بەشى یەکەم
"خۆکوژى" وەک کردەیەکى تۆقێنەر بریتییە لە سڕینەوەى جەستەى مرۆڤ لەسەر زەوى، بە دەستى خۆى، کە زۆرینەى جاران دەچێتە ناو چوارچێوەى تاوانبار و تاوانلێکراو. واتە هەم خۆى دەبێت بە تاوانبارى سڕینەوەى وجوودى خۆى لەسەر زەوى، هەمیش دەبێتە تاوانلێکراو، چونکە هەمیشە لە پشت هەر ڕوودانى خۆکوشتنێکەوە پاڵنەرێک، یان چەند پاڵنەرێک هەن هانى کارەكتەرێک دەدەن یاخود کارەکتەرێک ناچار دەکەن کۆتایى بە ژیان و وجوودى خۆى بۆ هەتایە بهێنێ.
"خۆکوژى" لە جیهاندا بە سێیەم جۆرى مردنى مرۆڤ دادەنرێ. واتە لە پاڵ دوو جۆری دیکەى مردندا، خۆکوژى لە ڕیزبەندى سێیەم دێت وەک بەربڵاوترین جۆرى مردن لە کۆمەڵگەکاندا. لەم وتارەماندا ناچینەوە سەر ڕاى کۆمەڵناس و فەیلەسووفانى کۆن کە تێز و تیۆریى جۆراوجۆریان لەبارەى خۆکوژى و فاکتەر و پاڵنەر و جۆر و فۆرمەکانى هەیە، لەبەر ئەوەى ئەم قۆناغە کۆمەڵایەتییەى ئێستا، هەم پێویستییەکانى مرۆڤ و خەون و ئارەزووەکانى، گۆڕانى گەورەیان بەسەردا هاتووە، هەمیش پاڵنەر و فاکتەرەکانى ناچارکردن بە خۆکوژى گۆڕاون؛ ئەو ئامرازانەیش گۆڕانکاریى گەورەیان بەسەردا هاتووە کە کردەى خۆکوژیى پێ پراکتیزە دەکرێ. لەم قۆناغ و سەردەمە نوێیەیشدا دیراساتى جۆراوجۆرى نوێ لەوبارەیەوە کراون. هەر دوو وڵاتانى ئەسکەندەناڤى، "سوید" و "فینلەندا"، بە دوو وڵاتى سەرکەوتوو دادەنرێن لە پێشگیریکردنى ئەو فاکتەر و پاڵنەرانەى کە کەرەکتەرێک بە ئاستى خۆکوژى دەگەیەنن.
فۆرمەکانى خۆکوژى لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکى دیکە دەگۆڕێ؛ واتە ئەو فۆرمانەى کە کارەکتەرێک ناچار بە خۆکوژى دەکەن، بەپێى سروشت و جۆرى کێشەی سیاسى و کۆمەڵایەتى و سایکۆلۆژیى تاکەکانى و ئاراستەى ئەداى دامەزراوەکان، گۆڕانکاریى بەسەردا دێت. بۆ نموونە لەو وڵاتانەى کە "تفەنگ" تێیدا زۆر بەربڵاوە و بەئاسانى کەوتۆتە دەست زۆرینەى کۆمەڵگە و، یاساکانیش لە ئاست بنبڕکردن، یان ڕێکخستنیدا ڕۆڵ نابینن، دەبینین هەم تاوانى کوشتن هەم خۆکوشتن لەم کۆمەڵگەیەدا زۆر بەربڵاوە؛ تا ئەو ئاستەى "تفەنگ" لە یەکلاییکردنەوەى ململانێ و کێشەکاندا جێگەى دادگهکان دەگرێتەوە.
هەروەها ئەو کۆمەڵگە داخراوانەى کە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر زوو لە یەکترى وەردەگرن و لاساییی یەکترى دەکەنەوە، دەبینین کە فۆرمێکى تایبەت لە خۆکوژى، قاڵبى خۆى وەردەگرێ؛ تا وای لێ دێت زۆرینەى ڕووداوەکانى خۆکوژى لە یەک فۆرمدا دەردەکەون و بەردەوامییشی پێ دەدرێ.
هەروەها کاریگەریى کەشوهەوا بەسەر سایکۆلۆژیى تاکەکانەوە وا دەکات، فۆرمى خۆکوژییەکان جیاواز دەربکەون. ئەو وڵاتانەى پلەى گەرما تێیاندا بەرزە، فۆرمى خۆکوژییەکانیان جیاوازە لەو کۆمەڵگەیانەى کە پلەى گەرما تێیاندا نزمە. وڵاتە گەرمەکان زێدەتر بە "ئاگر" خۆکوژى پراکتیک دەکەن، بەتایبەتى ڕەگەزى ژنان لە ڕێگەى "خۆسووتاندنەوە" هەوڵى خۆکوژى دەدەن، بەڵام وڵاتە ساردەکان زێدەتر لە ڕێگەى خۆدانە بەر میترۆ و شهمهندهفهرەکان و خۆبەردانەوە لە ئەپارتمانەکان خۆکوژى پراکتیک دەکەن. هەروەها لێکۆڵینەوەکانمان لە ڕووداوەکانى خۆکوژى لێکەوتەیەکى دیکەیشى بۆ ئاشکرا کردووین: داتاکان و فاکتەرەکان پێمان دەڵێن کە زۆرترین ڕووداوەکانى خۆکوژیى کچان و ژنان لە مانگەکانى شەش و حەوت و هەشتى ساڵدا لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دراون، ئهوهیش بە هۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما تا ئاستێکى بەرز؛ بەتایبەتیش لە نێوان قوتابیانى سەرنەکەوتوو لە کاتى وەرگرتنەوەى دەرەنجامەکانى خوێندن، ژمارەى هەوڵە خۆکوژییەکان بەرز دەبێتەوە.
لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان، ئەو دەرەنجامەیان بۆ دەرخستووین کە جیاوازییەکى زۆر لە نێوان ڕەهەندە جۆربەجۆرەکانى خوکوژیى پیاوان لەگەڵ خۆکوژیى ژنان هەیە، کە لێرەدا بەشێک لەم جیاوازییانە دەخەینە بەر دید:
یەکەم/ زۆربهى جاران پیاوان لە قۆناغى یەکەمدا بە "بەرنامەڕێژى"، ڕۆژ و کات و سات و شوێنى خۆکوشتن ساز و ڕەنگڕێژ دەکەن، پاشان لە قۆناغى دووەمدا کردەى خۆکوشتنى فیزیکى بە ئەنجام دەگەیەنن، بەڵام ئافرەتان بەرنامەڕێژى بۆ خۆکوژى ناکەن، بەڵکوو لە ساتەوەختى کاردانەوە و هەڵچوونێکى دەروونیى کتوپڕدا هەوڵى خۆکوشتنى فیزیکى دەدەن.
دووەم/ بەشێک لە توێژینەوەکان خۆکوژیى پیاوان بە "خۆکوژیى سەرکەوتوو" ناو دەبەن، چونکە پیاوان زۆرینەى جاران لە پلانى خۆکوژییەکەیاندا سەرکەوتوو دەبن. لەگەڵ ئەوەیشدا خۆکوژیى ژنان بە "خۆکوژیى ناسەرکەوتوو" ناو دەبەن، لەبەر ئەوەى ژنان بەرنامەڕێژیى پێشوەختە بۆ کردەى خۆکوژی ناکەن؛ زۆرینەیان لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نابن بەڵکوو بۆ ماوەیەک دەمێننەوە پاشان کردەى خۆکوژییەکە بە ئەنجامى خۆى دەگات.
سێیەم/ ئەو کەیسانەى ئێمە لەبارەى ژنە خۆکوژەکانەوە لە ڕابردوودا دواندوومانن، بۆمان دەرکەوتووە کە زۆرینەى جاران هەوڵەکانى خۆکوژیى ژنان لە دەرەنجامىقووڵبوون و پاشان کەڵەکەبوونى گرفتەکان ئەنجام دراون، بەڵام دەمەقاڵییەکى توند وا دەكات هەوڵدان بۆ خۆکوژیى لێ بکەوێتەوە، كەچى زۆرینەى جاران تەنیا یەک پاڵنەر و یەک کێشە "بەڵام ئاڵۆز و قووڵ"، وا لە ڕەگەزى پیاوان دەکات لە ڕێگەى خۆکوژییەوە خۆیان دەرباز بکەن و، لە گێژاوى ئەو کێشە قووڵەى کە لە چارەسەرکردنى نائومێد بوون، ڕا بکەن.
چوارەم/ بەپێى دیراسەکردنى ئێمە، لە هەر 100 ئافرەت، 99 ئافرەتیان لە سەرەمەرگدا لە هەوڵە خۆکوژییەکانیان پەشیمان بوونەتەوە، چونکە لەبیرمان نەچێت لە بنەڕەتدا هەوڵەکانى ژنان بۆ خۆکوژى لە پێناو خۆکوژى و سڕینەوەى جەستە و وجوودیان نییە لەسەر زەوى، هێندەى مەبەستیانە پەیامێک بە گوێ و بە چاوى ئەو لایەنەدا بدەن کە لەگەڵیدا کەوتوونەتە کێشە و لێکحاڵینەبوون، بەڵام پیاوان بەوپەڕى ئیرادەى سڕینەوەى جەستە و وجوودى خۆیان لەسەر زەوى، پەنا بۆ خۆکوژى دەبەن. هەر بۆیەیشە ئەو فۆرمانە لە خۆکوژی هەڵدەبژێرن، کە مەرگى گەرماوگەرمى لێ دەکەوێتەوە و نایانەوێ لە هەوڵە خۆکوژییەکەیاندا سەرکەوتوو نەبن. بۆیە توێژینەوەکان، بە خۆکوژیى پیاوان دەڵێن "خۆکوشتنى سەرکەوتوو".
پێنجەم/ یەکێکى تر لە جیاوازییەکانى نێوان هەوڵە خۆکوژییەکانى پیاوان لەگەڵ هەوڵە خۆکوژییەکانى ژناندا، بریتییە لە جیاوازى لە بەکارهێنانى ئەو ئامرازانەى کە کردەى خۆکوژییەکەى پێ ئەنجام دەدەن. بۆ نموونە لە هەرێمى کوردستان زۆرینەى ژنان لە ڕێگەى "خۆسووتاندنى جەستەى خۆیانەوە" هەوڵى خۆکوژییان داوە، لەگەڵ ئەوەى کە هەوڵدانیان بۆ خۆکوژى، لە ڕێگەى فۆرمەکانى تریشەوە جێبەجێ کراوە، لەوانە: خواردنى دەرمان، خۆهەڵواسین، خۆکوشتن بە تفەنگ، بڕینى دەمارى خوێنى دەستیان"، بەڵام جیاوازییەکى زۆر لە نێوان هەوڵەکانیان لە ڕێگەى "خۆسووتاندن بە ئاگر" هەیە بە بەراورد لەگەڵ فۆرمەکانى دیکەى خۆکوژى. بەپێى لێکۆڵینەوەى کەیسەکان، بۆمان دەرکەوتووە کە لە ماوەى دە ساڵى ڕابردوو تەنیا یەک پیاوى ڕۆژنامەنووس بە ناوى "ه.م" لە ڕێگەى خۆسووتاندنەوە گیانى لەدەست داوە، لە کاتێکدا بە سەدانى تر لە ڕێگەى بەکارهێنانى"تفەنگ" خۆیان کوشتووە.
لە وتارى داهاتوودا باس لە داتاکانى خۆکوژیى هەر دوو ڕەگەز دەکەین لە هەرێمى کوردستان؛ وەڵامى ئەو پرسیارەیش دەدەینەوە کە بۆچى ئەم هەموو ڕوودانى خۆکوژییەى پیاوان و ژنان زەق ناکرێتەوە و نابێتە جێگەى بایەخى هیچ یەک لە دامەزراوە فەرمى و نافەرمییەکان؟!