نەوزاد هێتوتی، دکتۆرا لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناڤین و پرسی كورد-زانكۆی لێستەر. پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی/ زانکۆی سەڵاحەددین
پێشەكی
لە 10ی ئۆكتۆبەری 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بەڕێوە چوو كە تێیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سیاسی ڕوویان دا. سەدرییەكان لەناو پێكھاتەی شیعەدا توانییان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بھێنن. بە ھەمان شێوەیش، لەناو كورد و سوننەدا، پارتی و ھاوپەیمانیی حەلبووسی و خەمیس جەنجەر براوەی سەرەكیی گەمەكە بوون. ئەوەی جێگەی سەرنج و تێبینی بووە لەم ھەڵبژاردنەدا، گرووپەكانی نزیك لە ئێران، بەتایبەت لیستی فەتح، تووشی شكستێكی گەورە بوون.
یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی لێكەوتەكانی ئەم ھەڵبژاردنە ئەوە بووە كە لە دوای 18 ساڵ لە فەرمانڕەواییی پێكەوەی شيعەكان و دروستكردنی حكوومەتی تەوافوقی، سەدر، پارتی و ھاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان بە سەرۆكایەتیی حەلبووسی، داوای فۆرمێكی جیاوازی حوکمڕانی دەكەن كە خۆی لە حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانیدا دەبینێتەوە. لەم ڕووەوە ئەم سێ لایەنە هاوپەیمانیی سێقۆڵییان بە ناوی "تحالف إنقاذ الوطن"، لە 23ی ئازاری 2022 پێك ھێنا. بەمەیش بوونە گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق. ئەمەیش وای كرد بۆ یەكەم جار دوای 2003، كوتلەی زۆرینە چیتر تەنیا تایبەت نەبێت یان لەلایەن پێكھاتەی شيعەكانهوه مۆنۆپۆڵ نەكرێت، بەلكوو سێ لایەنی بەھێزی ناو سێ پێكھاتەی سەرەكی، واتە كورد، سوننە و شيعە كوتلەی زۆرینەیان پێك ھێنا. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو ھاوپەیمانێتییە لە یەكەم ھەنگاوی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتدا لە 9ی كانوونی دووەمی 2022 سەرەڕای گوشار و ھەڕەشەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، توانییان سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكانی ھەڵبژێرن. بەڵام لە پرسی سەرۆككومار، ھەوڵەكانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی چهقیان بهستووه و نەیانتوانی وەك پێشبینی دەكرا سەرۆككومار و دواتریش حكوومەت بەگوێرەی كاتبهندیی دهستووری پێك بھێنن؛ بەتایبەت ھاوپەیمانیی سێقۆڵی لە 26ی ئادار و 30ی ئاداری 2022 ھەوڵیان دا سەرۆككومار ھەڵبژێرن، بەڵام سەركەتوو نەبوون لە تەواوكردنی ڕێژهی یاسایی كە دەكاتە 2020 ئەندام پەرلەمان بۆ بەڕێوەچوونی پروسەكە.
چەقینی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی
لە ڕاستیدا زۆر ھۆكار ھەبوون بوونە ھۆی ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی ڕووبەڕووی كێشەی زۆر ببێتهوه بۆ پێكھێنانی حكوومەت و، دیاریش نییە پرۆسەی پێكھێنای حكوومەت چەند دەكێشێت و یان ھەر لە بنەڕەتدا ئایا بەبێ ڕێككەوتنی لایەنە شيعەكان حكوومەت پێك بێنن یان نا؛ بەتایبەت ئەگەر لایەنەكان لەسەر پرۆسەی پێكھێانی حكوومەت ڕیك نەكەون یان نەگەنە ڕێككەوتن، لەوانەیە لە كۆتاییدا تەنیا بژاردە ئەوە بێت دووبارە ھەڵبژاردن لە عێراقدا بكرێتهوه. بەڵام پێناچێت ھەڵبژاردنێكی تریش چارەسەری ململانێكان بكات یان گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی عێراق ڕوو بدات. بە شێوەیەكی گشتی ئهو ھۆكارانهی كە بوونەتە بەربەست لە بەردەم ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بۆ پێكھێنانی حكوومەت، خۆی لە كۆمەڵێك فاكتەردا دەبینێتەوە:
یەكەم، سەرەڕای ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراقی بەدەست ھێناوە، بەڵام بڕیاری دادگەی دەستووری كە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتهوه لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆككوماردا، دهبێت دوو لەسەر سێ، واتە 220 ئەندام پەرلەمان لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە بن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بەڕێوە بچێت، گرفتی گەورەی خستە بەردەم ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بۆ پێكھێنانی حكوومەت. گومانی تێدا نییە كە دادگەی فیدڕاڵی بەو بڕیارە ڕۆڵێكی زۆر خرابی گێڕا لە پرۆسەی سیاسی و ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەت لە عێراقدا. واتە ئەم بڕیارەی دادگەی دەستووری تا ڕاددەیەكی زۆر پرۆسەی سیاسیی قوفڵ كرد و ڕێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی دژبەرەكانی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بتوانن لە ڕێگەی گەمەی "سێ یەكی پەكخەر"ەوە، واتە 110 ئهندام پهرلهمان، ڕێژهی یاساییی پەرلەمان تێك بدەن و ڕێگە نەدەن كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە، دادگەی دەستووری لە جیاتی ئەوەی ئەركی دەستووریی خۆی بهجێ بگهیهنێ، بووە بە ئەمرازێك بەدەست ئێران و ھاوپەیمانەكانی، بەتایبەت چوارچێوەی ھەماھەنگی، بۆ ڕاگرتن و پەكخستنی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت و دروستكردنی گوشار لەسەر ھاوپەیمانیی سێقۆڵی.
لە ڕاستیدا دادگەی دەستووری لە زۆر بڕیار و ھەڵوێستەكانی خۆیدا، بەڕوونی دەری دەخات كە پاڵپشتیی ھاوپەیمانەكانی ئێران دەكات و بڕیارەكانی لایەنگیرانهن. دوای دەرچوونی دەرەنجامەكانی ھەڵبژاردن، دادگەی دەستووری بە بیانووی جۆراوجۆر بۆ ماوەی 2 مانگ ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەسەند نەكرد بۆ ئەوەی گوشار لەسەر سەدر دروست بكات لەگەڵ لایەنەكانی تری شیعە سازان بكات؛ لە كاتێكدا ئەركی دادگەی دەستووری ئەوە نییە سازان لە نێوان لایەنەكان دروست بكات، بەڵكوو ئەركی سەرەكیی ئەوەیە دەقەكانی دەستوور بەبێلایەنی ڕاڤە بكات. بە ھەمان ئاراستەیش، دوای ھەڵبژاردنی حەلبووسی وەك سەرۆكی پەرلەمان، دیسان دادگەی دەستووری بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك پرۆسەكەی ڕاگرت، بە بیانووی ئەوەی لێكۆڵینەوە دەكات لەوەی داخۆ پرۆسەكە بە شێوەیەكی یاسایی بەڕێوە چووە یان نا. لە لایەكی تریشەوە بۆ زیاتر خاوكردنی پرۆسەكە لە 13ی شوباتی 2022 بڕیاری دا بە دوورخستنەی "ھۆشیار زێباری" كە كاندیدی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی بووە بۆ پۆستی سەرۆككوومار، بە پاساوی ئەوەی مەرجەكانی بوون بە سەرۆككوماریی تێدا نییە. ھەروەھا بۆ لێكترازاندنی زیاتری ھاوپەیمانیی سێقۆڵی، له كات و ساتێكی گوماناویدا دادگەی دەستووری لە 15ی شوباتی 2022 بڕیارێكی دژی یاسای نەوتی هەرێمی كوردستان دەركرد.
دووەم، ھەڵوێستی ئەندام پەرلەمانە سەربەخۆكان دیسان كاریگەریی ھەبووە لەسەر ئەوەی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی نەتوانێت ڕێژهی یاسایی تەواو بكات. لە كاتێكدا نزیكەی 50 ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆ ھەن و دەیانتوانی ڕێگە لە پەكخستنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بگرن، بەڵام دیسان ئەوانیش بوونە لایەنگر و، بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمانیان نەكرد. بێ گومان ھۆكاری ئەم ھەڵوێستەی ئەندام پەرلەمانە سەربەخۆكان بۆ چەند فاكتەرێك دەگەڕێتەوە:
1- گوشار و ھەڕەشەی زۆری گرووپە میلیشیایان بۆ سەر ئەندام پەرلەمانە سەربەخۆكان وای كرد، بەشێكی زۆریان نەچنە ناو هۆڵی پەرلەمان. 2- بەشێكی تر لە ئەندام پەرلەمانەكان دەنگەكانیان بە پارە كڕاوە. بەداخەوە دیاردەی كڕینی دەنگەكانی ئەندام پەرلەمانەكان چەند ساڵێكە لەناو پەرلەمانی عێراقدا زۆر بەزەقی ھەستی پێ دەكرێت. 3- ھەندیك لە ئەندام پەرلەمانەكان تەنیا بەناو سەربەخۆن، بەڵام لە ڕاستیدا سەر بە لیست و قەوارە سیاسییەكانن. ئەمەیش كاریگەریی لەسەر ھەڵوێستیان ھهبووە. 4- ھاوپەیمانیی سێقۆڵییش سەركەتوو نەبوون لەوەی بتوانین قەناعەت بە بەشێك لە سەربەخۆكان بكەن بۆ ئەوەی پاڵپشتییان بكەن بۆ تەواوكردنی ڕێژهی یاسایی.
سێیەم، ھۆكارێكی دیكەی بەربەست لە بەردەم پێكھێنانی حكوومەتدا، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و گوشارەكانی ئێران. لەم ڕووەوە، ئێران تاكوو ئێستا سەركهوتوو بووە لەوەی چوارچێوەی ھەماھەنگی وەك قەوارەیەكی یەكگرتوو بمێنێتهوه و ڕێگە نەدات لەلایەن ھاوپەیمانیی سێقۆڵییەوە ھەڵبوەشێتهوه یان درزی تێ بكەوێت. ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەكات یان دەبێت ھەموو ھاوپەیمانەكانی بەو مەرجانەی دەیانەوێت لە حكوومەت بەشدار بن، یان ھیچیان بەشدار نابن. بێ گومان ئەمەیش وای كرد سەرەڕای ناكۆكیی نێوان لایەكانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی، بەڵام توانییان وەك قەوارەیەكی یەكگرتوو بمێننهوه و بە كۆكردنەوەی سێ یەكی پەكخەر ڕێگە لە دانیشتنی پەرلەمان بگرن.
چوارەم، ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، یەكێكی ترە لە ھۆكارەكانی پەككەوتنی پەرلەمان و بەربەست لە بەردەم دروستبوونی حكوومەت. گومانی تێدا نییە كە ئەگەر پارتی و یەكێتی ھەڵوێستێكی یەكگروتوویان ھەبوایە، ئەوكات ھەڵبژاردنی سەرۆككومار زۆر ئاسان دەبوو. ھەروەك چۆن سوننەكان توانییان كاندیدەكەیان بەبێ كێشە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان تێ پەڕێنن، ئەوا كوردیش دەیتوانی سەرۆككومار دەستنیشان بكات. بەڵام ناكۆكی و دووبەرەكیی نێوان پارتی و یەكێتی و ڕێكنەكەوتن لەسەر كاندیدێكی ھاوبەش، بووە ھۆی ئەوەی ڕێژهی یاسایی تەواو نەبێت و پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت پەكی كەوێت.
دیدگه و ڕوانگەی ئەمریكا بۆ پێكھێنانی حكوومەتی عێراق
ڕوانگە و تێڕوانینی ئەمریكا بۆ حكوومەتی داھاتوو، خۆی لە كۆمهڵێك خاڵدا دەبینێتەوە كە تا ڕاددەیەك لەگەڵ دیدگه و تێڕوانینی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی یەك دەگرێتەوە. لە گرنگترین ئەو خاڵانەیش دەكرێ ئاماژە بەوانە بكەم:
یەكەم، كەمكردنەوەی ھەژموون و نفووزی ئێران لەسەر پرۆسەی سیاسی و حكوومەتی داھاتوو، یەكێكە له بنەماكانی سیاسەتی ئەمریكا. لەم چوارچێوەیەیشدا، ئەمریكا ھەوڵ دەدات ھەموو ئەو ھێز و لایەنانە لێكنزیك بكاتەوە كە لەگەڵ دەستێوەردانەكانی ئێران نین یان تا ڕاددهیەك لە ئێران دوورن. لەم ڕووەوە، ئەمریكا پێی باشە كورد، سوننە و سەدرییەكان حكوومەتێكی زۆرینە پێك بھێنن. بەتایبەت ئەمریكا پێی وایە ئەنجامەكانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان ئۆكتۆبەری 2021 دەرفەتیكی مەزنی داوەته عێراقییەكان بۆ ئەوەی حكوومەتێك دروست بكەن كە كەمترین كاریگەریی ئێران و ھاوپەیمانەكانی لەسەر بێت.
دووەم، سنوورداركردنی ڕۆڵی میلیشیاكان و تێكەڵكردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپای عێراق، یەكێكی ترە لە پڕهنسیپەكانی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا. لەم ڕوانگەیەوە ئەمریكا پێی وایە، دەبێت ئەو میلیشیایانە هەڵبوەشێنرینهوه یان بکرێنە بەشێک لە سوپای عێراق؛ چونكە تاوەكوو ئەو میلیشیایانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتدا بمێننهوه، ھەڕەشە و مەترسین لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی عێراق. بەتایبەت بەشێكی زۆر لەو میلیشیایانە ڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن و بەرنامە و ئەجێندای ئێران لە عێراقدا پراكتیزە دەكەن و، ڕێگرن له بەردەم پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیدا. ھەروەھا، ئێران بەردەوام ئەو گرووپانە بۆ گوشارخستنە سەر نەیارەكانی لە عێراق و ناوچەكەدا، بەكار دەھێنێ.
سێیەم، گەڕانەوەی سیادە و سەروەری بۆ عێراق و سنووردانان بۆ دەستێوەردانە ھەرێمی و دەرەكییهكان لە كاروباری عێراق، ئامانجێكی دیكهی ئەمریكایه. بەرپرسانی ئەمریكا بەردەوام ھانی عێراقییەكان دەدهن، كار بكەن بۆ پاراستنی سەروەری و سیادەی عێراق و ڕێگەگرتن لە دەستوەردانی دەوڵەتانی دەوروبەر، بەتایبەتیش ئێران. ئەمریكا زۆر نیگەرانە لە دەستوەردانەكانی ئێران و، پێی وایە ئێران ھۆكاری ھەرە سەرەكیی ناسەقامگیری و تێكدانی ڕەوشی ئاسایشە لە عێراقدا.
چوارەم، ئەمریكا گرنگی بە پرسی چاکسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی دەدات لە عێراقدا و، ھەوڵ دەدات حكوومەتی داھاتوو، زیاتر كار بكات بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی و بەھێزكردنی ئابووریی عێراق. بەتایبەت لە دوای خۆپیشاندانەكانی 2019 دەركەوت كە، شەقامی عێراق بەگشتی لەگەڵ چاكسازیدان و دەیانەوێت حكوومەتی داھاتوو دژایەتیی گەندەڵی بكات. ئەمریكا پێی وایە یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق، بریتییە لە تەشەنەكردنی گەندەڵی و نەبوونی چاكسازی. ئەمەیش بووهتە ھۆكارێك یان خود بەربەستێك بۆ پێشكەوتنی عێراق و ھەنگاونان بەرەو دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و بەھێز. ھەروەھا بۆ ئەمریكا گرنگە عێراق لە ڕووی وزەوە بتوانێت سەربەخۆ بێت و كۆتایی بە ھەناردەكردنی گاز لە ئێران بھێنێت.
پێنجەم، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ھەرێم و بەغدا و ھەوڵدان بۆ ئەوەی بەغدا و ھەرێم كێشەكانیان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكەن. بەرپرسانی ئەمریكا لە گوتارەكانی خۆیاندا بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە لەگەڵ ھەرێمێكی بەھێزدان لە چوارچێوەی عێراقدا. بۆیە بەپرسانی ئەمریكا لەگەڵ ئەوەدان بەغدا و ھەولێر كێشەكانیان بە دیالۆگ و بەگوێرەی دەستوور چارە بكەن و حكوومەتی داھاتوو دەبێت بەو ئاراستەیە ھەنگاو بنێت.
شەشەم، ھاندانی عێراق بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی دەرەكی و ناوچەكە سیاسەتێكی ھاوسەنگ پراكتیزە بكات و، عێراق نەبێتە بەشێك لە ململانێكانی ناوچەكە، یاخود عێراق نەبێتە ئەمرازێك بە دەستی ئێرانەوە بۆ دژایەتیكردنی نەیارەكانی، بەتایبەت ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی. لەم ڕووەوە ڕوانگەی ئەمریكا بەو شێوەیەیه كە، عێراق دەبێت لهگهڵ دەوڵەتە عەرەبییەكان پەیوەندییەكی باشی ھەبێت و زیاتر كار بكات بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەك لە پەیوەندییەكانی عێراقدا دروست بكرێت و لە ڕووی ئابووری، سیاسی و ئاسایشەوە پەیوەندییهكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەرەوپێش ببات.
ئەمریكا و ھاوپەیمانیی سێقۆڵی
لە ھەڵبژاردنەكانی پێشوودا، وەك دیار بووە ئەمریكا زۆر بەچڕی كاری بۆ ھاوپەیمانەكانی دەكرد و ھەوڵی دەدا حكوومەتێكی نزیك لە خۆی دابمەزرێنێت، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا بەپێچەوانەی ئێرانییەكان، ئەمریكا زۆر بەكەمی دەستێوەردانی كردووە. بێ گومان ئەم سیاسەتەی ئەمریكا له ھەمبەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لە زیاتر له بۆچوونێك ھەڵدەگرێت. لەوانەیە یەكێك لە ھۆكارەكان ئەوە بێت ئەم جارە ئەمریكا پێی وایە ئەو ھەوڵانەی لەلایەن ھاوپەیمانیی سێقۆڵییەوە بۆ حكوومەتی زۆرینە دەدرێت، دژی پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نییە؛ چونكە لە لایەك كەمبوونەی ھەژموونی گرووپە میلیشیاكان و ئێران ئامانجی ھاوبەشی ھاوپەیمانیی سێقۆڵی و ئەمریكایە؛ لە لایەكی تریشەوە، ئەگەر حكوومەتی زۆرینە پێك بھێنرێت، كورد و سوننە بە پێگەی بەھێزەوە بەشداری دەكەن. ئەمەیش بێ گومان ھاوئاراستەیە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و، ئەوكات واشینگتۆن دەتوانێت لە ڕێگەی دۆستەكانییەوە كاریگەریی لەسەر حكوومەتی نوێ ھەبێت.
خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ڕاستە سەدر لە ڕابردوودا زۆر دژایەتیی ئەمریكای كردووە، بەڵام ئەمریكا بژاردەی زۆر باشی لەبەردەست نییە بۆ ئەوەی كاریگەرییهكی ئهوتۆی لەسەر ھێزە شيعەكان ھەبێت. بەتایبەت ئەم جارە لەناو ھێزە شيعەكاندا ئەمریكا، نە پێش ھەڵبژادنەكان و نە لە دوای ھەڵبژاردنەكان، پاڵپشتیی كەسێك یان قەوارەیەكی دیاریكراوی نەكردووە. بۆیە ئێستا بۆ ئەمریكا سەرەڕای ئەوەی تێبینییان لەسەر سەدر ھەیە، بەڵام لە نێوان سەدر و گرووپەكانی سەر بە ئێران، بێ گومان ئەمریكا سەدرییەكانی پێ باشترە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵەی كە لەم ساڵانەوەی دواییدا گۆڕانێك لە ھەڵوێست و سیاسەتی ڕەوتی سەدر ڕووی داوە، ئێستا سەدر زیاتر جەخت لەسەر ڕێكخستن یان ھەڵوەشاندنهوهی میلیشیا شيعەكان دەكات. ھەروەھا لەگەڵ سەروەریی عێراق و سنووردانانه بۆ دەستێوەردانەكانی دەوڵەتانی ھەرێمی، بەتایبەت ئێران. ھەروەھا سەدر زیاتر ئامادەیە كار بكات بۆ ڕاستكردنەوەی ھاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی عێراقدا لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا؛ ئەمە بەدەر لەوەی سەدر لە پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە عێراقدا ھەڵوێستی نەرمترە لە چوارچێوی ههماههنگی.
ئەمریكا و ھەرێمی كوردستان و پرسی پێكھێنانی حكوومەت
ئەمریكا سەرەڕای ئەو پەیوەندییە بەھێزەی كە لەگەڵ ھەرێم ھەیەتی، بەڵام لە پرسی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەتی عێراق، لە یەكێتی و پارتی نیگەرانە؛ بەتایبەت كه ئەم دوو ھێزە سەرەكییەی ھەرێم نەیانتوانیوه بەسەر ناكۆكییەكانیاندا زاڵ بن و بەیەكڕیزی و یەكھەڵوێستی لە بەغدا كار بكەن بۆ ئەوەی حكوومەتی عێراق لە كاتی خۆیدا پێك بهێنرێ. لەبیرمان نەچێت، ئەگەر ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتی نەبوایە، دەتوانرا ڕێژهی یاسایی تەواو ببێت و حكوومەتی عێراقیش پێك دەھات. بەڵام دیارە ئەم دوو ھێزە، بەرنامە و ئەجێندای جیاوازیان ھەیە؛ بەتایبەت پارتی زیاتر لەگەڵ حكوومەتی زرۆینەی پێكھاتەكاندایە و لەگەڵ سوننەكان و سەدر ھاوپەیمانیی ھەیە. لە بەرامبەردا یەكێتی لە گرووپەكانی سەر بە ئێران و چوارچێوەی ھەماھەنگی نزیكە و، پێی وایە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێران و ھاوپەیمانەكانیدا دەتوانێت زیاتر بەرەژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێت. ئەوەی زیاتر گرژیی خستووەتە نێوان پارتی و یەكێتی، "پرسی سەرۆككومار"ە. یەكێتی سەرەڕای ئەوەی دەنگ و كورسییەكانی زۆر لە كورسییەكانی پارتی كەمترە، بەڵام لە جەخت لەسەر بەدەستھێنانی ئەو پۆستە دەكاتهوه. ئەوەی جێگەی سەرنجە، یەكێتی بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە، تەنانەت ئامادە نییە كەسێك كاندید بكات پارتییش پێ ڕازی بێت، بەڵكوو سوورە لەسەر كاندیدكردنی "بەرھەم ساڵح" وەك تاكە كاندیدی خۆیان و، ئەمەیش لەلایەن پارتییەوە ڕەت كراوهتهوه.
دیارە، ئەم ناكۆكی و لێكترازانەی پارتی و یەكێتی، كیشەی بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا دروست كردووە. بەتایبەت ئەمریكییەكان پەلەیانە لە دروستكردنی حكوومەتی عێراق و ھانی بەپرسانی كورد دەدەن كە ناكۆكییەكانیان بەلاوە بنێن و لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆككومار ڕێك كەون. لەم چوارچێوەیەدا لە دوای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، چەندان جار بەرپرسانی ئەمریكا سەرەدانی ھەرێمیان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی قسەیان كردووە. لە ھەموو قسەكانیاندا بەرپرسانی ئەمریكا بەئاشكرا باسیان لەوە كردووە كە دەبێت پارتی و یەكێتی واز لە ناكۆكییەكانیان بھێنن و بەیەكڕیزی لە بەغدا كار بكەن؛ ھەم بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراق و ھەمیش بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێم. لەم ڕووەوە جو بایدن لە 30ی ئاداری 2022 لە ڕێگەی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، مەتیۆ تۆلەر، نامەیەكی بۆ سەرۆكی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی نارد. لە نامەكەدا سەرۆكی ئەمریكا داوای كردووە كورد بەسەر ناكۆكییەكانیان زاڵ بن و، لە بەغدا له ھەمبەر پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت یەك ھەڵوێستیان ھەبێت... .
بە ھەمان ئاراستەیش، لە 13ی نیسانی 2022 شاندێكى ئهمريكى به سهرۆكايهتيى جۆوى هوود، جێگرى ياريدهدهرى وهزيرى دهرهوهى ئهمريكا سەرەدانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسانی كورد دانیشتنی ھەبووە. لە سەرەدانەكەیاندا شاندی ئەمریكا دیسان داوای یەكڕیزی و یەكھەڵوێستییان لە كورد كردووە و ھانیان داوە ھاوكار بن بۆ ئەوەی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت زیاتر لەمە دوا نەكەوێت. ھەروەھا بە بەرپرسانی كوردیان ڕاگەیاندووە كە دابەشبوونیان خزمەت بە پێگە و بەرژەوەندییەكانی ھەرێم ناكات. لەم ڕووەوە، مەسیجەكەی ئەمریكا بۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی ئەوە بووە كە، دەبێت سیاسەتێكی یەكگروویان ھەمبەر بەغدا ھەبێت. بەبێ بوونی سیاسەتێكی یەكگرتوو و ھاوبەش، ھەرێمێكی بەھێز دروست نابێت و ھەڕهشە و مەترسییەكان لەسەر ھەرێم زیاتر دەبن. لەم ڕووەوە، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ كاروباری عێراق و ئێران، جێنیفەر كافیتوو، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا لە 22ی نیسان 2022 ڕاگەیاند سەبارەت دەرەنجامی سەرەدانی بەرپرسانی ئەمریكا بۆ كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردهوه كە، بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێم بەھێز و پارێزراو بێت، دەبێت كورد لە بەغدا له ھەمبەر پرسە سیاسییەكان و پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت، یەكگرتوو و ھاوھەڵوێست بن.