خوێندنەوەیەکى ڕەخنەگرانە بۆ یاساى چـەک ژمارە (2)ى ساڵى (2022)

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێـشەکى

هەرێمى کوردستان بە حوکمى هەڵکەوتەى جوگرافى، مێـژووى سیاسى و خەباتى چەکداریى سەد ساڵەى ڕابردووى، هەمیشە په‌ناگه‌یه‌ك بووە بۆ چەک و چەکـدارى، چونکە چەکهەڵگرتن ئامرازێکى سەرەکى بووە بۆ داواکردنى مافە ڕەواکانى نەتەوە و یەکلاییکردنەوەى کێشە سیاسى و کۆمەڵایەتییەکان.  پێش ڕاپەڕینى ساڵى (1991) پێشمەرگەى کوردستان لە چیاکان چەکبەدەست بوون و، لە ناوشارەکانیش بەعسى و جاش و پیاوانى ترى ڕژێمى پێشوو چەکدار بوون، ئەمە جگە لەو چەکانەى کە لەناو سەربازگەکان هەبوون. هەر بۆیە لە کاتى ڕاپەڕیندا ئەمە بووە هۆى ئەوەى چەکێکى زۆرى سەربازگەکان و پیاوانى ڕژێمى پێشوو لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان بکەونە دەستى هاووڵاتیان کە لە شەو و ڕۆژێکدا تەواوى کۆمەڵگەى کوردستانى بووە کۆمەڵگەیەکى چەکدار و، ئیدى چەکهەڵگرتن بووە بەشێک لە که‌لتوورى میللەت و تەنانەت هاووڵاتیی ئاسایى بۆ میوانداری، چەکى لەگەڵ خۆى دەبرد و لە بۆنە و خۆشییەکان یاخود بۆ پێشوازیکردن لە میوان فیشەکیان دەتەقاند و وەک سیمبولى پیاوەتى و ئازایەتى سەیرى چەکیان دەکرد.

لەگەڵ دروستبوون و پێکهێنانى دامەزراوە دەستوورییەکان لە هەرێمى کوردستان (وەک پەرلەمان و حکوومەت و ئەنجومەنى دادوەرى)، هەست بە مەترسیى دیاردەى چەکدارى لە کۆمەڵگەى کوردستانى کرا. بۆیە بۆ یەکەم جار لە هەرێمى کوردستان یاسایەک بۆ ڕێکخستنى چەک لە پەرلەمانى کوردستانەوە دەرکرا بە ناوى "یاسای چەک ژمارە (16)ى ساڵى (1993)"، بەو هیوایەى کە سنوورێک بۆ دیاردەى چەکدارى و مەترسییەکانى لەسەر کۆمەڵگەى کوردستانى دابنرێت.

بەڵام ئەو هیوایە نەهاتە دى بەهۆى هەڵگیرسانى "شەڕى براکوژى" لە ساڵى (1994) کە بەهۆیەوە کۆمەڵگەى کوردستانى هێندەى تر چەکدارتر بوو، چونکە لە هەموو بارەکاندا شەڕ پێویستى بە چەکە؛ هەم بۆ شەڕکەرەکان و هەمیش بۆ هاووڵاتیان بۆ ئەوەى خۆیان لە هێرشە نەخوازراوەکان بپارێزن کە لە کاتى شەڕ و جه‌نگ و لە دەرەوەى چوارچێوەى یاسادا ڕوو دەدەن. بۆیە چەک چووە نێو ماڵەکان و تاوەکوو ئێستایش ئەم دیاردەیە کەم تا زۆر بەردەوامە، لەبەر ئەوەى هەر کاتێک کۆمەڵگەى کوردستانى هەنگاو بەرەو سنووردارکردنى دیاردەى چەکدارى بهاوێژێت و دیدگه‌یەک بۆ خەڵک دروست بکرێت کە ئیدى پێویستیان بە چەک نییە و دامەزراوەکان دەیانپارێزن، ئەوا شتێك ڕوو دەدات و ئەم هەنگاوە دێنێتەوە خاڵى سفر و تێکڕاى خەڵک بەپێویستى دەزانن چەک لەنێو ماڵەکانیاندا هەبێت بۆ ئەوەى خۆیانى پێ بپارێزن؛ نموونەى ئەو ڕووداوانەیش زۆرن، وەک: هێرشەکانى داعش لە ساڵى (2014) و مەترسییەکانى بۆ سەر شارى هەولێر، هەروەها ڕووداوەکانى (16)ى ئۆکتۆبەرى ساڵى (2017) و نزیکبوونەوەى سوپاى مەزهەبیى حەشدى شەعبیى عێراقى لە سنوورەکانى شارى هەولێر.

بەهۆى زۆربوونى دیاردەى کوشتن و خۆکوشتن و تاوانەکانى تر کە بە چەک ئەنجام دەدرێن، قەناعەتێک دروست بوو کە پێویستە یاسایەکى نوێ بۆ چەک دەربکرێت. ئەم هەوڵە، بووە هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا کۆنەکەى چەک و دەرکردنى یاسایەکى نوێ بۆ چەک، واته‌ یاسای ژمارە (2)ى ساڵى (2022). هیوایەکى زۆر لەسەر ئەم یاسایە چنراوە بۆ ئەوەى هەنگاوى باش بۆ ڕێکخستنى چەک لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا بهاوێژرێت. بەڵام پرسیارى سەرەکى لێرەدا ئەوەیە: کامیان زیاتر مەترسیدارن لەسەر کۆمەڵگەى کوردستان: خودى چەکەکە، یان شێوازى بەکارهێنانى، یان بیرکردنەوەى ئەو مرۆڤەى چەکەکەى پێیه‌؟ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە پێویستى بە توێژینەوەیەکى ورد و تێروتەسەلە و، دەکرێ لایەنى فەرمیى پەیوەندیدار هەوڵ بدات وه‌ڵامی بداته‌وه‌؛ بەڵام ئەوەى ئێمە لە ئێستادا قەناعەتى تەواومان پێى هەیە، ئەوەیە کە لۆژیک و عەقڵ، هەروەها ئەزموونەکانى ساڵانى ڕابردوو پێمان دەڵێن ڕەنگە لە ئێستادا ئەستەم بێت کۆمەڵگەى کوردستانى خاڵى بکرێت لە چەک یاخود قەناعەت بە خەڵک بهێنرێت کە ئیدى پێویستییان بە چەک نەماوە. بۆیە بۆ دیاردەى چەکدارى و چەکهەڵگرتن لە کۆمەڵگەى کوردستانى، پێویستە بە دواى چارەسەرێکى تردا بگەڕێین.

ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ ئاراستەکردنى چەند ڕەخنەیەکى بنیاتنەر لە یاسا نوێیەکەى چەک، ژمارە (2)ى ساڵى (2022) لە ڕێگەى دەستنیشانکردنى کەلێن و کەموکوڕییە یاسایییەکان و پێشکەشکردنى چارەسەرى گونجاو؛ هەموو ئەمانەیش بۆ ئەوەیە کە پڕۆسەى ڕێکخستنى چەک لە کۆمەڵگەى کوردستان بە شێوەیەکى ڕێکوپێک ئەنجام بدرێت، چونکە ئێمە قەناعەتى تەواومان هەیە کە تەنیا هەبوونى یاساى چەک نابێتە هۆى هێنانەدیى ئەو ئامانجە، بەڵکوو پێویستیمان بە چەکى یاسا هەیە کە بریتییە لە هێز و دەسەڵات و بیرکردنەوە و میکانیزم و پلانى دامەزراوە یاسایییەکان بۆ بنبڕکردن یاخود سنووردارکردنى دیاردەى چەکهەڵگرتن لەنێو کۆمەڵگەى کوردستانیدا.

هـۆکارەکانى دەرچوواندنى یاسا نوێیەکەى چەک

لە نێوان ساڵانى (1993–2022) یاساى چەک ژمارە (16)ى ساڵى (1993) لە هەرێمى کوردستان پەیڕەو دەکرا. ئەم یاسایە هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و یاسایەکى نوێ بۆ چەک لە هەرێمى کوردستان دەرکرا بە ناوى یاساى چەک ژمارە (2)ى ساڵى (2022). لە هۆیەکانى دەرچوواندنى ئەم یاسا نوێیەدا هاتووە: "حوکمەکانى یاساى چەک ژمارە 16ى ساڵى 1993 لەگەڵ پێشهاتەکانى قۆناغى ئێستادا ناگونجێت و، بەمەبەستى ڕێکخستنەوەى دەستداریى و هەڵگرتنى چەک و تفاق و کڕین و فرۆشتن و چاکردنەوەیان لە سایەى ئەو گوڕانکاریانەدا، ئەم یاسایە دەرچووێندرا." لە ڕاستیدا، دەبووایە هۆیەکانى دەرچوواندنى ئەم یاسایە دیتەیلى زیاترى لەخۆ گرتبا و بە شێوەیەکى ڕوون فەلسەفە و ئامانج لە دەرکردنى ئەم یاسایەى نیشان بدابایە، چونکە یاسا نوێیەکەى چەک هیچ ماددەیەکى یاساییى تێدا نییە بۆ نیشاندانى ئامانجەکانى یاسا. هەر بۆیە یاساى چەک یەکێکە لەو یاسایانەى کەوا ڕوون نییە ئامانج لە دەرکردنى چییه‌.

لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئامانج لە دەرکردنى یاساى چەک ژمارە (2)ى ساڵى (2022) چییە؟ یاسادانەر دەیەوێت چى بێنێتە دى؟ کۆمەڵگەیەکى خاڵى لە چەک؟ یان کۆمەڵگەیەک تیایدا چەک لەدەستى چەند کەس و لایەنێکى دیاریکراو بێت؟ یان لەدەست هەمووان بێت، بەڵام لەژێر چاودێریى وەزارەتى ناوخۆ؟ لەبەر ئەوەى هیچ دەقێکى یاسایى نییە وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە، بۆیە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانە، بەپێى سیاسەت و پلانى داڕێـژڕاو، لە دیـدگه‌ى کابینەیەکى حکوومەته‌وه‌ بۆ کابینەیەکى ترى حکوومەت دەگۆڕدرێت؛ کە ئەمەیش بە بۆچوونى ئێمە کارێکى دروست نییە، چونکە ڕێکخستنى دیاردەى چەکدارى و چەکهەڵگرتن لە کۆمەڵگە، پێویستى بە پلانێکى تۆکمە و یەکخراو (موحد) هەیە کە بۆ چەندان ساڵ پەیڕەو بکرێت بۆ هێنانەدیى ئەو ئامانجەى کە لەنێو یاساکەدا ئاماژەى بۆ کراوە و یاساکەى بۆ دەرچووە. بەڵام بەداخەوە یاسا نوێیەکه‌ى چەک، بێ ئامانج دەرکراوە!

لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین حکوومەتى هەرێمى کوردستان (کە لێرەدا وەزارەتى ناوخۆ نوێنەرایەتیى دەکات) بەڕوونى ئامانجى حکوومەت لە جێبەجێکردنى یاساى چەک دیارى بکات بۆ ئەوەى هەموو بڕیار و ڕەفتار و هەنگاوەکان لە چوارچێوەى ئەو ئامانجە بخولێتەوە و، هەمووان بە شێوەیەکى شەفافانە بزانن کە ئامانج لە دەرکردنى ئەم یاسایە و لە جێبەجێکردنى چییە بۆ ئەوەى کەمترین ڕەخنە ئاراستەى بڕیار و هەنگاوەکان و ڕەفتارەکانى حکوومەت بکرێن لەم بارەیەوە.

ئایا دەستداری و هەڵگرتنى چەک مافـە؟

لە دەستوورى هەندێ وڵاتاندا، وەک مەکسیک و گواتیمالا، بەڕوونى ئاماژە بەوە کراوە كه‌ هەموو هاووڵاتییەک مافى دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى هەیە، بەڵام بە چەند مەرجێک لە چوارچێوەى یاسادا. ئەوەیشى تایبەتە بە دەستوورى کۆمارى عێراق، لەنێو ماف و ئازادییەکاندا هیچ دەقێک نەهاتووە کەوا باس لەم بابەتە بکات. ئەمەیش ماناى ئەوەیە کە دەستداری یان هەڵگرتنى چەک بە ماف هەژمار ناکرێت، بەڵکوو جیاوکێکە بە یاسا دەدرێت.

لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئایا دەستداری یان هەڵگرتنى چەک لە هەرێمى کوردستان مافێکە هەموو هاووڵاتییەکى ئەم هەرێمە هەیەتى یاخود نـا؟ ئەگەر وەڵامى ئەم پرسیارە لە چوارچێوەى دەستوورى کۆمارى عێراقدا بدرێتەوە، ئەوا دەتوانین بڵێین نەخێر، ماف نییە، بەڵام داڕشتنى یاساییى دەقى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (5) لە یاساى چەک ئاماژەیەکى ناڕاستەوخۆیە کە دەستداری یان هەڵگرتنى چەک مافێکە هەموو هاووڵاتییەک هەیەتى ئەگەر مەرجە یاسایییەکانى تێدا بوو، تیایدا هاتووە: "دەستەڵاتى مۆڵەتدان، مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقی دەدات، لە دواى هەبوونى ئەم مەرجانەى خوارەوە لە کەسى داواکاردا." شێوازى نووسینى ئەم دەقە یاسایییە بە شێوەیەکە هیچ دەسەڵاتێکى بەمەزەندەیى (السلطة التقدیریة)ى بۆ دەسەڵاتى مۆڵەتدان نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەى بیر لە نەدانى مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەک بکاتەوە، چونکە وشـەى "دەدات" بەکار هاتووه، کە دڵنیام مەبەست لە دەرکردنى یاسای چەک ئەوە نییە دەستداری یان هەڵگرتنى چەک وەک ماف بۆ هەموو هاووڵاتییەک سەیر بکرێت. هەر بۆیە، ئەم دەقە دەبووایە بە شێوەیەکى تر بووایە.

لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقێکى ڕوون لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت و بەڕوونى ئاماژە بەوە بکات کە دەستداری یان هەڵگرتنى چەک ماف نییە بەڵکوو جیاوکێکە دەدرێت بە هەموو کەسێک ئەگەر مەرجە یاسایییەکانى تێدا بێت لە چوارچێوەى دەسەڵاتێکى بەمەزەندەیى (السلطة التقدیریة)ى دەسەڵاتى مۆڵەتدان.  

کـڕین و فرۆشـتن بە تفـاقى جەنگى

لە بڕگە (یەکەم) لە ماددە (2)ى یاساى چەک هاتووە: "هاوردەكردن یان هەناردەكرن، دەستداریی، ژێردەستبوون، هەڵگرتن، دروستكردن، چاككردنەوە، گواستنەوە، ڕادەستكردن و،ەرگرتن یان بازرگانی پێوەكردنی چەكی جەنگی، تفاق یان پارچەكانی، تەنیا بە ڕێگەپێدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ پێداویستی دەزگاكانیان، دەبێت." ئەم بڕگەیە زۆر بەڕوونى ڕێگەى بە هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و پێشمەرگە داوە کەوا ڕێگەپێدان بدەن بۆ بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى و تفاق و پارچەکانیانه‌وه‌، بەڵام بۆ پێویستیى دەزگه‌کانیان. ئەوەى لەم بڕگەیە ڕوون نییە ئەوەیە: ئایا ئەم ڕێگەپێدانە بە کێ دەدرێت؟ ئایا هاووڵاتیى ئاساییى ئەم هەرێمە دەتوانێت ڕێگەپێدان بۆ بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى و تفاق و پارچەکانیان وەربگرێت؟ ئایا ئەم دوو وەزارەتە دەتوانن چەکى جەنگى و تفاق و پارچەکانیان بفرۆشنەوە؟ بە کێیش بفرۆشنه‌وه‌؟

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە بەپێى بڕگە (دووەم) لە ماددە (13) لە هەمان یاسا، بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى، تفاق یان پارچەکانى، بە تاوان هەژمار کراوە و تاوانبار بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە دە (10) ساڵ کەمتر نەبێت سزا دەدرێت. ئەم تاوانەیش بە هەبوونى مۆڵەت گرێ نەدراوە، واته‌ مۆڵەتت هەبێت یاخود نا، ئەم ڕەفتارە ئاماژەپێکراوانە بە تاوان هەژمار دەکرێن! کەواتە ئێمە لە یاساى چەکدا لە بەرامبەر دوو دەقى یاسایین کە دژبەیەکن! لە دەقى یەکەمدا بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى، تفاق یان پارچەکانى، کارێکى ئاسایییە ئەگەر هات و مۆڵەت درابێت، کەچى لە دەقى دووەمدا بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى، تفاق یان پارچەکانى، تاوانە و سزاى بۆ دیاری کراوە، بێ ئەوەى بە هەبوونى مۆڵەتەوە گرێ درابێت. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین کە لە ڕێنماییى داماڵینى چەکى جەنگى و تۆمارکردنى چەکى ئاگرین ژمارە (6)ى ساڵى (2022) دەقێک زیاد بکرێت کە بازرگانیکردن بە چەکى جەنگى، تفاق یان پارچەکانى بەبێ مۆڵەت تاوانە، نەوەک ئەوەى مۆڵەتدار بێت!

چـەکى بێدەنگ (کاتم)

لە بڕگە (دووەم) لە ماددە (2)ى یاساى چەک هاتووە: "هاوردەكردن، دەستداریی، ژێردەستبوون، هەڵگرتن، دروستكردن، چاككردنەوە، فرۆشتن، گواستنەوە، ڕادەستكردن و،ەرگرتنی یان بازرگانی پێوەكردنی چەكی بێ دەنگ، تفاق یان پارچەكانی، قەدەغەیە." ئەم هەڵوێستەى یاسادانەرى کوردستانى، هاوڕایە لەگەڵ یاساى قەدەغەکردنى بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەى چەکە بێدەنگەکانى عێراقى ژمارە (38)ى ساڵى (2016). دەقى یاساییى ئاماژەپێکراو زۆر بەڕەهایى هاتووە کە دەزگه‌ فەرمییەکانی وەک "وەزارەتى ناوخۆ"یش دەگرێتەوە، بۆیە دەپرسین: ئایا یاسادانەر ویستى ئەوەى هەبووە هەتا دەزگه‌كا‌نى سەر بە "وەزارەتى ناوخۆ"یش نەتوانن چەکى بێدەنگ هەڵبگرن یان بەکارى بهێنن؟ لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقێکى ڕوون لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت کە ئاماژە بەوە بدات ئەم قەدەغەکردنە هەموو کەس و لایەن و دەزگەیەکى فەرمى و نافەرمى دەگرێتەوە.

دروستکردن و هاوردەکردن و هەناردەکردنى چەکى ئاگرین

لە بڕگە (یەکەم) لە ماددە (3)ى یاساى چەک هاتووە: "دەستداریى، هەڵگرتن، فرۆشتن، دەستاودەست پێکردن یان چاککردنەوەى چەکى ئاگرین تەنیا بە مۆڵەت دەبێت." ئەوى لەم دەقە یاسایییە تێبینی کراوە ئەوەیە، مەرجى هەبوونى مۆڵەتى دانەناوە بۆ کەسێک کە چەکى ئاگرین دروست بکات یاخود هاوردە یان هەناردەى بکات؛ کە لە ڕاستیدا ئەم سێ ڕەفتارە پێویستى بە مۆڵەتوەرگرتن هەیە، چونکە بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (13) لە هەمان یاسا، دروستکردن و قاچاغچێتی بە چەکى ئاگرین بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت بە تاوان هەژمار کـراوە و تاوانبار بە زیندانیکردن بۆ ماوەیـەک کە لە (10) دە ساڵ زیاتر نەبێت، سـزا دەدرێت .

لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقێکى ڕوون لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت کە ئاماژە بەوە بدات دروستکردن و هەناردەکردن و هاوردەکردنى چەکى ئاگرین، پێویستى بە مۆڵەت هەیە. هەروەها لە کاتى هەناردەکردن و هاوردەکردنى چەکدا، پێویستە لە ڕێنمایى بە شێوەیەکى ڕوون و ڕێکوپێک پڕۆسەى گواستنەوەى چەک لە سنوورەکان بۆ نێو کۆگه‌کان یان شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەک یان بەپێچەوانەوە، ڕێک بخرێت؛ هەر لە ڕووى سەلامەتى و جۆرى ئۆتۆمبێلەکان و چۆنێتیى بارکردن و، هەروەها پاراستن و هتد.

شوێنى کـڕین و فـرۆشتن و چاککردنەوەى چەکى ئاگـرین و پارچە و تفاقەکانى

لە بڕگە (دووەم/1) لە ماددە (3)ى یاساى چەک هاتووە: "کردنەوەى شوێنى تایبەت بە كڕین و فرۆشتن یان چاککردنەوەى چەکى ئاگرین و پارچە و تفاقیان، ئەوانەى موڵكی هاووڵاتیانن و لەناوخۆدا هەن، تەنیا بە موڵەت دەبێت."  ئەوەى لەم دەقە یاسایییەدا تێبینى دەکرێت ئەوەیە، بە هیچ شێـوەیەک باسى لەوە نەکردووە کە کردنەوەى شوێن بۆ دروستکردنى چەکى ئاگرین پێویستى بە مۆڵەت هەیە. هەتا لە ماددە (5) لە ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022)دا باس لەم بابەتە نەکراوە بەڵکوو تەنیا قسە لەسەر شوێنى چاککردنەوە یان کڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین کراوە.

