نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرانبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بریتانیا. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
بە گوێرەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان ئەمریكا و عێراق، بڕیار وایە لە 31ی دێسەمبەری 2021 ئەمریكا ھێزە شەڕكەرەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە و تەنیا ھێزە ڕاوێژكارەكانی دەمێننهوه. بەرپرسانی ئەمریكا سەبارەت بەم ھەنگاوەی واشنتن، ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەمە بە مانای دەستبەرداریی عێراق نییە و، ئەمریكا بەتەواوەتی لەو وڵاتە پاشەكشە ناكات. بەرپرسانی ئەمریكا باسی ئەوە دەكەن كە پابەندییەكی درێژخایەنیان دەبێت بۆ عێراق و، ھێزە شەڕكەرەكانی لەژێر ناوی ڕاوێژكاریدا بەردەوامی بە كارەكانیان دەدەن.
سەرەڕای ئەم لێدوانانەی ئەمریكا، بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە بەڕاستی ئەگەری یەكجاریی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراقدا لە ئارادایە، لەبەر زۆر ھۆكار: لەوانە گوشار و ھێرشەكانی میلیشیا شيعەكان بۆ سەر بنکە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بێھیوابوونی بەرپرسانی واشنتن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بە درێژاییی 18 ساڵ، بێ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بەرەوپێشچوونێكی باش بەخۆیەوە ببینێت. ھەروەھا تەشەنەكردنی گەندەڵی و شكستی دەستبژێری سیاسی لە عێراق بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە بەرەو كەنارێكی ئارام و سەقامگیر ببەن. لەسەر ئاستی ناوچەكەیش، كەمبوونەوەی گرنگی و پێگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا و زیاتر ھەوڵدانی واشنتن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ھەژموون و ھەڕەشەكانی چین ببێتەوە. ھەموو ئەم فاكتەرانە، دەكرێت ببنە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەمریكا، ھاوشێوەی ئەفغانستان، بەتەواوەتی لە عێراقیش بكشێتەوە و عێراقیش بۆ عێراقییەكان بەجێ بھێڵێت
لە گوتارەكانی پێشوودا باسی ئەوەمان كرد كە كشانەوەی ئەمریكا، مەترسییەكی یهكجار زۆر لەسەر عێراق دروست دەكات. بۆیە گومانی تیدا نییە ھەرێم وەك بەشێك لە عێراق، لە مەترسیی ھەڕەشەكان پارێزراو نییە. لێرەدا، سەبارەت ھەرێمی كوردستان پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا گرنگترین ئەو مەترسییانەی لەسەر ھەرێمی كوردستان و كورد بە شێوەیەكی گشتی دروست دەبن، كامانەن؟ ئایا ھەرێم لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە ھیچ ئامادەكارییەكی بۆ عێراقی دوای ئەمریكا كردووە؟ ئایا ھەر لە بنەڕەتدا كورد دەتوانێت بەبێ ھەبوونی ئەمریكا، كیانەكەی بپارێزێت یان جێگرهوهیهكی تر پەیدا بكات كە جێگەی ئەمریكا بگرێتەوە؟ ئایا كورد دوای سی ساڵ لە پاراستنی بێبەرامبەر، ئێستا دەتوانێت بەبێ ئەمریكا لهسهر پێی خۆی بوهستێت؟ ئایا كورد كارێكی وەھای كردووە كە بتوانێت لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە پشت بە خۆی ببەستێت یان پشتگیری و یارمەتیی كومەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەست نەدات؟ ئایا كورد دەتوانێت خۆی لە بەردەم گوشارەكانی ئێران و میلیشيا شيعەكان و داعشدا ڕابگرێت؟ ئایا چارەنووسی كورد دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ھەمان چارەنووسی كۆماری کوردستان لە مەهاباد دوای كشانەوەی ڕووسیا دەبێت لە ئێران؟
ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بكەم ئەوەیە كە، كورد نابێت ئەو گریمانە بەھەند وەرنەگرێت كە ئەگەری زۆر ھەیە- ئەگەر لە ئێستایشدا نەبێت- لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە. كەواتە دەبێت كورد پلان و بەرنامەی خۆی ھەبێت. دەبێت كورد خۆی بۆ ڕۆژێكی وەھا ئامادە بكات. بەتایبەت لە ئەگەری كشانەوە ئەمریكا، كورد بە شێوەیەكی گشتی ڕووبەڕووی زۆر مەترسی و ھەڕەشە دەبێتهوه و لە زۆر لایەنەوە ڕووبەڕووی گوشار دەبێتهوە. لە گرنگترین ئەو گوشارانەیش دەكرێت لەو خاڵانەدا كۆ بكەینەوە:
یەكەم، ھەڕەشەی میلیشیا شيعەكان، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن، یەكێك لەسەرەكیترین ئەو ھەڕەشانەیە كە ڕووبەڕووی ھەرێم دەبێتەوە؛ بەتایبەت میلیشیا شيعەكان لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراقدا نین و لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا كار دەكەن. بۆیە گومانی تێدا نییە بە دەرچوونی ئەمریكا پێگەی ئەو میلیشیایانە بەھێزتر دەبێت و، زۆر زەحمەتە ھێزە میانڕەوە عەرەبەكان- بە سوننە و شيعەوە- خۆیان بەرامبەر ئەو میلیشیایانە ڕابگرن. بۆیە بەھێزبوونی پێگەی ئەو میلیشیایانە، ھەڕەشە دەبێت لەسەر پێگە و دەسكەوتەكانی ھەرێم. وەك بینیمان لە ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەردا ئەم میلیشیایانە ڕۆڵێكی سەرەكییان گێڕا لە داگیركردنی نیوەی خاكی كوردستان. بێ گومان لەو گەمەیەدا ئێران ڕۆڵی سەرەكیی ھەبووە لە ھاندانی ئەو میلیشیایانە بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر ھەرێم. ئێستایش ئەو میلیشیایانە بە بیانووی ھەبوونی بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا، بەردەوام ھێرشی مووشەكی و درۆنی دەكەنه سەر ھەرێم. بۆیە لە دوای كشانەوەی ئەمریكا ئەو ھەڕەشانە ڕاناوەستن، بەڵكوو بەردەوام دەبن و ڕهنگه زیاتریش ببن. لە دوای دەرچوونی ئەمریكا، ئێران بە پاڵپشتیی میلیشیا شيعەكان بەھۆی كۆمەڵێك فاكتەری ترەوە گوشار لەسەر كورد زیاتر دەكەن، لەوانە پرسی ھێزەكانی كوردانی ڕۆژھەڵات لە باشووری كوردستان و نیگەرانیی ئێران لە سیاسەتی ھەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی دەرەوە. لە لایەكی تریشەوە گومانی تێدا نییە بە دەرچوونی ئەمریكا، دەبێت فاتیحە لەسەر ناوچە دابڕاوەكان بخوێنین و ئەگەری جێبەجیكردنی بەندی 140 یان ئاساییبوونەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە دەبێتە بەشێك لە مێژوو.
دووەم، گوشارە سیاسی و یاسایییەكان لەسەر ھەرێم زیاتر دەبن، بەتایبەت ئەگەر ھێز و لایەنگرانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی دەسەڵاتدار بن لە عێراقدا. گومانی تێدا نییە نە ئێران و نە ھێزە شيعەكان باوەڕیان بە دەستوور و پرۆسەی دیموكراسی نییە، بەڵكوو زیاتر پرسی دیموكراسییان بەكار ھێناوە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەیان لە بەغدا دوای 2003. ئێستایشی لەگەڵدا بێت بەشێكی زۆری ھێزە شیعەكان خەون بەوەوە دەبینن دەسەڵاتەكان لە عێراق بە سەنتراڵ بكرێن و زیاتر كورد و سوننە پەراوێز بخرێن. كەواتە ھەموو ھەوڵێك دەدەن كە ئەوەی كورد لە دەستووری 2005 بەدەستی ھێناوە، ههڵوهشێننهوه یان زۆر كەم و سنوورداری كەنهوه. بۆیە ھەموو ھەوڵێكیان بە ئاراستەی پەراوێزخستن و گۆشەگیركردنی كورد دەبێت. ئەو پرسانەی لە نێوان بەغدا و ھەرێم ماونەتەوە، چارەسەركردنیان زۆر سەختتر دەبێت یان ھەر ئەگەری چارەسەركردنیان نامێنێت، لەوانەیش: پرسی نەوت، پرسی بەشە بوودجەی ھەرێم، ئاساییكردنەوەی ڕەوشی ناوچە دابڕاوەكان و پرسی پێشمەرگە. تەنانەت بەدووری نابینم ئەوكات ھەموو ھەوڵێكی شیعەكان بەو ئاراستەیە بێت كە لە ڕێگەی دادگهكانەوە ڕێگە لە ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم بگرن و دەست بەسەر داھاتەكەیدا بگرن.
سێیەم، كەمبوونەوە، یان نەمانی یارمەتیی سەربازی بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە، یەكێكی ترە لەو مەترسییانەی لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا ڕووبەڕووی ھەرێم دەبێتەوە. ڕاستە بە گوێرەی دەستووری عێراق پێشمەرگە بەشێكە لە سیستهمی بەرگریی عێراق و، بەغدا لەسەریەتی یارمەتیی ھێزەكانی پێشمەرگە بدات و پڕچەكیان بكات، بەڵام بە درێژاییی 18 ساڵ لە دوای پرۆسەی ڕزگاركردنی عێراق، دەسەڵاتدارەكانی بەغدا نەك ھەر ئەركە دەستوورییەكانی خۆیان بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە جێبهجێ نهكردووه، بەڵكوو بە ھەموو شێوەیهك دژایەتیی ھێزی پێشمەرگەیان كردووە و مووچەیان لێ بڕیون و بە ھیچ شێوەیهك یارمەتیی سەریازییان پێشكەش بە ھێزی پێشمەرگە نەكردووە. نەك ھەر ئەمە، دەسەڵاتدارانی بەغدا، بەتایبەت لەسەردەمی نووری مالیكی، داوایان دەكرد ئەو چەكانەی كە پێشمەرگە لە كاتی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام بەدەستی ھێناون، ڕادەستی بەغدا بكات. لە ھەموویان خراپتر، لە كاتی ھاتنی داعش نەك ھەر بەغدا ئامادە نەبوو یارمەتیی پێشمەرگە بدات، بەڵكو زۆر جار ڕێگریشی دەكرد لەوەی ھاوپەیمانان چەك بدەنە پێشمەرگە. بۆیە شتێكی زۆر ئاسایی و چاوەڕوانكراوە، بە دەرچوونی ئەمریكا، لە لایەك ئەو یارمەتییە سەربازییانەی كە ھاوپەیمانان پێشكەشی پێشمەرگەیان دەكرد، نامێنێ؛ لە لایەكی تریشەوە، بەغدا زیاتر پەرە بە سیاسەتی لاوازكردنی ھێزی پێشمەرگە دەدات.
چوارەم، داعش و گرووپە سوننە توندئاژۆكان دیسان مەترسییەكی ترن بۆ سەر ھەرێمی كوردستان. ئەوەی ئاشكرایە گرووپە تیرۆریستەكانی ھاوشێوەی داعش، مەترسین بۆ سەر عێراق و ھەرێمی كوردستان. لە ئەگەری كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا، ئەگەری زۆر ھەیە داعش و گرووپە توندڕەوەكان بەھێزتر ببن و دووبارە ھەوڵی داگیركردنی عێراق بدەن. بەتایبەت كشانەوەی ئەمریكا دەبێتە ھۆی دروستكردنی بۆشاییی ئەمنی لە ناوچە سوننەكان و بەتایبەتیش ناوچە جێناكۆكەكان. سوپای عێراقی ئەوەندە بەھێز نییە بتوانێت ئەو كهلێنه پڕ بكاتەوە؛ لە لایەكی تریشەوە لەوانەیە ناكۆكیی تائیفی لە نێوان شيعە و سوننەكان دووبارە پەرە بستێنێت. بێ گومان ئەمەیش ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی گرووپەكانی ھاوشێوەی داعش لە عێراق چالاك ببنەوە. بێ شك ئەمەیش مەترسی بۆ سەر ھەرێم دروست دەكات؛ بەتایبەت داعش زیاتر له ناوچە سوننەكان و دەڤەرە جێناكۆكەكان چالاكە و لەوانەیە دیسان ھاوشێوەی 2014 ئەو گرووپانە ھێرش بكەنە سەر كوردستان.
پێنجەم، لەسەر ئاستی ناوچەیی، ململانێكان لەسەر عێراق توندتر دەبن؛ بەتایبەت لە نێوان توركیا و ئێراندا، بۆ ئەوەی پێگە و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن. ھەرچەندە ئێران زیاتر لە توركیا دەرفەتی ھەیە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی عێراق بكات، بەڵام دیارە توركیایش بەرژەوەندیی لە عێراق ھەیە و بەرامبەر سیاسەتی ھەژموونخوازیی ئێران لە عێراقدا دەستهوەستان نابێت. بۆیە وەك چوون لە سووریادا، توركیا و ئێران لە دوو بەرەی جیاوازن؛ لە عێراقیش بە ھەمان شێوە لە ململانێیهكی تونددا دەبن. گومانی تێدا نییە دەستێوەردانەكانی ئەم دوو وڵاته لە پاش نەمانی ئەمریكا، لە كوردستانیش زیاتر دەبن. لێرەدا خاڵی مەترسیدار سەبارەت به سیاسەتەكانی ئەم دوو وڵاتە ئەوەیە، سەرەڕای ناكۆكییەكانیان بەڵام لەسەر لاوازكردنی پێگەی كورد و ھەرێم ھاوڕا و ھاودەنگ دەبن.
شەشەم، لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، ئەو پرۆسەیە ڕۆژاوای كوردستانیش دەگرێتەوە؛ واتە ناكرێت ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە، بەڵام لە سووریا بمێنێتهوه. لێرەدا كوردانی ڕۆژاوا زیاتر لە ھەرێمی كوردستان دەكەونە بەردەم مەترسییەوە. بەتایبەت تاكوو ئێستا ئەوان كیانێكی دیفاكتۆی سیاسییان ھەیە، بەڵام نە لەلایەن دیمەشق و نە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵهتییەوە لە ڕووی یاسایییەوە دانی پێدا نەنراوە. لە لایەكی تریشەوە ھێشتا جهنگ لە سووریا بەردەوامە و لاوازترین ئەكتەر لە ڕووی سەربازییەوە بەبێ ھەبوونی ئەمریكا كورد دەبێت. لە كاتی پاشەكشەی ئەمریكا، كوردەكان لە دوو لایەنەوە دەكەونە بەردەم مەترسییەوە: ھێرشەكانی توركیا و گرووپە توندڕهوەكانی لە لایەك و، ھێرشەكانی بەشار ئەسەد و ھاوپەیمانەكانی لە لایەكی ترەوە. ئەگەری زۆر ھەیە كورد بەناچاری لە حاڵەتێكی وەھادا لەگەڵ دیمەشق بكەوێتە گفتوگۆ، بەڵام پێناچێت ڕژێمی ئەسەد سازشی زۆر بۆ كورد بكات. بۆیە دەرچوونی ئەمریكا دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتاییهاتن بە خەونەكانی كورد لەو بەشەی كوردستان و، سیناریۆی كۆماری کوردستان لەو پارچەیە دووبارە دەبێتهوه.
بژاردەكانی بەردەم ھەرێم
ھەرچەندە زۆر دەرفەتمان لەدەست داوە بۆ ئەوەی زیاتر كار بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم بكەین و ڕووبەڕووی ئەو ئاڵینگارییانه ببینەوە كە لە ئەگەری كشانەوەی ئەمرویكا ڕووبەڕووی ھەرێم و كورد دەبنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر گرنگە كورد ئەم ھەنگاوانە بھاوێژێت:
یەكەم، یەكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییكردنیان. زۆر گرنگە ھێزەكانی پێشمەرگە بەدامەزراوهیی بكرێت و یەك بگرنەوە. گەندەڵی بە ھەموو جۆرەكانی لەناو ھێزی پێشمەرگەدا، سەد لە سەد دەبێت بنبڕ بكرێت و ھەوڵ بدرێت ھێزیكی ڕێكوپێك ھەبێت بۆ ئەوەی ئامادە بێت بەرگری لە كوردستان بكات. نابێت چیتر ھێزی پێشمەرگە لە دەستی كەس، گرووپ و تاقمەكاندا بێت و لەلایەن كەسەكانەوەە ئاراستە بكرێت. ئەگەر ھەڕەشە لەسەر ھەرێم دروست ببێت، لەوانەیە كومەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی كورد بدات، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەو یارمەتییە پەیوەست دەبێت بە كۆمەڵێك مەرجەوە، لەوانە: ھەبوونی ھێزێكی یەكگرتوو و بەدامەزراوەییكراو كە ئامادە بێت بجهنگێت و بەرگری لە خاكەكەی بكات. نابێت چاوەڕێ بكەین خەڵكی تر، بێت بۆ ئێمە بجهنگێت. ھەروەھا زۆر گرنگە دیاردەكانی گەندەڵی لەناو ھێزی پێشمەرگەدا بە ھەموو شێوەیەك بنبڕ بكرێت. ھەبوونی گەندەڵی لەناو ھەر دامەزراوەیەكی سەربازیدا كارەساتی گەورە بەسەر وڵاتدا دەھێنێت. نموونە ھەرە دیارەكان ھێزەكانی حكوومەتی عێراق لە سەردەمی مالیكی و ھێزەكانی ئەفغانستان بوون كە بەھۆی تەشەنەكردنی دیاردەی گەندەڵییهوه ھەردووكیان لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بەرامبەر داعش و تاڵیبان ڕووخان.
دووەم، بەھێزكردنی پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستان، دەكرێت دیسان فاكتەرێكی دیكە بێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر یارمەتیی ھەرێم بدات. دەبێت كاری جددی بكرێت بۆ بهدامەزراوەییكردنی دامەزراوەكانی ھەرێم. دەبێت كار بكرێت بۆ ئەوەی ھەرێم یەك زۆن و یەك قەوارەی ھەبێت. كورد لەسەر پرسە نیشتمانییەكان دەبێت یەكگرتوو و یەكھەڵوێست بێت. بێ گومان تاچەند لە كوردستان پرۆسەی دیموكراسی بەھێز بێت و، ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ بگیرێت، زیاتر لەسەر ئاستی دەرەكی پاڵپشتیی ھەرێم دەكرێت و تاچەند پرۆسەی دیموكراسی لاواز ببێت، ئەگەری لەدەستدانی پاڵپشتیی دەرەكییش زیاتر دەبێت.
سێیەم، دەبێت كورد زۆر گرنگی بە ھەبوونی پێگەیهكی بەھێز بدات لە بەغدا. لە دوای ڕیفراندۆم دەركەوت پرۆسەی سەربەخۆییی كوردستان كێشەی زۆری لە بەردەمدایە و ھیچ پشتگیرییەكی ھەرێمی و نێودهوڵهتیی نییە. چاوەڕێ دەكرێت تا ماوەیەكی درێژ بارودۆخەكە بەو ئاراستەیە بێت كە كورد ناچار بێت لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتهوه. كەواتە لەم قۆناغەدا دەبێت ئەولەوییەتی كورد ئەوە بێت كە لە بەغدا بەھێز بێت و لە بەغداوە كار بۆ بەھێزكردنی پێگەی ھەرێم بكرێت. بەتایبەت ئەم ئاراستەیە لەگەڵ سیاسەتی دۆستەكانی كورد، لەوانە ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپی یەك دەگرێتەوە. كەواتە بەھێزیی كورد لە بەغدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی: یەكەم، كورد لە ڕوانگەیەكی بەھێزەوە بەرگری لە قەوارەی ھەرێم بكات. دووەم، بۆ ئەوەی گوشار دروست بكرێت تاكوو دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستوور پەراوێز نەخەن، بەتایبەت ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە ھەرێمەوە ھەیە. سێیەم، كورد لە بەغدا دەتوانێت گەمەی سیاسی بكات لە ڕێگەی ھاوپەیمانیكردن لەگەڵ سوننە و شيعە میانڕەوەكان یان ئەوانەی باوەڕیان بە مافەكانی كورد ھەیە. ئەمە وا دەكات كورد ڕێگری بكات لە دروستبوونی ھاوپەیمانییەكی دژە-كورد لە بەغدا یان لهوهی میلیشیا شيعەكان بەتەواوەتی بەسەر عێراقدا زاڵ بن.
چوارەم، ئەگەر كورد لە بەغدا لاواز ببێت، دژە-كوردەكان بەھێز دەبن و ئەمەیش ڕاستەوخۆ كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر پێگە و مافە دەستوورییەكانی ھەرێم. پێنجەم، کورد بۆ بەهێزکردنی پێگەکەی یان ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی عێراق، ناتوانێت پشت بە دەوڵەتانی هەرێمی وەک تورکیا و ئێران ببەستێت، چونکە ئەمانە تەنیا کورد وەک کارتێکی گوشار بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانیان بەکار دەهێنن. بۆیە سەلامەتترین و ئاسانترین ڕێگە بۆ پاراستنی ئەم كیانە، بریتییە لە ههبوونی پێگەیەكی بەھێز لە بەغدا؛ بەتایبەت كه دۆستەكانی كورد لەگەڵ ھەرێمێكی بەھێزدان لە چوارچێوەی عێراقدا. شهشهم، كورد لەسەر ئاستی دەرەكی، دەبێت پەرە بە چالاكیی سیاسی و دیپلۆماسی بدات، بەتایبەت لەسەر ئاستی ئەمریكا و ئەوروپا. ئەگەرچی كورد لەسەر ئاستی دەرەكی دۆستی زۆری ھەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بزانێت چۆن پاڵپشتییان ڕابكێشێ. زۆر گرنگە بەرپرسانی كورد چالاك بن، بەتایبەت لە واشنتن و، بەردەوام بن لە لۆبیكردن و، ھەوڵ بدەین بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی ئەوروپادا ھاوئاراستە بكەین.
لەبیرمان نەچێت لە 2014 ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا نەبوون، بەڵام كاتێك ھەڕەشە لەسەر ھەولێر دروست بوو، ئەمریكا بە شێوەیەكی زۆر خێرا بەھانای كوردەوە ھات. كەواتە ئەگەر ئەمریكا نییەتی ھەبێت، ھەموو كات دەتوانێت یارمەتیی كورد بدات؛ جا چ لە ڕووی سەربازییەوە لە عێراقدا بوونی ھەبێت یان نەبێت. بەڵام ئەمە لەسەر كورد دەوەستێت كه تاچەند لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە چالاكە. بە ھەمان شێوەیش ھەبوونی پەیوەندیمان لەگەڵ دەوڵەتانی ئەوروپا، بەتایبەت فهڕەنسا و ئەڵمانیا زۆر گرنگە. ئەو دەوڵهتانه ئەگەر لە ڕووی سەربازیشەوە نەبێت، لە ڕووی سیاسییەوه دەتوانن یارمەتیی ھەرێم بدەن. نموونەیش دەوڵەتی فهڕهنسایە كە له دوای ڕووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر ڕۆڵێكی باشی گێڕا لە خاوكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا.