ئارى ڕەفیق / ماستەر لە کۆمەڵناسى لە پەرەگرافى کۆتاییی زنجیرەى یەکەمدا، بەڵێنم دا کە لە زنجیرەى دووەمدا باس لە ڕەگەزە بنچینەیییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بکەم، لەگەڵ باسکردنى مێژووى سەرهەڵدانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان؛ بەڵام بۆم گرنگە سەرهەڵدان و سروشتى کارکردنى کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بۆ دوا زنجیرەى وتارەکەم هەڵبگرم. بۆیە لە ڕووى تیۆرییەوە بە گرنگى دەزانم قووڵتر لە ڕوانینە جیاوازەکان لەبارەى کۆمەڵگەى مەدەنی ورد ببینەوە، چونکە نابێ ئەوەمان لەبیر بچێ، باسکردن و نزیککردنەوەى ڕا جیاوازەکان لەبارەى کۆمەڵگەى مەدەنی و پاشانیش کۆکردنەوەیان لە زنجیرە وتارێکدا، زۆر کەم لە زمانەکانى ترەوە بۆ زمانى کوردى وەرگێڕدراون. ئومێدیشم وایە ئەم زنجیرە وتارەم، وتار و شیکردنەوەى ترى بەدوادا بێ، چونکە تا ئێستایش ئەوەى لە هەرێمى کوردستان لەبارەى کۆمەڵگەى مەدەنییەوە دەیبینین دیوە ڕواڵەتییەکەى کۆمەڵگەى مەدەنییە نەک بنەماى پێگەیشتوو و کامڵى کۆمەڵگەى مەدەنى. کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕوانگەى تۆماس هۆبز، ئەنتۆنیۆ گرامشى، جۆن لۆک، فریدریک هیگڵ: کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕوانگەى تۆماس هۆبز: تۆماس هۆبز (1588-1679) بیرمەندی ئینگلیزی و لایەنگرى پەیمانى کۆمەڵایەتی، لە چەمکی دۆخى سروشتى (Natural State) و مافی سروشتییەوە (Natural Right)بەرەو چەمکی کۆمەڵگەى مەدەنی هەنگاو دەنێت. بە ڕاى هۆبز دۆخی سروشتی، واتە ئەو دۆخەى کە مرۆڤ پێش گرێدانى پەیمانى کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی حکوومەت تێیدا ژیاوە. ئەو پێی وایە مرۆڤ لە دۆخى سروشتیدا هیچ هەست بە لێپرسراوێتی و ئەرکدارى لە بەرانبەر ئەوانی دیکەدا ناکات و، هەر بۆیە ئاژاوە و شەڕوشۆڕ باڵی بەسەر ئەم دۆخەدا کێشاوە. مرۆڤ لەو حاڵەتەدا هەمیشە لە مەترسیی مردندایە. هۆبز پێی وایە لەبەر ئەوەى سروشتی مرۆڤ شەڕانگێزییە و مرۆڤ هەتا مردن هەر ئارەزووی لە دەسەڵاتە، بۆیە بەردەوام لە ململانێ و بەربەرەکانێدایە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا. ئەو ململانێ و بەربەرەکانێیەیش سروشتییە؛ هەروەها لەبەر ئەوەى بە مەیلێکی وەکوو یەکەوە بۆ ئامانجگەلێکی وەکوو یەک تێ دەکۆشن. کاتێک لەو ئامانجانە نزیک دەبنەوە، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و ناکۆکییان لێ پەیدا دەبێت. بۆیە بە ڕای هۆبز کۆمەڵگەى مەدەنی لە ئەنجامی ترسێکەوە سەری هەڵداوە، بۆ ئەوەى مرۆڤەکان ژیانێکی ئاشتییانە و ڕێکوپێکی تێدا بەسەر بەرن. لێرەدا هۆبز نایەوێ بۆ پشتڕاستکردنی تیۆرییەکەى خۆى لەمەڕ دۆخی سروشتییەوە، نموونەى مێژوویی بهێنێتەوە. ئەو پێی وایە ئەوەى گرنگە ئیعتیبارى فەلسەفى و مەنتقیی تیۆرییەکەیە. تۆماس هۆبز لە کتێبی لیڤیاتان (Leviathan)دا بەم شێوەیە پێناسەی پەیمان (Contract) دەکات: "گواستنەوەى دوولایەنەى مافی تاکەکەسان بۆ یەکترى، کە بنچینەى کۆمەڵگهى مەدەنییە." کۆمەڵگەی مەدەنی لاى ئەنتۆنیۆ گرامشی: گرامشی لە یەکێک لە دەقە گرنگەکانى و لە دەفتەرەکانى زینداندا دەڵێت: ئەوەى تا ئەو ساتە دەتوانین بیکەین، جێگیرکردنى دوو ئاستى باڵا و بنەڕەتین: یەکەم، دەکرێت پێیان بگوترێت کۆمەڵگەی مەدەنى، کە سەرجەم ئەو ڕێکخستنانەن بە زۆرى بە تایبەت ناو دەبردرێن. هەروەها ئاستى دووەم کۆمەڵگەی سیاسی، یان دەوڵەتدەگرێتەوە. ئەو دوو ئاستە لە لایەک ئەرکی هێژموونگەرى دەگرنە خۆ، کەوا چینى سەردەستە دەسەڵاتی خۆى بەسەر کۆمەڵدا پیادە دەکات؛ لە لایەکى تر پیادەى هێژموونى ڕاستەخۆ، یان ڕۆڵی دەسەڵات دەکەن لە نێوهندى دەوڵەت یان حکوومەتى شەرعی. گرامشى دەڵێ: "لە نێوان بونیادى ئابوورى و دەوڵەت، کە دەوڵەت تیایدا لە یاسادانان و دەسەڵاتى تۆتالیتار پێک دێت، کۆمەڵگەى مەدەنى هەیە." ئەو کۆمەڵە ئەوەیە کە دەبێ بە شێوەیەکى واقعى و بنەڕەتى بگۆڕدرێت، نەوەک بە تەنیا لەسەر کاغەز و لە ڕێگەى یاسا و کتێبى زانایانهوه. دەوڵەت ئەو ئامێرەیە کە لە پێناو ئاساییکردنەوەى کۆمەڵگەى مەدەنى لەگەڵ بونیادى ئابوورییانە بەکار دێت و، لە ئەستۆى دەوڵەتە ئەو کارە بگرێته ئهستۆ. لێرەوە لەسەر شانى پێشەنگانى گۆڕان لە بونیادى ئابوورى بوو، کەوا پێشڕەوایەتیى دەوڵەت بکەن. ئەو وێناکردنە بۆ مێژووى کۆمەڵگەکان، پێکهاتەى ئابوورى و کۆمەڵگەى مەدەنى جیا لە دەوڵەت بەدەردەخات؛ دواجاریش پێکهاتەى ئایدیۆلۆژى، کەوا کۆمەڵگەى مەدەنى لەگەڵ دەوڵەت پێک دێنێ و بە دامەزراوەى سیاسى لە گۆمەڵگەدا دەناسرێ. بەو مانایەىگرامشى گوتوویەتى، کە کۆمەڵگەى مەدەنى لەسەر ڕێکخستنى سیاسیى کۆمەڵگە لە حزبهكان و سەندیکا و ڕەوتە سیاسییەکانی پێک دێت. ئەو دامەزراوە و ڕێکخراوانەى کە کۆمەڵگەى مەدەنى پێک دێنن، پانتایییەکى کۆمەڵایەتیى فراوان لەخۆ دەگرن و هەر لە خێزانەوە درێژ دەبێتەوە تا دەگاتە دامەزراوەى بەرهەمهێنى تایبەت، سەندیکا و دامەزراوە ئایینییەکان و دامودەزگەی پەروەردەیى و ڕۆژنامەگەرى و ڕاگەیاندن و، لەوێیشەوە تا دەگاتە حزبە سیاسیبەکان و پەرلەمان. لە ڕێگەى ئەو گرووپ و دەستانەوە کۆمەڵگەى مەدەنى پیادەى چالاکى و جموجۆڵەکانى لە بوارە جیاجیاکان دەکات؛ لە هەمان کاتدا پارێزگارى لە سیما تایبەتییەکەى دەکات کە مەدەنییەتە و لە دەرەوەى ناواخنى دەوڵەتە. کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕوانگەى جۆن لۆک: فەیلەسووفی ناوداری ئینگلیزی، جۆن لۆک (1632- 1704)، کە بە تیۆریداڕێژەری گەورەی شۆڕشی شکۆداری ئینگلیزی دەژمێردرێت، لە کتێبە ناودارەکەیدا بە ناوی دوو نامە لەبارەی حکوومەتی مەدەنییەوە (Two Treatises Of Civil Government)، بنەما تیۆری و فەلسەفییەکانی ئازادیی سیاسیی داڕشت. لۆک پێی وایە هەموو مرۆڤێک کە لەدایک دەبێت، بە شێوەیەکی خۆڕسک کۆمەڵێک مافی هەیە کە یەکەم و گرنگترینیان بریتییە لە مافی پاراستنی ژیان. ئەوەی بە پلەی یەکەم هەڕەشە لەو مافە دەکات مەترسیی مردنە، کە لە برسێتییەوە سەر هەڵدەدات. بۆیە تێکۆشانی ڕۆژانەی مرۆڤ بۆ دەستەبەرکردنی هۆیەکانی ژیان و ڕێگرتن لە زاڵبوونی مەترسیی برسێتی، هەقیقەتێکی ڕەهای هەیە و هیچ کەس بە هیچ ناونیشانێکەوە بۆی نییە ڕێ لەو تێکۆشانە بگرێت. لۆک کۆمەڵگەى مەدەنی (سیاسی) لە بەرامبەر دۆخى سروشتیدا بەکار دەهێنێت. لە دۆخی سروشتیی لۆکدا هیچ دامەزراوهیهکی سیاسیی ڕێکخراو نییە و مرۆڤەکان شوێنکەوتووى یاسای سروشتین. ئەم یاسایەیش هەمان عەقڵە کە حوکم دەکات و، هیچ کەس مافی ئەوەى نییە زیان بە ژیان و تەندروستی و ئازادیى خەڵکانى دیکە بگەیەنێت، چونکە هەموو مرۆڤەکان یەکسان و سەربەخۆ و خاوەن مافی سروشتیى وەکوو یەکن. ئەگەرچى تۆماس هۆبز کۆمەڵگهى مەدەنیی بە هەمان دەوڵەتە شارى یۆنانی (دەوڵەت) دادەنا، بەڵام جۆن لۆک یەکەم کەس بوو بیرۆکەى لێکجیاکردنەوەى دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنیى خستە ڕوو. لەگەڵ ئەوەیشدا جیاکردنەوەى کۆمەڵگەى مەدەنى لە کۆمەڵگەى سیاسی لە سەردەمى ئەواندا ڕوون نەببۆوە، بەو شێوەیەى کە لە تیۆریى سیاسیی هاوچەرخدا دەبینرێ، چونکە هۆبز و لۆک هەر دوو سیفەتى مەدەنى و سیاسییان لە جیاتى یەکتری بەکار دەبرد. بە شێوەیەکى پوخت، کۆمەڵگەى مەدەنى لاى تیۆروانانى پەیمانى کۆمەڵایەتى، بریتی بوو لە شێوەیەکى تایبەتى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسی. بە ڕاى ئەوان کۆمەڵگەى مەدەنى: 1) خاڵى بەرانبەر کۆمەڵگەى سروشتییە. 2) دیاردەیەکی دروستکراوە؛ واتە دۆخی سروشتیی ژینگەی خۆرسکی تاکە؛ بەڵام کۆمەڵگەى مەدەنى شتێکە، پێویستە دروست ببێت یان دروست بکرێت (31). کۆمەڵگەى مەدەنى لە ڕوانگەى فریدریک هیگڵ (1770-1831): گۆڕانکارییەکی هەرە گرنگ کە لە چەمکی نوێی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕووی دا، لە فەلسەفەی سیاسیی هیگڵدا بوو. ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسووفانی سیاسیی ئەم سەردەمە، هیگڵ بە دامەزرێنەری سەرەکیی بیری نوێ و هاوچەرخی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنێن. هیگڵ لە بنەماکانی فەلسەفەی هەقدا بیروڕاکانی خۆی لەمەڕ کۆمەڵگەی مەدەنی و دەوڵەتدا دەخاتە ڕوو. ئەو لەژێر کاریگەریی قوتابخانەی ئابووریی سیاسیی ئینگلیزدا کۆمەڵگەی مەدەنی بە سیستەمی پێداویستییەکان لە قەڵەم دەدات. هیگڵ لە پەرەگرافی 182ی کتێبی بنەماکانی فەلسەفەی حەقدا دەڵێ: "تاکەکەسی عەینی کە خۆی بۆ خۆی ئامانجێکی تایبەتە، بە سیفەتی ئەوەی کۆمەڵێک پێداویستییە و تێکەڵێکە لە زەروورەتی سروشتی و ئیرادەی زۆردارانە، پرەنسیپی یەکەمی کۆمەڵگەی مەدەنییە، لە کاتێکدا کە تاکەکەسی تایبەت خۆی لە خۆیدا پەیوەندیی بە شتە تایبەتییەکانی ئەوانی دیکەی وەک خۆیەوە هەیە؛ تەنانەت ئەگەر هەر یەکەیشیان خودی خۆی بسەپێنێ و ڕازی بکات. لە هەمان کاتدا، ناچارە لەسەر شێوەیەکی گشتی بڕوات، کە ئەویش پرەنسیپێکی دیکەیە." لە تیۆریى هیگڵدا چەمکی کۆمەڵگەى مەدەنى مانایەکى تایبەتى وەرگرت. بە ڕای ئەو، کۆمەڵگەى مەدەنى یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانى کۆمەڵگە بۆرژوازییە نوێیەکان. ڕاستە هیگڵ کۆمەڵگەى مەدەنى لە دەوڵەت جیا دەکاتەوە، بەڵام ئەم چەمکە بە ماناى کۆمەڵگەى بۆرژوازیی بەکار دێنێت؛ وەک چۆن لە زمانى ئەڵمانیدا کۆمەڵگەى مەدەنی (burgerliche gesellschaft)ى پێ دەگوترێت. جگە لەوەیش ئەو پێى وایە لەو شوێنەى کە ژیانی کۆمەڵایەتى خێڵەکییە، نە کۆمەڵگەى مەدەنى و نە دەوڵەتیش – وەک ئەوەى خۆى وەسفیان دەکات – بوونیان نییە. بەرەبەرە کە کۆمەڵگەى مەدەنى سەر هەڵدەدات، خێڵ و کۆمەڵى خزمایەتى پاشەکشە دەکەن و لەناو دەچن. تێگەیشتنى هیگڵ بۆ کۆمەڵگەى مەدەنى گەلێ دەوڵەمەند و فراوانە؛ بەوەى تەنیا لە پەیوەندیى ئابوورییانە و پێکهاتە چینایەتییەکان پێک نایەت، بەڵکوو بونیادێکى میکانیزمى دادوەرى و کارگێڕى و هاریکارییە. نوێگەریى هیگڵیش کۆمەڵگەى مەدەنى وەک نێوەند لە نێوان خێزان لە لایەک و، دەوڵەت لە لایەکى تر بینا دەکات. لەبەر ئەم هۆیەیش چەمکى هیگڵى سەرجەم ئەم دامودەزگه و پەیوەندییانەى پێش دەوڵەت وەک خێزان لەخۆ ناگرێ، وەک ئەو کۆمەڵگە سروشتییەى لاى لۆک، بەڵکوو ئەو چەمکە ئاستى پەیوەندییە ئابوورییەکانە بە ڕێکخستنە دەرەکییەکانیشەوە لەسەر بنەماى دەوڵەتى لیبراڵ، یان لە کۆمەڵگەى بۆرژووازى و دەوڵەتەکەى پێک دێت. بیرۆکەى کۆمەڵگەى مەدەنى لاى هیگڵ لەسەر بەزاندن، هەڵوەشانەوەى ئاستەکانى خێزان بینا دەکرێ. ئەو مناڵانەى کە لەناو خێزان چاودێرى و پەروەردە دەکرێن، لە کاتێکدا کە گەورە دەبن و دەگەنە تەمەنى توانایى لە هەڵسوکهوت و، بوون بە خاوەنى کەسێتیى سەربەخۆ و ڕەچاوکراو لە بەردەم یاسا، بۆ ئەوەیە کە لە خێزانەکانیان جیا ببنەوە و خێزانى نوێ بونیاد بنێن. بەو شێوەیە ژمارەیەکى زۆر لە کەسانى بێلایەن، لەوانەى کە پەیوەندییان بە ڕایەڵى دەرەکییەوە هەیە، دەردەکەون؛ بەو وێناکردنەى کە ئەوان لەناو خێزانەکانیاندا ڕەگەزى کۆمەڵایەتیى سەربەخۆن (automization). ویستە خودییەکان ئامانج نین، بەڵکوو ئامانجى سەرەکییان خێزانە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوان لە دەرەوەى خێزان، کەسى سەربەخۆن و هەر یەکەیان لە خودى خۆیدا ئارەزوویەکى هەیە و هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوانى تر (دەوروبەر) دەکات، لەسەر ئەو بنەمایەى کە ڕێگەى بەدیهێنانى ویستەکانییەتى؛ بەو مانایەى هەر تاکەکەسێک پشت بە هەموو تاکەکانى ترى (بەرامبەر) دەبەستێت، چونکە بەبێ ئەوان ناتوانێ ویستەکانى بەدی بێنێ. بەم شێوەیەیش هاوکارى و ئاڵوگۆڕ لە نێوانیاندا دێتە ئاراوە. ئەو حاڵەتەیش، یان حاڵەتى پشتبەستنى کەسە سەربەخۆکان، هەر یەکەى بەوى تریان، جەوهەرەکەى ئەوەیە کە هیگڵ ناوى ناوە کۆمەڵگەى مەدەنى. بەم شێوەیە بنەماى سەرەکى لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا تاکە و، لەسەریەتى لە ئەندامانى سەربەخۆى پێک بێت، کە هەر یەکەیان ڕوانینى تایبەتى بەرامبەر بە شتەکانى دەوروبەر هەبێ و لە بنەڕەتدا کار بۆ پێویستییە کەسییەکان بکات. بەڵام وەک ئەوەى لە یەکەم تێڕوانیندا دەردەکەوێت، کۆمەڵگەى مەدەنى ئەو مانایە نییە کە گشتگیرییەکى ڕەها بێت، بەڵکوو سیماى یاسایى و ئۆرگانیکى بەخۆوە دەگرێت: بەشى خۆى لە گشتییەکەدا دەبینێت و خەڵک لە سنوورى یەک پانتاییدا پەیوەندیى لەگەڵ دەگرن. کۆمەڵگەی مەدەنییش بەتواناکردنی ئەو دەزگە ئەهلییانەیە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی زیاتر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ئەستۆ بگرن، بۆ ئەوەی بتوانن لە داهاتوودا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباریان پشت بە خۆیان ببەستن. لە زنجیرەى سێیەمى وتارەکەمدا دێمە سەر باسى پەیوەندیى نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەى مەدەنى؛ پاشان لە ڕوانینى هاوچەرخى کۆمەڵگەى مەدەنى و مەرج و ڕەگەزەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەدوێم.
|