بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵاى فیدراڵی و ئەگـەرەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکى

دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی لە عێراق، وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی فیدڕاڵى، بە یەکێک لە گرنگترین ده‌زگه دادوەرییەکان هەژمار دەکرێت، کە به‌ فه‌رمانی ژماره‌ (30) له‌ ساڵی (2005) دامه‌زراوه به‌ پشتبه‌ستن به‌ مادده‌ (44) له‌ یاسای "به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ری-2004/ هه‌ڵوه‌شێنراو". لەبەر گرنگیى ئەم ده‌زگه دادوەرییە، ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005) له‌ مادده‌كانی (92-94) ئاماژەى‌ به‌ هه‌بوونی ئه‌م ده‌زگه‌یە کردووە‌ و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كاركردن و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیاری کردووە.‌

ئه‌م ئاماژه‌پێكردنه‌ ده‌ستوورییه‌، خاڵى به‌هێزی ئه‌م دادگه‌یه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێی مادده‌ (93)، هه‌روه‌ها به‌پێی بڕگه‌ (دووه‌م) له‌ مادده‌ (52) له‌ ده‌ستووری كۆماری عێراق بۆ ساڵی (2005)، ئه‌م ده‌زگه دادوه‌رییه‌ فیدڕاڵییه ده‌سه‌ڵاتى پێ دراوه‌ بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چه‌ندان بابه‌تی هه‌ستیار له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا و ئه‌و بڕیارانه‌یشی كه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ری ده‌كات، ئه‌وا به‌پێی مادده‌ (94) له‌ هه‌مان ده‌ستوور به‌ بڕیارێكی كۆتایی و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ داده‌نرێت و، پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك ملكه‌چی بن و جێبه‌جێی بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك مافی گفتوگۆكردن یاخود تانه‌لێگرتنی بڕیاره‌كانی ئه‌م دادگه‌یه‌ی هه‌بێت. لەم سۆنگەیەوە، بەپێى دەستوور، ئەم دادگه‌یە بڕیارى یەکلاییکەرەوە لەسەر ئەم بابەتانەى خوارەوە دەردەکات:

  1. چـاودێریکردنی ڕاددەی دەستووریبوونی یاسا و پێڕەو و ڕێنوێنییه‌ کارپێکراوەکان.
  2. لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور.
  3. یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاساكانی سه‌ر ئاستی فیدڕاڵی و ئەو بڕیار و پێڕەو و ڕێنوێنی و ڕێوشوێنانەی كه‌ لە دەسەڵاتی فیدڕاڵییەوە دەردەچن.
  4. یەکلاییکردنەوەی ئەو دووبەرەکییانەی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان و پارێزگاكان و شارەوانییه‌كان و ئیدارە خۆجێییه‌كان ڕوو دەده‌ن.
  5. یەکلاییکردنەوەی ئەو دووبەرەکییانەی لە نێوان حکوومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان ڕوو دەده‌ن.
  6. یەکلاییکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی كه‌ ده‌درێنه‌ پاڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان.
  7. پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی نوێنەران.
  8. یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی دیاریكردنی تایبه‌تمه‌ندی (تنازع الإختصاص) له‌ نێوان دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی و دەستەی دادوەریی هەرێم و پارێزگاکان کە ناکەونە سنووری پارێزگاکان.
  9. یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیی دیاریكردنی تایبه‌تمه‌ندی (تنازع الإختصاص) له‌ نێوان دەستەی دادوەریی هەرێمەکان و پارێزگاکان کە ناکەونە سنووری هەرێمەکانەوە.
  10. یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌ر تانه‌یه‌ك كه‌ له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بدرێت.

بڕیارەکانى دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵیی تایـبەت بە هەرێـمى کوردستان

ئەم دادگه‌یە لە ماوەى هەڤدە ساڵى تەمەنیدا چەندان بڕیارى دەرکردووە کە تایبەت بوونە بە هەرێمى کوردستان؛ چ وەک ده‌زگه فەرمییەکانى هەرێم، وەک سەرۆکایەتیى هەرێم یان حکوومەت یان پەرلەمان یان وەزارەتەکان، یاخود وەک کەسەکان کە خاوەن پێگەى کارگێڕین چ لەناو هەرێم یاخود لە دەرەوەدا.

لە زۆرترین باردا هەرێمى کوردستان وەک داوالێکراو لە بەردەم ئەم دادگه‌یە دەرکەوتووە نەوەک داواکار؛ ئەمەیش ئەوە دەگەیه‌نێت کە ئەم دادگه‌یە وەک چەکێکى یاسایى و سیاسى لە دژى هەرێمى کوردستان بەکار هاتووە؛ لە بەرامبەردا هەرێمى کوردستان نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە هەبوونى ئەم دادگه‌یە ببینێت و نەیتوانیوە ئەم دادگه‌یە بە داواکارییەکانى خۆیه‌وه‌ سەرقاڵ بکات. ئەمەیش بە خاڵێکى لاوازى هەرێم کوردستان هەژمار دەکرێت.

ئەمەى خوارەوە خشتەیەکە بەڕوونى ئەوە نیشان دەدات لە نێوان ساڵانى (2005 – 2023) دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى لە عێراق چەند بـڕیاری تایبەت بە هەرێمى کوردستانی دەرکردووە و چەندیان لە بەرژەوەندیى هەرێم بووە و پێگەى هەرێمیش لە هەر داوایەکدا چى بووە:

 

#

ناوەڕۆکى داوا

ژمارە و ساڵى بڕیار

پێگەى هەرێم لە داوا

ئەنجامى بڕیار

1

ناردنى 200 ملیار بۆ هەرێمى کوردستان

(170/اتحادیة/2022)

له‌ (25/1/2023)

لایەن نەبووە

لە دژى هەرێم دەرچوو

2

نادەستووریبوونى ماددە 18 لە یاساى ژمارە 15 ساڵى 2008 تایبەت بە هەموارکردنى یاساى بارى کەسێتیی عێراقى لە هەرێمى کوردستان

(230/اتحادیة/2022)

له‌ (30/11/2022)

-

لە دژى هەرێم دەرچوو

3

نادەستووریبوونى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە هەرێمى کوردستان ژمارە 4 ساڵى 2014

(156 وموحدتها 160/اتحادیة/2022)

له‌ (26/9/2022)

 

داوالێکراو

بەشێکى زۆرى لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان دەرچووە و بەشەکەى تریش لە دژى

4

نادەستووریبوونى ماددە 55 لە یاساى باجى دەرامەت ژمارە 113 ساڵى 1982

(167/اتحادیة/2022)

له‌ (4/9/2022)

 

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

5

نادەستووریبوونى پێڕەوى تۆمارکردنى لق و نووسینگەى کۆمپانیا بیانییەکان و عێراقییەکان لە هەرێمى کوردستان ژمارە 2 ساڵى 2004

(81/اتحادیة/2021)

له‌ (21/8/2022)

داوالێکراو

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

6

هەموارکردنى جێبەجێکردنى هەندێ یاساى تایبەت بە ناوە بازرگانییەکان

(207/اتحادیة/2021)

له‌ (24/7/2022)

داوالێکراو

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

7

پێویستە هەرێـم دەستـوورى هەبێت

(81/اتحادیة/2022)

له‌ (19/6/2022)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

8

مامەڵەنەکردنى حکوومەتى ناوەندى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و داموده‌زگه فەرمییەکانى

(47/اتحادیة/2022)

له‌ (22/5/2022)

داوالێکراو

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

9

نادەستووریبوونى ماددە 46 لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمى کوردستان ژمارە 10 ساڵى 2008

(143/اتحادیة/2018)

له‌ (1/3/2022)

داوالێکراو

لە دژى هەرێم دەرچوو

10

هەناردەکردنى نەوت و گاز لە هەرێمى کوردستان

(59/اتحادیة/2012 وموحدتها 110/اتحادية/2019)

له‌ (15/2/2022)

داوالێکراو

لە دژى هەرێم دەرچوو

11

ڕازیبوونی پەرلەمانى عێراق لەسەر کاندیدبوونى هوشیار زێبارى بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى عێراق

(17/اتحادیة/2022)

له‌ (13/2/2022)

لایەن نەبووە

لە دژى هوشیار زێبارى دەرچوو

12

ڕاگرتنى پڕۆسەى  هەموارکردنى جێبەجێکردنى هەندێ یاساى تایبەت بە ناوە بازرگانییەکان

(207/اتحادیة/أمر ولائي/2021)

له‌ (28/12/2021)

داوالێکراو

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچــوو

13

پەسندنەکردنى ئەنجامەکانى هەندێ لە وێستگەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە هەرێمى کوردستان

(190/اتحادیة/2021)

له‌ (12/12/2021)

-

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

14

پەسندنەکردنى ئەنجامەکانى هەندێ لە وێستگەکان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە هەرێمى کوردستان

(181/اتحادیة/2021)

له‌ (6/12/2021)

-

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

15

پەسندنەکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە شارى هەولێر

(182/اتحادیة/2021)

له‌ (6/12/2021)

-

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

16

جێبەجێکردنى بڕیارى دادگه‌کانى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکانى ترى عێراق

(129/اتحادیة/2021)

له‌ (3/11/2021)

لایـەن نەبووە

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

17

بڕیارى دادگه‌ى تەمییزى هەرێم ژمارە (132/هيئة موسعة/2018) له (17/2/2018)

(104/اتحادیة/2021)

له‌ (5/8/2021)

-

لە بەرژەوەندى بڕیارى دادگه‌ دەرچـوو

18

دامەزراندنى دادگه‌ى تایبەت لە هەرێمى کوردستان بە تاوانەکانى چەکدارەکانى داعش

(71/اتحادیة/2021)

له‌ (13/6/2021)

لایەن نەبووە

لە دژى هەرێم دەرچوو

19

داگرتنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باره‌گای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

ژماره‌ (7/اتحادیة/2019) له‌ ڕێكه‌وتی (16/12/2019)

 

داواکار

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

20

چاره‌نووسی مادده‌ی (140)

ژماره‌ (71/اتحادیة/2019)

له‌ (28/7/2019)

داواى یاسایى نەبووە بەڵکوو ڕوونکردنەوە بووە

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

21

پابه‌ندكردنی حكوومه‌تی ناوه‌ندی له‌ عێراق به‌ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140)ی ده‌ستوور

ژماره‌ (48/اتحادیة/ اعلام/2018)

له‌ (9/12/2018)

داواکار

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

22

به‌پارێزگابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه‌

ژماره‌ (55/اتحادیة/ اعلام/2018)

له‌ (3/4/2018)

داواکار

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

23

ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای ده‌سته‌واژه‌ی

"ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان"

هەردوو بڕیارى ژمارە

(113/اتحادیة/اعلام/2017) له‌  (29/10/2017) و ژماره‌ (43/اتحادیة/إعلام/2018) كه‌ له‌ (11/3/2018)

داواى یاسایى نەبووە بەڵکوو ڕوونکردنەوە بووە

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

24

هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك

ژماره‌ (64 و موحداتها الدعوی 75/اتحادیة/ اعلام/2017)

له‌ (5/2/2018)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

25

پڕۆسەى ڕیفراندۆم

(120/اتحادیة/اعلام/2017)

له‌ (5/11/2017)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

26

پڕۆسەى ڕیفراندۆم

ژماره‌ (122/اتحادیة/2017)

لە (6/11/2017)

داوالێکراو

لە دژى هەرێم دەرچوو

27

پڕۆسەى ڕیفراندۆم

ژماره‌(89، 91، 92، 93/اتحادیة/2017)

له‌ (20/11/2017)

داوالێکراو

لە دژى هەرێم دەرچوو

28

له‌كارلادانی پارێزگاری كه‌ركووك له‌ دوای پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان

ژماره‌ (103/اتحادیة/ اعلام/2017)

له‌ (14/11/2017)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

29

ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای ده‌سته‌واژه‌ی

"ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان"

ژماره‌ (113/اتحادیة/اعلام/2017) له‌ (29/10/2017)

داواى یاسایى نەبووە بەڵکوو ڕوونکردنەوە بووە

لە دژى هەرێم دەرچوو

30

به‌شداریكردنی ئه‌ندامه‌‌ كورده‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌ پڕۆسەى ڕیفراندۆم

ژماره‌ (105/اتحادیة/اعلام/2017) له‌ (11/10/2017)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

31

پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێـمی كوردستان

 

ژماره‌ (146/اتحادیة/ اعلام/2017)

له‌ (11/3/2017)

داوالێکراو

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

32

قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌ زیانپێكه‌وتووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕه‌فتاره‌كانی ڕژێمی به‌عس

ژماره‌ (25/اتحادیة/اعلام/2014) له‌ (28/10/2014)

داواکار

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

33

ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای ده‌سته‌واژه‌ی "گۆڕینی پێكهاته‌ی دانیشتووان"

(65/اتحادیة/2013)

لە (23/7/2013)

داواى یاسایى نەبووە بەڵکوو ڕوونکردنەوە بووە

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

34

ڕوونكردنه‌وه‌ی وشـه‌ی "به ‌ڕاوێــژكردن" كه‌ له مادده‌كانی دەستووردا‌‌ هاتووە

ژماره‌ (29/اتحادیة/2013)

له‌ (6/5/2013)

داواى یاسایى نەبووە بەڵکوو ڕوونکردنەوە بووە

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

35

درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاساییی خولی په‌رله‌مانی كوردستان

ژماره‌ (39/اتحادیة/2009) له‌ (12/10/2009)

داوالێکراو

لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوو

36

دواخستنی سه‌رژمێریی گشتی له‌ پارێزگا‌ی كه‌ركووك

ژماره‌ (57/اتحادیة/2009)

له‌ (16/9/2009)

داواکار

بڕیارى لەسەر نەداوە و ڕەتی کردۆتەوە

 ئەم خشتەى سەرەوە ئەوە نیشان دەدات کە دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى لە عێراق لە ماوەى هەژدە ساڵى تەمەنیدا، لە 36 (سى و شەش) داواى یاساییدا بڕیارى هەبـووە لەسەر هەرێمى کوردستان و پوختەى ئامارى بڕیارەکانیشى بەم شێوەى  خوارەوەیە:  

ساڵى دەرچوونى بڕیار

ژمارەى بڕیارەکان کە لە دژى هەرێم دەرچوون

ژمارەى بڕیارەکان کە لە بەرژەوەندیى هەرێم دەرچوون

ژمارەى داوا ڕەتکراوەکان کە بڕیاریان لەسەر نەدراوە

2023

1

0

0

2022

4

4

2

2021

1

3

3

2019

0

1

1

2018

0

1

3

2017

3

0

4

2014

0

0

1

2013

0

1

1

2009

0

1

1

کۆى گشتى

9

11

16

 

 

 

 

 ئەم ئامارەى سەرەوە ئاماژەیەکى ڕوونە کەوا ئەگەرچى ژمارەى ئەو بڕیارانەى کە لەم دادگه‌یە لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان دەرکراون، زیاترە لەوەى کە لە دژى دەرکراون، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا ویست و ئاراستەى ئەم دادگه‌یەیش نیشان دەدات کە هەنگاو بەرەو دژایەتیکردنى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى كوردستان دەنێت، بەتایبەت لە دواى ساڵى (2017)ەوە؛ ئەمەیش بەڕوونى هەستى پێ دەکرێـت.  

پـاڵنەر و هۆکاری بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵاى فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان چین؟

لە ئێستادا هەست بە پاڵنەرە سیاسییەکانى پشت دەرکردنى بڕیارەکانى دادگه‌ی باڵاى فـیدڕاڵى لە دژى هەرێمى کوردستان دەکرێت؛ بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا هەرێمى کوردستان سەرکەوتوو نەبووە لە نیشاندانى ئەم پاڵنەرە بۆ ڕاى گشتیى نێوخۆیى و عەرەبى و جیهانى، چونکە هیچ کام لەو بڕیارە کاریگەرانەى کە لە دژى هەرێمى کوردستان دەرکراون، لە 3000 (سـێ هـەزار) وشە کەمتر نین، کەچى بەیاننامە فەرمییەکانى هەرێم بۆ نیشاندانى بەسیاسیبوونى ئەم دادگه‌یە، لە 500 (پێنج سەد) وشە تێپەڕ ناکات. ئەم ناهاوسەنگییە خاڵێکى لاوازى ئەداى هەرێمە لە بەرامبەر ئەم دادگه‌یە، چونکە وشە بە وشە و، بیرۆکەى یاسایى بە بیرۆکەى یاسایى، وەڵام دەدرێتەوە کە لە سەنگ و قورسایى و بەڵگەدا هاوشانى بێت.  

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ دادگه‌ی باڵاى فیدراڵیدا بکـات؟

کێشەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە تاوەکوو ئێستا مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکانى ئەم دادگه‌یە دەکات، نەوەک لەگەڵ خودى دادگه‌کە؛ چونکە ئەمانە دوو شتى جیاوازن. بڕیارەکانى ئەم دادگه‌یە یەکلاییکەرەوەن، بۆیە سوودێکى ئەوتۆ بەدی ناکرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارێکى دەرکراو، بەقەد ئەوەى پێویستە تەواوى هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەى لە کاتى دادبینیدا جۆرێک لە گوشارى سیاسى و یاسایى و میدیایى پیادە بکرێت تاوەکوو ئاراستەى بڕیارەکانى دادگه بۆ بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان بگۆڕدرێن. لەم بارەیەوە ئەم پێشنیارانەى خوارەوە دەخەینە ڕوو:

پێشنیارى یەکەم:

پێویستە دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى خەریکى داواکانى هەرێم بێت، نەوەک هەرێم خەریکى بڕیارەکانى ئەم دادگه‌یە بێت! بە دەیان بابەتى گرنگ و ناگرنگ هەیە کە دەکرێت هەرێمى کوردستان کار لەسەر ورووژاندنیان بکات لە ڕێگەى بەرزکردنەوەى داواى یاسایى لە بەردەم دادگه‌ی باڵاى فیدراڵى لە عێراق. سەرقاڵکردنى ئەم دادگه‌یە بە داواکانى هەرێمى کوردستان، جۆرێک لە گوشارى یاسایییە کە دەکرێت هەرێمى کوردستان پیادەى بکات، چونکە لە ئەنجامدا ئەم دادگه‌یە ناتوانێت هەموو داوایەک لە دژى هەرێم یەکلایی بکاتەوە.

لەم بارەیەوە، دەکرێت ئەم گوشارە یاسایییە لەلایەن ده‌زگه فەرمییەکانى هەرێم یان ئەندام پەرلەمانەکانەوە پیادە بکرێت، چونکە تێبینی ده‌كرێت كه‌ بەدەگمەن ئەندام پەرلەمانێکى کورد لە پەرلەمانى عێراق بینراوە داوایەکى یاسایى لە دژى کەسێک یان ده‌زگه‌یەکى فیدڕاڵى لە دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى بەرز کردبێتەوە بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى هەرێم؛ کەچى لە بەرامبەردا، دەبینرێت هەندێ لە ئەندام پەرلەمانە عەرەبەکان (بۆ نموونە "باسم خزعل خشان") بە دەیان داواى یاساییى لە بەردەم ئەم دادگه‌یە بەرز کردۆتەوە بۆ داواکردنى چەندان ماف. بێ گومان هەرێم دەتوانێت لەو ئەندام پەرلەمانە عەرەبە، زیاتر ئەم دادگه‌یە بە داواکانى خۆیه‌وه‌ سەرقاڵ بکات.

پێشنیارى دووەم:

پێویستە گوشار دروست بکرێت بۆ جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ئەو بڕیارانەى کە لەم دادگه‌یە بۆ بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان دەرکراون. بۆ نموونە: بەپێى‌ بڕیاری ژماره‌ (71/اتحادیة/2019) کە له‌ ڕێكه‌وتی (28/7/2019) دەرکراوە، دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا بڕیاری دا به‌ مانه‌وه‌ی مادده‌ی (140) له‌ ده‌ستووری كۆماری عێراق، تا ئه‌و كاته‌ی جێبه‌جی ده‌كرێت، به‌پێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌ مادده‌ (58) له‌ یاسای "به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ری-2004" دیاری كراون و تا ئه‌و كاته‌ی ئامانج له‌ دانانی مادده‌ی‌ (140) دێته‌ دی له‌ هێنانه‌دیی دادپه‌روه‌ری له‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاگواستن و دوورخستنه‌وه‌ و كۆچكردنی به‌زۆری و هێنانی خه‌ڵكانی بێگانه‌ له‌ شوێنیان، ڕووبه‌ڕووی گۆڕینی پێكهاته‌ی دانیشتووان هاتوون‌.

ئەم بڕیارە یەکێکە لەو بڕیارانەى کە دەکرێت داواى یاساییى ترى لەسەر بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەى جۆرێک لە گوشارى یاسایى بخرێتە سەر حکوومەتى ناوەندى لە عێراق، تاوەکوو ئەم ماددەیە جێبەجێ بکات. ئێمە دەزانین کە جێبەجێکردنى ئەم ماددەیە هەروا ئاسان نییە، بەڵام دروستکردنى گوشارى یاسایى بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتى سیاسى، ڕەنگە بەرهەمى لێ بکەوێتەوە.

نموونەى تر، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ نووسراوێكی فه‌رمی له‌ ڕێكه‌وتی (2/7/2013) داوای له‌ دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی كردبوو كه‌ ده‌سته‌واژه‌ی "گۆڕینی پێكهاته‌ی دانیشتووان" ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ بڕگه‌ (سێیه‌م-ب) له‌ مادده‌ (23) له‌ ده‌ستووری كۆماری عێراقدا هاتووه. بۆیە، به‌ بڕیاری ژماره‌ (65/اتحادیة/2013) له‌ ڕێكه‌وتی (23/7/2013) دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی له‌ عێراق بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ڕوون كرده‌وه،‌ كه‌ نابێت ڕێگه‌ به‌ هیچ كه‌سێك و لایه‌نێك و كۆمه‌ڵێك بدرێت ببنه‌ خاوه‌نی زه‌ویوزار، به‌ هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی عێراق، ئه‌گه‌ر هات و ئامانج له‌م خاوه‌ندارێتییه‌ گۆڕینی پێكهاته‌ی دانیشتووان و تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی یان ئایینزایی بێت. تاوەکوو ئێستا هەرێمى کوردستان سوودى لە ناوەڕۆکى ئەم بڕیارە وەرنەگرتووە بۆ ڕێگەگرتن لە دەستدرێژیى عەرەبە هاوەردەکان لەسەر موڵک و ماڵ و سامانى دانیشتووە کوردەکانى ناوچە جێناکۆکەکان. تاوەکوو ئێستا نەمانبینى ئەندام پەرلەمانێکى کورد داوایەکى یاسایى لە بەردەم دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى لە دژى پارێزگارى کەرکووک بەرز بکاتەوە بۆ ئەم مەبەستە!

پێشنیارى سێیەم:

دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى لەسەر هەر بابەتێک بڕیارى دەرکردبێت، ئەوا دووبارە بڕیارى لەسەر ناداتەوە یاخود بڕیارى نوێـتر لەسەر هەمان بابەت دەرناکات. هەر بۆیە پێویستە ئەم بابەتە هەمیشە بورووژێندرێت لەسەر هەر کەیسێکی دادوەرى کە لە دژى هەرێمى کوردستان بجووڵێندرێت. بۆ نموونە: لە ئێستادا داوایەکى یاسایى لە بەردەم دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى بەرز کراوەتەوە لەسەر "درێژکردنەوەى تەمەنى یاساییى خولی ئێستاى په‌رله‌مانی كوردستان". بێ گومان لە ساڵى (2009) ئەم کەیسە خرایە بەردەم ئەم دادگه‌یە، کاتێک "ڕێكخه‌ری گشتیی پێشووى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" داوایه‌كی یاساییی له‌ دژی هه‌ر یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رز كرده‌وه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاساییی خولی پـه‌رله‌مانی كوردستان له‌ (4/6/2009) تاوه‌كوو (25/7/2009)؛ چونكه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ نێوان ئه‌م دوو ماوه‌یه‌دا دوو كاری سه‌ره‌كیی ئه‌نجام دابوو،‌ كه‌ بریتی بوون له‌: "په‌سه‌ندكردنی ژمێركاریی كۆتاییی هه‌رێم" و "په‌سندكردنی پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری هه‌ر‌ێمی كوردستان". به‌ بۆچوونی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان‌ ئه‌م دوو كاره‌ سه‌ره‌كییه‌‌، نابێت له‌ ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی خولی په‌رله‌مان‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵكوو پێویسته‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانی نوێی هه‌ڵبژێردراوه‌وه‌‌.

دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵی له‌ عێراق به‌ بڕیاری ژماره‌ (39/اتحادیة/2009) له‌ ڕێكه‌وتی (12/10/2009)، بڕیاری دا به‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكاریی ڕێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و په‌سندكردنی پڕۆسه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی ئه‌وكاتی په‌رله‌مانی كوردستان و، هه‌روه‌ها به‌ڕاستزانینی گشت ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی درێژكرنه‌وه‌دا ده‌رچوون. پاساوی دادگه‌ی باڵا له‌م بڕیاره‌دا به‌م شێوه‌یه‌ بوو: "نه‌بوونی ده‌قێكی یاسایی بۆ ڕێكخستنی بابه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی یاساییی په‌رله‌مان له‌نێو یاسای په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی (1992)، نابێته‌ ڕێگر له ‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان كه‌  به‌ بڕیارێك ئه‌م‌ بابه‌ته‌ ڕێك بخات." هەر بۆیە، پێویستە ئەم بابەتە لە هەموو ڕاگەیاندنەکان، کوردى و عەرەبى و جیهانییەکان، باسى لێوە بکرێت بۆ ئەوەى گوشار بخرێتە سەر ئەم دادگه‌یە بۆ ئەوەى لەژێر پاڵنەرى سیاسیدا بڕیارى ترى نـوێ دەرنەکات، چونکە بەداخەوە ئەوەى تێبینى دەکـرێت ئەوەیە کە، ئەم باسکردنە پشتگوێ خراوە!

پێشنیارى چوارەم:

ئامادەکردنى تیمێکى یاساییى شارەزا، کە خۆیان تەرخان کردبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى، بووەتە پێویستییەکى هەنووکەیى و، ناکرێت هەرێمى کوردستان پشت بە تیمێکى پارێـزەر ببەستێت کە کارى ڕۆژانەى کەسان و خەڵکانى تریشیان لە ئەستۆ بێت؛ بەڵکوو پێویستە کارى تر نەکەن و تەنیا خەریـکى ئەوە بن کە چـۆن و بە چ شێـوازێک مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانى ئەم دادگه‌یە بکەن. بێ گومان، کۆبوونەوەى زیاتر و گەڕانى زیاتر بە دواى بەڵگەکان و وەرگرتنى دید و بۆچوونى شارەزایان و کۆکردنەوەى ئاراستەکان و شیکرنەوەی ئەگەرەکان پێویستیان بە کات هەیە، بۆیە ناکرێت تیمى پارێزەرەکان بە کارى تــرەوە سەرقاڵ بن؛ ئەمە جگە لەوەى ئامادەبوونى پارێزەرەکان لە بەردەم ده‌زگه‌کانى ڕاگەیاندن بەپێویست دەزانین بۆ دروستکردنى ڕاى گشتى.

پێشنیارى پێـنجەم:

کێشەى گەورەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کە لە کاتى بەڕێوەچوونى دادبینییەکانى ئەم دادگه‌یە لەمەڕ بابەتەکانى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان، هیچ جۆرە گوشارێکى میدیایى دروست ناکات. ئەمەیش بە بۆچوونى ئێمە خاڵێکى لاوازە، چونکە پێویستە لە ڕێگەى شارەزایان و تیمى پارێزەران و سیاسەتمەدارەکان گوشارێکى میدیایى لەسەر ئەم دادگه‌یە دروست بکرێت و ڕاى گشتى لە نێوخۆى هەرێم و لە دەرەوەى هەرێم دروست بکرێت بەو ئاراستەى کە لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستان بێت، بۆ ئەوەى ئەم دادگه‌یە هەمیشە لەژێر گوشارى میدیایى بێت و نەتوانێت بەسانایى بڕیارەکانى لە دژى هەرێم دەربکات. بێ گومان ئەم گوشارە، پێویستە لە کاتى دادبینیدا پیادە بکرێت، چونکە لە دواى دەرکردنى بڕیار هیچ سوودێکى نییە. ئەوەى تێبینى دەکرێت ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان گوشارى میدیایى پیادە دەکات لە دواى دەرچوونى بڕیار لـەم دادگه‌یە؛ ئەمەیش هەڵەیەکى زەقە و هیچ سوودێکى نییە و، پێویستە ئەو ئاراستەیە بگۆڕدرێت.

پێشنیارى شەشـەم:

پێویستە هەرێم هەمیشە ئەوەى لە خەیاڵ بێت کە دادگه‌یەکى گرنگ و یەکلاییکەرەوە لە عێراق هەیە بڕیارەکانى لە دژى هەرێم دەردەکات؛ بۆیە پێویستە لەسەر داموده‌زگه فەرمییەکانى هەرێمى کوردستان هەموو هەنگاوەکانیان لەگەڵ ده‌زگه فەرمییە فیدڕاڵییەکانى عێراق، پشتئەستوور بکەن بە بنەماى یاساییى تۆکمە، کە ڕێگە بگرێت لە هەر هەوڵێک بۆ ڕاگرتنى ئەم هەنگاوانە لە ڕێگەى دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵییەوە. بێ گومان ئەم بابەتە پێویستى بە تیمێکى یاسایى و سیاسى و ئابووریى شارەزا هەیە بۆ ئەوەى لە هەنگاوەکاندا هەموو ئەو کەلێنە یاسایی و سیاسى و ئابوورییانە دەستنیشان بکرێت کە ڕەنگە لە داهاتوودا لە دژى هەرێمى کوردستان بەکار بهێنرێن.

پێشنیارى حەفـتەم:

پێویستە پەلە نەکرێت لە دەرکردنى بەیاننامەى ناڕەزایى لە دژى هەر بڕیارێک کە لەم دادگه‌یە لە دژى هەرێمى کوردستان دەردەکرێت تاوەکوو تیمى یاسایى و سیاسى و ئابوورى ڕاپۆرتى خۆیان بۆ شیکردنەوەى ئەگەرەکان و چۆنێتیی وەڵامدانەوەى وشە بە وشە پێشکەش دەکەن.

ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکى ترەوە، بەپێى ماددە (2) لە یاساى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان-عێراق ژمارە (1) بۆ ساڵى (2005)، سەرۆکى هەرێم نوێنەرایەتیى هەرێم دەکات و ئەڵقەى هەماهەنگییە له‌ نێوان ده‌ســـه‌ڵاته‌ فەرمییە فیدراڵییه‌كان و ده‌ســــه‌ڵاته‌ فەرمییەکانى هه‌رێمى کوردستان و؛ ئەمەیش ئاماژەیەکى یاساییى ڕوونە کە پێویستە تەنیا سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بەیاننامە دەربکات لە بەرامبەر بڕیارەکانى ئەم دادگه‌یە، نەوەک لە هەرێم سێ بەیاننامە دەربکرێت.

پێشنیارى هەشتەم:

پێویستە هەرێمى کوردستان دووفاقـیى دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى لە سەیرکردنى داوا یاسایییەکان بۆ ڕاى گشتیی نێوخۆیى و عەرەبى و جیهانى نیشان بدات، کە هەر کاتێک بیەوێت سەیرى داوایەک بکات، ئەوا سەیرى دەکات بێ ئەوەى ڕەچاوى ئەو پسپۆڕییە بکات کە بەپێى دەستوور بۆى دیاری کراوە؛ هەروەها هەر کاتێکیش نەیەوێت سەیرى داوایەک بکات، ئەوا ڕەتی دەکاتەوە هەتا ئەگەر بچێتە ژێر بارى پسپۆرییەکەى کە بە هەمان دەستوور دیاری کراوە.

نموونە لەم بارەیەوە زۆرن وەک: كێشه‌ی به‌پارێزگابوونی شاری هه‌ڵه‌بجه‌؛ کە دادگه‌ی باڵاى فیدڕاڵى بڕیاری ژماره‌ (55/اتحادیة/ اعلام/2018) له‌ ڕێكه‌وتی (3/4/2018) دەرکردووە بە ڕەتکردنەوەى داواکە بە بیانووى نەبوونى پسپۆڕى، کەچى لە بنەڕەتدا دادگه‌ی باڵا ده‌سه‌ڵاتی سه‌یركردنی ئه‌م داوایه‌ی هه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌یویستووه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بدات. یاخود خۆدزینەوە بە بیانووى نەبوونى پسپۆڕى لە ڕوونكردنه‌وه‌ی وشـه‌ی "به ‌ڕاوێژكردن – بالتشاور" كه‌ له مادده‌كانی دەستوورى عێراقى تایبه‌ت به‌‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا هاتووه‌؛ هەروەک لە بڕیاری ژماره‌ (29/اتحادیة/2013) له‌ ڕێكه‌وتی (6/5/2013) ئاماژەى بۆ کراوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples