدا ڕوانگەى چەند تیۆرییەکى تایبەت و پەیوەست بە چەمکى توندوتیژى، دەخەینە بەر دید:

تیۆریى یەکەم/ پوختەى شیکردنەوەى توندوتیژى لە ڕوانگەى "تیۆریى بایۆلۆژی بۆ توندوتیژی":

ئەم تیۆرییە لە ساڵى 1945 دەرچوو بۆ شیکردنەوەى پاڵنەرەکانى ئەنجامدانى تاوان و ئەو ئارەزوو و حەزە دوژمنکارانەیەى کە لە کەسێکدا بۆ ئەنجامدانى کردەى توندوتیژى و تا ئاستى کوشتنى ئەوانى دیکە دروست دەبێ. هەروەکوو، "لەمبرۆزۆ"ى زانا لە بوارى ناسینەوەى تاواندا لە ناوەڕۆکى تیۆرییەکەیدا پێمان دەڵێ: ئەوەى پاڵ بە کەسێکەوە دەنێ بۆ ئەوەى بیکاتە کارەکتەرێکى تاوانبار، ڕاستەوخۆ پەیوەندیى هەیە بە پاڵنەرێکى ناوخۆى جەستەیى و گرژبوونى ئەو خانە و دەمارانەى کە گوشار لەسەر دیوى ناوەوەى کەسێکدا دروست دەکەن بۆ ئەوەى بە کردەیەکى توندوتیژ دژ بە كه‌سانی دیكه‌ ئارام ببێتەوە؛ لە پاڵ ئەوەیشدا کەموکوڕى لە جیناتە جەستەیییەکاندا بە بەشێک لە پاڵنەرى تاوانکارى دەخوێندرێتەوە. ڕێبەرانى ئەم تیۆرییە پێیان وایە کە زۆرینەى جاران نیشانەکانى تاوانکارى لە ڕوخسار و سەرجەستەى تاوانباران، بەڵگەن لەسەر ناتەواوى لە دیوى ناوەوەى کارەکتەرە تاوانبارەکان.

تیۆریى دووەم/ پوختەى شیکردنەوەى توندوتیژى لە ڕوانگەى کاریگەریى بۆماوەیییه‌وه‌:

"هێنرى جودارد"، کە لە بنەڕەتدا خەڵکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە، وەک یەکێک لە ڕێبەرانى ئەم تیۆرییە پێی وایە کە گواستنەوەى جیناتەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە، تەنیا لە ڕەنگى چاو و قژ و ئەندامەکانى ترى جەستەوە لە شێوەى دەرەوەیدا دەرناکەوێ، بەڵکوو گواستنەوەى جیناتەکانى ناوەوەى جەستەى کەسەکانیش، کە جۆرێک لە دڕندەیییان تێدایە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى دیکە دەگوازرێتەوە. دیوێکى ترى تیۆرییەکە پێی وایە کە ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و هەژاریش، پاڵ بە کەسەکانەوە دەنێ بۆ پراکتیککردنى تاوان و کردەى توندوتیژى.

تیۆریى سێیەم/ پوختەى تیۆریى "شیکردنەوەى دەروونى" بۆ توندوتیژى:

پوختەى ئەم تیۆرییە کە زیگمۆند فرۆید ڕێبەرایەتیى دەکات، پێی وایە کە لە سروشتى هەموو مرۆڤێکدا پاڵنەرى توندوتیژیى دوژمنکارانە، بوونى هەیە، بەڵام مەرج نییە ئەو پاڵنەرە دوژمنکارانەیە لە ڕوخسار و دیوى دەرەوەى کەسەکەدا ڕەنگ بداتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، تیۆرییەکە وای دەبینێ کە لە ڕەفتار و کارلێکى کۆمەڵایەتیدا کەسى توندوتیژکار ئاسان هەستى پێ دەکرێ و، له‌وانی دیكه‌ جیا دەکرێتەوە.

جۆرەکانی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمى کوردستان:

 توندوتیژی، بۆ دوو کۆمەڵەی بنەڕەتی دابەش دەکرێت: کۆمەڵەى یەکەم، پێک دێت لەو پێشێلکارییانەى کە تاک لەگەڵ خۆیدا و بەرامبەر بە خۆى دەیکات؛ کۆمەڵەى دووەمیش، پێک دێت لەو توندوتیژییانەى تاک لەدەرەوەى خودى خۆى واتا لەلایەن کەسانى دیکەوە رووبەرووى دەبێتەوە. بەڵام بیرمان نەچێت ئەم جۆرە دابەشکارییە، بەپێى سروشت و بونيادى کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکە، لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر گۆڕانکاریى بەسەردا دێت و دەگۆڕێ. ئەم فۆرمە دابەشکارییە، بەپێى ئەزموونى دوێنێ و لەبەرچاوگرتنى ئەو دەرەنجامانەى لەبەرچاو و لەژێردەستماندان، زێدەتر بۆ پێکهاتە و سروشتى کۆمەڵگەى ئێمە ئەنجام دراوە:

کۆمەڵەى یەکەم: ئەو توندوتیژییەی ئاراستەی خود دەکرێت:

توندوتیژیی ئاراستەکراو بۆ خود، دابەش دەکرێت بۆ:

- ڕەفتاری خۆکوژی: بیرۆکەی خۆکوژی و هەوڵەکانی خۆکوژی دەگرێتەوە.

- پێشێلکردنی خود: توندوتیژیى خودی دەگرێتەوە؛ کە بریتییە لەو كردە ئازاربەخشەى  کە ئافرەت بەرامبەر بەخودى خۆى پیادەى دەکات لە ڕووی جەستەیی، یان دەروونی، لە ئەنجامى هەستکردن بە دڵەڕاوکێ‌ و نائومێدی و ئارەزوونەبوون لە ژیان، گەیشتنى ئەم ئاستە لە نائومێدبوون بەرهەمى شکستیکى گەورەیە لە یەکیک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کە ڕووبەڕووى ڕەگەزى ئافرەت دەبێتەوە.

لە وتارى داهاتوودا بەوردى دە جۆرى توندوتیژى شی دەکەینەوە، کە پەیوەستن بە ستراکتۆرى کۆمەڵایەتیى ئێمەوە و، بوونەتە سەرچاوەى هەزاران تاوانى جۆراوجۆرى کۆمەڵایەتى.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples