پەیـڕەوە دەرنەكراوەکان لە نێوان سـاڵانى (2000 - 2022)

ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا، دكتۆرا له‌ یاسا - مامۆستا له كۆلێژی یاسا/‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین

پێشەکى

ئەو ڕێسا و یاسایانەى کە بۆ ڕێکخستنى کۆمەڵگە و کاروبارى کەسەکانى نێو کۆمەڵگە دەردەکرێن، بۆ شەش جۆرى سەرەکى دابەش دەکرێن؛ ئەمەیش لە زانستى یاسادا بە ڕیزبەندى یاسایى ناوزەد دەکرێت. ڕێسا یاسایییەکان بەپێى هێزى جێبەجێکردن و ئەو لایەنەى کە دەری دەکات، بەم شێوەى خوارەوە ڕیزبەند کراون:

  1. دەستوور– لە زۆرترین باردا لەلایەن جەماوەرەوە دەنگى لەسەر دەدرێت.
  2. یاسا– لەلایەن دەسەڵاتى یاسادانان (پەرلەمان)ەوە دەردەکرێت.
  3. پەیڕەو– لەلایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردن (ئەنجومەنى وەزیران)ەوە دەردەکرێت.
  4. ڕێنوێنى– لەلایەن وەزارەتەکان و فەرمانگە فەرمییەکانى ترەوە دەردەکرێن.
  5. پەیـڕەوى ناوخۆ– لەلایەن فەرمانگە فەرمی و نافەرمییەکانەوە دەردەکرێت.
  6. بـڕیـار– کە لەلایەن فەرمانگە فەرمییەکانەوە دەردەکـرێت.

بابەتى لێکۆڵینەوەى ئێمە ئەو پەیڕەوانەیە کە دەسەڵاتى جێبەجێکردن (ئەنجومەنى وەزیران) دەری دەکات. بە شێوەیەکى گشتى، پەیڕەو بۆ سێ مەبەستى سەرەکى دەردەکرێت: یەکەمیان، ڕێکخستنى بابەتێک کە بە یاساکانى پەرلەمان ڕێک نەخراوە. دووەمیان، ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکى یاسایه‌ک کە لە پەرلەمانە و دەرکـراوە. سێیەمیان، ئاسانکردنى جێبەجێکردنی یاسایه‌ک کە لە پەرلەمانەوە دەرکراوە.

پەیڕەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران لە ڕیزبەندى یاسایییەوە لە پلەى سێیەم دێت، بۆیە دەق و بڕگە و ماددەکانى پەیڕەو، نابێت پێچەوانەى دەق و بڕگە و ماددەکانى دەستوور یان ئەو یاسایانە بن کە لە پەرلەمانەوە دەردەکرێن، (یان) هەمواریان بکاتەوە (یان) چوارچێوەى جێبەجێکردنیان فراوان یان تەسک بکاتەوە، (یان) حوکمى نوێ بخاتە نێو بڕگە و ماددەکانیان؛ بەپێچەوانە بە پـووچـەڵ دادەنرێن و قابیلى جێبەجێکردن نابن.

پەیڕەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران لە هەرێمى کوردستان

ئەوەى تایبەتە بە هەرێمى کوردستان، بەپێى بڕگە (3) لە ماددە (8) لە یاساى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان-عێراق ژمارە (3)ى ساڵى (1992)، ئەنجومەنى وەزیران دەسەڵاتى ئامادەکردن و دەرکردنى پەیڕەوى هەیە بۆ ئەو سێ مەبەستەى کە لە سەرەوەدا ئاماژەمان بۆی کردووە.

لە نێوان ساڵانى (2000 – 2022) ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان چەندان پەیڕەوى دەرکردووە و لە "ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان" بڵاو کراوەتەوە. ئەم پەیڕەوانەیش لە ڕووى پاڵنەرى دەرکردنیانەوە بۆ سێ جۆر دابەش دەکرێن:

  1. ئەو پەیڕەوانەى کە دەرکراون بۆ ڕێکخستنى بابەتێک کە بە یاساى پەرلەمان ڕێک نەخراوە. کەواتە هیچ ماددەیەک لەنێو یاساکانى پەرلەمان نەبووە کە داوا لە ئەنجومەنى وەزیران بکات ئەم پەیڕەوە دەربکات.
  2. ئەو پەیڕەوانەى کە دەرکراون لەبەر ئەوەى بەپێى دەقێکى نێو یاساى پەرلەمانەوە، ئەنجومەنى وەزیران پابەند کراوە کە ئەم پەیڕەوە دەربکات.
  3. ئەو پەیڕەوانەى کە دەرکراون لەبەر ئەوەى بەپێى دەقێکى نێو یاساى پەرلەمانەوە، ئەنجومەنى وەزیران سەرپشک کراوە کە ئەم پەیڕەوە دەربکـات.

ئەوەى ئێمە مەبەستمانە لەم وتارەدا تیشکى بخەینە سەر بریتییە لە جۆرى دووەم؛ واتا ئەو پەیڕەوانەى کە دەرکراون لەبەر ئەوەى بەپێى یاسا، پێویستە ئەنجومەنى وەزیران ئەم پەیڕەوانە دەربکات. بەپێى ئەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەى کە کردوومانە لە چوارچێوەى ئەو یاسا و پەیڕەوانەى لە ڕۆژنامەى فەرمیى وەقایعى کوردستان لە (22) ساڵى ڕابردوو لە نێوان ساڵانى (2000 – 2022) بڵاو کراوەتەوە، بۆمان دەرکەوتووە کەوا چەندان پەیڕەو تاوەکوو ئێستا دەرنەکراوەن سەرەڕاى ئەوەى ئەنجومەنى وەزیران بەپێى یاسا پابەند کراوە بە دەرکردنیان، بەڵام لە دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە ساڵێک پەیڕەوەکان دەرکراون؛ ئەمە جگە لە هەندێ حاڵەتى تر کە پەیڕەوەکان بە شێوەیەکى ڕێکوپێک و لە کاتێکى گونجاودا دەرکراون.

ئەم داتا و ئامارانەى کە لە خوارەوە هاتوون، هەوڵێکى ئەکادیمییانەیە بۆ بیرخستنەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کە هەندێ پەیڕەو هەیە، پێویستە بەپێى یاسا دەربکرێن، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون بۆ ئەوەى کار لەسەر دەرکردنیان بکات؛ ئەمە جگە لە نیشاندانى ئەو پەیڕەوانەى کە درەنگ دەرکراون یاخود لە کاتى گونجاودا دەکراون.

یەکەم - ئەو پەیڕەوانەى کە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو پەیڕەوانەى کە تاوەکوو ئێستا ئەنجومەنى وەزیران دەری نەکردوون، سەرەڕاى هەبوونى دەقى یاسایى بە پابەندکردنى ئەنجومەنى وەزیران بە دەرکردنى ئەم پەیڕەوانە:

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (7) لە یاساى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ژمارە (14)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (69) لە ڕێکەوتى (8ی تەمووزی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە([1]). ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن، جگە لە فەرمانگەى چاکسازیى کۆمەڵایەتى نەبێت؛ چونکە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەم فەرمانگەیە بەپێى پەیڕەوى ژمارە (1)ى ساڵى (2008) ڕێک خراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (84) لە ڕێکەوتى (7ی نیسانی 2008) بڵاو کراوەتەوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ژمارە (18)ى ساڵى (2006) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (66) لە ڕێکەوتى (23ی نیسانی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە([2]) ، ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

بە مەبەستى پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هەڵساوە بە دەرکردنى پەیڕەوى ناوخۆى وەزارەت ژمارە (1)ى ساڵى (2018) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (231) لە ڕێکەوتى (6ی کانوونى یەکەمی 2018) بڵاو کراوەتەوە، بێ گومان ئەم پەیڕەوە ناوخۆیەى کە وەزارەت دەری کردووە هیچ بنەمایەکى یاساییى نییە، چونکە ئەم کارە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى پلاندانان

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى پلاندانان ژمارە (7)ى ساڵى (2006) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (63) لە ڕێکەوتى (21ی کانوونى دووەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى پلاندانان پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکــراوان

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (11) لە یاساى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ژمارە (8)ى ساڵى (2006) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (63) لە ڕێکەوتى (21ی کانوونى دووەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى مووچەى ئەو کەسەى کە زیاتر لە کەسێک لەناو خێـزانەکەیدا شەهید بووە

بەپێى بڕگە (یەکەم - 1) لە ماددە (7) لە یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهید و ئەنفالکراوان ژمارە (9)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (67) لە ڕێکەوتى (1ی تەمووز 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى مووچەى ئەو کەسەى کە زیاتر لە کەسێک لەناو خێزانەکەیدا شەهید بووە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى دەزگەى گشتیى مین

بەپێى ماددە (18) لە یاساى دەزگەى گشتیى مین ژمارە (10)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (68) لە ڕێکەوتى (2ی تەمووزی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم دەزگەیە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى دەزگەى گشتیى مین پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (6) لە یاساى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى ژمارە (11)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (69) لە ڕێکەوتى (8ی تەمووزی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى تەندروستى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (6) لە یاساى وەزارەتى تەندروستى ژمارە (15)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (70) لە ڕێکەوتى (15ی تەمووزی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى تەندروستى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان ژمارە (27)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (72) لە ڕێکەوتى (15ی ئابی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى داد

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (9) لە یاساى وەزارەتى داد ژمارە (13)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (74) لە ڕێکەوتى (25ی تشرینى یەکەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى داد پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایى بکەن.

بە مەبەستى پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە، وەزارەتى داد لە ساڵى (2017) هەڵساوە بە دەرکردنى چەند پەیڕەوێکى ناوخۆ بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەت. بێ گومان ئەم پەیڕەوە ناوخۆیانەى کە وەزارەت دەری کردوون هیچ بنەمایەکى یاسایییان نییە، چونکە ئەم کارە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت. ئەو پەیڕەوە ناوخۆیانەى کە وەزارەتى داد لە دەرەوەى یاسادا دەری کردوون بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى وەزارەتى داد ژمارە (1)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (207) لە ڕێکەوتى (30ی ئاداری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  • پەیڕەوى ناوخۆى نووسینگەى وەزیرى داد ژمارە (2)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (207) لە ڕێکەوتى (30ی ئاداری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  • پەیڕەوى ناوخۆى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى داد ژمارە (3)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (207) لە ڕێکەوتى (30ی ئاداری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  • پەیڕەوى ناوخۆى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایى ژمارە (4)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (207) لە ڕێکەوتى (30ی ئاداری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  • پەیڕەوى ناوخۆى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تۆمارکردنى خانووبەرە ژمارە (5)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (210) لە ڕێکەوتى (11ی ئایاری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  • پەیڕەوى ناوخۆى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى فەرمانگەکانى داد ژمارە (6)ى ساڵى (2017) لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (211) لە ڕێکەوتى (31ی ئایاری 2017) بڵاو کراوەتەوە.
  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ڕێزلێنانى شەهیدانى شۆڕش و کەمئەندامان لە دواى 5ى ئاداری 1991

بەپێى ماددە (6) لە یاساى ڕێزلێنانى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان-عێراق) ژمارە (33)ى ساڵى (2007) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (78) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونى دووەمی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ڕێزلێنانى شەهیدانى شۆڕش و کەمئەندامان لە دواى 5ى ئاداری 1991 دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى دابینکـردنى خانووى نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان

بەپێى ماددە (9) لە یاساى دابینکردنى خانووى نیشتەجێبوون بۆ دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان ژمارە (7)ى ساڵى (2008) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (88) لە ڕێکەوتى (15ی تەمووزی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

بۆ پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە و بە مەبەستى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕێنماییى ژمارە (1)ى ساڵى (2012)ی ده‌ركردووه‌ کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (149) لە ڕێکەوتى (13ی ئەیلوولی 2012) بڵاو کراوەتەوە. ئەم ڕێنمایییە پاڵپشتە بە ماددە (9) لە هەمان یاساى ئاماژەپێکراو، بەڵام تێبینى دەکرێت ئەم ڕێنمایییە لە دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە (4) ساڵ بەسەر دەرچوونى یاساى ئاماژەپێکراو ئینجا دەرکراوە؛ کە ئەمەیش ماوەیەکى یەکجار زۆرە بۆ ڕێکخستنى بابەتێک. 

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (45) لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارە (10)ى ساڵى (2008) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (90) لە ڕێکەوتى (11ی ئابی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوەکانى تایبەت بە خوێنـدنى باڵا

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (45) لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارە (10)ى ساڵى (2008) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (90) لە ڕێکەوتى (11ی ئابی 2008) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران کۆمەڵێک پەیڕەو دەربکات بۆ ڕێکخستنى چەند بابەتێکى پەیوەست بە خوێندنى باڵا، بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوانە دەرنەکراون([3]). بابەتەکانیش بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • ڕابەریکردنى قوتابیان و ئاراستەکردنیان لە ڕووى زانستى و پەروەردەیى و کۆمەڵایەتى و هزرییه‌وه‌.
  • دەستنیشانکردنى ئەرک و بەرزەفتکردنى قوتابیان.
  • ناردنه‌دەرەوەى قوتابی بۆ خوێندن و زەمالەکان.
  • بەرزکردنەوەى پلەى زانستیى مامۆستایانى زانکۆ.
  • یارمەتیدانى توێژینەوەى زانستى و دانان و وەرگێڕان.
  • هەیکەلى کارى ئەندامانى دەستەى وانەگوتنەوە.
  • خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا).
  • مەرجەکانى کردنەوەى دەزگه‌ زانستییە باڵاکانى ئەهلى.

بە مەبەستى پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەروەها زانکۆکانیش، چەند ڕێنمایییەکیان بۆ ڕێکخستنى ئەم بابەتانەى سەرەوە ده‌ركردووه‌، کە لە ڕاستیدا ئەم ڕێنمایییانە یاسایى نین، چونکە بەپێى یاسا پێویستە ئەم بابەتانە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت نەوەک بە ڕێنماییى وەزارەت. نموونەى ئەم ڕێنمایییە نایاسایییانەیش، وەک:

  • ڕێنماییى بەرزکردنەوەى پلەى زانستیى مامۆستایان کە وەزارەتى خوێندنى باڵا بە فەرمانى وەزاریى ژمارە (1312) لە ڕێکەوتى (15ی تشرینی دووەمی 2016) دەری کردووە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
  • ڕێنـمایییەکانى خوێندنى باڵا (ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا) کە لە ساڵى (2015)ەوە دەست بە دەرکردنیان کراوە و لە ژمارە جیاجیاکانى ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو کراوەتەوە و، چەندان جار ئیلغا یان هەموارکردنى بەسەردا هاتووە کە دواهەمینیان بریتییە لە ڕێنماییى خوێندنى باڵا / ماستەر ژمارە (5)ى ساڵى (2019) و، ڕێنماییى خوێندنى باڵا / دکتۆرا ژمارە (6)ى ساڵى (2019)، و ڕێنماییى خوێندنى باڵا / دبلۆمى باڵا یەک ساڵە ژمارە (7)ى ساڵى (2019). هەرسێ ڕێنمایى لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (234) لە ڕێکەوتى (20ی تشرینى دووەم 2019) بڵاو کراونەتەوە و چەندان جاریش هەموار کراونەتەوە.
  • ڕێنماییى دەستنیشانکردنى ئەرک و بەرزەفتکردنى قوتابیان ژمارە (2)ى ساڵى (2009) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە، سەرەڕاى ئەوەى لە ماددە (13)ى ئەم ڕێنمایییەدا هاتووە کە ئەم ڕێنمایییە لە ساڵى خوێندنى (2008 – 2009) بەدواوە و لە دواى بڵاوکردنەوەى لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
  • ڕێنماییى کردنەوەى لقى زانکۆى نێودەوڵەتى لە هەرێمى کوردستان-عێراق ژمارە (1)ى ساڵى (2019) کە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەری کردووە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (237) لە ڕێکەوتى (20ی حوزەیرانی 2019) بڵاو کراوەتەوە.
  • ڕێنماییى سەنتەرەکانى توێژینەوەى زانستیى ناحکوومى ژمارە (6)ى ساڵى (2016) کە وەزارەتى خوێندنى باڵا دەری کردووە و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (200) لە ڕێکەوتى (30ی حوزەیرانی 2016) بڵاو کراوەتەوە.
  • ڕێنماییى دانان و وەرگێڕانى کتێب کە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەریان کردووە و جێبەجێى دەکەن.

    15.پەیـڕەوى دیاریکردنى ڕسووماتى بەکارهێنانى فڕۆکەخانەکانى هەرێـمى کوردستان

    بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (14) لە یاساى دەزگه‌ى فڕۆکەخانەکانى شارستانیى هەرێمى کوردستان-عێراق ژمارە (18)ى ساڵى (2008) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (96) لە ڕێکەوتى (26ی کانوونى دووەمی 2009) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک دەربکات بۆ دیاریکردنى ئەو ڕسووماتانەى کە وەردەگیرێن لە بەرامبەر بەکارهێنانى فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستان، یان لە بەرامبەر پێشکەشکردنى ئاسانکارییەکانى فڕۆکەوانیى ئاسمانى و خزمەتگوزاریى جووڵانەوەى ئاسمانى؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە: لە ئێستادا، پاڵپشت بە چ بنەمایەکى یاسایی ئەم ڕسووماتانە وەردەگیرێن؟!

    بۆ پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵساوە بە بەركاركردنی پەیڕەوی كرێیەكان لە فڕۆكەخانە شارستانییەكان (نظام أجور المطارات المدنیة) ژمارە (5) ی ساڵی (2008) فیدڕاڵیی عێراقی لە هەرێمی كوردستان ئەمیش بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (84) لە ساڵی (2016) كە لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان ژمارە (199) لە ڕێكەوتی (23/6/2016) بڵاو كراوەتەوە.

    بێ گومان بەرکارکردنى ئەم پەیڕەوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە کارێکە پێچەوانەى حوکمى یاسایە، چونکە بەرکارکردنى یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایییە فیدڕاڵییەکان لە هەرێمى کوردستان لە دەسەڵاتى پەرلەمانە نەوەک ئەنجومەنى وەزیران، ئەمیش بەپێى بڕیارى ژمارە (11)ى پەرلەمانى کوردستان کە لە ڕێكه‌وتی (31/8/1992) دەركراوە و، بـەپێى ئەم بڕيارە هەر یاسایـەك ياخود پەیڕەوێك ياخود ڕێنمایییەک كە لە دواى ڕێكه‌وتی (23/10/1991) لەلایەن دەسەڵاتدارانى حكوومەتى ناوه‌ندیی عێراقەوە دەركرابێت، ئەوا پێويستى بە ڕەزامەندیى پەرلەمانى كوردستان هەيە بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و كاری پێ بكرێت.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى ناوخۆ

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (4) لە یاساى وەزارەتى ناوخۆ ژمارە (6)ى ساڵى (2009) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (101) لە ڕێکەوتى (22ی حوزەیرانی 2009) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى ناوخۆ پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى دەستەى گشتیى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان

بەپێى ماددە (8) لە یاساى دەستەى گشتیى هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە، ژمارە (2)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (114) لە ڕێکەوتى (2ی ئابی 2010) بڵاو کراوەتەوە، ئەنجومەنى وەزیران سەرپشکە کە پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم دەستەیە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە

بەپێى ماددە (9) لە یاساى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە ژمارە (3)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (114) لە ڕێکەوتى (2ی ئابی 2010) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم دەستەیە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى دارایى و ئابوورى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (17) لە یاساى وەزارەتى دارایى و ئابوورى ژمارە (5)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (115) لە ڕێکەوتى (9ی ئابی 2010) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى دارایى و ئابوورى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیـڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ژمارە (6)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (115) لە ڕێکەوتى (9ی ئابی 2010) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (6) لە یاساى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى ژمارە (10)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (116) لە ڕێکەوتى (16ی ئابی 2010) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (7) لە یاساى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار ژمارە (12)ى ساڵى (2010) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (121) لە ڕێکەوتى (24ی کانوونى دووەمی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان

بەپێى بڕگە (2) لە ماددە (5) لە یاساى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان-عێراق ژمارە (4)ى ساڵى (2011) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (127) لە ڕێکەوتى (5ی حوزەیرانی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەنجومەنى ئاسایش دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى ئەنجومەنى ئاسایش پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان ژمـارە (12)ى ساڵى (2011) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (133) لە ڕێکەوتى (15ی ئابی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوان پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن

بەپێى بڕگە (2) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن ژمـارە (19)ى ساڵى (2011) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (138) لە ڕێکەوتى (1ی کانوونى یەکەمی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى نێو ئەم وەزارەتە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە. ئەمەیش ماناى ئەوەیە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەشە کارگێڕییەکانى وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن پێویستییان بە بنەماى یاسایییە بۆ ئەوەى کارەکانیان ڕایـى بکەن.

  1. پەیڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى یەکەمین هەموارکردنى یاساى دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان

بەپێى ماددە (7) لە یاساى ژمارە (16)ى ساڵى (2011) یەکەمین هەموارکردنى یاساى دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان ژمارە (7)ى ساڵى (2008)، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (136) لە ڕێکەوتى (31ی تشرینى یەکەمی 2011) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى ئەم یاسایە دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى سندووقى چاودێریکردن و شیاندنى کەسانى کەمئەندام و خاوەن پێداویستیى تایبەت

بەپێى بڕگە (3) لە ماددە (4) لە یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەن پێداویستیى تایبەت ژمارە (22)ى ساڵى (2011) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (141) لە ڕێکەوتى (26ی کانوونى دووەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک دەربکات بۆ دامەزراندنى سندووقى چاودێریکردن و شیاندنى کەسانى کەمئەندام و خاوەن پێداویستیى تایبەت؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوەکانى یاساى ژمارە (8)ى ساڵى (2012) تایبەت بە بوودجەى گشتیى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى داراییى (2012) - ئیلغاکراو

بەپێى هەردوو ماددەى (40) و (41) لە یاساى ژمارە (8)ى ساڵى (2012) تایبەت بە بوودجەى گشتیى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى داراییى (2012) – ئیلغاکراو، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (147) لە ڕێکەوتى (1ی تەمووزی 2012) بڵاو کراوەتەوە، دەبوایە ئەنجومەنى وەزیران دوو پەیڕەوى بۆ ڕێکخستنى دوو بابەت دەربکردبایە؛ بەڵام ئەم دوو پەیڕەوە دەرنەکران سەرەڕاى تەواوبوونى وادەى کارکردن بە یاساى ئاماژەپێکراو. ئەم دوو بابەتەیش بریتین لە:

  • دەرکردنى پەیڕەوێکى یەکگرتوو بۆ ڕێکخستنى دەرماڵەى فەرمانبەرانى هەرێم بە ئامانجى بەدیهێنانى مەوزووعییەت و دادپەروەرى و یەکسانى و، هەروەها بەدیهێنانى یەکسانى لەگەڵ هاوشێوەکانیان لە بەغدا.
  • دەرکردنى پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى کارکردن بە پڕه‌نسیپى لامەرکەزی لە کاتى تەمویلکردنى وەزارەتەکان بەپێى یاساى بوودجەى ساڵى (2012).

ئەوەى شایەنى ئاماژەپێکردنە، هەمان تێبینى دووبارە دەبێتەوە لە یاساى ژمارە (1)ى ساڵى (2013) تایبەت بە بوودجەى گشتیى هەرێمى کوردستان کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (158) لە ڕێکەوتى (3ی ئاداری 2013) بڵاو کراوەتەوە.

  1. پەیڕەوەکانى یاساى بەخشینى نازناوى زانستى و بەرزکردنەوەى پلەى زانستى بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا کە لە دەرەوەى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خزمەت دەکەن

بەپێى هەردوو ماددەى (2) و (3) لە یاساى ژمارە (9)ى ساڵى (2012) تایبەت بە بەخشینى نازناوى زانستى و بەرزکردنەوەى پلەى زانستى بۆ هەڵگرانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا کە لە دەرەوەى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خزمەت دەکەن، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (150) لە ڕێکەوتى (18ی تشرینى یەکەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران دوو پەیڕەو بۆ ڕێکخستنى دوو بابەت دەربکات؛ بەڵام ئەم دوو پەیڕەوە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون. ئـەم دوو بابەتەیش بریتین لە:

  • دەرکردنى پەیڕەوێک بۆ بەخشینى نازناوى زانستى و بەرزکردنەوەى پلەى زانستى.
  • دەرکردنى پەیڕەوێک بۆ دیاریکردنى شایستەبوونى دەرماڵەى نازناوى زانستى.

لەژێر ڕۆشناییى دەرنەکردنى ئەم دوو پەیڕەوە، کەواتە دەرکردنى ڕێنماییى وەزارى بۆ پێدانى نازناوی زانستى یان دەرماڵەى نازناوى زانستى بەو کەسانەى کە هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر یان دکتۆران و لە دەرەوەى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا خزمەت دەکەن، کارێکە پێچەوانەى حوکمى یاسایە، چونکە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت.

  1. پەیڕەوەکانى تایبەت بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکان

بەپێى ماددە (14) لە یاساى قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکان ژمارە (14)ى ساڵى (2012) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (153) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونى یەکەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران کۆمەڵێک پەیڕەو دەربکات بۆ ڕێکخستنى چەند بابەتێکى پەیوەست بە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکوومییەکان؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوانە دەرنەکراون. بابەتەکانیش بریتین لەمانەى خوارەوە:

  • ساڵنامەى خوێندن و تاقیکردنەوەکان.
  • بنەما و شێوازەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان.
  • پشووە فەرمى و پەروەردەیییەکان.
  • وەرگرتنى قوتابیان و نوێکردنەوەى تۆمارى ساڵانەیان.
  • کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستا و فەرمانبەران و چۆنێتیی سەرپەرشتیکردنى ئەم خولانە.

لەژێر ڕۆشناییى دەرنەکردنى ئەم پەیڕەوانە، کەواتە دەرکردنى ڕێنماییى وەزارى بۆ ڕێکخستنى ئەم بابەتانە، کارێکە پێچەوانەى حوکمى یاسایە، چونکە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێن.

  1. پەیڕەوى ناونانى شارى سلێمانى بە پایتەختى ڕۆشنبیرى

بەپێى بڕگە (3) لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە (14)ى ساڵى (2012) تایبەت بە ناونانى "شارى سلێمانى" بە "پایتەختى ڕۆشنبیرى"، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (153) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونى یەکەمی 2012) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (19) لە یاساى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى ژمارە (3)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (162) لە ڕێکەوتى (9ی ئایاری 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى کێبڕکێ و قەدەغەکردنى قۆرخکارى دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ئەنجومەنى تەندروستیى دەروونى

بەپێى بڕگە (دووەم) لە ماددە (4) لە یاساى تەندروستیى دەروونى ژمارە (8)ى ساڵى (2013) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (165) لە ڕێکەوتى (26ی حوزەیرانی 2013) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک دەربکات بۆ ڕێکخستنى کارى ئەنجومەنى تەندروستیى دەروونى و کۆبوونەوەکانى و چۆنێتیی وەرگرتنى بڕیارەکان تیایدا؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

بۆ پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە و بە مەبەستى ڕێکخستنى کار و کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى تەندروستیى دەروونى، وەزارەتى تەندروستى پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى تەندروستیى دەروونى ژمارە (1)ى ساڵى (2018)ی ده‌ركردووه‌، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (229) لە ڕێکەوتى (7ی تشرینى یەکەمی 2018) بڵاو کراوەتەوە. ئەم پەیڕەوە ناوخۆیییە پێچەوانەى یاسایە، چونکە ئەم بابەتە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت.

  1. پەیڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان تایبەت بە هێزەکانى ناوخۆ و ئاسایش

بەپێى بڕگە (9) لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە (18)ى ساڵى (2014) تایبەت بە هێزەکانى ناوخۆ و ئاسایش، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (177) لە ڕێکەوتى (28ی ئابی 2014) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان تایبەت بە هێزەکانى پێشمەرگە

بەپێى بڕگە (18) لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە (19)ى ساڵى (2014) تایبەت بە هێزەکانى پێشمەرگە، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (177) لە ڕێکەوتى (28ی ئابی 2014) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ناونانى پارێزگاى هەڵەبجە بە پایتەختى ئاشتى

بەپێى بڕگە (4) لە بڕیارى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان ژمارە (23)ى ساڵى (2014) تایبەت بە ناونانى "پارێزگاى هەڵەبجە" بە "پایتەختى ئاشتى" کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (180) لە ڕێکەوتى (30ی تشرینى دووەمی 2014) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى بڕیارى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى سندووقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتى و گازییەکان.

بەپێى ماددە (13) لە یاساى سندووقى کوردستان بۆ داهاتە نەوتى و گازییەکان ژمارە (2)ى ساڵى (2015) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (186) لە ڕێکەوتى (10 ئایار 2015) بڵاو کراوەتەوە ، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیـڕەوى ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ڕاکێشانى مایە لە ڕێگەى قەرزکردن

بەپێى ماددە (12) لە یاساى ڕاکێشانى مایە لە ڕێگەى قەرزکردن ژمارە (7)ى ساڵى (2015) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (189) لە ڕێکەوتى (25ی حوزەیرانی 2015) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئاماژەپێکراو دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنى باخچەى ساوایانى ئەهلى

بەپێى بڕگە (3) لە ماددە (11) لە یاساى وەزارەتى پەروەردە ژمارە (4)ى ساڵى (1992)، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنى باخچەى ساوایانى ئەهلى دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

بۆ پڕکردنەوەى ئەم بۆشایییە یاسایییە و بە مەبەستى ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنى باخچەى ساوایانى ئەهلى، وەزارەتى پەروەردە ڕێنماییى باخچەى ساوایان ژمارە (1)ى ساڵى (2019)ی ده‌ر‌كردووه‌، کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (234) لە ڕێکەوتى (19 ئادار 2019) بڵاو کراوەتەوە. ئەم ڕێنمایییە هیچ بنەمایەکى یاساییی نییە، چونکە ئەم بابەتە پێویستە بە پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران ڕێک بخرێت.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى کار و پێکهاتە و ئەرکەکانى لێـژنەى لێکۆڵینەوە لە هەڵە پزیشکییەکان

بەپێى ماددە (9) لە یاساى ماف و ئەرکەکانى نەخۆش ژمارە (4)ى ساڵى (2020) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (256) لە ڕێکەوتى (15ی تشرینى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک بۆ ڕێکخستنى کار و پێکهاتە و ئەرکەکانى لێژنەى لێکۆڵینەوە لە هەڵە پزیشکییەکان دەربکات؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى کارەبا

بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى کارەبا ژمارە (5)ى ساڵى (2006) - ئیلغاکراو - کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (63) لە ڕێکەوتى (21ی کانوونى دووەمی 2007) بڵاو کراوەتەوە، دەبوایە ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێکى دەربکردبایە بۆ ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتى پێکهاتەکانى وەزارەتى کارەبا؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە، سەرەڕاى ئەوەى کە ئەم یاسایە ئیلغا کرایەوە بە یاساى وەزارەتى کارەبا ژمارە (6)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (270) لە ڕێکەوتى (29ی ئابی 2021) بڵاو کراوەتەوە. ئەم یاسا نوێیەى وەزارەتى کارەبا جەخت لەسەر دەرکردنى هەمان پەیڕەو دەکات هەروەک ئاماژەى بۆ کراوە لە ماددە (1) لە یاساى ژمارە (3)ى ساڵى (2022) کە تایبەتە بە هەموارى یەکەمى یاساى وەزارەتى کارەبا ژمارە (6)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (281) لە ڕێکەوتى (21ی نیسانی 2022) بڵاو کراوەتەوە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى دەستلەکارهەڵگرتنى کۆمپانیاکانى بوارى کارەبا

بەپێى ماددە (10) لە یاساى وەزارەتى کارەبا ژمارە (6)ى ساڵى (2021) کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (270) لە ڕێکەوتى (29ی ئابی 2021) بڵاو کراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەنجومەنى وەزیران پەیڕەوێک دەربکات بۆ ڕێکخستنى بابەتى دەستلەکارهەڵگرتنى ئەو کۆمپانیایانەى کەوا مۆڵەتیان پێ دراوە یان گرێبەستیان لەگەڵ کراوە لە بوارى بەرهەمهێنانى کارەبا، ئەمیش لەدواى وەرگرتنى ڕەزامەندیى وەزارەتى کارەبا؛ بەڵام تاوەکوو ئێستا ئەم پەیڕەوە دەرنەکراوە.

دووەم – ئەو پەیڕەوانەى کە درەنگ دەرکراون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو پەیڕەوانەى کە ئەنجومەنى وەزیران دەری کردوون لە دواى تێپەڕبوونى زیاتر لە ساڵێک لە ڕێکەوتى دەرچوونى ئەو یاسایەى کە ئەنجومەنى وەزیرانى پابەند کردووە بە دەرکردنى پەیڕەوەکە:

  1. پەیڕەوى ژمارە (1)ى ساڵى (2001) تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى شارەوانى

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (13) لە ڕێکەوتى (25ی نیسانی 2001) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (17) لە یاساى بەڕێوەبردنى شارەوانییەکانى هەرێمى کوردستان ژمارە (6)ى ساڵى (1993) دەرکراوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 7 (حەوت) ساڵە.

  1. پەیڕەوى ژمارە (7)ى ساڵى (2011) تایبەت بە ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى وەزارەتى پێشمەرگە

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (135) لە ڕێکەوتى (17 تشرین یەکەم 2011) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (5) لە یاساى وەزارەتى پێشمەرگە ژمارە (25)ى ساڵى (2007) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (72) لە ڕێکەوتى (15ی ئابی 2007) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى (4) چوار ساڵە.

  1. پەیڕەوى ژمارە (5)ى ساڵى (2011) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى خانەنشینیى کەمئەندامانى پێشمەرگە

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (135) لە ڕێکەوتى (17 تشرینى یەکەم 2011) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (9) لە یاساى خانەنشینیى کەمئەندامانى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان-عێراق) ژمارە (34)ى ساڵى (2007) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (78) لە ڕێکەوتى (27ی کانوونى دووەمی 2008) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 3 (سێ) ساڵە.

  1. پەیڕەوى ژمارە (6)ى ساڵى (2011) تایبەت بە ڕاژە و خانەنشینیى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان-عێراق)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (136) لە ڕێکەوتى (31ی تشرینى یەکەمی 2011) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (5) و بڕگە (2) لە ماددە (7) لە یاساى ڕاژە و خانەنشینیى پێشمەرگە (زێرەڤانیى هەرێمى کوردستان-عێراق) ژمارە (38)ى ساڵى (2007) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (80) لە ڕێکەوتى (12ی شوباتی 2008) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 3 (سێ) ساڵە.

  1. پەیڕەوى مۆڵەتى خوێندن ژمارە (11)ى ساڵى (2021)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (267) لە ڕێکەوتى (24ی حوزەیرانی 2021) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە بەپێى بڕگە (1) لە ماددە (45) لە یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارە (10)ى ساڵى (2008) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (90) لە ڕێکەوتى (11ی ئابی 2008) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 13 (سێزدە) ساڵە.

  1. پەیڕەوى پێکهێنانى ئەنجومەنەکانى شارەوانى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (5)ى ساڵى (2017)([4])

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (218) لە ڕێکەوتى (14ی کانوونی یەکەمی 2017) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (35) لە یاساى پارێزگاکان ژمارە (3)ى ساڵى (2009) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (100) لە ڕێکەوتى (1ی حوزەیرانی 2009) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 8 (هەشت) ساڵە.

  1. پەیڕەوى سندووقى نیشتەجێکردن بۆ هاووڵاتیان ژمارە (1)ى ساڵى (2013)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (157) لە ڕێکەوتى (21ی شوباتی 2013) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە بڕگە (3) لە ماددە (4) لە یاساى ژمارە (16)ى ساڵى (2011) یەکەمین هەموارى یاساى دابینکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیان لە هەرێمى کوردستان ژمارە (7)ى ساڵى (2008) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (136) لە ڕێکەوتى (31ی تشرینى یەکەمی 2011) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى ساڵێک و چوار مانگە.

سێیەم – ئەو پەیڕەوانەى کە لە کات و ماوەى گونجاودا دەرکراون:

ئەمانەى خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو پەیڕەوانەى کە ئەنجومەنى وەزیران لە کاتێکى کورت و گونجاودا دەری کردوون لە دواى ڕێکەوتى دەرچوونى ئەو یاسایەى کە ئەنجومەنى وەزیرانى پابەند کردووە بە دەرکردنى پەیڕەوەکە: 

  1. پەیڕەوى پەیمانگەى پێشنوێژ و خوتبەخوێنانى وەزارەتى ئەوقاف ژمارە (4)ى ساڵى (2001)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (21) لە ڕێکەوتى (31ی تشرینى یەکەمی 2001) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (2) لە یاساى پەیمانگەى ئامادەکردنى پێشنوێژ و خوتبەخوێنانى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئیسلامیى هەرێمى کوردستان ژمارە (8)ى ساڵى (2000) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (5) لە ڕێکەوتى (25ی تشرینى دووەمی 2000) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى نزیکەى 11 (یازده‌) مانگە.

  1. پەیڕەوى دیاریکردنى مووچەى شەهیدان ژمارە (2)ى ساڵى (2008)([5])

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (83) لە ڕێکەوتى (31ی ئاداری 2008) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە بڕگە (1) لە ماددە (5) لە یاساى ماف و ئیمتیازاتى کەسوکارى شەهید و ئەنفالکراوان ژمارە (9)ى ساڵى (2007) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (67) لە ڕێکەوتى (1ی تەمووزی 2007) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى (9) مانگە.

  1. پەیڕەوى ڕێکخستنى ئەرک و دەسەڵاتەکانى پێکهاتەکانى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ژمارە (4)ى ساڵى (2011)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (135) لە ڕێکەوتى (17ی تشرینى یەکەمی 2011) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (27) لە یاساى ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ژمارە (1)ى ساڵى (2011) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (126) لە ڕێکەوتى (25ی ئایاری 2011) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 5 (پێنج) مانگە.

  1. پەیڕەوى بەڕێوەبردنى سندووقى پشتیوانیى پڕۆژە بچووکەکانى لاوان ژمارە (2)ى ساڵى (2011)

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (130) لە ڕێکەوتى (17ی تەمووزی 2011) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (10) لە یاسای سندووقى پشتیوانیى پڕۆژە بچووکەکانى لاوان ژمارە (2)ى ساڵى (2011) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (126) لە ڕێکەوتى (25ی ئایاری 2011) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 2 (دوو) مانگە.

  1. پەیڕەوى ژمارە (10)ى ساڵى (2012) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى ئیمتیازاتى زیندانیکراو و گیراوى سیاسیى کوردستان([6])

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (142) لە ڕێکەوتى (27 شوبات 2012) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (7) لە یاساى ئیمتیازاتى زیندانیکراو و گیراوى سیاسیى کوردستان ژمارە (11)ى ساڵى (2011) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (133) لە ڕێکەوتى (15ی ئابی 2011) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 6 (شەش) مانگە.

  1. پەیڕەوى ژمارە (4)ى ساڵى (2020) تایبەت بە ئاسانکردنى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان

ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (249) لە ڕێکەوتى (7ی نیسانی 2020) بڵاو کرایەوە و پاڵپشت بە ماددە (17) لە یاساى چاکسازى لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى لە هەرێمى کوردستان ژمارە (2)ى ساڵى (2020) دەرکراوە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (247) لە ڕێکەوتى (6ی شوباتی 2020) بڵاو کراوەتەوە. واتا ماوەى نێوان دەرچوونى یاساکە و دەرچوونى پەیڕەوەکە نزیکەى 2 (دوو) مانگە.

کۆبەند

ئامانـج لە کۆکردنەوە و پێشکەشکردنى ئەم هەموو داتا و زانیارى و ئامارانەى سـەرەوە، بۆ ئەوەیە سەرنجى ئەنجومەنى وەزیرانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوە ڕابکێشین کە کارى جددى بکات لەسەر دەرکردنى هەموو ئەو پەیڕەوانەى کە تاوەکوو ئێستا دەرنەکراون، چونکە بێ گومان دەرنەکردنى ئەم پەیڕەوانە بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ کاریگەریى نێگەتیڤى دەبێت لەسەر پڕۆسەى جێبەجێکردنى ناوەڕۆکى ئەو یاسایەى کە ئەنجومەنى وەزیران پابەند دەکات بە دەرکردنى پەیڕەو؛ هەروەها بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆیش دەبێتە هـۆى هاندانى وەزارەتەکان کە بەدەر لە چوارچێوەى یاسادا بە ڕێنماییى وەزارى بۆشاییى یاسایى پڕ بکەنەوە؛ کە ئەمەیش کارێکە پێچەوانەى حوکمى یاسایە.

 

([1]) پابەندکردنى ئەنجومەنى وەزیران بە دەرکردنى ئەم پەیڕەوە زۆر کۆنە، چونکە هەمان پابەندکردن، لە ماددە (12) لە یاساى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ژمارە (34)ى ساڵى (2004) – ئیلغاکراو – هەبووە کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (48) لە رێکەوتى (24ی تەمووزی 2004) بڵاو کراوەتەوە.

([2]) پابەندکردنى ئەنجومەنى وەزیران بە دەرکردنى ئەم پەیڕەوە زۆر کۆنە، چونکە هەمان پابەندکردن، لە بڕگە (4) لە ماددە (7) لە یاساى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ژمارە (25)ى ساڵى (2004) – ئیلغاکراو – هەبووە کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (48) لە رێکەوتى (24ی تەمووزی 2004) بڵاو کراوەتەوە.

([3]) پابەندکردنى ئەنجومەنى وەزیران بە دەرکردنى پەیڕەو بۆ رێکخستنى ئەم بابەتانەى پەیوەست بە خوێندنى باڵا زۆر کۆنە، چونکە هەمان پابەندکردن، لە بڕگە (1) لە ماددە (51) لە یاساى وەزارەتى فێرکردنى باڵا و لێکۆڵینەوەى زانستى ژمارە (33)ى ساڵى (2004) – ئیلغاکراو – هەبووە کە لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (48) لە رێکەوتى (24ی تەمووزی 2004) بڵاو کراوەتەوە؛ بەڵکوو پێش ئەویش لە ماددە (33) لە یاساى خوێندنى باڵا و لێکۆڵینەوەى زانستى ژمارە (12)ى ساڵى (1993) – ئیلغاکراو – ئاماژە بەو پابەندکردنە کراوە.

([4]) ئەم پەیڕەوە ئیلغا کراوەتەوە بە پەیڕەوى ژمارە (2)ى ساڵى (2019) کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (246) لە رێکەوتى (27ی کانوونى دووەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە.

([5]) ئەم پەیڕەوە ئیلغا کراوەتەوە بە پەیڕەوى ژمارە (9)ى ساڵى (2020) کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (260) لە رێکەوتى (24ی کانوونى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە.

([6]) ئەم پەیڕەوە ئیلغا کراوەتەوە بە پەیڕەوى ژمارە (8)ى ساڵى (2020) کە لە رۆژنامەى وەقایعى کوردستان ژمارە (260) لە رێکەوتى (24ی کانوونى یەکەمی 2020) بڵاو کراوەتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples