نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر-بریتانیا. مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی
لە 10ی ئۆكتۆبهری 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوە چوو كە تێیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سیاسی ڕووی دا. سەدرییەكان لەناو پێكھاتەی شیعەدا توانییان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بھێنن. بە ھەمان شێوەیش، لەناو كورد و سوننەدا، پارتی و ھاوپەیمانیی حەلبووسی و خەمیس جەنجەر براوەی سەرەكیی گەمەكە بوون. ئەوەی جێگەی سەرنج و تێبینی بووە لەم ھەڵبژاردنەدا، گرووپەكانی نزیك لە ئێران، بەتایبەت لیستی فەتح، تووشی شكستێكی گەورە بوون. لە دوای ھەڵبژاردنەكان، دوای 18 ساڵ لە فەرمانڕەواییی پێكەوەی شيعەكان و دروستكردنی حكوومەتی تەوافوقی، سەدر و ھاوپەیمانەكانی داوای فۆرمێكی جیاوازی حوكمڕانی دەكەن كە خۆی لە حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانیدا دەبینێتەوە. لێرەدا زیاتر مەبەست و ئامانجی سەدرییەكان لە زۆرینەی نیشتمانی ئەوەیە كە، ئەو لایەنانەی لەناو پێكھاتەكاندا، بەتایبەت كورد و سوننە و شيعە، زۆرینەی دەنگەكانیان بەدەست ھێناوە حكوومەت دروست بكەن و ئەوانی تریش بچنە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە.
لەم چوارچێوەیەیشدا، لە دوای ھەڵبژاردنەكان ھاوپەیمانێتییهكی سێقۆڵی لە نێوان (پارتی، سەدر و سوننەكان) دروست بووە بە مەبەستی دروستكردنی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی و لە یەكەم ھەنگاوی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا لە 9ی كانوونی دووەمی 2022، سەرەڕای گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، توانییان سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی ھەڵبژێرن. ھەروەھا بڕیاریشە لە 7ی شوباتی 2022 سەرۆككۆمار دەستنیشان بكرێت و، دوای ئەوەیش كەسێك ڕادەسپیرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا حكوومەت پێك بھێنێت.
لێرەدا، زۆر پرسیار و سەرنج ھەن سەبارەت بەوەی ئایا بەڕاستی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە عێراقدا سەر دەگرێت؟ مەبەست و ئامانجە ڕاستەقینەكانی سەدر لە حكوومەتی زۆرینە چییە؟ ئایا بەڕاستی سەدر ئامانجەكەی ئەوەیە حكوومەتێكی خزمەتگوزار و دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی دروست بكات؟ یان سەدر پرۆژە و بەرنامەیەكی درێژخایەنتری ھەیە؛ ئەویش دەستگرنتە بەسەر ھەموو عێراقدا وەك ھەندێك كەس باسی دەكەن؟ ئایا سەدر دەتوانێت خۆی لە ئێران بەدوور بگرێت و سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات؟ ئایا پێگەی ئەمریكا لەسەردەمی حكوومەتی سەدری لە عێراقدا لاواز دەبێت یان بەھێز دەبێت؟ ئایا سەدر دەتوانێت ھاوسەنگی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا ڕابگرێت؟
ستراتیژی سەدر و دروشمی "نە شەرقی و نە غەربی"
موقتەدا سەدر یەکێکە لەو پیاوە ئایینییانەی شیعە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ڕۆڵی مەزن و کاریگەری لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا هەبووە. سەدر لەسەرەتای دەرکەوتنی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بە پیاوێکی توندڕەوی تائیفی و دژە-ئەمریکا ناوبانگی دهركرد. هەروەها، لە دوای ڕووخانی ڕژێم، لە ڕێگەی دروستکردنی هێزێکی چەکدار بە ناوی "سوپای مەهدی" ڕۆڵێکی مەزنی هەبووە لە جهنگی تائیفیی نێوان شیعە و سوننەدا، بەتایبەت لە ساڵانی ٢٠٠٦ -٢٠٠٨ و بە پاڵپشتیی ڕاستەخۆی ئێران و، بەتوندییش ڕووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا بووەوە؛ بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، وردە وردە گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێست و بۆچوونەکانی سەدردا هات و لە پیاوێکی شیعەمەزهەبی توندڕەوەوه، خۆی زیاتر وەک کەسێکی میانڕەو و هەڵگری ناسنامهی ناسیۆنالیستیی عەرەبی پیشان دا. لەم ڕووەوە، سەدر داوای لە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکرد، لەگەڵ کورد و سوننە مامەڵەیەکی باش بکات. تەنانەت لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی سوننییش پەیوەندییەکی باشی ھەیە و داوا دەكات عێراق لە پەیوەندییەكانی خۆیدا لەسەر ئاستی ناوچەكە هاوسەنگی ڕابگرێت. لەگەڵ ئەمریکییەکانیش تا ڕاددەیهک هەڵوێستە توندەکانی سەدر گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و زیاتر سیاسەتێکی نەرمتر پراکتیزە دەكات.
لە دوای خۆپیشاندانەكانی 2019، بەتایبەت لەناو شەقامی شيعەدا، سەدر زیاتر ھەوڵی دا سوود لە خۆپیشاندانەكان ببینێت و خۆی وەك كەسێكی میانڕەو، سەربەخۆ و ناسیۆنالیست پیشان بدات. لەم ڕووەوە، زیاتر جەختی لەسەر ئەوە دەكردهوه كە دەبێت كۆتایی بە دەستیوەردانەكانی دەرەكی بھێنرێت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەستیان كرد بە كوشتن و گرتنی خۆپیشاندەران. سەدر بەو ھەڵوێستانە توانی پێگەی خۆی زیاتر لەناو شەقامی شيعە بەھێز بكات. ھەر ئەمەیش وای كرد لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكاندا دەنگی زۆرێنەی پێكھاتەی شيعە بەدەست بھێنێت. لە بەرامبەردا، گرووپەكانی نزیك لە ئێران تووشی شكستێكی گەورە بوون. سەدر لە دوای ھەڵبژاردنەكان جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە دەبێت حكوومەتێك لە عێراق دروست بكرێت كە نە سەر بە ڕۆژاوا بێ و نە سەر بە ڕۆژهەڵات (لا شرقیة ولا غربیة). دیارە لێرەدا زیاتر مەبەستی سەدر ئەوەیە كە حكوومەتێك دروست بكرێت لەلایەن عێراقییەكانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و، دوور بێت لە ھەژموون و كاریگەریی ئەمریكا و ئێران. لێرەدا بەرنامە و ئەجێنداكانی سەدر و بانگەشەكانی بۆ حكوومەتی زۆرینە، دەكرێت لەم خاڵانەی خوارەوەدا كورت بكەینەوە:
یەكەم، لەسەر ئاستی ناوخۆ، سەدر دژی ئەوەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربەخۆ بمێننهوه و هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنانی وەک دەوڵەت لەناو دەوڵهتدا مامەڵە بکەن. لەم ڕووەوە، پێی وایە دەبێت ئەو میلیشیایانە هەڵبوەشێنرینهوه یاخود بکرێنە بەشێک لە سوپای عێراق. لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکەی عەبدولمەهدی لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩ سەبارەت داخستنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دووبارە ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا، سەدر پێشوازیی لە بڕیارەکەی کرد و وەک دەستپێشخەرییەک داوای لە سەرایای سەلام- کە هێزێکی سەربازیی سەر بە ڕەوتی سەدرە- كرد، پابەندی بڕیارەکەی حکوومەت بن. ھەروەھا لە 25ی كانوونی دووەمی 2022 لە كەناڵی ئەلشەرقیە سەدر جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە ھەوڵ دەدەن ھێزە میلیشیاكان ڕێك بخرێن.
دووەم، سەدر دەیەوێت دەسەڵاتێکی تائیفی-ناسیۆنالیستی لە عێراقدا دابمەزرێنێت؛ بە شێوەیەك زیاتر لەژێر كاریگەری و ھەژموونی خۆیدا بێت و خۆی زیاتر ببێتە بڕیاردەر و مەرجەعی شیعەكان لە عێراقدا و، زیاتر كار بكات بۆ ئەوەی لایەنەكانی تری شیعە لاواز بكات و بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لەم ڕووەوە، سەدر دەیەوێت لە ھاوكێشە سیاسییەكانی عێراقدا ڕۆڵی میحوەری بگێڕێت. لە دوای كوشتنی قاسم سلیمانی و ئەبو مەھدی مەھەندیس، دەرفەتەكە زیاتر ڕەخساوە بۆ ئەوەی سەدر بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت. بەتایبەت لە لایەك بە كوشتنی قاسم سلیمانی ھەم پێگەی ئێرانی لە عێراقدا لاواز كردووە و، ههمیش لە لایەكی ترەوە ناكۆكی و لێكترازانی نێوان ھێزە شیعەكان و حەشدی شەعبییشی زیاتر كردووە.
سێیەم، گەڕانەوەی سیادە و سەروەری بۆ عێراق و سنووردانان بۆ دەستێوەردانەكانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لە كاروباری عێراق. سەدر لە ڕێگەی دروشمی "نە شەرقی و نە غەربی" جەخت لەسەر سەروەریی عێراق و دوورکەوتنەوە لە شوێنكهوتوویی بۆ لایەنە دەرەكییەكان دەكات. چوارەم، ڕەوتی سەدر زیاتر گرنگی بە پڕسی چاکسازی و دژایەتیی گەندەڵی دەدات لە عێراقدا و ھەوڵ دەدات زیاتر حكوومەتی نوێ، كار بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی بكات. بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانەكانی 2019، دەركەوت كە شەقامی عێراق بەگشتی و شیعەكان بەتایبەت، زیاتر گرنگی بە دژایەتیی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری دەدەن نەك پرسی شيعەگەرایی و تائیفییەت لە عێراقدا. پێنجەم، بۆچوونی سەدر بەو ئاراستەیەیه، كە كار بكرێت بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ھەرێمی سیاسەتێكی ھاوسەنگ پراكتیزە بكرێت و عێراق نەبێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە، یاخود عێراق نەبێتە مەیدانێك بۆ ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران. بە ھەمان ئاراستەیش، ڕوانگەی سەدر ئەوەیە كە لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبییەكان پەیوەندییەكی باشی ھەبێت و زیاتر كار بكات بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەك لە پەیوەندییەكانی عێراقدا دروست بكرێت.
چوارچێوەی ههماههنگی و گەمەی سەدر
یەكیك لە خاڵە ھەرە گرنگەكانی حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی، بەئۆپۆزیسیۆنكردنی ھاوپەیمانەكانی ئێرانە كە ئێستا خۆیان لە چوارچێوەی چوارچێوهی ههماههنگیدا دەبینێتەوە. ھەرچەندە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا زیاتر دیار دەبێت ئایا سەدر لەسەر سیاسەتە نوێیەكەی بەردەوام دەبێت یاخود دەكەوێتە ژێر گوشار و كاریگەرییەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانیدا. بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە، سەدر جەخت لەسەر حكوومەتی زۆرینە و ئۆپۆزیسیۆنێكی بەھێز لە پەرلەماندا دەكات كە ئەمەیش ئۆتاماتیكی بە واتای بەئۆپۆزیسیۆنكردنی ھاوپەیمانەكانی ئێران دێت. ھەرچەندە دەبێت ئەو خاڵەیش لەبەرچاو بگرین كە سیاسەتی سەدر زیاتر دژایەتیكردنی "نووری مالیكی"یە و لاریی نییە لەوەی كە لیستی ھادی عامری و خەزعەلی بەشداریی حكوومەت بكەن. بەڵام دەبێت ئاگامان لەو ڕاستییە بێت كە كێشەكانی نێوان "تەیار" و "چوارچێوه" تەنیا نووری مالیكی نییە، بەڵكوو ھەردوو لایەنی شيعە، دوو سیاسەت و ئەجێندای جیاوازیان ھەیە و ھەر لایەنێك ھەوڵ دەدات بەرنامە و سیاسەتەكانی خۆی لە چوارچێوەی حكوومەتی داھاتوودا پراكتیزە بكات.
لە بەرامبەر ھەوڵەكانی سەدر بۆ حكوومەتی زۆرینە، چوارچێوهی ههماههنگی كە زۆربەی ھاوپەیمانەكانی ئێران لەخۆ دەگرێت، بەرنامە و سیاسەتێكی زۆر جیاوازیان ھەیە. چوارچێوهی ههماههنگی، زیاتر گەمە لەسەر ناكۆكییە مهزھەبی و تائیفییهكان دەكات و بە ھاندان و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی ئێران، ھەوڵ دەدات ھەموو جومگە گرنگەكانی دەسەڵات لە عێراقدا كۆنترۆڵ بكات. ئەمانە كەمتر گرنگی بە شەراكەت، ھاوسەنگی و تەوافوقی نێوان كورد سوننە و شيعە دەدەن؛ ھهروهھا جەخت لەسەر دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن و لەسەر ئاستی ناوچەكەیش، زیاتر لە چوارچێوەی ئێراندا گەمە دەكەن و دژی بەھێزكردنی پەیوەندییەكانی عێراقن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی.
لە پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا چوارچێوهی ههماههنگی كۆمەڵێك مەرج و داواكارییان ھەیە، لەوانەیش: یەكەم، گرنگی بە دەرەنجامەكانی ھەڵبژاردنەكان نەدرێت و تەوافوق جێگەی زۆرینەی نیشتمانی بگرێتەوە. دووەم، لەسەر پۆستی سەرۆكوەزیران، دهبێت لە نێوان پێكھاتەی شيعەدا تەوافوق بكرێت و، نابێت سەدر بەتەنیا ئەو پۆستە یەكلایی بكاتەوە. سێێەم، داوا دەكەن پۆستەكانی تری ناو حكوومەت دیسان پێشوەختە ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. چوارەم، تەنانەت ئەوان داوایان دەكرد كە لە پۆستی سەرۆككۆمار و سەرۆكی پەرلەمانیشدا قسەیان بەھەند وەربگیرێت. پێنجەم، ئەمانە بە ھەموو شێوەیەك پرسی بەئۆپۆزیسیۆنبوون یاخود بەشداریپێنەكردنیان لە حكوومەت ڕەت دەكەنەوە؛ تەنانەت ھادی عامری لە 28ی كانوونی دووەمی 2022 ھۆشداریی دا بە كورد و سوننە لە ھاوپەیمانیكردن لهگەڵ سەدر و، ڕێككەوتنەكەی نێوان ئەو سێ لایەنەی بە پیلانگێڕی ناو برد.
سەبارەت بهەی بۆچی ئەوان ئۆپۆزیسیۆنبوون ڕەت دەكەنەوە، دیارە ئەوان ترسی گەورهیان لەوە ھەیە بەتەواوەتی پەراوێز بخرێن و سەدر ببێتە تاكە سەركردەی بەھێزی شيعەكان. بەتایبەت لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە سەلمێنراوە كە ھەر كەسێك لەناو پێكھاتەی شيعەكاندا دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی وەرگرتبێت، توانیویهتی زۆر بەباشی ئەو پۆستە بۆ بەھێزكردنی پێگەكەی لە عێراقدا بەكار بھێنێت و لە ھەمان كاتیشدا لەدەستدانی دەسەڵات بۆتە ھۆی ئەوەی پێگەی سیاسی و جەماوەرییەكەی تا ئاستێكی زۆر دابەزێت. بە ھەمان شێوەیش، ھاوپەیمانەكانی ئێران لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە بەرژەوەندیی زۆریان ھەیە و پارەیەكی زۆریان دەست دەكەوێت. بۆیە بە بەشدارینەكردنیان لە دەسەڵات ھەموو ئەو بەرژەوەندییانە دەكەونە مەترسییەوە. بەتایبەت گەندەڵییەكی زۆریان لە عێراقدا كردووە؛ تەنانەت ترسیان ھەیە لە ڕووی یاساییشەوە ڕووبەرووی لێپرسینەوە ببنهوه. ئەمە بەدرە لەوەی كە ئەوان خۆیان بە خاوەنی شيعەكان و عێراق دەزانن و دەوڵەتێكی وەك ئێران پاڵپشتییان دەكات و به بەشداریپێنەكردنیان، ھەموو سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران دەكەوێتە مەترسییەوە. بۆیە ھەم بۆ ئێران و ھەم بۆ ئەو گرووپانە پرسی بەشداریكردنیان وەك پرسێكی وجوودی و ستراتیژی سەیر دەكرێت.
سەدر و گەمەی ئێران
ئێران بە ھەموو ھێزی خۆیەوە ھەوڵ دەدات كە سەدر لە حكوومەتی زۆرینە پاشگەز بكاتەوە. لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەر، فەرماندەی سوپای قودس بەبەردەوامی سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ لایەنە شیعەكان كۆ بۆتەوە بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لە نێوانیان بكرێت. ھەرچەندە بەپێی سەرچاوە ھەواڵییەكان فەرماندەی سوپای قودس سەركەوتوو نەبووە لەوەی سەدر ببینێت. لە دوای ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی و شكستی ھەوڵەكانی ئێران بۆ ئەوەی پرۆسەكە پەك بخات، ھەروەھا نزیكبوونەوەی وادەی دەستنیشانكردنی سەرۆككۆمار، دیسان ئیسماعیل قائانی لە 28ی كانوونی دووەمی 2022 سەردانی عێراقی كرد، بۆ ئەوەی پەیامی عهلی خامنەیی بە موقتەدا و لایەنەكانی تر بگەیهنێت. ناوەڕۆكی پەیامەكە ئەوە بووە كە، یان دەبێت تەوافوق بكرێت و ھەموو چوارچێوهی ههماههنگی پێكەوە بەشداریی حكوومەت بكەن، یان دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەن.
لە ڕاستیدا ئێران زۆر نیگەرانە لە سیاسەتەكانی سەدر و، بە ھەڕەشەیهكی مەزن دەزانێت لەسەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی خۆی لە عێراق و ناوچەكەدا. سیاسەتی سەدر جەخت لەسەر ھەڵوەشاندنهوهی گرووپە میلیشیاكان یان ھەوڵدان بۆ ئەوەی بخرێنە ژیر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەکات؛ ئەوەیش جێگەی مەترسیی گەورەی ئێرانە. بەتایبەت ئێران مەبەستیەتی ھێزەكانی حەشدی شەعبی وەك ھێزێكی پرۆكسی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا بمێنێتهوه، بۆ ئەوەی بەباشی بەرگری لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران بكات. بە ھەمان ئاراستەیش، ئێران ترسی لە سیاسەتی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی سەدر ھەیە. ھەوڵدان بۆ كردنەدەرەوەی ھاوپەیمانەكانی ئێران لە دەسەڵات، لە كاتێكدایە ئێران و ھاوپەیمانەكانی ھەوڵەكانیان چڕ كردۆتهوه بۆ دەركردنی ھەموو ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق. بێ گومان دروستبوونی حكوومەتێك لە دەرهوەی كاریگەریی ئێران، زیانی گەورە نەك ھەر بەو سیاسەتە دەگەیهنێت، بەڵكوو وا دەكات عێراق زیاتر لە دەوڵەتە عەرەبییەكان وەك سعوودیا و ئیمارات نزیك بكاتەوە، كە ئەمەیش دیسان جێگەی نیگەرانیی مەزنی ئێرانە. بەدەر لەوەی گریمان ئەگەر حكوومەتێك لە عێراق دروست ببێت كە لەژێر ھەژموون و كاریگەریی ئێراندا نەبێت، زیانێكی گەورە بە پرۆژە و سیاسەتەكانی ئێران لە ناوچەكەدا دەگەیهنێت. ئێران ترسی ھەیە ئەم ھەنگاوە لە عێراقدا ببێتە سەرەتای كۆتاییهاتنی ھەژموونەكەی بەسەر عێراق و ناوچەكەدا؛ ئەمە بەدەر لەوەی ئێران ھیچ كاتێك نایەوێت تەنیا یەك سەركردە ھەژموونی خۆی بەسەر پێكھاتەی شيعەدا بسەپێنێت. ئەمە وا دەكات زۆر بەگویێ ئێران نەكات و ئێران دەرفەتی كەمتری بۆ مانۆڕی سیاسی ھەبێت.
لەم چوارچێوەیەیشدا، سیاسەت و ستراتیژی ئێران بۆ شكستهێنان بە سیاسەتی سەدر و حكوومەتی زۆرینە و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی، دەكرێت بەگشتی لەم خاڵانەدا ببینینهوە: یەکەم، هەوڵدان بۆ لێكنزیککردنەوەی هێزە شیعەکان؛ بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. دووەم، ڕێگرتن لە دروستبوونی حکوومەتی زۆرینە و هەڵوەشانهوهی ڕێککەوتنی سێقوڵیی نێوان (سەدر، سوننەكان و پارتی). لەم ڕووەوە ئێران گوشارەكانی لەسەر كورد و سوننە توند كردۆتهوه بۆ ئەوەی لە بەرەی سەدر بكشێنەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە بەردەوامیی ھەوڵەكانیدا لە 30ی كانوونی دووەمی 2022 فەرماندەی سوپای قودس سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ "بارزانی" كۆ بووەوە. لەو سەردانەدا پەیامەكەی ئێران بە كورد ئەوە بووە كە، ئێران لەگەڵ ئەوە نییە كە كورد لەگەڵ سەدر یان تەنیا لایەنێكی شيعە ھاوپەیمانی بكات؛ ئەمە دەبێتە ھۆی ناسەقامگیركردنی عێراق و ئەگەری ڕوودانی جهنگ لە نێوان ھێزە شیعەكاندا. ھەرچەندە كورەكان ھەوڵیان داوە وا دەرنەكەون كە بەشێك بن لە ململانێی نێوان ھێزە شيعەكان. بەتایبەت بە دەستپێشخەریی بارزانی لە 31ی كانوونی دووەمی 2022، نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی، سەردانی سەدریان كرد بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنێك لە نێوان ھێزە شيعەكاندا دروست ببێت. بەڵام سەدر لە دوای سەردانەكە، له ڕێگەی تویتێكەوە دووبارە جەختی لەسەر حكوومەتی زۆرینە كردهوه.
سێیەم، دوورخستنەوەی یەکێتی لە ڕێککەوتنی سێقوڵی و بەکارهێنانی بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە سەدر. لێرەدا ئێران گوشارەكانی لەسەر یەكێتی زیاتر كرد، بەتایبەت لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا؛ بە بڕیاری ئێران، یەكێتی بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ پارتی، لە پەرلەمان كشایەوە. لێرەدا مەبهستی ئێران لەم كشانەوەیهی یەكێتی ئەوە بوو كە، ناوماڵی كورد دابەش بكات و پارتی ناچار بكرێت لە ھاوپەیمانیی سێقوڵی بكشێتەوە. واتە ئێران و یەكێتی دەیانەویست پارتی بە ناوی یەكڕیزی، لە بەرەی سەدر و سوننە بكشێتەوە. لێردا خاڵێكی تری ئەم گەمەیهی ئێران و یەكێتی ئەوە بووە كه، لە ڕێگەی دوورخستنەوەی پارتی، گوشار لەسەر سەدر دروست بكهن بۆ ئەوەی واز لە گەمەی زۆرینەی نیشتمانی بھێنێت و شيعەكان یەك بگرن. لە ئەنجامی ئەو یەكگرتنە، ئێران و یەكێتی، سەركەوتووی گەمەكە دەبوون؛ چونكە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو گەمەیە، كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆككومار وەك 2018 مسۆگەر دەبوو. ھەروەھا ئێرانیش دەیتوانی سەرەڕای شكستی ھاوپەیمانەكانی لە ھەڵبژاردنەكاندا، حكوومەتێكی دڵخواز دروست بكات.
چوارەم، بەکارهێنانی ئامرازەکانی هەڕەشەکردن لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکان، بەتایبەت بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگا و دامەزراوە حکوومییەکان، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە كاریگەری بكەنە سەر ھاوپەیمانیی سێقوڵی. پێنجەم، ڕێگرتن لە دروستبوونی هاوپەیمانیی سەرووی تائیفی یان ھاوپەیمانییەكی عێراقی و ناسیۆنالیستی؛ چونکە ئەمە هەموو پرۆژەکانی ئێران لە عێراقدا دەخاتە مەترسییەوە. ھەر بۆیەیش، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە سەدر تۆمەتبار دەكرێت بەوەی، پشتی لە پێكھاتەی شيعە كردووە و و كار بۆ لاوازكردنی پێگە و بەرژەوەندییەكانی شيعە دەكات یاخود زۆر جاران ئەو ھاپەیمانەتییەیان بە پیلانێكی ھەرێمی دژی شيعە و ئێران ناوزەد كردووە.
روانگەی ئەمریكا بۆ گەمە سیاسییەكەی سەدر
لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوودا، وەك دیار بووە ئەمریكا زۆر بەچڕی كاری بۆ ھاوپەیمانەكانی دەكرد و، ھەوڵی دەدا حكوومەتێكی نزیك لە خۆی دابمەزرێنێت. بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا بەپێچەوانەی ئێرانییەكان، ئەمریكا زۆر بەكەمی دەستێوەردانی كردووە. تەنانەت دەكرێت بڵێین ئەمریكا لەم ماوەیەدا لە مهیدانی سیاسیی عێراقدا ھیچ بوونێكی بەرچاوی نەبووە. بێ گومان ئەم سیاسەتەی ئەمریكا ھەمبەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لە زیاتر له بۆچوونێك ھەڵدەگرێت. لەوانەیە یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوە بێت كه، ئەم جارە ئەمریكا پێی وایە ئەو ھەوڵانەی بۆ حكوومەتی زۆرینە دەدرێت، دژی پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نییە؛ چونكە لە لایەك كەمبوونی ھەژموونی گرووپە میلیشیاكان و ئێران ئامانجی ئەو حكوومەتەیە؛ لە لایەكی تریشەوە، لەم حكوومەتەدا كورد و سوننە بە پێگەی بەھێزەوە بەشداری دەكەن. ئەمەیش بێ گومان ھاوئاراستەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و، واشنتۆن دەتوانێت لە ڕێگەی دۆستەكانییهوە كاریگەریی لەسەر حكوومەتی نوێ ھەبێت.
خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە، ڕاستە سەدر لە ڕابردووە زۆر دژایەتیی ئەمریكای كردووە، بەڵام ئەمریكا بژاردەی زۆر باشی لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی كاریگەرییهكی زۆری لەسەر ھێزە شيعەكان ھەبێت. بەتایبەت ئەم جارە لەناو ھێزە شيعەكاندا ئەمریكا نە پێش ھەڵبژاردنەكان و نە لە دوای ھەڵبژاردنەكان پاڵپشتیی كەسێكی دیاریكراوی نەكردووە. بۆیە ئێستا بۆ ئەمریكا، سەرەڕای ئەوەی تێبینییان لەسەر سەدر ھەیە، بەڵام لە نێوان سەدر و گرووپەكانی سەر بە ئێران، بێ گومان ئەمریكا سەدرییەكانی پێ باشترە؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵەی كە لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانێكی بەرچاو لە ھەڵوێست و سیاسەتی ڕەوتی سەدر ڕووی داوە. ئێستا سەدر زیاتر جەخت لەسەر ڕێكخستن یان ھەڵوەشاندنهوهی میلیشیا شيعەكان دەكاتهوه؛ ھەروەھا لەگەڵ سەروەریی عێراق و سنووردانان بۆ دەستێوەردانەكانی دەوڵەتانی ھەرێمی، بەتایبەت ئێرانە. ھەروەھا سەدر زیاتر ئامادەیە كار بكات بۆ ڕاستكردنەوەی ھاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی عێراقدا لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا؛ ئەمە بەدەر لەوەی سەدر لە پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراقدا، ھەڵوێستی لە چوارچێوهی ههماههنگی نەرمترە. ھەموو ئەم خاڵانەیش ئەگەر پراكتیزە بكرێن، بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەخۆ دەكەونە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاوه.