(یاساكـانی پەرلەمانی كوردستان وەك نموونە)
ئالان بههائهددین عهبدوڵڵا، دكتۆرا له یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/ زانكۆی سهڵاحهددین
پـێـشـەكی
لە ئێستادا كـۆمپانیا و ڕێكخراو و دەزگهكان لەسەر ئاستی هەموو جیهان، پشت بە پڕهنسیپەكانی بەڕێوەبردن دەبەستن بۆ ئەوەی پارێـزگاری لە سیستەمی كارگێڕییان بكەن. سێ لە گرنگترین پایە سەرەكییەكانی پڕەنسیپەكانی بەڕێوەبردن لە جیهاندا بریتین لە: "پلاندانان"، "بەدواداچوون" و "هەڵسەنگاندن". مەحاڵە باس لە بەڕێوەبردنێكی سەركەتوو لەنێو فەرمانگەیەكی كارگێڕی بكرێت بەبێ پەیڕەوكردنی پڕەنسیپەكانی بەڕێوەبردن، بەتایبەت ئەم سێ پڕهنسیپە، چونكە "پلاندانان" نەخشەڕێگەی كاركردنە كە هەمووان بۆی دەگەڕێنەوە و، ئامانجەكان تیایدا بەڕوونی دیاری كراون. "بەدواداچوون"یش فاكتەرێكی كاریگەرە بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی نێو هەر پلانێكی داڕێژراو، پێش ئەوەی بگەن بە كۆتاییی پلانەكە و شكست بهێنن. "هەڵسەنگاندن"یش بۆ ئەوە باشە تاوەكوو لە كۆتاییی ماوەی جێبەجێكردنی پلانی داڕێژراو، بزاندرێت چەندی لێ جێبەجێ كراوە و چەندی لێ جێبەجێ نەكراوە و هۆكارەكانی جێبەجێنەكردن چی بوون و، كەمتەرخەم كێ بووە، هەروەها ڕێكارەكانی ڕاستكرنەوەی هەڵەكان چۆن بێت باشترە؟ چەندان پرسیاری تریش...
دەركردنی یاساكـان لە پەرلەمان بە زنجیرە پڕۆسەیەكی كارگێڕی و یاسادانان (تەشریعی)ی یەك بە دوای یەك تێپەڕ دەبێت؛ كە بە پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدارەوە دەست پێ دەكات و، دواتر بۆ ئەنجومەنی شوورا ڕەوانە دەكرێت و، ئینجا گفتوگۆ و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و، لە دوای ئەمەیش ناردنی پڕۆژەیاساكە بۆ پەرلەمانی كوردستان و، لەوێیشەوە گفتوگۆ و تێبینییەكانی لێژنەی تایبەتمەند دەست پێ دەكات و، چەندان خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاساكە دەكرێت و، ئینجا دەخرێتە دەنگدان و بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم ڕەوانە دەكرێت بۆ پەسندكردنی و، لە كۆتاییشدا یاساكە لە "ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان" بڵاو دەكرێتەوە بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ جێبەجێكردن.
لە دوای تەواوبوونی هەر پڕۆسەیەكی یاسادانان، یاسایەك لەدایك دەبێت. لەدایكبوونی یاسا وەك لەدایكبوونی مرۆڤە؛ پێویستی بە گرنگیدان و ژینگەیەکى ئارام و دابینكردنی پێداویستییەكانە بۆ ئەوەی لە ژیاندا سەركەوتوو بێت. یاساكانیش بە هەمان شێوە، لەگەڵ دەركردنیان پێویستیان بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویستە بۆ ئەوەی پڕۆسەی جێبەجێكردنیان سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە یاساكەدا هاتبوو ڕێنوێنی یان پێڕەو دەربكرێت بۆ ئاسانكردنی جێبەجێكردنی یاساكە، ئەوا پێویستە بە زووترین كات ڕێنوێنی یان پێڕەو دەربكرێت؛ یان ئەگەر لە یاساكە هاتبوو كە دەزگەیەكی كارگێڕی دروست دەبێت بۆ ئەوەی كار لەسەر جێبەجێكردن و چاودێریی یاساكە بكات، ئەوا پێویستە ئەو دەزگە كارگـێڕییە بە زووترین كات پێك بهێنرێت و هتد.
كەواتە؛ لەگـەڵ دەركردنی هەر یاسایەك پـڕۆسەی یاسادانان كۆتایی دێت، بەڵام پڕۆسەی تر دەست پێ دەكات كە ئامانجییەتی چۆن یاسای دەركراو بەسەركەوتوویی و بێكێشە جێبەجێ ببێت. بە بۆچوونی ئێمە، سەرخستنی پڕۆسەی جێبەجێكردنی یاساكان پشت بە پڕەنسیپەكانی بەڕێوەبردن دەبەستێت، بەتایبەت ئەو سێ پڕهنسیپەی كە ئاماژەمان بۆ كردوون، چونكە ئەگەر پێش ناردنی پڕۆژەیاساكان بۆ پەرلەمان پلانی تەشریعی هەبێت و، لە دوای دەركردنی یاساكانیش بۆ چۆنێتیی جێبەجێكردنیان بەدواداچوون هەبێت و، لە كۆتاییی هەموو ساڵێكیش هەڵسەنگاندن بۆ ڕێژەی جێبەجێكردنی یاساكە و ڕاددەی كاریگەریی هەبێت، ئەوا بێ گومان ئەم یاسایە لە جێبەجێكردندا سەركەوتوو دەبێت، چونكە لە ڕێگەى پلاندانانەوە هەڵە یاسایییەکان کەمتر دەبن و، لە ڕێگەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنیشەوە ئاستەنگانی بەردەم جێبەجێكردنی یاساکان بەخێرایی هەڵدەگیرێن. پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەمەیە: چۆن دەتوانرێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەی جێبەجێكردنی یاساكان لە هەرێمی كوردستان سوود لەم سێ پڕەنسیپەی بەڕێوەبردن وەربگیرێت؟
یەكەم – پـلانـدانـانی یاسادانان (تەشریـعی)
بێ گومان یاساكان بۆ جوانی دەرناكرێن، بەڵكوو بۆ ڕێكخستنی بابەتێكی دیاریكراو، یاخود بۆ پێشحستن و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، یاخود بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی دەردەكرێن كە لە دواییدا بەڕوونی لەنێو یاساكە ئاماژە بە ئامانج و هۆكاری دەرچوواندنی یاساكە دەكرێت. هەر بۆیە، لە كاتی ناردنی هەر پڕۆژەیاسایەك لە حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان بپرسێت: بۆچی ئەم یاسایە دەربكرێـت؟ هۆكار و ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە چییە؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە گوتن و بە شێوەی زارەكی زۆر ئاسانە، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەكی زانستییانە وەڵام بدرێتەوە و پێویستبوونی كۆمەڵگە بۆ دەركردنی یاسایەك بسەلمێنرێت، ئەوا پێویستیمان بە ئەنجامدانی دەیان توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و ڕووپێویی مەیدانی و ڕاپرسی دەبێت، هاوتەریب لەگەڵ دەستكەوتنی زانیارییەكان و كۆكردنەوەیان لەسەر شێوەی ئامار، بۆ ئەوەی بەوردی بزانرێت چ گرفتێك لە كۆمەڵگە هەیە كە پڕۆژەیاسایەك بۆ چارەسەركردنی ئامادە كراوە و، ئایا ئەو چارەسەرە یاسادانهرانه (تەشریعییانە)ی كە لەنێو دەقەكانی ئەم پڕۆژەیاسایەدا هاتوون، گونجاون بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفـتە و بنبڕكردنی كێشەكان؟
ئەم توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و ڕووپێوە مەیدانی و ڕاپرسییانە، دەبێ وەڵامێكی نزیك لە ڕاستی لەخۆ بگرن بۆ هەموو پرسیارێكی پەیوەندیدار، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دەستنیشانكردنی گرفت و كێشەكانی كۆمەڵگە و، دانانی چارەسەری یاسادانهرانهی گونجاو و، ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی كە دێنە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە و، تێچووی داراییی جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە لە ماوەی ساڵێكدا و، ڕاددە و ئاستی گونجانی پڕۆژەیاساكە لەگەڵ بیركردنەوە و عەقڵی كۆمەڵگە و، هەبوونی میكانیزمی گونجاو و ڕوون بۆ جێبەجێكردن و، دیاریكردنی ئەو لایەن و كەسانەی كە بەرپرسیارێتیی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیاسایەیان دەكەوێتە ئەستۆ لە دوای دەركردنی یاساكە و هتد.
بەكورتی، نابێت بە شێوەیەكی هەڕەمەكی پڕۆژەیاسا لە حكوومەتەوە بۆ پەرلەمان ڕەوانە بكرێت بێ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستییانە سەلمێنرابێت كە كێشەیەك لە كۆمەڵگە هەیە و پێویستی بە دەركردنی یاسایەك هەیە و، ئەو چارەسەرە یاسادانهرانه (تهشریعییانه)ی كە لەنێو دەقەكانی پڕۆژەیاساكەدا هاتووە كێشەكە چارەسەر دەكەن و دەبنە فاكتەرێكی بەهێز و كاریگەر بۆ هێنانەدیی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی. ئەگەر هەنگاو بەم ئاراستەیە نەهاوێژین، ئەوا دە ساڵی تریش هەر خەریكی ژماردنی ئەو یاسایانە دەبین كە بۆ جوانی دەركراون، یان دەركراون بەڵام قابیلی جێبەجێكردن نین.
پێـشنـیـار:
بە بۆچوونی ئێمە بۆ پاراستنى شكۆى یاساكان و زياتر بەواقعيكردنى دەقە یاسایییەكان، پێويستە پەرلەمان، حكوومەت پابهند بكات بە ئەنجامدانی توێژینەوە و ڕووپێویی مەیدانی و ڕاپرسی و كۆكردنەوەی زانیاری و ئاماری تەواو بۆ هەر پڕۆژەیاسایەك پێش ئەوەی ڕەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بكات؛ چونكە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لەلایەن حكوومەتەوە پڕۆژەیاساكان لە واقع نزیكتر دەكاتەوە و، چارەسەرە یاسادانهرانهكان (تەشریعییەكان) ڕاستتر خۆیان نیشان دەدەن و دەقەكان بەسانایی جێبەجێ دەبن.
دووەم – بەدواداچـوونی یاسادانان (تهشریعی)
بەدواداچوون پڕەنسیپێكی بەڕێوەبردنە و دەكەوێتە نێوان هەردوو قۆناغی پلاندانان و هەڵسەنگاندن. بەكورتی بەدواداچوون واتا دڵنیابوونەوە لەوەی كە پلانی داڕێژڕاو لە كۆتاییدا وەك خۆی جێبەجێ دەبێت. كەواتە، بەدواداچوون پڕۆسەیەكی بەردەوام و پراكتیكییە و لەگەڵ واقع و جێبەجێكردندا ئەنجام دەدرێت.
پرسیار لێرەدا ئەمەیە: بۆچی بەدواداچوون بۆ یاساكانی پەرلەمان بكەین؟ پرسیارێكی سادەیە بەڵام یەكجار گرنگـە، ئەگەرچی بەداخەوە كار لەسەر وەڵامدانەوەی نەكراوە؛ بە بەڵگەی ئەوەی هەرێمی كوردستان پڕیەتی لە یاسای مردوو و، یاسای ئیفلیجبوو و، یاسای بەساڵاچوو، كە مەبەستمان لێیان ئەو یاسایانەن كە لە واقعدا جێبەجێ ناكرێن، یان وەك خۆیان جێبەجێ ناكرێن، یان كەس هەر لەبیری نەماوە كە ئەم یاسایانە ههن.
ئەگەر پڕۆسەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی پەرلەمان بە شێوەیەكی زانستییانە ئەنجام بدرێت، ئەوا كۆمەڵێك لێكەوتەی زۆر باشی لێ دەكەوێـتەوە كە سەرەنجام دەبێتە هۆی هێنانەدیی ئەو ئامانجانەی كە یاساكەی بۆ دەكراوە لە ڕێگەی بەدواداچوونی یاساكانەوە، کە ئەمانە گرنگترینى ئەو لێکەوتانەن:
دەستنیشانكردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە كاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەوەی یاسا دەركراوەكە بە باشترین شێوە و شێواز جێبەجێ ببێت و ئامانج لە دەركردنی بێـتە دی.
پێـشنـیـار:
بە بۆچوونی ئێمە، پەرلەمان وەك دەزگەیەكی یاسادانان (تهشریعی) و، هەروەها حكوومەت وەك دەزگەیەكی جێبەجێكردن (تهنفیزی) هەردووكیان لەسەریان پێویستە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی یاساكان بكەن؛ چونكە پەرلەمان پێویستە بزانێت ئەو یاسایەی كە خۆی دەری كردووە، لە واقعدا چۆن جێبەجێ دەكرێت و، حكوومەتیش وەك دەزگەیەكی فەرمی، بەرپرسیارە لە بەردەم پەرلەمان لە جێبەجێكردن و سەروەربوونی یاساكان. بۆیە دەكرێت ئەم ئەركە بە فەرمانگەی بەدواداچوونی حكوومەت و سەنتەری لێكۆڵینەوەی پەرلەمانی كوردستان بسپێردرێت بۆ ئەوەی بە لایەنی كەم هەر سێ مانگ جارێك ڕاپۆرتی پەیوەست بەم بابەتە بۆ سەرووی خۆیان بەرز بكەنەوە كە دەستنیشانكردنی كێشەكان و پێشكەشكردنی پێشنیار بۆ چارەسەركردنیان لەخۆ بگرێت.
سێیەم – هەڵسەنگانـدنی یاسادانان
هەڵسەنگاندن بە شێـوەیەكی گشتـی ڕێگەیەكە بۆ وردبوونەوە لە كارە ئەنجامدراوەكان و دڵنیابوونەوە لە پێكانی ئامانجەكان. پڕۆسەی هەڵسەنگاندن هەلێكی زێڕین دەدات بە كۆمپانیا و ڕێكخراو و دەزگهكان بۆ ڕاستكردنەوەی هەر بڕیارێكی ناڕاست كە دەریان كردووە، یان هەر ڕێكارێكی نادروست كە گرتوویانەتە بەر و، هۆكار بوونە لە نەپێكانی ئامانجەكـانى نێو پلانى داڕێژڕاو.
ئەمڕۆ كاتییەتی پەرلەمان هەڵسەنگاندن بۆ یاسا دەرچووەكانی خۆی بكات بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بزانێت ئایا یاسا دەرچووەكان ئەو ئامانجانەیان پێكاوە كە لە سەرەتای هەموو یاسایەك ئاماژەی بۆ كراوە یاخود نا؟ چونكە بەداخەوە تاوەكوو ئێستا نەمانبیستووە ئەم هەڵسەنگاندنە بە شێوەیەکى بەردەوام و زانستییانە ئەنجام درا بێت.
ئەنجامدانی ئەم هەڵسەنگاندنە لە ڕووی پراكتیكییەوە گرنگیی زۆرە، چونكە لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی یاسادانانهوه ئاگاداری خاڵە لاواز و بەهێزەكانی یاسا دەركراوەكە دەبین و لە نزیكەوە دەزاندرێت ئایا ئامانجەكانی پێكاوە یاخود نا؟ بۆچی؟ هۆكاری نەپێكانی ئامانجەكان چی بوون؟ ئایا هۆكارەكان دەرەكی بوون وەك دەستێوەردانی كەسی یان حزبی یان عەشیرەتی، یاخود هۆكارەكان نێوخۆیی بوون وەك ناڕوونی یان نادادپەروەریی دەقەكانی یاسا، یان نەگونجانی یاساكە لەگەڵ بیركردنەوە و عەقڵی كۆمەڵگە؟ هەروەها هەر لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنەوە دەزاندرێت كێ بەرپرس بووە لە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە؟ ئایا ئەو كەسە ئەركەكانی وەك پێویست جێبەجێ كردووە؟ ئایا دادگهكان و وەزارەتەكان چۆن یاساكە جێبەجێ دەكەن؟ لە ساڵێكدا لەژێر ڕۆشناییی ئەم یاسایەدا چەند داوای یاسایی لە بەردەمی دادگە بەرز كراوەتەوە؟ چەند كەس ئاگاداری دەرچوونی ئەم یاسایەن؟ ڕێژەی ڕەزامەندیی كۆمەڵگە لەم یاسایە چەند بووە؟ چەند كەس بەپێی ئەم یاسایە سزا دراون؟ لە زانكۆكان چەند توێژینەوە و نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر كەموكورتییەكانی ئەم یاسایە نووسراوە؟ پێشنیازەكان چی بوون؟ و هتد. ئەم پرسیارانە و دەیان و سەدان پرسیاری تر، دەكرێت كاریان لەسەر بكرێت لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی یاسادانانهوه، بۆ ئەوەی بزاندرێت یاسا دەرچووەكە ئامانجەكانی پێكاوە یاخود نا؟ بۆ ئەوەی لە داهاتوو باشترین چارەسەر بۆ گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم نەپێكانی ئامانجەكان بدۆزرێتەوە و دابنرێت و جێبەجێ بكرێت.
پێـشنـیـار:
بە بۆچوونی ئێمە، هەڵسەنگاندنی یاسادانان پڕۆسەیەكی بەردەوامە و هەرگیز كۆتایی نایەت و، پێویستە پەرلەمان شان بداتە بهر ئەم ئەركە و لە ڕێگەی سەنتەری لێكۆڵینـەوە بە هەماهەنگیی زانكۆكان و دەزگە فەرمییەكانی تر ساڵانە زانیاری و ئاماری پێویست كۆ بكرێتەوە و توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بە لایەنی كەم ساڵانە یان دوو ساڵ جارێك هەڵسەنگاندن بۆ یاساكان بكرێت و بزاندرێت لە پڕۆسەی جێبەجێكردندا لە چ خاڵێكدایە و ئامانجەكانی یاساكە هاتوونەتە دی یاخود نا؟ بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم كارە نەكەین، ئەوە پەرلەمان ناتوانێت جیاوازی بكات لە نێوان یاسایەكی سەركەوتوو و یاسایەكی ناسەركەوتوو كە هەردووكیانی لە دوو كاتی جیاوازدا دەركردووە.
چەند نموونەیەكی یاسادانان بۆ پلاندانان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن
پەرلەمانی كوردستان لە نێوان ساڵانی (1992 - 2021) نزیكەی (396) یاسا و هەمواری یاسای دەركردووە. لەنێو ئەو هەموو یاسایانە چەندان یاسا هەیە پێویستی بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی یاسادانان هەیە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری كواڵێتیی یاساكە و ئاستی جێبەجێكردنی ببن و بزانین كۆمەڵگە چەند سوودی لەم یاسایە بینیوە. لەم بارەیەوە چەند یاسایەكی پەرلەمانی كوردستانمان دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی ببێتە ناوەڕۆكی لێكۆڵینەوە، تاوەكوو لەم ڕێگەیەوە بیسەلمێنین كەوا یاساكانی پەرلەمانی كوردستان پێویستیان بە پلاندانان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەیـە:
ئەم یاسایە دەرچوێنرا به ئامانجی ڕێکخستنى تێکڕاى پڕۆسەى وەبەرهێنان و، دروستكردنی كهشوههوایهكی ئارام بۆ وهبهرهێنان له ههرێمی كوردستان و، لابردنی كۆسپه یاسایییەکان له بهردهمیدا و، فەراههمکردنى هەلى وەبەرهێنان بۆ سهرمایهی نیشتمانی و بیانی بە شێوەیەک کاریگەریى ڕاستەوخۆى هەبێت لەسەر پڕۆسهی بووژانهوهی ئابووریی هەرێم؛ ئەمیش بە پشتبەستن بە چەند میکانیزمێک کە گرنگترینیان بریتى بوو لە لێخۆشبوون لە باج بە هەموو جۆرەکانییەوە.
زۆربەى هەرە زۆرى ئەو پڕۆژه بازرگانى و ئابوورییانەى کەوا لە هەرێمى کوردستان لە ماوەى (15) ساڵى ڕابردوو بونیاد نراون، بە پشتبەستن بەم یاسایە بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا باس لە کەموکوڕییەکانى ئەم یاسایە دەکرێت و لە ئێستا خەریکى ئامادەکردنى پڕۆژەیاسایەکن. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: بۆچى ئەم یاسایە هەموار دەکرێتەوە؟ کێشەى یاساى ئێستا چییە؟ ئایا ڕێکارەکانى پێدانى مۆڵەت وەک پێویست نییە؟ ئایا ئەم ڕێکارانە ڕێگرى لە گەندەڵى ناکەن؟ ئایا هۆکارى هەبوونى ئەم هەموو پڕۆژە وەبەرهێنانە شکستخواردووانە چین؟ ئایا دەستەى وەبەرهێنان وەک پێویست چاودێریى پڕۆژەکان دەکات؟ ئایا ئەو ڕسووماتانەى لە ئێستادا وەردەگیرێن، بە شێوەیەکى یاسایى سەپێنراون؟ کامیان ڕێژەکەى زیاتر بووە: تێکڕاى پارەى لێخۆشبوون لە باج و ڕسوومات، یان ئەو پارەیەى کە لە ڕێگەى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان هاتوونەتە هەرێمى کوردستان؟ بۆچى ڕێژەى زیاتر لە (90%)ى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان لە سێکتەرى نیشتەجێبوون ئەنجام دراوە؟ بۆچى نەتوانراوە لە ماوەى ڕابردوو وەک پێویست پڕۆژەی بەرهەمهێنانى ستراتیژى لە هەرێم بونیاد بنرێت؟ دەیان پرسیارى تریش پێویستى بە وەڵام هەیە.
بە بۆچوونى ئێمە بەبێ بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنێکى زانستییانە، مەحاڵە وەڵامێکى ڕاستمان دەست بکەوێت و، بەبێ هەبوونى پلانێکى یاسادانانی تۆکمە مەحاڵە پڕۆژەیاسا نوێیهکەیش سەرکەوتوو بێت.
بەپێی ماددە (2)ی ئەم یاسایە، ڕۆژنامەگەری، ئازادە و هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە و، ئازادیی دەڕبڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەرە لە چوارچێوەی ماف و ئازادییە تایبەتەكانی تاكەكان و تایبەتمەندیی ژیانیان بەپێی یاسا و ڕێنوێنییە كارپێكراوەكان.
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە ڕێكخستنی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك كەوا لەگەڵ سەردەم و گەشەسەندنەكانی بگونجێت و، هەروەها بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری بە شێوەیەكی پیشەیییانە بە مەبەستی دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و چەسپاندنی پڕەنسیپەكانی دیموكراسی لە كوردستان.
لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئایا ئەم یاسایە ئامانجەكانی پێكاوە؟ كەلێنەكانی ئەم یاسایە چین؟ كاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی ئەم یاسایەدا لە چ بارودۆخێكدایە؟ حاڵەتەكانی دەستدرێژیكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لە زیادبوونە یان بەرەو كەمبوونەوەیە؟ لە دوای دەركردنی ئەم یاسایە ئایا كۆمەڵگەی كوردستانی هەنگاوی بەرەو مەدەنییەت و چەسپاندنی پڕهنسیپەكانی دیموكراسی هاوێشتووە یاخود نـا؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون بۆ ئەوەی بزاندرێت گرنگترین گرفتەكانی ئەم سێكتەرە چی بوون؟
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و، پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەو مەترسییانەی كە لە ڕێگەی جگەرەكێشانەوە تووشیان دەبێت؛ هەموو ئەمانەیش لە پێناو دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی ژینگەپاك و تەندروست بوو.
بەپێی ماددە (8)ی ئەم یاسایە، جگەرەكێشان، بە "نێرگەلە"یشەوە، لە شوێنە گشتییە داخراوەكان قەدەغەیە وەك: هۆیەكانی هاتوچۆی گشتی و تایبەت، قوتابخانە و زانكۆ و نەخۆشخانە و مزگەوتەكان و دەزگە حكوومییەكان و هۆڵەكانی سینەما و شانۆ و مۆڵەكانی بازاڕ و چێشتخانە و نانەواخانە و چایخانە و وێستگهكانی بەنزین و هتد.
لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: بۆچی وەك پێویست نەتوانرا ئەم یاسایە جێبەجێ بكرێت؟ ئەو شوێنانەی كە لەم یاسایەدا دیاری كراون، ئایا لە ئێستادا جگەرەیان لێ دەكێشرێت یاخود نا؟ ئەو پێبژاردنەی كە لەم یاسایەدا دیاری كراوە، كێ دەیسەپێنێت و وەری دەگرێت؟ ئایا توانرا لە هەرێمی كوردستان دیاردەی جگەرە و نێرگەلەكێشان سنووردار بكرێت؟ بۆچی؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بە ژمارەی جگەرەكێش یان نێرگەلەكێش لە هەرێمی كوردستان، بەردەست بوون؟
لە ساڵی (2004) دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان لە عێراق (هەڵوەشاوە) یاسای هاتووچۆی عێراقیان دەركرد بۆ ڕێكخستنی كەرتی هاتوچۆ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. لەبەر خراپیی كواڵێتی و ناڕوونیی دەقەكان، ئەم یاسایە لە عێراق ههڵوهشێنرایهوه و یاسایەكی نوێ بە ناوی یاسای هاتوچۆی ژمارە (8)ی ساڵی (2019) دەركرا.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2007)ەوە تاوەكوو ئێستا كار بە یاسای هاتوچۆی عێراق ساڵی (2004) دەكات، كەچی ئێستا لە عێراق ههڵوهشێنراوهتهوه. پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: بۆچی هەرێمی كوردستان هەوڵی نەداوە ببێتە خاوەنی یاسایەكی تایبەت بە خۆی بۆ ڕێكخستنی كەرتی هاتوچۆ، سەرەڕای ئەوەی هەموو داتاكانی هاتوچۆ ئاماژە بە كۆنبوونی بڕگە و ماددەكانی یاسای هاتووچۆی ساڵی (2004) دەكەن؟ بە دەیان ئامار و زانیاری بەردەستن كە دەسكورتیی ئەم یاسایە لە بەرامبەر چارەسەركردنی گرفتەكانی سێكتەری هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، دەسەلمێنن.
هەروەك لە ماددە (2)ی ئەم یاسایە ئاماژەی بۆ كراوە، ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە پارێزگاریكردن و چاككردن و پەرەپێدانی ژینگەی هەرێمی كوردستان و ڕێگریكردن لە پیسبوونی و، پاراستنی سروشت و تەندروستیی گشتی و، پارێزگاریكردنی داهاتە سروشتییهكان و، هەروەها ئهوهیش كه سیاسەتی ژینگە بكرێتە بەشێكی دانەبڕاو لە هەموو پلانەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی و، بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاریی ژینگەیی.
لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئەم یاسایە چەند توانیویەتی لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا سەركەوتوو بێت؟ بەو فەرمانگە میرییەی كە بەپێی ئەم یاسایە پێك هێنراوە و بەو سزایانەی كە بەپێی ئەم یاسایە دیاری كراون، ئایا توانراوە ئامانجەكانی ئەم یاسایە بهێنرێنه دی؟ بۆچی داتاكان پێمان دەڵێن كەوا ژینگەی هەرێم لە مەترسیدایە، كەچی یاسای پاراستنی ژینگەیشمان هەیە؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون بۆ ئەوەی بەوردی بزانرێت كێشە و گرفتەكانی ژینگەی كوردستان چی بوون؟
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە زۆرتركردن و باشتركردن و چاكتركردنی بەرهەمی كشتوكاڵیی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان و، گرنگیدان بە كواڵێتیی زەویوزارە كشتوكاڵییەكان بە شێوەیەكی دروست و زانستییانە. لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (13) ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەم یاسایە، ئاخۆ بەرهەمی كشتوكاڵی و زەویوزارە كشتوكاڵییەكان لە چ بارودۆخێكدایه؟ ئایا توانراوە ئامانجەكانی ئەم یاسایە بەدی بهێنرێت یاخود نا؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون یان نا؟
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە دابینكردنی خانوو یان شوقەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی داهاتیان سنووردارە، كە لە دواییشدا دەبن بە خاوەنی خانوو یان شوقەكە؛ چونكە بەپێی دیدی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی شوێنی نیشتەجێبوونی هەبێت. ئەركی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی ئەم یاسایەیش بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن سپێردرا.
ئایا لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (13) ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەم یاسایە، چەند شوقە و خانووی نیشتەجێبوون بە پشتبەستن بەم یاسایە بنیاد نران؟ چەند هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان، بوون بە خاوەنی خانوو یان شوقەی نیشتەجێبوونی خۆیان؟ چەند هاووڵاتیی تر، نەیانتوانی ببن بە خاوەنی خانوو یان شوقەی نیشتەجێبوونی خۆیان و بۆچی؟ گرنگترین ئاستەنگەكان لە بەردەم بەردەوام جێبەجێكردنی ئەم یاسایە لە ئێستادا چین؟ ئایا فەلسەفەی مانەوەی ئەم یاسایە ماوە؟ ئایا لە ئێستادا حكوومەت توانای ئەوەی هەیە ئەم یاسایە جێبەجێ بكات؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون سەبارەت بە ژمارەی كرێچی یان خاوەن داهاتە سنووردارەكان لە هەرێمی كوردستان تاوەكوو هەر زوو بزاندرێت ئایا حكوومەت لە توانایدایە خانوو یان شوقە بۆ ئەو ژمارە دیاریكراوە دابین بكات؟
ئەم یاسایە بە یەكێك لە باشترین یاساكانی هەرێمی كوردستانی دەزانین، چونكە مافی قەرەبووكردنەوە دەدات بە هەموو گلدراوێك یان گیراوێك یان حوكمدراوێك كە بەبێ بەڵگەی یاسایی، ڕێكاری یاسایی لەدژی گیرابێتە بەر؛ هەموو ئەمەیش بە مەبەستی پاراستنی ماف و ئازادیی كەسی و، پارێزگاریكردن لە شكۆی مرۆڤ و، سەروەربوونی یاسایە لە كۆمەڵگە.
نزیكەی (12) ساڵە ئەم یاسایە دەركراوە، بۆیە دەپرسین: چەند كەس بەپێی ئەم یاسایە قەرەبوو كراوهتەوە؟ ئایا هۆكاری قەرەبووكردنەوەكان هەڵەی دادوەری بووە یاخود هەبوونی كەلێنی یاسایی یاخود هۆكاری تر بوون؟ تا چەند ئەم یاسایە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی، سەركەوتوو بووە؟ لە هەر ساڵێكی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە وەزارەتی داراییی حكوومەتی هەرێم چەند پارەی وەك قەرەبووكردنەوە خەرج كردووە؟ بۆچی حكوومەت بەرپرسیارێتیی هەڵەی دادوەران لەئەستۆ دەگرێت؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارەی ئەوانەی بەناهەق گل دراون یان گیراون یان حوكم دراون چەند بوون؟
بەپێی ماددە (1)ی ئەم یاسایە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە ساڵانە بڕە پارەیەك لە بوودجەی گشتیی هەرێم تەرخان بكات بۆ دابینكردنی پێشینەی هاوسەرگیری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی حهز دەكەن كە وەری بگرن.
خەڵكێكی زۆر لەم یاسایە سوودمەند بوون، بەڵام لە ئێستادا كاركردن بەم یاسایە وەستێنراوە. بۆیە دەپرسین: ئەگەر حكوومەت لە توانایدا نەماوە یاخود ئارەزوو ناكات ئەم یاسایە جێبەجێ بكات، ئیدی بۆچی تاوەكوو ئێستا هیچ پڕۆژەیاسایەكی بۆ پەرلەمان ڕەوانە نەكردووە بۆ ههڵوهشاندنهوهی ئەم یاسایە؟ بۆچی حكوومەت ناتوانێت ئەم یاسایە جێبەجێ بكات؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارەی ئەوانەی هاوسەرگیری دەكەن لە ساڵێكدا چەند بووە؟ بڕی دوو ملیۆن دینار وەك پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر چ بنەمایەك دیاری كرا؟
لە ساڵی (2010) بۆ یەكەم جار لە عێراق یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی بەكاربەر دەرچوو بە ناوی یاسای پاراستنی بەكاربەر ژمارە (1)ی ساڵی (2010). ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان بەركاركرا بەپێی یاسای ژمارە (9)ـی ساڵی (2010). ئامانج لە دەركردن و بەركاركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە دەستەبەركردن (ضمان)ی مافەكانی بەكاربەر و، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بەكاربردن و، ڕێگریكردن لە هەموو ڕەفتارێك كە ببێتە هۆی چەواشەكردنی بەكاربەر. بەپێی ماددە (4)ی ئەم یاسایە، ئەنجومەنێك دروست دەبێت بە ناوی "ئەنجومەنی پاراستنی بەكاربەر" و، كاری سەرەكیی ئەم ئەنجومەنە بریتی دەبێت لە چاودێریكردنی پڕۆسەی جێبەجێكردنی یاسای پاراستنی بەكاربەر.
لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (13) ساڵ بەسەر دەرچوون و بەركاربوونی ئەم یاسایە دەپرسین: مافەكانی بەكاربەر لە هەرێمی كوردستان لە چ بارێكدایە؟ ئایا ئەم یاسایە توانیویەتی ئامانجەكان بەدی بهێنێت؟ ئایا دابینكاری كەلوپەلەكان و ڕێكلامكارەكان پابەندن بە سەلامەتیی خۆراك و تایبهتمهندییه ستانداردهكان (مواصفات قیاسیة)ی عێراقی لە كاتی هێنانی كەلوپەل لە دەرەوەی عێراق؟ ئایا سنوورەكانی هەرێم لە كاتی هێنانی كەلوپەل، وەك پێویست چاودێری دەكرێن؟ ئایا بە شێوەیەكی زانستییانە وردبینیی كواڵێتیی كاڵا هاوەردەكراوەكان دەكرێت؟ ئایا دەسەڵاتە چاودێرییەكان وەك پێویست چاودێریی بازاڕ دەكەن؟ ڕێژەی كەلوپەلی ماوهبهسهرچوو (ئێكسپایەر) لە هەرێم چەندە؟ بۆچی تاوەكوو ئێستا ڕێژەی تۆماركردنی داوای یاسایی لە دادگەكان بە پشتبەستن بەم یاسایە نزمە، ئەمەیش لە كاتێكدایە بە دەیان كەس ڕۆژانە بە دەرمان و خواردنی خراپ باری تەندروستییان تێك دەچێت؟
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە بنبڕكردنی دیاردەی توندوتیژی لەنێو خێزانی كۆمەڵگەی كوردستانی. لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (10) ساڵ بەسەر دەركردنی ئەم یاسایە دەپرسین: ئایا توندوتیژیی خێزانی لە كۆمەڵگەی كوردستانی كەم بۆتەوە؟ یان زیاتر بووە؟ ئایا ڕێكار و سزاكانی ئەم یاسایە چارەسەری كێشە خێزانییەكانی كردووە یاخود زیاتری كردووە؟ ئەم یاسایە بارودۆخی كۆمەڵایەتیی خێزانی كوردستانی بەرەو باشتر برد یان بەپێچەوانەوە؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارە و جۆری كێشەكانی نێو خێزانی كۆمەڵگەی كوردستانی چەند و چین؟
بەپێی ماددە (3)ی ئەم یاسایە، ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە بەرزكردنەوەی ئاستی وەزیفەی گشتی و، پەرەپێدانی ڕاژەی گشتی و، دەستەبەركردنی دەرفەتی یەكسان و، مسۆگەركردنی بنەمای یەكسانی لە وەزیفەی گشتیدا و، نەخشەكێشان بۆ كاروباری وەزیفەی گشتی و، پەرەپێدانی دەزگهکانی كارگێڕی و، بەرزكردنەوەی ئاستی پەیكەری وەزیفیی دامەزراوەكانی هەرێم و، پەرەپێدانی ئاست و توانای فەرمانبەرانی ڕاژەی گشتی لە هەرێم.
لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (10) ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەم یاسایە، تاوەكوو ئێستا ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە لە هەرێمی كوردستان پێك نەهێنراوە، بۆیە پرسیاری جددی ئەمەیە: ئەم یاسایە چیی كردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و كواڵێتیی وەزیفەی گشتی؟ چیی كردووە بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و توانای فەرمانبەرانی ڕاژەی گشتی لە هەرێمی كوردستان؟ چونكە هەموو ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بە دابەزینی ئەم ئاست و توانایە دەدەن. ئەگەر ئەم ئامارانە ڕاست بن، كەواتە ئەم یاسایە پێویستی بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەیە بۆ ئەوەی كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی وەزیفەی گشتی لە هەرێمی كوردستان بكرێت.
دە ساڵ لەمەوبەر ئەم یاسایە بۆ ڕێكخستنی پڕۆسەی دامەزراندن و كار و چالاكیی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان دەركرا، چونكە یاسادانەر پێی وابوو ئەم ڕێكخراوانە كاریگەریی پۆزەتیڤیان دەبێت لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵگە و ژیانی دیموكراسی و مەدەنی لە هەرێمی كوردستان.
ئایا لە دوای دەركردنی ئەم یاسایە، ئەم ڕێكخراوانە چەند کاریگەریى پۆزەتیڤیان هەبووە لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵگە و ژیانی دیموكراسی و مەدەنی لە هەرێمی كوردستان؟ چەند لەم ڕێکخراوانەى کۆمەڵى مەدەنى، چالاک و بەردەوامن لە کارکردن؟ چەندیان "بندیوار" یان لە کارکردن وەستاون؟ ئەم ڕێکخراوانە زیاتر لە چ بوارێک کاریان کردووە؟ ئەم ڕێکخراوانە چەند توانیویانە بوودجەى پێویست لە دەرەوەى هەرێم بەدەست بهێنن و چەندیش پشتیان بە حکوومەت یان بە تەمویلى حزبى یان کەسى یان عەشیرەتگەرى بەستووە بۆ بەردەوامبوونى کار و چالاکییان؟
دەركردنی ئەم یاسایە هەنگاوێكی بوێرانە بوو، چونكە بواری "مافی دانەر" یەكێكە لەو بوارانەی كە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، بەتایبەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی؛ لهبهر ئهوهی كۆمهڵێك ڕێككەوتننامە بە ئامانجى پاراستنى مافەکانى دانەر و مافە هاوسێکانى واژۆ کراون.
ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە، هەروەك لە ماددە (2) ئاماژەی بۆ كراوە، بریتی بووە لە پاراستنی مافی دانەر و مافە هاوسێكانی لە بوارەكانی هونەر و ئەدەب و زانست و، هاندانی بزافی هونەری و ئەدەبی و زانستی لە هەرێمی كوردستان و، پەرەپێدانی پەیوەندییە كهلتوورییەكان لەگەڵ گەلانی تر لە ڕێگەی پاراستنی مافی دانەرەكانیان، ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمەكانیان بڵاو دەكرێتەوە.
لە دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (10) ساڵ بەسەر دەرچوونی ئەم یاسایە، دەپرسین: بۆچی بەرهەمی كۆپیكراو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دەبینرێن؟ ئایا كێشە لە دەق و ماددەكانی ئەم یاسایەیە، یاخود وەزارەتی ڕۆشنبیری وەك پێویست بەدواداچوون و چاودێریى جێبەجێکردنى ئەم یاسایەى نەکردووە؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارە و جۆری کێشەى دانەرەکان لە هەرێمى کوردستان چین؟ ئەم یاسایە پێویستى بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەیە بۆ ئەوەى بزاندرێت بۆچى نزیکەى (10) ساڵە نەتوانراوە ئامانج لە دەرکردنى ئەم یاسایە بێتە دى؟
دە ساڵ لەمەوبەر ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان دەركرا بە مەبەستی ڕێكخستنی كاری قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە؛ هەروەها بە مەبەستی هاندانی وەبەرهێنانی نیشتمانی و بیانی لە بواری خوێندندا و، هاندانی كێبركێی زانستی لە هەمان بواردا و، دابینكردنی دەرفەتی فێركردن بۆ هەمووان و، باشتركردنی ڕۆڵی قوتابخانە و پەیمانگەكان لە بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابیان. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئایا ئەم یاسایە لە ماوەى ڕابردوو توانیویەتی ئەم ئامانجانەی بێنێتە دى؟ ئاستەنگ و گرفتەکان چی بوون؟ چى نەکراوە تاوەکوو ئێستا؟
بەپێی ماددە (2)ی ئەم یاسایە، ئامانج لە دەركردنی بریتی بوو لە پاراستنی سەقامگیری و هاوسەنگیی سروشتیی دارستانەكان و زیادكردنی ڕووبەرەكانی و، چاككردنی ژینگە و پاراستنی هەمەچـەشنیی ژینگەیی و، هاندانی وەبەرهێنانی كشتوكاڵی لە بواری دارستاندا و، پاراستنی جۆری خۆڕسك لە ڕووەكەكان و، دەستەبەركردنی ناوچە گەشتوگوزارییەكان.
نزیکەى (10) ساڵە ئەم یاسایە دەرکراوە، بۆیە دەپرسین: دارستانەكانى هەرێمی كوردستان لە چ بارودۆخێکدان؟ ئایا ڕووبەری سەوزایی لە دارستانەكان بەرەو زیادبوونن یاخود كەمبوون؟ ئایا دەزگە پەیوەندیدارەكان وەك پێوست کاریان لەسەر جێبەجێكردنی ئەم یاسایە کردووە؟ ئایا سزاكانی نێو ئەم یاسایە توانیویانە سەركەوتوو بن لە ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی سەرپێچی لە دژی دارستانەكان لە هەرێمی كوردستـان؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارە و جۆری دارەکان و ڕووبەرى دارستانەکان لە هەرێمى کوردستان چەندن؟
بە بۆچوونی ئێمە ئەم یاسایە یەكێكە لە ناماقووڵترین یاساكانى هەرێمی كوردستان، چونكە هیچ لۆژیكی تێدا نییە كەسێك بۆ نموونە فەرمانبەرى وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، یان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، یان کشتوکاڵ و سەچاوەکانى ئاو بێت و نازناوی پڕۆفیسۆر، یان پڕۆفیسۆری یاریدەدەری هەبێت؛ چونکە ئەم نازناوە زانستییانە بەهاکەى لەوەدایە کە تەنیا لەنێو حەڕهمى زانکۆکان بێت. ئەمە لە لایەك، لە لایەكی ترەوە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بەندە بە دەركردنی پێڕەوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە كە تاوەكوو ئێستا ئەم پێڕەوە دەرنەكراوە. ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارەى ئەو کەسانە چەندن کە سوودمەند دەبن لەم یاسایە؟ یاخود لە بنەڕەتەوە ئەم یاسایە بۆ بەرژەوەندیى چەند کەسێکى دیاریکراو دەرکراوە؟ ئایا ئەم یاسایە ئەرک و پابەندبوونى داراییى خستۆتە سەر شانى حکوومەت؟ چونكە لە دەرەوەی زانكۆكان ڕەنگە دەرماڵەی نازناوی زانستی بۆ فەرمانبەرێكی كارگێڕی خەرج كرابێت.
بەپێی ماددە (2)ی ئەم یاسایە، ئامانجی ئهم یاسایه بریتی بوو لە پاراستنی سهلامهتیی ڕێگە گشتییهكان و پرد و یهكتربڕ و تۆنێلهكان و چاككردنهوهیان و نههێشتنی دهستدرێژی بۆ سهریان و، دیاریكردنی قهدهغهكراوهكانی ڕێگه گشتییهكان و پرد و یهكتربڕ و تۆنێلهكان و ڕێكخستنی بهكارهێنانیان و، دیاریكردنی قورساییی میحوهری لۆرییهكان و خێرایی و مهودای ئهو ئۆتۆمبێلانهی ڕێگه گشتییهكان بهكار دههێنن و، ئاسانكردنی ڕێكارهكانی دهستبهسهر داگرتنی ئهو زهوییانهی كه رێگه گشتییهكان و پرد و یهكتربڕ و تونێلیان پێدا دهڕوات، گواستنەوەى موڵکییەتیان بۆ دەوڵەت و، رێكخستنی ڕێكاری خهمڵاندنی بهشهكانی تری له دامهزراو و چێنراوەکان و، چۆنێتیی قهرهبووكردنهوهیان و، ڕێكخستن و مۆڵهتپێدانی بنیادنانی ئهو دامهزراوانهی كه خزمهت به ڕێگه گشتییهكان دهگهیهنن و، ڕێكخستن و پێدانی مۆڵهت و دانانی هۆكارهكانی ڕێكلامكردن و ڕاگهیاندن لهسهر ڕێگە گشتییهكان.
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی (10) ساڵ بەسەر دەركردنی ئەم یاسایە، ئایا ئامانجەكانى ئەم یاسایە بەدی هاتوون؟ ڕێگری و ئاستەنگەكان چی بوون؟ كەلێنە یاسایییەكان چین؟ ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون لەسەر ئەم بابەتە؟ ڕێگە گشتییەکان لە هەرێمى کوردستان لەژێر سایەى حوکمەکانى ئەم یاسایە لە چ بارودۆخێکدان؟
بەپێی ماددە (2)ی ئەم یاسایە، ئامانجی سەرەكیی ئهم یاسایه بریتی بوو لە ئاسانكردنی پڕۆسەی بەدەستهێنانی ئەو زانیارییانەی كە لە لای دامودەزگە گشتییەكان و تایبەتەكاندا هەیە بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە توانایاندا هەبێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەئاسانی بەم زانیارییانە بگەن. هەروەها پشتگیریكردنی پڕەنسیپەكانی شەفافییەت و دابینكردنی كەشێكی لەبارتر بۆ ئازادیی ڕادەڕبرین و پەخش و بڵاوكردنەوە، ئامانجی تر بوون بۆ دەركردنی ئەم یاسایە.
زیاتر لە (10) ساڵە ئەم یاسایە دەكراوە، ئایا مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟ ئایا بڕگە و ماددەكانی ئەم یاسایە وەك پێویست لەلایەن كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت جێبەجی كراوە؟ ئاستەنگەكانی جێبەجێكردن چی بوون؟ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان هەست دەکەن کە زانیارییەکان بەردەستن یاخود شاراوەن؟
بەپێی ماددە (2)، ئامانجی ئهم یاسایه بریتییە له ڕێكخستنی كێبركێ و قهدهغهكردنی كاره قۆرخكارییهكان له ڕێگهی بهرهنگاربوونهوه یان ههڵوهشاندنهوهی ڕێککەوتن (الاتفاقات) یان ڕهفتارە كۆتكارهكان (التصرفات التقییدیة) له نێوان دامهزراوه بازرگانییهكان یان چوونهناویهكهكان و پڕۆسهكانی كڕین یان بەخراپ بهكارهێنانی ناوهندی هێزی بازاڕیی زاڵبوو (مراكز قوة سوقية مهيمنة) به جۆرێك ببێته هۆی سنووردانان بۆ گهیشتن به بازاڕ یان به زێدهڕۆیی كۆتی دهكات. ئهمهیش كاریگهریی زیانبهخشی دهبێت لهسهر بازرگانیی ناوهخۆ یان نێودهوڵهتی یان گهشهسهندنی ئابووری و، زیان به كۆمهڵگه دهگهیهنێت. بەپێی ماددە (4)ی ئەم یاسایە، له وهزارهتى بازرگانى و پیشەسازى، ئهنجومهنێك به ناوی "ئهنجومهنی پاراستنی كێبركێ و قهدهغهكردنی قۆرخكاری" دروست دەبێت و، كاری سەرەكیی ئەم ئەنجومەنە بریتییە لە چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بڕگە و ماددەكانی ئەم یاسایە.
ئەوەی لێرەدا تێبینی كراوە ئەوەیە، تاوەكوو ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەم ئەنجومەنە پێك نەهێنراوە و دەستبەكار نەبووە؛ ڕەنگە ئەمەیش هۆكارى سەرەکى بێت کەوا ئەم یاسایە وەك پێویست لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ نەکراوە. كەواتە ئەم یاسایە پێویستی بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەیە بۆ ئەوەی بزاندرێت ئایا ئامانجەكان بەدی هاتوون یاخود نا؟ ئەمە جگە لەوەى دەپرسین: ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون كە ژمارە و جۆری کارە قۆرخکارییەکان لە هەرێمى کوردستان چى بوون؟
دەركردنی یاسایـەك بۆ ڕێكخستنی خوێندنی زانكۆییی تایبەت، هەنگاوێكی ستراتیژی و گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان. بەپێی ماددە (3)؛ ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتی بوو لە بهرزكردنهوهی ئاستی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، دابینكردنی پێداویستییه پهرهسهندووهكانی كۆمهڵگه و ڕهخساندنی دهرفهته فێركارییهكان بۆ ئهو كهسانهی دهیانهوێت ئاستی زانستیان بهرز بكهنهوه و، دابینكردنی پسپۆڕییه زانستییه نوێیهكان بۆ ئامادهكردنی پسپۆڕ و تهكنیككار و شارهزا له گشت بوارهكاندا.
ئەم یاسایە پێویستی بە بەدواچوون و هەڵسەنگاندن هەیە، چونكە بە حوكمی پسپۆڕیمان لەم بوارەدا، دەزانین ئەو گلەیییانە چین كە ئاراستەی زانكۆ تایبەتەكان دەكرێن و، هەروەها دەزانین كەوا ئەم یاسایە كەلێن و كەموكورتیی زۆری تێدایە كە شایەنی ئەوەیە دووبارە پێداچوونەوەى بۆ بکرێت بۆ ئەوەى بە دەق و ماددەی یاساییی سەردەمییانە نوێ بكرێتەوە.
ئەم یاسایە لهسەر ڕۆشناییی ماددهی چوارهمی دهستووری ههمیشهییی كۆماری عێراقی فیدراڵ دەرچوێندراوە، بۆ زیاتر پێشخستن و بایهخدان به زمانی دایك و ڕێزگرتنی زیاتر له سهرجهم پێكهاتهكانی كوردستان لهسهر بنهمای پێكهوهژیانی ئاشتییانه له ههرێمی كوردستان.
نزیكەی هەشت ساڵ بەسەر جێبەجێكردنی ئەم یاسایە تێپهڕ بووه، كە دەبوایە هەندێ كار ئەنجام بدرابایە، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەكراوە. بۆ نموونە: تاوەكوو ئێستا بڕیاری دادگهكان بە زمانی عەرەبی دهنووسرێنەوە و، تاوەكوو ئێستا تابلۆی ئۆتۆمبێلهكان به زمانی كوردی نانووسرێنەوە تاوەكوو ئێستا لە هەندێک لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆكاندا، زمانی كوردی لە بوارى پەروەردە و فێرکردن و خوێندندا وەک زمانى فەرمى مامەڵەى لەگەڵدا ناکرێت و، هەروەها زۆربەی كۆمپانیا و دامهزراوهكانی كهرتی تایبهت، زمانی كوردی لە نووسراوەکانیاندا بهكار ناهێنن و گرێبەستەكان بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی دەنووسرێنەوە و، تاوەكوو ئێستا ڕێنمایییەكانی نێو كاڵا و بەرهەم و دەرمانە هاوردەكراوەكان بە زمانی كوردی نانووسرێنەوە و هتد. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: كێ بەرپرسە لە جێبەجێنەكردنی هەندێ لە بڕگە و ماددەکانى ئەم یاسایە؟ بۆچى جێبەجێ نەکراون؟ گرفت و ئاستەنگەکان چى بوون؟ ئەگەر ئاستەنگهکان دارایى بوون ئەوا دەپرسین: ئایا پێش دەركردنی ئەم یاسایە ئامار و زانیاریی پێویست بەردەست بوون کە تێچووى داراییى جێبەجێکردنى هەر بڕگەیەکى ئەم یاسایە لە ساڵێکدا چەندە؟
ئهم یاسایه دهرچووێندرا به مهبهستی بهدامهزراوهییكردنی كهرتی نهوت و گاز له ههرێمی كوردستان كه به شێوهیهك بێت داهاتهكانی پڕۆسه نهوتی و گازییهكان به باشترین شێوه كۆ بكرێنهوه و، پشتیوانی شهفافییهت و گهشهی ئابووریی ههرێمی كوردستان بێت.
بەپێی ماددە (3)ی ئەم یاسایە سندووقێك به ناوی "سندووقی كوردستان بۆ داهاته نهوتی و گازییهكان له ههرێم" دادهمهزرێت و، ئەم سندووقەیش لەلایەن دەستەیەكەوە بە ناوی "دهستهی بهڕێوهبردنی سندووقی كوردستان بۆ داهاته نهوتی و گازییهكان" بەڕێوە دەبردرێت. ئەم یاسایە پێویستی بە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن هەیە، چونكە تاوەكوو ئێستا زۆربەی بڕگە و ماددەكانی جێبەجێ نەكراون و تاوەكوو ئێستا ئەم سندووقە و ئەم دەستەیەیش پێک نەهێنراون. بۆیە ئەستەمە قسە لەسەر سەرکەوتنى پڕۆسەى بەدیهێنانى ئامانجەکانى ئەم یاسایە بکرێت.
چەند ساڵ جارێك یاسایەك بۆ لێـبووردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێت بۆ ئەوەی چانسی دووەم بدەن بەوانەی چەند تاوانێكی دیاریكراویان ئەنجام داوە تاوەكوو دووبارە بێنەوە نێو كۆمەڵگە و سەرلەنوێ دەست بە ژیانێكی نوێ بكەنەوە.
ئامارە نافەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە زۆربەی ئەوانەی بە لێـبووردنی گشتی لە بەندیخانە دەردەچن، دووبارە تاوان ئەنجام دەدەنەوە. ئەم دیاردەیە كۆی گشتیی پڕۆسەی لێـبووردنی گشتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئەم یاسایە پێویستی بە هەڵسەنگاندن هەیە بۆ ئەوەی بزاندرێت كەموكورتییەكان چین لە پێوەرەكانی دیاریكردنی ئەو تاوان و ئەو تاوانبارانەی كەوا دووبارە تاوان ئەنجام دەدەنەوە. پێویستە پشت بە ئامار و زانیارى ببەسترێت، پێش ئەوەى ئەو پێوەرانە دیارى بکرێن.
ئەم یاسایە دەرچوێندرا بە مەبەستی گرنگیدان بە ڕێكخستنی كاری ڕێكلامكردن بۆ خزمەتكردنی بەكاربەر و گەشەپێدانی ئابووری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیان و، دروستكردنی كێبركێی دروست بۆ بەبازاڕكردن و، كەمكردنەوەی لایەنە خراپ و زیانبەخشەكانی ڕێكلام. سەرەڕای ئەوەی ئەم یاسایە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دەركراوە، كەچی تاوەكوو ئێستا ڕێكلامی بێمانا و بێبەها و بێبنەما دەبینرێت؛ بە شێوەیەك هەندێ ڕێكلام دەچێتە خانەى زیانگەیاندن بە ئابووریی هەرێمهوه، یاخود وەک دەستدرێژیكردن بۆ بەها كۆمەڵایەتییەكان هەژمار دەکرێت. بۆیە، بەدواداچوون بۆ چۆنێتیی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە و لە دواییشدا هەڵسەنگاندن بۆ بڕگە و ماددەکانى، بەپێویست دەزانین.
هەروەك لە ماددە (2) ئاماژەی بۆ كراوە، ئامانج لە دەركردنی ئەم یاسایە بریتییە لە پاراستنی تهندروستیی گشتی له ڕێگهی پاراستنی مافهكانی نهخۆش و دیاریكردنی ئهركهكانی و، پاراستنی مافه بنهڕهتییهكانی هاووڵاتیانی ههرێم له سوودوهرگرتنیان له باشترین خزمهتگوزارییه تهندروستییهكان و، پاراستنی شكۆمهندی و سهلامهتی و نهێنییهكانی نهخۆش و، بهرزكردنهوهی ئاستی سوودمهندیی خزمهتگوزارییه تهندروستییهكان له دامهزراوه تهندروستییهكان و، بهرزكردنهوهی ئاستی وشیاریی نهخۆش دهربارهی ماف و ئهركهكانی له دامهزراوه تهندروستییهكان و، هەروەها كهمكردنهوهی ڕێژهی مردن و پهككهوتهیی و زیانه تهندروستییهكان و، پتهوكردنی متمانهی نێوان نهخۆش و كارمەندانی تهندروستی له دامهزراوه تهندروستییهكان.
ماوەی ساڵ و نێوێكە ئەم یاسایە دەرچووە و پێش ئەوەی پرسیار لەسەر جێبەجێكردنی بكەین، ئەوا پرسیار لەوە دەكەین کە چەند هاووڵاتیی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان دەزانن و ئاگادارن كەوا یاسایەك لەم بارەیەوە هەیە؟ چەند هاووڵاتیی نەخۆش دەزانن كەوا ئەم یاسایە دەقی تێدایە بۆ پاراستنى مافى نەخۆش لە کاتى ڕوودانى هەڵەی پزیشكی؟ پاشان دەپرسین: ئایا ئەم یاسایە لە ماوەی ڕابردوو توانیویەتی ڕێژەی مردن بە هەڵەی پزیشكی كەم بكاتەوە؟ ئایا توانیویەتی متمانە بە كارمەندە پزیشكییەكان بگەڕێنێتەوە؟ ئایا توانیویەتی كواڵێتیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بەرز بكاتەوە؟ ئایا توانیویەتی هەموو ئەو مافانە بۆ نەخۆش فەراههم بكات كە بەپێی پێوەر و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان هەیەتی؟
ئەم یاسایە دەرچوێندرا لە پێناو گەشەپێدان و پاڵپشتیکردنى کەرتى پیشەسازى و کشتوکاڵى خۆماڵى و پاراستنیان لە هەموو زیانێك و، ڕەخساندنى دەرفەتى گونجاو بۆ بەرهەمهێنە خۆماڵییەکان و بەرزکردنەوەى تواناکانیان و ئامادەکردنیان بۆ کێبڕکێکردن لە بازاڕە ناوخۆیى و جیهانییەكان و، ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی بەکاربەری ناوخۆیی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی و ڕێگەگرتن لە بەرزبوونەوەى نرخى بەرهەمە خۆماڵییەکان.
تەمەنی ئەم یاسایە هێندە كەمە، كە ڕەنگە قورس بێت هەندێ پرسیاری ئاراستە بكرێت؛ بەڵام لە هەمان كاتدا لۆژیك پێمان دەڵێت كەوا پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بە یاسا، پێویستی بە هەبوونی بڕگە و ماددەی سزایی هەیە كە سزای پێویست بەسەر سەرپێچیكاران بسەپێنێت. بۆیە ڕووى پرسیارم ئاراستەى پەرلەمان دەکەم: چۆن ئەم یاسایە لە پەرلەمان بەبێ دانانى بڕگە و مادەی سزایی دەرچوێنراوە؟! ئەمە هەڵەیەكی بچووكە و، دەكرێت لە ڕێگەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنهوه هەڵەی تریش لەم یاسایە دەربكەوێت و لە دواییدا ڕێگر دەبێت لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی دەرچواندنی ئەم یاسا لە هەرێمی كوردستان.
كـۆبـەنـد
هەمـوو ئەو یاسایانەی کەوا لە سەرەوە وەک نموونە ئاماژەمان بۆ کردوون، بەڵگەن بۆ زەروورەتى ئەنجامدانى پلاندانان و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ یاساكانی پەرلەمانی كوردستان، چ ئەوانەى دەرکراون یاخود ئەوانەى لە داهاتوودا دەردەکرێن؛ چونكە تێبینى دەکرێت یاساکان لە هەرێمى کوردستان بەبێ ئەنجامدانى توێژینەوە و ئاماری پێشوەختە دەردەكرێن و، هەروەها تێبینى دەکرێت لە دواى دەرکردنى یاساکان پڕۆسەى بەدواداچوون بۆ چۆنێتیی جێبەجێکردنى بڕگە و ماددەکانیان وەک پێویست نییە و، لە هەندێ باردا ڕێژەکە دەگاتە سفر لە سەد؛ ئەمە جگە لەوەى هیچ لایەنێكى فەرمى گرنگی بە ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ یاساكانى پەرلەمان نادات تاوەکوو بزاندرێت ئایا ئامانجى یاساکان هاتوونەتە دى یاخود نا؟
لە غیابى ئەمەیشدا هەندێ لایەنى تر هەڵسەنگاندنى نازانستى دهكهن، وەک دەزگهکانى ڕاگەیاندن، کە ڕەنگە ئەنجامەکانى ئەم هەڵسەنگاندنە نازانستییە کاریگەریى نێگەتیڤى لێ بکەوێتەوە. ئەگەر پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمى کوردستان لە خەمی جێبەجێكردنی یاساكان و بەرزكردنەوەی كواڵێتیی یاساكانن، ئەوا پێویستە هەنگاو بەرەو پلاندانی یاسادانان (تهشریعی) و بەدواداچوونی یاسادانان و هەڵسەنگاندنی یاسادانان بنێن؛ بەپێچەوانەوە هێندەى تر یاسا دەركراوەكانى پەرلەمانى کوردستان بەرەو بەساڵاچوون و ئیفلیجبوون و مردن هەنگاو دەنێن.