زنجیرەى یەکەم لە دوو زنجیرە
بەر لە شیکردنەوەى ئەم دوو چەمکەى سەرەوە، "کۆمەڵگەى لاساییکەر و کۆمەڵگەى لاساییکراو"، گرنگە لە ڕووى زانستییەوە لە چەمکە بنەڕەتییەکە حاڵى ببین کە چەمکى "کۆمەڵگە"یە. "کۆمەڵگە" لە ناساندنێکى زانستییانەى گشتیدا بە ماناى "کۆبوونەوەى کۆمەڵێک لە خەڵک دێت لە دەوروبەرى یەکترى لە فۆرمێکى ڕێکخراودا کە لە ڕێگەى دروستکردن و گرێدانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان کارلێکى کۆمەڵایەتى لەگەڵ یەکتریدا پەرە پێ دەدەن". بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ، ئەوەى کە چەمکى "خەڵک" (PEOPLE) لە چەمکى ""کۆمەڵگە" (SOCIETY) جوێ دەکاتەوە یەک خاڵى یەکلاییکەرەوەیە، ئەوەى کە چەمکى "کۆمەڵگە" و پەیکەرەکەى پێک دەهێنێت بریتییە لە "خەڵک"؛ واتە توخمى سەرەکیى پێکهێنەرى "کۆمەڵگە بریتییە لە "خەڵک". بۆیە هەمیشە چەمکى "کۆمەڵگە" (SOCIETY) چەمکێکى فراوانتر و باڵاترە لە چەمکى "خەڵک" (PEOPLE)، چونکە ئەوە "خەڵک"ە "کۆمەڵگە" پێک دەهێنێت.
لە لایەکى دیکەیشەوە وەک چۆن "خەڵک" پێکهێنەرى کۆمەڵگەیە؛ خودى "خەڵک"یش لە پێکهێنەرەکانى دیکە پێک دێن کە ئەوانیش "تاک" (INDIVIDUAL)ەکانن؛ لە بنەڕەتیشدا "تاک" پێکهێنەرى هەم "خەڵک" هەم "کۆمەڵگە"یە. لەم پەرەگرافە کورتەى سەرەوەیشەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە "تاک"ەکان "خەڵک" پێک دەهێنن؛ دواجاریش "خەڵک" دەبێت بە توخمى سەرەکیى پێکهێنانى مەودایەکى فراوانتر لە پێکهاتەیەکى باڵاتر کە پێى دەگوترێ "کۆمەڵگە".
لێکجیاکردنەوە و پۆڵێنکردنى کۆمەڵگە لە دیدى کۆمەڵناسانەوە:
دیدى کۆمەڵناسان بۆ ناولێنان و دابەشکارى و پۆڵێنکردنى کۆمەڵگەکان و جیاکردنەوە و بەراوردکردنیان لەگەڵ یەکتریدا فرەڕەهەندە. هەر یەکێکیان بەپێى سروشتى کۆمەڵگەکان و ژینگە و قۆناغى مێژوویییان سیفەتێکیان داوەتە پاڵ کۆمەڵگەکان. بۆ نموونە ئەو ناوناونیشان و سیفەتانەى کە کۆمەڵناسان داویانە بە کۆمەڵگەکان و لە یەکتریان جیا کردوونەتەوە بریتیین لە "کۆمەڵگەى کراوە و کۆمەڵگەى داخراو"، یان "کۆمەڵگەى توندوتیژ و کۆمەڵگەى ناتوندوتیژ"، یاخود "کۆمەڵگەى سادە و کۆمەڵگەى ئاڵۆز"، یان "کۆمەڵگەى شارنشینى و کۆمەڵگەى لادێى". جا لەناویشیاندا "کۆمەڵگەى لاساییکەر و کۆمەڵگەى لاساییکراو" وەک چەمکێکى نوێ بۆ لەبێژینگدانى کۆمەڵگەکان و لێكجیاکردنەوەیان و ناسینى خۆیان و توانست و جێپەنجە و ناسنامهى هەر یەک لە کۆمەڵگەکان سەرى هەڵداوە، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە تا ڕاددەیەکى زۆر کۆکن کە تەواوى کۆمەڵگەکان "بە قۆناغ" گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و پەرە دەسەنن؛ بۆ هەر یەکێکیش لە قۆناغەکان کۆمەڵگە هەم ناو و ناونیشانێکى بۆ دادەتاشرێ، هەمیش لە هەر قۆناغێکدا لەژێر کاریگەریى تەوژمێک یان چەند تەوژمێکدایە. بۆیە لە هەر قۆناغێکدا ناونیشانێکى پێوە نووساوە، هەوڵ دەدەین لێرەوە زیاتر ڕوونى بکەینەوە:
"ئۆگست کۆنت"ى کۆمەڵناسى گەورەى فەڕەنسى، کە بە یەکەمین فەیلەسووفى دامەزرێنەرى زانستى کۆمەڵناسى دادەنرێت، پێی وایە کە پرۆسەى پەرەسەندنى کۆمەڵایەتى بە سێ قۆناغى بنەڕەتیدا تێپەڕ دەبێ؛ زێدەتریش ئەم دابەشکارییەى "کۆنت" بە "یاساى سێ قۆناغەکە" دەناسرێتەوە:
أ- قۆناغى یەکەم: قۆناغى تیۆلۆژی یان لاهوتى:
ئەم قۆناغە، بە گرنگیى ئاسەوارى "ئایین" لە ژیانى کۆمەڵایەتى و باڵادەستبوونى بەسەر ڕاڤەکردنى زانست بۆ سروشت و کۆمەڵگە دەناسرێتەوە. لەم قۆناغەدا سۆز و هەڵچوونەکان بەسەر بیرکردنەوەى خەڵکدا زاڵن؛ ئەمەیش وا لە خەڵک دەکات لە هێزى مەزنى ئاسمانى بتۆقن. هەروەها "کۆنت" پێیشی وایە کە ئەو قۆناغە وا لە مرۆڤەکان دەکات هەست بە لاوازى و بچووکى و بێتواناییى خۆیان بکەن لە ئاست داهێنان و کاریگەرى و پەرەسەندنى لێهاتوویییان.
ب- قۆناغى میتافیزیکى یان فەلسەفى:
لەم قۆناغەدا کۆمەڵگە، جیاواز لە قۆناغەکەى پێش خۆى، زیاتر پشت بە نموونەى زیندوو و بیرکردنەوە و بڕیاردانى هاوسەنگ دەبەستێ و، بەتاڵە لە مانا و دەلالەت و خورافیات.
ت- قۆناغى سێیەم: قۆناغى زانستى:
لە قۆناغى سێیەم، جیاواز لە هەر دوو قۆناغەکەى پێش خۆى، "کۆنت" پێی وایە کە کۆمەڵگە پەرەسەندووەکان بە ڕاڤەکردنى زانستى دەناسرێنەوە، کە پشت بە پاڵنەر و ئاسەوار و بەیەکەوەبەستنەوە و فاکتەر و دەرەنجام دەبەستێ. بۆ نموونە ئەوەى پەیوەندیى بە ئایینەوە هەیە، ئەو دیاردە و ڕووداو و شتە نائاسایییەکان، بە خودى ئایین ڕاڤە ناکات، بەڵکوو کۆمەڵگە کە دەگاتە ئەم قۆناغە لە فۆرمێکى زانستیدا ڕاڤەى بارانبارین دەکات؛ بە شێوەیەک کە پێی وایە گەرمى دەبێتە هۆى بەهەڵمبوون و بەرزبوونەوە، دواتر چڕ دەبێتەوە و دەبێتە هەور. ئەم چڕبوونەوەیە زۆرینەى جاران دەبێتە هۆى بارانبارین؛ واتە بۆ هەر گۆڕان و پێشهات و ڕووداوێک بەڵگەى زانستیى پێیە و ئۆباڵەکانى ناخاتە ئەستۆى قەزا و قەدەر و خورافیات و هێزە نەبینراوەکان.
"هێربێرت سپێنسێر" وەک یەکێکى دیکە لە دیارترین فەیلەسووفانى کۆمەڵناسى، پێی وایە کە کۆمەڵگەکان لە شوێن و پێگەى خۆیاندا چەق نابەستن، بەڵکوو تەواوى کۆمەڵگەکان، دەبێ بە چوار قۆناغاندا تێ بپەڕن تا دەگەن بە قۆناغى پەرەسەندنى کۆمەڵایەتى. ناوى چوار قۆناغەکەیشى ناوە: قۆناغى کۆمەڵگەى سادە، کۆمەڵگەى ئاوێتە، کۆمەڵگەى ئاوێتەى دووانەیى، کۆمەڵگەى ئاوێتەى سیانەیى.
لێرەدا ناتوانین شرۆڤەى ناوەڕۆکى هەر چوار قۆناغەکە بکەین، بەڵام دەتوانین لە شیکردنەوەى هەر چوار قۆناغەکەى "سپێنسێر"دا ئەو ئەنجامە هەڵێنجین کە پەرەسەندنى کۆمەڵگە و دابەشبوونى بۆ چوار قۆناغى جیاواز پەیوەندیى بە زۆربوونى دانیشتووان هەیە؛ چونکە لەگەڵ زۆربوونى ژمارەى دانیشتووان، پێویست دەکات پشت بە یاساکانى پسپۆڕى و دابەشکردنى کار ببەسترێت؛ دواتریش ڕێکخستنى عورف و یاسا کۆمەڵایەتییەکان یەکێکى دیکە دەبێ لە ئەرکەکانى کۆمەڵگەى پەرەسەندوو.
"ئەمیل دۆرکهایم" کۆمەڵگەکان بۆ دوو کۆمەڵگەى سەرەکى پۆڵین دەکات، کە ناوى لێ ناون: کۆمەڵگەى چوارچێوە بچووکەکان و کۆمەڵگەى چوارچێوە فراوانەکان. مەبەست لە "کۆمەڵگە چوارچێوە بچووکەکان" ئەو کۆمەڵگە بەرتەسکانە دەگرێتەوە کە بەتاڵن لە دابەشکردنى کار و پسپۆڕێتی. واتە کۆمەڵگەى چوارچێوە بچووکەکان ئەو کۆمەڵگەیەن کە تاکەکانى بەتاڵن لە پسپۆڕێتی لە بوار و کار و ئەرکێکى لەقاڵبدراوى دیاریکراودا، بەڵکوو هەر یەکەیان لە یەک کاتدا خۆی بە چەند کارێکەوە هەڵواسیوە. کۆمەڵگەى ئەم قۆناغە، بنەماڵە و تیرە و خێڵ کاریگەریى بەهێزیان بەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە و، بایەخى ئەوان زیاترە لە کار و داهێنان و دابەشکارى لە ئەرک و پسپۆڕێتیدا.
هەرچى "کۆمەڵگە چوارچێوە فراوانەکان"ن ئەو کۆمەڵگەیەن کە بە ملکەچبوونیان بۆ دابەشکاریى کار و پسپۆڕێتی دەناسرێنەوە. هەروەها ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەى ڕێژەى دانیشتووانیان ئاستى خواست و بەکاربردنیشیان زیاد دەکات، بەڵام هاوشان لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتووانەکەى، کارى جددى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى داهاتى تاک و گەشەپێدانى بەرهەمهێنان دەکات و، بەتەواویش پشت بە بەهێزکردنى پایەکانى سیستەمى دابەشکاریى کار و پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکان و پسپۆڕێتی دەبەستێ، کە ئەو پێیشى دەڵێ "کۆمەڵگەى ئۆرگانى".
بەپێى ئەم پۆڵێنکارییانە، ڕوونمان کردەوە كه چۆن کۆمەڵگەى لاساییکەر لە کۆمەڵگەى لاساییکراو جیا بکەینەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد کە هیچ یەکێک لە کۆمەڵگەکان لە قۆناغێکدا گیر ناخۆن، بەڵکوو بە تێپەڕبوونى کات گەشە دەکەن و بۆ قۆناغى گەشەسەندن باز دەدەن. دەیشتوانین بڵێین کە کۆمەڵگەى لاساییکەر ئەو کۆمەڵگەیەیە کە نەیتوانیوە تەجاوزى "قۆناغى ڕاگوزەرى، یان قۆناغى گواستنەوە" بکات و پێ بنێتە ئەو قۆناغەى کە خۆى لە قۆناغى "بەکاربردن و مشەخۆرییەوە" بۆ قۆناغى "بەرهەمهێنان و پیشەگەرى" دەرباز بکات. بەڵام دەبێ ئەوەیش بڵێین کە هەموو لاساییکردنەوەیەک نێگەتیڤ نییە؛ جا ئەم لاساییکردنەوەیە لەسەر ئاستى تاک بێ یان کۆمەڵگە. لاساییکردنەوەى ئەرێنى بریتییە لە هەڵکەندنى شوێنپێى ئەو تاک و کۆمەڵگە گەشەسەندووانەى کە گەیشتوونەتە قۆناغى پیشەگەرى و وەبەرهێنان و پسپۆڕێتی و سەروەرى لە جێبەجێکردنى یاساکان و پەرەپێدانى سیستەمى دامەزراوەییى کامڵ. بۆیە قسەکردنى ئێمە لەسەر ئەم جۆرە لاساییکردنەوەیە نییە، بەڵکوو دەمانەوێ کۆمەڵگە لاساییکەرەوەکان و کۆمەڵگە لاساییکراوەکان بە چەند سیماتێکى زۆر ڕوون، کە پێیان دەناسرێنەوە، بەپوختى و بەکورتى بیانخەینە بەر دید.
بەشێک لە سیماتە باوەکانى کۆمەڵگەى لاساییکەر:
- هێژموونیى عورف و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان کە تەواو خزاوەتە ناو ژیان و ئایدیا و ڕەفتارى زۆرینەى کۆمەڵگەکەوە.
- درەنگ بە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان دەگەن؛ کە پێیشى گەیشتن، لە برى ئەوەى وەک "ئامراز" بەکارى بێنن، دەبێت بە "ئامانج"ى کار و ئەرکى ڕۆژانەیان.
- دەستبەتاڵى و بێکارى، یەکێکى ترە لە سیماتەکانیان؛ لە ڕووکەشدا زۆرینەى کۆمەڵگە سەرقاڵە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کۆمەڵگەیەکى بێکار و بێبەرهەمە.
- هەمووان خۆیان بە سیاسەتەوە سەرقاڵ دەکەن، لە کاتێکدا سیاسەتکردن ئەرکى گرووپ و دەستەبژێرێکى دیاریکراوە و خەمى زۆرینەى کۆمەڵگە نییە.
- کۆمەڵگەى لاساییکەر کۆمەڵگەیەکى دەستوپێسپی و بێخەون و پلان و بێبەرهەم و بێهونەرە؛ دەیەوێ هەموو شتەکان بە ئامادەکراوى بێنە بەردەستى و، ئەو تەنیا بەکاریان بێنێ، بێ ئەوەى خۆى بیر لە بەرهەمهێنان و دروستکردنى شتەکان بکاتەوە.
- زۆرینەى تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیە لەگەڵ پرۆسەى فێربوون و بەرزکردنەوەى تواناکانیان و ڕاهێنان و پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکانیان دۆست نین.
- خۆپەرستى و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى تایبەتى تاکەکان و لاوازیى ئینتیمایان بۆ هاوکاریکردنى یەکترى، سیماتێکى ترى کۆمەڵگەى لاساییکەرەوەیە.
- لەبارچوونى فیکرى ئابوورییانەى بەهێز لە ئاستى وەبەرهێنان و پێشخستنى کۆمەڵگە.
- زۆرینەى کۆمەڵگە لەژێر کاریگەریى یەکتریدان؛ زۆر زوو دەکەونە ژێر کاریگەریى ڕەفتارى باش و ناباشى یەکترییەوە.
- زۆرینەى کۆمەڵگەى لاساییکەر لە ئەنجامى لاساییکردنەوەى یەکترییەوە ڕەفتارە تاوانییەکان و ڕووداوە جۆربەجۆرەکان، دەکەن بە دیاردەیەکى سەرتاپاگیر.
- کۆمەڵگەى لاساییکەر کۆمەڵگەیەکە، هێندەى میدیایی و خۆدەرخەرە، ئەوەندە کۆمەڵگەیەک نییە فۆکەس لەسەر ناوەڕۆک و بەپراکتیککردن بکات.
- پەیوەندییەکى ساردوسڕ و تا ڕاددەیەک توند لە نێوان کڕیار و فرۆشیارى بازاڕەکاندا دەبینرێ؛ فرۆشیار تا ئەو جێگەیە نەرمى لەگەڵ کڕیاردا دەنوێنێ کە کڕیار کاڵاکەى لە فرۆشیار بکڕێ.
ئەم سیماتانە و دەیان سیماتى تریش هەن، کە "کۆمەڵگەى لاساییکەر"ى پێ دەناسرێتەوە، لە پاڵیشیدا گرنگە کە بەشێک لە سیماتە باڵاکانى "کۆمەڵگەى لاسایکراو" بناسینەوە و بەشێکیان لە خوارەوە دەخەینە ڕوو:
- کۆمەڵگەى لاساییکراو کۆمەڵگەیەکى بەرهەمهێن و پیشەگەرە؛ کۆمەڵگەیەکى مشەخۆرى دەستوپێسپیلکە نییە.
- خەون و بایەخى ئەم کۆمەڵگەیە بریتییە لە داهێنانى تەکنەلۆژى و میکانیکیى نوێ، تا باشترین و پێشکەوتووترین تازەگەرى بخاتە بەردەست کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى.
- لە کۆمەڵگەى لاساییکراودا مرۆڤ لە سەرووى هەموو شتەکانى دیکەوەیە، وەک ئەوەى دروشمەکەى خۆیان لە تیۆری و پراکتیکدا جێبەجێ کردووە: هەموو شتێک لە خزمەتى مرڤدا.
- سیستەمى خوێندن و پەروەردە لە ئەولەوییەتى کۆمەڵگە و حکومڕانیى وڵاتەکەیدایە؛ لەوێوە تاک ئامادە دەکرێ و دواتر بەئامادەکراوى ئاراستەى دامەزراوەکان و کۆمەڵگە دەکرێ.
- کۆمەڵگەى لاساییکراو لە قاڵبێکى چەقبەستووى لۆکاڵیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى قەتیس ناکات، بەڵکوو بایەخێکى بەهێز بە دروستکردن و توندوتۆڵکردنى پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانى لەگەڵ کۆمەڵگەکانى دیکەدا دەدات.
- لە دەرەوەى دامەزراوەى پەروەردەیى، بایەخ بە ڕاهێنان و کەڵەکەکردنى ئەزموون و پەرەپێدانى توانا مرۆیییەکان دەدەن.
- لە چوارچێوەى دامەزراوە و یاساکاندا بایەخێکى بەهێز بە لایەنى نەتەوەیى و بەهێزکردنى پایەکانى دەوڵەت و دەوڵەتدارى دەدەن.
- زۆرینەیان دۆستى یاسان و، بە یاساکانى وڵاتەوە پابەندن.
- لە کار و مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و بازاڕەکاندا نەرمونیانن و، هەمیشە لە خەمى ڕاکێشانى کڕیار و دروستکردن و مانەوەى پەیوەندیى فرۆشیار و کڕیارى بازاڕەکانیاندان.
لە وتارى داهاتوودا باس لە کۆمەڵگەى کوردى و شوێن و پێگەى لەناو ئەم دوو جۆر کۆمەڵگەیە دەکەین و بەوردى و بەڕوونى شرۆڤەى دەکەین.