ئێمە لەوە تێ دەگەین کە هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لەو ئاستەدا نییە کە چەکى ئاگرینى لێ دروست بکرێت، بەڵام یاسا بۆ ئێستا دانانرێت، بەڵکوو بۆ ئێستا و دواڕۆژ دادەنرێت و ڕەنگە لە ماوەى داهاتوودا کارگەیەک لە هەرێمى کوردستان بۆ دروستکردنى چەک دابمەزرێت؛ ئەو کات قسەوباس لەسەر ئەوە دەبێت، كه‌ ئایا کردنەوەى ئەم کارگەیە پێویستى بە مۆڵەت هەیە یاخود نا. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقێکى ڕوون لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت، کە ئاماژە بەوە بدات کردنەوەى شوێن بۆ دروستکردنى چەکى ئاگرین پێویستى بە مۆڵەت هەیە.

پـڕۆسەى فرۆشتنى چەکى ئاگرین

لە بڕگە (دووەم/2) لە ماددە (3)ى یاساى چەک هاتووە کە مۆڵەتدار بە دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، مافى ئەوەى هەیە چەکە مۆڵەتپێدراوەکەى لە شوێنە ڕێگەپێدراوەکان بۆ فرۆشتن بخاتـە ڕوو. ئەم دەقە یاسایییە حوکمى ئەو حاڵەتەى دیاری نەکردووە کەوا کەسێک لە دەرەوەى چوارچێوەى شوێنە ڕێگەپێدراوەکان چەکەکەى دەفـرۆشێت، بۆ نموونە ئۆنڵاین؟ یان دەستاودەستکردن، کە ئەمەى دوایی لە کۆمەڵگەى کوردستانى لە هەموویان باوترە. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقێکى ڕوون بۆ ڕێکخستنى ئەم حاڵەتانە لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت.

دەستداری و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین

لە چەندان دەقى یاساییى نێو یاساى چەک باس لە دەستداری و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین کراوە و ئەم بابەتەیش بە کڕۆکى ئەم یاسایە هەژمار دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ لایەنى ئەم بابەتە گرنگە، بەڕوونى و وەک پێویست لەنێو یاساى چەک و ئەو دوو ڕێنمایییەى کە بۆى دەرچوون ڕێک نەخراوە، بۆ نموونە:

  1. یاساى چەک، هەروەها ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) هیچ دەقێکى یاسایییان تێدا نییە کە شێـواز و شێـوەى دەستدارى و هەڵـگرتنى چەکى ئاگرین دیـارى بکەن. بۆیە دەپرسین: ئایا مۆڵەتدار بە هەڵگرتنى چەک، دەتوانێت چەک لە بازاڕدا هەڵبگرێت؟ ئایا دەتوانێت چەک لە بۆنە سیاسى و ئایینى و کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵبگرێت؟ ئایا دەتوانێت چەک لە ناوەندەکانى خوێندن و ئەکایمى و زانستییەکان یاخود شوێنە گشتییەکان یاخود پەرستگه‌کان هەڵبگرێت؟ ئایا شێوازى هەڵگرتنەکە چۆنە؟ دەتوانێت چەکەکە لە پشتى ببەستێت؟ یان به‌شانییه‌وه‌ ده‌كات؟ یان لە چۆکى دەیبەستێت؟ ئایا هەڵگرتنەکە دەبێ ئاشکرا بێت و هەموو کەسێک بیبینێت یاخود دەبێت شاراوە بێت؟ ئایا مۆڵەتدار بە دەستداریى چەکى ئاگرین، شێوازى دەستدارییەکەى چۆنە؟ ئایا دەکرێت چەکەکەى لە ئۆتۆمبیل دابنێت؟ لە کوێی ئۆتۆمبێل و بە چ شێوازێک دای دەنێت؟ ئایا دەتوانێت چەک لە ماڵ یان لە شوێنى کارکردن دابنێت؟ چۆن و لە کوێ و بە چ شێوازێک دەتوانێت دای بنێت؟ لە چ کاتێک نابێت چەک دەستدارى یان هەڵبگیرێت؟ ئەمانە و چەندان پرسیارى ترى هاوشێوە، هەر هەموویان پرسیارى گرنگن و پێویستیان بە وەڵامدانەوە هەیە بۆ ئەوەى بەڕوونى ئەم بابەت ڕێک بخرێت.
  2. ئەم یاسایە هیچ جیاوازییەکى نەکردووە لە نێوان مافى مۆڵەتدار بە دەستداریی چەکى ئاگرین و مافى مۆڵەتدار بە هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، جگە لە ماوەى مۆڵەت نەبێت کە مۆڵەتى دەستدارى بریتییە لە دوو ساڵ، کەچى مۆڵەتى هەڵگرتن بریتییە لە یەک ساڵ و، لە هەردووکیشیان ئەوە دیارى نەکراوە کە ئەم ماوەیە لە چ ڕێکەوتێک دەست پێ دەکات!
  3. شێوازى ڕێکخستنى بابەتى دەستداری یان هەڵگرتنى تفاقى چەکى ئاگرین زۆر ڕوون نییە، چونکە بەپێى ماددە (2) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى 2022 بڕى تفاقى ڕێگەپێدراو بۆ چەکى ئاگرین بریتییە لە (45) فیشەک بۆ دەمانچە و (120) فیشەک بۆ چەکى ئاگرینى قەبارەى فیشەکى (39 X62ملم) و، ئەوەى لێرەدا جێى پرسیارە ئەوەیە كه‌ ئەو فیشەکانە چۆن و کەى و لە چ کاتێک و بۆ چ مەبەستێک دەتوانێت بیانتەقێنێت؟ کەى دەتوانێت بۆ هەوا بیانتەقێنێت و کەى بۆ نیشانەگرتن و کەى بۆ خۆپاراستن؟ هەروەها چۆنێتیى چاودێریکردنى پڕۆسەى نەمان و دووبارەکڕینى تفاق، یاخود کڕینى تفاقى زیاتر لە ڕێژەى ڕێگەپێدراو زۆر ڕوون نییە. بە شێوەیەکى گشتى، دیار نییە ئەم بابەتە چۆن لەژێر کۆنتڕۆڵى وەزارەتى ناوخۆدا دەبێت!

لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین دەقى یاساییى ڕوون لەنێو ڕێنماییى جێبەجێکردنى یاساى چەک لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2022) زیاد بکرێت بۆ ڕێکخستن و دیاریکردنى شێوازى دەستدارى و هەڵگرتنى چەک لە ڕێگەى دیاریکردنى شێواز و چۆنێتى و شوێن و کاتى هەڵگرتنى چەک کە پێویستە لە هەموو بارێکدا شاراوە بێت؛ هەروەها دیاریکردنى ئەو ڕێگه‌یانەى کەوا سەلامەتن بۆ دەستدارى و دانانى چەک لەناو ئۆتۆمبیل یان لە ماڵ و، هەروەها دیاریکردنى ئەو شوێنانەى کەوا قەدەغەیە چەک تیایدا هەڵبگیرێت، وەک: شوێنە گشتییەکان و ناوەندەکانى خوێندن و ئەکادیمییەکان. ئەمە جگە لەوەى پێویستە بە شێوەیەکى ڕوون چۆنیەتیی چاودێریکردنى پڕۆسەى کڕینى فیشەک و چۆنێتیى تەقاندنى ڕێک بکرێت.

جــۆرەکانى مــۆڵەتى چــەک

بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (4)ى یاساى چەک، چوار جـۆر مـۆڵەتى چەک هەن كه‌ بریتین لە:

  1. مۆڵەتى دەستداریى چەکى ئاگرین و تفاقی.
  2. مۆڵەتى هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقی.
  3. مۆڵەتى چاککردنەوەى چەکى ئاگرین.
  4. مۆڵەتى کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین و تفاقی.

تێبینیى پێشوومان دووبارە دەکەینەوە، کە ئەم دەقە یاسایییە باسى لە مۆڵەتى دروستکردنى چەکى ئاگرین نەکردووە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (13) لە هەمان یاسا، دروستکردنى چەکى ئاگرین بەبێ وەرگرتنى مۆڵەت بە تاوان هەژمار کـراوە و تاوانبار بە زیندانیکردن بۆ ماوەیـەک کە لە دە (10) ساڵ زیاتر نەبێت، سـزا دەدرێت .

مەرجەکانى مۆڵەتـدار بۆ دەستدارى و هەڵگرتنى چەک

لە بڕگە (یەکەم) لە ماددە (5)ى یاساى چەک هاتـووە کە دەسەڵاتى مۆڵەتدان، مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقی دەدات، لە دواى هەبوونى ئەم مەرجانەى خوارەوە لە کەسى داواکاردا:

  • مەرجى یەکەم – پێویستە داواکار عێراقی بێت و دانیشتووى هەرێم بێت. لێـرەدا مەبەستى یاسادانەر دیار نییە؛ ئایا مەبەستى ئەوەیە دانیشتووى هەرێم بێت بە شێوەیەکى هەمیشەیى یاخود دەکرێت مۆڵەتى چەک بدرێت بە کەسێک کە بە شێوەیەکى کاتى لە هەرێم دانیشتوو بێت؟ لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین بە ڕێنماییى نیشتەجێبوون بە شێوەیەکى هەمیشەیى ببێتە مەرجى پێدانى مۆڵەتى چەک.
  • مەرجى دووەم – پێویستە داواکار تەمەنى لە (21) ساڵ کەمتر نەبێت. ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە، نازانرێت پشت بە چ پێوەرێک بەستراوە بۆ دیاریکردنى ئەم تەمەنە! چونکە بەپێى یاسا هەموو کەسێک (18) ساڵى تەمەنى تەواو کردبێت، ئەوا بە کەسێکى کامڵ دادەنرێت و دەتوانێت هەموو ڕەفتارێک ئەنجام بدات. بۆیە دەپرسین: ئایا هیچ ئامارێکى فەرمى هەیە یاخود هیچ توێژینەوەیەکى زانستى هەیە ئەوەى سەلماندبێت ئەوانەى خوار تەمەنى (21) ساڵانن ناتوانن بە شێوەیەکى عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ چەکدا بکەن، چونکە لە ئێستادا ئەوەى لە ڕاگەیاندنەکان دەبینین و دەبیستین ئەوەیە، ئەوانەى تەمەنیان لە (21) ساڵ و بەرەو سەرەوەیە زیاتر تاوان ئەنجام دەدەن لەوانەى لە خوار ئەو تەمەنەدان! ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ئەو دەقە یاسایییە ئاستى سەرەوەى دیاری نەکردووە بۆ پێدانى مۆڵەتى چەک، چونکە لە ڕاستیدا ناکرێت مۆڵەتى چەک بە کەسێک بدرێت چووبێتە نێو تەمەنەوە یان گەیشتبێتە تەمەنێکى دیاریکراو. بۆ نموونە، بەپێى بڕگە (یەکەم/2) لە ماددە (9) لە یاساى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە (18)ى ساڵى (2021)، پێویستە کارمەندى کۆمپانیا- ئەوەى ڕێگەى پێ دەدرێت چەک هەڵبگرێت- تەمەنى لە (21) ساڵ کەمتر نەبێت و لە (50) پەنجا ساڵ زیاتر نەبێت. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین بە ڕێنمایى تەمەنێک دیارى بکرێت وەک ئاستێک ئەگەر کەسى داواکار بیگاتێ، ئەوا ناتوانێت داواى مۆڵەتى چەک بکات.
  • مەرجى سێیەم – پێویستە داواکار ڕەوشتچاک و، ناوبانگ و ڕەفتارباش بێت. لە یاساى چەک هیچ پێوەرێک و میکانیزمێک دیارى نەکراوە کە دەسەڵاتى موڵەتدان چۆن لەم بابەتە دڵنیا دەبێتەوە! هەتا لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) هیچ دەقێک لەم بارەیەوە نەهاتووە! بۆیە پێشنیار دەکەین بە ڕێنمایى دیارى بکرێت کەوا بۆ دیاریکردنى ئەو باشبوونە، پشت بە ڕاپۆرتى دەزگە فەرمییە پەیوەندیدارەکان دەبەسترێت.
  • مەرجى چوارەم – پێویستە داواکار بە جینایەتێکى ناسیاسی یان کەتنێکى ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت. کەواتە ئەگەر تاوانى کەتنەکە ئابڕووبەر نەبوو، ئەوا ئاسایییە مۆڵەتى دەستداری یاخود هەڵگرتنى چەکى پێ بدرێت؛ ئەمەیش بە بۆچوونى ئێمە هەڵەیەکى گەورەیە و دەبووایە کەتنەکە بە ماوەى حوکمدان دیارى بکرێت نەوەک بە جۆرەکەى، وەک ئەوەى "بە زیاتر لە ساڵێک بەندکردن حوکم نەدرابێت!" ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە دەبووایە مەرجى حوکمە دادگه‌یییەکە ئەوە بێت کە حوکمێکى یەکلاییکەرەوە (بات) بێت، چونکە ڕەنگە حوکمى دادگه‌ى تاوانەکان یان کەتن لەلایەن دادگەى تەمیزەوە هەڵبوەشێتەوە و بەهۆیەوە وەسفى کەسێک لە تاوانبارەوە بۆ بێتاوان بگۆڕدرێت. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین بە ڕێنمایى دیارى بکرێت کەوا ئەو حوکمە دادگه‌یییە، پێویستە یەکلاییکەرەوە بێت.
  • مەرجى پێنجەم – پێویستە داواکار لە ڕووى جەستەیى و عەقڵى و دەروونییەوە شیاوى دەستداری و هەڵگرتنى چەک بێت، ئەمەیش بە ڕاپۆرتێک لەلایەن لێژنەیەکى پزیشکى فەرمییەوە پشتڕاست کرابێتەوە. لەم بارەیەوە هیچ پێوەرێک دیارى نەکراوە کە چۆن ئەم هەڵسەنگاندنە دەکرێت بۆ ئەوەى دوور بکەوینەوە لە هەڵسەنگاندنى کەسى یان هەڵسەنگاندنێک کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى کرابێت. ئەمە جگە لەوەى پێویست بوو لە یاسادا بەڕوونى بەرپرسیارێتى بخرابایە ئەستۆى ئەم لیژنەیە لە هەر هەڵەیەکى پیشەیى لە دەستنیشانکردنى ئەم شیاوبوونەیە.
  • مەرجى شەشەم – پێویستە داواکار لە ڕووى تەکنیکیەوە بۆ هەڵگرتنى چەکى ئاگرین شیاو بێت، بەپێى تاقیکردنەوەیەک کە دەستەڵاتى مۆڵەتدان دیاری دەکات. تاوەکوو ئێستا پێوەرەکان و میکانیزمەکانى ئەم تاقیکردنەوەیه‌ دیارى نەکراون، ته‌نانه‌ت لەو دوو ڕێنمایییه‌ى کە بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى چەک دەرچوێندراون. لەم بارەیەوە پێشنیار دەکەین هەرچى زووە ئەم بابەتە بەڕوونى بە ڕێنمایى دیارى بکرێت.

شێوەى مـۆڵەتى چەک

شێوەى ئەو مۆڵەتە چەکەى کە لە ئێستادا بەپێى یاسا نوێیەکەى چەک دەدرێت، لە پاشکۆى ژمارە (2) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) نیشان دراوە کە چەند زانیارییەکى تێدایە وەک: ناوى تەواوى مۆڵەتدراو، جۆرى چەک، ژمارەى چەک، گرووپى خوێنى مۆڵەتدار، ڕێکەوتى دەرچوونى مۆڵەتى چەک و، ڕێکەوتى بەسەرچوونى مۆڵەت. بە بۆچوونى ئێمە کاتى ئەوە هاتووە واز لەو بیرکردنەوە کلاسیکییە بهێنین کە هەموو کەسێک خاوەنى یەک جۆر مۆڵەتى چەک بێت و ئیدى بەکارهێنانەکەى بۆ خۆى جێ بهێڵرێت، چونکە ئەم شێوازە هیچ سوودێکى بۆ کۆمەڵگەى کوردستانى نەماوە کە بەدەست زیادبوونى تاوان بە بەکارهێنانى چەک دەناڵێنێت.

هەر بۆیە، پێشنیار دەکەین کە دەست بکرێت بە جیاوازیکردن لە نێوان کەسێک بۆ کەسێکى تر لە ڕووى پێدانى مۆڵەتەوە؛ بۆ نموونە، دەکرێت کەسێک ڕێگەپێدراو بێت بە هەڵگرتنى چەک تەنیا لە نێوان کاتژمێر 6ى بەیانى تاوەکوو 6ى ئێوارە نەوەک بۆ هەموو ڕۆژەکە، یاخود کەسێک ڕێگەپێدراو نەبێت کە چەک لە هەندێ شوێندا هەڵبگرێت کەچى کەسێکى تر ڕێگەپێدراو بێت، یاخود کەسێک ڕێگەپێدراو نییە چەک بەکار بهێنێت تەنیا لە حاڵەتى خۆپاراستن نەبێت، بەڵام کەسێکى تر دەتوانێت بۆ مەبەستى تریش بەکارى بهێنێت وەک ڕاوکردن یان نیشانگرتن و...؛ لە شێوە و شێوازى جیاکردنەوە لە نێوان مۆڵەتێک بۆ مۆڵەتێکى تر بە پشتبەستن بە باكگراوندى کەسى داواکار و ستایلى ژیانى.

دەستخستنى چەک

بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (5) لە یاساى چەک، یەکێـک لە مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقەکانى، بریتییە لەوەى کەسى داواکار پێویستە چەکەکەى بە شێوەیەکى ڕەوا دەست خستبێت و پاساوێکى ڕەوای بۆ دەستداری و هەڵگرتنى چەک هەبێت. دیاریکردنى مەبەست لە وشەى "ڕەوا" لە هەردوو باردا بۆ دەسەڵاتى موڵەتدانى جێ هێشتووە کە بە بۆچوونى ئێمە کارێکى دروست نییە؛ چونکە دەبووایە ئەو پێوەر و نیشان و ڕێگە و ئامرازە سەرەکییانەى دیارى بکردبایە کە پێویستە پشتى پێ ببەسترێت لە کاتى دیاریکردنى ڕێگەى ڕەوا بۆ دەستخستنى چەک یاخود دیاریکردنى هۆکارى ڕەوا بۆ پێدانى مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەک. ئەوەى لێرەدا جێگەى سەرنجە ئەوەیە، لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) هیچ دەقێک بۆ ڕوونکردنەوەى وشەى "ڕەوا" نەهاتووە؛ ئەمەیش، بە بۆچوونى ئێمە، دەسەڵاتێکى ڕەها و بێسنوور دەدات بە دەسەڵاتى مۆڵەتدان کە بەدڵى خۆى ئەم وشەیە لێک بداتەوە لە کاتى پێدانى مۆڵەتى چەک؛ کە لە ڕاستیدا ئەوە کارێکى دروست نییە. بۆیە پێشنیار دەکەین کە بە دەقێکى ڕوون لەنێو ڕێنماییدا مەبەست لە وشەى "ڕەوا" ڕوون بکرێتەوە و ئەو ڕێگه‌یانە دیارى بکرێن کە بە ڕێگەیەکى ڕەوا بۆ دەستخستنى چەک هەژمار دەکرێن، بۆ نموونە: ئایا کڕینى چەک لە دەرەوەى هەرێم یان کڕینى چەک لە دەرەوەى بازاڕى چەکفرۆشتن یان وەرگرتنى چەک وەک دیارى یان بێ بەرامبەر یان دۆزینەوەى چەک و...، کام لەم ڕێگانه‌ بە ڕێگەى ڕەوا یان ناڕەوا هەژمار دەکرێن؟

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە دەستخستنى چەک بە شێوەیەکى ڕەوا و لە پاشان وەرگرتنى مۆڵەتى دەستدارى یان هەڵگرتنى چەک، دانپێدانانێکى ناڕاستەوخۆیە بە دەستدارى یان هەڵگرتنى چەک یان تفاق بەبێ مۆڵەت، چونکە کەسى داواکار پێویستە بە شێوەیەکى ڕەوا لە ماوەیەى پێش وەرگرتنى مۆڵەت، چەکێکێ دەست خستبێ. بۆیە لێرەدا پێویستە بە دەقـێکى یاساییى ڕوون لەنێو ڕێنماییدا، هەموو شوێنەکانى فڕۆشتنى چەک ئاگادار بکرێنەوە کە نابێت چەکى فرۆشراو تەسلیم بە کەسى کریاڕ بکەن تاوەکوو بە شێوەیەکى فەرمى مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى ئەو چەکە وەردەگرێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووى بەرپرسیارێتیى یاسایى دەبنەوە. ئەوەى لەم بارەیەوە لە بڕگە (سێیەم) لە ماددە (4) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) هاتووە، زۆر ڕوون نییە؛ بۆیە پێویستە ئەم پابەندکردنە زۆر ڕوون بێت.

مەرجەکانى مۆڵەتـدار بۆ کڕین و فرۆشتن یان چاککردنەوەى چەک یان تفاق یان پارچەکانى

جێگەى ڕەخنەیە کە هیچ دەقێکى یاسایى نییە لە یاسا نوێیەکەى چەکدا، بۆ دیاریکردنى مەرجى ئەو کەسانەى کە مۆڵەتیان پێ دەدرێت بۆ کردنەوەى شوێنى کڕین و فرۆشتن یان چاککردنەوەى چەک! هەرچۆنێک بێت، ئەم کەلێنە یاسایییە بە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) پڕ کراوەتەوە کە لە ماددە (5)ى ئەم ڕێنمایییەدا هەندێ مەرج دیاری کراوە بۆ ئەو کەسانەى داواکارى پێشکەش دەکەن بۆ وەرگرتنى مۆڵەتى چاککردنەوەى چەکى ئاگرین، یان کڕین و فرۆشتنى پێ دەکەن. لەگەڵ ئەمەیشدا دەتوانین بڵێین هەموو ئەو مەرجانەى لەم ڕێنمایییەدا هاتوون، هیچ بنەمایەکى یاسایییان لە یاساى چەکدا نییە. هەروەها تێبینى کراوە کە ئەو مەرجانە بۆ کەسێکى سروشتى (مرۆڤ) دانراوە کە داواکارى بۆ وەرگرتنى مۆڵەتـى کڕین و فرۆشتن یان چاککردنەوەى چەک یان تفاق یان پارچەکانى پێشکەش دەکات؛ ئەم ڕێنمایییە ئەوەى لە خەیاڵى خۆى دانەناوە ڕەنگە ئەم داواکارییە لەلایەن کۆمپانیاوە پێشکەش بکرێت؛ ئەوکات دەستەوەستان دەوەستن و نازاندرێت پێداویستییەکان چین؟!

لە لایەکى ترەوە حاڵەتەکانى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئەم جۆرە مۆڵەتە، لە یاساى چەک و ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) دیارى نەکراوە، جگە لە حاڵەتى "نوێنەکردنەوەى مۆڵەت" نەبێت، کە بەپێى هەردوو بڕگەى (دووەم و سێیەم) لە ماددە (16) لە یاساى چەک ڕێک خراوە. بێ گومان حاڵەتى تریش هەن، پێویست بوو دیارى بکرێن، وەک: مردنى خاوەنى مۆڵەت ئەگەر کەسى سروشتى بێت، یان پاکتاوکردنى خاوەنى مۆڵەت ئەگەر کۆمپانیا بێت، هەروەها حاڵەتى داخستنى شوێن بۆ ماوەیەک، یان تێکدانى شوێنەکە، یان دەرچوونى بڕیارێکى دادگه‌ییى یەکلاییکەرەوە بە داخستنى ئەم شوێنە، یان وازهێنان لە کارەکە و هتد.

هەڵوەشاندنەوەى مـۆڵەتى چەکى ئاگـرین

بەپێى بڕگە (یەکەم) لە مادده‌ (6) لە یاساى چەک، موڵەتى چەکى ئاگرین لەم بارانەى خوارەوەدا بە هەڵوەشاوە دادەندرێت:

  • مـردنى خـاوەن مـۆڵـەت .
  • لەدەستدانى یەکێک لە مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتى چەکى ئاگرین.
  • دەرچوونى بڕیارێک لە دادگاى تایبەتمەند بە دەست بەسەرداگرتنى چەکە ئاگرینەکە.
  • دەرچـوونى چەکە ئاگرینەکە وتفاقەکەى لە دەستداریی کەسى مۆڵەتدراو بۆ کەسێکى دیکەى مۆڵەتدراو.

جێبەجێکردنى حوکمى ئەم ماددە یاسایییە، پێویستى بە بەدواداچوونێکى چڕوپڕ هەیە، چونکە پێویستە فەرمانگەى پەیوەندیدار بە مردن و لەدایکبوون لە هەموو بارێکى مردندا ئاگادارى فەرمانگەى پەیوەست بە پێدانى مۆڵەتى چەکى ئاگرین بکاتەوە بۆ ئەوەى زانینى هەبێت بە مردنى کەسێک کە خاوەنى مۆڵەتى چەکە.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ئەستەمە چاودێریى پڕۆسەى لەدەستدانى یەکێک لە مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتى چەکى ئاگرین بکرێت. بۆیە دەپرسین: ئایا وەزارەتى ناوخۆ ئاگادار دەکرێتەوە لە هـەر بڕیارێک کە لە دادگاى تاوانەکان یان کەتن دەردەچێت؟ ئایا وەزارەتى ناوخۆ چۆن دەزانێت کەوا خاوەنى مۆڵەت لە دواى پێدانى مۆڵەت، ڕەوشتچاک و ناوبانگ و ڕەفتارباش نەماوە؟ ئایا وەزارەتى ناوخۆ چۆن ئاگادارى ئەوە دەبێت کەوا کەسێک شوێنى نیشتەجێبوونى هەمیشەییى لە هەرێم، بۆ دەرەوەى هەرێم گواستۆتەوە؟ ئایا وەزارەتى ناوخۆ چۆن ئاگادارى ئەوە دەبێت کەوا کەسێک عەقڵى لەدەست داوە و تووشى شێتبوون یان گێڵبوون یان "ئەلزەهایمەر" یان ئیفلیجبوون یان لەدەستدانى دەستەکانى یان هەر نەخۆشییەک یان ڕووداوێکى تر بووە؟ ئامانج لە ورووژاندنى ئەم پرسیارانە ئەوەیە، سەرنجى دەسەڵاتى مۆڵەتدان بۆ ئەوە ڕابکێشین کە پێویستە لە پەیوەندییەکى بەردەوام بێت لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەى کە پەیوەندییان بە جێبەجێکردنى مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتى چەکەوه‌ هه‌یه‌، بۆ ئەوەى ئاگاداری هەموو پێشهاته‌ نوێیه‌كان بێت.

لە بابەتێکى ترى پەیوەندیداردا، بەپێى یاساى چەک، لە بارێکدا کەسى مۆڵەتدار یەکێک لە مەرجەکانی پێدانى مۆڵەتى چەکى ئاگرینى لەدەست دا، ئەوا ئەم مۆڵەتە بە هەڵوەشاوە دادەنرێت، بەڵام نازانرێت ئایا ئەم هەڵوەشاندنەوەیە پێویستى بە دەرکردنى بڕیارى کارگێڕى هەیە یاخود پێویست ناکات، لەبەر ئەوەى بە حوکمى یاسا بە هەڵوەشاوە دادەنرێت؟ لەم بارەیەوە ئەوەى سەیرى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (6)ى یاساى چەک بکات، وا هەست دەکات کە هەڵوەشاندنەوەى چەکى ئاگرین پێویست بە بڕیارى کارگێڕى ناکات، بەڵام ئەوەى لە بڕگە (دووەم) لە هەمان ماددە و یاسا دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە، هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەت پێویستى بە دەرکردنى بڕیارى کارگێڕى هەیە.

هەرچى پەیوەستیشە بە حاڵەتى چوارەم، واتا دەرچوونى چەکە ئاگرینەکە و تفاقەکەى لە دەستداریی کەسى مۆڵەتدراو بۆ کەسێکى دیکەى مۆڵەتدراو، لە ڕاستیدا مەبەست لەم حاڵەتە ڕوون نییە، چونکە نازانرێ مەبەست لە وشەى "دەرچوون" چییە؟ ئایا مەبەست لێى فرۆشتنە؟ یاخود بەخشینە بەبێ بەرامبەر؟ یاخود دزینە؟ یاخود بزرکردنى چەکە؟ بۆیە پێویستە بە دەقێکى ڕوون لە ڕێنماییدا ئەم بابەتە یەکلایى بکرێتەوە. پێویستە ئەم بابەتە و بابەتەکانى تر لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) بە شێوەیەکى ڕوون ڕێک بخرێت.

ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی چەک لە دواى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەت

بەپێى بڕگە (دووەم) لە ماددە (6) لە یاساى چەک، پێویستە لەسەر کەسى مۆڵەتدراو، لە حاڵەتى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتەکەیدا، چەکەکەى ڕادەستى نزیکترین بنکەى پۆلیس لە شوێنى نیشتەجێبوونى بکات، بەرامبەر وەرگرتنى پسوولەیەکى فەرمى و؛ ئەو کەسەیش دەتوانێت لە ماوەى (180) ڕۆژدا، ڕەفتار بە چەک و تفاقەکەى بکات، بە فرۆشتن بێت یان بە هەر ڕەفتارێکى دیكەی یاسایى. ئەگەر هات و لە دواى کۆتایىهاتنى ئەو ماوەیە چەکەکەى نەفرۆشت، ئەوا دەسەڵاتى مۆڵەتدان مافی هەیە چەک و تفاقەکە بۆ بەرژەوەندیى دەستدارەکەى بەپێى حوکمەکانى یاسا بفرۆشێت و، بڕى بەرامبەرەکەى ڕادەست بکاتەوە.

بێ گومان تیوەگـڵانى دەسەڵاتى مۆڵەتدان لە پڕۆسەى فرۆشتنى چەک لەم بارەى سەرەوە کارێکى دروست نییە، چونکە لە کۆتاییدا ڕەنگە ڕووبەڕووى هەندێ گرفتى لابەلا ببێتەوە وەک ڕازینەبوونى خاوەنى چەک بە پارەى فرۆشتن. ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ئەم دەقە یاسایییە خاوەنى چەکەکەى پابەند نەکردووە کە دەبێ چەکەکەى بە کەسێـک بفرۆشێت و تەسلیم بە کەسێک بکات کە مۆڵەتى چەکى ئاگرینى هەبێت. کەواتە بە کێى دەفرۆشێت گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوەى گرنگە ئەم چەکە لە دەستداریى بنکەى پۆلیس بێتە دەرەوە! لە ڕاستیدا ئەمەیش کارێکى دروست نییە.

مـۆڵەتى هەمیشەییى دەستداری یان هەڵگرتنى چـەک

بەپێى ماددە (7) لە یاساى چەک، ئەم کەسانەى خوارەوە لە مۆڵەتى دەستداری و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین و تفاقەکەى بەدەردەکرێن و، پێویست بە هەبوونى مۆڵەت ناکـات:

  • سەرۆکى هەرێم و جێگرەکانى .
  • سەرۆکى پەرلەمان و جێگرەکەى و سکرتێر و ئەندامانى پەرلەمان .
  • سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى و وەزیرەکان و ئەوانەى لە پلەى ئەواندان.
  • سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەریى و دادوەران و ئەندامانى داواکارى گشتى و لێکوڵەرە دادوەرییەکان.
  • ئەندامانى هەردوو نێردەى "دیبلۆماسى و قونسوڵگەری"، ئەوانەى کە لە عێراق و هەرێم کاردەکەن، بەپێى ڕێساى مامەڵەى هاوشێوە.
  • فەرمانبەرانى پلە تایبەت و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان .

هەر بەپێى هەمان ماددە و یاسا، ئەوانەى سەرەوە مافی دەستدارى و هەڵگرتنى چەکیان لە دواى خانەنشینکردنیان دەمێنێت و، لەم بارەیەوە بەڵگەنامەیەکى بێبەرامبەریان بۆ ڕێک دەخرێت هەتا لە ژیاندا ماون. بێ گومان بە حوکمى هەستیاریى پۆستەکانیان، ئەمانەى کە لە سەرەوە ناویان هاتووە پێویستیان بە مۆڵەتى دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین نییە و، هەتـا لە دواى تەواوبوونى ئەرکەکانیشیان مافى دەستداری و هەڵگرتنى چەکى ئاگرینیان دەبێت. بەڵام کێشە لەوەدایە: ئەگەر ئەمانەى ناویان لە سەروەدا هاتووە، لە دواى خانەنشینبوونیان یەکێک لە مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتى چەکیان لەدەست دا، ئایا مۆڵەتەکەیان هەڵدەوەشێتەوە بەپێى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (6) لە یاساى چەک، یاخود مۆڵەتەکەیان هەڵناوەشێتەوە بەپێى ماددە (7) لە هەمان یاسا؟

بە بۆچوونى ئێمە لەگەڵ لەدەستدانى یەکێک لە مەرجەکانى پێدانى مۆڵەت، دەبووایە ئەم مۆڵەتە بە هەڵوەشاوە هەژمار  بکرابایە، بۆ ئەوەى بەهاى یاساییى ئەو مەرجانە پارێزراو بن. بەڵام ئەوەى لە واقعدا جێبەجێ دەکرێت ئەوەیە کە، ئەم مەرجە بە مۆڵەت نەدراوە تاوەکوو بە لەدەستدانى مەرجەکانى مۆڵەت، بسەندرێتەوە؛ بۆیە ڕێگەپێدان بە دەستداری یان هەڵگرتنى چەک بۆ ئەو کەسانەى کە لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کراوە، بە ڕێگەپێدانێکى هەمیشەیى هەژمار دەکرێت و هەڵناوەشێتەوە. ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ئەمانە تەنیا لە کاتى خانەنشینبوونیان دەتوانن سوود لە مافى دەستدارى و هەڵگرتنى چەک وەربگرن بەبێ ڕێکارەکانى مۆڵەتپێدان؛ بە واتایەکى تر ئەم ڕێگەپێدانە هەمیشەیییە بۆ دەستداری یان هەڵگرتنى چەک، حاڵەتەکانى لەکارلادان و گۆڕینى کار ناگرێتەوە.

بزربوون یان لەناوچوونى مۆڵەت یان چەکى مۆڵەتپێـدراو

ئەم حاڵەتانە لە ماددە (9) لە یاساى چەک ڕێک خراوە؛ بەپێى بڕگە (یەکەم) لەم ماددەیە ئەگەر مۆڵەتدراو بە دەستداری یان هەڵگرتنى چەکى ئاگرین، هەواڵی بزربوون یان لەناوچوونى مۆڵەتەکەى یان بزربوونى ئەو چەکەى مۆڵەتەکەى پێ دراوە، بدات، ئەوا پێویستە لەسەر دەسەڵاتى مۆڵەتدان داوا لە پۆلیس بکات لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە بكات. ئـەوەى لێرەدا جێى سەرنجە ئەوەیە، حوکمى ئەم بڕگەیە حاڵەتى هەواڵدان لەسەر لەناوچوونى چەکى ئاگرینى ناگرێتەوە کە لە ڕاستیدا هەمان شتە لەگەڵ بزربوونى چەک. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە لە بڕگە (سێیەم) لە هەمان ماددە و یاسا، باس لە سەلماندنى بزربوون یان لەناوچوونى چەکى ئاگرین دەکات و تیایدا هاتووە: "ئەگەر بزربوون یان لەناوچوونى چەکى ئاگرین سەلمێندرا، ئەوا پێویستە دەستدارەكەی مۆڵەتەکە ڕادەستى دەستەڵاتى مۆڵەتدان بکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەى و، لە دواى تێپەڕبوونى (1) یەک ساڵ بەسەر ڕێکەوتى بزربوون یان لەناوچوونەکە، سەرلەنوێ مۆڵەتى چەکى پێدەدرێتەوە."

بەپێى ئەم دەقە یاسایییە، یاسادانەر سزاى ئەو کەسە دەدات کە چەکى ئاگرین بزر دەکات یان بە هەر هۆکارێک لەدەستى لەناو دەچێت بەبێ ئەوەى لە هۆکارى بزربوون یان لەناوچوونى چەکى ئاگرینى بکۆڵێتەوە، بۆیە حوکمەکەیان یەکە؛ ئەویش دەبێ مۆڵەتە تەسلیم بە دەسەڵاتى مۆڵەتدان بکاتەوە بۆ ئەوەى مۆڵەتەکە بە بڕیارێکى کارگێڕى هەڵبوەشێنێتەوە و، لە پاشان دەبێ ساڵێک بەسەر ڕێکەوتى بزربوون یان لەناوچوونى چەکە ئاگرینەکەى چاوەڕێ بکات بۆ ئەوەى سەرلەنوێ مۆڵەتى چەکى ئاگرینى پێ بدرێتەوە، بەبێ ئەوەى ڕەچاوى بارى ئەو کەسە بکات کە ڕەنگە پێویستیى زۆرى بە چەک بێت، یاخود لە بنەڕەتەوە چەکەکە کۆن بووە بۆیە لەناو چووە، یاخود هۆکارى بزربوونەکە دزینى چەکەکە بووە و هیچ کەمتەرخەمییەک لە مۆڵەتدارەوە نەبووە!

ئەم توندییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە، ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەى چەکى بێمۆڵەت هەڵبگیرێت، بەتایبەت لە حاڵەتى پێویستبوون بە چەک لە ماوەى ئەو ساڵەى کە پێویستە چاوەڕێ بکرێت بۆ ئەوەى دووبارە مۆڵەتى چەکى پێ بدرێتەوە؛ بۆیە ئەم هەڵوێستەى یاسادانەر جێگەى ڕەخنەیە! هەر لە بڕگەى (چوارەم) لە هەمان ماددە و یاسادا هاتووە، ئەگەر دەرکەوت هەواڵدان بە بزربوون یان لەناوچوونى مۆڵەت یان بزربوونى چەک ڕاست نییە، ئەوا پێویستە دەسەڵاتى مۆڵەتدان، موڵەتدراو ڕەوانەى دادوەرى لێکۆڵینەوە بکات بۆ گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایى و، پێویستە دادگه‌یش لە کاتى حوکمدان بە تاوانبارکردنى هەواڵدەر، دەسەڵاتى مۆڵەتدان ئاگادار بکاتەوە و لەم بارەیشدا مۆڵەتەکە بە هەڵوەشاوە دادەندرێت. دووبارە تێبینیى ئەوە دەکرێت کەوا باس لە حاڵەتى لەناوچوونى چەک نەکراوە!

ڕاگرتنى پێـدانى مۆڵەتى چەک

بەپێى ماددە (10) لە یاساى چەک، وەزیرى ناوخۆ دەتوانێت بە بڕیارێك لە هەر بارێکى پێویستدا، مۆڵەتەکانى دەستداری و هەڵگرتنى چەکى ئاگرین لە هەرێمى کوردستان یان لە بەشێکى ڕابگرێت، بۆ ئەو ماوەیەى کە لە بڕیارەکەدا دیاری دەکرێت. ئەوەى لێرەدا جێگەى پرسیارە و هیچ پاساوێکى نییە ئەوەیە: بۆچى دەسەڵاتى ڕاگرتنى مۆڵەتى چاککردنەوە و دروستکردنى چەکى ئاگرین و مۆڵەتى کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین و تفاقى، بە وەزیرى ناوخۆ نەدراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا بە فەرمانى وەزیرى ناوخۆ ئەم جۆرە مۆڵەتانە ڕاگیراوە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەیان!

پێـدانى مۆڵەتى دەستدارى و هەڵگرتنى چەک بە بیانى

بەپێى ماددە (11) لە یاساى چەک، وەزیرى ناوخۆ دەتوانێت موڵەتى دەستداری و هەڵگرتنى چەک بە کەسى بیانى بدات، وەک بەدەرێک لە مەرجى عێراقیبوون؛ هەروەک لە خاڵى (1)ى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (5)ى یاسای چەکدا هاتووە. ئەوەى لەم دەقە یاسایییە جێگەى تێبینییە ئەوەیە، وشەى "چەک" بەڕەهایى هاتووە؛ بۆیە دەپرسین کام جۆرە چەک دەگرێتەوە؟ ئایا مەبەست لێى هەموو جۆرەکانى چەکە وەک لە یاساکەدا هاتووە (چەکى جەنگى و چەکى ئاگرین و چەکى هێمایى)، یاخود تەنیا چەکى ئاگرین دەگرێتەوە؟

لەوە دڵنیاین کە مەبەست لێرەدا چەکى ئاگرینە، بەڵام دەبووایە بەڕوونى لە یاساکە ئاماژەى بۆ کرابایە، یاخود بە لایەنى کەم لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022). ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە مۆڵەتى چەکى ئاگرین بەبێ تفاق هیچ بەهایەکى پراکتیکیى نییە، بۆیە دەپرسین بۆچى بیانى ڕێگەى پێ دراوە مۆڵەتى چەک وەربگرێ بەبێ تفاق؟ ئەمەیش پێویستە بە ڕێنمایى ڕاست بکرێتەوە. لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر ئەوەیە، بۆچى ڕێگە بە بیانى بدرێت لە هەرێمى کوردستان چەک هەڵبگرێت یان چەکى هەبێت؟ ئایا حیکمەت و فەلسەفەى پشت ئەم هەڵوێستە چییە؟ دەبووایە ئەم هەڵوێستە بە ڕێساى مامەڵەى هاوشێوە گرێ بدرابایە. پێویستە ئەمە بە ڕێنمایى یەکلایی بکرێتەوە.

هەواڵـدان لەسەر دەستداریـی چەک

بەپێى بڕگە (یەکەم) لە ماددە (12) لە یاساى چەک، هەر کەسێک لە ماوەى شەست (60) ڕۆژ لە دواى بەرکاربوونى یاساى چەک، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکى بێمۆڵەت، لە سزا دەبووردرێت و، دەسەڵاتى مۆڵەتدان دەتوانێت بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە مۆڵەتى پێ بدات. بەپێى بڕگە (دووەم) لە هەمان ماددە و یاسا، لە حاڵەتى ڕەزامەندینەدان بە پێدانى مۆڵەت، ئەوا چەکەکە بۆ بەرژەوەندیى دەستدارەکەى بە زیادکردنى ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتى مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێت. پرسیارى سـەرەکى لێرەدا ئەوەیە: دەسەڵاتى مۆڵەتدان چۆن ئەم چەکە دەفرۆشێتەوە، لە بارێکدا هیچ دەقێکى یاسایى نییە بە پابەندکردنى هەواڵدەر کە چەکێکى بێمۆڵەتى لەلایە، بە تەسلیمکردنى چەکەکەى بە بنکەى پۆلیس؟

فـرۆشتنى چەکى بێمۆڵەت

شوێنەکانى کڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین بە شێوەیەکى گشتى، تەنیا ئەو چەکانە تیایدا نیشان دەدرێن کە خاوەندارییەکەى بۆ خاوەنى شوێنەکە دەگەڕێتەوە. بەڵام دەکرێت کەسانى تر چەکى خۆیان لەم شوێنانە نیشان بدەن و لەم حاڵەتەیشدا لە بەرامبەر دوو ئەگەردا دەبین: یەکەمیان ئەو چەکە هى کەسێکە مۆڵەتى چەکى هەیە؛ دووەمیان ئەم چەکە هی کەسێکە مۆڵەتى چەکى نییە یاخود مۆڵەتى چەکى بەسەر چووە.

بێ گومان دەستدارى یان هەڵگرتنى چەکى بێمۆڵەت، بەپێى یاساى چەک بە تاوان هەژمار کراوە، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە هیچ دەقێکى یاسایى نییە خاوەنى شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەک پابەند بکات بەوەى چەکى بێمۆڵەت بۆ فرۆشتن نه‌خاته‌ ڕوو.

لەم بارەیەوە چەند دەقێک تێبینى دەکرێت ئەویش؛ بڕگە (دووەم) لە ماددە (5) لە یاساى چـەکە کە تیایدا هاتووە، پێویستە لەسەر مۆڵەتدراو بە کردنەوەى شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەکى ئاگرین داواکاریی نوێکردنەوەى مۆڵەت لە ماوەى سى (30) ڕۆژ بەر لە ڕێکەوتى بەسەرچوونى، پێشکەش بە دەسەڵاتى مۆڵەتدان بکات. هەروەها بەپێى بڕگە (سێیەم) لە ماددە (16) لە هەمان یاسا، ئەگەر موڵەتدراو بە کردنەوەى شوێنى كڕین و فرۆشتنى چەک، لەو ماوەیەى سەرەوە، داواکاریى نوێکردنەوەى موڵەتەکەى پێشکەشى دەسەڵاتى موڵەتدان نەکات، بە پێبژاردنێک بەبڕى یەک ملیۆن دینار (1,000,000) سزا دەدرێت و شوێنەکەى دادەخرێت و ڕێگەى پێ نادرێت بۆ ماوەى سێ (3) مانگ کار بکات و، لەم ماوەیەدا پێویستە داواکاریى نوێکردنەوەى مۆڵەت پێشکەش بکات و ئەگەر لەم ماوەیەدا ئەم کارەى نەکرد، ئەوا بە شێوەیەکى هەمیشەیى شوێنی کارەکەى دادەخرێت و مۆڵەتەکەیشى بە هەڵوەشاوە دادەندرێت و، ئەو چەکانەى لە شوێنی کارەکەدان و موڵکى مۆڵەتدراوە (خاوەنى شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەک) دەستیان بەسەردا دەگیرێت و، ئەو چەکانەیشى موڵكی کەسانى دیکەن، ئەگەر مۆڵەتدراو بن ڕادەستى خاوەنەکانیان دەکرێنەوە؛ بەپێچەوانەوە، بە زیادکردنى ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتى مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێن.

پرسیار لێرە ئەوەیە: خاوەنى شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەک مۆڵەتى نوێ نەکردۆتەوە، بۆچى دەست بەسەر چەکەکانى دادەگیرێت؟ پێویست بوو چەکەکان لە بنکەى پۆلیس بۆ ماوەیەک گڵ بدرابایەوە تا دەفرۆشران. ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ئەم دەقە دانپێدانانێکى ناڕاستەوخۆیە کە شوێنەکانى کڕین و فرۆشتنى چـەکى ئاگرین ڕەنگە چەکى بێمۆڵەتى لێ بێت و ئەم چەکانەیش بە زیادکردنى ئاشکرا لەلایەن دەسەڵاتى مۆڵەتدانەوە دەفرۆشرێن لەم حاڵەتەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێی دا. ئەمەیش لە کاتێکدایە بەپێى بڕگە (سێیەم) لە ماددە (4) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022) ئاماژەیەکى ناڕاستەوخۆ هەیە کە نابێ چەک بە هیچ کەسێک بفرۆشرێ کە مۆڵەتى نەبێت و، مۆڵەتیش نادرێت تا ژمارەى چەکى لەسەر نەبێت. کەواتە پڕۆسەى دەرهێنانى مۆڵەتى چەک، بە کڕینى چەک دەست پێ دەکات بەڵام پێویستە ئەو چەکە تەسلیم بە داواکارى مۆڵەت نەکرێت و تەنیا ژمارەکەى پێ بدرێت بۆ ئەوەى مامەڵەى پێ تەواو بکات.

لێسەندنەوەى چەکى جەنگى

بەپێى بڕگەى (یەکەم) لە ماددە (18) لە یاساى چەک، لەسەر وەزارەتى ناوخۆ پێویستە لە ماوەى یەك (1) ساڵ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى یاساى چەک، کە بریتییە لە ڕێکەوتى (28/04/2022)، سەرجەم جۆرەکانى ئەو چەکە جەنگییانەى کە لەدەستى کەس و لایەنەکاندان، لێیان وەربگرێتەوە و ببنە موڵکى وەزارەتى پێشمەرگە؛ ئەمەیش لە بەرامبەر قەرەبوویەک کە ئەنجومەنى وەزیران دیاریی دەکات. واته‌ دوا وادە بۆ لێسەندنەوەى ئەم چەکە جەنگییانە لە خەڵک و لایەنەکان، بریتییە لە (28/04/2023).

بە بۆچوونى ئێمە، لە ئێستادا حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەبەر چەندان هۆکار، بەتایبەت هۆکارى سیاسى، ناتوانێت ئەو کارە ئەنجام بدات. بۆیە دەبووایە ڕێکخستنى یاساییى ئەو بابەتە بە شێوەیەک بووایە کە لەگەڵ هەلومەرجى کۆمەڵایەتى و سیاسى و حزبایەتیى ئێستاى کوردستان گونجاو بێت؛ ئەوەتا بەئاشکرا لە دەزگه‌کانى ڕاگەیاندن هاووڵاتى باس لە دەستداریی چەکى جەنگى دەکات بەبێ ئەوەى ڕێکارى یاساییى لە بەرامبەردا بگیرێتە بەر، هۆکارەکەیش لاى هەمووان ئاشکرایە! هەر بەپێى بڕگە (سێیەم) لە هەمان ماددە و یاسا، پێویستە ڕێنماییى لێسەندنەوەى چەکە جەنگییەکان و تۆمارکردنى چەکە ئاگرینەکان لە ماوەى سى (30) ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى یاسای چەک دەربکات کە دەکاتە پێش ڕێکەوتى (28/05/2022)، کەچى لە واقعدا ئەم ڕێنمایییە بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (15542) لە ڕێکەوتى (21/07/2022) دەرکراوە و لە ڕێکەوتى (11/08/2022) چووەتە بارى جێبەجێکردن، کە ئەمەیش پێچەوانەى دەقى یاسایە. بۆیە ئەم ڕێنمایییە لە ڕووى شێوە و شێوازى دەرکردنییەوە کەموکوڕیى یاساییى تێدایە و قابیلى تانەلێدانە. ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە ماوەى ساڵێک دانراوە بۆ لێسەندنەوەى چەکى جەنگى کە لە ڕێکەوتى (28/04/2022) دەست پێ دەکات و لە ڕێکەوتى (28/04/2023) کۆتایى دێت، کەچى تەمەنى ئەم ڕێنمایییەى کە بۆ ئەم پڕۆسەیە دەرکراوە، لە تەمەنى یاساکە زیاترە و لە ڕێکەوتى (11/08/2022) دەست پێ دەکات و لە ڕێکەوتى (11/08/2023) کۆتایى دێت؛ ئەمەیش لە ڕووى یاسایییەوە دروست نییە. 

تۆمارکردنى چەک

بەپێى بڕگەى (دووەم) لە ماددە (18) لە یاساى چەک، پێویستە لەسەر هاووڵاتیان ئەو چەکانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، لە نزیکترین بنکەى پۆلیس یان لایەنى دیكەی تەرخانكراو تۆمار بکەن. دەبووایە ماوەیەک دیارى بکرابایە بۆ تۆمارکردنى ئەم چەکانە بۆ ئەوەى حوکمى ماددە (17) لە یاساى چەک جێبەجێ بکرێت کە تیایدا هاتووە هەر کەسێک جگە لە حوکمى ماددەکانى (13) و (15) و (16)، سەرپێچیى حوکمەکانى دیكەی یاسای چەک بکات، ئەوا بە بەندکردن و بە پێبژاردنێک لە دوو سەد و پەنجا هەزار دینار (250,000) کەمتر نەبێت و لە پێنچ سەد هەزار دینار (500,000) زیاتر نەبێت یان بە یەکێک لەم دوو سزایانە، سزا دەدرێت. ئەگەرچى لە ڕێنماییى ژمارە (6)ى ساڵى (2022) بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ماوەى ساڵێک بۆ تۆمارکردنى چەکى ئاگرین دیاری کراوە، بەڵام ئاماژەکە ناڕوونە و، پێویستە ئەمە ڕوون بکرێتەوە.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە بەپێى بڕگە (4) لە ماددە (3) لە ڕێنماییى ژمارە (6)ى ساڵى (2022) چەکى تۆمارکراو لەلایەن خاوەنەکەى دەمێنێتەوە، بە مەرجێک بەڵێن پڕ بکاتەوە کە چەکەکەى لە شوێنێکى پارێزراو هەڵبگرێت و بەکارى نەهێنێت و نەیبەخشێت و نەیفرۆشێت. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: تا کەى؟ بۆیە لۆژیک ئەوە قبووڵ ناکات کە ئەم ڕێگرتنە بەردەوام بێت، ئەمە لە کاتێکدایە ڕوون نییە ئەو قەدەغەکردنە بۆ چییە و ئامانج لێى چییە؟!

هەروەها پێویستە شوێنەکانى کڕین و فرۆشتن و چاککردنى چەک، پابەند بکرێن کە نابێت کڕین و فرۆشتن بە چەکێکى تۆمارنەکراو بکەن یاخود چەکێکى تۆمارنەکراو چاک بکەنەوە. بێ گومان ئەم پابەندکردنە ئەو کاتە دێتە دى كه‌ تێکڕاى پڕۆسەى پێدانى مۆڵەت و کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەى چەک، بەئەلیکترۆنى بکرێت بۆ ئەوەى Username و Password بۆ چوونە نێو سیستەمە ئەلیکترۆنییەکە لەدەستى هەموو خاوەن شوێنێکى چەکفرۆشتن یان چاککردنەوەى چەک بێت تاوەکوو لە تۆمارکردنى ئەم چەکە دڵنیا ببێتەوە پێش ئەوەى هیچ پڕۆسەیەکى لەسەر ئەنجام بدات. هەمان بۆچوونیشم هەیە سەبارەت بە پارچەى یەدەگى چەک لە ڕووى تۆمارکردنییەوە.

چەکى بریندارکار و چەکى ڕووشێـنەر

ماددە (19) لە یاساى چەک، دەسەڵاتى بە وەزیرى ناوخۆ داوە کە ڕێنماییى تایبەت بە دەستداری و هەڵگرتنى چەکى بریندارکار و چەکى ڕووشێنەر، گواستنەوەیان، دروستکردنیان، چاککردنەوەیان، هاوردەکردنیان یان بازرگانیپێوەکردنیان، دەربکات. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە کە یاساى چەک پێناسەى ئەم دوو جۆرە چەکەى نەکردووە، لە کاتێکدا پێناسەى چەکى جەنگى و چەکى هێمایى و چەکى ئاگرینى کردووە. بۆیە دەپرسین: چۆن ڕێنمایى بۆ ڕێکخستنى بابەتێک دەربکرێت کە لە یاسادا پێناسە نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوشێوەکانى پێناسە کراون؟

چەکى هێمایى

چەکى هێمایى بەپێى یاساى چەک، ئەو چەکەیە کە بەبێ تفاقە و بۆ جوانى یان یادگارى یان وەک سیمبول هەڵدەگیرێت؛ لەنێویانیشدا چەکى وەقفکراو یان ئەوانەى لە شوێنە پیرۆزەکان و مۆزەخانە گشتییەکان یان تایبەتەکاندا هەڵدەگیرێن، دەگرێتەوە. بەپێى مادده‌ (20) لە یاساى چەک، تۆمارکردن و دەستداریی چەکى هێمایى بەپێى ڕێپێدانێک دەبێت کە لەلایەن وەزیرى ناوخۆوە تەنیا بۆ یەک جار دەدرێت. واتا پێویستى بە نوێکردنەوە نییە. ڕێکارەکانى پێدانى ئەو ڕێپێدانە بە ڕێنمایییەک ڕێک دەخرێت کە وەزیرى ناوخۆ دەری دەکات. بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە. هەر کەسێک ڕێپێدانى چەکى هێمایى بەپێى حوکمەکانى ئەم یاسایە وەربگرێت و، بۆ مەبەستێکى جیاواز لە مەبەستەکانى هاتوو لە یاساى چەک بەکاری بهێنێت، ئەوا چەکەکەی خەسڵەتى هێمایى لەدەست دەدات. ئەم حوکمە زۆر ڕوون نییە کە ئایا چەکەکە دەبێتە چەکێکى ئاگرینى یاخود مۆڵەتەکە هەڵدەوەشێتەوە و، پێویستە مۆڵەتى چەکى ئاگرین وەربگرێت؛ ئەمە جگە لەوەى مەبەستەکانى بەکارهێنانى چەکى هێمایى لە یاسادا دیارى نەکراون؟

چاککردنەوەى چەکى بێمۆڵەت

بەپێى یاساى چەک، کردنەوەى شوێن بۆ چاککردنەوەى چەکى ئاگرین پێویستى بە مۆڵەت هەیە، بەڵام هیچ دەقێکى یاسایى نییە خاوەنى شوێنەکە پابەند بکات بە چاکنەکردنەوەى چەکى بێمۆڵەت. واته‌ خاوەنى شوێنى چاککردنەوەى چەک پابەند نەکراوە بەوەى کە پێویستە دڵنیا ببێتەوە لە هەبوونى مۆڵەتى چەک بۆ ئەو کەسەى کە ده‌یه‌وێ چەکەکەى چا بكاته‌وه‌.

بەئەلیکترۆنیکردنى پڕۆسەى پێـدانى مۆڵەتى چەک

بەپێى بڕگە (هەشتەم) لە ماددە (9) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022)، سیستەمێکى ئەلیکترۆنى بۆ پێدانى مۆڵەتى چەک لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ دیزاین دەکرێت. بە بۆچوونى ئێمە ئەمە کارێکى باشە، بەڵام زۆر باشتر دەبوو ئەگەر تێکڕاى پڕۆسەکە بەئەلیکترۆنى بکرابایە؛ بگرە لە پێدان و هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى چەک، کڕینى و فرۆشتنى چەک، تۆمارکردنى چەک و، لەناوچوونى چەک بۆ ئەوەى وەزارەتى ناوخۆ ئاگادارى هەموو پڕۆسە یان ڕەفتارێکى تایبەت بە چەک بێت. لەم بارەیەوە ئەوەى لە ماددە (6)ى هەمان ڕێنمایى هاتووە، پێویستە ئەو تۆمارە بەئەلیکترۆنى بکرێت و بخرێتە نێو ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییەى کە لەژێر سەرپەرشتى و ئیدارەى وەزارەتى ناوخۆ بڕیار وایە دیزاین بکرێت.

کڕینى چەک لە ڕێگەى ئۆنڵاین

یەکێک لە باوترین ڕێگه‌کانى بەدەستهێنانى چەک لە هەرێمى کوردستان، بریتییە لە کڕینى چەک بە ئۆنڵاین لە ڕێگەى پەیجە ئەلیکترۆنییەکان و سۆشیال میدیاوە کە تا ڕاددەیەک ڕێکلامیش بۆ چەکەکان دەکەن. ئەگەرچى بەپێى بڕگە (حەوتەم) لە ماددە (9) لە ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2022)، ڕێکلامکردن بۆ چەک بە هەموو شێوە و ڕێگەیەک قەدەغە کراوە، بەڵام پێویستە کارى جددى بکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە دیاردەى ڕێکلامکردن و کڕینى چەک لە ڕێگەى ئۆنڵاینەوە. دەزانین ئەم کارە هەندێک ئەستەمە، بەڵام دەکرێت سنووردار بکرێت و بەبەردەوامى چاودێرى بکرێت بۆ ئەوەى بەتەواوەتى بنبڕ بکرێت.

بڕوانامەى سەلامەتى چەک

یەکێک لەو بابەتانەى کە لە یاساى چەک و ڕێنمایییەکانى باسى لێوە نەکراوە ئەوەیە کە، خاوەنى شوێنى کڕین و فرۆشتنى چەک پابەند نەکراوە بە پێدانى بڕوانامەى سەلامەتى چەک بە داواکارى مۆڵەت بۆ ئەوەى مۆڵەتى چەکى پێ بدرێت. ئەم بڕوانامەیە وەک پشتگیرییه‌کە کە لە لاى خاوەن شوێنى چەک دەرچووە کە چەکى فرۆشراو لە ڕووى بەکارهێنانییەوە سەلامەتە و هیچ زیانێکى بۆ بەکارهێنەر نابێت. پێویستە ئەم بڕوانامەیه‌ هەرچەند ساڵ جارێک بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتى بەکارهێنان نوێ بکرێتەوە.

کـۆبـەنـد

پرسیارە سادە بێوەڵامە ئەوەیە: بۆچى تاکى کوردستانى هێندە عاشقى چەکە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە لە کۆمەڵگەیەک دەژیت کە ئاسایش تیایدا بەرقەرار نییە، یاخود حەزى لەوەیە لە کاتى هەر هێرش و مەترسییەک خۆى ڕێساکان جێبەجێ بکات؟ یان لەبەر ئەوەیە متمانەى بە دەزگه‌ فەرمییەکان نەماوە کە بتوانن لە کاتى گونجاودا مەترسییەکانى لێ دوور بخەنەوە؟

تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکى فەرمى و زانستیى متمانەپێکراوم نەبینیوە کە هەوڵى وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە سادەیه‌ی سەرەوە بدات؛ چونکە ڕاستە هەبوونى چەک لە دەستى تاکەکان، ئامرازێکە بۆ خۆپاراستن و بەدیهێنانى سەقامگیریى کۆمەڵایەتى لە کاتى لاوازیى سیستەمى سیاسی و ئەمنیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هۆکارێکى سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەى ڕێـژەى ڕەفتار و گوفتارە توندوتیژ و دوژمنکارییەکان.

ئەم تێبینییانەى کە لەسەر یاسا نوێیەکەى چەک تۆمار کراون، هەوڵێکى ئەکادیمییانەیە بۆ تیشکخستنە سەر کەموکوڕییەکانى ئەم یاسایە کە ڕەنگە لە کاتى جێبەجێکردندا لێکەوتەى نێگەتیڤى لێ بکەوێتەوە و، بۆ ئەوەى چارەسەرى گونجاوى بۆ بدۆزرێتەوە. ئەگەرچى باشتر بوو پێش ئەم یاسایە ئامارى ورد و دروست هەبووایە کە چەند پارچە چەک لە هەرێمى کوردستان هەیە؟ چەند مۆڵەتى چەک لە کوردستان دراوە؟ چەند تاوان بە چەک ئەنجام دراوە؟ چەندیان بە چەکى بەمۆڵەت و چەندیان بە چەکى بێمۆڵەت بووە؟ چەند لەوانەى تاوانیان ئەنجام داوە پێشینەیان هەبووە؟ ئەم چەکانەى کە تاوانیـان پێ ئەنجام دراوە، لە کوێ و چۆن بەدەست هـاتوون؟ چەندان پرسیارى ترى سەرەکییش کە پێویست بوو لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرابایە بۆ ئەوەى یاساکە پشتئەستوور بووایە بە داتاى دروست بۆ ئەوەى چارەسەرى دروستى لەخۆ گرتبایە.

دووبارەى دەکەینەوە کە "یاساى چەک" و "چەکى یاسا" هەردووکیان پێویستن بۆ کۆمەڵگەى کوردستانى، چونکە ناکرێت لە کۆمەڵگەیەک چەک ڕێک بخرێت بەبێ هەبوونى یاسا و، لە هەمان کاتیشدا ناکرێت چاوەڕێى ئەنجامێکى گەورە لە یاسایەکى لاواز و پڕکەموکوڕى بکەین کە میکانیزمى جێبەجێکردنى ڕوون نەبێت. بەڵام لە سەرووى یاساى چەک و چەکى یاساوه‌ بیرکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگەیە و، پێویستە ڕۆشنبیر بکرێن بە چۆنێتیى بەکارهێنانى چەک و، پێویستە لەوە بگەن کە چەک بۆ خۆپاراستنە و دەبێت فێرى شێوازى خۆپاراستن بن؛ چونکە بەپێى ئەو بەدواداچوونە نافەرمییەى کە ئێمە کردوومانە، بۆمان دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکى زۆرى ئەوانەى خاوەنى مۆڵەتى چەکن، نازانن کە یاساى سزادانى عێراقى مەرجەکانى پارێزگاریکردن لە خود (الدفاع عن النفس)ى ڕێک خستووە و بە هیچ شێوەیەک نازانن چۆن و کەى دەتوانن پارێزگارى لە خۆیان بکەن؛ کە ئەمەیش گرفتێکە پێویستى بە چارەسەرکردن هەیە لە ڕێگەى وەرگرتنى خولى بەکارهێنانى چەک كه‌ بە سەرپەرشتیى وەزارەتى ناوخۆ ئەنجام بدرێت.

بەکورتى: هەر دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى ئەگەر نەتوانرا بنبڕ بکرێت، ئەوا پێویستە بە شێوەیەکى ڕوون و بێ هیچ کەموکوڕییەک ڕێک بخرێت. دیاردەى دەستدارى و هەڵگرتنى چەک لە هەرێمى کوردستان، یەکێکە لەو دیاردانەى کە بە بۆچوونى ئێمە لە ئێستادا ئەستەمە بنبڕ بکرێت، بۆیە پێویستە بە باشترین شێوە ڕێک بخرێت. یاسا نوێیەکەى چەک هەنگاوێکى باش بوو، بەڵام پڕە لە کەموکوڕى و ناڕوونى. باشترین ڕێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى پڕۆسەى پێدان و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتى چەک، هەروەها کڕین و فرۆشتنى چەک و تفاق و پارچەکانى و، چاکردنەوەى چەک و پارچەکانى، بریتییە لە دانانى سیستەمێکى ئەلیکترۆنى لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتى ناوخۆ، بۆ ئەوەى داواکاریى مۆڵەت و داواکاریى کڕین و فرۆشتنى چەک و تفاق و پارچەکانیان و داواکاریى چاککردنەوەى چەک، بەئەلیکترۆنى بێت بۆ ئەوەى هەمووان لە چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنى چەک لە کۆمەڵگەى کوردستانیدا ڕۆڵیان هەبێت.

 

 

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples