ڕێنمایییە دەرنەكراوەکان لەلایەن وەزارەت و دەستە گشتییەکان لە نێوان سـاڵانى (2000 – 2022)

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکى

بەپێى یاسا، وەزیر یان سەرۆکى دەستە گشتییەکان دەسەڵاتى دەرکردنى ڕێنمایییان هەیە بۆ سێ مەبەستى سەرەکى: یەکەمیان، ڕێکخستنى بابەتێک کە بە یاساکانى پەرلەمان و پەیڕەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک نەخراوە. دووەمیان، ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکى یاسایه‌ک کە لە پەرلەمانەوه‌ دەرکـراوە یان پەیڕەوێک کە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرکراوە. سێیەمیان، ئاسانکردنى جێبەجێکردنی یاسایه‌ک کە لە پەرلەمانەوە دەرکراوە یان پەیڕەوێک کە لە ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرکراوە.

ئەوەى تایبەتە بە هەرێمى کوردستان، بەپێى یاساى تایبەت بە هەر وەزارەتێک یان دەستەیەکى گشتى، وەزیرى ئەو وەزارەتە یان سەرۆکى دەستە، دەسەڵاتى دەرکردنى ڕێنماییى پێ دراوە بۆ ئەو سێ مەبەستەى کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کردووە؛ ئەمە جگە لەوەى کەوا لە یاسا جیاجیاکاندا دەسەڵات بە وەزیرى وەزارەتێکى دیاریکراو یان سەرۆکى دەستەیەکى گشتیى دیاریکراو دەدرێت کە ڕێنماییى پێویست دەربکات.

لەوەتەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دروست بووە لە ساڵى (1992)ەوە، وەزارەت و دەستە گشتییەکان پاڵپشت بە یاسا و پەیڕەوە کارپێکراوەکان، چەندان ڕێنمایییان دەرکردووە و، ئەم ڕێنمایییانەیش لە ڕووى پاڵنەرى دەرکردنیانەوە بۆ سێ جۆر دابەش دەکرێن:

جۆرى یەکەم: ئەو ڕێنمایییانەى کە دەرکراون بۆ ڕێکخستنى بابەتێک کە بە یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک نەخراوە. کەواتە هیچ ماددەیەک لەنێو یاساکانى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران نەبووە کە داوا لە وەزیر، یان سەرۆکى دەستە بکات ئەم ڕێنمایییە دەربکات.

جۆرى دووەم: ئەو ڕێنمایییانەى کە دەرکراون لەبەر ئەوەى بەپێى دەقێکى نێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیرانەوە، وەزیر یان سەرۆکى دەستە پابەند کراوە کە ئەم ڕێنمایییە دەربکات.

جۆرى سێیەم: ئەو ڕێنمایییانەى کە دەرکراون لەبەر ئەوەى بەپێى دەقێکى نێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیرانەوە، وەزیر یان سەرۆکى دەستە سەرپشک کراوە کە ئەم ڕێنمایییە دەربکـات.

ئەوەى ئێمە مەبەستمانە لەم وتارەدا تیشکى بخەینە سەر، بریتییە لە جۆرى دووەم؛ واتا ئەو ڕێنمایییانەى كە پێویستە دەربکرێن لەبەر ئەوەى بەپێى یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران، پێویستە لەسەر وەزیر یان سەرۆکى دەستە ئەم ڕێنمایییە دەربکات؛ جا چ ئەم دەرکردنە بە ماوەیەکى دیاریکراو گرێدراو بێت، یاخود ماوەکە کراوە بێت.

بەپێى ئەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەى کە کردوومانە لە چوارچێوەى ئەو یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایییانەى لە ڕۆژنامەى فەرمیى وەقایعى کوردستان لە بیست و دوو ساڵى ڕابردوو لە نێوان ساڵانى (2000 – 2022) بڵاو کراوەتەوە لە ژمـارەکانى (1-285)، بۆمان دەرکەوتووە کەوا چەندان ڕێنمایى تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوەن سەرەڕاى ئەوەى وەزیر یان سەرۆکى دەستە بەپێى یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران پابەند کراوە بە دەرکردنیان.

ئەم داتا و ئامارانەى کە لە خوارەوە هاتوون، هەوڵێکى ئەکادیمییانەیە بۆ بیرخستنەوەى وەزارەت و دەستە گشتییەکان کە هەندێ ڕێنمایى هەیە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون. ئەم هەوڵە، هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ئاراستەیەى کە لە ئێستادا حکوومەتى هەرێمى کوردستان گرتوویەتییە بەر کە ڕێنمایییەکان بەزوویى و لە کاتى خۆیاندا دەردەکات؛ ئەمە جگە لە دەرکردنى ڕێنمایی بۆ یاسا و پەیڕەو و بڕیارە دەرچووەکانى ساڵانى پێشوو([1])، کە بێ گومان ناوەڕۆکى ئەم وتارەیش بۆ بەهێزکردن و بەدیهێنانى ئامانجى ئەم ئاراستەیەیە لە ڕێگەى دەستنیشانکردنى ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون سەرەڕاى پابەندکردنى وەزیر یان سەرۆکى دەستە بە دەرکردنیان:

یەکەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى ئاڵاى کوردستان

 بەپێى ماددە (5) لە پەیڕەوى ئاڵاى کوردستان ژمارە (2)ى ساڵى (2004)([2]) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (51) لە ڕێکەوتى (28ی تشرینى یەکەمی 2004) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى مۆڵەتدان بۆ چاپکردن و دروستکردنى ئاڵاى کوردستان یان بازرگانیپێوەکردنى بە هەر شێوەیەک بێت؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى مافى دانەر و مافە هاوسـێـکانى

بەپێى ماددە (43) لە یاساى مافى دانەر و مافە هاوسێکانى ژمارە (17)ى ساڵى (2012) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (157) لە ڕێکەوتى (21ی شوباتی 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى ڕێکخستنى ڕێکلامى بازرگانى

بەپێى ماددە (6) لە یاساى ڕێکلامى بازرگانى ژمارە (4)ى ساڵى (2019) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (246) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونی دووەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى، ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى پاراستنى بەڵگەنامەى نیشتمانى

بەپێى ماددە (14) لە یاساى پاراستنى بەڵگەنامەى نیشتمانى ژمارە (1)ى ساڵى (2022) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (281) لە ڕێکەوتى (21ی نیسانی 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ڕۆشنبیرى و لاوان ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

دووەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى سامانە سروشتییەکان دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنمایییە تایبەتەکانى بوارى نەوت و گاز

بەپێى ماددە (53) لە یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان ژمارە (22)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (75) لە ڕێکەوتى (15ی تشرینى دووەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى سامانە سروشتییەکان ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵێک بابەت کە لەم یاسایەدا دیاری کراون؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییانە دەرنەکراون و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە؛ ئەم بابەتانەیش بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • دابەشکردنى ناوچەکانى گەڕان و دەرهێنانى نەوت و گاز لە هەرێمى کوردستان.
  • دۆزینەوە و بەرهەمهێنانى نەوت.
  • بەکارهێنان و نۆڕینى بەیانات و زانیارییەکان و تۆمارگە و ڕاپۆرتەکان.
  • پێوان و فرۆشتن یان سەرفکردنى نەوت.
  • تەندروستى و ساغ و سەلامەتیى پیشەیى.
  • خۆپاراستن و پاراستنى ژینگە.
  • بەڕێوەبردنى سامانەکان.
  • بیناکان و دامەزراوەکان و ئامێرەکان.
  • پرۆسەى پاککردنەوە و ئامرازەکانى چارەسەرکردنى دیکەى گونجاو بۆ لابردنى کاریگەرییەکان کە لە بڵاوبوونەوەى نەوتدا پەیدا دەبێت.
  • وازلێهێنان و کۆتاییپێهێنانى پڕۆسەکان.
  • پڕۆگرامەکانى کار و بوودجە.
  • وردبینیکردنى ژمێریارى و تۆمارەکانى کەسى ڕێپێدراو.
  • چۆنێتیى ئامادەکردنى ڕاپۆرت لەلایەن کەسى ڕێپێدراو دەربارەى ڕاددەى پابەندبوونى بە یاسا و مۆڵەتەکان، تایبەت بە دامەزراندنى هاووڵاتیانى هەرێم و کڕینى کاڵا و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان لە هەرێم و، تەندروستى و سەلامەتیى پیشەیى و خۆپاراستن و پاراستنى ژینگە.

لە ماوەى پازدە ساڵى ڕابردوو لە ڕێکەوتى دەرکردنى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى سامانە سروشتییەکان تەنیا دوو ڕێنماییى دەرکردووە: یەکەمیان، ڕێنماییى هەڵسەنگاندنى کاریگەریى ژینگەییى پڕۆسەکانى دەرهێنانى نەوت ژمارە (1)ى ساڵى (2015) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (184) لە ڕێکەوتى (2ى نیسانی 2015) بڵاو کراوەتەوە. دووەمیان، ڕێنماییى تایبەت بە مۆڵەتدان و کارکردنى پاڵاوتگەى نەوت ژمارە (1)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (260) لە ڕێکەوتى (24ى کانوونى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە. 

  1. ڕێنمایى ڕێگریکردن لە بە قاچاخ بردنى نەوت و گاز و لێ دەرهێنراوەکانیان

بەپێى ماددە (11) لە یاساى ڕێگریکردن لە بە قاچاخ بردنى نەوت و گاز و لێ دەرهێنراوەکانیان ژمارە (3)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (255) لە ڕێکەوتى (9ی ئەیلوول 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى ناوخۆ و وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى هاوردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنى بەرهەمە نەوتییەکان

بەپێى ماددە (10) لە یاساى هاوردەکردن و عەمبارکردن و فرۆشتنى بەرهەمە نەوتییەکان ژمارە (3)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (267) لە ڕێکەوتى (24ی حوزەیرانی 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

سێیەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى تەندروستى دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى تەندروستی دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى تەندروستى بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى پشکنینى بۆماوەییى خوێن (تالاسیمیا) پێش هاوسەرگیرى

بەپێى ماددە (4) لە یاساى پشکنینى بۆماوەییى خوێن (کەمخوێنیى دەریاى ناوەڕاست - تالاسیمیا) پێش هاوسەرگیرى ژمارە (30)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (77) لە ڕێکەوتى (25ی کانوونی یەکەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى بەرەنگاربوونەوەى جگەرەکێشان

بەپێى ماددە (11) لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى جگەرەکێشان ژمارە (31)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (78) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونی دووەمی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە بەم شێوەى کە یاسا داواى کردووە، دەرنەکراوە، چونکە لە دواى تێپەڕبوونى شەش ساڵ بەسەر ڕێکەوتى بەرکاربوونى یاساى بەرەنگاربوونەوەى جگەرەکێشان لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى تەندروستى ڕێنمایییه‌كی ده‌ركردووه‌ تایبەت بە هاوردەکردنى جگەرە و تووتن و بەرهەمەکانیان ژمارە (3)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (161) لە ڕێکەوتى (30 نیسانی 2013) بڵاو کراوەتەوە.

بێ گومان ڕێکخستنى هاوردەکردنى جگەرە و تووتن و بەرهەمەکانیان بەشێکە لە بەرەنگاربوونەوەى جگەرەکێشان، بەڵام یاساى ئاماژەپێکراو زۆر حوکمى تێدایە کە پێویستى بە ڕێنمایییەکى گشتگیر هەیە بۆ ئەوەى بەئاسانى جێبەجێ بکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین کە ڕێنماییى داواکراو تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى سندووقى کۆمەک بۆ تووشبووانى شێرپەنجە

بەپێى ماددە (8) لە یاساى سندووقى کۆمەک بۆ تووشبووانى شێرپەنجە ژمارە (11)ى ساڵى (2012) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (151) لە ڕێکەوتى (22ی تشرینى دووەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنمایییە تایبەتەکانى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان

بەپێى بڕگە (5) لە ماددە (15) و هەردوو ماددەى (18) و (19) و، هەروەها بڕگە (3) لە ماددە (45) لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەر و کارتێـكه‌رە عەقڵییەکان ژمارە (1)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (257) لە ڕێکەوتى (18ی تشرینى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵێک بابەت کە لەم یاسایەدا دیاری کراون؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییانە دەرنەکراون و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە. ئەم بابەتانەیش بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • دیاریکردنى مەرجەکانى ئەو شوێنانەى کە بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵی و پێشینە کیمیایییەکان مۆڵەتیان پێ دەدرێت.
  • دەستنیشانکردنى ئەو زانیاری و مەرجانەى کە دەبێت لە ڕەچێتەى پزیشکى هەبن بۆ داواکردنى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان.
  • چۆنێتیى ئاڵوگۆڕکردنى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان.
  • ڕێنماییى بەڕێوەبردنى سندووقـێک بۆ سپاردنى ئەو سزا دارایییانە و ئەو مایانەى کە لە ئەنجامى جێبەجێکردنى یاساى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەر و کارتێـکه‌رە عەقڵییەکان پەیدا دەبێت. پێویستە ئەم ڕێنمایییە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى دەربکرێت.  

لەنێو هەموو ئەم بابەتانەدا و لە ماوەى ڕابردوودا، وەزارەتى تەندروستى تەنیا یەک بەیانى دەرکردووە ئەویش بەیانى ژمارە (6)ى ساڵى (2021)ه، کە تایبەتە بە زیادکردنى دەرمانى تڕامادۆڵ بۆ لیستى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (263) لە ڕێکەوتى (18ى ئاداری 2021) بڵاو کراوەتەوە. 

چوارەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە دەرى نەکردوون:

ئەمەى خوارەوە دوو نموونەن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى ڕێزلێنانى پێشمەرگە

بەپێى ماددە (7) لە یاساى ڕێزلێنانى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان – عێراق) ژمارە (33)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (78) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونی دووەمی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى ڕێکخستنى پلەى ئیمام

بەپێى ماددە (22) لە یاساى ڕاژە و خانەنشینى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان – عێراق) ژمارە (38)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (80) لە ڕێکەوتى (12ی شوباتی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى پلەى ئیمام و ئەرکەکانى و بەرگ و نیشانەکانى و مووچە و سەرمووچەى ساڵانەى و بەرزکردنەوەى؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

پێنجەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە دەرى نەکردوون:

ئەگەرچى لە ڕابردوویەکى نزیکدا دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە هەڵمەتێکى باشى ئەنجام داوە بۆ دەرکردنى ئەو ڕێنمایییانەى کە بەپێى یاسا پێویستە دەربکرێن([3])، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە ژمارە (8)ى ساڵى (2008) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (90) لە ڕێکەوتى (11ی ئابی 2008) بڵاو کراوەتەوە، بە پابەندکردنى سەرۆکى دەستە بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى پێوەرەکانى ئاستى پیسبوونى ڕێگەپێدراو له‌و ئاوانه‌ی کە بۆ خـواردنه‌وه‌ و ئـاودان و پیشه‌سازی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌كار دێن

ئەم ڕێنمایییە پێویستە پاڵپشت به‌ ماددە (24) لە یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە دەربکرێت؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە.

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى مه‌رجه‌كانی ژینگه‌ییی گونجاو بۆ چالاكییه‌كانی گه‌ڕان و كانزاكانی به‌رد و به‌ردشكێنه‌ر و غه‌ساله‌ و مه‌نجه‌م و ده‌رهێنانی سامانی نه‌وتی

 ئەم ڕێنمایییە پێویستە پاڵپشت به‌ ماددە (30) لە یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە  دەربکرێت؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە.

  1. ڕێنماییى خۆپاراستن لە ماددە تیشکاوەرەکان و ماددە مەترسیدارەکان (شل یان ڕەق یان گازى بێت)

ئەم ڕێنمایییە پێویستە پاڵپشت به‌ ماددە (34) لە یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگە دەربکرێت؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە.

شەشەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى دارایى و ئابوورى دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى دارایى و ئابوورى بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى پێشینەى هاوسەرگیرى

بەپێى ماددە (8) لە یاساى پێشینەى هاوسەرگیرى ژمارە (17)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (122) لە ڕێکەوتى (21ی شوباتی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە وەک ئەوەى یاسا داوای کردووە، دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە، چونکە چەندان ڕێنماییى لابەلا دەرکراون بەڵام بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە نەبووە بەڵکوو بۆ لێخۆشبوون یان گەڕاندنەوە یان بابەتى ترى لاوەکى بوونە، وەک ڕێنماییى ژمارە (5) و ژمارە (8) کە هەردووکیان لە ساڵى (2019) دەرکراون لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (235) لە ڕێکەوتى (18ی نیسانی 2019) بڵاو کراوەتەوە، هەروەها ڕێنماییى ژمارە (2)ى ساڵى (2016) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (194) لە ڕێکەوتى (31ی کانوونى دووەم 2016) بڵاو کراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى پێدانى بوودجەى حزبەکان

بەپێى ماددە (5) لە یاساى پێدانى بوودجەى حزبەکان ژمارە (5)ى ساڵى (2014) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (178) لە ڕێکەوتى (4ی ئەیلوولی 2014) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى ڕاکێشانى مایە لە ڕێگەى قەرزکردن

بەپێى ماددە (12) لە یاساى ڕاکێشانى مایە لە ڕێگەى قەرزکردن ژمارە (7)ى ساڵى (2015) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (189) لە ڕێکەوتى (25ی حوزەیرانی 2015) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى پاداشتکردنى ئەو کەسانەى کە دەست بەسەر ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان دادەگرن

بەپێى بڕگە (3) لە ماددە (42) لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەر و کارتێـکه‌رە عەقڵییەکان ژمارە (1)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (257) لە ڕێکەوتى (18ی تشرینى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى پێدانى پاداشت بەو کەسانەى کە دەست بەسەر ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکه‌رە عەقڵییەکان دادەگرن؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى لەئەستۆکردن

بەپێى ماددە (15) لە یاساى لەئەستــۆکردن ژمارە (5)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (259) لە ڕێکەوتى (19ی تشرینى دووەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵى دەوڵەت

بەپێى ماددە (41) لە یاساى فرۆشتن و بەکرێدانى موڵک و ماڵى دەوڵەت  ژمارە (1)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (263) لە ڕێکەوتى (18ی ئاداری 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى دارایى و ئابوورى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

حەفتەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنمایییەکانى تایبەت بە ڕێگه‌ گشتییەکان

بەپێى برگە (6) لە ماددە (18) و، هەروەها ماددە (23) لە یاساى ڕێگه‌ گشتییەکان ژمارە (3)ى ساڵى (2012) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (146) لە ڕێکەوتى (14ی حوزەیران 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵێک بابەت کە لەم یاسایەدا دیاری کراون؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییانە دەرنەکراون و ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە. ئەم بابەتانەیش بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • ڕێکخستنى دەستخۆشانە و هاندانى کارمەندانى وێستگەکانى کێشان [قەپان]. پێویستە ئەم ڕێنمایییە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى ناوخۆ دەربکرێت.
  • دیاریکردنى تیژترین خێرایی و كه‌مترینیان له‌سه‌ر ڕێگه‌ گشتیه‌كان به‌پێی جۆری هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك. پێویستە ئەم ڕێنمایییە بە هەماهەنگیى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتوچۆ دەربکرێت.
  • دیاریکردنى ڕێساكانی به‌كارهێنانی ڕێگه‌ خێراكان. پێویستە ئەم ڕێنمایییە بە هەماهەنگیى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هاتوچۆ دەربکرێت. دەنگۆ هەیە ئەم ڕێنمایییە لەم نزیکانە دەربکرێت.
  1. ڕێنماییی سندووقى نیشتەجێکردن بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان

بەپێى ماددە (7) لە پەیڕەوى سندووقى نیشتەجێکردن بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان ژمارە (1)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (157) لە ڕێکەوتى (21ی شوباتی 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى ئەم پەیڕەوە؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

هەشتەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنمایییەکانى تایبەت بە یاساى دارستان

بەپێى ماددەکانى (7) و (13) و (17) و (20) لە یاساى دارستان ژمارە (10)ى ساڵى (2012) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (151) لە ڕێکەوتى (22ی تشرینى دووەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵێک بابەت کە لەم یاسایەدا دیاری کراون، ئەوانیش بریتین لە:

  • خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە.
  • بەرهەمهێنانى نەمامى دارستان.
  • سوودوەرگرتنى ئەوانەى لەناو دارستانەکان یان لە دەوروبەرى نیشتەجێن لە بەروبوومى دارستان.
  • چۆنێتیى وەبەرهێنان لە بەرهەمى دارستانەکان.

بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییانە، وەک ئەوەى یاسا داوای کردووە، دەرنەکراون و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە، چونکە وەزارەت چەندان ڕێنماییى دەرکردووە بەڵام گشتگیر نەبوون و هەموو ئەو بابەتانەى سەرەوەیان ڕێک نەخستووە، وەک: ڕێنماییى ژمارە (6)ى ساڵى (2014) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (182) لە ڕێکەوتى (19ى کانوونى دووەمی 2015) بڵاو کراوەتەوە و، هەردوو ڕێنماییى ژمارە (8)([4]) و (9)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (71-1) لە ڕێکەوتى (7ى تشرینى دووەمی 2013) بڵاو کراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى هەڵکەندنى چێندراوە قەدەغەکراوەکان و عەمبارکردن و لەناوبردنیان

بەپێى بڕگە (سێیەم – 2) لە ماددە (41) لە یاساى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەر و کارتێـکه‌رە عەقڵییەکان ژمارە (1)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (257) لە ڕێکەوتى (18ی تشرینى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێنمایى دەربکات بۆ چۆنێتیى هەڵکەندنى چێندراوە قەدەغەکراوەکان و عەمبارکردن و لەناوبردنیان؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى بەرهەمهێنان و هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ و، تۆمارکردن و، پەسندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان

بەپێى بڕگە (2) لە ماددە (14) و، هەروەها ماددە (15) لە یاساى بەرهەمهێنان و هاوردەکردنى بنەتۆ و شەتڵ و، تۆمارکردن و، پەسندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان ژمارە (16)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (277) لە ڕێکەوتى (20ی کانوونى دووەمی 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى بەڕێوەبردن و پاراستنى ئاو

بەپێى ماددە (21) لە یاساى بەڕێوەبردن و پاراستنى ئاو ژمارە (4)ى ساڵى (2022) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (284) لە ڕێکەوتى (7ی تەممووزی 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

نۆیەم - ئەو ڕێنمایییەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى پەروەردە دەرى نەکردووە:

ئەمەى خوارەوە نموونەیەکە لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى پەروەردە دەری نەکردووە:

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى بوودجەى ساڵانەى قوتابخانەکانى بەهرەداران

بەپێى ماددە (13) لە پەیڕەوى قوتابخانەکانى بەهرەداران ژمارە (3)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (161) لە ڕێکەوتى (30ی نیسان 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى پەروەردە بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى درایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ دیاریکردنى بوودجەى تایبەتى ساڵانەى قوتابخانەکانى بەهرەداران؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

دەیەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەو یان بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى

بەپێى بڕگە (4) لە ماددە (5) لە یاساى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (3)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (162) لە ڕێکەوتى (9ی ئایاری 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنمایـیى ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسـوومات و ســزا دارایییەکانى تایبەت بە بوارى بازرگانى و پیشەسازى

بەپێى بڕگە (7) لە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (87)ى ساڵى (2016) تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسوومات و سزا دارایییەکانى تایبەت بە بوارى بازرگانى و پیشەسازى لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمـارە (203) لە ڕێکەوتى (10ی تشرینی یەکەمی 2016) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى پاراستنى بەرهەمە خۆماڵییەکان

بەپێى ماددە (24) لە یاساى پاراستنى بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هەرێمى کوردستان ژمارە (2)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (266) لە ڕێکەوتى (27ی ئایاری 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى و وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى وەبەرهێنانى پیشەسازیى هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاو

بەپێى ماددە (11) لە یاساى ژمارە (10)ى ساڵى (2021) تایبەت بە بەرکارکردن و هەموارى پیادەکردنى یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازیى هەردوو کەرتى تایبەت و تێکەڵاوى فیدڕاڵى ژمارە (20)ى ساڵى (1998) لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (271) لە ڕێکەوتى (9ی ئەیلوولی 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى ڕسووماتى تۆمارکردنى ناوە بازرگانییەکان و تۆمارکردن لە تۆمارنامەى بازرگانى

بەپێى ماددە (5) لە یاساى ژمارە (15)ى ساڵى (2021) تایبەت بە هەموارى پیادەکردنى یاساى بازرگانیى فیدڕاڵى ژمارە (30)ى ساڵى (1984) لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (277) لە ڕێکەوتى (1ی کانوونی دووەمی 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ دیاریکردنى ڕسووماتى تۆمارکردنى ناوە بازرگانییەکان و، هەروەها تۆمارکردن لە تۆمارنامەى بازرگانى؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

یازدەم - ئەو ڕێنمایییەى کە تاوەکوو ئێستا ئەنجومەنى وەزیران بە هەماهەنگیى دەستەى سەربەخۆى مافەکانى مرۆڤ دەرى نەکردووە: 

بەپێى ماددە (21) لە یاساى مافى دەستکەوتنى زانیارى ژمارە (11)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (167) لە ڕێکەوتى (18ی تەمووزی 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران بە هەماهەنگى لەگەڵ دەستەى سەربەخۆى مافەکانى مرۆڤ ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو.

ئەگەرچى ئەنجومەنى وەزیران ڕێنمایى دەرناکات، بەڵکوو پەیڕەو دەردەکات- کە ئەمەیش هەڵەیەکى زەقى نێو ئەم یاسایەیە-، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەنجومەنى وەزیران بەپێى بڕیارى ژمارە (92) لە ساڵى (2016) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (205) لە ڕێکەوتى (14ى تشرینى دووەمی 2016) بڵاو کراوەتەوە، بڕیاری دا بە پەسندکردنى ڕەشنووسى ڕێنماییى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى مافى دەستکەوتنى زانیارى بە ڕەچاوکردنى تێبینییەکانى ئەنجومەنى شووراى هەرێمى کوردستان. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە ئەوەیە، تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

دوازدەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرى نەکردوون:

ئەمەى خوارەوە دوو نموونەن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەو و بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى ڕاژەى زانکۆیى

بەپێى ماددە (6) لە یاساى ژمارە (12)ى ساڵى (2013) تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساى ڕاژەى زانکۆییى فیدڕاڵى ژمارە (23)ى ساڵى (2008)ى هەموارکراو لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (167) لە ڕێکەوتى (18ی تەممووزی 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە بوارەکانى خوێندنى باڵا

بەپێى بڕگە (13) لە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (86)ى ساڵى (2016) تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە بوارەکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمـارە (202) لە ڕێکەوتى (28ی ئاب 2016) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

سێزدەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن دەرى نەکردوون:

ئەمەى خوارەوە دوو نموونەن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەو و بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە خزمەتگوزاریى فڕۆکەخانە شارستانییەکان

بەپێى بڕگە (3) لە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (84)ى ساڵى (2016) تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە خزمەتگوزاریى فڕۆکەخانە شارستانییەکان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (199) لە ڕێکەوتى (23ی حوزەیرانی 2016) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى و لەسەر پێشنیارى فڕۆکەخانە شارستانییەکان، ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە خزمەتگوزاریى گەیاندن

بەپێى بڕگە (2) لە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (85)ى ساڵى (2016) تایبەت بە ڕێکخستنەوەى کرێ و ڕسووماتى تایبەت بە خزمەتگوزاریى گەیاندن کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمـارە (202) لە ڕێکەوتى (28ی ئابی 2016) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى گواستنەوە و گەیاندن بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

چواردەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار دەرى نەکردوون:

ئەمەى خوارەوە دوو نموونەن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان یان پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران بە پابەندکردنى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى ماف و جیاوکەکانى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانییەکان

بەپێى ماددە (16) لە پەیڕەوى پێکهێنانى ئەنجومەنەکانى شارەوانى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2017) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (218) لە ڕێکەوتى (14ی کانوونی یەکەمی 2017) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى دارایى و ئابوورى ڕێنمایى دەربکات بۆ دیاریکردنى ماف و جیاوکەکانى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانییەکان؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى بەڕێوەبردن و پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور

بەپێى ماددە (30) و، هەروەها بڕگە (14) لە ماددە (1) لە یاساى بەڕێوەبردن و پاراستنى شوێنەوار و کەلەپوور ژمارە (5)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (268) لە ڕێکەوتى (7ی تەممووزی 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

پازدەم - ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ناوخۆ دەرى نەکردوون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى ناوخۆ دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى لەنێو یاساى پەرلەمان بە پابەندکردنى وەزیرى ناوخۆ بە دەرکردنى ئەم ڕێنمایییانە:

  1. ڕێنماییى دیاریکردنى ڕێژەى ماددە کحولییەکان لە لەشى شوفێر

بەپێى ماددە (4) لە یاساى ژمارە (2)ى ساڵى (2018) تایبەت بە هەموارى یەکەمى جێبەجێکردنى یاساى هاتوچۆى فیدڕاڵى ژمارە (86)ى ساڵى (2004) لە هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (221) لە ڕێکەوتى (22ی شوباتی 2018) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ناوخۆ بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ دیاریکردنى ڕێژەى ماددە کحولییەکان لە لەشى شوفێر؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنماییى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان

بەپێى ماددە (19) لە یاساى کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە (18)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (278) لە ڕێکەوتى (25ی کانوونى دووەمی 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ناوخۆ ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

  1. ڕێنمایییەکانى یاساى چەک

بەپێى (بڕگە 3 لە ماددە 4) و (بڕگە 4 لە ماددە 5) و (بڕگە 3 لە ماددە 18) و (ماددە 19) و (بڕگە 2 لە ماددە 20) لە یاساى چەک ژمارە (2)ى ساڵى (2022) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (282) لە ڕێکەوتى (28ی نیسان 2022) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى ناوخۆ ڕێنمایى دەربکات بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵێک بابەت کە لەم یاسایەدا دیاری کراون، كه‌ بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • ڕێکخستنى جۆرەکانى مۆڵەتى چەک و ڕێکارەکانى پێدانى مۆڵەت. ئەم ڕێنمایییە بە نووسراوى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (15541) لە ڕێکەوتى (21ى تەممووزی 2022) دەرچووە بە ناوى ڕێنماییى مۆڵەتى دەستدارى و هەڵگرتن و نوێکردنەوەى چەکى ئاگرین و تفاقى ژمارە (5)ى ساڵى (2022)؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
  • ڕێکخستنى جۆر و بڕى تفاقى ڕێگەپێدراو. ئەم ڕێنمایییە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
  • ڕێنماییى ڕێکخستنى پڕۆسەى لێسەندنەوەى چەکە جەنگییەکان و تۆمارکردنى چەکە ئاگرینەکان. ئەم ڕێنمایییە دەبوایە لە ماوەى 30 ڕۆژ لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى یاساى چەک دەربکرێت، بەڵام ئەم ڕێنمایییە لە دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە دوو مانگ و نیو لە ڕێکەوتى بەرکاربوونى یاساى چەک، دەرکرا بە نووسراوى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (15542) لە ڕێکەوتى (21ى تەممووزی 2022) بە ناوى ڕێنماییى نەهێشتنى دیاردەى چەکدارى ژمارە (5)ى ساڵى (2022)؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
  • ڕێکخستنى دەستدارى (حیازة) و هەڵگرتنى چەکى بریندارکار و چەکى ڕووشێنەر و، گواستنەوەیان و دروستکردنیان و چاککردنەوەیان و هاوردەکردنیان یان بازرگانیپێوەکردنیان. ئەم ڕێنمایییە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
  • دیاریکردنى ڕێکارەکانى پێدانى مۆڵەتى دەستدارى (حیازة)ی چەکى هێمایى (السلاح الرمزی). ئەم ڕێنمایییە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

شازدەم - ئەو ڕێنمایییەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەرى نەکردوون:

ئەمەى خوارەوە نموونەیەکە لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەری نەکردووە:

  1. ڕێنماییى ئیمتیازاتى زیندانیکراو و ڕاگیراوى سیاسیى کوردستانى

بەپێى ماددە (4) لە پەیڕەوى ئیمتیازاتى زیندانیکراو و ڕاگیراوى سیاسیى کوردستانى ژمارە (8)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (260) لە ڕێکەوتى (24ی کانوونى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى پەیڕەوى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

حەڤدەم - ئەو ڕێنمایییەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەرى نەکردووە:

ئەمەى خوارەوە نموونەیەکە لەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى دەری نەکردووە:

  1. ڕێنماییى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیى تایبەت و کورتەباڵایان

 بەپێى ماددە (12) لە یاساى ژمارە (8)ى ساڵى (2021) تایبەت بە هەموارى یەکەمى یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندامان و خاوەن پێداویستیى تایبەت ژمارە (22)ى ساڵى (2011) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (276) لە ڕێکەوتى (23ی کانوونى یەکەمی 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزیرى تەندروستى ڕێنمایى دەربکات بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

هەروەها بەپێى ماددە (8) لە هەمان یاسا، پێویستە ناوەندێکى پێشکەوتوو دابمەزرێت بۆ دەستنیشانکردنى کەمئەندامى کە پێکهاتەى ئەم ناوەندە و شێوازى کارکردنى بە ڕێنمایییەک ڕێک دەخرێت، کە پێویستە لەسەر وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و، هەروەها وەزیرى تەندروستى دەرى بکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم ڕێنمایییە دەرنەکراوە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.

ئەوەى لەم بارەیەوە دەرکراوە تەنیا ڕێنماییى وەزارەتى دارایى و ئابوورییە ژمارە (3)ى ساڵى (2022) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (279) لە ڕێکەوتى (10ى شوباتی 2022) بڵاو کراوەتەوە کە پاڵپشت بە بڕگە (یەکەم – 2) لە ماددە (3) لە یاساى چاکسازى لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى ژمارە (2)ى ساڵى (2020) دەرکراوە بۆ ڕێکخستنى دەرماڵە لە برى کەمئەندامى.

کـۆبــەنـد

ئەم داتا و ئامار و زانیارییانەى کە لەم وتارەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، هەوڵێکى ئەکادیمییانەیە بۆ بیرخستنەوەى وەزارەت و دەستە گشتییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە هەندێ ڕێنمایى هەیە، پێویستە بەپێى یاسا یان پەیڕەو یان بڕیار دەربکرێن؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون، ئەمیش بۆ ئەوەى کارى جددى بکەن لەسەر دەرکردنى هەموو ئەو ڕێنمایییانەى کە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون، بەتایبەت ئەو ڕێنمایییانەى کە بەپێى یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان پێویستە دەربکرێن؛ چونکە بێ گومان دەرنەکردنى ئەم ڕێنمایییانە کاریگەریى نێگەتیڤى دەبێت لەسەر پڕۆسەى جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ئەو یاسا و پەیڕەوانەى کە وەزارەت و دەستە گشتییەکان پابەند دەکەن بە دەرکردنى ڕێنمایى.

 

([1]) وەک: دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (4)ى ساڵى (2022) کە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە پشتبەستن بە یاساى سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکانى کشتوکاڵى لە کەرتى تایبەت ژمارە (20)ى ساڵى (2021) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (6)ى ساڵى (2021) کە وەزارەتى ناوخۆ بە پشتبەستن بە پەیڕەوى ڕێکخستنى پاسەوانى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (12)ى ساڵى (2021) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (6)ى ساڵى (2022) کە وەزارەتى دارایى و ئابوورى بە پشتبەستن بە یاساى ژمارە (9)ى ساڵى (2021) تایبەت بە بەرکارکردن و هەموارى پیادەکردنى یاساى ڕەسمى پوولى فیدڕاڵى ژمارە (71)ى ساڵى (2012) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (3)ى ساڵى (2021) کە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار بە پشتبەستن بە یاساى ژمارە (7)ى ساڵى (2021) دەرى کردووە کە تایبەتە بە هەموارى یەکەمى یاساى بەخاوەنکردنى ئەو زەوییانەى کە لە سنوورى شارەوانییەکان زێدەڕۆیییان لەسەر کراوە ژمارە (3)ى ساڵى (2019)؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (5)ى ساڵى (2021) کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە پشتبەستن بە پەیڕەوى پێدانى مۆڵەتى خوێندن ژمارە (11)ى ساڵى (2021) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (1)ى ساڵى (2020) کە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە پشتبەستن بە یاساى ژمارە (4)ى ساڵى (2012) دەرى کردووە کە تایبەتە بە هەموارکردنى یاساى پیادەکردنى یاساى خانەنشینى و بیمەى کۆمەڵایەتیى کرێکارانى فیدڕاڵى ژمارە (39)ى ساڵى (1971) لە هەرێمى کوردستان؛ یان دەرکردنى هەردوو ڕێنماییى ژمارە (3) و (5)ى ساڵى (2021) کە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پشتبەستن بە پەیڕەوى ژمارە (9)ى ساڵى (2020) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (3)ى ساڵى (2022) کە وەزارەتى تەندروستى بە پشتبەستن بە یاساى تەندروستیى دەروونى ژمارە (8)ى ساڵى (2013) دەرى کردووە؛ یان دەرکردنى ڕێنماییى ژمارە (2)ى ساڵى (2021) کە وەزارەتى کارەبا بە پشتبەستن بە یاساى وەزارەتى کارەبا ژمارە (6)ى ساڵى (2021) دەرى کردووە.

([2]) ئەم پەیڕەوە پاڵپشت بە یاساى ئاڵاى کوردستان ژمارە (14)ى ساڵى (1999) دەرکراوە.

([3]) وەک ڕێنمایییەکانى ژمارە (1) و (2) و (3) و (4) و (5)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (275) لە ڕێکەوتى (9ى کانوونى یەکەمی 2021) بڵاو کراوەتەوە. هەروەها ڕێنماییى ژمارە (1)ى ساڵى (2022) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (280) لە ڕێکەوتى (16ى ئاداری 2022) بڵاو کراوەتەوە.

([4]) ئەم ڕێنمایییە بە ڕێنماییى ژمارە (4)ى ساڵى (2021) هەموار کراوەتەوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (266) لە ڕێکەوتى (27ى ئایاری 2021) بڵاو کراوەتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples