ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا / زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
نووسینه‌كه‌م به وته‌یه‌كی فه‌یله‌سووفی ڕۆمانی "شیشرۆن" ده‌ست پێ ده‌كه‌م، كه ده‌فه‌رموێت: "كاتێك یاسا نامینێت، سته‌مكاری ده‌ست پێ ده‌كات. كاتێكیش سته‌مكاری ده‌ست پێ ده‌كات، مرۆڤ كۆتایی دێت." به‌های ئه‌م وته‌یه له‌وه‌دایه گرنگیی هه‌بوونی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا بۆمان ڕوون ده‌كاته‌وه و پێمان نیشان ده‌دات، به‌بێ هه‌بوونی یاسا مه‌حاڵه باس له مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی بكر‌ێت. به‌ڵام، ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانین ئامانج ته‌نیا بریتی نییه له هه‌بوونی كۆمه‌ڵگه له ڕێگه‌ی هه‌بوونی یاساوه، به‌ڵكوو ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له هه‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیی سه‌قامگیر، كه تیایدا هه‌موو تاكێك هه‌ست به ئارامی ده‌كات، چونكه مافه‌كانی ده‌سته‌به‌ر كراوه و ئه‌ركه‌كانی دیاری كراوه؛ ئه‌مه‌یش – به بۆچوونی ئێمه - به سه‌روه‌ربوونی یاسا دێته كایه‌وه.
په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه هه‌یه له‌نێوان سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌روه‌ربوونی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا؛ چه‌ندی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه زیاتر هه‌ست به هه‌بوونی یاسا بكه‌ن و بزانن وه‌زیفه‌ی یاسا چییه و ببینن مافه‌كانیان له‌ژێر چه‌تری یاسادا پارێزراوه، ئه‌وا بێ گومان ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه له هه‌ردوو ڕووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌قامگیر ده‌بێت، چونكه تاكه‌كان ڕێز له یاسا ده‌گرن نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسن – ئه‌گه‌رچی پێویسته له یاسا بترسن - به‌ڵكوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانن له‌ژێر چه‌تری یاسادا پارێزراون و مافه‌كانیان نافه‌وتێت. هه‌ر بۆیه، كاتێك یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت، له‌گه‌ڵیدا كۆمه‌ڵگه‌یش سه‌قامگیر ده‌بێت، چونكه هه‌مووان ڕێز له یاسا ده‌گرن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌رووی هه‌مووانه‌وه ده‌بێت.
كه‌واته سه‌روه‌ربوونی یاسا ئامانجه و، پێویسته هه‌وڵی به‌دیهێنانی بۆ بدرێت. به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه: چۆن؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، به‌نده به تێگه‌یشتن له چه‌مكی سه‌روه‌ریی یاسا له ڕێی پێناسه‌كردنییه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه، زۆرن ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی چه‌مكی سه‌روه‌ریی یاسا پێشكه‌ش كراون، به‌ڵام به بۆچوونی ئێمه مانای سه‌روه‌ریی یاسا له سێ خاڵی سه‌ره‌كی كۆ بووه‌ته‌وه:
یه‌كه‌م – ملكه‌چبوونی هه‌مووان بۆ یاسایه‌كی به‌ركاری ڕوون.
دووه‌م – جێبه‌جێكردنی یاسا به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر هه‌مووان به‌بێ جیاوازی.
سێیه‌م – په‌نابردنه به‌ر دادگه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ پاراستنی مافه‌كان.
ئه‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌روه‌ریی یاسان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا. هه‌موو ئه‌و پێوه‌رانه‌ی بۆ پێوانی ڕێژه و ئاستی سه‌روه‌ربوونی یاسا له كۆمه‌ڵگه‌دا به‌كار ده‌هێنرێن، هه‌ر هه‌موویان له‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. هه‌روه‌ها هه‌ر پرسیارێك له‌م باره‌یه‌وه بكر‌ێت ئه‌وا هه‌ر هه‌موویان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ن وه‌ك پرسیاره‌كانی: ئایا له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه یاسا هه‌یه؟ ئایا هه‌مووان ملكه‌چی یاسان؟ ئایا یاساكان ڕوونن؟ ئایا یاساكان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ ده‌كرێن؟ ئایا جیاوازی له جێبه‌جێكردنی یاسادا هه‌یه؟ ئایا گه‌یشتن به دادگه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف، ئاسانه؟ ئایا ڕێكاره‌كانی وه‌رگرتنی ماف له دادگه‌كان چه‌ند ماوه‌ی پێویسته؟ ئایا ده‌ستێوه‌ردانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له كاروباری دادگه‌كان هه‌یه؟ و هتد.
كه‌واته، پێوه‌ر هه‌ن بۆ پێوانی ڕێژه و ئاستی سه‌روه‌ربوونی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. ئه‌م پێوه‌رانه‌یش هه‌ر هه‌موویان له‌سه‌ر شێوه‌ی پرسیار – وه‌ك هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له سه‌روه‌دا ئاماژه‌م پێی داوه - ئاراسته ده‌كرێن بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجام. وه‌ڵامی پرسیاره ئاراسته‌كراوه‌كان، ده‌بن به ئه‌نجام بۆ زانینی ڕادده‌ی سه‌روه‌ربوونی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌رێمی كوردستان پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ڵ و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت ئایا له هه‌رێم یاسا سه‌روه‌ره یان نا؟ چونكه ئه‌مه به قسه ناكرێت، به‌ڵكوو له ڕێگه‌ی توێژینه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته‌كراوه‌وه ده‌كرێت. هیوادارم ڕۆژگارێك بێت و ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له هه‌رێمی كوردستان به پشتبه‌ستن به پێوه‌ره زانستییه‌كانی پێوانی سه‌روه‌ریی یاسا له كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌نجام بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت هه‌رێمی كوردستان له كوێی ئاسته‌كانی سه‌روه‌ریی یاسادایه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كان به باشترین شێوه چاره‌سه‌ر بكرێن.
وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هاتنه‌دیی ئه‌م هیوایه، له‌م وتاره‌مدا هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشك بخه‌مه سه‌ر گرنگترین پێوه‌ره‌كانی سه‌روه‌ریی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م – هه‌بوونی ده‌ستوورێكی سه‌رده‌مییانه.
مه‌حاڵه باس له هه‌بوونی سه‌روه‌ریی یاسا بكه‌ین له غیابی ده‌ستووردا، چونكه ده‌ستوور مه‌رجه‌عه و دیاریكه‌ری سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی وڵاته؛ هه‌روه‌ها ده‌سته‌به‌ری پاراستنی ماف و ئازادییه‌كانی مرۆڤه و ئامرازێكی گرنگه بۆ پارێزگاریكردن له شكۆی دادگه‌كان و، ڕێگره له ده‌ركردنی هه‌ر یاسایه‌ك، یان پێڕه‌وێك، یان ڕێنوێنییه‌ك، یان بڕیارێك كه پێچه‌وانه‌ی حوكمی ده‌ستوور بێت.
هه‌روه‌ها هه‌بوونی ده‌ستوور، پێویسته بۆ دیاریكردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی: (یاسادانان – جێبه‌جێكردن – دادوه‌ری). جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته و تێكه‌ڵنه‌بوونیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر، یه‌كێكه له پێوه‌ره‌كانی سه‌روه‌ریی یاسا. هه‌ر كاتێك تێكه‌ڵبوون، یان ده‌ستێوه‌ردان هه‌بوو له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئه‌وا ڕێژه‌ی سه‌روه‌ربوونی یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا به‌ره‌و خوار داده‌به‌زێت.
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌یش بزانین هه‌بوونی ده‌ستوور به‌ته‌نیا پێوه‌ر نییه بۆ سه‌روه‌ریی یاسا، به‌ڵكوو پێویسته ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ده‌ستووره به شێوه‌یه‌ك داڕێژرا بێت كه گونجاو بێت له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌م له دیموكراسی و مافی مرۆڤ و ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕێزگرتن له ئازادییه‌كان و ملكه‌چبوونی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن بۆ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و دادوه‌ری؛ هه‌وه‌ها سه‌ربه‌خۆبوونی دادگه‌كان و دیاریكردنی به‌رپرسیارێتیی داموده‌زگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و چه‌سپاندنی هه‌ندێ پره‌نسیپی مۆدێرن له حوكمڕانیی ڕه‌شید (حوکمڕانیی باش) و هتد.
دووه‌م – ملكه‌چبوونی هه‌مووان بۆ یاسا.
نابێت كه‌س له یاسا به‌رزتر بێت. مه‌به‌ستم له كه‌س، هه‌موو كه‌سێكی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه،؛ چ مرۆڤ بێت یاخود كه‌سی واتایی وه‌ك حكوومه‌ت، په‌رله‌مان، وه‌زاره‌ته‌كان، كۆمپانیاكان، ڕێكخراوه‌كان، حزبه‌كان، سه‌ندیكاكان و هتد. لێره‌دا پێویسته ڕه‌فتاری هه‌موو كه‌سه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌سه واتایییه‌كان، پێچه‌وانه‌ی یاسا نه‌بێت. هه‌بوونی كه‌سانێك له سه‌رووی یاسا، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی، چونكه له كۆتاییدا ئاستی ڕێزگرتنی یاسا كه‌م ده‌كاته‌وه.
هه‌ر بۆیه ده‌بینین ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی زۆرترین ڕێژه‌ی سه‌رپێچیكردنی یاسای تیادا تۆمار ده‌كرێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ن كه‌وا كه‌سی تیایه له سه‌رووی یاسا ڕه‌فتار ده‌كات و، ئه‌مه‌یش بووه‌ته هانده‌رێك بۆ كه‌سانی تر كه‌وا هه‌مان ڕه‌فتار دووباره بكه‌نه‌وه؛ واتا لاساییكردنه‌وه له سه‌رپێچیكردنی یاسادا.
ئه‌م خاڵه زۆر گرنگه، چونكه ئه‌گه‌ر كه‌سانێك هه‌بن له سه‌رووی یاساوه ڕه‌فتار بكه‌ن و ڕێگه‌یشیان پێ بدرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكر‌ێت، ئه‌وا لاساییكه‌ریان ده‌بێت تا ده‌گاته ئه‌و ڕادده‌یه‌ی ڕۆشنبیریی بازدان به‌سه‌ر یاسا ده‌بێته كه‌لتوور و، ئه‌و كاتیش ناسه‌قامگیری ده‌بێته مۆركی سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه.
سێیه‌م – هه‌بوونی یاسایه‌كی ڕوون و زانین به هه‌بوونی.
ملكه‌چبوونی هه‌مووان بۆ یاسا، به‌نده به هه‌بوونی یاسایه‌كی ڕوون كه تێگه‌یشتن لێی ئاسان بێت و هیچ گرفتێك له كاتی جێبه‌جێكردنیدا دروست نه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی یاساكان ڕوون بن، پێویسته زۆرترین لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ڕاستیی وشه و ده‌سته‌واژه‌كان و چاره‌سه‌رییه‌كانی نێو مادده یاسایییه‌كان دڵنیا ببینه‌وه. كه‌واته، باشترین یاسا ئه‌و یاسایه‌یه كه به‌رهه‌می لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌یه نه‌وه‌ك به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌یه‌كی ساده و له‌ناكاو. هه‌روه‌ها باشترین یاسا ئه‌و یاسایه‌یه كه له ناوه‌نده ئه‌كادیمی، زانستی، حكوومی و فه‌رمانگه تایبه‌تمه‌نده‌كاندا زۆرترین گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه.
ئه‌م هه‌موو گفتوگۆیه بۆ ئه‌وه‌یه، ببێته فلته‌رێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنانه‌ی به‌هۆیانه‌وه یاسا به بیانووی ناڕوونی پێشێڵ ده‌كرێت، چونكه له كاتی داڕشتنی یاسادا پێویسته یاسادانه‌ر ئه‌وه بزانێت، هه‌بوونی هه‌ر ناڕوونییه‌ك له ده‌سته‌واژه و وشه‌كانی نێو یاساكه یاخود دژیه‌كبوونی له‌گه‌ڵ یاسایه‌كی تر، ده‌بێته بیانوو بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا و سه‌روه‌رنه‌بوونی له هه‌مان كاتدا.
ئه‌مه له لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه یاسا هیچ به‌هایه‌كی پراكتیكیی نابێت ئه‌گه‌ر هات و نه‌گات به زانینی تاكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه. دادپه‌روه‌ری ئه‌وه ده‌خوازێت پێش سزادان پێویسته زانین هه‌بێت، چونكه ناكرێت كه‌سێك پابه‌ند بكر‌ێت به یاسا و له پاشاندا به‌هۆی سه‌رپێچیكردنی ئه‌م یاسایه‌وه سزا بدرێت، كه‌چی له بنه‌ڕه‌تدا ئاگای له‌م یاسایه نییه و هیچ زانیارییه‌كی نییه له‌سه‌ری. زۆرن ئه‌و ئامرازانه‌ی كه بۆ گه‌یشتن به زانین به‌كار دێن: وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسا له ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه بزانین ئه‌م زانینه‌ی ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی، زانینێكی گریمانه‌یییه و له واقعدا بوونی نییه، چونكه ئه‌م ڕۆژنامه‌یه ناگات به هه‌موو كه‌س و ڕه‌نگه دوو هه‌زار دانه‌یه‌كی لێ چاپ بكر‌ێت، بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه له ملیۆنه‌ها كه‌س پێك دێت. بۆیه گه‌ڕان به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤێكی واقعییانه بۆ گه‌یشتن به زانینێكی ڕاسته‌قینه، بووه‌ته زه‌رووره‌تێكی حه‌تمی. كه‌واته كاتی هاتووه بیر له ئامراز و ڕێگه‌ی تر بكرێته‌وه، وه‌ك: ڕێكلامكردن بۆ یاسا تازه ده‌رچووه‌كه له ڕاگه‌یاندن، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره له خه‌ڵك ئاگاداری ناوه‌ڕۆكی یاساكه بن.
چواره‌م – پڕۆسه‌ی دانان و ده‌ركردنی یاسا.
له پڕۆسه‌ی ده‌ركردنی هه‌ر یاسایه‌كدا پێویسته ئه‌و پرسیارانه بكرێن: بۆچی ئه‌و یاسایه ده‌رده‌كه‌ین؟ ئامانجمان له ده‌ركردنی چییه؟ ئایا بوونی ئه‌م یاسایه باشتره یان نه‌بوونی؟ ئه‌و كێشانه چین ئه‌و یاسایه بۆمان چاره‌سه‌ر ده‌كات؟
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی كه له پێشوودا ئاماژه‌م پێی دا، ئه‌ویش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه پێویسته له ڕێی توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستییه‌وه بدرێته‌وه بۆ گه‌یشتن به ڕاستی. زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌ڵێم: پێویسته ئامانج له ده‌ركردنی یاسادا ڕوون بێت، هه‌روه‌ها ئه‌و چاره‌سه‌ره ته‌شریعییه‌ی له‌نێو مادده‌كانی یاسادا هاتووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتێكی دیاریكراو، پێویسته چاره‌سه‌رێكی گونجاو بێت و زۆرینه‌ی كه‌سه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه پێی ڕازی بن، ئه‌گینا ده‌بێته پاساو بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی یاساكه و كێشه بۆ سه‌روه‌ربوونی یاسا دروست ده‌بێت.
كه‌واته پێویستیمان به‌وه هه‌یه زۆرینه‌ی خه‌ڵك به یاسا ده‌ركراوه‌كه ڕازی بن. به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌مه دێته دی؟ به بۆچوونی ئێمه، ئه‌مه له ڕێگه‌ی به‌شداریپێكردنی خه‌ڵك له گفتو‌گۆكانی پێش ده‌ركردنی یاساكه دێته دی. ده‌توانرێت ئه‌م به‌شداریپێكردنه به چه‌ند ڕێگه‌یه‌ك بێته دی وه‌ك: "دانانی پڕۆژه‌یاساكه له وێبسایتی فه‌رمی و وه‌رگرتنی بۆچوونه‌كان له ڕێی ئیمه‌یله‌وه"، یاخود "دانانی یاساكه له په‌یجی فه‌رمی له سۆشیال میدیا بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی خه‌ڵك له ڕێی كۆمێنت نووسینه‌وه"، یاخود "ئاشكراكردن و نیشاندانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له ڕاگه‌یاندن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵك ئاگاداری گفتو‌گۆكانی په‌یوه‌ست به یاساكه ببن"، چونكه ئه‌م پڕۆسه‌یه چه‌نده نهێنی بێت، ئه‌وه‌نده گومان لای خه‌ڵك دروست ده‌كات و له ڕێز و شكۆی یاسا كه‌م ده‌كاته‌وه.
پێنجه‌م – كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ڕێسا و یاساكان.
به بۆچوونی ئێمه زۆربوونی ژماره‌ی ڕێسا و یاساكان له‌نێو كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ، ده‌بێته هۆی بێزاریی تاك. نموونه‌ی تاكێكی ڕۆژهه‌ڵاتی وه‌ربگرین، ده‌بینین له‌سه‌ریه‌تی پابه‌ند بێت به گشت یاساكانی په‌رله‌مان و پێڕه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ڕێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان، هه‌روه‌ها ڕێساكانی ئایین و داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕێساكانی نێو خێزان و ئه‌و ڕێسایانه‌ی بۆ خودی خۆی دای ناوه و هه‌روه‌ها ڕێساكانی ئه‌خلاق و ویژدان و هتد. له‌وانه‌یه ژماره‌ی ئه‌و هه‌موو یاسا و ڕێسایانه بگاته ده‌یان هه‌زار یاسا و ڕێسا بۆ هه‌ر تاكێك و هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌یش داوای پابه‌ندبوون له‌و تاكه ده‌كه‌ن و هه‌موویشیان سزای پێوه لكاوه، جا سزاكه چ هه‌ستپێكراو بێت: وه‌ك به‌ندكردن یان پێبژاردن، یاخود هه‌ستپێنه‌كراوه: وه‌ك سه‌رزه‌نشتكردن یان ئازاری ویژدان.
سه‌روه‌ریی یاسا له‌گه‌ڵ زۆریی ژماره‌ی یاسا و ڕێساكان یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه سروشتی مرۆڤ وایه حه‌زی به پابه‌ندبوون به یاسا و ڕێساكان نییه، بۆیه هه‌میشه له هه‌وڵی سه‌رپێچیكردنیدایه. به‌ڵام مرۆڤ زووتر و زیاتر سه‌رپێچیی ئه‌و یاسا و ڕێسایانه ده‌كات كه چاودێریی جێبه‌جێكردنیان لاوازتره له‌وانی تر. بۆ نموونه؛ له زۆر باردا ڕێساكانی ئایین و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر، به‌هێزترن له ڕێساكانی یاسا كه له لایه‌ن ده‌زگه فه‌رمییه‌كانه‌وه ده‌رده‌كرێن، چونكه چاودێریی جێبه‌جێكردنیان به‌هێزتر و چڕتره له‌وه‌ی ده‌زگه فه‌رمییه‌كان. بۆیه، لامان بۆته ئاسایی، ئه‌گه‌ر تاكێك سه‌رپێچیی ڕێنوێنییه‌كی هاتووچۆ بكات بۆ ئه‌وه‌ی له بۆنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان له ئه‌نجامدانی نوێژێكی به‌كۆمه‌ڵ دوا نه‌كه‌وێت.
شه‌شه‌م – جێبه‌جێكردنی یاسا.
یه‌كێكه له گرنگترین پێوه‌ره‌كانی سه‌روه‌ریی یاسا، چونكه به‌های یاسا له جێبه‌جێكردنیدایه. پێویسته یاسا به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست جێبه‌جی بكر‌ێت؛ واتا جێبه‌جێكردنی یاسا، پێویسته به‌رده‌وام و گشتگیر و دادپه‌روه‌رانه بێت و نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك بیانوو بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا بهێنرێته‌وه، چونكه شكۆی یاسا له جێبه‌جێكردنیدایه.
كه‌واته: نابێت یاسا له شوێنێك جێبه‌جێ بكر‌ێت و له شوێنێكی تر فه‌رامۆش بكر‌ێت. نابێت یاسا له چه‌ند كاتێكی دیاریكراودا جێبه‌جێ بكر‌ێت و له كاته‌كانی تردا فه‌رامۆش بكر‌ێت. نابێت هه‌ندێ له مادده یاسایییه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و ئه‌وانی تر فه‌رامۆش بكرێن، به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت. نابێت یاسا به‌سه‌ر هه‌ندێ خه‌ڵك جێبه‌جێ بكر‌ێت و هه‌ندێكی تریش له حوكمه‌كانی ده‌رباز ببن. نابێت جیاوازی له جێبه‌جێكردنی یاسا بكر‌ێت به‌سه‌ر حاڵه‌ته هاوشێوه‌كاندا، به بیانووی جیاوازیی نه‌ته‌وه، یان ئایین، یان ڕه‌نگ، یان زمان، یان ڕه‌گه‌ز، یان باری كۆمه‌ڵایه‌تی، یان مه‌زهه‌ب، یان بیروباوه‌ڕی سیاسی. هاتنه‌دیی یه‌كێك له‌م حاڵه‌ت و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ئه‌وا سه‌روه‌ریی یاسا له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه ده‌خاته ژێر نیشانه پرسیارێكی گه‌وره‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌نێو ئه‌م بابه‌ته زۆر به‌زه‌قی خۆی نیشان ده‌دات، بابه‌تی سه‌پاندنی سزا یاسایییه‌كانه به‌سه‌ر سه‌رپێچیكاران. له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بینیت كه‌لێنه‌كانی ده‌ربازبوون له سزا یاسایییه‌كان زۆرن، یان سزاكان وه‌ك خۆیان ناسه‌پێندرێن، یان سزاكان به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر هه‌مووان ناسه‌پێندرێت، ئه‌وا له‌م كۆمه‌ڵـگه‌یه متمانه به یاسا و ده‌زگه یاسایییه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه و سه‌روه‌ریی یاسا له نزمترین ئاستی ده‌بێت. بۆیه، پێویسته هه‌میشه ئه‌و بڕوایه‌مان هه‌بێت كه‌وا به‌دیلی یاسا ته‌نیا یاسایه و، نابێت شتێك هه‌بێت به ناوی "سوڵحی عه‌شایری" و "نێوه‌ندگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی"، چونكه ئه‌مانه له شكۆی یاسا و دادگه‌كان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها بابه‌تێكی تریش هه‌یه پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌م، ئه‌ویش "نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی حوكمی یاسایه بۆ دواوه"، چونكه یاسا بۆ ئێسته و داهاتوو جێبه‌جی ده‌كرێت و هه‌رگیز به‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی پێش ده‌ركردنی یاساكه جێبه‌جێ نابێت. بۆیه یه‌كێك له پێوه‌ره‌كانی سه‌روه‌ربوونی یاسا بریتییه له‌وه‌ی، نابێت حوكمی یاسا بۆ دواوه جێبه‌جی بكر‌ێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ی كه سزایان پێوه لكاوه.
حه‌فته‌م – سه‌ربه‌خۆییی دادگه‌كان.
هیچ به‌هایه‌ك بۆ یاسا و ماف و ئه‌رك نامینێت، ئه‌گه‌ر دادگه‌یه‌ك نه‌بێت خه‌ڵك بۆ ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنی مافه‌كانیان په‌نای بۆ ببات. به‌ڵام ئامانج ته‌نیا بریتی نییه له هه‌بوونی دادگه، به‌ڵكوو ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له هه‌بوونی ده‌زگه‌یه‌كی دادوه‌ریی به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ كه هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت جگه له یاسا. سه‌روه‌ریی یاسا ئه‌و كاته ده‌گاته لووتكه، كاتێك دادگه بڕیارێكی دادپه‌روه‌رانه له‌سه‌ر كه‌یسی به‌رده‌می ده‌رده‌كات به پشتبه‌ستن به حوكمی یاسا به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌س و لایه‌نێكی سیاسی، یان كۆمه‌ڵایه‌تی، كاریگه‌رییان به‌سه‌ر ڕێڕه‌وی بڕیاره دادگه‌یییه ده‌ركراوه‌كه هه‌بێت.
بێ گومان ئه‌م سه‌ربه‌خۆیییه له كاركردنی دادگه‌كان به‌ئاسانی نایه‌ته دی، به‌ڵكوو پێویسته چه‌ندین هه‌نگاو بنرێت، له‌وانه: پێویسته هه‌یكه‌لییه‌ت و پسپۆریی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له ده‌ستووردا بچه‌سپێنرێت و، سه‌ربه‌خۆییی دارایی و كارگێڕی بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ببێته پره‌نسیپێكی ده‌ستووری و، دادوه‌ران به بڕیاری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دابمه‌زرێن و، كاری دادوه‌ران و لێپێچینه‌وه له كاره‌كانیان به یاسا ڕێك بخرێت و، نابێت گواستنه‌وه‌ی ڕاژه‌ی دادوه‌ران وه‌ك سزای سیاسی به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت و، پێویسته دادوه‌ران ئینتیمای سیاسی‌یان نه‌بێت.
هه‌شته‌م – جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگه‌كان.
یه‌كێكی تر له پێوه‌ره گرنگه‌كانی سه‌روه‌ریی یاسا، بریتییه له جێبه‌جێكردنی بڕیاری دادگه‌كان به‌ئاسانی و بێ هیچ كۆسپ و ئاسته‌نگێك. دادگه‌كان دوو جۆر بڕیار ده‌رده‌كه‌ن: یه‌كه‌میان- بڕیاره سزایییه‌كان، وه‌ك: ڕاگرتن و ده‌ستبه‌سه‌رگرتن و پشكنین و له‌سێداره‌دان و به‌ندكردن و هتد. جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیارانه دراوه‌ته ده‌ست ده‌زگه‌كانی پۆلیس و خانه‌ی به‌ندكراوه‌كان. دووه‌میان – بڕیاره مه‌ده‌نییه‌كان، وه‌ك هه‌موو بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ست به بواره‌كانی مه‌ده‌نی و بازرگانی و باری كه‌سێتی و كار و هتد. جێبه‌جێكردنی ئه‌م جۆره بڕیارانه دراوه‌ته ده‌ست فه‌رمانگه‌ی جێبه‌جێكردن. بێ گومان ده‌زگه‌كانی "پۆلیس" و "خانه‌ی به‌ندكراوه‌كان" و "فه‌رمانگه‌ی جێبه‌جێكردن" گشتیان سه‌ر به وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تن وه‌ك: ناوخۆ - كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی - داد.
بۆیه لێره‌دا پرسیاری جددی دروست ده‌بێت په‌یوه‌ست به ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌كان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی خۆیان – كه له‌م حاڵه‌ته‌ی سه‌روه‌ره ده‌گاته ڕێژه‌ی سفر له سه‌د. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سپاردنی ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی بڕیاره دادگه‌یییه‌كان به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، سه‌ر‌پێچییه بۆ پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان.
كه‌واته: یه‌كێك له پێداویستی و پێوه‌ره‌كانی سه‌روه‌ریی یاسا ئه‌وه‌یه ده‌زگه‌كانی جێبه‌جێكردنی بڕیاره دادگه‌یییه‌كان، پێویسته سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بن بۆ هه‌ڵگرتنی ئاسته‌نگ و نه‌هێشتنی ده‌ستێوه‌ردان له جێبه‌جێكردنی بڕیاره دادگه‌یییه‌كاندا و هه‌روه‌ها خێرایی له جێبه‌جێكردن.
هه‌ر له‌م چواچێوه‌یه‌دا، سه‌روه‌ریی یاسا ئه‌وه ده‌خوازێت بڕیاره دادگه‌یییه‌كان به‌رده‌ست بن بۆ هه‌مووان له ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌یان، چ له بڵاوكراوه‌یه‌كی فه‌رمیی مانگانه، یان وه‌رزی، یاخود بڵاوكردنه‌وه‌یان له وێبسایتی فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، یان دادگه تایبه‌تمه‌نده‌كان، تاوه‌كوو ئه‌م بڕیارانه له‌به‌رده‌ستی دادوه‌رانی تر، قوتابیان، مامۆستایانی یاسا، یاساناسان، پارێزه‌ران، ڕاگه‌یاندن، ڕۆژنامه‌نووسان، فه‌رمانگه‌كان و كه‌رتی تایبه‌ت بن، بۆ ئه‌وه‌ی سوودی زانستی و فێركاریی هه‌بێت؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م بڵاوكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆكارێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پابه‌ندبوونی دادوه‌ران به حوكمه‌كانی یاسا و دووركه‌وتنه‌وه‌یان له هه‌ڵه‌ی یاسایی له كاتی ده‌ركردنی بڕیاردا، چونكه دادوه‌ران ده‌زانن زیاتر له لایه‌نێكی فه‌رمی و نافه‌رمی هه‌ن پێداچوونه‌وه‌ی زانستی، یان پراكتیكی به بڕیاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه بۆ دڵنیابوون له ڕاستی و دروستی بڕیاره‌كه له ڕووی یاسایییه‌وه.
نۆیه‌م – داواكاریی گشتی.
داواكاریی گشتیی ئه‌كتیڤ و كاریگه‌ر، ئه‌و داواكارییه گشتییه‌یه كه سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بێت. نابێت فه‌رمانگه‌ی داواكاریی گشتی سه‌ر به وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌ت بێت، چونكه داواكاریی گشتی و دادوه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك مێزدا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و حوكمی یاسا جێبه‌جی ده‌كه‌ن، بۆیه هه‌بوونیان له‌نێو دوو ده‌سه‌ڵاتی جیاوازدا پرسیاری جددی دروست ده‌كات له‌سه‌ر پره‌نسیپی جیاكردنه‌وه له نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان (الفصل بین السلطات). ئه‌مه جگه له سه‌ربه‌خۆبوونی داواكاریی گشتی و پاكی و دڵسۆزی له كاركردنیدا، كه كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی یاسادا.
ده‌یه‌م - نه‌زاهه‌ت له كاری پارێزه‌رایه‌تی.
پارێزه‌ر به دادوه‌ری وه‌ستاو (القضاء الواقف) وه‌سف ده‌كرێت و به یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی دادپه‌روه‌ری داده‌نرێت، چونكه هه‌بوونیان له‌نێو سیسته‌می دادوه‌ریدا زۆر پێویست و گرنگه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كان و پاراستنیان له فه‌وتان. بۆیه، له‌نێو سیسته‌می دادوه‌ریدا هه‌رچه‌ند ڕێژه و ژماره‌ی پارێزه‌ره ڕاست و پاك و بێگه‌رد و ئاستبه‌رزه‌كان زیاتر بێت، ئه‌وا یاساكان به جوانتر و باشتر جێبه‌جی ده‌كرێن؛ به‌و شێوه‌یه‌ی كه سه‌روه‌ریی یاسا ده‌خوازێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌رچه‌ند پارێزه‌ران چاویان له پێدانی به‌رتیل و واسته‌كاری و خزمخزمێنه بێت بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نایاسایییه‌كان، ئه‌وا شكۆی یاسا و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه.
یازده‌م : ڕێكاره‌كانی ده‌سته‌به‌ركردنی ماف.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماف شیرینه، بۆیه مرۆڤ هه‌میشه له خه‌می پاراستنییه‌تی. كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا به‌دڵنیایی بژین، پێویسته مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكرێن و بپارێزرێن و ڕێكاره یاسایییه‌كانی وه‌رگرتنه‌وه‌یان له حاڵه‌تی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ریان دیاری بكر‌ێت و پێویسته ڕێكاره‌كان كورتخایه‌ن بن و بێزاركه‌ر نه‌بن.
به بۆچوونی ئێمه، سه‌قامگیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی كۆمه‌ڵگه ده‌كه‌وێته ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددییه‌وه، كاتێك هیچ ڕێكارێك بۆ پاراستنی ماف یاخود وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف دیاری نه‌كرابێت، یاخود دیاری كراوه، به‌ڵام هێنده بێزاركه‌ره كه كه‌س نایگرێته به‌ر، چونكه ڕۆتینی زۆری تێدایه و پێویستی به ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ هه‌یه. ئا له‌م حاڵه‌ته‌دا، مرۆڤه‌كان به‌دوای ئه‌لته‌رناتیڤی تردا ده‌گه‌ڕێن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌كانیان، وه‌ك: تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، یان چه‌كهه‌ڵگرتن، یان هێزی عه‌شیره‌تگه‌ری، یان هێزی سیاسی، یان...، كه هه‌موو ئه‌مانه‌یش دژی سه‌روه‌ریی یاسان.
سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به زۆر ڕێگه دێته دی، به‌ڵام هه‌موویان ڕێگه‌ی كاتین و هیچ كامیان به قه‌د سه‌روه‌ربوونی یاسا به‌رده‌وامیی نییه، چونكه كاتێك یاسا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا سه‌روه‌ر ده‌بێت، ئه‌وا هه‌مووان به‌بێ جیاوازی ملكه‌چی یاسا ده‌بن و هه‌مووان ده‌زانن ماف و ئه‌ركه‌كانیان چین و هه‌مووان ده‌زانن سه‌رپێچیی یاسا سزای به‌دواوه ده‌بێت كه كه‌س لێی ده‌رباز نابێت. ئه‌و كاته ڕێزگرتنی یاسا ده‌بێته كه‌لتوور و هاووڵاتی ئاسایی ده‌بێته خاوه‌نی ڕۆشنبیریی یاسایی.