خوێندنەوەیەک بۆ ئۆرگانەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى

خوێندنەوەیەک بۆ ئۆرگانەکانى کۆمەڵگهى مەدەنى

 

ئارى ڕەفیقماستەر لە کۆمەڵناسى

زنجیرەى یەکەم

دوا بە دواى بەکۆتاهاتنى پرۆسەى ئازادکردنى بەشێکى گرنگ لە ناوچەکانى کوردستانى باشوور و هاتنەکایەى جۆرێک لە گۆڕانکاریى فرەلایەن و گشتگیر، کە خۆى لە بیناکردنى پەرلەمان و دەسەڵاتى جێبەجێکردنى خۆماڵیدا بینییەوە، جۆرێک لە گەشە و پێشکەوتنى لە کایە و دامەزراوە سیاسى و فەرهەنگى و کۆمەڵایەتییەکانى لەگەڵ خۆیدا هێنا. بەشێک لەو پەرەسەندنە گرنگەیش، بنیاتنان و پاشان گەشەپێدانى "دەزگه‌ و ئۆرگانە مەدەنییەکانبوو لە کوردستاندا.

ئەوەى بە لاى منەوە جێى بایەخە لەم زنجیرە وتارەمدا، ناساندن و شیکردنەوەى چەمکى ڕێکخراو و پاشانیش چەمکى کۆمەڵگهى مەدەنییه‌ بە زمانێکى ڕەوان و سادە؛ دواتر خستنەڕووى مێژووى سەرهەڵدانى ئۆرگانە مەدەنییەکان و لەوێیشەوە باس لە سەرهەڵدانى کۆمەڵگهى مەدەنى دەکەین لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیشکخستنە سەر ئاستەنگەکان و پاشانیش ڕاڤەکردنى ڕۆڵ و نەخش و کاریگەرییەکانى ئەو تەوژمەیە کە لە ئێستاى گۆڕەپانى کارى ئۆرگانە مەدەنییەکاندا دەبینرێت.

پێویستە بڵێین کە لە کوردستاندا تا کۆتاییى ساڵى 2001، دوو یاسای سەرەکی لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانەوە دەرچوون و، بەپێی ئەم دوو یاسایەڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان دامەزراون و بەپێی بڕگە و ماددەکانی ئەم دوو یاسایە شێوازی کارکردن و ئاستی پابەندبوونی کۆمەڵەکان، سەندیکاکان، یەکێتییەپیشەیییەکان، یانە کۆمەڵایەتییەکان، بنکە و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان دیاری کران. بەڵام لە کۆتاییى ساڵى 2011وە یاسایەکى نوێ بۆ ڕێکخستنى کارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە لایەن پەرلەمانى کوردستانەوە پەسەند کرا. لەگەڵ دەرکردنى یاسا نوێیەکەیشدا، کە مەبەستمان یاسای ژمارە  (1)ی ساڵی 2011یە، یاساى ژمارە(15)ى ساڵى 2001ى تایبەت به‌ ڕێکخراوە ناحکوومییەکانى هەرێمى کوردستان کارى پێ ناکرێ.

لەم زنجیرە وتارەدا هەوڵ دەدەین باس لە ڕۆڵی ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵانە بکەین کە لە کوردستاندا بە شێوەیەکی یاسایی کار بۆ ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى دەکەن، بەڵام لە سەرەتاوە گرنگە لە چەمکەکانى پەیوەست بە ناونیشانى وتارەکەمان تێ بگەین:

چەمکى ڕێکخراو – Organization:

شاکر مستەفا سەلیم پێناسەی ڕێکخراو دەکات و دەڵێت: ڕێکخراو: دەزگهیەکى یاسایییە، لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە باوەرپێکراوە، خاوەنى کەسایەتیى نەگۆڕە و لە پێناو چەند ئامانجێکى دیاریکراودا هەوڵ دەدات، بەپێى پەیڕەو و پڕۆگرامى بڕیارلەسەردراو کار دەکات، بۆ نموونە: کۆمەڵە بەخشەرەکان، حزبە سیاسییەکان، سەندیکاکان، ڕێکخراوە زانستییەکان و هتد.

لە لایەکی ترەوە هاتووە، ڕێکخراو ئاوا ناسێنراوە کە بریتییە لە پێکەوەکارکردن و گرتنەئەستۆی بەرپرسارێتی، کە مەرجن بۆ بنیاتنانى ڕێکخراوێک، تاکوو تواناى مانەوەى لە داهاتوودا هەبێ. دەستەى بەڕێوەبردن کە ڕەنگدانەوەى پلە و ڕیزبەندیى ڕێکخراوە، بڕیار و تێڕامانەکانى دەبنە دەنگ و هێزى ئەو کۆمەڵە خەڵکەى کە لە دەورى ئامانجى هاوبەشدا کۆ بوونەتەوە.

هەروەها لە یاسای ڕێکخراوە کوردستانییە ناحکوومییەکانى ساڵى 2001دا هاتووە کەڕێکخراو: دەستەیەکى سەربەخۆى ناحکوومییە و، لە چەند کەسانێکى سروشتى پێک هاتووە بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆى لە بوارى بەهاناچوون و ئاوەدانکردنەوە و بزاڤى مرۆڤایەتى.

لە لایەکی ترەوە ستیفان ڕابینز پێناسەی ڕێکخراو دەکات بەوەی کە ڕێکخراو: دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، کە بە شێوەیەکى هۆشیارانە ڕێک خراوە و خاوەنى مەرج و سنوورێکى تا ڕاددەیەک دیاریکراوە، بە مەبەستى بەدیهێنانى ئامانجێک، یان چەند ئامانجێک لەسەر بنچینەى زنجیرەیەک بنەماى هەمیشەیی.

کەواتە لە فۆڕمێکى گشتیدا دەتوانین بڵێین:

ڕێکخراو- Organization:  بەو گرووپانە دەگوترێ کە لە لایەن خەڵکەوە پێک دەهێنرێن، وەکوو "ئەنجومەنە نافەرمییەکان"؛ بۆ وێنە "ئەنجومەنەکانى گەڕەکیان "یانە وەرزشى و کۆمەڵایەتییەکان"، یان ئەو ڕێکخراوە گەورانەى کە بە شێوەى فەرمى تۆمار کراون. لەناو ئەمانەدا هەم ڕێکخراوە شێوە دەوڵەتى و هەم تەواو سەربەخۆکان هەن؛ واتە بریتییە لە کۆبوونەوە و  پێکەوە کارکردنی کۆمەڵە کەسێک بە ڕێگهی یاسایی و، لە چوارچێوەی خاڵ و بەندەکانی پڕۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆیاندا، هاوڕان لەسەر جێبەجێکردن و هێنانەدیی ئەو ئامانجە واقعییانەی کە ڕێکخراوەکەی لەسەر بینا کراوە.

بەگشتیش لەبارەى چەمکى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگهى مەدەنى:

بە دەزگه‌ و پێکهاتەیەکى گرنگى کۆمەڵگهى مەدەنى دادەنرێن؛ شوێنگەیەکن بۆ کۆبوونەوە و بەیەکەوەکارکردنى کەسانێک کە بەرژەوەندییەکى هاوبەش بەیەکەوە گرێى داون؛ هەنگاو دەنێن بۆ بەدەستخستن و هێنانەدیى چەندین ئامانجى هاوبەش و دیاریکراو لە ڕێگەى داڕشتنى نەخشەى پێویست بۆ برەودان و هۆشیارکردنەوە و بەرەوپێشبردنى ئاست و تواناى تاکەکانى یەکەى خێزان و کۆمەڵگه‌ و شۆڕبوونەوەیان بەناو قووڵاییى دیاردە و گرفتەکان لە ڕووى کۆمەڵایەتى  و فەرهەنگى و پیشەیییەوە، بە جیاوازیى جۆرى کارکردنیان بە هۆى ناچۆنیهكی و تایبەتمەندیى "کهلتوورى کۆمەڵگهکان".

چەمکى کۆمەڵگهى مەدەنى – Civil Society و تێگەیشتنە جۆربەجۆرەکانى:

"ئێرنست گێلنهر"، زاناى کۆمەڵناسى و مرۆڤناسى بریتانى، وا پێناسەى کۆمەڵگهى مەدەنى دەکات: کۆمەڵگهى مەدەنى-Civil Society: کۆمەڵێک لە دامەزراوە ناحکوومییە جۆراوجۆرەکان، لە نێوانى خۆیاندا وەکوو پێویست بەهێز بن بۆ هاوسەنگکردنى دەوڵەت و، تواناى ڕێگەگرتنیان هەبێ لە سەپاندنى هێژموون بەسەر کۆمەڵگە و پەرتەوازەکردنى، بەڵام بەبێ ئەوەى کە ئەمە ببێتە کۆسپێک لە بەردەم دەوڵەت، لە بینینى ڕۆڵى خۆى وەک پارێزهرێک لە ئاشتى و وەک ناوبژیوانێک لە نێوان بەرژەوەندییە سەرەکییەکان واتە بریتییە لە بوارێکى ژیانى کۆمەڵایەتیى تاکەکەسەکان، کە لە لایەن یاساوه‌ پارێزگارییان لێ دەکرێت.

هەروەها لە دیوێکى ترەوە، بە کۆى ئەو ڕێکخڕاوە خۆبەخشە ئازادانە دەگوترێت کە بوارى گشتى لە نێوان خێزان و دەوڵەتدا بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندیى تاکەکانى فەراهەم دەکەن. لەم کارەیاندا ڕێز لە بەها و پێوانەکان دەگرن و بە جیاوازییەکان قایلن و گیانى هەڵکردن و بەڕێوەچوونێکى تەندروست پیادە دەکەن.

لە ناساندنە گشتییەکەیشیدا کۆمەڵگهى مەدەنى بەو دامەزراوە سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییانە دەگوترێت کە لە بوارە جیاوازەکانیاندا کار دەکەن بۆ سەربەخۆبوونى خۆیان لە دەسەڵاتى دەوڵەت و، بۆ هێنانەدیى چەند مەبەستێکى جیاجیا، وەک: مەبەستى سیاسیى بەشداریکردن لە دروستکردنى بڕیاردا، مەبەستى سەندیکاى پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیى ئەندامەکانى، مەبەستى ڕۆشنبیریى یەکێتییهکانى نووسەران و ڕۆشنبیران و، مەبەستى بەشداریکردن لە کارى کۆمەڵایەتیدا بۆ هێنانەدیى پڕۆسەى گەشەکردن.

سەرەتاى سەرهەڵدان و ناساندنی کۆمەڵگهی مەدەنی:

کۆمەڵگهى مەدەنى (Civil Society) چەمکێکی لێکدراوە نەک موجەڕەد؛ جگە لەمەیش ناتوانین یەک نموونەى کۆمەڵگهى مەدەنى وێنا بکەین. بە دەربڕینێکی دیکە کاتێک باس لە کۆمەڵگهى مەدەنى دەکەین، دەبێ بپرسین و بزانین کۆمەڵگهى مەدەنى لە کوێوە هاتووە؟

جوگرافیبوونى کۆمەڵگهى مەدەنى:

 کۆمەڵگهى مەدەنى لە جوگرافیای جیاجیادا لێکدانەوەى جیاجیای بۆ کراوە و بە واتای جیاجیا لێک دراوەتەوە، بۆ نموونە: ئەگەر سەیرى ئەو چەمکەى کۆمەڵگهى مەدەنى بکەین کە لە ئەڵمانیا و لە ڕێی فەیلەسووفانی ئەڵمانییەوە، بۆ نموونە هیگڵ خراوەتە ڕوو، لەگەڵ ئەو چەمکەى کۆمەڵگهى مەدەنى کە بیرمەندان و زانایانى بریتانیا، بۆ نموونە هۆبز و لۆک، یان زانایانى فەڕەنسی، بۆ نموونە ڕۆسۆ باسیان لێوە کردووە بەراوردیان بکەین، دەبینین ئەم پێناسانە تەواو لێکجیان.

لە بریتانیادا پێناسەی کۆمەڵگەى مەدەنی، زیاتر بۆ ئابووریى سیاسی دەگەڕێتەوە و، کۆمەڵگهى مەدەنى بۆ بوارەکانى ئازادیی ئابوورى و موڵکایەتیى تایبەت و... بەکار هێنراوە. ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمەڵگەى بریتانیا پێشڕەوى زانستى ئابوورىچ کلاسیک و چ نوێبووەبەڵام کاتێک لە فەڕەنسادا باس لە کۆمەڵگهى مەدەنى دەکرێت، باسی لیبرالیزم دێتە ئاراوە. بە دەربڕینێکی دیکە، لە فەڕەنسا چەمکى کۆمەڵگهى مەدەنى بۆ ئازادییە سیاسییەکان (بە مانا گشتییەکەىو پەیوەندیىدەوڵەت و دامەزراوە و گرووپە نادەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە. بەڵام فەیلەسووفانى ئەڵمانى وەکوو هیگڵ و هاوبیرانى و دواتر مارکسیش زۆر فەلسەفییانە پێناسەیکۆمەڵگهى مەدەنى دەکەن.

دەتوانین بڵێین کۆمەڵگهى مەدەنى چەمکێکی مێژوویییە؛ واتە وەک هەر چەمکێکی دیکەى مێژوویی بەپێی کات و شوێن و زەمینەى مەعریفی دەگۆڕێت. بۆیە ناکرێت پێناسەیەکى گشتگیری بۆ بکەین کە لە سەردەم و بارودۆخی جیاوازدا بەکار بهێنرێتلەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی گشتى کۆمەڵگهى مەدەنى بوارێکە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە دەسەڵاتی سیاسی، خۆی تێ هەڵناقورتێنێت و کۆمەڵێک دامەزراوه‌ و دامودەزگه‌ و ڕێکخراوى تایبەتی و مەدەنی (ناتایبەتی)دەگرێتە خۆ. واتە کۆمەڵگهى مەدەنى بوارێکە کە دەوڵەت تێیدا مافی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی نییە. لە ڕوویەکەوە دەتوانین کۆمەڵگهی مەدەنی بە واتایهێنانەکایەی دیموکراسی و بوونى ئازادی لە قەڵەم بدەین.

يەكێك لە سیما جوانەكانى ديموكراسى لەم سەردەمەدا سەرهەڵدان و کارکردنى ئۆرگانە مەدەنییەکانە. بێ گومان گرنگیپێدان و گەشەکردنیان نیشانەى گەشەى کۆمەڵگە و پێکهێنانى کۆمەڵگهى مەدەنییه؛ چونکە سەندیکا و ڕێکخراوەکان باشترین سەکۆى ئازادن بۆ داکۆکیکردن لە سەرجەم توێژ و چینەکان و دوور لە ململانێی سیاسى و حزبیى تەسک. لە لایەکى ترەوە سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیییەکان دەتوانن لە پڕکردنەوەى کەموکورتییەکانى دەوڵەت و پێشکەشکردنى پێشنیار و بەرەوپێشبردنى پڕۆژەکاندا ڕۆڵى بەرچاو بگێڕن. بۆ ئەم مەبەستەیش، دەکرێت ڕێکخراوە هاوشێوەکان بەیەکەوە کار بکەن و، بۆ زیاتر دروستکردنى کاریگەرى لەسەر هێزە سیاسى و دەسەڵاتدارەکان، سەنتەر و ناوەندى هاوبەش دروست بکەن.

کەواتە لەبەر ئەوەى ڕێکخراوەکان بە یەکێک لە دەزگه و ستوونە بەهێزەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى باسى لێوە دەکرێت، پێمان وایە ناکرێ بەبێ ناساندنێکى بابەتییانەى کۆمەڵگهى مەدەنى بەگشتى شرۆڤەى ڕێکخراوەکانیش بکرێت، کەواتە لێرەوە دەبێ مێژوو و ناسنامهى کۆمەڵگهى مەدەنى بناسین:

سەرهەڵدانى کۆمەڵگهى مەدەنى لە ڕووى مێژوویییەوە:

ڕایەکى نوێ هەیە، پێی وایە کۆمەڵگهى مەدەنى تەنیا ئەوەیە کە گرووپێک لە خەڵک لە دەوری یەک کۆ ببنەوە بۆ ئەوەی کێشە هاوبەشەکانیان چارەسەر بکەن.کۆمەڵگهی مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵگەیەک کە ئەندامەکانی ئەوەندە ئازادن دەتوانن بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارە کۆمەڵایەتییەکانیان ڕێکخراو و ئەنجومەنی جۆراوجۆر پێک بێنن.

ئەگەر بمانەوێ لە مێژووى سەرهەڵدانى کۆمەڵگهی مەدەنی تێ بگەین، پێویست دەکات ئەم ئاماژە مێژوویییەى عەبدولغەفار شکور بەهەند وەربگرین کە لەبارەى سەرهەڵدانی کۆمەڵگهى مەدەنییهوە دەڵێت: سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی کۆمەڵگهی مەدەنی بۆ بیری یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەرستۆ باس لەم چەمکە دەکات و دەڵێت دەوڵەت و کۆمەڵگهی مەدەنی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە و، پێی وایە کە کۆمەڵەیەکی سیاسین و ملکەچی یاسا )نهەروەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەوڵەت لە بیری سیاسیی ئەوروپیی کۆندا کۆمەڵگهی مەدەنییە، کە لە شێوەی کۆمەڵەیەکی سیاسیدا خۆی دەردەخات و ئەندامەکانی ئەم کۆمەڵگهیە بریتین لە هاووڵاتیان و ئەوانەی کە یاساکانی دەوڵەت پەیڕەو دەکەن و لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەدا ڕەفتار دەکەن.

هەر لە هەمان بابەتدا دێتە سەر سەدەکانی پەرەپێدانی واتای کۆمەڵگهی مەدەنی و ئاماژە بۆ چەند سەدەیەک دەکات و دەڵێت: لە سەدەی هەژدەیەمدا چەمکی کۆمەڵگهی مەدەنی لەگەڵ  گەشەسەندن و پێکهاتنی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکاندا پەرەی سەند و، لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگهی مەدەنیدا جیاوازی کرا. سەرهەڵدانی کۆبوونەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە یەک سەرچاوەی بڕیارەوە جێی گفتوگۆ بوو. هەروەها ئەو بیرۆکەیە هاتە ئاراوە کە بزاڤى ڕێکخراوەیی، خاوەنی ماف و هێزى سەرەکین لە بەرگریکردن دژی مەترسیی دەسەڵاتی سیاسی.

لە کۆتاییی سەدەی هەژدەیەمدا، بیری سیاسیی ڕۆژاوایی دووپاتی کردەوە کە پێویستە کەمکردنەوەی هەیمەنەی دەوڵەت لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگهی مەدەنی بێت و، دەبێت بە سەربەخۆیی کار بکات و کاروبارەکانی خۆی جێبەجێ بکات و، نەهێڵێت حکوومەت دەست بخاتە کارەکانییەوە؛ تەنیا بە شێوەیەکی کەم و لە کاتی پێویستدا.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕانکاریی دووەم بۆ چەمکی کۆمەڵگهی مەدەنی ڕووی دالێرەدا کارل مارکس پێی وا بوو کە "کۆمەڵگهی مەدەنی، مەیدانی ململانێی نێوانچینەکانە."

لە سەدەی بیستدا، گرامشی کۆمەڵگهی مەدەنیی لە چوارچێوەیەکی نوێدا ناساند و گوتی: "کۆمەڵگهی مەدەنی، مەیدانی ململانێی ئابووری نییە، بەڵکوو مەیدانێکە بۆ ململانێی نێوان ئایدیۆلۆژیی جیاوازی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و هەیمەنەی ئایدیۆلۆژی و، پێک دێت لە کۆبوونەوەى تاکەکەس و دەستە نافەرمییەکان؛ بە سیفەتی ئەوەی کە ئەندامەکانی لە زۆربەی بوارەکانی پەروەردە، ئابووری، خێزانی، تەندروستی، ڕۆشنبیری، خێرخوازی و چەند بوارێکی تردا چالاکن." هەروەها دەڵێت:"کۆمەڵگهی مەدەنی پێک دێت لەو دەستانەی لە کۆمەڵناسیدا پێیان دەگوترێت "دەزگه دووەمییەکانوەک: "کۆمەڵە ئەهلییەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و پیشەیییەکان، کۆمپانیاکانی کار، ژووری بازرگانییەکان و پیشەسازییەکان و هەموو ئەو دەزگهیانەی بەخۆبەخشی کار دەکەن."

لە زنجیرەى دووەمى وتارەکەمدا جگە لە خستنەڕووى بنەما و ڕەگەزە ستاندەرەکانى کارکردن، باس لە سەرهەڵدانى ئۆرگانە مەدەنییەکانى هەرێمى کوردستان دەکەین.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples