هەموو شتێک لەبارەى توندوتیژییەوە

زنجیرەى هەژدە و کۆتایى

وەک لە پێشەکیى زنجیرە وتارى ڕابردوودا ڕووناکیمان خستە سەر ئەو خاڵەى کە، ئیدى وەک چۆن گرنگە خوێندنەوەى نوێ و تێگەیشتنى زانستییانەمان بۆ مەغزاى چەمکى توندوتیژى هەبێ، لەوەیش گرنگتر ئەوەیە کە دەبێ گۆڕانکارى لە ئەجێندا و کردەى کارکردنماندا بکەین لە پرۆسە و لە پڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیدا. ئەم میکانیزمەى ئێستا دامەزراوەکان کارى لەسەر دەکەن میکانیزمێکى چەقبەستووى سواوە؛ داتا و دیکۆمێنت و ڕیپۆرتە فەرمییەکانیش پشتڕاستى ئەم تێگەیشتنەى ئێمە دەکاتەوە. خۆکوشتنى (170) ئافرەت لە ماوەى دوازدە مانگى ساڵى 2016، پێمان دەڵێ کە پێویستە ئەڵتەرناتیڤى نوێ و کارەکتەرى نوێ و تێگەیشتن و ئەجێنداى نوێ بخزێنینە ناو سنوورى کارکردنى دامەزراوە فەرمى و مەدەنییەکانەوە، تا یارمەتیدەر بن لە فریاکەوتنى ئەم بارودۆخە خوێناوییەى، کۆمەڵگەى ئێمە لە ڕووى جڤاکییەوە تێی کەوتووە.

لەم بەشەى ئەم وتارەیشماندا باس لە چەند جۆرێکى ئەو پێشێلکارى و توندوتیژییانە دەکەین کە ڕۆژ نییە لەژێر ناوى هەر یەکێک لەم جۆرانەدا دەیان ژن نەبنە قوربانى؛ جا هەر لە گێچەڵپێکردنى سەرشەقامەکان و میدیا و سۆسیال میدیاکانەوە بگرە، تا دەگاتە ئەشکەنجەدانى جەستەیى و تێکشکاندنى کەسایەتى و، لەوێیشەوە تا دەگا بە فيشەکبارانکردن و هەڵقرچاندنى جەستەى کچان و ژنانى کورد؛ بەشێکیان بە پاساوى ئایینى ڕوو دەدەن، بەشێکى دیکەیشیان بە پاساوى کەلتوورى. جا سەیر دەکەین هەر یەک لەم جۆرە توندوتیژییانە لە پێگە و خاڵ و دامەزراوەیەکەوە ئاراستە دەکرێن: بەشێکیان لە ڕێگەى میدیا و سۆسیال میدیاوە، بەشێکى دیکەیان لە ڕێگەى مینبەرى پیرۆزى مزگەوتەکانەوە، بەشێکى دیکەیشیان لە ڕێگەى ناوەندەکانى خوێندن و دامەزراوە سەربازى و کارگێڕى و سیاسییەکانەوە ئاراستە دەکرێن، تا دەگاتە جێکردنەوە و ڕەوایەتیدان بە چەوساندنەوەى ڕەگەزى ژنان و جێکردنەوەیان لە دەقە یاسایییەکاندا. لێرەوە هەوڵ دەدەین هەر یەک لەم فۆرم و شێوازانە شەنوکەو بکەین و بەپێى خوێندنەوەى دیفاکتۆى کۆمەڵایەتیمان بیانخەینە بەر باس، بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە ئەم فۆرمانەى توندوتیژى، مەرج نییە لە تەواوى کۆمەڵگەکاندا وەک یەک مومارەسە بکرێن. ئەوەى ئێمە لێرەدا دەیانخەینە بەر دید، تەنیا پەیوەستن بە سروشتى کۆمەڵگەى هەرێمى کوردستان.

دەکرێت توندوتیژی دابەش بکرێت بۆ دوو کۆمەڵەی بنەڕەت: ئەم پۆڵێنکردنە، جیاوازیی کردووە لە نێوان ئەو توندوتیژییەی کاریگەرییەکەی دەکەوێتە سەر خودی کەسەکە، واتا جیاکاریی کردووە لە نێوان ئەو توندوتیژییەى کە تاک بەرامبەر بە خۆى و بە خودى خۆى پراکتیزەى دەکات، لەگەڵ ئەو توندوتیژییانەى کە لە لایەن کەسانى دیکە، یان کۆمەڵە و هێزێکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و سەربازیى دیکەوە به‌رامبه‌ر تاک پراکتیزە دەکرێ. هەر بۆیە، توندوتیژى بەسەر دوو کۆمەڵەى بنەڕەتیدا دابەش دەکەین:

کۆمەڵەى یەکەم: ئەو توندوتیژییەی ئاراستەی خود دەکرێت:

توندوتیژیی ئاراستەکراوى خودى، بۆ دوو لقى سەرەکى دابەش دەکرێت:

أ- ڕەفتاری خۆکوژی: بیرۆکەی خۆکوژی و هەوڵەکانی خۆکوژی دەگرێتەوە؛ وەک ئەو شێوازەى کە تاک بەرامبەر بە خودى خۆى و لەگەڵ خۆیدا بە پاڵنەر و فاکتەرى جۆراوجۆر ئەنجامى دەدات، کە زۆرینەى جاران تەنیا و تەنیا کەسى خۆکوژ دەزانێ کە پاڵنەرى خۆکوژییەکى چۆن بووە، بەبێ ئەوەى نزیکترین کەسەکانى دەورووبەرى لە فاکتەرى ڕاستەقینەى خۆکوژییەکەى تێ بگەن و بگەنە سەرەداوى خۆکوشتنى کەسى خۆکوژ.

ب- پێشێلکردنی خود: بریتییە لە ڕەفتارى ئازارپێگەیاندنى خودى، کە تاک لەگەڵ خودى خۆیدا مومارەسەى دەکات. بەشێک لەم پێشێلیکارییە خودییە، هەندێ جار بە ئامانجى بەخشینى چێژى ڕۆحى، پەناى بۆ دەبردرێ؛ وەک ئەوەى بەشێک لە تاکەکان چێژ لە ئازاردانى خۆیان دەبینن لەو قۆناغانەى بە پرۆسەى عیشق و خۆشویستنى کەسێکى دیکەدا تێپەڕ دەبن؛ بەشێکى دیکەیش هەن دۆخێکى ناچارى وای لێ کردوون کە بە ئازارى پێشێلکردنى خودی گیرۆدە بن و، ناتوانن خۆیانى لێ دەرباز بکەن.

کۆمەڵەى دووەم: ئەو توندوتیژییەی لە لایەن کەسانی ترەوە ئاراستە دەکرێت:

بۆ دە جۆرى سەرەکى دابەش دەکرێت:

یەکەم/       توندوتیژیی خانەوادەیی (خێزانی): ئەم جۆرە توندوتیژيیە کە لە کۆمەڵگەى کوردیدا بە بەربڵاوترین جۆرى توندوتیژى دادەنرێ، لە چوارچێوەى دامەزراوەى خێزان وەک بچووکترین یەکەى کۆمەڵایەتى لە نێوان ئەندامانى تاکەکانى ناو دەزگه‌ى خێزان ڕوو دەدات. لەناو ئەو دەزگه‌ بچووکەیشدا زۆرترین ژمارەى قوربانیان لە ڕەگەزى ئافرەتن، لەوانە:

بەزۆر بەشوودان، زوو بەشوودان، دانانى مەرجى بە مارەییی پێشەکى و پاشەکى، خەتەنەکردنی مێینە، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئافرەتانەى بە هەر هۆیەک بێ، بێوەژن بوون تا ئاستى ناچارکردنیان بۆ خۆکوژى، بێبەشکردنیان لە خوێندن و دامەزراندن و هتد. هەروەها بەپێى دیکۆمێنتەکان، بەربڵاوترین توندوتیژى لە نێوان تاکەکانى ناو خێزان بریتییە لەو ناکۆکییانەى کە لە نێوان ژن و مێرددا تەشەنە دەکەن و چەند شێوازێکى پێشێلکاریى لێ دەکەوێتەوە، وەکوو:

ڕ- توندوتیژیی جەستەیی: بەکارهێنانی هێزی جەستەیی، یان هێزی ماددی، یان چەک دەگرێتەوە، بە مەبەستی ئازارگەیاندن و ئەشکەنجەدانى جەستەیى.

ب- توندوتیژیی سێکسی: پەیوەندیی سێکسی دەگرێتەوە بە شێوەی دەستدرێژیکردن بەبێ ڕەزامەندیی ئافرەت؛ وەک ئەم شێوانەى کە یاسا و شەرع و کەلتوور ڕێگەى لێ گرتووە.

ج- توندوتیژیی دەروونی: خۆی لە زاڵبوون بەسەر ئافرەتدا دەبینێتەوە، یان پەراوێزخستن و بایەخپێنەدانى ئافرەت لە لایەن هاوسەرەکەیەوە.

د- توندوتیژیی ئابووری: خۆی لە بێبەشکردنی ئافرەت بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوە بنەڕەتییەکان و هەڵسوکەوتپێکردنیدا، دەبینێتەوە.

لەگەڵ ئەمانەیشدا فەرزکردنى تاکێکى نێر بەسەر تاکەکانى دیکەى خێزاندا کە لە ڕەگەزى مێن، دەچێتە چوارچێوەى توندوتیژیى خێزانییه‌وه‌؛ وەک ئەوەى زۆرینەى جاران برایەکى بچووک، دەکرێ بە دەمڕاست و گەورە و وەلى ئەمرى خوشکەکانى، لە کاتێکدا لە ڕووى تەمەنەوە لە هەموو خوشکەکانیشى بچووکتر بێ!

دووەم/ توندوتیژیی کۆمەڵگەیی:

بریتییە لە هەر ڕەفتار، یان کردەوەیەکى شەڕانگیزانە، کە لە دەرەوەى دەزگه‌ى خێزاندا ڕوو دەدات، بە ئامانج یاخود بەبێ ئامانج. لەم جۆرەیاندا هێژموونیى کەلتوورى، بۆتە چەکێکى بەهێز بە دەست ئەو کەسانەى کە مومارەسەى کردەى توندوتیژى دەکەن بەرامبەر بەوانی دیکە، وەک: کوشتن و ئازاردانى ژن بە پاساوى شوشتنەوەى نامووس و بەرتەسککردنەوەى ماف و ئازادییەکانى ئافرەت و دەیان نموونەى دیکە کە ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە زۆر بەسانایى دەبارە و سەدبارە دەبنەوە بەبێ ئەوەى ویژانى کۆمەڵگەى بۆ بجووڵێ.

سییەم / توندوتیژیی سیاسی:

بریتییە لەو جۆرەى کە دەوڵەت ئەنجامی دەدات، یان لە ئەنجامدانیدا چاوپۆشیی لێ دەکات؛ کە دەکرێ لێرەدا چەند نموونەیەک لە توندوتیژیى سیاسى بەکورتى ئاماژە بۆ بکەین:

-       بێبەشکردنى ئافرەت لە پۆست و پلە و پایە سیاسییە باڵاکان و دروستکردنى بەربەست لە گەیشتن بە پێگەى بڕیار.

-       بێبەشکردنى ئافرەت لە پرۆسەکانی خۆپاڵاوتن لە پرۆسەى هەڵبژاردنەکاندا.

-       بێبەشکردنى ئافرەت لە پرۆسەى دەنگدان و هەڵمەتى هەڵبژاردندا.

-       بێبەشکردنى ئافرەت لە چالاکییە مەدەنییەکانى وەک خۆپیشاندان و مانگرتن و کارکردن لە ئۆرگانە جۆربەجۆرەکاندا.

- هەروەها، دانانى "سیستەمى کۆتاى ئافرەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى و، گەیاندنى ژنان بە پاڵەپەستۆ، بە دیدى من وەک بەشێک لە توندوتیژیى سیاسى دەخوێندرێتەوە.

چوارەم/ توندوتیژیی سەربازی:

بێبەشکردنى ئافرەت لە خويندنى کۆلیژەکانى پۆلیس و خولە سەربازییەکان و بەرتەسککردنەوەى زەمینەى کارکردنى ئافرەت لە پۆستە سەربازییە باڵاکاندا، تەنیا لەبەر ئەوەى لە ڕەگەزى ئافرەتن، دەچێتە چوارچێوەى توندوتیژیى سەربازییەوە. هەروەها جه‌نگە سەربازییەکان و دیاردەکانی توندوتیژیی چەکداری کە هێزە سەربازییەکانی دەوڵەت ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، یان داگیرکردنی دەوڵەت لە لایەن دەوڵەتێکی ترەوە؛ ئەوەى لێیشی دەکەوێتەوە، بەجێهێشتن و مانەوەى ئەو نەهامەتییانەن کە ژن بە پلەى یەکەم تێیدا، دەبێ بە قوربانیى پاشماوەکانى دواى جەنگ.

پێنجەم/ توندوتیژیی میدیایی:

- لەبەرچاونەگرتنی چەمکەکانی "بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی" و "ئاسایشی کۆمەڵایەتی" لە ڕوماڵکردنی هەواڵ و گفتوگۆی میدیایی و بەرهەمە هونەرییەکان کە پەیوەندیدارن بە پرسی ئافرەت و ئاشتەواییی خێزان، دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیی میدیایییه‌وه‌؛ کە لێرەدا چەند نموونەیەک وەک بەرچاووڕوونی دەخەینە ڕوو:

- زەقکردنەوەی ڕووداوە کۆمەڵایەتییە دەگمەنەکان، کە لە کۆمەڵگەدا وەکوو حاڵەتی کەم و دەگمەن ڕوو دەدەن؛ بایەخپێدانیان، چاولێکەری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ‌.

- خستنەڕووی هونەرەکانی خۆکوشتن و تۆڵەکردنەوە، کە مەبەست لێی ڕووماڵکردنی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانە وەک خۆی؛ لە ڕێگەی ڕاپۆرتی وردی میدیایییەوە تەواوی وردەکاری و ئامرازەکانی ئەنجامدانی ڕووداوەکانی خۆکوشتن و دروستکردنی ئارەزووی تۆڵەکردنەوە بڵاو بکرێتەوە.

- زەقکردنەوەی تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئامانجی سیاسی لە ڕێگەی میدیاکانەوە؛ مەبەست لێی تێکەڵکردنی ململانێی سیاسی لەگەڵ ڕەوشی کۆمەڵایەتی، بە ئامانجی نیشاندانی حکومڕانییەکی لاواز لە ئاست بەرقەرارنەکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و خێزانی، وەک بەشێک لە توندوتیژی و ورووژاندنی میدیایی، دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئەو دامەزراوانەی کە بۆ پاراستنی دۆخی ئافرەت دامەزراون.

- لە ڕێگەی میدیاکانەوە تەرجومەکردنی ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتییانەی کە نامۆن بە کۆمەڵگەی کوردی و، لە کۆمەڵگه‌کانی تر ڕوو دەدەن، دەبێتە هۆکار بۆ ئاڵۆزکردنی باری دەروونیی ئافرەت؛ هەندێ جار جۆرێک لە هاندانی بۆ توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە.

- کاریگەریی نەرێنی لە بڵاوکردنەوەی دراما ناوخۆیی و بیانییەکان و دیراسەنەکردنیان لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندی هونەری و دەروونی، ڕۆڵی فێرگەیەکی نەرێنی‌ لە هێنانەکایەی نوێترین شێوازەکانی تاوان و ناپاکی و وێنە و جووڵەی ورووژێنەری نەگونجاو لەگەڵ نۆرم و نەریت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگه‌ی کوردستانی، دەگێڕن.

- بڵاوکردنەوەی مانشێتی تۆقێنەر، ورووژێنەر، هاندەر بۆ لاساییکردنەوە و تۆڵەکردنەوە، ئاشکراکردنی شوێنەکانی لەشفرۆشی، سووکایەتیپێکردن، لاوازکردنی متمانە و ... وەک بەشێک لە توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت دادەنرێن.

شەشەم/ توندوتیژی لەژێر پەردەی ئایینی:

ئایین وەک خۆی، هەڵگری پەیامی ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و خێزانییە، بەڵام هەم لە ڕابردوو هەم لە ئێستادا لەژێر پەردەی ئاییندا بە شێوازی جۆراوجۆر ئافرەتیان ڕووبەڕووی توندوتیژی کردۆتەوە؛ بەشێک لەم توندوتیژییانە تا ئێستایش بەردەوامییان پێ دەدرێ‌. لێرەدا بەپێویستی دەزانین چەند شێوازێک لەم توندوتیژییانە بخەینە ڕوو کە بە ناوی ئایینەوە لە هەرێمی کوردستادا ڕووبەڕووی ئافرەت بۆتەوە:

- مارەکردنی کچی ساوا لەسەر بێشکە، بەبێ‌ ئەوەی تەمەن و گەشەی جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتیی کچەکە لەبەرچاو بگیرێ‌.

- مارەکردنی کچ و بەخشینی کچ وەک چارەسەر لە ئاشتبوونەوەی بنەماڵەکان لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی ڕەزامەندی و بارودۆخی دەروونیی کچەکە و چارەنووسی لە ئاییندەدا.

- مارەکردنی کچ لە پرۆسەی هاوسەرگیریی ژن بە ژندا، بەبێ‌ ئەوەی زۆرینەی جار ڕەزامەندیی هەر دوو ئافرەت وەک خۆی لەبەرچاو بگیرێ‌.

- فەتوای ئەنجامدانی خەتەنەکردنی کچان لە لایەن مامۆستایانی ئایینییەوە، لە کاتێکدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام جۆرێک لە ئازادیی بە ئەنجامدانی خەتەنەکردنی ڕەگەزی ئافرەت داوە، کە دەکرێ‌ بکرێت و، دەیشکرێ‌ نەکرێ‌.

- بەکارهێنانی مینبەری پیرۆزی مزگەوتەکان بۆ سووکایەتیکردن بە ئافرەت لە لایەن بەشێک لە مامۆستایانی ئایینییەوە. زۆر جار لەم مینبەرە پیرۆزانەوە هەوڵی لەکەدارکردنی کەسایەتیی ئەو ئافرەتانە دەدرێ‌ کە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیاکاندا وەک پارێزەر و داکۆکیکاری جددیى مافەکانی ئافرەت کار دەکەن.

حەوتەم/ توندوتیژیی یاسایی:

لەبەرچاونەگرتنی یەکسانیی جێندەری و جیاوازیکردنی لە دیاریکردنی سزاکان لە نێوان ئافرەت و پیاودا و، هەروەها بێبەشکردنی ئافرەت لە مافە یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی، هەروەها بێبەشکردنی ڕەگەزی ئافرەت لە پێگەی بڕیار و پۆستە سیادی و باڵاکاندا لە ڕێگەی یاساکانەوە، وەک بەشێک لە توندوتیژیی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا دادەنرێ‌.

هەشتەم/ توندوتیژیی کارگێڕی:

- پەراوێزخستن و دروستکردنی بەربەست لە بەردەم ڕەگەزی ئافرەتدا بۆ گەیشتن بە پێگەی بڕیار و پۆست و پایەی سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکان بە هۆکاری جیاوازیی ڕەگەزی، دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیی کارگێڕییه‌وه‌.

- ئیستغلالکردنی جەستەییی ڕەگەزی ئافرەت لە دامەزراوەکاندا بۆ ئامانجی تایبەتی و، هەروەها کارپێکردنی نایاسایی و ناچارکردنی بۆ کاری زۆر و کرێی کەم، بە هۆکاری جیاوازیی ڕەگەزی، وەک بەشێک لە پێشێلکاری و توندوتیژیی کارگێڕی دادەنرێ‌.

نۆیەم/ توندوتیژیی پەروەردەیی:

بریتییە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە ناوەند و دامەزراوە پەروەردەیییەکان بە پاڵنەری جیاوازی ڕەگەزی، کە دەکرێ‌ ئاماژە بە چەند شێوازێک بکەین:

- سەرزەنشکردنی قوتابیانی ئافرەت بە پاساوی ناڕێکی لە پۆشینی جلوبەرگ و، ناچارکردنیان لە پۆشینی حیجاب، یاخود بەپێچەوانەوە.

- ڕێگه‌گرتن لە بەرەوپێشچوونی توانا و هەوڵەکانی ئافرەت لە گەیشتنیان بە پۆست و پێگەکانی بڕیار لە دامەزراوە پەروەردەیییەکاندا.

- جیاوازیکردن لە نێوان ڕەگەزی ئافرەتان و پیاوان و بایەخدانی زیاتر بە توانا و لێهاتووییی ڕەگەزیی پیاوان و دانانی نمرەی زیاتر بە قوتابیانی ڕەگەزی پیاوان لە تاقیکردنەوەکاندا بە هۆی جیاوازیی ڕەگەزییانەوە، وەک شێوازێک لە توندوتیژیی پەروەردەیی دادەنرێت.

دەیەم/ توندوتیژیی ئابووری:

بێبەشکردنی ئافرەت لە بەدەستهێنانی سەرچاوە بنەڕەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی، کە ئەمانە دەگرێتەوە:

•       خەرجینەکردن و دەستپێوەگرتنى پارە بە ڕاددەیەکى زۆر لە خێزان.

•       بێبەشکردن لە میرات.

•       ناچارکردن لەسەر کارکردن، یان وازهێنان لە کارکردن.

•       دەستبەسەرداگرتنی مووچە و سەرچاوە دارایییەکانی تر.

•       کرێی کەم، لە بەرامبەر کارکردندا.

•       جیاکاریکردن لە مووچە.

باسکردن و نووسین لە بوارى توندوتیژیدا جیاواز لە بوارەکانى دیکە، پێویستە بۆ ئەو کەسانەى بەجێ بهێڵین کە بەکردەیى ئاگایان لە دۆخى کۆمەڵایەتى هەیە و لەناو قووڵاییى دیاردە و گرفتە قورس و سووکە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرقاڵن، چونکە ئەوەى بەکردەیى لەم بوارەدا قاڵ نەبووبێتەوە، نە دەتوانێ دەرەقەتى گەیاندنى پەیامێکى ڕوون بێ لەم بوارە پیشەیییەدا، نە دەیشتوانێ بە باکگراوندێکى زانستی و واقعبینییەوە خاڵ لەسەر پیت و وشەکانی دابنێ و، دواجار وەک پزیشکێکى ناشارەزا چارەسەرێکى کوشندە بە نەخۆشەکانى دەبەخشێ.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples