لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا "تێریزا مەى، سەرۆکوەزیرانى بریتانیا"، بڕیاری دا وەزارەتێکى تایبەت بە ناوى "وەزارەتى تەنیایى" دابمەزرێنێ. بۆ ئەم مەبەستەیش خانمێکى بۆ قبووڵکردنى ئەم وەزارەتە بە ناوى "تراسى کراوتش"ى تەمەن 42 ساڵى ڕاسپارد. ئهو لە دەستپێکى قبووڵکردنى وەزارەتە نوێیەکەیدا ڕای گەیاند کە شانازى دەکەم ڕۆڵم هەبێ لە لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنى گرفتێکى ئازاربەخش و ئاڵۆزى وەک "گرفتى تەنیایى"، کە توێژ و چینەکانى وڵاتەکەم پێوەى دەناڵێنن.
ڕۆژنامەى "گاردیان"ى بریتانى و دواتریش چەندین ئاژانسى دیکەى هەواڵى جیهانى، بایەخى دامەزراندنى ئەم وەزارەتە نوێیەیان کردە مانشێتى سەرەکى. دامەزراندنى ئەم وەزارەتە نوێیە دەرەنجامى پێشکەشکردنى ڕیسێرچێکى قووڵ و وردى لیژنەى "جوکۆکس" بوو کە پێشکەشى سەرۆکوەزیرانی بریتانیاى کردووە. یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانى ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە خستنەڕووى داتایەکى ڕاستەقینە سەبارەت بە گیرۆدەبوونى 9 ملیۆن هاووڵاتیى دانیشتووى بریتانى بەدەست گرفتى تەنیایییەوە.
ئایا گرنگە حکوومەتەکان لە دۆخى سایکۆلۆژیى تاک بکۆڵنەوە؟
هەستکردن بە "تەنیایى"، بە یەکێک لە گرفتە سایکۆلۆژى و کۆمەڵایەتییەکانى مرۆڤى ئەم چەرخە دادەنرێت، کە بۆتە سەرئێشەیەکى گەورە بۆ خودى مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگە و حکوومەتەکان؛ لەوپەڕى کۆمەڵگە داخراوەکانەوە تا ئەوپەڕى کۆمەڵگە کراوە و هاوچەرخەکان. چەمکى "تەنیایى" زێدەتر چەمکێکە لە لایەن عەوامى خەڵکەوە گوزارشتى لێ دەکرێ، ئەگەرنا ڕوانگەى زانستى کۆمەڵناسى و کۆمەڵناسان بۆ چەمکى "تەنیایى" لە چوارچێوەى چەمکێکى زانستیانەتردا دەسووڕێتەوە، ئەویش پێى دەگوترێ "نامۆیى/ الاغتراب/ Alienation".
بەشێک لە کۆمەڵناسان و بەتایبەتى هیگڵ و مارکس و ئەمیل دۆرکهایم و کارل مانهایم و بەشێکیش لە دەروونناسان و لەناویشیاندا زیگمۆند فرۆید و ئیریک فرۆملەبارەى چەمک و مانا و دۆخى نامۆیى، ڕوانگەى زانستییانەى ناچۆنیەکیان خستۆتە ڕوو، کە ڕەنگە توێژینەوەیەکى گەرەک بێ بۆ شۆڕبوونەوە بۆ ناو دۆخى سەرهەڵدانى نامۆیى و دەرکەوتە و ئاراستە و لق و فۆرمەکانى، بەڵام گرنگە بەسادەیى مەغزا و کرۆکى نامۆیى بخەینە ڕوو بۆ ئەو خوێنەرانەى کە دەیانەوێ بەخێرایى و بەپوختى لە نامۆیی تێ بەگەن.
مرۆڤى نامۆ کێیە؟
مرۆڤى نامۆ مرۆڤێکە هەست بە بارودۆخێکى دەروونیى تێکشکاو دەکات؛ هەست دەکات کەسێکى بێتوانا و دەستوپێسپى و هیچلەباردانەبووى مشەخۆرە. هەندێ جاریش نامۆیهکان هەست دەکەن کە توانا و لێهاتوویییان لە ئاستێکى بەرزدایە و لە توانایاندایە کارى زۆر ناوازە ئەنجام بدەن، بەڵام لە بارودۆخێکى کۆمەڵایەتیى سنوورداردا خول دەخواتەوە و ڕێز لە تواناکانیان ناگیرێ و هەست بە پەراوێزخستنى خۆیان دەکەن لە لایەن ئەوانی دیکەوە. نامۆیەکان لە ئاست لووتبەرزیى ئەوانی دیکەدا ڕووبەڕووى کۆمەڵێک لێکەوتەى خەتەرناک دەبنەوە کە زۆرینەى جاران ئەقڵمان بە بەشێکى ئەو لێکەوتانە ناشکێ کە نامۆیى بۆ مرۆڤەکانى دەهێنێتە کایەوە.
ئەوەتا "نامۆیى" ڕەوشێکى هێندە مەترسیدار دەخوڵقێنێ، وا دەکات "خۆکوژى" ببێتە یەکێک لە لێکەوتەکانى. لەو دیراسە مەیدانییانەى کە لە ڕابردوودا لە هەرێمى کوردستان ئەنجام دراون، بەتایبەت سازدانى چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو کەسانەى هەوڵى خۆكوشتنیان داوە و بەر لە مردنیان ئەو ئەنجامەى بۆ پشتڕاست کردووینەتەوە کە زۆرینەى پاڵنەرەکانى هەوڵدان بۆ خۆکوژى، هەستکردن بووە بە نامۆیى و کە لەناویدا خولانەوە بووە لەناو بازنەیەکى داخراوى تەنیایى و لووتبەرزى و پشتتێکردنى نزیکترین کەسەکانى دەرووبەرى خۆى و زۆرینەى کۆمەڵگە.
جا ئەو کردە خۆکوژییانەى کە پیاوان لە هەرێمى کوردستاندا ئەنجامیان داوە، هەمان ئەو پاڵنەر و فاکتەر و تەنانەت ئەو دەرەنجامانەیش نین کە وای لە ژنان و کچان کردووە پەنا بۆ خۆکوژى ببەن. لەگەڵ ئەوەى کە بارودۆخ و پاڵنەر و دەرەنجامەکانیان جیاوازن و وەک یەک ناچن، بەڵام لە خاڵێکدا هەردووکیان دەگەنەوە بە یەکترى، ئەویش پاڵنەرێکى هاوبەش وای لێ کردوون ژیانى خۆیان لەسەر زەوى بسڕنەوە، ئەویش بارودۆخ و پاڵنەرى "هەستکردن بە نامۆیی" بووە.
ئەوەى پێویستە بگوترێ:
چەندە بۆ کۆمەڵگەیەکى لەپێشى وەک کۆمەڵگەى بریتانی گرنگە حکوومەتەکەى خۆى بکات بە بەشێک لە چارەسەرى دۆخى سایکۆلۆژیى تاکەکانى، بایەخدان و نزیکبوونەوە و لێپێچینەوە لە دۆخى سایکۆلۆژى و کۆمەڵایەتیى تاکەکان لە کۆمەڵگەى ئێمەدا سەد هێندە گرنگترە، چونکە کۆمەڵگەى بریتانی بەپێى دوایین ئامارى دانیشتووانى کە لە ساڵى 2016 ئەنجام دراوە، لە کۆى 67 ملیۆن و 96 هەزار کەس، تەنیا 9 ملیۆنى بەدەست گرفتى "نامۆیی"یەوە بناڵێنێ، ئەوا کۆمەڵگەى ئێمە بە هۆى قەیرانى سیاسى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، خزمەتگوزارى، سەربازى و دەیان قەیرانى جۆراوجۆرى دیکە زۆرینەى دانیشتووانەکەى ڕووبەڕووى ڕەشبینیى سەرتاپاگیربۆتەوە. ئەو ڕەشبینییه سەرتاپاگیرە"یش کە لە خاڵێکدا جووڵەى کردووە کە لە خاڵى هەستکردن بە نامۆییی خودییەوە بووەتە گرفتى زۆرینەى کۆمەڵگە. بۆیە تا ئیرادەیەکى سیاسیى بەهێز دروست نەبێ بۆ ئەوەى تاک هەست بکات دەسەڵاتى سیاسیى خۆى بە بەشێک لە کێشە خودییەکانى دەزانێ، کێشە سایکۆلۆژى و ڕووداوە ئازاربەخشە کۆمەڵایەتییەکان تا دێ تێکچڕژاوتر دەبن؛ بە ئاستێک ڕۆژ نییە مانشێتى هەواڵى خۆکوژییەکان نەخوێنینەوە، بێ ئەوەى موچوڕکەیەکیش بە جەستەماندا بێ!