نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوهڕاست و پرسی كورد-زانكۆی لیستەر-بریتانیا؛ مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
دیالۆگی ستراتیژی و كشانەوەی ھێزە شەڕکەرەكان لە عێراق
بەگوێرەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریكا و عێراق كە لە تەمووزی 2021 بەسترا، بڕیار درا كە لە 31ی دێسهمبەری 2021، ھەموو ھێزە شەڕكەرە بیانییەكان لە عێراق بكشێنەوە و ئەوانەیش كە دەمێننهوه، ئەركەكانیان لە چوارچێوەی ھێزەكانی پاڵپشتیكەر و پێشكەشكردنی ڕاوێژكاریدا سنووردار بكرێت. لە 9ی دێسهمبەری 2021، ھاوپەیمانیی نێودەوڵهتی، پابەندبوونی خۆیان بە خاڵەكانی دیالۆگی ستراتیژی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەركەكانیان گۆڕاوە، لە ھێزی شەڕكەرەوە بۆ ھێزی پاڵپشتیكردن و لۆجیستی. لەم ڕووەوە، سەركردەی ھێزەكانی ھاوپەیمانەكان John Brennan لە بەیاننامەیەكەدا ئاماژەی بەوه كرد كە، لە كاتێكدا ئەركی ھێزە شەڕكەرەكان كۆتایی دێت، بەڵام ھێزەكانمان لە عێراقدا دەمێننهوه بۆ یارمەتیدان و ھاوكاریكردن و پێشكەشكردنی ڕاوێژ بە ھێزە عێراقییەكان.
بە شێوەیەكی گشتی، خاڵە گرنگەكانی كە عێراق و ئەمریكا لە دیالۆگی ستراتیژیدا لە ڕووی مانەوەی ھێزە سەربازییەكان لەسەری ڕێك كەوتوون، بریتین لە: یەكەم، گۆڕینی ئەركی ھێزهكانی ئەمریكا، لە ھێزی شەڕكەرەوە بۆ ھێزی ڕاوێژكاری و پێشكەشكردنی یارمەتیی لۆجیستی بە ھێزەكانی عێراق. دووەم، نزیكەی 2500 سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا بوونیان دەبێت و ئەمەیش واتە ئەمریكا بەتەواوەتی لە عێراق ناكشێتەوە. سێیەم، ڕاستە ئەركی ھێزەكانی ئەمریكا گۆڕدراوە، بەڵام لە ڕووی ئاسمانییەوە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ھێزەكانی عێراق لە جهنگیی دژی داعش. لەم ڕووەوە ماكینزی، فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، جەختی لەسەر ئەوە كردۆتهوه كە ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ھێزە عێراقییەكان. چوارەم، ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتهوه ئەو ھێزانەی لە عێراقدا دەمێننهوه، ھەموو پێداویستییەكانی سەربازییان پێیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێك كە لە ھەر لایەكەوە، بەتایبەت گرووپە میلیشیاكانەوە بكرێتە سەری. پێنجەم، ئەمریكا پابەندە بە شەراكەت و ھاوبەشی لەگەڵ عێراق لە ھەموو بوارەكاندا و یارمەتیدانی ھێزە سەربازییەكانی عێراق و پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەروەری و سیادەكەی.
ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی كە بەرپرسانی ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنهوه كە بەم زووانە لە عێراق دەرناچن و، ھەروەھا بەگوێرەی ڕاگەیهنراوەی ھێزەكانی ھاوپەیمانان، تەنیا ئەركی ھێزەكانیان گۆڕاوە؛ بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە ئەگەر ئێستایش نەبێت، ئەگەری كشانەوەی یەكجارهكیی ئەمریكا لە عێراقدا ههر ھەیە و، دەكرێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەمریكا ھێزە ڕاوێژكارەكانیشی بكشێنێتەوە لەبەر زۆر ھۆكار: لەوانە گوشار و ھێرشەكانی میلیشیا شيعەكان بۆ سەر بنكه و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بێھیوابوونی بەرپرسانی واشنتۆن لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بە درێژاییی 18 ساڵ، بێ ئەوەی پرۆسەی سیاسی بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە ببینێت. ھەروەھا تەشەنەكردنی گەندەڵی و شكستی دەستەبژێری سیاسی لە عێراق بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە بەرەو كەنارێكی ئارام و سەقامگیر ببەن. لەسەر ئاستی ناوچەكەیش، كەمبوونەوەی گرنگی و پێگەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا و زیاتر ھەوڵدانی واشنتۆن بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ھەژموون و ھەڕەشەكانی چین ببێتەوە. ھەموو ئەم فاكتەرانە، دەكرێت ببنە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەمریكا، ھاوشێوەی ئەفغانستان، بەتەواوەتی لە عێراقیش بكشێتەوە و عێراقیش بۆ عێراقییەكان بەجێ بھێڵێت، كە بێ گومان ئەمەیش كاریگەریی زۆر دەكاتە سەر ھاوكێشە سیاسییەكان لە عێراق و ناوچەكەدا.
بەڵێنەكانی ئیدارەی بایدن و نیگەرانییەكانی بەرپرسانی كورد لە ڕۆژاوا
گومانی تێدا نییە پرسی كشانەوهی ئەمریكا لە عێراق تەنیا پرسێكی عێراقی نییە، بەڵكوو كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و گەورەیش دەكاتە سەر ھاوكێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەكان. بە واتایەكی تر، دەتوانین بڵێین كە كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق نەك تەنیا مەترسییەكی گەورە لەسەر عێراق و ھەرێمی كوردستان دروست دەكات، بەڵكوو كاریگەرییهكی زۆر خراپیش دەكاتە سەر ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا. یەكێك لەو لایەنانەی دەكرێت ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر گەورە ببێتهوه "ڕۆژاوای كوردستان"ە و، دوور نییە چارەنووسی كورد لە سووریا دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، ھەمان چارەنووسی كۆماری کوردستان لە مەهاباد دوای كشانەوەی ڕووسیا بێت. ڕاستە ئەو گۆڕانكارییەی كە ئێستا لە عێراقدا ڕووی داوە سەبارەت بە گۆڕینی ئەركی ھێزەكانی لە شەڕكەرەوە بۆ ھێزی ڕاوێژكاری، كاریگەری ناكاتە سەر ئەركی ھێزەكانی ئەمریكا سووریا، بەتایبەت لە لایەك ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتهوه كە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی ھاوپەیمانەكان لە جهنگی دژی داعش و لە لایەكی تریشەوە ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەر ئەركی ھێزەكانی ئەمریكادا نەھاتووە لە سووریا و ئەوەی ھەیە پەیوەندیی بە عێراقەوە ھەیە؛ بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین كە ئەگەر ئەمریكا بگاتە ئەو قەناعەتەی كە بەتەواوەتی لە عێراق بكشێتەوە، ئەوا بێ گومان لە سووریایش دەكشێتەوە. واتە ناكرێت لە كاتێكدا ئەمریكا لە ڕووی سەربازییەوە لە عێراق بكشێتەوە، بەڵام لە سووریا بوونی ھەبێت و ئەم دوو پرسە زۆر پێكەوەگرێدراون. دیارە ئێستا نزیكەی 900 سەرباز لە ڕۆژاوای كوردستان هەن و ڕۆڵێكی مەزن دەگێڕن لە پاڵپشتیكردنی كوردەكان و پاراستنیان لە ھەڕەشەكانی دەوڵهتانی ناوچەكە و گرووپە تیرۆریستییەكان.
بەرپرسانی خۆسەری لە ڕۆژاوای كوردستان، لە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان و ھێزە شەڕكەرەكان لە عێراق، تا ڕاددەیەک تووشی شلەژان و دڵهڕاوكێ بوونە سەبارهت بە ئاییندەی سیاسەتی ئەمریكا لە سووریا و ئەگەری كشانەوەی یەكجارەكی لەو وڵاتە. ھەر بۆیەیش، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری لە ڕێگەی چەندین كەناڵی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ھەوڵیان داوە كە بۆچوونی ئیدارەی بایدن بزانن سەبارەت به مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە سووریا. بەتایبەت لە ماوەی ڕابردووەدا لە سەردەمی ترامپ، ئەمریكا دوو جار لە دێسهمبەری 2018 و ئۆكتۆبەری 2019، ھەوڵی دا بەتەواوەتی لە سووریا بكشێتەوە، بەڵام لەژێر كاریگەریی ڕای گشتیی ناوخۆ و كەناڵەكانی دروستكردنی بڕیار لە ئەمریكا، بەتایبەت كۆنگرێس، ھەروەھا گوشارەكانی دەرەكی، ترامپ لەو ھەوڵانە پاشگەز بوویەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، گلۆپی سەوزی بۆ توركیا ھەڵكرد بۆ ئەوەی ھێرش بكاتە سەر ڕۆژاوای كوردستان.
بۆ دڵنیابوون لە سیاسەتی ئەمریكا، بەرپرسانی ڕۆژاوای كوردستان چەندین جار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا كۆ بوونەتەوە. لەم ڕووەوە، ئیلھام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، لە كۆتاییی مانگی سێپتەمبەری 2021 سەردانی واشنتۆنی كرد و لەگەڵ چەندان بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەوانەیش "جۆی ھوود"، جێگری یەكەمی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نزیك، كۆ بووهوە. ئیلھام ئەحمەد جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە بەرپرسانی ئەمریكا پێیان گوتووە كە بەردەوام دەبن لە سیاسەتی دژایەتیكردنی تیرۆر و پاڵپشتیكردنی ھاوپەیمانەكانی لە ڕۆژاوای كوردستان. ھەروەھا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمریكییەكان پاڵپشتیی سەقامگیری دەكەن لە ڕۆژاوای كوردستان و، ھەوڵ دەددەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی لە سووریا.
بە ھەمان ئاراستەیش، "مەزلووم كۆبانی"، فەرماندەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر لە 9ی نۆڤەمبەری 2021 جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئیدارەی بایدن بەڵێنی داوە كە ئەو ھێزانەی ئێستا لە سووریا هەن، وەك خۆی بھێڵێتهوه؛ ھەروەھا ئەمریكا بەڵێنی پێ داون كە پشتیان تێ ناكات و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنیان لە جهنگی دژەتیرۆر. مەزلووم كۆبانی جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ئەمریكییەكان پێیان گوتووە، دژی ھێرشەكانی توركیا دەبن و قبووڵی ناكەن توركیا ھێرش بكاتە سەریان. بە ھەمان ئاراستەیش، لە 10ی نۆڤەمبەری 2021، جۆن كێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت به پاراستنی كوردەكان و مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە سووریا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی داعش ببینەوە و، تاكوو داعش مابێت ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن.
ئەوەی ئاشكرایە ئەمریكا بەرژەوەندیی لە سووریا ھەیە كە دەكرێت لە چەند خاڵێكی سەرەكیدا كۆ بكرێتەوە: یەكەم، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ڕێگەگرتن لە سەرھەڵدانی؛ دووەم، پاراستنی سەقامگیری لە ناوچە كوردییەكان؛ سێیەم، ڕووبەڕووبوونەوەی ھەژموون و نفووزی ئێران لە سووریا و كەمكردنەوەی پێگەی گرووپە میلیشیاكان؛ چوارەم، كەمكردنەوەی مەترسییەكانی گرووپە میلیشیاكان بۆ سەر ئیسڕائیل؛ پێنجەم، ڕێگەگرتن لەوەی لە ڕێگەی سووریاوە چەك و تەقەمەنی بگاتە دەست حزبوڵڵای لوبنانی؛ شەشەم، پاراستنی سنوورەكانی عێراق و سووریا؛ حەفتەم، دەكرێت ئەمریكا لە سووریا گوشار لەسەر ڕووسیایش دروست بكات ئەگەر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت.
بەڵام سەبارەت پرسی كورد لە سووریا ئەوەی لێرەدا جێگهی نیگەرانییە ئەوەیە، ئەمریكا بەردەوام مەسەلەی پاڵپشتیكردنی كورد و مانەوەی ھێزەكانی لە سووریا، پەیوەست دەكا بە مەترسیی ھەبوونی داعش و ھەڕەشەكانی وەك ئهوهی جۆن كێربی، وتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی پێ كردووە. ئەمەیش دەكرێت لە زۆر ڕووەوە خوێندنەوە بۆ سیاسەتی ئەمریكا ھەمبەر پرسی كورد لە سووریا بكرێت: یەكەم، قسەكانی جۆن كێربی بەو واتایە دێت كه، پرسی كورد پەیوەندیی بە ھەڕەشەكانی داعشەوە ھەیە و، ئەگەر داعش نەمێنێت ئەوكات لەوانەیە ئەمریكا پشت لە كوردەكان بكات و بەتەنیا بهجێیان بهێڵێت یان كەمتر گرنگییان پێ بدات. دووەم، ئاماژەیەكە بەوەی كە ئەمریكا سیاسەتێكی ناجێگیر و درێژخایەنی بەرامبەر ڕۆژاوای كوردستان نییە و تا ئێستایش دیار نییە ئاییندەی سیاسەتی ئەمریكا چی دەبێت لە سووریا. سێیەم، ئەمریكا ئێستایشی لەگەڵ بێت، خۆی یەكلا نەكردۆتهوه كە ئایا تا سەر بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی كورد، تاكوو چارەسەرێكی سیاسی لە سووریا دەدۆزرێتەوە، یاخود تەنیا وەك ئامرازێك لە جهنگی دژەتیرۆر بەكاری دێنێت. چوارەم، ئەمریكا نایەوێت ڕاستەوخۆ باسی ئەوە بكات كە لە سووریا دەمێنێتهوه بۆ پاڵپشتیی كوردەكان بۆ ئەوەی مافەكانیان پارێزراو بێت لە ئاییندەی سیاسیی سووریادا و دۆزینەوەی ھەر چارەسەرێكی ئاشتییانە لەو وڵاتە. ئەمەیش تا ڕاددەیەك پەیوەندیی بەوەوە ھەیە كە نایەوێت ھاوپەیمانەكانی، بەتایبەت توركیا، تووڕە بەكات. بەڵام لەوانەیە ھۆكارێكی دیكەیش ئەوە بێت كە، لە ئاییندەدا ئەمریكا خۆی لە ھەموو بەرپرسیارێتییەك بەرامبەر كورد بدزێتەوە؛ چونكە سیاسەتی له ھەمبەر سووریا زۆر ڕوون و ئاشكرا نییە. پێنجەم، ئاماژەیەكە بەوەی كە ئەمریكا ڕاستە سیاسەتی كورتمەودای ھەیە بەرامبەر به سووریا كە خۆی لەو بەرژەوەندییانەدا دەبینێتەوە كە ئاماژەمان پێ كرد، بەڵام ئەمریكا سیاسەتی دوورمەودای نییە و مەترسییه گەورەكەیش لێرەدایە كە ھەموو كات ئەگەری گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمریكادا ھەیە بەرامبەر مەلەفی سووریا و پرسی كورد.
مەترسییەكانی كشانەوەی ئەمریكا بۆ سەر ڕۆژاوای كوردستان
لەگەڵ ئەو گهرەنتییانەی كە بە كوردەكان دراون، بەڵام وەك باسمان كرد نابێت باسی ئەو ئەگەرە نەكرێت كە لەوانەیە ئەمریكا سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و لە سووریا بكشێتەوە و كوردەكان تەنیا بەجێ بھێڵێت؛ بەتایبەت دیار نییە یان ھیچ گهرهنتییەك نییە تاچەند ھێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژاوای كوردستان دەمێننهوه یاخود چ كاتێك ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە؟ بۆیە پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە ئەگەر ئەمریكا لە سووریا بكشێتەوە، چی ڕوو دەدات؟ چارەنووسی ڕۆژاوای كوردستان چیی بەسەر دێت؟ ئایا كوردەكان دەتوانن بەرامبەر ئەو ھەموو گوشارانەی كە دەكرێتە سەریان، خۆڕاگر بن؟ ئایا ھێزە كوردییەكان دەتوانن لە بەرامبەر گوشاری سێلایەنەی ڕژێمی ئەسەد، توركیا و داعش بەرگری لە خۆیان بكەن؟
گومانی تێدا نییە لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، كوردەكان ڕووبەڕووی ئاییندەیەكی نادیار دەبنەوە؛ بەتایبەت ئەوكات كوردەكان لاوازترین ئەكتەر دەبن لە سووریا و له سێ لایەنەوە ڕووبەڕووی ھەڕەشە و گوشار دەبنەوە: یەكەم، ھەڕەشەی ڕژێمی ئەسەد و ھاوپەیمانەكانی، یەكێك دەبێت لەو گوشارانەی كە لەسەر كورد دروست دەبێت. بێ گومان لەگەڵ كشانەوهی ئەمریكا، ڕژێمی ئەسەد ھەوڵ دەدات بە پاڵپشتیی ڕووسیا و ئێران، بگەڕێتەوە ناوچە كوردییەكان. ھەرچەندە كوردەكان ھەوڵیان داوە سەبارەت چارەسەری پرسی كورد لە سووریا لەگەڵ دیمەشق گفتگۆ بكەن، بەتایبەت كاتێك توركیا و ھاوپەیمانەكانی لە ئۆكتۆبەری 2019 ھێرشیان كردە سەر گرێ سپی و سەرێ كانی؛ بەڵام ڕژێمی ئەسەد ئامادە نەبووە و ئیستایش ئامادە نییە ھیچ شتێكی ئەوتۆ بە كورد بدات یان ڕازی بێت بە پێدانی ئۆتۆنۆمی بە كوردەكان. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە، پێدەچیت گەڕانەوی كورد بۆ دیمەشق لە ئەگەرە ھەرە بەھێزەكان بێت بۆ خۆپاراستن لە ھەڕەشەكانی توركیا و گرووپە توندڕەوەكان. لە ساڵی 2019 كاتێك ترامپ كوردەكانی بەجێ ھێشت، كوردەكان زیاتر لە دیمەشق نزیك بوونەوە. تەنانەت ئەوكات مەزلووم كۆبانی لە 13ی ئۆكتۆبەری 2019 لە گوتارێكدا لە كە گۆڤاری سیاسەتی دەرەوە (Foreign Policy) بڵاوی كردهوه، باسی ئەوەی كرد كه، ئەگەر ئێمە ناچار بكرێین لە نێوان سازشكردن و جینۆسایدكردندا یەكێكیان ھەڵبژێرین، ئەوا بێ گومان گەلەكەمان ھەڵدەبژێرین. ئەمەیش وەك مەسیجێك بووە بۆ بەرپرسانی ئەمریكا كه لە حاڵەتی پشتتێكردنیان، ئەوا بۆ پاراستنی خەڵكەكەیان ڕوو لە ڕووسیا و دیمەشق دەكەن.
دووەم، ھەڕەشەی توركیا و ھێزە توندئاژۆكان، یەكێكی تر دەبێت لە ھەڕەشە گەورەكان بۆ سەر ڕۆژاوای كوردستان. بێ گومان لە حاڵەتی كشانەوهی ئەمریكا یان پشتكردن لە كوردەكان، توركیا ھەڕەشەیەكی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر ڕۆژاوای كوردستان و، گومانی تێدا نییە ھێزە توندئاژۆكان بە پاڵپشتیی توركیا ھێرش دەكەنه سەر ڕۆژاوای كوردستان و ھەوڵی داگیركردنی ناوچە كوردییەكان دەدەن. لە ڕابردووەوه توركیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ڕۆژاوا ئەنجام داوە؛ لەوانەیش لە كانوونی دووەمی 2018 توركیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی كرد دژی "كانتۆنی عەفرین" بە ناوی "چلی زەیتۆن"ەوە. ھەروەھا لە ئۆكتۆبەری 2019 ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی دەست پێ كرد دژی كورد، كە ناوی لێ نابوو "كانیی ئاشتی" لە گرێ سپی و سەرێ كانی.
سێیەم، ھەڕەشەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكان یەكێكی تر دەبێت لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژاوا دەبێتەوە. گومانی تیدا نییە ئێستایشی لەگەڵدا بێت داعش لە سووریا و ناوچە سنوورییەكان چالاكن و لەگەڵ دەرچوونی ئەمریكا، كار و چالاكییەكانیان زیاتر دەبێت و گوشار و ھێرشی زیاتر دەكەنه سەر كوردەكان. لەبیرمان نەچێت داعش لەلایەن چەندان دەوڵەتی ھەرێمییەوە بۆ مەرامە سیاسییەكان پاڵپشتی دەكرێت، وەك چۆن لە 2014 ھانیان دا بۆ ئەوەی ھێرش بكەنه سەر كورد لە ڕۆژاوا و ھەرێمی كوردستان. بە دەرچوونی ئەمریكا، ھەمان مەترسی و سیناریۆ بەجددی لە ئارادا دەبێت و ئەگەری ھەیە دووبارە ئەو كارتە دژی كورد بەگشتی بەكار بھێنرێت.