پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)
(ستۆکهۆڵم، 27ی نیسانی 2026)
ئامادەکردن و وەرگێڕان: پێنووس
بەپێی ڕاپۆرتی نوێی پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI)، خەرجییە سەربازییەکانی جیهان لە ساڵی 2025 گەیشتە 2887 ملیار دۆلار، کە بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 2.9% لە ڕووی ڕاستەقینەوە زیادی کردووە. هەرچەندە خەرجییە سەربازییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمی کردووە بەڵام بە ڕێژەی 14% لە ئەوروپا و 8.1% لە ئاسیا و ئۆقیانووسیا زیادی کردووە. بەپێی ئەو داتایە نوێیانەی لەلایەن پەیمانگهی نێودەوڵەتیی توێژینەوەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵم (SIPRI) بڵاو کراونەتەوە، سێ وڵاتی یەکەم لە ڕووی خەرجیی سەربازییەوە – ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین و ڕووسیا – بەگشتی بڕی 1480 ملیار دۆلاریان خەرج کردووە کە دەکاتە 51%ی کۆی گشتیی خەرجییەکانی جیهان.
پڕچەککردنەوە و زیادبوونی ناسەقامگیری، هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی بەرفراوانی خەرجییەکان
لە ساڵی 2025دا خەرجییە سەربازییەکانی جیهان بۆ 2887 ملیار دۆلار بەرز بووەتەوە، کە ئەمەیش 11هەمین ساڵی یەک لەدوای یەکی بەرزبوونەوەیە و، بارگرانیی سەربازیی جیهانیی — واتە پشکی خەرجییە سەربازییەکان لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) — گەیاندە (2.5%)، کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2009یهوە. بە ڕێژەی (2.9%)، زیادبوونی ساڵانەی خەرجییەکان زۆر کەمتر بوو لەو بەرزبوونەوەی (9.7%)ەی کە لە ساڵی 2024 تۆمار کرابوو. بەڵام ئەم خاوبوونەوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا؛ چونکە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تێکڕای خەرجییەکان لە ساڵی 2025 بە ڕێژەی (9.2%) گەشەیان کردووە.
شیاو لیانگ (Xiao Liang)، توێژەر لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە (SIPRI)، دەڵێت: ”لە ساڵی 2025 خەرجییە سەربازییەکانی جیهان دووبارە بەرز بوونەوە، چونکە دەوڵەتەکان وەڵامی ساڵێکی دیکەی جەنگ، نادڵنیایی و پشێویی جیۆپۆلیتیکییان دایەوە لە ڕێگەی هەڵمەتی پڕچەککردنی بەرفراوانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی مەودای قەیرانەکانی ئێستا، هەروەها ئامانجە درێژخایەنەکانی چەندان دەوڵەت بۆ خەرجییە سەربازییەکان، پێ دەچێت ئەم گەشەکردنە بە درێژاییی ساڵی 2026 و دواتریش بەردەوام بێت. ”
پاشەکشەی خەرجییەکانی ئەمریکا بەهۆی پەسەندنەکردنی هیچ هاوکارییەکی سەربازیی نوێ بۆ ئۆکراینا لەم ساڵەدا
خەرجییە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2025 گەیشتە 954 ملیار دۆلار، کە (7.5%) کەمتر بوو لە ساڵی 2024. ئەم دابەزینە لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەوەوە بوو کە لەم ساڵەدا هیچ هاوکارییەکی داراییی سەربازیی نوێ بۆ ئۆکراینا پەسەند نەکرا. ئەمەیش پێچەوانەیەکی تەواوی سێ ساڵی پێشوو بوو کە تێیدا کۆی گشتیی 127 ملیار دۆلار پەسەند کرابوو.
بەڵام ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی باڵادەستیی خۆی لە نیوەگۆی ڕۆژاوا و، هەروەها بەرپەرچدانەوەی چین لە ناوچەی هیند-ئۆقیانووسیا (Indo-Pacific)، وەبەرهێنانەکانی لە تواناکانی سەربازیی ئەتۆمی و تەقلیدیی باودا زیاد کرد، کە ئەمانەیش ئامانجە سەرەکییەکانی ستراتیژییەتی نوێی ئاسایشی نەتەوەیین.
نان تیان (Nan Tian)، بەڕێوەبەری پرۆگرام لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە (SIPRI)، گوتی: ”پێ دەچێت دابەزینی خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2025 ماوەکەی کورت بێت. ئەو خەرجییەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە بۆ ساڵی 2026 پەسەند کراوە، بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلار، کە ئەمەیش زیادبوونێکی بەرچاوە لە ساڵی 2025ەوە و، تەنانەت ئەگەر نوێترین پێشنیازی بوودجەی سەرۆک ترەمپ (Trump) پەسەند بکرێت، دەشێت زیاتر بەرز ببێتەوە بۆ 1.5 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2027.”
بەرزبوونەوەی بەرچاوی خەرجییەکانی ئەوروپا لە ناوەڕاستی جەنگ و ئامانجە نوێیەکانی خەرجیی ناتۆدا
سەرەکیترین هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی جیهانیی خەرجییە سەربازییەکان لە ساڵی 2025، بەرزبوونەوەیەکی (14%)ی بوو لە ئەوروپا کە گەیشتە 864 ملیار دۆلار. خەرجییەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا لە چوارەمین ساڵی جەنگی ئۆکراینادا بەردەوام بوون لە گەشەکردن؛ هاوکات هەوڵە بەردەوامەکانی پڕچەککردنەوەی ئەندامە ئەوروپییەکانی ناتۆ (NATO) بوونە هۆی خێراترین گەشەی ساڵانەی خەرجییەکان لە ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژاوادا لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە.
هەروەها خەرجییە سەربازییەکانی ڕووسیا بە ڕێژەی (5.9%) لە ساڵی 2025 گەشەی کرد و گەیشتە 190 ملیار دۆلار، کە ئەمەیش بارگرانییەکی سەربازیی بە ڕێژەی (7.5%)ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)ی پێ بەخشی. ئۆکراینا، کە حەوتەمین گەورەترین وڵاتی خەرجکەری ساڵی 2025 بوو، خەرجییەکانی بە ڕێژەی 20% زیاد کرد و گەیاندییە 84.1 ملیار دۆلار؛ واتە 40%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP).
ههر سهبارهت بهمه، لۆرێنزۆ سکارازاتۆ (Lorenzo Scarazzato)، توێژەر لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە (SIPRI)، گوتی: ”لە ساڵی 2025دا پشکی خەرجییە سەربازییەکان لە کۆی خەرجییەکانی حکوومەتدا لە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆکراینا گەیشتە بەرزترین ئاست کە تا ئێستا تۆمار کرابێت. پێ دەچێت خەرجییەکانیان لە ساڵی 2026 بەردەوام بن لە گەشەکردن ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، لەگەڵ زیادبوونی داهاتەکانی فرۆشی نەوتی ڕووسیا و، هەروەها ئەو قەرزە گەورەیەی یەکێتیی ئەوروپا کە چاوەڕوان دەکرێت بدرێت بە ئۆکراینا. ”
سەبارەت بە ناتۆ،29 ئەندامە ئەوروپییەکەی ناتۆ لە ساڵی 2025دا بە کۆی گشتی 559 ملیار دۆلاریان خەرج کرد و، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی (SIPRI)، 22 لەو دەوڵەتانە خەرجیی سەربازییان لانی کەم (2.0%)ی GDP بووە. ئەڵمانیا گەورەترین خەرجکەری سەربازی بوو لەناو گرووپەکەدا، کە خەرجییەکەی بە ڕێژەی (24%) ساڵانە گەشەی کرد و گەیشتە 114 ملیار دۆلار. بارگرانیی سەربازیی ئەڵمانیا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (1990)وە سنووری (2.0%)ی تێ پەڕاند و گەیشتە (2.3%)ی GDP لە ساڵی 2025دا. خەرجییە سەربازییەکانی ئیسپانیاش بە ڕێژەی 50% بەرز بووەوە بۆ 40.2 ملیار دۆلار، کە ئەمەیش هەروەها بارگرانییە سەربازییەکەی بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (1994)ەوە بۆ سەرووی (2.0%)ی GDP بەرز کردەوە.
لەم بارەیەوە، جەید گیبێرتۆ ڕیکارد (Jade Guiberteau Ricard)، توێژەر لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە SIPRI، گوتی: ”لە ساڵی 2025 خەرجییە سەربازییەکانی ئەندامانی ئەوروپیی ناتۆ خێراتر لە هەر کاتێکی دیکە لەدوای ساڵی 1953 بەرز بووەوە؛ ئەمەیش ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەوروپایە بۆ پشتبەخۆبەستن شانبەشانی ئەو گوشارە زیاترەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە داوای بەهێزکردنی دابەشکردنی ئەرکەکان (Burden sharing) دەکات لەناو هاوپەیمانییەکەدا. لە کاتێکدا دەوڵەتەکان هەوڵ دەدەن ئامانجە نوێیەکانی خەرجیی ناتۆ جێبەجێ بکەن کە لە ساڵی 2025 ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، بەڵام ئەم مەترسییە هەیە کە سنوورەکانی نێوان خەرجییە سەربازییەکان و خەرجییەکانی دیکەی “پەیوەست بە بەرگری و ئاسایش” کاڵ ببنەوە؛ کە ئەمەیش شەفافییەت کەم دەکاتەوە و هەڵسەنگاندنی توانا سەربازییەکان ئاڵۆزتر دەکات. ”
سەقامگیریی خەرجییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای بەردەوامیی پێکدادانەکان و ململانێ ناوچەیییەکان
مەزەندە دەکرێت خەرجییە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2025دا گەیشتبێتە 218 ملیار دۆلار، کە تەنیا (0.1%) بەرزترە لە ساڵی 2024. جگە لە ئیسرائیل، زۆربەی وڵاتە خەرجکەرە گەورەکانی دیکەی ناوچەکە کە داتایان لەبەردەستدایە، خەرجییەکانیان زیاد کردووە.
خەرجییە سەربازییەکانی ئیسرائیل بە ڕێژەی (4.9%) کەمی کرد و گەیشتە 48.3 ملیار دۆلار، کە ئەمەیش ڕەنگدانەوەی کەمبوونەوەی توندیی جەنگی غەززەیە لە ماوەی ساڵی 2025، دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس (Hamas) لە مانگی یەنایەری 2025دا. سەرباری ئەوەیش، خەرجییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی 2022 بە ڕێژەی (97%) بەرزتر مایەوە. خەرجییە سەربازییەکانی تورکیاش لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی (7.2%) گەشەی کرد بۆ 30.0 ملیار دۆلار، کە بەشێکی پاڵنەرەکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی بوو لە عێراق، سۆماڵ و سووریادا.
خەرجییەکانی ئێرانیش بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بە دابەزینی (5.6%) بۆ 7.4 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025دا. دابەزینە ڕاستەقینەکە بەهۆی بەرزیی هەڵاوسانی ساڵانە بوو کە گەیشتە (42%) و، خەرجییەکان لە ڕووی ژمارە ناوەکییەکانەوە (Nominal terms) زیادیان کردووە.
(تێبینی: لە ئابووریدا، کاتێک باس لە Nominal terms دەکرێت، مەبەست لەو بڕە پارە یان ئەو ژمارەیەیە کە تەنیا لەسەر کاغەز هەیە و دەیبینین، بەبێ ئەوەی کاریگەریی هەڵاوسان (Inflation)ی لێ دەرکرابێت. بەپێچەوانەی وشەی Real terms (لە ڕووی ڕاستەقینەوە) کە هەڵاوسانی لێ دەردەکرێت بۆ ئەوەی بەها و هێزی کڕینی ڕاستەقینەی پارەکە دەربکەوێت).
زوبەیدە کەریم (Zubaida Karim)، توێژەر لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە SIPRI، دەڵێت: ”سەرەڕای ململانێکانی ئەم دوایییە، خەرجییە سەربازییەکانی ئێران لە ڕووی ڕاستەقینەوە بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە کەمی کردووە. بەڵام دڵنیاین ژمارە فەرمییەکان ئاستی ڕاستەقینەی خەرجییەکانی ئێران کەمتر نیشان دەدەن — هەروەها ئێران داهاتە نەوتییەکانی دەرەوەی بوودجە بەکار دەهێنێت بۆ دابینکردنی دارایی بۆ سوپاکەی، لەنێویاندا بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنەکان. ”
ئاسیا و ئۆقیانووسیا خێراترین گەشەی خەرجییە سەربازییەکانیان لەدوای ساڵی (2009)وه بەخۆوە بینی
کۆی گشتیی خەرجییە سەربازییەکان لە ئاسیا و ئۆقیانووسیا گەیشتە 681 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025دا، کە (8.1%) بەرزترە لە ساڵی 2024—ئەمەیش گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەیە لە ساڵی (2009)وە. چین، کە دووەمین گەورەترین خەرجکەری سەربازییە لە جیهاندا، تێچووە سەربازییەکانی بە ڕێژەی (7.4%) زیاد کرد و گەیاندییە 336 ملیار دۆلار. ئەمەیش 31هەمین ساڵی یەک لەدوای یەکی گەشەی بەردەوام بوو، لە کاتێکدا کە چین هەڵمەتی مۆدێرنکردنی سوپاکەی درێژە پێ دەدات. تەنانەت هەڵمەتی دژی گەندەڵی لە دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی، پێ ناچێت خەرجییەکانی سنووردار کردبێت.
هەروەها خەرجییە سەربازییەکانی ژاپۆن بە ڕێژەی (9.7%) بەرز بووەوە و گەیشتە 62.2 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025، کە یەکسانە بە (1.4%)ی (GDP)؛ ئەمەیش بەرزترین پشکە لەدوای ساڵی (1958)ەوە. خەرجییە سەربازییەکانی تایوانیش بە ڕێژەی (14%) بەرز بووەوە بۆ 18.2 ملیار دۆلار (2.1%یGDP)، کە گەورەترین زیادبوونی ساڵانەیە لانی کەم لە ساڵی (1988)ەوە؛ ئەمەیش لە پاشخانێکی چڕبوونەوەی مەشقە سەربازییەکان لە دەوروبەری دوورگەکە لەلایەن سوپای ڕزگاریخوازی گەلی چینەوە دەبینرێت.
دیێگۆ لۆپێز دا سیلڤا (Diego Lopes da Silva)، گەورە توێژەر لە پرۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە SIPRI، دەڵێت: ”هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا و ئۆقیانووسیا، وەک ئوسترالیا، ژاپۆن و فلیپین، زیاتر لەسەر سوپاکانیان خەرج دەکەن؛ نەک تەنیا بەهۆی گرژییە ناوچەیییە مێژوویییەکانەوە، بەڵکوو بەهۆی گەشەکردنی نادڵنیایی لەبارەی پاڵپشتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە. هاوشێوەی ئەوروپا، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا و ئۆقیانووسیاش لەژێر گوشاری ئیدارەکەی ترەمپدان بۆ ئەوەی خەرجیی زیاتر بۆ سوپاکانیان تەرخان بکەن.”
پێشهاتە بەرچاوەکانی دیکە
لە نێوان ساڵانی 2024 و 2025، خەرجییە سەربازییەکانی شانشینی یەکگرتوو (بریتانیا) بە ڕێژەی (2.0%) بۆ 89.0 ملیار دۆلار کەمی کرد.
لەبەرامبەردا، خەرجییە سەربازییەکانی فەرەنسا لە هەمان ماوەدا بە ڕێژەی (1.5%) بۆ 68.0 ملیار دۆلار بەرز بووەوە.
هیندستان، کە پێنجەمین گەورەترین خەرجکەری سەربازیی جیهانە لە ساڵی 2025، خەرجییە سەربازییەکانی بە ڕێژەی (8.9%) زیاد کرد و گەیاندییە 92.1 ملیار دۆلار.
خەرجییە سەربازییەکانی پاکستان بە ڕێژەی (11%) زیادی کرد بۆ 11.9 ملیار دۆلار.
هەروەها خەرجییە سەربازییەکانی عەرەبستانی سعوودیا بە ڕێژەی (1.4%) زیادی کرد و گەیشتە 83.2 ملیار دۆلار؛ کە ئەمەیش کردییە هەشتەمین گەورەترین خەرجکاری سەربازی لە جیهاندا.
تێکڕای خەرجییە سەربازییەکان لە ئەفریقا بە ڕێژەی (8.5%) لە ساڵی 2025 زیادی کرد و گەیشتە 58.2 ملیار دۆلار.
خەرجییە سەربازییەکانی نێجیریا بە ڕێژەی (55%) لە ساڵی 2025دا گەشەی کرد و گەیشتە 2.1 ملیار دۆلار؛ ئەمەیش لەبەر ئەوەی یاخیبوونەکان و توندوتیژییە توندڕەوییەکان بەشدار بوون لە خراپترکردنی ناسەقامگیریی ئاسایش.
خەرجییە سەربازییەکانی گویانا (Guyana) بە ڕێژەی (16%) لە ساڵی 2025دا زیادی کرد بۆ 248 ملیۆن دۆلار؛ ئەمەیش بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لەگەڵ ڤەنزوێلا لەسەر ناوچەی ئیسێکیبۆ (Essequibo). هەرچەندە خەرجییە سەربازییەکانی ڤەنزوێلا بەهۆی نەبوونی داتای بەردەستی گشتییەوە بەنەزانراوی دەمێنێتەوە.
سەرچاوە:
یورۆنیوز وەرگێڕان: پێنووس گۆڕانی لەناکاوی شێوازی دەربڕین و بەکارهێنانی زاراوە پسپۆڕییەکانی بازاڕە دارایییە نێودەوڵەتییەکان لە… زیاتر
د. یاسین تەها، پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق پێشەکی جەنگی… زیاتر
جۆناسان گۆرناڵ (JONATHAN GORNALL)، ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦ ماڵپەڕی عەرەب نیوز (Arab News) ئابوورییە وێرانبووەکەی ئێران بەهۆی جەنگەوە… زیاتر
ئامادەکردن و توێژینەوە: پێنووس تێگەیشتن لە لۆژیکی ستراتیژیی واشنتۆن، پێویستی بە جیاکردنەوەی نێوان پێویستییە پێکهاتەیییەکانی ستراتیژیی… زیاتر
پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار قادر محیهدین، شارەزا لە یاسای دەستووری و دیپلۆماسییەتی قەیران ئەوەى کە دەبێ بگوترێ:… زیاتر