ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین
یەكەم - پوختەی گرفت
لە هەرێمی كوردستان كار بە یاسای هێما و داتـا بازرگانییەكانی عێراقی ژمارە (21)ی ساڵی (1957) دەكرێت. زۆربەی بڕگە و ماددەكانی ئەم یاسایە بە فەرمانی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان – هەڵوەشێنراو (سلطة الائتلاف المؤقتة في العراق/ المنحلة) ژمارە (80)ی ساڵی (2004) هەمـوار كرا. لە ئێستادا، كێشەی یاسایی لە بەردەم دادگەی بازرگانیی هەرێمی كوردستان دروست بووە؛ ئایا فەرمانی ژمارە (80)ی ساڵی (2004) لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەركاركردن هەیە یان نا؟ چونكە لە ڕووی پراكتیكییەوە تێبینی كراوە كە لە ساڵی (2004)ەوە تاوەكوو ئێستا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو بڕیارەكانی تایبەت بە هێما بازرگانییەكان پاڵپشت بە فەرمانی ژمارە (80)ی ساڵی (2004)ی دەركردووە.
دووەم – بـۆچوونی ئێمە
بە بۆچوونی ئێمە، هەموو ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانەی كە دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە عێراق لە نێوان هەردوو ساڵی (2003-2004) دەری كردووە، ڕاستەوخۆ لە هەرێـمی كوردستانەوە جێبەجێ نابن، بەڵكوو پێویستییان بە بەركابـوون هەیە لەلایەن پەرلەمانەوە.
لەم بارەیەوە پەرلەمانى كوردستان لە ڕێكهوتی (31/8/1992) بـڕيـارى ژمارە (11)ى دەركردووە. بـەپێى ئەم بڕيارە هەر یاسایـەك يان پێڕەوێك يان ڕێنوێنییەك كە لەلایەن دەسەڵاتدارانى حكوومەتى ناوەندیی عێراقەوە لە دواى ڕێكهوتی (23/10/1991) دەركرابێت، ئەوا پێويستى بە ڕەزامەندیی پەرلەمانى كوردستان هەيە بۆ ئهوهی له ههرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێ و كاری پێ بكرێت. ئەم بڕيارەى پەرلەمانى كوردستان، بەپێى ماددە (141) لە دەستوورى كۆمارى عێراق بۆ ساڵى (2005) كە دانی نا بە گشت بڕيار و یاساكانی پەرلەمانى كوردستان كە لە نێوان ساڵانى (1992-2005) دەركراوه، شەرعيیەتى دەستووریى وەرگرت. هەر بۆيە، بڕيارى ژمارە (11) تاوەكوو ئێستا كارى پێ دەكرێت.
هەموو ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانەی كە دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) دەری كردووە، بوونەتە بەشێك لە سيستەمى یاساییی عێراقى؛ ئەمەیش پاڵپشت بە بڕگە (ج) لە ماددە (26) لە یاسای بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراقى بۆ قۆناغى گواستنەوە بۆ ساڵى (2004)، چونكە دانی ناوە بە گشت ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانە. هەروەها لە دەستووری كۆماری عێراقیش بۆ ساڵی (2005) هیچ دەقێكی یاسایی لەبارەی ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانە نەهاتووە؛ بەپێچەوانەوە بەتەواوەتی دانی ناوه بە ناوەڕۆكی یاسای بەڕێوەبردنى دەوڵەتى عێراقى بۆ قۆناغى گواستنەوه.
لەبەر ئەوەى دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) وهك جێگرەوەى دەسەڵاتدارانى ناوەند له عێراقدا ههڵسوكهوتی كردووە، ههروهك ئاماژهی بۆ كراوه لە بڕگە (1) لە بەشى (1) لە فەرمانى ژمارە (1)ی ساڵى (2003) كە دهسهڵاتی كاتیی هاوپهیمانان خۆیان دەريان كردووە، تيايدا هاتووە: "لە عێراقدا، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان گشت دەسەڵاتەكانى حكوومهت ڕایی دەكات بە شێوەيەكى كاتى بۆ بەرێوەبردنى كاروبارى عێراق... ." هەروەها لە بڕگە (2)ى هەمان بەش و هەمان فەرماندا هاتووە كە "لە عێراقدا، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان گشت دەسەڵاتەكانى جێبەجێكردن و ياسادانان و دادوەرى ڕایی دەكات بۆ گەيشتـن بە ئامانجەكانى... ."
كەواتە، دەسەڵاتى كاتیى هاوپەيمانان لە عێراق لە نێوان ههردوو ساڵى (2003-2004) جێگرەوەى دەسەڵاتەكانى ياسادانان و جێبەجێكردن و دادوەرى بووە لەسەر ئاستى عێراقدا و، وەك حكوومەتى ناوەند و پەرلەمان و دەسەڵاتى دادوەرى لەسەر ئاستى عێراقدا كاری كردووە. ئەمەیش ماناى ئەوەيە هەموو ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانەی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە عێراق، وەك ئەوە وايە لەلایەن پەرلەمانى عێراقهوه دەرچووبێت.
سێیەم - ئەنجام و پێشنیاز:
بڕيارى پەرلەمانى كوردستان ژمارە (11)ى ساڵى (1992) ڕێگر دەبێت لە بەردەم ڕاستەوخۆ جێبەجێكردنى هەموو ئەو فەرمان و پێڕەو و ڕێنوێنییانهی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە هەرێمى كوردستان؛ كهواته پێويستییان بە بهركاركردن هەيە لەلایەن پەرلەمانى كوردستانەوە بۆ ئەوەى لە هەرێمی كوردستان جێبهجێ بكرێت.
بۆیە پێویستە بە زووترین كات وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕەشنووسێك بۆ بەركاركردنی فەرمانی ژمارە (80)ی ساڵی (2004)ی دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان ئامادە بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستانی بكات بۆ ئەوەی یاسای بەركاربوونی بۆ دەربكرێت، تاوەكوو ئەو كەیسانەی لە بەردەم دادگەی بازرگانی ڕاگیراون بە زووترین كات یەكلایی بكرێنەوە و بڕیاری گونجاویان لەسەر بدرێت.