نەوزاد ھێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
لە چوار ساڵی سەرۆكایەتیی "ترامپ"دا، بە شێوەیەكی گشتی زیاتر ئاراستەی سیاسەتەكانی بریتی بووە لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەتە تاكڕەو و دیكتاتۆرەكان و چاوپۆشیكردن لە پێشیڵكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتە دۆست و دوژمنەكانییەوە. ئێستا لەسەردەمی بایدن ئەم ھاوكێشەیە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. لە كاتێكدا ترامپ ھیچ گرنگییەكی بە بەھا و پرسەكانی دیموكراسی، مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین نەدەدا و بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەكردهوه كە ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی یەكەم دەبێت و ھەر لەو ڕوانگەیەیشەوە مامەڵەی لەگەڵ دەوڵەتەكان دەكرد و لەپێناوی دیموكراسی یان مافی مرۆڤ دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆیان نهدهكرد. لە لایەكی ترەوە، بایدن لە ڕۆژی دەستبەكاربوونییەوە جەختی لەسەر ئەوە كردۆتهوه كە پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەبێتە یەكێك لە فاكتەرە گرنگەكانی ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا.
بایدن لە كاتی پێشكەشكردنی گوتارێك بۆ دیپلۆماتكارەكانی ئەمریكا لە وەزارەتی دەرەوە لە ٤ی شوباتی ٢٠٢١، جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئیدارەكەی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكی، گرنگیی زیاتر بە پرسەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەدات و، گوشار دروست دەكات بۆ ئەوەی دەوڵەتان ڕێز لەو پڕهنسیپانە بگرن. لەم چوارچێوەیەدا، بایدن جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئەمریكا بەرگری لە ئازادی و پڕهنسیپە جیهانییهكانی مافەكانی مرۆڤ دەكات و ڕووبەڕووی ئەو ھەوڵانە دەبێتەوە كە بهنیازه سیستهمی تاكڕەوی و دیكتاتۆری لە جیھان پەرە پێ بدات؛ لەوانەیش ھەوڵەكانی دەوڵەتی چین كە ڕكابەری سەرەكیی ئەمریكایە. ھەروەھا جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئەمریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتە دیموكراتە ھاوپەیمانەكانی بەھێزتر دەكات و پێكەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەكان دەبنەوە.
لێرەدا، دەكرێت بڵێین كە پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ خاڵێكی گرنگ دەبێت لەو سیاسەتەی كە بایدن ناوی لێ ناوە ئەمریكا دەگەڕێتەوە (America is back). بە واتایەكی تر، گەڕانەوەی ئەمریكا لە ڕوانگەی بایدنەوە، دووبارە گەڕانەوە وگرنگیدانە بە دیموكراسییەت و پرسەكانی مافی مرۆڤ لە سیاسەتی دەرەوەدا. بۆیە، لە یەكەم ھەنگاودا ئەمریكا بڕیاری دا بە شێوەیەكی خێرا و بەھێز، بگەڕێتەوە بۆ نێو ڕێكخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ساڵی ٢٠٠٦ بۆ چاودێریكردن و لێكۆڵینەوە لەو پێشێلكارییانهی كە دەوڵەتان دەرھەق بە مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدەن دامەزراوە. ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ لەو ڕێكخراوە كشایەوە، بە بیانووی ئەوەی ڕێكخراوەكە لایەنگریی فەلەستینییەكان دەكات و دژی ئیسڕائیلە. بە ھەمان ئاراستەیش، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەی كرد كە وەزارەتەكەی ڕاسپاردووە كە بەوردی چاودێریی ھەموو ئەو دەوڵەتانە بكات كە مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن، دژی ئازادی ڕادەربڕینن و نووسەران و چالاكڤانان زیندانی دەكەن.
ئیدارەی بایدن؛ پرسی دیموكراسییەت و مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا
لەوهتەی بایدن ھاتووەتە سەر دەسەڵات، پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دیسان بووتە ڕۆژەڤی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و كاریگهریی ڕاستەخۆی ھەیە لەسەر ھەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر دەوڵەتانی ناوچەكە. لەم ڕووەوە، ئیدارەی بایدن سەبارەت پێشیلكاڕییەكانی مافی مرۆڤ گوشارەكانی لەسەر ڕووسیا زیاتر كردووە و، داوای لەو وڵاتە كردووە ڕێز لە پڕهنسیپ و بنەماكانی دیموكراسییەت بگرێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەمریكا داوای لە ڕووسیا كردووە بە زووترین كات Alexei Navalny ئازاد بكا كە بەھۆی دژایەتیكردنی گەندەڵی و ڕخنەگرتن لە پووتین و دەسەڵاتەكەی لە ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ لەلایەن دەزگه ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراوە. لە نوێترین لێدوانیشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد، كار و كردهوەكانی ڕووسیا بۆ كوشتن و لەناوبردنی كەسە نەیارەكان و زیندانیكردنیان باجی دەبێت.
گوشارەكانی ئیدارەی بایدن تەنیا بۆ سەر دەوڵەتە نەیارەكانی ئەمریكا نییە، بەڵكوو دەوڵەتە دۆستەكانیشی خستووەتە ژێر گوشارە. لە كاتێكدا ئەمریكا و سعوودیا پەیوەندییەكی ستراتیژییان ھەیە، بەڵام لە ھەمان كاتیشدا ئەمریكا ڕخنەی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سعوودیا كردووە سەبارەت كوشتنی جەمال خاشقچی و بەئامانجكردنی خەڵكی سڤیل لە یەمەن. لەم ڕووەوە، لە ھەنگاوەێكی گرنگدا، ئیدارەی بایدن كۆتاییی بە پاڵپشتییەكانی ئەمریكا بۆ سعوودیا هێنا لە جهنگی دژی حووسییەكانی یەمەن و، جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئەمریكا ڕێگە نادات سعوودیا چەكەكانی ئەمریكا یاخود یارمەتییە ھەواڵگهرییەكانی بۆ بەئامانجكردنی خەڵكی مەدەنی و شوێنە گشتییەكان لە یەمەن بەكار بهێنیت. بە ھەمان ئاراستەیش، ئەمریكا فرۆشتنی چەك بە سعوودیای سنووردار كردووە.
لە ھەنگاوێكی دیكەدا، سەبارەت پرسەكانی مافی مرۆڤ و كوشتنی ڕۆژنامەنووسان، ئەمریكا ڕێگەی دا كە دەزگه ھەواڵگەرییەكانی ئەمریكا ڕاپۆرتی تایبەت بە كوشتنی جەمال خاشقچی بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن. لە دوای ئاشكراكردنی ڕاپۆرتەكەیش، لە ٢٦ی شوبات، ئەمریكا نزیكەی ٧٦ كەس كە بەرپرسەكانی عەرەبستانی سعوودی كە دەستیان ھەبووە لە كوشتنی خاشقچی لە ساڵی ٢٠١٨، ھەروەھا كاریان كردووە بۆ دژایەتیكردن و ھەڕەشەكردن لە چالاكڤانان و یاخود كاریان كردووە بۆ دژایەتیكردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ئەنجامدانی چالاكیی سیاسی، خراونەتە لیستی ڕەشەوە و قەدغەی پێدانی ڤیزە خراوتە سەریان. بە ھەمان ئاراستەیش، لە دوا ھەنگاویدا ئەمریكا "محهمهد بن سەلمان"، جێنشینی پادشای سعوودیای تۆمەتبار كرد بەوەی، دەستی لە كوشتنی ڕۆژنامەنووس خاشقچیدا ھەبووە. ئەمە لە كاتێكدا بووە كە لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ، ئەمریكا بە ھەموو شێوەیەك پاڵپشتیی دەسەڵاتدارانی سعوودیای دەكرد.
بە ھەمان ئاراستەیش، لە كاتێكدا لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لە نێوان ئەردۆغان و ترامپدا ھەبووە، سیاسەتی بایدن تا ڕاددەیەك گۆڕانی بەسەردا ھاتووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پرسەكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە ھەیە. لە سەردەمی ترامپ، توركیا سەبارەت پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ، زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووس و كەسایەتییە سیاسییەكان، دژایەتیكردنی ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ھەنگاونان بەرەو تاكڕەوی، كەمترین ڕخنەی لێ گیراوە. نەك ھەر ئەمە، بەڵكوو زۆر جاران ترامپ بە كەسایەتیی ئەردۆغان سەرسام بووە و بە كەسێكی بەھێز ناوی بردووە. بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا ئەو گەرموگوڕییە لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیادا نەماوە و بایدن گوشارەكانی زیاتر كردووە بۆ ئەوەی توركیا ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ و پڕهنسیپەكانی دیموكراسییەت بگرێت.
لەژێر گوشارەكانی ئیدارەی بایدن و یەكێتیی ئەوروپادا، ئەردۆغان لە ٢ی ئاداری ٢٠٢١ پلانێكی كردەییی بۆ بەھێزكردنی پرۆسەی دیموكراتی و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ ڕاگەیاند. ئەردۆغان بەڵینی دا كە ڕێز لە بیر و بۆچوونی جیاواز دەگرێت و یاسا سەروەر دەكات. زۆربەی چاودێران باسی ئەوە دەكەن ئەم ھەنگاوەی توركیا بۆ كەمكردنەەی گوشارەكانی ئیدارەی بایدن و یەكێتیی ئەوروپا بووە. تەنانەت دەوڵەتێكی وەك میسر دوای ٤ ساڵ لە زیندانیكردنی ڕۆژنامەڤانێكی ئەلجەزیرە بە ناوی "محهمهد حسێن"، بە شێوەیەكی لەناكاو ڕۆژنامهنووسی ناوبراوی ئازاد كرد. زۆربەی چاودێران باسی ئەوە دەكەن كە میسر ترسی لە گوشارەكانی بایدن ھەبووە. بۆیە ئەم ھەنگاوە بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا لە ئاستێكی باشدا بھێڵێتەوە.
ئیدارەی بایدن؛ پرسی دیموكراسی و ھەرێمی كوردستان
ھاتنی ئیدارەی بایدن بۆ سەر دەسەڵات، دەرفەتێكی زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا زیاتر بەرەو پێشەوە ببات و پاڵپشتیی زیاتری ئەمریكا دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی ھەم پێگەی ھەرێم بەھێز بكات و ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ببێتەوە، ههمیش گوشار لەسەر بەغدا دروست بكات بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكات. بەتایبەت بایدن كەسێكە پەیوەندیی باشی لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێم ھەیە و ھاوسۆزە لەگەڵ پرسی كورد. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ ھەرێم بەخۆڕایی نییە و نابێت. بۆ ئەوەی ئەو پاڵپشتییەی ئەمریكا لەدەست نەدەین، زۆر گرنگە بەرپرسانی ھەرێم لە ئاراستەكانی نۆێی سیاسەتی ئیدارەی بایدن تێ بگەن و بزانن ئەمریكا چیی دەوێت و چیی ناوێت لە كورد. دەبێت سیاسەتێك بگرێتە بەر كە لەگەڵ سیاسەتی ئیدارەی بایدندا ھاوئاراستە بێت.
گومانی تیدا نییە كورد و ئەمریكا بەرژەوەندیی ھاوبەشی زۆریان ھەیە لە عێراق و ناوچەكەدا، لەوانە جهنگی دژەتێرور، پرسی سەقامگیری و پاڵپشتیكردنی عێراقێكی دیموكراسی و فیدڕاڵ و كەمكردنەوەی ھەڕەشەی گرووپە میلیشیاكان. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە فاكتەری ھەرە بەھێز كە كورد و ئەمریكا پێكەوە گرێ دەدات، پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ بووە. كورد بەوە ناسراوە كە گەلێكی ستەمدیده و ژێردەستە بووە و، تووشی جینۆساید و قڕكردن ھاتووە. ھەر ئەمەیش وای كردووە ئەمریكا بەھانای كوردەوە بێت. ئەم ھەرێمەی كە ئێستا ھەیە، ھۆكاری دروستبوونی، دەگەڕێتەوە بۆ پرسەكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ. واتە ھۆكاری لەدایكبوونی ئەم ھەرێمە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پرسەكانی مافی مرۆڤەوە ھەبووە. ئەگەر مەسەلەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ نەبووایە، بەدڵنیایییەوە شتیك نەدەبوو بە ناوی ھەرێمی كوردستان. ھەموومان ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكامان لە ساڵی ١٩٩١ لەبیره، كە جەختی لەسەر ئەوە كردهوه ئێمە تەنیا بۆ دوو شت لێرەین: یەكەم، ههلی ئهوه دهڕهخسێنین ئەم خەڵكە كە ئاوارە بووە، لە برسێتی و سەرما نەمرێت و، دووەم مەبەستمانە ناوچەیەكی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئەم خەڵكە دروست بكەین. دواتریش ھەر ئەم فاكتەرە بووە ھاندەری سەرەكی كە ئەمریكا و دەوڵەتە ئەوروپییهكان ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دروست بكەن كە دواتر ھەرێمی كوردستانی ئێستای لێ كەوتەوە.
لە دوای ٢٠٠٣ بەردەوام ھەرێمی كوردستان بەوە ناسراوهتهوه كە ھەرێمێكی سەقامگیر و دیموكراسییە بە بەراورد لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە و ژینگەیەكی ئارامە بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەیی، ئایینی و مەزھەبی. تەنانەت ھەرێم ناوی دەركردبوو بەوەی كە عێراقێكی دیكەیە (other Iraq). بۆیە، بەردەوام پرسی دیموكراسی، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و مەسەلەكانی مافی مرۆڤ خاڵێكی بەھێزی ھەرێم بووە لەناو عێراقێكدا كە پڕ بووە له توندڕەویی ئایینی، تائیفی، نەتەوەیی و گرووپە توندڕەوەكان و، تاكوو ئێستا ھزاران كەس بەھۆی ئینتیمای نەتەوەیی، تائیفی، ئازادیی بیر و ڕا و ئینتیمای سیاسی ھەڕەشیان لێ دەكرێت و دەكوژرین. لەبیرمان نەچێت، كاتێك داعش ئاراستەی ھێرشەكانی بەرەو ھەولێر گۆڕی، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، ئۆباما، كە بەھانای كوردهوە ھات، لێیان پرسی بۆچی بەخێرایی بۆ پاڵپشتیكردنی كوردەكان ھاتییە سەرخەت؟ لە وەڵامدا ئۆباما گوتی: "ھەرێمی كوردستان تاكە ناوچەیەكە كە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی تێدا بەرقەرارە لە عێراقدا و، ھەرێمێكی تا ڕاددهیهك دیموكراسییە. بۆیە، نەماندەویست ئەو ناوچەیە كە تاكە ئومێدی ئێمە بووە، لەناو بچێت."
كەواتە، ھۆكاری دروستبوونی ئەم ھەرێمە و بەردەوامیی پاڵپشتیكردنی لەلایەن ئەمریكا و كومەڵگهی نێودەوڵەتییەوە زیاتر بەھۆی پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە بووە. بەرپرسانی ھەرێم نابێت پشت لەو پڕهنسیپانە بكەن كە ھۆكارێكی سەرەكی بوون بۆ دروستبوون و بەردەوامیی بوونی ئەم ھەرێمە. دیموكراسییەت و پرسی مافەكانی مرۆڤ كارتێكی بەھێزی دەستی كوردن بۆ ئەوەی ھەرێمەكە بپارێزێت و پاڵپشتیی ئەمریكا و دەوڵەتانی دەرەوە بەدەست بهێنێت. تا چەند ھەرێم دیموكراسیتر بیت، ئازادیی ڕادەربڕین بەھێز بێت، دادگهكان سەربەخۆ بن و بەسیاسی نەكرێن، دژایەتیی گەندەڵی بكرێت، دامەزراوەكان بەھێز و بەدامەزراوەیی بكرێن، یەك زۆن و یەك ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش ھەبێت، ئەوەندەیش پێگەی ھەرێم بەھێزتر دەبێت و ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانیش زیاتر پاڵپشتیی كورد دەكەن.
گومان لەوەدا نییە لە كوردستان تا ڕاددەیهكی باش دیموكراسییەت، فرەیی، ڕێزگرتن لە ئازادیی بیر و ڕا ھەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم ھەرێمە بەدەر بێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. ساڵانە دەبینین كە بەردەوام لەلایەن ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانهوە ڕهخنە لە ھەرێم دەگیرێ و باسی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەكرێ و، ئەم ڕهخنانە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونن. بۆیە، كاتی ئەوە ھاتووە بەرپرسانی ھەرێم ھەوڵێكی زۆر جددی بدەن بۆ زیاتر ڕێزگرتن و پاراستنی مافی مرۆڤ، بەھێزكردنی پرۆسەی دیموكراسی، بەھێزكردنی دامەزراوەكان، دژایەتیكردنی گەندەڵی، كۆتاییهێنان بە فرەزۆنی و، یەكخستنی ھێزە سەربازییەكان. دەبێت ھەرێم ھەموو ھەوڵێك بدات كە دادگهكان سەربەخۆ و شەفاف بن و ڕێگە نەدات ئەو دامەزراوانە بۆ مەرام و بەرژەوەندیی كەسێك یان لایەنێك بەكار بهێنرین یان بەسیاسی بكرێن و، كاری جددی بكەن بۆ ئەوەی لە كوردستان یاسا سەروەر بێت.
دەبێت حكوومەتی ھەرێم بەداواداچوونی جددی بكات بۆ ئەو پێشێلكارییانەی كە ڕێكخراوە نێودەوڵهتییەكان باسی دەكەن. بەتایبەت وەك ئاماژەمان پێ كرد، ئێستا ئیدارەیەك لە واشنتۆن ھەیە، لە سیاسەتی دەرەوهیدا زۆر گرنگی بە ڕەھەندی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەدات و زۆر بەوردی لە ڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەو ناوەندانەی كە لە ھەرێم و عێراقدا ھەن چاودێریی ئەو پرسانە دەكەن و بەدڵنیایییەوە ئەمریكا ئاگادارە لە ھەموو كەموكورتییانەی كە لە ھەرێمدا ههن. نابێت كارێكی وەھا بكرێت كە پرسی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ وەك كارتێك دژی ھەرێم بەكار بهێنرێت یان ببێتە ھۆكاری لەدەستدانی پاڵپشتیی دەرەكی. بەپێچەوانەوە، دەبێت كارتێكی ھەرە بەھێزی دەستی ھەرێم بێت بۆ ڕاكێشانی پاڵپشتیی زیاتری ئەمریكا و دەوڵەتە ھاوپەیمانەكان.