پەرەسەندنى توندڕەویى کۆمەڵایەتى لە ڕوانگەى تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتییەوە

یەکێک لە پڕۆسە و پێشهاتە دووبارە و بەردەوامەکانى هەرێمى کوردستان، کە لە ڕواڵەتدا پرۆسەیەکى دیموکراسییە و مومارەسەکردنى مافێکى ئاسایى و یاسایى و سروشتیى کۆمەڵگەیە و لە پراکتیکیشدا پرۆسەیەکى توند و هەراسانکەرە، بریتییە لە پرۆسەکانى هەڵبژاردن بە هەموو شێوە و ناو و ناوەڕۆکەکانییەوە. لەگەڵ دەستپێکردنى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا یەکێک لە مەترسییە نەبینراوەکان کە پێدەچێ هێواش هێواش کاریگەرییەکانى کارى خۆیان لەسەر سایکۆلۆژی و ڕەفتارى کۆمەڵایەتیى هەر تاکێک بەجێ بهێڵن، کاڵبوونەوەى زمانى نەرم و گفتوگۆى هێمنانە و ڕووبەڕوووبوونەوە و دیبەیتى ئاڵوگۆڕى ڕا ناچۆنییەکەکانە لە نێوان کارەکتەرە سیاسییە ناکۆکەکان و ڕۆشنبیرە دژبەیەکەکان، لە کاتێکدا بەپێچەوانەى کۆمەڵگەى ڕۆژاوايى، پرۆسەى هەڵبژاردنەکانیان زێدەتر لە بۆنەیەکى ئاهەنگئامێز دەچێ و تەواوى ماوەى دیاریکراوى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن بەشێکى بۆ بەئەنجاگەیاندنى ڕێوڕەسمى تایبەتى و ڕازاندنەوەى شەقامەکان و ئاهەنگى شەوانە تەرخان دەکەن کە کەمترین توندوتیژیى قورسى لێ دەکەوێتەوە، بەشەکەى تریشى تەرخان دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و دیبەیتى میدیایى و جەماوەرى. ئەم دیبەیتانە هێندە دیموکراسییانە بەڕێوە دەبردرێن تا ئاستى ڕووبەرووبوونەوەى سەرۆکە پاڵێوراوەکان. لەم دیبەیتانەدا بە ئاراستەیەکى عەقڵانى، کورد گوتەنى "ئى بن بەڕێ، دەهێننە سەر بەڕێ". دواى کۆتاییهاتنى هەڵبژاردنەکانیش لایەنى دۆڕاوى پرۆسەکە پیرۆزباییى خۆى و لیستەکەى پێشکەشى لایەنى براوەى پرۆسەکە دەکات، بۆ ئەوەى پاشماوەى گرژییەکانى ڕابردوو هەم لەسەر دەروون و ڕەفتارى کۆمەڵایەتیى خۆیان، هەم لەسەر دەروون و ڕەفتارى هەوادار و دەنگدەرانى هەر دوو لا بەتەواوى خاو ببێتەوە؛ تا قۆناغێکى نوێ لە کایەى سیاسى و بەڕێوەبردنى وڵاتەکەیان دەست پێ بکەن.

تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى چۆن بۆ پەرەسەندنى توندڕەویى کۆمەڵایەتى دەڕوانێ ؟

تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى چییە؟

تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى لە دەیەى پەنجاکانى سەدەى بیستەم دەرکەوت و، لە لایەن هەر دوو پێشەنگى ئەم تیۆرییە "ج. کیلى" و "جى. تیبۆت" داڕێژراوە. ئەم تیۆرییە، وەک تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانى تر، دەکرێت لە ڕاڤەکردن و شیکردنەوەى تەواوى ئەو دیاردە و پرۆسە کۆمەڵایەتییانە بەکار بهێنرێت کە دەکرێت بیرى لێ بکەینەوە. بە مانایەکى تر، ئەم تیۆرییە سنووردار نییە، بەڵکوو تیۆرییه‌کى گشتى و بەرفراوانە. دەکرێت تەواوى گۆشە و سیما و پرۆسەکانى سیستەمى کۆمەڵایەتى و ژیانى کۆمەڵایەتیى پێ ڕاڤە بکرێت. جگە لەمەیش ئەم تیۆرییە تەنیا لایەنە ستاتیکییەکانى کۆمەڵگە و ژیانى کۆمەڵگە ڕاڤە ناکات، بەڵکوو لایەنى دینامیکى و وەرچەرخانەکانى کۆمەڵگەیش ڕاڤە ده‌كات.

ئەم هێزەى کە تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى لێى دەست پێ دەکات، بەرجەستەى دەستەبەرکردنى هاوسەنگیى نێوان ئەوە دەکات کە تاک بە کۆمەڵگەى دەبەخشێت، کۆمەڵگەیش بە تاکى دەبەخشێت. بە زانینى ئەوەى کە هاوسەنگى لە نێوان وەرگرتن و بەخشین، لەسەر دادپەروەرى لە دابەشکردنى ماف و ئەرکەکان دەوەستێت، بڵاوکردنەوەى دادپەروەرى دەبێتە هۆى قووڵکردنەوەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى نێوان مرۆڤەکان و بەردەوامبوون و تێکنەچوون و نەشڵەژانى ئەم پەیوەندییە. واتە تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى، زێدەتر لەسەر دوو ئاستدا ئیش لەسەر ڕێکخستنى کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانى کۆمەڵایەتى دەکات:

لە ئاستى یەکەمیاندا دروستکردن و پاشان بەردەوامبوونى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەسەر ستراکتۆرى "دان و ستان" یاخود " بەخشین و وەرگرتن" بینا کراوە؛ پێیشمان دەڵێ ئەو پەیوەندییانە یان نامێنن، یان کاڵ دەبنەوە، کاتێک کە لایەنێک تەنیا ببەخشێ و، لە بەرامبەردا بەخشینەکەیدا هیچ وەرنەگرێ.

ئاستى دووەمى ئەم تیۆرییە، "کە ئێمە لەم وتارەماندا کارمان پێیەتى"، پێمان دەڵێ کە تاک و کۆمەڵگە، بەرهەمى ئەو پەروەردەیەن کە ژینگەى کۆمەڵایەتى و سایکۆلۆژى و سیاسى و فەرهەنگى و ئابوورى، بە تاک و بە کۆمەڵگە دەیبەخشن. ئەوەتا ئەم تیۆرییە بەشێکى شیکردنەوەکانى تەرخان کردووە بۆ تەشەنەکردن و سەرهەڵدانى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و، پێمان دەڵێت کە دەکرێ تاوان و ڕەفتارى تاوانى، بە هۆى تیۆریى ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى ڕاڤە بکەین. ئەم تیۆرییە ڕاڤەى فاکتەرەکانى تاوان دەکات و وای دادەنێت کە تاوان لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە "کردار و پەرچەکردار"ەوە، بەو مانایەى کاتێک كاتێك کە تاک تاوان ئەنجام بدات دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو ژینگە و ڕەوشە ئابوورى و پەروەردەیى و پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیبوونە سروشتییەى تاکە تاوانکارەکە  پێش ئەوەى ببێ بە تاوانکار پێویستى پێ بووە.

جا تیۆرییەکە پێی وایە کاتێک پرۆسەى بەکۆمەڵایەتیبوونى تاک فشەڵ بێت و بارودۆخە ئابوورى و کۆمەڵایەتى و پەروەردەیى و ئایینى و سیاسسیەکانى دژوار و ئاڵۆز و بەناویەکدا چووبن، ئەوا ڕەفتارە تاوانکارییەکەى بەرجەستەکەرێکى زیندووى ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیەتى. بەپێچەوانەیشەوە ئەگەر تاک بارودۆخە بابەتى و خودییەکانى پۆزەتیڤ بێ، وەک بەکۆمەڵایەتیبوون و دۆخى ئابوورى و هەلومەرجى تەندروستى و دەروونى، ئەوا ناکرێ بە هیچ لۆژیکێک تاک لەناویدا ببێتە تاکێکى تاوانکار، چونکە ژینگە و بارودۆخى پاک بنەمایەکە کەسایەتیى تاکێکى پاکى لەسەر بینا دەکرێت.

کۆمەڵگەى کوردى لە بەردەم مەترسیى تەشەنەکردنى ڕەفتارى تاوانکاریدا:

هەر کاتێک لە ململانێى هێزە سیاسییەکان نزیک دەبینەوە، کە زێدەتر لە پرۆسەکانى هەڵبژاردندا کێبڕکێیەکان تۆخ دەبنەوە، لە سەرەتا تا کۆتاییى پرۆسە، کۆمەڵگەى کوردى لە ڕووى "دەروونى و ڕەفتارى کۆمەڵایەتییەوە" دەچێتە ناو ژاوەژاوى میدیایى و، لەوێیشەوە بۆ پۆستە توند و ئیستفزازییەکانى ناو سۆسیال میدیا و، تا دەگاتە نووسینى دەیان هەزار کۆمێنتى ژێر پۆستەکان بە نەغمەیەکى تەشهیرئامێز و بوختاندروستکردن و هەڕەشەلێکردن و داڕشتنى سیناریۆى ئابڕووبەرانە و جنێو و سووکایەتیپێکردن بە یەکترى و بە حزبە نەیارەکان و ڕەمزە نەتەوەیییەکان و هتد.

لەوانەیش سەیرتر، کۆى لایەنە دژبەیەکەکان ئەوەندەى بەرنامەڕێژى دەکەن بۆ تێکشاندنى ڕکابەرەکانیان و ئەوەندەى کاتى خۆیان بۆ وەدەرخستنى  عەیب و عارەکانى یەکترى تەرخان دەکەن، نیو ئەوەندە پرۆسەکە ناقۆزنەوە بۆ وەدەرخستنى دیوە باشەکانى خۆیان و ستراتیژیى خۆیان بۆ ئاییندەى دواى پرۆسەکە؛ کە لە ڕاستییشدا خودى پرۆسەکە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دامەزرێنراوە تا لایەنەکان کێبڕکێ لەسەر باشترین خزمەت و بەهێزترین کارنامەى خۆیان بکەن، بەڵام لێرە ئامانجى پرۆسەکە بەپێچەوانەوە کارى بۆ دەکرێ!

جا بە دیدى من، ئەم هەموو تەشهیر و سووکایەتى و توندڕەوییە، لە ئاییندەدا باجێکى قورسى لەسەر دەدەین، وەک چۆنیش لە دەرەنجامى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان لە 26 ساڵى ڕابردووەوە باجێکى قورسمان لەسەر ئەم جۆرە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەمان بە هۆى کێبڕکێى سیاسییەوە داوە. لێرەدا چەند خاڵێک وەک "مەترسییە پێشبینیکراوەکان لەسەر پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى" دەخەینە بەر دید:

یەکەم: تەشەنەکردنى "ڕەفتارى تاوانکارى":

ئەم هەموو سووکایەتى و بوختانهەڵبەستن و گاڵتەكردن به‌ یه‌كتری و شکاندنى شکۆى ڕەمزە نەتەوەیییەکان و ئیستفزازکردنى یەکترى، ئەگەر بە پێوەرە زانستییەکان وەک "تاوان"یش ناو نەنرێ، بەپێى تیۆریى "ئاڵوگۆڕى کۆمەڵایەتى" پێى دەگوترێ "ڕەفتارى تاوانکارى". دواجار ڕۆژانێک دادێ ئەم "ڕەفتارى تاوانکارییە" دەچێتە قۆناغێکى مەترسیدارتر کە پێى دەگوترێ "تاوان"؛ واتە "هەڕەشەکانى کوشتن"، دەبێ بە "کوشتنى ڕاستەقینەى فیزیکى"! و هتد.

دووەم: دابڕینى دانیشتووانى شارێک لە شارێکى دیکە:

خەریکە دەگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەى کە دانیشتووانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک تووشى دابڕانێکى کۆمەڵایەتى ببن لە نێوان یەکتریدا. گاڵتەپێکردن و دۆزینەوەى ناووناتۆرە لە یەکترى و تۆمەتبارکردنی یه‌كتر بە ئاژاوەگێڕ یاخود ترسنۆک ڕۆژ بە ڕۆژ تۆختر دەبێتەوە. هەموو ئەو دەرەنجامانەیش لێکەوتەى ململانێیەکى سیاسیی توندوتیژى ناعەقڵانین، کە دەکرا و دەیشمانتوانى نەگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارە.

سێیەم: لاوازیى ئیرادەى ڕووبەڕووبوونەوە:

بە باوەڕى من، هەر کات کارەکتەرە ناکۆکەکانى ناو هێزە سیاسییەکان ئیرادەى ڕووبەڕووبوونەوە و گفتوگۆى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتریدا هەبێ، بە هیچ جۆرێک ئەو زمانە زبر و ئەو میتۆدە توندئاژۆیەى چەند ساڵێکە تەشەنەى کردووە، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە ناسروشتييە و، دەگۆڕدرا بۆ زمانێک کە زێده‌تر لۆژیک زاڵتر دەبوو لە زمانى جنێودان و سووکایەتىپێکردن. هەر بۆیەیشە لە نێوان سەرکردە سیاسییەکاندا پەیوەندییەکى ئاسایى و زمانێکى هێمنانە کارى پێ دەکرێ، چونکە ئامادەیییان تێدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەتنەکردنەوەى گفتوگۆ.

چوارەم: میدیا وەک سەرچاوەى گرژکردنى ناکۆکییەکان:

میدیا کە لە ئێستادا پێى دەڵێن "هێزى نەرم"، ڕۆڵێکى نیگەتیڤ دەگێڕێ لە بەیەکداهەڵپژاندنى لایەنگرانى حزبە سیاسییە ناکۆکەکان تا ئاستى تۆخکردنەوەى ناوچەگەرێتى و شارچێتى. لە نێوان میدیاکانیشدا گوتارەکان جیاوازن: میدیا هەیە لە یەکەم ڕۆژى پەخشى تیڤییەکەیەوە بە پلان ئیش لەسەر چاندنى تۆوى ڕق و بوغز و کینە و پەرەپێدانى ڕۆحى قبووڵنەکردن و ڕەتکردنەوەى هەموو باشى و ناباشییەکان دەکات؛ ئەم گوتارە بوغزنە بەشێکى کۆمەڵگەى لەسەر ڕەفتارى وێرانکارى و ڕازینەبوون و توندڕەوى پەروەردە کردووە.

چى بکرێت باشە؟

1-     حزبە سیاسییە نەرمترەکان، دەبێ بە گشتاندنى فەرمى، گوتارى میدیاکانى خۆیان لەسەر لۆژیک و دیبەیتى هێمنانە ڕابهێننن و پاشان پەرەى پێ بدەن.

2-     هەروەها حزبە سیاسییە نەرمترەکان، پێویست دەکات نوخبە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرەکانیان و، لەوێبشەوە ئۆرگانە حزبیبەکانیان لەسەر کاڵکردنەوەى زمانى توندوتیژ و کار و کاردانەوەى نێگەتیڤ ڕابهێنن.

3-     ئەرکى حزبە سیاسییەکانە کە زێدەتر خۆیان لە دانیشتووانى ئەو پێگە جوگرافیبانە نزیکتر بکەنەوە کە وێنەیەکى نێگەتیڤیان لەسەر حزبە سیاسیبەکەیان و نوخبەى ڕۆشنبیر و سیاسەتى حزبەکەیان لا بەرجەستە بووە. پەیڕەوکردنى ئەم سیاسەتە، بۆ هەموو حزبە سیاسییەکان دەرەنجامى پۆزەتیڤى لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتى لە ڕووى ئاییندەى "پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان"ه‌وه‌.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples