با لە ساڵیادى تراژیدیاى "خوشکانى میراباڵ"دا چیدیکە بێڕێزى بە ژن نەکرێت!

لە دواى ساڵى 2008 حکوومەتى هەرێمى کوردستان سیاسەتى بەرەنگاربوونەوەى ئەو پێشێلکارى و کردە توندئاژۆیانەى ڕاگەیاند، کە مێژوویەکى دوورودرێژە لەبەر فاکتەرى "ڕەگەزى مێبوون"یان ڕووبەڕووى کچان و ژنانى کوردستان دەبێتەوە. ڕاگەیاندنى سیاسەتى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى، تەنیا لە کۆنتێکستى دروشمدا تیۆریزە نەکرا، جووڵە کردەیییەکانیش لەسەر زەمینى واقعدا دەرکەوتن. نەک هەر ئەوەندە، ئەم جووڵە کردەیییانەى لە کۆنتێکستى سیاسەتى حکوومەتى هەرێمدا دەستیان پێ کرد، بەشى زۆرینەى ئەو دامەزراوانەیشى هان دا بۆ ئەوەى وەکوو کۆمەڵێک بازنەى بەیەکەوەگرێدراوە ئەرکەکانى یەکترى تەواو بکەن و، کردیشیان.

ڕاگەیاندنى ئەم سیاسەتەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هاوکات بوو لەگەڵ یادکردنەوەى ڕۆژێکى جیهانى کە بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بە "ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتانى جیهانى" ناسێنراوە. بەپێى ئەم بڕیارەیش، هەموو ساڵێک ڕۆژیک، يان هەفتەیەک تا دەگاتە پازدە ڕۆژ، بۆ بەرزڕاگرتنى ئەم بۆنەیە تەرخان دەکرێ؛ لە ڕێگەى پراکتیککردنى چالاکیى مەیدانى و هەڵمەتى میدیایى و پێکهێنانى کەمپەین و بڵاوکردنەوەى وێنە و پۆستەرى تایبەت بەم بۆنەیە کە گوزارش لە چەوسانەوەى ژنان بکات، یاخود بەشێکى پۆستەرەکان گوزارش لە ئازایەتیى ژنان و تینوبوونیان بۆ ئازادى و چەسپاندنى مافە یاسایى و ئاسایییەکانیان بکات. لەم جموجۆڵانەیشدا تەنیا ژنان بەشدار نابن، بەڵکوو پیاوانی فێمینیست و یەکسانیخوازیش لە سەرانسەرى دنیادا لە بەرزڕاگرتنى ئەم بۆنەیەدا ڕۆڵ دەبینن.

کەواتە با بزانین مێژووی یادکردنەوەى ڕۆژى  بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ به ئافره‌تان له چییه‌وه‌ هاتووه‌؟

لەبارەى ڕووداوەکەى تراژیدیاى "خوشکانى میراباڵ":

لە ڕۆژى 25ى نۆڤەمبەرى ساڵى 1960، حاکمی ویلایه‌تی "دۆمینیکان"، که‌ ناوی "ڕافائیل ترۆخیلۆ"  بوو، سێ‌ چالاکوانی ئافره‌تی به ‌بیانووی تێکدانی ئاسایشی وڵات به ‌شێوه‌کی دڕندانه‌ کوشت. ئەو سێ ژنە کە‌ هه‌رسێکیان خوشک بوون بە ناوەکانى "ماریا"، "پیتروا" و "مینروا"، حاکمى ئەم وڵاتە بەر لە کوشتنیان پێی وابوو کە دوو فاکتەر هەن، لە وڵاتەکەیدا بوونەتە سەرچاوەى کێشە و مەترسى بۆ سەر سنوورى دەسەڵاتەکەى: یەکێک لەم مەترسییانە، بوونى ئەم سێ ئافرەتە بوو. هەر بۆیە کاتێک هەرسێکیان دەچوون بۆ سەردانى هاوسەرەکانیان کە لە لایەن حاکمى ناوبراوى ئەم وڵاتەوە خزێنرابوونە زیندانەوە، لە ڕێگەدا لە لایەن" تۆخیلۆ"ى فەرمانڕەواى وڵاتەوە دەکوژرێن و، کۆى ڕووداوەکەیش بە "تراژیدیاى خوشکانى میراباڵ" ناسێنراوە. ڕاستە ئەم ڕووداوە لە فۆرمدا ڕووداوێکى بچووکە، بەڵام کراوەتە سەرەتاى دەستپێکردنى وێستگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گرفتێکى گەورەى جیهانى کە پێى دەگوترێ گرفتى کوشتنى ڕۆحى و تێکوپێکشاندنى پەیکەرى کەسایەتیى ژنان و بێبه‌ها نیشاندان و لاوازکردن و بێهێزکردنیان...

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ساڵی 1999 به ‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بڕیاری دا ڕۆژی 25/11ی هه‌موو ساڵیک له ‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا وه‌ک ڕۆژێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ‌ئافره‌تان یادیان بکرێته‌وه‌. لە ڕۆژى 25ى نۆڤەمبەرى هەموو ساڵێکیش نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەى ڕاگەیەنراوێکى فەرمییەوە داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانى حکوومەت و ئۆرگانە مەدەنییەکان NGOکان و میدیاکان و دامودەزگه‌ ئایینییەکان دەکات، کە بە جموجۆڵ و پرۆژەى کورتمەودا و دوورمەودا پشکدارى لە پرۆسە و ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو پێشێلکارییانەدا بکەن كه‌ لە هەر یەکێک لە کۆمەڵگەکاندا ڕووبەڕووى کچان و ژنان دەبێتەوە.

ماوەى چەند ساڵێکە یادکردنەوەى ئەم ڕۆژە لە هەرێمى کوردستان قاڵبێکى چەسپاو و دووبارە و سواوى گرتووە. بە دیدى من بەشێکى ئەم یادکردنەوەیە "کە زێدەتر لە یادکردنەوەیەکى ئاهەنگئامێز دەچێ!" بە گاڵتەکردنى تێ دەگەم لە بەرامبەر ئەم هەموو کچ و ژنە چەوساوانەى کە لەناو زیندانى ماڵەکاندا کڵاوڕۆژنەیەک شک نابەن تا ڕووناکییەکى لێ بەرجەستە بکەن. ئەم یادکردنەوەیەى کە لە هۆڵێکى شاهانەدا بەڕێوە دەبردرێ و ئەو نەزیفى دۆلارانەى کە لە چالاکییە تەرفیهییەکانى ئەم یادەدا خەرج دەکرێ، بە "ویژدانمردوویى" دەزانم لە بەرامبەر ناڵەناڵى ئەو کچ و ژنە سووتاوانەى کە لەسەر قەرەوێڵەى نه‌خۆشخانەکاندا بێناز کەوتوون و هیچ کەسێکى ناو ئەو هۆڵانە بەلایانەوە ناچن! دیدى من وایە ئیدى لەمەودوا لە ساڵڕۆژى ئەم بۆنەیەدا لە برى ئەم بێڕێزییانە، بێدەنگ بن و هیچ نەڵێن و هیچ نەکەن شەرەفمەندانەترە!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples