چى بکەین تا ڕووبەڕووى خۆکوژى ببینەوە؟

بەشى سێیەم و کۆتایى

ئەم وتارەم لە دوو بەشەوە درێژ کردەوە بۆ سێ بەش، لەبەر ئەوەى داتا فەرمییەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەگەر بەراوردى ژمارەى مردنى تاکەکان بکەین لە نێوان هەموو ئامراز و هۆکار و شێوازەکاندا "جگە لە مردنى ئاسایى"، لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردووى سەرتاسەرى هەرێمى کوردستاندا هۆکارى "خۆکوشتن"ى هەر دوو ڕەگەزى "ئافرەت و پیاو" لە کۆى شێواز و ئامرازەکانى دیکەى مردن زیاتر بووە.

لە بەشى یەکەم و دووەمى ڕابردوودا چەمکى خۆکوژیم بە شێوەیەکى زانستییانە ناساند و بەراوردى خاڵە جیاکەرەوەکانى نێوان "خۆکوشتنى پیاوان و خۆکوشتنى کچان و ژنان"م کرد؛ دواتر داتا فەرمییەکانى پەیوەست بەم تاوانە و هەندێ دەرەنجامى وردیشم بە خاڵ شی کردەوە؛ هەروەها  وەڵامى ئەو پرسیارەیشم بە شەش خاڵ دایەوە کە ئایا لە پاڵ ئەو هەموو خوێنەى ساڵانە لە جەستەى ژنان و پیاوانى هەرێمى کوردستان دەڕێژرێ، بۆچى ئەم دۆسیەیە خراوەتە ژێرى ژێرەوەى دۆسیەکانى دیکەوە؟!

لە بەشى سێیەمیشدا کە دوا بەشى وتارەکەمە، بە گرنگى دەزانم باس لەو دەرچە و میکانیزمانە بکەم کە یارمەتیمان دەدات تا ئەم گۆمى خوێنەى ساڵانە دەڕێژرێ، بە پاڵنەرى گوشارى کۆمەڵایەتى کەمى بکەینەوە.

لەسەر ئاستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن (حکوومەت):

دروستکردنى دەستەیەکى باڵا لەسەر ئاستى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، بۆ گفتوگۆ و دواتر ئامادەکردن و نووسینەوەى ستراتیژێکى فرەڕەهەندى نیشتمانى، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕووداوەکانى خۆکوشتنى هەر دوو ڕەگەز. لەم دەستە باڵایەدا زۆرینەى ئەو لایەن و بوار و پسپۆرییانەى تێدا جێ بکرێتەوە کە دەتوانن ڕۆڵى کردەیى لە چارەسەرى ئەم دۆسیەیە ببین.

ڕاگەیاندنى هەڵمەتێکى سەرتاسەرى، بە ئاراستەى گێڕانەوەى هیوا و گەشبینى بۆ ئەو کارەکتەرانەى کە تا ئێستا خۆیان نەکوشتووە؛ واتا کۆى هەڵمەتەکە بۆ ڕاگرتنى ڕووداوەکانى خۆکوژى بێ. ئەم هەڵمەتە سەرتاسەرییە بکرێتە بڕیار و، بگشتێنرێ بۆ ئەو دامەزراوە فەرمییانەى کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان دامەزرێنراون.

- ساڵانە گوژمەیەکى زەبەلاحى ماددى لە ڕێگەى ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ دامەزراوە تایبەتمەندەکانى حکوومەت تەرخان دەکرێت. پێویست دەکات گوژمەى یەک ساڵى زۆرینەى ڕێکخراوە بەخشەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕووداوەکانى خۆکوژى تەرخان بکرێ. ئەم بڕیارەیش پێویستە لە سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیرانەوە بۆ دامەزراوەکانى خوارەوە دەربچێت، لەگەڵ تێگەیاندنى ناوەندە نێودەوڵەتییە بەخشەرەکان لە گەورەیى و هەستیاریى ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە.

- دەسەڵاتى جێبەجێکردن، لەسەر ئاستێکى بەهێزى باڵا دۆسیەیەکى تایبەت بخاتە ژێر فۆکەسى لێکۆڵینەوە و بایەخپێدانەوە. ئەم دۆسیەیەیش بریتى بێ لە کۆى ئەوتۆمەتبارە داواکراوانەى کە بە تاوانى هاندان، یان پاڵنەرى خۆکوژەکان لە لایەن دادگه‌کانەوە داوا کراون و دەستگیر نەکراون.

- ئێستا کاتیەتى سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران، دەست بکات بە دروستکردنى هەم "گۆڕانکارى"، هەمیش "چاکسازى" لەو دامەزراوانەى کە ئەرکیان دابینکردنى ئاشتەواییی کۆمەڵایەتى و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەى تۆمەتباران و تاوانبارى پشتى تاوانەکانى کوشتن و خۆکوشتنى هەر دوو ڕەگەزەکەى کۆمەڵگەن.

لەسەر ئاستى دەسەڵاتى یاسادانان (پەرلەمان):

- هەموارکردنەوەى بەندى (408) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (111)ى ساڵى 1969"، کە تایبەتە بە ڕووداوى خۆکوشتن. کەموکوڕیى ئەم بەندە یاسایییە وای کردووە، کە هیچ کەس بە پاڵنەرى خۆکوشتنى کەسانى دیکە ڕووبەڕووى سزاى یاساییى توند نەبنەوە. هەر بۆیەیشە لە ئێستا بەندیخانەکان خاڵین لەو کەسانەى هانى خۆکوشتنى کەسانى دیکەیان داوە!

- لە هەموارکردنەى یاساى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژیى خێزانى "کە بڕیار وایە لە خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستاندا چاوێکى ورد بە بەند و بڕگەکانیدا بخشێنرێتەوە"، پێویست دەکات بایەخ بە ڕووداوەکانى خۆکوشتن بدرێت و، لەم یاسایەیشدا جێگەى بۆ بکرێتەوە.

- ئێستا کاتى ئەوەیە پەرلەمانى کوردستان بە هێزى یاسا ئەم هەموو بێسەروبەرییە ڕێک بخاتەوە کە لە پرۆگرام و دراما و بابەتە میدیایییەکاندا ساڵانێکە قسەى لێ دەکرێ، بێ ئەوەى هیچ یەکێک لەو قسە و ڕەخنانە جێى خۆى گرتبێ؛ ئەگەریش ناتوانن بە دەرچوواندنى یاساى نوێ میدیاکان ڕێک بخەنەوە، ئەرکى پەرلەمانى کوردستانە گوشار بخاتە سەر "وەزارەتى ڕۆشنبیرى" تا لە ڕێگەى دەرکردنى "ڕێنمایى" پەنجە لەسەر گرفتە جەوهەرییەکان دابنێ و مەرجى توند و سزاى توندیش دیارى بکات بۆ هەر دەزگه‌یەکى میدیایى کە لەسەر ئاشتەواییى کۆمەڵایەتى و خێزانى، ڕۆڵى نێگەتیف دەگێڕن.

لەسەر ئاستى زانکۆکان:

- هانى قوتابیانى خوێندنى بەکالۆریۆس و خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بدرێ، تا لە ناونیشان و ناوەرۆکى توێژینەوەکاندا فۆکەس لەسەر بابەتى " خۆکوشتن " بکرێ.

- زانکۆکان لە دەرەوەى خوێندنى تیۆرى و گوتنەوەى میتۆدى وشکى زانستى، خۆیان بکەن بە بەشێک لە چارەسەر و ڕووبەڕووبوونەوەى گرفت و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى دەرەوەى دیوارى کۆلێژەکانیان؛  زەمینەى زیاتر خۆش بکەن بۆ هاتنەناوەوەى دامەزراوە حکوومییەکانى دیکە کە لە بوارى ئاشتەواییى کۆمەڵایەتیدا کار دەکەن؛ هەروەها ئاسانکارى و هەماهەنگیى زیاتر بکەن بۆ بڵاوکردنەوەى ڕێنمایى و هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵایەتى لە لایەن ڕێکخراو و ناوەندەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى.

- گرنگە زانکۆکان ساڵى جارێک کۆنفرانسى زانستیى نیشتمانى ئامادە بکەن بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆى ئەو کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییانەى کە ئاسایش و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتییان خستۆتە ناو مەترسى و هەڕەشەیەکى گەورەوە.

- ئیدى کاتى ئەوەیە "توندوتیژیى کۆمەڵایەتى و خێزانى، ڕووبەڕووبوونەوەى خۆکوژى، ئاسایشى کۆمەڵایەتى" لە تەوەرى سمینارەکانەوە بکرێن بە "میتۆدى خوێندن"؛ یان هیچ نەبێ ناوەندى ئەکادیمیى تایبەتیان بۆ دابمەزرێنرێ بۆ ئامادەکردنى Treainer (ڕاهێنەر)ى تایبەت بەم پسپۆڕییانەى سەرەوە. لەم بوارەیشدا "زانکۆى کۆیە" لەمساڵدا ناوەندێکى تایبەتى بە بوارى "ڕاهێنان" تەرخان کردووە و سەرەتایەکى باشیان دەست پێ کردووە.

پوختەى هەر سێ بەشى وتارەکەم:

جگە لەم دامەزراوانەى کە لە سەرەوە ڕۆشناییمان خستە سەریان، چەندان دامەزراوە و بوارى دیکەیش هەن کە "ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ" کاریگەریى نێگەتیڤیان هەبووە و هەیە لەسەر تەشەنەکردنى ڕووداوەکانى خۆکوژى. بەشێکیشان ئەگەر ڕۆڵى نێگەتیڤیشیان نەگێڕابێ، بێهەڵوێستییان و هەڵنەستان بە ئەرکى پیشەیییانەى خۆیان وای کردووە، کە ئاستى ڕووداوەکان نەک نەیەنە خوارەوە، بەڵکوو تا دێ بەرەو ئاڵۆزبوونى زیاتر هەڵبکشێن. بۆ نموونە ئەگەر "ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگه‌ى مەدەنى" یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکەى خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن کە بریتییە لە "دروستکردنى گوشار لەسەر دامەزراوە جۆربەجۆرەکان"، پێم وایە لەگەڵ هەر ڕووداوێکى خۆکوژیدا دەیانتوانى وا بکەن کە دامەزراوە تایبەتمەندەکانى لێکۆڵینەوە ناچار بکەن هەر یەک لە دۆسیەکان بایەخى زیاتریان پێ بدرێ و، جددیتر بن لە دیاریکردنى چارەنووسى ئەو تۆمەتبارەى کە ڕۆڵى هەبووە لەوەى کەسێک وا لێ بکات لە ڕێگەى خۆکوشتنەوە کۆتایى بە ژیانى خۆى بێنێت.

یاخود ئەگەر "گوتاربێژانى ئایینى" لە  گوتارى ڕۆژانى هەینیدا مانگى یەک جار جەختیان لەسەر ڕێزگرتن لە ڕەگەزى ژن و کچ و خوشک و دایکى نوێژکەرەکانى ناو حەرەمى مزگەوتەکان کردبایەوە، پێم وایە ژمارەى خۆکوژەکان لەو ئاستە مەترسیدارەى ئێستا کەمتر دەبوو. لە لایەکى دیکەوە ئەگەر دەزگه‌ى "داواکارى گشتى" هەر لە دوورەوە دەزگه‌یەکى تەماشاکەر نەبووایە و خۆى بە خاوەنى ئەو دۆسیانە زانیبا کە تا ڕاددەیەک بێخاوەن ماونەتەوە، ئێستا دۆخەکە بەو شێوەیەى ئێستا تێکچڕژاو نەدەبوو.

جێگەى داخێکى گەورەیە کە بەگشتى دۆسیەکانى تاوانە کۆمەڵایەتییەکان خراونەتە ژێرى ژێرەوەى دۆسیەکانى دیکەوە. ئەم پشتگوێخستنە بە ڕاددەیەک مەترسیدارە کە پێشبینى دەکرێ ئاستى تاوانەکانى "کوشتنى پیاوان و ژنان، خۆکوشتنى پیاوان و ژنان، خۆسووتاندن، تەڵاق و لێکجیابوونەوە، ڕاکردنى ژنانى هەڕەشەلێکراو و هتد" تا دێ بەرزتر ببێتەوە. ئەگەر لێرەوە فریا نەکەوین، وای لێ دێ ئاگرى ئەم دۆخە خوێناوییە کۆمەڵایەتییە، پریشکى بەر خۆمان و خێزانەکانى زۆرینەمان بکەوێت!

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples