بەشى دووەم
لە بەشى یەکەمى وتارى ڕابردوومدا چەمکى "خۆکوژى"م پێناسە کرد و باسیشم لە خاڵە جوێکەرەوەکانى نێوان پاڵنەرەکانى خۆکوژیى ڕەگەزى پیاوان لەگەڵ ڕەگەزى ژنان کرد؛ لەگەڵ ئەوەیشدا فۆرمەکانى خۆکوژیم لە نێوان کۆمەڵگەکاندا بە خستنەڕووى جیاوازییەکانیان شی کردەوە.
لەم بەشەى وتارەکەیشمدا بەپێویستى دەزانم، جگە لە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەى کە "بۆچى ئەو هەموو خوێنەى بە هۆى خۆکوژییەوە ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانە و ساڵانە دەڕێژرێ " کە بە هەموو پێوەرێک دەچێتە خانەى جینۆسایدى کۆمەڵایەتى"، کەچى هەروا بەبێدەنگى تێ دەپەڕێ بەبێ ئەوەى نە حکوومەت، نە پەرلەمان، نە داواکارى گشتى، نە میدیا، نە ئۆرگانى مەدەنى، نە گوتاربێژى ئایینى، نە حزبە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان "کە خۆیان وەک فریشتەى فریادڕەسى هەموو دۆخە تێکچڕژاوەکان دەردەخەن"، ویژدانیان پێى بجووڵێ؟!" هەروەها ئامارە مەترسیدارەکانیش "کە لاى ئێمە لەبەردەستدان"، بە جۆرێک دەخەینە ڕوو و، بەسەر ڕۆژ و مانگەکانى ساڵدا دەیگشتێنین؛ واتە دەرەنجامەکانى شیتەڵکردنى ئامارەکانى خۆکوشتنى ڕەگەزى پیاوان و ڕەگەزى ژنان دەخەینە ڕوو. هەروەها وەک زانیارییەکى گشتییش، ئاماژە بە ڕووداوەکانى کوشتنى ڕەگەزى پیاوان و ڕەگەزى ژنان و ڕەوشى ژنانى ڕاکردوو لە خێزانەکانەوە بۆ بنکەکانى داڵدەدانى ژنان و دۆخى تەڵاق و جیابوونەوە و هەڵوەشانەوە خێزانەکان دەکەین.
دەرەنجامەکانى ئاڵۆزبوونى بارودۆخى کۆمەڵایەتى و خێزانى لە هەرێمى کوردستان، لە سەرەتاى ساڵى 2015 تاکوو سەرەتاى ئەمساڵى 2018:
دواى ئەوەى ئامارى فەرمیى تاوانەکانى "کوشتنى پیاوان، کوشتنى ژنان و کچان، خۆکوشتنى پیاوان، خۆکوشتنى ژنان و کچان، سووتان و سووتاندنى کچان و ژنان، ئافرەتانى ڕاکردوو لە خێزانەکان، تەڵاق و جیابوونەوە و هەڵوەشانەوەى خێزانەکان"مان لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوو لە ڕێگەى "ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى، بەرێوەبەرایەتیى گشتیى پۆلیسى هەرێم، وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، وەزارەتى ناوخۆوه کۆ کردەوە، بەم دەرەنجامانەى خوارەوە گەیشتین:
- له ماوهی ههر مانگێکدا لهسەر ئاستى ههرێمی کوردستان، (4) ئافرهت دهکوژرێ.
- لە ماوەى هەر شەش ڕۆژێکدا له ههرێمی کوردستان، (1) ئافرەت خۆى دەکوژێت.
- هەر دوو ڕۆژ جارێک، (3) ئافرەت دەسووتێت، جگە لەوەى زۆرینەى سووتاوەکانیش گیان لەدەست دەدەن. زۆرینەى سووتاوەکان بەئەنقەست خۆیان دەسووتێنن بەڵام لە ترسى هەڕەشەى خێزان و لێپرسینەوەى یاسایى لە هاندەرەکانیان، دان بە هۆکارى سووتانەکانیاندا نانێن.
- لە ماوەى هەر شەش ڕۆژێکدا لهسەر ئاستى ههرێمی کوردستان، (1) پیاو دەکوژرێت.
- لە ماوەى ههر مانگێکدا لهسەر ئاستى ههرێمی کوردستان، (4) پیاو خۆى دەکوژێت.
- لە هەر ڕۆژێکدا (2) ئافرەت لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا ماڵ بەجێ دەهێڵن.
- لە هەر ڕۆژێکدا (19) حاڵەتى تەڵاق لە هەرێمى کوردستان ڕوو دەدات.
کێ ئاگاى لەم دۆخە کۆمەڵایەتییە خوێناوییە هەیە و، کام لایەن و دامەزراوە خۆى بە بەرپرسیارى ڕووبەڕووبوونەوەى زانیوە؟
پاراستنى پایەکانى ئاشتیى خێزانى و ئاسایشى کۆمەڵایەتى، بە جیاواز لە کایەکانى دیکە، ئەرکێکى گشتگیر و فرەلایەن و فرەڕەهەندە؛ دەکەوینە هەڵەیەکى گەورەوە ئەگەر تەنیا حکوومەت لە درزتێنەکەوتنى پایەکانیدا بە بەرپرسیار بزانین. هەتا لەناو حکوومەتیشدا، دیسان دەکەوینە هەڵەوە ئەگەر پێمان وا بێ، بۆ نموونە پۆلیس، یان دەزگهى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى بەتەنیا ئەرکیانە ڕووبەڕووى دۆخێکى خوێناویى لەو جۆرە ببنەوە. کێشەکە لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێ، کاتێک ڕەوشى کۆمەڵایەتى، ببێ بە دۆسیەیەک، لەژێرى ژێرەوەى دۆسیەکانى دیکەدا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ؛ وەک ئەوەى لە حاڵى ئێستاى هەرێمى کوردستاندا دەبینرێ. بە باوەڕى من بەرزبوونەوەى کێرڤى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان و ئاریشە خێزانییەکان، پەیوەستە بە چەند فاکتەرێکەوە؛ هەر یەکێک لەم فاکتەرانەیش، دەیهێنێ توێژینەوەى تایبەتى لەبارەوە بکرێ. بۆیە ناچار دەبین بەکورتى و بەپوختى ئاماژەیان بۆ بکەین:
یەکەم/ ناهێڵن بڕیاربەدەستانى باڵاى وڵات ئاگایان لە هەقیقەتى تاوان و ڕووداو و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان بێ:
من لاى خۆمەوە ئاوا چوارچێوەى هاوکێشەکە دەبینم: دامەزراوەکانى تایبەت بە جێبەجێکردنى فەرمانەکانى گرتنى تۆمەتباران و دامەزراوەکانى تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەى تاوان و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکان، بەئەنقەست نایانەوێ سەرۆکوەزیران و ئەوانەیشى لە ئاستى باڵاى بەرپرسیارێتیدان ئاگادارى داتا ڕاستەقینەکانى ئەو هەموو کوشتن و خۆکوشتن و سووتان و خۆسووتاندن و باقیى ڕووداو و تاوانەکانى دیکە بێ، کە پەیوەستن بە دۆسیە کۆمەڵایەتییەکان؛ لەبەر ئەوەى لە بنەڕەتدا شانى خۆیان نەداوەتە بەر هەڵگرتنى ئەو بەرپرسیارێتییە قورسەى کە بە قەزاوقەدەر پێیان سپێردراوە، تا ئەو ئاستەى لەبەر بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى خۆیان نەیانتوانیوە و نەیشیانویستووە ڕۆڵى ڕاستەقینەى خۆیانى تێدا ببین. هەر بۆیە هەمیشە وا نیشان دەدەن کە بارودۆخ ئارام و ئاسایییە، بێ ئەوەى ڕووى ڕاستەقینەى ڕووداوەکان وەک خۆى بگەیەنن!
دووەم/ غیابى لێپێچینەوە و لێپرسینەوەى دامەزراوەکانى خوارەوەى حکوومەت:
کیشەى هەرە گەورەى دامەزراوەکانى خوارەوەى حکوومەت، بریتییە لە لێنەپرسینەوە و چاودێرینەکردنیان. هەموو ئەو دەزگهیانەیش کە بە ناوى "دەستەى تەفتیشى ئیدارى و دەزگهى هەماهەنگى" دروست کراون، لە واقعدا نین و، تەنیا ئیشیان بۆ کەسانى بێتاقەت دۆزیوەتەوە. بۆ هێنانەوهى بەڵگەیش، ماوەى 16 ساڵە لە حکوومەت کار دەکەم، یەک ڕۆژ هەستم نەکردووە هیچ کەس و دەزگهیەک بە ناوى دەزگهى چاودێرى، یان هەڵسەنگاندن، یان تەفتیشى ئیدارى وجوودى هەبووبێ! جا بۆیە هەر کاتێک دامەزراوەکانى سەرى سەرەوەى حکوومەت لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ دامەزراوەکانى ترى خوارەوەى خۆیان نەکەن، لە ڕووى ئەداى بەرپرس و فۆرمى کارکردنەوە، دامەزراوەکانى خوارەوەیش چارەنووسى ئەرکەکانیان بە قەزاوقەدەر دەسپێرن، تا وای لێ دێت لێشاوێک لە بەرپرسى دەستوپێ سپى و دامەزراوەى لە ڕووکەشدا زۆر و لەناوەرۆکدا خەسیو و بێبەرهەم و کاربەرێکەر دەبن بە بارگرانى بەسەر شانى حکوومەت و کۆمەڵگەیشەوە.
سێیەم/ چەک، وەک ئامرازى ئەنجامدانى تاوانەکان و لاوازیى حکوومەت لە ئاست ڕێکخستنیدا:
زۆرینەى تاوانەکانى کوشتنى پیاوان و ژنان لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا لە ڕێگەى بەکارهێنانى کلاشینکۆف و دەمانچەوە پراکتیزە کراون. ئەم ئەنجامەیش ئەوەمان پێ دەڵێ، کە تا بەکارهێنانى چەک وەک بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان مامەڵەى یاساییی لەگەڵ نەکرێ، ناتوانرێ بەئاسانى چەک لە مست و شانى کەسانى خوێنڕێژ و بکوژ بستێنرێتەوە.
چوارەم/ کارکردن بە سیستەمى پاشەکەوت، کۆمەڵکوژییەکى لەسەرخۆى هێنایە کایەوە:
سیاسەتى برسیکردن ئەگەر لە لایەک سەرمایەى ماددى بۆ حکوومەت کەڵەکە بکات، لەولایشەوە کێرڤى تاوانە کۆمەڵایەتییەکانت بۆ بەرز دەکاتەوە. جا پاشەکەوتکردنى مووچەى خەڵک، چەندە کێشەیەکى گەورەگەورەى خوڵقاند، زیادکردنى باجى مامەڵەى هاتوچۆ و کامیراى چاودێریى شۆفێران و مامەڵەى دەزگه جۆربەجۆرەکان، هێندەى دیکە قورساییى لەسەر هاووڵاتى زیاتر کرد؛ تا ئەو ئاستەى بەشێک لە هاووڵاتیان کۆتایییان بە ژیانى خۆیان هێنا؛ بەشێکى دیکەیشیان ژیانى ئەوانى دیکەیان بەیەکجارى سڕییەوە!
دەپرسین: کوژرانى (738) ئافرەت و پیاو لە لایەک و، خۆکوشتن و خۆسووتاندنى (781) ئافرەت و پیاوى دیکە لە لایەکى دیکەوە، لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردووى هەموو هەرێمى کوردستان، کێ دەڵێ ناچێتە خانەى جینۆسایدى کۆمەڵایەتییەوە؟!
پێنجەم/ بەشێک لە کۆمپانیاکانى مۆبایل، لە ڕووى هێزەوە باڵاترن لە دەسەڵاتەکانى "پەرلەمان و حکوومەت و دادوەرى":
ڕۆژ نییە بە سەدان هاووڵاتیى هەرێمى کوردستان، بە هۆى کورتەنامەکانى مۆبایلەوە ڕووبەڕووى کوشتنى مەعنەوى نەبنەوە. بەشێکى کورتەنامەکان پێک دێن لە: "هەڕەشەى کوشتن، هەڕەشەى ئابڕووبردن، تۆمەتهەڵبەستن و هتد." بە داتاى فەرمى لامانە، کە سەدان خێزانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان بە هۆى کورتەنامەکانى مۆبایلەوە ڕووبەڕووى هەڵوەشاندنەوەى یەکجارى بوونەتەوە؛ بە دەیان پیاو هاوسەرەکەى خۆى لەسەر مەسجى مۆبایلى کۆڕەک و ئاسیاوە لە یەکەم شەوى مانگى هەنگوینیدا تەڵاق داوە؛ بە سەدان ئافرەت لە ڕێگەى کورتەنامەکانى مۆبایلەوە و دواجار بە هۆى تێکچوون و ئاڵۆزبوونى لایەنى سایکۆلۆژییەوە ڕووبەڕووى خۆکوژى بوونەتەوە. تێکڕاى ئەو سیمکارتانەى مۆبایل، بریتى بوون لەو سیمکارتانەى کە لە بازاڕەکاندا بە فەردە هەڵڕێژراون و بە نرخى دوو هەزار دینار دەفرۆشرێن، بێ ئەوەى هیچ زانیارییەکى بەرایى لەناو زەرفى سیمکارتەکاندا وجوودى هەبێ! دە ساڵ بەر لە ئێستا، هەوڵەکانمان خستە کار ئەم کۆمپانیا چاوچنۆک و نابەرپرسانە ڕێک بخرێنەوە؛ دواجار تێ گەیشتین کە ئەوان لە هەموو دەسەڵاتەکان بەهێزترن!
شەشەم/ حزبە تاریکبینەکان:
حزبى سیاسى هەیە، لە یەکەم ڕۆژى جیابوونەوەى لە حزبێکى سیاسیی دیکە، تەنیا ئیش لەسەر وێرانکردنى سایکۆلۆژیى کۆمەڵگە و تۆخکردنەوەى ڕەشبینى و تاریکبینى دەکات؛ لە پاڵیشیدا وەک خۆیان دەڵێن "تۆپخانە میدیایییەکەیشیان" لەوەتەى هەیە، تاکەکانى کۆمەڵگە هان دەدات تا لە خۆکوژى نزیکیان بکاتەوە! ئەم جۆرە نەهجە میدیایییە، کە لە ئێستادا پێى دەگوترێ SOFT POWER (هێزى نەرم)، لە بەجێهێشتنى کاریگەرى بەسەر ڕەفتارى کۆمەڵایەتى و گۆڕینى ئاراستەى بیرکردنەوەى کۆمەڵگەدا، بە نەهجێکى مەترسیدار دادەنرێ.
گەرچى بڕیار وا بوو شرۆڤەى ئەم بابەتە گەرم و گرنگە لە دوو وتاردا کۆ بکەمەوە، بەڵام زۆر بەپێویستى دەزانم لە وتارى ئاییندەدا بەشى سێیەمى بۆ زیاد بکەم و، تەرخانى بکەم بە خستنەڕووى چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار کە جێبەجێکردنیان ئاسان بێ؛ تا ببێتە دەروازەیەکى واقعى بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەى لافاوى ئەو هەموو خوێنەى بە پاڵنەرى کۆمەڵایەتى دەڕێژرێ، بێ ئەوەى بکرێتە خەمێکى گەورەى هەمووان.